شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: سەر بە ڕووتی و مل کەچی ڕۆیی بە ئیستیقباڵەوە سەبارەت: بۆ شێخ محەممەدی خاڵ - ١٩٥٦ سەر بە ڕووتی و مل کەچی ڕۆیی بە ئیستیقباڵەوە چوو بە پیر نامەی جەنابی فەیلەسووفی خاڵەوە موژدەبەخشی سیححەتی خۆی و مناڵ و ماڵەوە ھەر بژین ڕەببی بە خۆشی و سیححەت و ئیقباڵەوە خانەوادەی بەرز و گەورەی دانیش و عیلم و ھونەر مایەیی ناز و نیازی میللەتی کورد سەر بە سەر دڵ تەنوورێ بوو لە دووریت، پڕ گڕ و گەرم و بە تاو ڕەشحەیی خامەت بە جارێ تاڤگەیێکی خستە ناو ئێستە باغ و گوڵشەنێکە پڕ لە نەشئە و پڕ لە ئاو وەک خەلیل ئاساری خامەت موعجیزەی ھێنایە ناو فیقھ و زانایی و تەریقەت عیلمی غەیبی پێوەیە گەورەیی و کەشف و کەرامەت ئیرسی خاسی ئێوەیە کەس نەڵێ ئەم قەومە ڕێی دوورە لە پێ کەوت و ھەژی دڵڕەق و سەنگین و سەلبە وێنەی کێو و کەژی ھەیکەلی تاریخییە سەد عەسر و سەد دەوری مژی ڕەھبەر و زانای وەکوو تۆی بێ بە بەرزی ھەر ئەژی میللەت و گەل پێشەوای دڵسۆز و ڕووناکی ھەیە بابە ئیتر کورد و کوردستان لە چی باکی ھەیە؟ ++++++++++++++++++++++