شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: لە سوورەی فەتحدا بەم ئایەتە دڵ شاد و مەسروورە سەبارەت: شانازی لە سوورەی فەتحدا بەم ئایەتە دڵ شاد و مەسروورە ستدعون الىٰ قوم ئیشارەی کوردی غەییورە «اولىٰ باس شديد» وەسفی قەومێ بێ لە قورئانا بە ئازادی ئەژی دائیم لە دیلی و ئیستیلا دوورە لە گێژ و مەوجی دەریای عالەما غەرقن گەلێ ئەقوام بەقای ئەم میللەتە کوردە بە نەسسی ئایە مسطورە نەوەی مادی مەزن لاوی دلێری خاکی کوردستان بە ئەمری ئێزەدی بۆ حیفزی ئەم میراتە مەئموورە نەبۆتە دیلی ھیچ دنیاگرێ ئەم میللەتی کوردە چ ئەسکەندەر، چ جەنگیز و ھۆلاکۆ بێ، چ تەیموورە تلووعی ڕۆژی ئازادی لە شوێنە ئەم شەوی تارە نزیکە ڕۆژ ھەڵێ ئاسۆی وەتەن ڕووناک و پڕ نوورە قەراری داوە لاو چاکی وەتەن ڕۆژێ کە فرسەت بوو پەتی کا ھەر وەکوو سەگ، دوژمنی ھەر چەند مل ئەستوورە ئەوانەی خوێنی میللەت ئەمژن و جاسووس و بێگانەن قەڵاچۆیان لە لای لاو چاکی کورد، قانوون و دەستوورە دمێکە شێت و شەیدای ڕێگەیی ئازادییە بابە ھەتا ماوە بە سەرفی ماڵ و سەر لەم ڕێیە مەجبوورە ++++++++++++++++++++++