شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: بۆ لێم ناپرسی برا گیانەکەم سەبارەت: ستایشی بەھار بۆ لێم ناپرسی برا گیانەکەم خۆ من ھاودەردی ناو وێرانەکەم وڵاتەکەمان ھەرچەند وێرانە بەڵام بەڕاستی جێگای شاھانە گوڵ و گوڵاڵە چنار و عەرعەر ئەم دەشت تا ئەو دەشت، ئەم سەر تا ئەو سەر وەنەوشە لە شاخ، نەرگس لە دەشتا ڕەقابەت ئەکەن لەگەڵ بەھەشتا ڕائیحە و بۆنی داری دارە بەن لەنجە و خەرامی سەرو و یاسەمەن ھێشووی زەرد و سوور، داری بەڵاڵووک ئاخ و داخ ئەدا بە سەد زاوا و بووک مێرگی ڕەنگاوڕەنگ قەراخی چەم ئاو قەوسوقەزەحە لەبەر خۆرەتاو جۆگە و جۆباری کانی و کانیاوی لە نیل و جەیحون زیاترە باوی خاسسەی وڵاتی کوردەوارییە بۆ قەومی ئێمە دیاریی بارییە بابە تەبیعەت داویە بەم خاکە ھەرچی لە دونیا نایاب و چاکە ++++++++++++++++++++++