شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: ساقیا ئیمرۆ شەرابی کۆنی دوو ساڵم بەرێ سەبارەت: ساقینامە (با وجود خۆم مەی خۆر نیم) ساقیا! ئیمرۆ شەرابی کۆنی دوو ساڵم بەرێ پڕ لە عەتر و عارەقی سەر گۆنەیی ئاڵم بەرێ یا لە غەمزەی دولبەرێکی شۆخی چاو کاڵم بەرێ یا لە شیلەی شەھد و قەندی لێوی پڕ خاڵم بەرێ لەو شەرابی شەرمە بێ، ئەتکێ لە کوڵمی دولبەرم نەشئەیی سەد مەستیی کەوسەر ئەڕێژێتە سەرم ساقیا! کەیفم ھەیە ئیمڕۆ مەیی نابم بەرێ ھەر لە بادەی ئەرخەوانی و لەعلی خۆشابم بەرێ یا لە سوورایی شەفەق، یا خۆ لە مەھتابم بەرێ پیری مەیخانەم شەرابی پوخت و نایابم بەرێ لەو شەرابە کۆنە بێ ئیجاد و میراتی جەمە ھەر دڵۆپێکی شیفای سەد بێ زمان ئەبکەمە ساقیا! ژینی جیھان لای من ھەموو دەردیسەرە تێکە بۆم جامێکی تر پڕ لەو ئاگر و پشکۆی تەڕە فێنکی بەخشی دڵ و جانە زوڵاڵی کەوسەرە ھەر قومێکی تاج بەخشی سەد ئەمیر و قەیسەرە چەشنێ سەر خۆشم بکا بابە بە ناڵەی مەستەوە مەحشەرێ پەیدا بکەم ئازادی بێنمە دەستەوە ++++++++++++++++++++++