شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: دونیاگری زەمانە و شاھانی ناوبراو سەبارەت: وتارێ بۆ لاوە دلێر و بەنرخەکان دونیاگری زەمانە و شاھانی ناوبراو ھیچیان بەجێ نەھێشتووە ئێمڕۆ بە غەیری ناو ئەم فاتیحانە گشتی کە ھاتوونە کایەوە ھێزیان ھەموو لە بەردەمی زاگرۆس بڕایەوە ھەر ھاتوێ چ شا، چ سوپای نەماوە و ڕۆی کورد ماوە ھەر ئەمێنی لە جێگە و مەکانی خۆی ئەی لاوی کورد! چ باوک و چ باپیر و جەددی تۆ ئازاد و حوڕ ژیاون و سەربەست و سەربەخۆ ھەر تۆ نەوەی حەڵاڵی لە قەومی دلێری ماد ھاوخوێنی تۆن شەھانی کەیی و شاھی کەیقوباد ئێستاکە بۆ چی دیل و ئەسیری ئەم و ئەوی پێوەند لە پێ، کەلەبچە لە دەس، شان و مل نەوی بۆ خوێنە گەرمەکەت لە بەدەندا بووە بە کێم بۆ چی ئەڵێی: شکاوە نییە ھێزی دەست و پێم تاریخت پڕ لە دەنگ و سەدای قارەمانییە مێژووت ھەموو حیکایەتی کاوە و کەیانییە جەیشی ھۆلاکۆ ڕۆڵەی تەیمووری خوێنڕژێن ھەر لاوی تۆ بوو کوشتی نەیوت: ئەمانە کێن بەسیە لە پشت و پێشەوە ژێر دەست و تێکەڵی ھەر قەدری خۆت بزانە، کە تۆش میللەت و گەلی ئەم تەوقی دیلە کە لە ملتایە، بەس نییە؟ ! بۆ دیلی، غەیری میللەتی کورد بۆ چی کەس نییە؟ ! باغت بڵاو و پانە، درێژە لق و بژی ئاوی بدەیتە بەر، بە بەری باغی خۆت بژی ++++++++++++++++++++++