شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: بۆ فەلەک بەرگی ڕەشی پۆشی غەریقی ماتەمە سەبارەت: بۆ چل ڕۆژی پاش کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو سەید ئەحمەدی خانەقا دانیشتووی کەرکووک بێژراوە: بۆ فەلەک بەرگی ڕەشی پۆشی، غەریقی ماتەمە؟ دەشت و سەحرا تا نەزەر کەی لێڵ و تاریک و تەمە میللەتی کورد قوڕ بە سەر خۆیا بکا ھێشتا کەمە شیوەنی دوو شیوەنە بۆ عالەم و بۆ حاتەمە عالمی ڕەمزی فەنا و واقیفی عیلمی بەقا حاتەمی کوردی عێراق و شێخ و شاھی خانەقا موڕشیدی عەقڵ و خیرەد بووی بۆ ھەموو ئەھلی وڵات غیبتەبەخشی مەدرەسەی ئەزھەر بوو حوجرەی خانەقات یا لە عیلمی کۆن و تازە یا لە ئەشعار و نیکات نیکتە و ڕەمزێ نەما، تەحلیلی نەکرابێ لە لات عیلم و عیرفان و ئەدەب بەم ڕۆینەت ڕۆڕۆ یەتی خۆی بە بێکەس مایەوە ڕۆڕۆیەکەی بۆ خۆیەتی حاتەمی تەی! گەر بە موعجیز بێت و زیندوو بێتەوە نان و خوان و سفرەی ئیحسانی تۆ ببێتەوە ئاھی حەسرەت ھەڵئەکێشێ تا ئەبەد ئەتلێتەوە حاتەمی عیلم و سەخا، وێنەت ئەبەد نایێتەوە ئیمتحانی خامە ناکەم وەسفی تۆ کا لاڵ ئەبێ باوجوودی دوو زمان ھەر ڕاسیب و ئیکمال ئەبی خادمی نەوعی بەشەر بووی موددەتی عەسرێ بە ساڵ گەھ بە نەشری مەعریفەت گاھی بە بەزلی نەقد و ماڵ مەیلی بەرزیت کرد بە ئەمری أرجعي کەتیتە باڵ ھەڵفڕیت لبيك گۆ، بۆ بارەگاھی ذي الجلال وا لە قەسری جەننەتیشا بابە میوانی ھەیە ھەر وەکوو ناو خانەقا دیوانی عیرفانی ھەیە ++++++++++++++++++++++