شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: شنەی ھەوای بەیانی بۆنی بەھاری ھێنا سەبارەت: ئارایشتی بەھار شنەی ھەوای بەیانی، بۆنی بەھاری ھێنا ئەم بۆنە عەتر یێزە، نەشئە و خوماری ھێنا کۆتر بە یاھوو یاھوو، قومری بە بانگی کوو کوو بازی تەوار بە قووقوو، کۆچ و ھەواری ھێنا پۆڕ ھاتە دەر لە پەردە، ڕەنگین و شین و زەردە پۆل پۆل لە دەشت و ھەردە، ڕاو و شکاری ھێنا ئاوازی زاری بولبول، لە سەر لق و لە سەر چڵ خەندە و تەبەسسومی گوڵ، خەیاڵی یاری ھێنا شەونم لە سەر گوڵاڵە، جامی شەڕابی ئاڵە دار ئەرخەوان و ژاڵە، نەقش و نیگاری ھێنا ھەر جۆی و جۆیبارە، ھەر سەروە، ھەر چنارە بەھەشتە یا بەھارە، خۆشی، دیاری ھێنا سەبزە وا لە دەماخا، چین چین لە دەشت و شاخا نەسرین و گوڵ لە باخا، نەفحەی عەتاری ھێنا ئەو دولبەرە قەشەنگە، ئەو یارە شۆخ و شەنگە بە پێکەنین و خەندە، بۆسە و کەناری ھێنا ئەو نازک و نازەنینە، مەلائیکەی زەمینە بەو تۆزە پێکەنینە، دووسەد بەھاری ھێنا بابە ئەو گوڵە گەشە، ئیمڕۆ بە کەیف و نەشە وەختی بۆسە و باوەشە، بەختی بە کاری ھێنا ++++++++++++++++++++++