شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: ئەی چەرخ بڕانەوەی نییە قەت قەھر و جەورەکەت سەبارەت: بۆ شینی فایەق بێکەس - ١٩٤٨/١٢/١٨ ئەی چەرخ بڕانەوەی نییە قەت قەھر و جەورەکەت دەرحەق بە کوردی قوڕبەسەر و نیشتمانەکەی جارێ بە کەیفی ئەو نەگەڕا پێچ و دەورەکەت ڕوحمت نییە بە خۆی و بە یانەی وێرانەکەی *** ھەر نیشتمانپەرەستێ کە ناڵە و فوغانی بێ گورج ئەیکوژێت و نایەڵێ ساتێ ئامانی بێ فایەق شکۆفەیێ بوو کوتوپڕ گەشایەوە ھەرچەند چرایێ بوو بە ھەوایێ کوژایەوە دونیای لە نوور و ڕائیحە پڕ کرد بە شیعری تەڕ پڕ نوور و عەترە، بە ئاساری، دەشت و دەر بێکەس! گەیشتە عەڕشی بەرین ناڵە ناڵەکەت داخم، فەلەک، بە تیری ئەجەل دای لە باڵەکەت ئەو شیعری پڕ جۆش و خرۆشە کە لاوەکان ئیلھامی مەرگ و مردنە بۆ ژین و ژیان ئەیخوێننەوە بە بەستە، بە نەشئە و حەماسەوە دوژمن دەخاتە لەرز و ترس و ھەراسەوە تۆ شینی نیشتمان و وەتەن شینی تۆ ئەکا تۆ دایکەڕۆتە بابە، وەتەن ڕۆڵەڕۆ ئەکا ++++++++++++++++++++++