شاعیر: نامی کتێب: بارانی ڕەحمەت سەرناو: بسم اللّه الرّحمن الرّحيم سەنا و سوپاسێ لەسەر سەفا بێ سەلامێ لەسەر شێوەی وەفا بێ ئەویان «تَحيّه»ی زاتی خودایە ئەمیان «هَديّه»ی ڕەسوولەڵڵایە بە جیلوەی فەیزی عالی جەنابی بگا بە ڕۆحی ئال و ئەسحابی ھەم بەو کەسانە بە ڕێگەی دینا ئەگەڕێن بە شوێن ھێزی یەقینا *** پاش سەنای خودا و سەلامی سەروەر عەرزم ئەمەیە کورت و موختەسەر بە ئەمری خودا فەرزە لەسەرمان بزانین مەعنای ئیسلام و ئیمان ئەسڵ و فەرعی دین، عەقیدە و عەمەل باش ڕاگیر بکەین تا کاتی ئەجەل تا بە باوەڕو کردەوەی پەسەند لە دونیا و دینا ببین بەھرەمەند جا چونکی کوردی چاکە بۆ کوردان شیعریش شیرینە لای زەوقی وردان نووسیم بە کوردی کتێبێکی سووک سادە و ئاسان بێ بۆ گەورە و بچووک لەسەر عینوانی «بارانی ڕەحمەت» چونکی لە دڵا ئەڕژێنێ حیکمەت ئومیدە ببێ بە مایەی ئیحسان وەکوو بارانی ئارامی نیسان تەرتیبی وایە: یەک موقەددیمە دوو بابی عومدە، ئینجا خاتیمە لە پێش مەقسوودا ئەم موقەددیمە لەبۆ چاوڕوونی گەلێ لازیمە فیعلی موکەللەف «واجبە و حەرام مەندووب و مەکرووە، مەباحە»، تەمام «واجب» کردنی مایەی سەوابە تەرکیشی مایەی قەھر و عەزابە «حەرام» ئەوەیە تەرکی سەوابە کردنی مایەی قەھر و عەزابە «مەندووب» کردنی ئیحسانە و سەواب تەرکیشی نابێ بە مایەی عەزاب «مەکرووھ» تەرکەکەی ئیحسانە و سەواب بیشی کەی نابێ بە مایەی عەزاب «مەباح» تابیعی مەیلی ئینسانە کردن و تەرکی ھەردوو یەکسانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بابی ئەووەڵ کە ئاگادار بووی لەم موقەددیمە ئەمجارە وادەی باسی موھیممە بابی ئەووەڵمان فرووعی دینە ئەوەی پێویستی موکەللەفینە با پێشی بخەین، چونکی ئاسانە نزیکی فیکری وردە ساڵانە لەم بابە ھەیە پێنج فەسڵی تەمام لەسەر ژمارەی ئەرکانی ئیسلام «اَلاْءِسْلامُ أَنْ تَشْهَدَ أَنْ لا إِلهَ إِلاَّاللّهُ وَ أَنَّ مُحَمَّدا رَسُولُ اللّهِ، وَ تُقيمَ الصَّلاةَ وَ تُؤْتِيَ الزَّكاةَ وَ تَصُومَ رَمَضانَ وَ تَحُجَّ الْبَيْتَ إِنِ اسْتَطَعْتَ إِلَيْهِ سَبيلاً» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو کەلیمەی شەھادەت فەسڵی ئەووەڵمان باسی شەھادەت کە بناغەیە لەبۆ سەعادەت شەھادەت وایە ئینسانی ھۆشیار بە دڵ بزانێ و جا بکا ئیقرار بڵێ «أَشْهَدُ» ئەزانم بە دڵ بە زمان ئەڵێم بە وێنەی بوڵبوڵ «أَنْ لا إِلهَ» خودایێ بۆ خەلق نییە «إِلاَّ اللّه» مەگەر زاتی حەق یانێ ئەو زاتە ناوی «ئەڵڵا»یە ھەرچی سیفەتی چاک بێ، لەوایە پاکە لە ھەرچی عەیب و نوقسانە پەنھان و دیاری لای ئەو یەکسانە «وَ أَشْەَدُ» ھەم ئەزانم تەحقیق بە زمان ئەڵێم بە نەھجی تەسدیق «أَنَّ مُحَمَّدا» بەڕاستی و یەقین ئەو موحەممەدە کە پاکە و ئەمین «رَسُولُ اللّه»یە ئەو پێغەمبەرە بۆ جینن و بەشەر بە حەق ڕەھبەرە پەیغامی خودای لەبۆ ھێناون ڕێگای نەجاتی پێ نیشان داون بۆ ئیعتیقاد و باوەڕی بەکار لەبۆ کردەوەی شەرعی و سەمەردار ھاتووە بە ڕەحمەت بۆ ھەموو عالەم بۆ پێغەمبەران بووە بە خاتەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕشتەی نەسەبی حەزرەت ﷺ لە ھەردوو لاوە نەسەبی سابت بۆ ڕەسوولەڵڵاھ بۆت بەیان بکەم: ئەووەڵ «عبداللّه» «عبدالمطّلب» بەرزی بێلەکە مایەی ئیفتیخار بۆ ئەھلی مەککە «هاشم» و «عبدالمناف» و «قُصَيّ» «كِلاب» و «مرّه»، ھەم «كعب» و «لُؤَيّ» «غالب» و «فهر» و «مالك» بزانە لەمان بەرەوژوور «نضر» و «كنانه» «خذيمه، مدرك، الياس» و «مضر» «نزار» و «مَعد، عدنان»ی سەروەر ڕشتەی والیدەی «آمنه، وهَب» «عبدالمناف» و «زهره»ی بە ئەدەب لەوەوژوور «كلاب» لای ئەم باپیرە یەک ئەگرن ڕشتەی ئەم ھەردوو تیرە ئەم ڕشتە بەرزە بە حوکمی دەلیل ئەگات بە «قيدار» کوڕی «اسماعيل» ھەموو سەربەرز و مەرد و سەرفەراز بەوان ئاوا بوو مەککە لە حیجاز ھەڵبژێراوی خودای عالەمن ساحێب شەرەفی نەسڵی ئادەمن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختی حەملی والیدەی و کاتی لەدایک بوونی حەزرەت ﷺ حەملی ئامینە بە مەولای عەرەب ئەڵێن ھاتە جێ لە مانگی ڕەجەب پاش نۆ مانگ دەرچوو لە بورجی شەرەف دونیای ڕووناک کرد تەرەف بە تەرەف لە شاری مەککە بیستەمی نیسان دونیای جوان کرد بە فەڕڕ و ئیحسان دووشەممە، دوازدەی «ربيع الاوّل» دونیا ڕووناک بوو بە نووری ئەکمەل پێنجسەد و حەفتا و ھەشت ساڵی تەمام میلادی عیسا «عليه السّلام» لەپاش جلووسی شای نەوشیرەوان حەفتا ساڵ تەواو ڕۆیی بوو زەمان پەنجا ڕۆژ لەپاش ھێرش حەبەشی سوپای ئەبرەھە و چەند فیلی وەحشی شەوی عالەمی کرد بە چراخان شێوەی زەوی کرد بە شێوەی باخان شەوێ بوو شێوەی گەلێ جوان بوو شاھی ڕۆژانی ھەموو جیھان بوو شەوێ تلووعی ئەو بەدرە وابوو پڕ لە ئارامی و سەیر و سەفا بوو وادەی قدوومی حەزرەتی سەروەر ھاودەم بوو لەگەڵ نەسیمی سەحەر یانێ نزیکە ڕۆژ ببێتەوە دەرگای ڕووناکی واز بکرێتەوە بە پەیدا بوونی ئەوبوو کە زانست بەیداخی ھەڵگرت لەبۆ حەق پەرست لەت لەت بوو تاقی ھەیوانی کیسرا ڕێگەی سەرکەوتن لە جیننی بەسرا گۆلاوی ساوە ئاوەکەی ڕۆچوو ئاگری مەجووسی کوژاوە و گوم بوو سەر بەرەو ژێر بوو چەند تەختی شاھان کەوتە گێژاو و بەختی گومڕاھان وەختی وەلادەی سەییدی سەروەر لەبۆ والیدەی نوورێ کەوتە دەر شاری «بُصري»ی دی بە دوو چاوی سەر ئای لەم ئیشارە «اللّه اكبر» یانێ ئەم شاھەی مەککە مەقامە تەختی ئوممەتی لە موڵکی شامە بڕۆ بخوێنە کتێبی شیفا بزانە چی بوو کەلامی شیفا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو ژنانەی کە شیریان داوە بە حەزرەت ﷺ دایەنی شیری شاھی «مُؤتَمَن» ئەووەڵ دایکی بوو، دوو «امّ اَيمَن» کە جارییە بوو لەبۆ عەبدوڵڵا بە میرات گەیی بە ڕەسوولوڵڵا ئازادی فەرموو حەزرەت بە مەردی ئینکاحی فەرموو لە زەیدی عەبدی سێھەم «سوەیبە»ی بە حوسن و حەسەب چەن ڕۆژ شیری دا بە مەولای عەرەب ئەمیش جارییەی ئەبوولەھەب بوو ئازادی موژدەی فەخری عەرەب بوو ئەو دەمە موژدەی تەوەلوودی برد بۆ ئەبوولەھەب زوو ئازادی کرد چوارەم «حەلیمە»ی سەعدییە نەسەب ئەھلی بادییەی بە شەرم و ئەدەب ھات بە دایەنی بردی بۆ سەحرا تا موددەی دوو ساڵ شیری خۆی پێدا ئەو چەرخە ھەرچەن قاتی لەناو بوو بەشەر لە برسا پرژ و بڵاو بوو بە یومنی زاتی حەزرەتی موختار ماڵی حەلیمە ئەژیان بێ ئازار جا چۆن دائیرەی ماڵی دایانی ڕزگاری خۆیان لەوۆ ئەزانی پاش تەواو بوونی زەمانی شیری کە بردیانەوە بۆلای باپیری بە ڕجا و تکا پێیان دانەوە لە شاری مەککە ھێنایانەوە فەقەت پاش سێ مانگ کەوتنە وەحشەت لە «شق الصّدر»ی کەوتنە دەھشەت ناچار حەلیمەی دڵ پڕ لە لەکە زوو ھێنایەوە بۆ شاری مەککە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەروەردە کردنی حەزرەت ﷺ ئینجا والیدەی ئەو نەوڕەسیدە پەروەردەی ئەکرد وەک نووری دیدە لە عومری شەشدا ئەو مایەی دینە لەگەڵ والیدەی چوو بۆ مەدینە کە گەڕانەوە بۆ مەککەی ئاوا دایکی نەخۆش کەوت لە خاکی ئەبوا ھەر لەو شوێنەدا موتەوەففا بوو حەزرەت بە مەرگی دڵ پڕ جەفا بوو ئینجا باپیری بە لوتف و سەفا ئەیپاراست لە گشت ئازار و جەفا خزمەتی ئەکرد بە دڵ و بە گیان «امّ ايمن»ی پاکی میھرەبان کە گەییە ھەشت ساڵ، شای شیرین لەقا باپیری ڕۆیشت بۆ «دارُالبَقا» لە نەخۆشینا «عبدالمطلب» وەسییەتی کرد بۆ «ابوطالب» خزمەتی بکا بە ڕۆح و بە گیان باش بیپارێزێ لە ژاری ژیان لەپاش ئەو لەلای مامی شەریفی وەختی ڕائەبوارد زۆر بە لەتیفی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕویشتنی حەزرەت ﷺ بۆ شام و یەمەن عومری دوازدە بوو «عليه السّلام» کە ئەبووتالیب بردی لەبۆ شام کاتێ گەیشتن بە شاری بوسرا بوحەیرای ڕاھیب ناسی لەو شارا لەسەر بەیانی تەوڕات و ئینجیل ئەوە ڕەسوولی نەسڵی ئیسماعیل جا مەنعی کردن لە دیمەشقی شام فەرمووی ئەگەر «جوو»ی بێشعوور و فام بیناسن، ئینجا بۆیان ڕێکەوێ ناھێڵن بژی ڕۆژێ یا شەوێ ئەبووتالیبیش کە ئەمەی زانی بۆ پاراستنی نووری چاوانی موعامەلەی کرد لە شاری بوسڕا زوو گەڕایەوە لەبۆ «بيتُ اللّه» لە عومری حەثدە شاھی سەرفەراز لەسەر ئوسووڵ و دەستووری حیجاز ڕۆیشت بۆ یەمەن لەبۆ تیجارەت لەگەڵ زوبەیر و کۆمەڵێ عەشرەت پاش موعامەلە بە قەدر و ئیعزاز ھەموو ھاتنەوە بۆ خاکی حیجاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تیجارەت کردنی بۆ خەدیجە -رضي الله عنها - پاش ئەم سەفەرە، خەدیجەی عولیا ساحێبی جاھ و سەروەتی دونیا لەبەر شۆرەتی شکۆە و شانی لەبەر ئەمینی و عەقڵ و عیرفانی ڕێکەوت لەگەڵیا بە قەدر و حورمەت کردی بە عامیل لەبۆ تیجارەت غوڵامێکی بوو مەیسەرەی ناوبوو شکۆە و شەرم و ھۆشی تەواو بوو لەگەڵ حەزرەتا بە قەدر و ئیکڕام چوون بۆ تیجارەت بۆ دیمەشقی شام کاتێ گەیشتن بە شاری بوسڕا نەستووڕای ڕاھیب، مەرتەبەی کوبڕا حەزرەتی ناسی بە چەن نیشانە کە پێغەمبەری ئاخر زەمانە ئەویش مەنعی کرد لە دیمەشقی شام جا ھەر لەو شارا سەییدی ئەنام موعامەلەی کرد بە شەوق و شادی ھاتۆ بۆ مەککە وادی بە وادی لەم سەفەرا بوو مەیسەرەی سەروەر دوو فریشتەی ئەدی پاک و مونەووەر بە سەر حەزرەتا ئەبوون بە سێبەر ھەتا لە گەرما نەبینێ زەرەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیکاح کردنی خەدیجە کە گەڕانەوە لە سەفەری شام شۆرەتی دەرچوو لەلای خاس و عام جا ئارەزووی کرد خەدیجەی عولیا نیکاحی بکا بە قەدر و حەیا لەپاش خوازبێنی و خوێندنی خوتبە خەدیجە شووی کرد بەو ساحێب ڕوتبە ئەم لە بیست و پێنج، ئەویش لە چل ساڵ گەیشتن بە یەک بە فەڕڕ و ئیقباڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختی تەعمیر کردنەوەی تایفەی قوڕەیش بۆ کەعبە عومری سی و پێنج بوو کە قوڕەیش سەرجەم کەوتنە تەعمیری کەعبەی موعەززەم لەسەر دانانی «حَجَرُالأَسوَد» کەوتنە شۆڕش، بێ سامان و حەد ھەموو حەزرەتیان کرد بە حەکەمیان تا ئەو ئاشووبە لابا لەسەریان وەھا حوکمی دا شاھی شەرەفناک دایان نا لەناو بەرماڵێکی پاک بەرماڵەکەیان ھەڵگرت بە کۆمەڵ لەجێی خۆی دانا سەییدی ئەکمەل دەفعی کرد لەوان شەڕ و بێعەرزی خۆیشی گەیشتە مەرتەبەی بەرزی لەو تاریخەوە کەوتە سەر خەیاڵ کەوتە سەر فیکری خوای «ذُوالجَلال» چۆن ئەبێ دونیا بێسەر و سامان بێساحێب نابێ سەفحەی ئاسمان ئەم ڕۆژ و مانگ و ئەستێرەی گەشە ئەم سەر سوبحەینێی سەد نەشئە بەخشە ئەم با و ئەم ھەورە، ئەم گشت بارانە ئەم چەشمەی ڕەوان، ئەم جۆبارانە ئەم دەشت و سارای زومڕووتی پۆشە ئەم کێوی بەرزی سەد ھەوا نۆشە چۆن ئەم سامانە بێساحێب ئەبێ؟ بێ حوکمڕان و مەراقیب ئەبێ بەردێ یا دارێ ناشی بیتاشێ بۆ حوکمڕانی ئەم دونیا ناشێ بە ھەناسەیێ کەسێ بتاسێ چۆن خۆی بە گەورەی عالەم ئەناسێ جیھاندارێکە لایق بۆ جیھان یەکسان بێ لەلای ئاشکرا و پەنھان ھەروا بە خەیاڵ ئەگەیییە فەلەک بە فیکری نازک ئەگەیییە مەلەک ھەر ساڵێ مانگێ ئەشکەوتی حەرا بۆ ئەفکار ئەی کرد بە خەڵوەت سەرا ڕۆحی پاک ئەکرد لە گشت عەلایق دڵی چاک ئەکرد بە فیکری لایق تا بۆی حاسڵ بوو مەرتەبەی کەماڵ عومری عەزیزی گەیشتە چل ساڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەساسی پێغەمبەرێتی حەزرەت ﷺ چرای دین لە نێو دڵیا ھەڵکرا بۆ ئەم جیھانە بوو بە چلچرا شەش مانگ وەحی حەق ڕوئیای سادق بوو ھەرچی ئەیبینی زۆر موافق بوو لەپاش ئەو موددە بە لوتفی مەننان ڕۆژی دووشەممەی حەثدەی ڕەمەزان جیبریل ھاتە لای لە غاری حەرا فەرمووی بخوێنە ئەی ڕوخسار چرا فەرمووی قاری نیم، جوبریل بە ئازار وشاردی و فەرمووی: بخوێنە ئەمجار عوزری ھێناوە بە وێنەی سابیق وشاردییەوە جیبریلی فایق فەرمووی: بخوێنە ئەی ساحێب تەمکین فەرمووی: من ئوممیم بێ خەت و نووسین جا وشاردییەوە جیبریلی ئەکڕەم خوێندیەوە «إِقْرَأْ» تا «ما لَمْ يَعْلَمْ» کە جیبریل ون بوو، حەزرەت بە دەھشەت ھاتەوە بۆ ماڵ بە ترس و وەحشەت فەرمووی: دام پۆشن، کە دایان پۆشی لەپاش سەعاتێ ڕووی کردە خۆشی بەیانی فەرموو لەلای خەدیجە وەزعی خۆی ئەووەڵ، ھەتا نەتیجە فەرمووی پەرۆشم لە وەزع و حاڵم چیم بەسەرابێ و چۆن بێ مەئالم خەدیجەی زانا، بە ھۆش و زانست فەرمووی موژدەبێ ئەی ڕاستی پەرست لە ھەردوو دونیا ساحێب حورمەتی بۆ ھەموو عالەم مایەی ڕەحمەتی ئەتۆ مەردێکی بەرز و بەھرەمەند ساحێبی بیر و کردەوەی پەسەند ئینسانێ وابێ ھەرگیز ناکەوێ بەرزی وەھابێ، قەت دانانەوێ جا بردی بۆلای وەرەقەی جەلیل دانای مەزموونی تەوڕات و ئینجیل پاش بەیاناتی حەزرەتی بەشیر جوابی دایەوە وەرەقەی خەبیر فەرمووی بە قوربان ئەو زاتە جوانە لە مەلائیکەی موقەڕڕەبانە فریشتەیێکە بۆ دین دەلیلە ناوی مەشھوورە، کە جوبرەئیلە ئەمینی وەحیە بۆ پێغەمبەران کاتێ لای بەشەر ڕەوانە کران ئەو فریشتەیە ھێناویە ئەوسا تەوڕات و ئینجیل بۆ مووسا و عیسا ھاتووە بۆلای تۆیش بە ئەمری خودا چوون ئادەمیزاد گشت وان لە خەودا کەلامی خودات بۆ نازڵ ئەکا میعراجی خێرت بۆ حاسڵ ئەکا ئەبی بە ڕەھبەر بۆ جینن و بەشەر ڕوو بکەن لە خەیر، لا بدەن لە شەڕ جا شۆڕش ئەکەن لەم سەر تا ئەوسەر بۆت پەیدا ئەکەن ھەزار دەردی سەر بە زەمم و ئازار، بە ڕەخنە و لەکە ھەتا دەرئەچی لە شاری مەککە ئاخ لەو سەردەما بەر حەیات ئەبووم گەنج و بەھێز و دەسەڵات ئەبووم ھەوڵم بدایێ بۆ حورمەتی تۆ تێکۆشیمایێ بۆ خزمەتی تۆ جا حەزرەت فەرمووی: چۆن عەشرەتی من ئەبن بە مایە بۆ حەسرەتی من! ؟ من خارج ئەکەن لە وەتەنی خۆم! ؟ کزی و غەریبی ڕەوا ئێرن بۆم! ؟ پێی فەرموو: بەڵێ دونیا ھەر وایە عالەم دوژمنە بۆ ساحێب پایە جا نەخوازەڵا پایەی ئەنبیا لەوە بوڵەندتر نییە لە دونیا لەپاش ئەم وەزعە ھەتاکوو سێ ساڵ ھیچ ئایەت نەھات بۆ شای پڕ کەماڵ فەقەت جوبرەئیل بۆ سەبووری ئەو خۆی نیشان ئەدا جارجار بە پڕتەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نزوولی وەحی لە پاش موددەی سێ ساڵ لەپاش ئەم موددە، ڕۆژێ لە حەرا ھاتە خوارەوە شای ڕوخسار چرا لەوێ جوبرەئیل دەرکەوتەوە بۆی لەسەر ھەیئەتی بە ھەیبەتی خۆی بەم مولاقاتە زۆر بە پەشێوی بە زەردی ڕەنگ و بە باری لێوی بە ھەر حاڵێ بوو ھاتەوە بۆ ماڵ جا دایان پۆشی بۆ تەسکینی حاڵ لەم داپۆشینا جیبریلی ناسیر نازڵ بوو لەگەڵ سورەی «مُدّثِّر» پاش ئەمە حەزرەت بە ھێز و بە تین خەلقی بانگ ئەکرد بۆ دین و ئایین لەبۆ ناسینی خودای تەنھا و تاک بۆ باوەڕی پاک، بۆ کردەوەی چاک لەبۆ سیلەی ڕەحم، بۆ میھرەبانی لەبۆ ڕەوشتی بەرزی ئینسانی بۆ سەخا و بەخشش، بۆ داوێن پاکی بۆ تێگەیشتن، بۆ دڵ ڕووناکی لەبۆ دڵسۆزی، بۆ شەرم و وەفا بۆ پەیمانداری، بۆ سیدق و سەفا جا ئەھلی مەککە و بادییەی ئەتراف ھەرکەس تاڵب بوو لەبۆ ڕێگەی ساف یەک یەک و دوو دوو ئەھاتن بۆلای بۆ دینی ئیسلام ئەچوونە پەنای بەر لە ھەموو کەس خەدیجە و سددیق پاش ئەوان عەلی، ھەم زەیدی عەتیق بیلال، «ام الفضل» ساحێب ھۆش و زەین ئەمجارە ئەسما «ذات النّطاقين» عوسمان و زوبەیر ھەم عەبدوڕەحمان ھەم سەعد و تەلحە گەیین بە ئیمان ئەبووعوبەیدە وەلەدی جەڕڕاح ئەبووسەلەمەی بە سیدق و سەڵاح ئەمجار ئەڕقەمەی مەخزوومی نەسەب پایە بوڵەندی ڕەوشت و حەسەب کوڕانی مەزعوون ھەرسێ بە سەرجەم عوسمان، عەبدوڵڵا، قەدامەی ئەکڕەم ھەم ئیبنو حاریس، عوبەیدەی پەسەند بە دین گەیشتن بە ڕوتبەی بوڵەند سەعید کوڕی زەید، لەگەڵ عەیالی فاتیمەی خەتتاب مەرتەبە عالی ھەموو فائیز بوون بە دینی ئیسلام ڕازی بێ لەوان عەلیمی عەللام دەعوەتی حەزرەت بۆ دینی ئیسلام گەلێ پەنھان بوو لەم بەینا لە عام ئەوانەیش بە دین موکەڕڕەم ئەبوون «سِرّا» لە ماڵی ئەڕقەم جەم ئەبوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەعوەت کردن بۆ دینی ئیسلام بە ئاشکرا نازڵ بوو «فَاصْدَعْ بِما تُؤْمَرُ» ئەمری دەعوەت ھات جەھری و ڕووبەڕوو حەزرەت دەستی کرد بە دەعوەتی عام بێ پەردە و پەنا بۆ دینی ئیسلام ئینجا کافرەکان کەوتنە تەکان بۆ ئەزیەت دانی موسوڵمانەکان بە جنێو بە لێدان بە تانە و تەحقیر بە بەھانەی پووچ بە مەکر و تەزویر دوو ساڵ بەم ڕەنگە بە ڕۆژ و بە شەو ئیسراحەت نەبوو مەگەر وەختی خەو ساڵی پێنج ڕۆیشت، شەشەم کەوتە دەر نیشانەی بەرزی ئیسلام کەوتە دەر ساڵی شەشەم ھات بۆ دەورەی نەبی نیشانەی بەرزی ئیسلام ھاتە دی ئیمانی ھێنا بە خودای ئەکبەر میر حەمزەی دلێر مامی پێغەمبەر ھەم پاڕایەوە حەزرەتی سەروەر کە ئیسلام ببێ یەک لە دوو عومەر یا «ئەبولحەکەم» یا «ئیبنی خەتاب» وەربگرن دین و ئەحکامی کیتاب ئەو لەبەر حەسەد دەرچوو بە نائەھل لە «بولحەکەم»ی بوو بە «ئەبووجەھل» ئەم لەبەر شەرەف ڕووی کردە کەماڵ گەڕا بە فارۆق بۆ حەق و بەتاڵ سێ ڕۆژ پاش حەمزە نایل بوو بە دین بە ئیمانی ئەو ئیسلام کەوتە تین شیری خۆی ھەڵگرت بە وێنەی مەردان وتی کێ مەردە با بێتە مەیدان ھەتاکوو ژنی بێشوو بخەوێ مناڵی وردی ھەتیو بکەوێ ئەوا من دەرچووم لە بت پەرستی لە پڕ و پووچ و ڕەوشتی پەستی ھەرکەس ھۆشی بێ و بڕوانێ تاوێ ئەزانێ خودا شەریکی ناوێ جا نەخوازەڵا بەردێکی بێدەنگ بۆ خۆت بیتاشی بە نووکی قوڵەنگ ئەگەر تۆ بۆ خۆت نەبی بە خێوی پیا ھەڵئەمیزێ چەقەڵ و ڕێوی کە ئەمیانە بیست کوففاری مەککە ھەموو بە جارێ کەوتنە ھەلەکە بە وێنەی مەنجەڵ دڵیان ھاتە جۆش بۆ شەڕ و ئاشووب بوون بە زرێپۆش ڕاسە ھەر سەرێ بە ھەوا چاخە دەماخی وێنەی بەردی چەخماخە پۆڵای حەقیقەت ئەگەر لێی بدا بە ھەموو لادا پرشنگ ھەڵ ئەدا ئاگری فەساد ھەڵئەگیرسێنێ تا تۆڵەی ناحەق لە حەق ئەستێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەرچوونی یاران بۆ حەبەشستان جا بۆ دەفعی شەڕ لە گیانی یاران ھەم بۆ نەشری دین لە ڕووی دیاران ئیجازەی فەرموو «نبيّ الرّحمة» یارانی بڕۆن بۆلای «اصحَمه» جا ھیجرەتیان کرد یارانی بێغەش بۆلای ئەسحەمە نەجاشی حەبەش ئەویش بە مەردی و شیرین ڕەفتاری موقیمی کردن بێ دڵ ئازاری کۆمەکی کردن بە بەرزی ھیممەت بە ماڵ و سەروەت، بە جاھ و حورمەت کە تێ گەیشتن کوففار لە خۆیان ھیجرەتی ئەسحاب زیان بوو بۆیان لایێ شۆرەتە بۆ دینی ئیسلام بە تێکۆشینی ئەسحابی کیڕام لەلایێ حەبەش ئەکەن بە ڕەفیق ئەگەر فرسەتیان پێ بدا تەوفیق لایێ خۆش ئەکەن جێگە و مەئوایان بۆ موسوڵمانێ بڕوا بۆلایان چونکی خۆ ئەگەرن بە ماڵ و سەروەت مەیدانیان ھەیە لەبۆ کەسابەت زوو بە پەلە پەل کوففاری ناشی قاسیدیان ڕێخست بۆلای نەجاشی لەگەڵ دیاری نایاب و جوان بەڵکوو ئەو شایە گوێبگرێ لەوان کۆچ کردووەکان بنێرێتەوە ھەرکەسیش ئەڕوا بیگێڕێتەوە ئەمما نەجاشی بە نامووس و عەرز ئەسحابی پاراست بە ئەخلاقی بەرز وەفدی حیجازی تەواو تێگەیان ئێمە قەومێکین ئەشراف و ئەعیان دایم حازرین بۆ پەنای زەعیف جا نەخوازەڵا لە قەومی شەریف ئەم ئەسحابانە گشت بە ئەخلاقن بە دین و ئایین، بەرزی ئافاقن ھەموو بە شەعبی خۆمیان ئەزانم ئەیان پارێزم تا ماوە گیانم ھەر کەسێکی کەیش کە بێ بۆ حەبەش وەرئەگرێ بۆ خۆی لە کۆمەکی، بەش جا وەفدی کوففار بە دڵ شکاوی ھاتنەوە مەککە زۆر بە داماوی ھەر لەم لایشەوە دوو ھۆزی غالیب بەنی ھاشم و بەنی موتتەلیب یەک کەوتن لەبۆ کۆمەکی حەزرەت کەوتنە ئیزھاری نامووس و غیرەت بۆیە ھەر ئەوان مەحسووبن بە ئال ھەر بۆ ئەوانە مایە و پایەی عال ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەرچوونی «بنی ھاشم» و «بنی مطّلب» لە مەککە و مانەوەیان لە شەعبا کە ئەمیانە دی قوڕەیشی کوففار ترسان لە وزعی ڕەسوولی نازدار گشت بە ئیتتیفاق پەیمانێکیان کرد پەیمان نامەیان نووسی دەست و برد ھەموو بەری بن لەم دوو عەشرەتە کە دڵیان لەسەر یاری حەزرەتە چوون لە مەبدەئا لەمان جیاوازن ژنیان نەدەنێ و لێیان نەخوازن نەکەن لەگەڵیان خەرید و فرۆش نەڕۆن بۆلایان نە ساغ نە نەخۆش ھەتا موحەممەد ئاوارە نەکەن بێکەس و دەست و بێچارە نەکەن ئەم پەیمان نامەی ناباری سەعبە بردیان ھەڵیان واست لە ماڵی کەعبە فەقەت ئەو کەسەی ئەمەیە نووسی تووشی شەلەل ھات دەستی بنووسی بەڵێ زۆر دەستی نووسەری پەستی ماری ئەدبار و بەدبەختی گەستی خۆلاسە خزمان بەمە «مَحْصور» بوون ڕۆیشتنە کێو و لە مەککە دوور بوون لەوەی مانەوە ھەتاکوو سێ ساڵ بە تەنگی وەزع و بە تاڵی ئەحواڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆشش کردنی بەعزێ لە مەککە بۆ سوڵح وا لە نوبووەت تەواو بوو نۆ ساڵ جا ئینجا بەعزێ لە ئەھلی کەماڵ بۆ خزمەکانیان ڕەحمیان جۆشا بۆ ئیسڵاحی بەین دڵیان خرۆشا ھەم لەو سەرەدا سەییدی غالیب فەرمووی بە مامی بە ئەبووتالیب ئەو پەیمان نامەی کە زوو نووسراوە لە ماڵی کەعبە ھەڵاوەسراوە وەحی خودایی لەبۆم ھاتووە کرمی مۆرانە ھەمووی خواردووە مەگەر لەفزێکی کە موقەددەس بێ عینوانی ناوی خودای ئەقدەس بێ کە ئەمیە لێ بیست مامی بە تەکان ھات لەبۆ مەککە و فەرمووی بە خزمان موحەممەد ئەڵێ ئەو پەیمان نامە چونکە ئەساسی لەسەر حەرامە ھەمووی خوراوە مەگەر ناوی پاک لەبەر حورمەتی خودای تەنیای تاک بڕۆن لە کەعبە تەحقیقێ بکەن ئەگەر وەھا بوو تەسدیقی بکەن ئیتر لابدەن لە ستەمکاری دەست بەردار ببن لە دڵئازاری حەیفە کە سیلەی ڕەحمی خزم و خوێش ببٌی بە جەفا و جەور و سزا و ئێش ئەگەر وا نەبوو من لەگەڵ ئێوەم نادووم لەگەڵیا قەت بە دوو لێوەم کە تاقێقیان کرد حاڵی بوون سەرجەم واقیع وەھا بوو، بێ زیاد و کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھاتنەوەی خزمانی حەزرەت ﷺ بۆ شاری مەککەی موکەڕڕەمە ئینجا ڕێ کەوتن بۆ سوڵح و نەرمی خزمان ھاتنەوە زۆر بە دڵ گەرمی لەم بەینا ڕۆژێ شاھی ڕیسالەت سوورەی «والنّجم»ی ئەکرد تیلاوەت کە خوێندنەوەی ھەمووی تەواو کرد سوجدەی تەعزیمی لەبۆ خودا برد کافرەکانیش ھەموو بە سەرجەم سەر بە سوجدە بوون بۆ خودای عالەم وەزعی ئەم سوجدە گەیشت بە وڵات ھەر لە خۆر نشین ھەتا خۆرھەڵات ئەو ئەسحابانە کە لە حەبەش بوون بەم دەنگوباسە گەلێ دڵخۆش بوون وایان ئەزانی فەوتاوە ئیشراک ھەموو مل کەچ بوون لەبۆ خودای تاک گشتیان ھاتنەوە بە شەوق و عوشرەت لەبۆ بینینی دیداری حەزرەت بەڵێ ھاتنەوە، گەیشتن بە یار بە دەوای دەردی دەروونی بیمار گەلێ دڵشاد بوون بە لیقای حەزرەت لاچوو لە دڵیان غوباری غوربەت ئەمما حاڵی بوون کە ئەھلی مەککە دڵیان لە قارا پڕە لە لەککە ناچار لە ترسی کوففاری ناشی ڕۆیشتنەوە بۆلای نەجاشی ھەژدە ژن لەگەڵ سێسەد و ھەشتا پیاوی موبارەک لەم سەیر و گەشتا لە جاران چاتر بێ خیلاف و غەش ئیکرامی گرتن پادشای حەبەش ڕەحمەتی لێ بێ زۆر بە ویجدان بوو بۆیە نائیلی نووری ئیمان بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەفاتی ئەبووتالیبی مامی و وەفاتی حەزرەتی خەدیجە -رضی اللّە عنھا- مانگی نۆھەمین لە ساڵی دەھەم ئەبووتالیب مرد بوو بە مایەی غەم پاش وەفاتی ئەو خەدیجەی عولیا موتەوەففا بوو، دەرچوو لە دونیا لەپاش وەفاتی ئەو ساحێب سەعدە حەزرەت مارەی کرد سەییدە سەودە ھەم نیکاحی کرد عائیشەی سددیق ئەمما پاش ھیجرەت کردی بە ڕەفیق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆیشتنی حەزرەت لەگەڵ زەیدی خادمی بۆ شاری تائیف پاش ئەم ئەوزاعە حەزرەتی ئەمین ڕۆیشت بۆ تائیف لەبۆ نەشری دین ئەھلی تائیفی زۆر نەسیحەت کرد ئەمما تەئسیری لەوانا نەکرد کەس تاڵب نەبوو لەبۆ دینی حەق لەبەر تەقلید و ھەوا و کەللەی ڕەق قسەی ساردیشی ئەبیست لەو قەومە بێ نەزاکەتی و ئازار و لۆمە زەیدی خادمی بە ڕۆژ و بە شەو وەکوو فیدایی حازر بوو لای ئەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڕانەوەی بۆ شاری مەککە کە گەڕایەوە ئەو شای بێ عەیبە لە ڕێدا ڕابورد لای عەتبە و شەیبە چونکی خزمی بوون ڕەحمیان جۆشا بۆ کزی حەزرەت دڵیان خرۆشا خادمێکیان بوو ناوی عەداس بوو ئەھلی نەینەوا و نەسرانی ناس بوو بەوا بۆیان نارد میقدارێ ترێ تا مەیلی بکا کاتێ مەیلی بێ چوون بەختیار بوو عەدداسی حەقناس ترێکەی دانا بە شەرم و ئیخلاس پاش «بسم اللّه الرحمن الرحيم» بەعزێکی لێ خوارد سەروەری عەزیم تەعەججوبی کرد عەدداس لەم ئیسمە چوون بێخەبەر بوو لەو ئیسم و ڕەسمە ئینجا بە نەرمی لێی پرسی حەزرەت خەڵکی کام شاری و مەردی کام عەشرەت وەڵامی داوە بە نەرمی و ئەخلاق: خەڵکی نەینەوام لە خاکی عێراق فەرمووی: نەینەوای یۆنسی برام؟ خۆشەویستەکەی خودای «ذوالإكرام»؟ بەم قسە عەدداس گەلێ مەسروور بوو بە فەیزی خودا دڵی پڕ نوور بوو ئیمانی ھێنا بە دڵێکی پاک بوو بە مەردێکی چاو و دڵ ڕووناک جا حەزرەت ڕابورد لەو خاک و ئەھلە ھەتاکوو گەیشت بە «بطن نخلة» نیوەشەو لەوێ بە نوێژ و قورئان مەشغووڵ بوو ھەتا وادەی بەربەیان حەوت کەس لە جیننی بە ئەمری خوا قورئانیان لێ بیست ھەموو لەو شەوا ئیمانیان ھێنا بە خودای تەنیا لە ئەحقافایە «وَ إِذْ صَرَفْنا» کە گەیییە مەککە حەزرەتی ھادی تێگەیی فیکری ئەشخاسی عادی ڕۆیشتە پەنای دلێری بێغەم وەلەدی عودەی، مەشھوور بە «معطم» لە پەنای ئەوا بە شەرم و تەمکین دەوامی ئەکرد لەسەر نەشری دین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گردبوونەوەی حەزرەت لەگەڵ حاجیانی مەدینە لە عەقەبەدا لە ساڵی یازدە لە موسیمی حەج چوو بۆلای گەلێ لە قەومی خەزرەج خوێندیەوە بۆیان ئایاتی قورئان دینی تەوحیدی بۆ کردن بەیان شەشیان گەیشتن بە نووری ئیمان ئەووەڵیان ڕافیع، کوڕەزای عەجلان ئەبوو ئەمامە، ھەم عەوف و جابیر ھەم قوتبە و عوقبە کوڕانی عامیر کە گەڕانەوە لەبۆ مەدینە بەوان ئەو شارە پڕ بوو لەم دینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی میعراجی حەزرەت ﷺ ھەر ساڵی یازدە لە مانگی ڕەجەب لە بیست و حەوتا شای «فَخرُ العَرَب» گەیشت بە ڕوتبەی بوڵەندی میعراج ڕیسالەت تەخت و خۆی شاھ و ئەو تاج بە ئەمری خودا جیبریلی ئەمین بوراقی بۆ برد بە قەدر و تەمکین شەو بە بێداری بە سواری بوراق لەگەڵ جوبرەئیل سەروەری ئافاق لە مەککەوە تا «بيت المقدّس» مەسافەی تەی کرد بە فەیزی ئەقدەس «سُبْحانَ الَّذي أَسْري بِعَبْدِه» أَيْ: بِرُوحِهِ مَعَ جَسَدِه ھەروا لەفزی «عَبد» لە ھەموو قورئان بە ڕۆح و جەسەد کراوە بەیان چوون ئەم میعراجە بە نەس زاھیرە ھەرکەس مونکیر بێ مەعلووم کافرە ھەر ڕیوایەتێ کە موخالیف بوو بە قووەی ئیجماع زوو بە تەلف چوو کە ئیجماع کرا و موخالیف نەبوو بێقیمەت ئەبێ نیزاعی پێشوو عەلاوە میعراج بە ڕۆح یا بە خەو قیمەتی نییە بۆ مەقامی ئەو پاش زیارەتی «بيتُ المقدّس» تەشریفی سەرکەوت ڕەسوولی ئەقدەس لە ئاسمانان تەواوی سەرکەوت گەیشتە سیدرە و جیبریل لەوێ کەوت ئەم بەرز بووەوە بۆ ڕوتبەی بەرزی نە چاوی شێوا نە دڵی لەرزی ھەتا مەقامێ خودا مەیلی بوو سەرکەوت و قەتعەن مانیعی نەبوو لەپاش زوھووری تەجەللای ئەنوار پاش وەرگرتنی ئەلتاف و ئەسرار لەپاش خیتابێ ئیلقا کرا بۆی نزوولی فەرموو بۆ مەقامی خۆی بە فەرموودەی خۆی ھەر لەم شەوا بوو خودا پێنج فەرزەی موقەڕڕەڕ فەرموو لەسەر حەزرەت و لەسەر ئوممەتی بۆ جەزای خێر و بەرزی ھیممەتی جیبریل سبحەینێ ھات لەبۆ تەعلیم ئیمامەتی کرد بۆ مەولای عەزیم دوو ڕۆژ بە دوو ڕەنگ ئیمامەتی کرد سەر و پایانی وەختی مەعلووم کرد بۆ میعراج لە قودس تا پایەی والا کە ڕەوای بینی خوای تەعالا دەلیل حەدیسی ئاحادە، ئەمما مەشھوورە لەلای عومدەی عولەما تیبقی عەقیدەی ئەھلی سوننەتە خیلافی ئەوە عوقدە و بیدعەتە کە ڕۆژ بووەوە شاھی ساحێب تاج ئیعلانی فەرموو واقیعەی میعراج بەعزێ سادە لەوح بە شوبھە و تەڕدید نادیم بوونەوە لە دینی تەوحید کوففاریش کەوتنە گەپ و ئیستیھزا بە تانە و تەشەر، بە قسەی ناسزا ئەمما بێوەقفە بووبەکری سددیق تەسدیقی فەرموو، بە قوەی تەوفیق ھەروا ھەر یارێ دڵی ھۆشیار بوو لە قودرەتی حەق باش خەبەردار بوو چونکی بۆ خودا ئەرز و ئاسمان سارا یا دەریا، یەک نەھجە و یەکسان لەو ڕۆژانەیشا قافڵەی موشریکین رۆیی بوون لەبۆ خاکی فەلەستین جا ھاتن وتیان بەو عالی شەیمە ۆنت دی وەزعی قافڵەکەی ئێمە ئەویش ئەحواڵی قافڵەکەی ھەموو بۆ گێڕانەوە بە حەق زوو بە زوو کاتێ قافڵەکەی ھاتەوە بە گرد ئەھلی قافڵەکەیش وایان بەیان کرد کە چی ھەر دڵیان بێ ئیعتیبار بوو مەشرەبیان لەسەر جەفا و ئینکار بوو بورھان و دەلیل بە ھەزار ئایەت قیمەتی نییە بەبێ ھیدایەت ئەمما ھیدایەت کە ڕووی کردە دڵ دڵ ئەکرێتەوە وەکوو پەڕەی گوڵ دڵ غونچە ڕەنگە و ڕەحمەت نەسیمە غونچە بۆ نەسیم گەلێ تەسلیمە خودا نەسیمی با بێت بە ڕەحمەت بۆ سەفای دڵمان ھەتا قیامەت دڵ بەو نەسیمە ئەگەشێتەوە چونکا لوتفی تۆ ئەبەخشێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرد بوونەوەی حەزرەت ﷺ لەگەڵ مەدینەیی لە عەقەبەی دووھەم لەوەختی حەجا لە ساڵی دوازدە لە ئەھلی «طيبه» گەیشت بە دوازدە شەش کەسی پێشوو بە غەیری جابیر لەگەڵ حەوت کەسی سادیق و سابیر مەعاز و زەکوان، یەزید و عەبباس عوبادە، ھەموو خەزرەجی حەقناس ئەبووھەیسەم و عەویمی ئەوسی ئەھلی ئیخلاس و عیززەتی نەفسی ئەمانە ھەموو ئیمانیان ھێنا بە خودای تەنھای بەسیر و بینا کە گەڕانەوە لەبۆ مەدینە زۆر بڵاوە بوو باسی ئەم دینە ئەوس و خەزرەجی بۆ ھێزی ئیمان تاڵب بوون لەبۆ فێر بوونی قورئان کاغەزیان نووسی بۆ «فخر البشر» بۆ ئوستازێکی بەرز و ھونەروەر ئەویش مەسعەبی بۆ ناردن دەرئان لەبۆ تەعلیمی ئایاتی قورئان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرد بوونەوەی حەزرەت ﷺ لەگەڵ مەدینەیی لە ساڵی سێزدەھەما لە ساڵی سیازدە ھەفتا کەسیان ھات بۆ حەجی بەیت و ئەخزی بەرەکات ئیمانیان ھێنا ئەم جەمعە بە عام بە شاھی عالەم «عليه السّلام» لە زیممەیان گرت نوسرەتی حەزرەت ڕجایان لێ کرد بۆ وەعدەی ھیجرەت جا فەرمانی دا ئەو شاھی دینە یارانی بڕۆن لەبۆ مەدینە لەھەموو لاوە ئەسحابی حەزرەت لەبۆ مەدینە کەوتنە ھیجرەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەگبیر کردنی کافرەکان بۆ کوشتنی حەزرەت ﷺ کە ئاگادار بوون کوففاری بێدین لە قەسد و فیکری ڕەسوولی ئەمین لە «دار النّدوه» کەوتنە تەگبیر لەبۆ کوشتنی بە حیلە و تەزویر وایان بڕیار دا لە ھەموو ھۆزێ شمشێر ھەڵگرێ گەنجێکی قۆزێ گشتیان بیکوژن نەک بە یەک و دوو تا ھەموو عەرەب ببن بە عەدوو لەسەر ئەم فیکرە زوو بە دەست و برد جیبریلی ئەمین خەبەرداری کرد حەزرەت ئەمری کرد عەلی لەو شەوا بنوێ لە جێگەی نووستنی ئەوا خۆیشی ھاتە دەر کە گەییە دەرگا گەلێکی بینی شەڕکەری ئاگا لەویا ھەڵیگرت مشتێ وردە خاک بۆ مەنعی حیسسی کوففاری ناپاک خوێندی بەسەریا ئەووەڵی یاسین ھەتاکوو گەیشت بە «لا يُبْصِرُونَ» بەو مشتە خاکە ڕشتی لەسەریان خودا مەنعی کرد حیسسی بەسەریان پێیان نەزانی و خۆی دەرکرد «في الفَور» لەگەڵ ئەبووبەکر چوون بۆ غاری «ثَور» ئەم دەرچوونەیان ئازانە و سەریع ھاتە جێ غوڕڕەی ئەووەڵی ڕەبیع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەعقیب کردنی کافرەکان بۆ حەزرەت ﷺ کاتێ حاڵی بوون کافری بەدحاڵ کە ئەو سەروەرە دەرچووە لە ماڵ گەڕان بە شارا لە خوار و لە ژوور بە دەوری شارا، لە نزیک و دوور ھەتا ڕوویان کرد لە دەرگاکەی غار لەو کاتا ترسا بووبەکری نازدار لەویا پێی فەرموو شای ساحێب پەنا «لا تَحْزَنْ إِنَّ اللّهَ مَعَنا» یانێ مەترسە، خوا لەگەڵمانە حەرەسی خودا ھاومەنزڵمانە جا خودا ناردی بۆ ئەو سەروەرە کۆترە باریکە و جۆڵاییکەرە کۆتر بە ھێلکە و ھێلانەکەی خۆی جۆڵایی کەرەیش بە ھۆی تان و پۆی پەردەیان لێدا بۆ چاوی کوففار خەیاڵیان وێڵ بوو لە تەحقیقی غار کافرەکان ڕۆیین، ئەمجارە سددیق لەو غارا کەوتە گەڕان و تاقیق لێی فڕە ئەدا بەرد و دڕک و دار پڕی ئەکردۆ کونی مشک و مار تەنھا کونێ ما پێی خۆی نایە سەر بۆ دەفعی زەرەر لە «خير البَشَر» ئینجا حەزرەت نووست لای یاری گیانی سەریشی دانا لە سەری ڕانی لەم کاتەدا بوو ماری بە ئازار دای لە پەنجەی پێی سددیقی نازدار لە ئێشی ژاری ماری بێئامان فرمێسکی چاوی ئەڕژایە دامان یەک دوو قەترەی دای لەسەرگۆنای ئەو سەروەری نازدار بێدار بوو لە خەو پرسی ئەسبابی ئازاری سددیق جا کە حاڵی بوو لە حاڵی ڕەفیق دای لە پەنجەکەی تفی بە سەفا خودا ئەو تفەی بۆ کردە شەفا شەھدی لێوی دۆست ئەبێ بە تریاق بۆ ماران گەستەی عاشقی موشتاق عەلاوە ئاوی دەمی ئەو زاتە ھەوێنی چەشمەی ئاوی حەیاتە ڕۆحی من فیدای سەییدی سەردار ھەم «ثانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُما فِي الْغارِ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھیجرەت و تەشریف بردنی حەزرەت ﷺ بۆ مەدینەی مونەووەرە سێ شەو ماتڵ بوون لە عەینی ئەشکەوت لەسەر دەلیل و وڵاغی خۆش ڕەوت کە پەیدایان کرد بە سەفای سینە ھەردوو سوار بوون بەرەو مەدینە عەجایباتی ڕێگەی مەدینە بڕۆ لە پەڕەی تاریخ ببینە ئەڵێ ڕۆیشتنە خێڵێ لەسەر ڕێ «امّ معبَد»یان کرد بە خانەخوێ پیرەژنێ بوو بە مەشرەب ئەمیر ھەر مەڕێکی بوو وشک و لات و پیر حەزرەت دەستی خۆی لەو کوتوپڕا ھێنا بە گوانی وشکی ئەو مەڕا بە یومنی دەستی ڕەسوولی ئەمین بوو بە مەڕێکی شیرا و نازەنین شیریان لێ دۆشی، شەربەتیان نۆشی بۆ ئومموومەعبەد بوو بە دڵ خۆشی چەن ساڵ شیری دا ئەو مەڕە بە فەڕ مایەوە ھەتا وەفاتی عومەر ئەڵێ سوراقەی شۆخی سوارچاک بۆ تەعقیبیان ھات، بە چوست و چالاک کە لە دوورەوە سوراقە دەرکەوت ناسی بووبەکر بە شێوە و بە ڕەوت تا گەییە شوێنێ کە ھەڵمەت بێنێ لەبۆ کوشتنیان دەست بوەشێنێ لەسەر ھیممەتی سەییدی لەولاک سێ جار بە سواری ڕۆچوو لەناو خاک ئینجا تۆبەی کرد لە فیکری زەرەر ئەمیش عەفووی کرد بە سەرفی نەزەر کە گەڕایەوە موژدەی پێ درا بۆ ئەوە تاج و زینەتی کیسڕا ھەروا ڕۆیشتن وادی بە وادی بە زەوق و فەرەح بە شەوق و شادی جا خەبەردار بوون تایفەی ئەنسار لەسەر قودوومی مەحبووبی نازار ھەموو بە کۆمەڵ ھاتن تا «قُبا» بۆ ئیستیقباڵی شاھی «نُجَبا» لەوێ گەیشتن بە لیقای مەحبووب پەروانەی ئەو بوون، گەیین بە مەتلووب لە دێی قوبادا تا بیست و دوو شەو ئاسایشی کرد، شای ساحێب پڕتەو لە جومعەدا بوو دەرچوو لە قوبا بە شنۆی خۆش بۆی نەسیمی سەبا نوێژی جومعەی کرد لە بەنی سالم لەگەڵ یارانی خۆش تەبع و سالم پاش نوێژی جومعە ئەو بە تەمکینە موشەڕڕەفی کرد شاری مەدینە خودا ڕازی بێ لە فیرقەی ئەنسار زۆر بە ئیکڕام بوون بۆ مەولای ئەحڕار بە لای ھەر ماڵێ ڕائەبورد حەزرەت دەعوەتیان ئەکرد بە شەوق و عوشرەت ھەتا دابەزی بە گوێرەی مەتڵووب لە ماڵی ئەبووئەییوبی مەحبووب جا کۆ بوونەوە یارانی بە جەمع وەکوو پەروانە لە ئەترافی شەمع شاری مەدینە و ئەترافی پاکی بە نووری ئیسلام کەوتە ڕووناکی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کڕینی ئەرز بۆ مزگەوت و خانوو لە تایفەی «بنی نجار» پاش موددەی حەوت مانگ سەییدی سەردار عەرزێکی کڕی لە بەنی نەجار زۆر تەلاشیان کرد بیبا بە ئیحسان ھەر پارەی پێدان سەییدی ئینسان جا دروستی کرد مزگەوتی عالی لەگەڵ چەن ھۆدە لەبۆ عەیالی کە جێگە و ڕێگە دروس کرا بۆی تەشریفی ڕۆیشت لەبۆ ماڵی خۆی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھاتنی عائیلەی حەزرەت ﷺ و عائیلەی ئەبووبەکر -رضي الله عنه- بۆ مەدینە زووتر ڕۆیی بوون زەید و بوورافیع بە دوای عائیلەی سەییدی شافیع جا لە مەککەوە ئەو دوو ئەمینە عەیالیان ھێنا لەبۆ مەدینە سەییدە سەودە و فاتیمەی زەھرا «امّ كلثوم» و ڕوقەییەی سوغرا «امّ ايمن» و ئوسامە، ھەموو دڵیان بە لیقای ئەو شاھە خۆش بوو عەبدوڵڵای کوڕی بووبەکری ئەفزەڵ عائیلەی خۆیانی ھێنا بە کۆمەڵ یاران لە مەککە و ئەتراف ھەرچی بوو ھیجرەتیان فەرموو بۆ مەدینە زوو گشت گرد بوونەوە بە شەرم و تەمکین یەک حاڵ و یەک ماڵ، یەک دڵ و یەک دین حەزرەت مەشغووڵ بوو بە نەشری ئیڕشاد لەبۆ تەوحیدی خالیقی عیباد بۆ ھێز و ئەسباب کەوتە ئیستیعداد بۆ دەفعی فیتنە و ئاشووب و فەساد ئەگەر بە ئیڕشاد نەگا بە نەجاح بە کاری بێنێ بۆ غایەی ئیسڵاح دەعوەتی ئەکرد ڕەئیس و ئەشراف چەن تیپێ عومدەی ھەنارد بۆ ئەتراف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی ئەووەڵی ھیجرەت سریەی حەمزە لە ساڵی ئەووەڵ لەپاش ئەو تیپی عوبەیدەی ئەفزەڵ سریەی سەعد و تەئسیسی مینبەر عەقدی برایی یارانی ڕەھبەر نوێژی جەنازە و زەکاتی ئەمواڵ ھەم گوێزانەوەی عایشەی بە کەماڵ ھەم ئەووەڵ غەزای سەییدی عەدنان کە ناوی ئەبرێ بە غەزای «ودان» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی دووھەم دووھەم ساڵ غەزای «بواط»ی ئەسھەل غەزای عەشیرە، ھەم بەدری ئەووەڵ پاش ئەوە تیپی عەبدوڵڵای ئەھلە لە مانگی ڕەجەب بۆ «بطن النّخلة» ڕۆژوو واجب بوو لە مانگی شەعبان گەڕا بە قیبلە «كعبة الرّحمان» حەثدە مانگ لەسەر ھیجرەت تەمام بوو ھەر قودسی شەریف قیبلەی ئیسلام بوو جا ڕۆژێ ھەڵکەوت لە مانگی ڕەجەب نوێژی نیوەڕۆی ئەکرد شای عەرەب لە ناو مزگەوتی بەنی سەلەمە لەپاش دوو ڕکات ئەو شای ئەکرەمە قیبلەکەی گۆڕا بە «كعبة اللّه» بۆی ھەڵچەرخاوە بە ئەمری خودا ئەم مزگەوتەیە ئەی ڕووناکی عەین ناو ئەبرێ بە «مسجِد القِبْلَتَين» لە ڕەمەزانا زەکاتی فیترە غەزای گەورەی «بَدر»، کە ساحێب قەدرە عەجیب حەربێ بوو ئەم حەربی بەدرە فیداکارانە و شێرانە و گەورە فریشتەی بۆ ھات لەسەر خاریقە بۆ حەق و باتڵ بوو بە فاریقە ئەسحاب سێسەد و لە ھەژدە کەمتر ئەوان ھەزار و لە سەد زیاتر چونکی موخلیس بوون سوپاھی یاران غاڵب بوون لەسەر سوپای بەدکاران حەفتایان کوژرا و حەفتایان بە دیل گیران بە دەستی ئەسحابی جەلیل سریەیی عومەیر بۆ «عصما»ی بێقەدر لەپاش ئەو غەزای «قرقرة الكَدر» سریەیی سالم بۆ سەر یەھوودی ئەبووعەفەک ناو شەرووری عادی عەقدی فاتیمە لە مانگی شەووال بۆ عەلی حەیدەر شێری «ذي الجلال» غەزای «سويق» و غەزای «قُنَيقاع» سریەیی ئیبنو موسلیمەی نەفاع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی سێھەم لە ساڵی سێھەم غەزای «غَطفان» ھەم غەزای «بحران» بۆ بێئینسافان سریەیی زەیدی کوڕی حاریسە غەزای «أُحُد»ی ساحێب کاریسە لە پاش ئەو غەزای «حَمراء الأسَد» ئینجا سریەی «بن عبدالأسَد» سریەی عاسیم و سریەیی مونزیر بۆ بەنی سەلیم، بۆ بەنی عامیر شەراب حەرام بوو، قەتعەن لابرا تەوەللودی بوو حەسەن لە زەھرا حەفسەی مارە کرد ئەو موحتەرەمە لەپاش زەینەبەی کچی خوزەیمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی چوارەم ساڵی چوارەم بوو بە حوکمی تەقدیر کە چوون بۆ غەزا سەر «بني نضير» ھەر لەم ساڵە بوو بە گوێرەی سەماع غەزای ناوبراو بە «ذات الرّقاع» ئیزنی تەیەمموم بە ئەمری خودا وەلادەی حوسەین، ھەم «بَدر»ی سوغرا ھەر لەم ساڵا بوو ئومموسەلەمە بوو بە مەنکووحەی «نبيّ الرّحمه» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی پێنجەمین ساڵی پێنج غەزای «دومة الجندل» «مصطلق، خندق، قريظه»ی ئەڕزەل ھەر لەم ساڵا بوو نوێژی مانگ گیران حادیسەی ئیفکی تەزویر و بوھتان سریەی موحەممەد ئیبنی موسلیمە بۆ قەومی قەرتا، ئەھلی «مظلمه» عەقدی زەینەبەی دووھەم بە تەنھا بۆ ئەوبوو ئایەی «زَوَّجْناكَها» ھەر لەم ساڵا بوو کە جووەیریە بوو بە مەنکووحەی «خيرالبريّه» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی شەشەم لە ساڵی شەشا واجب کرا حەج لەسەر دەوڵەمەن، بێعوزر و حەرەج غەزای «ذو قِرد» ھەم «بني لحيان» لەم ساڵەدا بوو بە نەھجی بەیان ھەم غەزای «غابه»، چونکی کافران بە تاڵان بردیان گەلەی وشتران سریەی عەکاشە بۆ غەمری مەرزووق سریەیی ئیبنو موسلیمەی مەوسووق پێنج سریەی زەیدی کوڕی حاریسە بۆ بەنی سەلیم ئەھلی کاریسە بۆ قافڵەی قوڕەیش ھاتەوە لە شام بۆ قەومی بەنی سەعلەبەی نەفام بۆ قەومی جوزام «قطاع الطّريق» پێنجەم بۆ «وادي القُري» بە تەحقیق سریەی «عبدالرحمن بن عوف» بۆ سەر «دومة الجندل»ی بێخەوف سریەیی عەلی، مەردی ساحێب فیکر بۆسەر بەنی سەعد، سەعد ئیبنو بەکر ھەم سریەیی زەید، بۆ سەر فەزارە ئەھلی ئاشووب و فیتنە و شەرارە سریەی عەبدوڵڵا وەلەدی عەتیک بۆ ئیبنو ڕافیع جووی لە حەق تەریک سریەی عبدوڵڵای ئیبنو ڕەواحە بۆ بەنی ڕەزام ساحێب قەباحە سریەیی ئیبنو جابیری کەڕاڕ بۆ سەر عەکەل و عووەینەی بەدکار سریەی ئیبنو ئومییەی ئەکرەم بۆ ئەبوسۆفیان لە تۆڵەی ستەم لەم ساڵەدا بوو «امّ حبيبه» بوو بە مەنکووحەی ئەو شا نەجیبە لەم ساڵەدا بوو بێشک و میریە «بيعة الرّضوان» لە حودەیبیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی حەوتەم لە ساڵی حەوتا غەزاکەی «خَيبَر» ھەم «وادي القُري» بە نەسسی خەبەر ھاتنەوەی جەعفەر لە خاکی حەبەش «عمرة القَضا»، قەزای ساڵی شەش سریەی عومەری فارۆقی مەنسوور بە سەر ھوازین، تایفەی مەشھوور سریەیی سددیق بۆسەر فەزارە کۆمەڵێ شەڕکەر لە خێر ئاوارە سریەیی غالیب ساحێب زەوق و وەجد بۆسەر مەیفەعە لە وڵاتی نەجد سریەیی بەشیر بۆ بەنی مەڕڕە بۆ مودافەعەی ئەو ئەھلی شەڕڕە سریەیی بەشیر «ابن الأنصاري» بۆ یومن و جەببار فیرقەی فیراری سریەیی «ابن ابي العوجا»ی مەرد بۆ بەنیسەلیم مەردانی نەبەرد عەقدی مەیموونە و عەقدی سەفییە لەبۆ حەزرەتی «خير البريّة» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی ھەشتەم لە ساڵی ھەشتەم غالیبی ئەنوەر ڕۆیشت بۆ «کەدید»، لە مانگی سەفەر دووبارە غالیب لە مانگی سەفەر ڕۆیشت بۆ «فەدەک» بە فەتح و زەفەر لەم ساڵا گەیین بە دینی تەوحید عەمر ئیبنو عاس، خالیدی وەلید سریەیی شوجاع بۆ بەنی عامیر زاڵ بوو لەسەریان ڕەشیدی ئامیر پاش ئەو سریەی کەعبی غەففاری بۆ «ذات اطلاح» بە بەختیاری سریەیی ئیبنو حاریسە و جەعفەر بۆ خاکی موئتەی، پڕ خەوف و خەتەر عەمری بەنی عاس، قائیدی باسیل ڕۆیشت بۆ شەڕی «ذات السّلاسل» سریەیی ئەبووعوبەیدەی ئەمین بۆ ساحیلی بەحر، بە ھێز و تەمکین دوو سوپای ئەبووقەتادەی ئەکرەم یەک لەبۆ «خضره»، دوو «بطن اَضم» بە سوپای یاران عەدەد ھەشت ھەزار مانگی ڕەمەزان سەروەری ئەبڕار فەتحی مەککەی کرد بێ ئێش و ئازار خوتبەی عەفووی خوێند لەسەر ئەھلی شار لەبەر ئاسایش بە قسەی جوان خۆی کرد بە یۆسف، ئەوان بە ئیخوان گەرمای سەرسام کرد بە سایەبانی دنیای آرام کرد بە میھرەبانی کەعبەی ڕووناک کرد بە ناوی خودا بە «قُلْ جاءَ الْحَقّ» بتانی ھەڵدا ڕۆحم بە فیدای نیزامی فەتحی بۆ خوتبەی بەرزی پڕ سەنا و مەدحی سریەیی خالید بۆ بەنی عوزا کە شێوەی شێوا، پایەی داخزا لەم ساڵەدا بوو سریەی عەمری عاس بۆ بەنی ھوزەیل، قەومی حەق نەناس سریەیی سەعدی ئەشھەلی سیفات لەبۆ موشەللەل بۆ ھەدمی قەنات سریەیی خالید، ئەو عالی شەیمە بۆسەر تایفەی بەنی جوزەیمە پاش ئەوە غەزای «سيّد الكونين» لەگەڵ «ھەوازین» لە خاکی حونەین سریەیی ئەبووعامیری مەزن بۆسەر ڕاکردووی قەومی ھەوازن سریەیی توفەیل، لە مانگی شەواڵ بۆسەر «ذو الكَفّين» بەدی بەدفەساڵ جا غەزای «طائف» بە فیداکاری خۆیشی حازر بوو مەحبووبی باری پاش گەڕانەوەی شاھی ساحێب خەیر ھاتە خزمەتی کەعبی بن زوھەیر قەسیدەی «بانَت سُعاد»ی غەڕڕا لەبۆی خوێندەوە، خەڵاتیش کرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی نۆھەم لە ساڵی نۆدا شاھی موئتەمەن قەیسی بن سەعدی ھەنارد بۆ یەمەن ناردی عویەینەی مەرتەبە عولیا سەر بەنی تەمیم، لە خاکی سوقیا وەلیدی ھەنارد، مەحبووبی خالیق بۆسەر تایفەی بەنی موستەلیق «عبداللّه»ی ئیبنی عوسجەی بە قەدر ڕەوانە فەرموو بۆ سەر بەنی عەمر سریەیی قوتبە بۆ قەومی خەسعەم لەپاش غەلەبە ھاتەوە بێ غەم سریەیی «ضحّاك» بۆ بەنی کیلاب ھاتنەوە بە خێر ئەفرادی ئەسحاب ئینجا سریەی عەلقەمەی بێغەش بۆسەر کۆمەڵێ لە قەومی حەبەش سریەیی عەلی بە ئەمری خاتەم بۆسەر بتەکەی تایفەی حاتەم سریەیی عەکاشە بۆ خاکی حەباب جا غەزای «تبوك» بە سوپای ئەسحاب چونکی ڕۆژەکەی تەنگ و زەیقەت بوو بە «جيش العُسره» شۆرەتی دەرچوو ھەر بە ماڵی خۆی حەزرەتی عوسمان سوپاکەی ڕێخست بە ئەمن و ئەمان جا بە وەحی حەق «نبيّ الرّحمه» ئیعلانی فەرموو مەرگی ئەسحەمە ھەم بە جەماعەت شاھی زەمانە لەگەڵ ئەسحابی ساحێب ئەمانە نوێژی جەنازەی غایبانەی کرد حوقووقی وەفای بۆ بەجێ ھاورد سددیقی ھەنارد لەگەڵ سێسەد کەس لە مەدینەیی بۆ مەککەی ئەقدەس عەلیش ھاتەوە لە خاکی یەمەن ئەویشی ھەنارد مەولای موئتەمەن لە ڕۆژی جەژنا بۆ عام جاڕ درا لەسەر کافران مەنعی حەج کرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی دەھەم مەعازی ھەنارد شاھی موئتەمەن ھەم ئەبوومووسا بۆ خاکی یەمەن خالیدی ھەنارد بۆ خاکی نەجران عەلی بۆ یەمەن، بۆ نەشری ئیمان ڕۆیی و ھاتەوە بە فەتح و زەفەر بۆ حەجیش گەیشت بە «خير البشر» لەم ساڵەدا بوو «حجّة الوداع» سەد و چوار ھەزار ئەسحاب بە ئیجماع وەکوو پەروانە بە دەوری شەمعا ئەویش وەک چرا لە حەلقەی جەمعا چوون لەبۆ حەجی بەیتوڵڵای مەعموور بە ئیخلاسی دڵ بە سەفا و حوزوور لە ڕۆژی جەژنا لە خاکی «مِنىٰ» جوبرەئیل سوورەی «نصر»ی بۆ ھێنا بە دوای ئەوا ھات لەسەر تەراکوم ئایەی «الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ» حەزرەت حاڵی بوو کە مەعنای ئیکمال خیتامە لەبۆ وەحی «ذو الجلال» لەپاش «نصر» و «فتح» ئەمر بە تەسبیح حەمد و ئیستیغفار ئیمایە و تەلمیح بەمە نزیکە وادەی وەفاتی بڕوا و شاد ببێ بە لیقای زاتی ئینجا بانگی کرد حەزرەت لە زەھرا پێی فەرموو ئەوا دەعوەتم کرا وادەی ڕیحلەتە لە دونیای فانی وادەی وەفاتە و لیقای ڕەببانی جا گریا بە جۆش فاتیمەی بەتوول تا تەسکینی کرد حەزرەتی ڕەسوول کە گەڕانەوە لەبۆ مەدینە لە غەدیری خوم، ئەو پڕ تەمکینە خوتبەیەکی خوێند گەلێ بە قیمەت بۆ دین و دونیا ھەتا قیامەت بۆ فەرد و کۆمەڵ بۆ دین و ئەخلاق بۆ بەرزی ئیسلام لە کورەی ئافاق بۆ شوێن کەوتنی سوننەت و کیتاب بۆ ئیستیقامەت لەسەر ڕێی «صَواب» جا کە ھاتەوە و گەییە مەدینە ئەو پایە بەرزەی ساحێب تەمکینە لە جاران زۆرتر مەشغووڵ بوو بە دین بە حەمد و زیکری خودای عالەمین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی یازدەھەم لە ساڵی یازدە لە مانگی سەفەر جوبرەئیل ھێنای بۆ «خير البشر» «وَاتَّقُوا يَوْما تُرْجَعُونَ فيه» ئیشارەی مەرگی حەزرەتی وەجیھ ڕۆژی دووشەممە، بیست و حەوتی مانگ رێکی خست سوپای بەرزی بەناوبانگ ڕۆژی چوارشەممە کەوت بە نەخۆشی ئازار وجوودی ئەوی داپۆشی ھەر لە ئەووەڵی ئەم نەخۆشیا خوتبەیەکی خوێند بەرز و بە مەعنا ڕۆژی پێنج شەممەی ئاخری سەفەر ئاڵای ئوسامەی ڕێخست بۆ سەفەر یەعنی سەرۆک بێ بۆ ئەو سوپایە چونکی ھەر قائید ساحێب ئاڵایە ئەمما چوون حەزرەت ھەر موبتەلا بوو ئوسامە ھێزی ئەژنۆی شکابوو ڕۆژی یەک شەممە سێھەمی ڕەبیع غاڵب بوو ئێشی سەییدی ڕەفیع لەبەر نەخۆشی جەستەی نازاری لەبەر غەڵەبەی ئێش و ئازاری ویستی لە شوێنێ بمێنێتەوە لە نۆبەی ژنان خۆی بگرێتەوە ئیزنی خواست مەولای مەرتەبەی کوبڕا نەخۆش بێ لەلای عائیشەی حەمڕا جا بۆ دووشەممە ئەو ڕوخسار چرا کەوت لە مەنزڵی عائیشەی حەمڕا ھەرچەن نەخۆش بوو بە دڵ و ئەندام لە نوێژەکانا ئەبوو بە ئیمام فەقەت پێنج شەممە ویسعەت نەمابۆی ئەبووبەکری کرد بە جێداری خۆی جا ئەبووبەکریش بە ئیستیقامەت دەوامی ئەکرد لەسەر ئیمامەت دووشەممەی دوازدەی «ربيع الأوّل» موتەوەففا بوو سەییدی ئەکمەل شابازی گیانی بە قەدر و ئیعزاز بۆ باغی فیردەوس کەوتە سەر پەرواز خۆی بە دڵ مەیلی لەسەر پەرواز بوو لیقای تەجەللای خودای نیاز بوو بە ڕەحمی ڕۆحی ساحێب ھیممەتی بوو بە زەخیرە لەبۆ ئوممەتی ئای لەو زەلزەلە و سەدەمەی عوزما ئافاقی پڕ کرد تا سەفحەی سەما یارانی ھەموو سینەیان جۆشا بۆ فیراقی ئەو دڵیان خرۆشا سەرسام و مەلوول، حەیران و بێھۆش بەعزێکیان لێ مرد، بەعزێکیان نەخۆش وا پەرێشان بوو عومەری فارووق قەسەمی ئەخوارد بە حەزم و وسووق ھەرکەسێ بڵێ کە پێغەمبەر مرد بە شیر ئەیکوژم زوو بە دەست و برد ئەمما حەزرەتی بووبەکری سددیق ھەروەکوو خۆی بوو مەحکەم و وەسیق خوێندیەوە وەکوو خەتیبی سەییت ئایەی شەریفەی «إِنَّكَ مَيِّت» جا تەسکینی دا بە دڵی فارووق لە وەفاتی ئەو گەیی بە وسووق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی شۆرین و کفن و نوێژی جەنازە و داپۆشینی حەزرەت ﷺ ڕۆژی دووشەممە و ھەم شەوی ئاتی ھەروا مایەوە لە جێی وەفاتی ڕۆژی سێشەممە حەیدەری کەڕڕار شۆردی جەسەدی سەییدی ئەبڕار کۆمەکی ئەکرد عەبباسی مامی ھەم «فضل»ی کوڕی ساحێب مەقامی ئوسامە و شەقران عەلاوەی قیسەم ئازاد کراوی ڕەسوولی خاتەم بە شەرم و ئەدەب لەلای پەردەوە بە چەن حەسرەت و ئاھی سەردەوە ئاویان ئەڕێژا و ئەگریان بە تاو بە جۆشی سینە و جگەری سووتاو ئاوی ئەووەڵجار گەرمی بێقوسوور دووھەم ئاو و مورد، سێ ئاو و کافوور بە سێ شاکفنی سحوولی ئەنوەر عەلاوەی ئەوان کراس و مێزەر پاش غوسڵ و کفنی ئەو سەرفەرازە حازر بوون لەبۆ نوێژی جەنازە ئەووەڵجار پیاوان دووھەم لە ژنان سێھەم مناڵی بە تەمیزی جوان فەقەت لەم نوێژا ئەسحابی کیڕام ھیچکەس لەبۆ کەس نەبوو بە ئیمام ھەر لە سێشەممە یا لە شەوی چوار یا لە ڕۆژیا، بە نەقڵی ئەخبار لە جێی وەفاتیا قەبریان ھەڵکەند لە حوجرەی عولیای عائیشەی پەسەند قەبر ھەڵکەنی ئەبووتەلحە بوو لەسەر تەرتیبی حەفر و لەحد بوو فەرشی ئەلحەدیان بۆ کرد بە نۆ خشت سوورەتی ئەلحەد سیرەتی بەھەشت عەبباس و عەلی ھەم «فضل» و «قثم» ڕۆیشتنە قەبری سەییدی ئەکڕەم بە شەرم و شەرەف دایان ھێشتە خوار تەسلیمیان فەرموو، بە ڕەوزەی گوڵزار عومری عەزیزی شەست و سێ ساڵ بوو عەقڵی و حەواسی پڕ لە کەماڵ بوو بڕژێ بەسەریا سەلات و سەلام بە قەد حورووفی جەمیعی کەلام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی وەزعی ئەعزا و بەدەنی و شێوە و ڕەنگی لە شەمایلی شیرینی حەزرەت بەعزێکی ئەڵێم لەبۆ مەعریفەت سەری گەورە بوو، پێشانی گوشاد ھەرکەسێ ئەیدی پێی ئەبوو دڵشاد جارجار مووی سەری ئەگەییە سەر شان جارجار کۆتاتر پیا ئەبوو پەخشان ئەبرۆی بە وێنەی قەوسی تیرئەنداز چاوانی جوان بوون بە وێنەی شاباز چ لە پشتەوە، چ لە بەردەمی شتیان ئەبینی بێزیعف و کەمی ڕەنگی ڕوخساری جوان و سپی و سوور دەرئەکەوت لە دوور بە وێنەی بلوور ئاخ بە تەماشای ئەو چرای سەفا من ڕزگار ئەبووم لە دەرد و جەفا لووتی ساف و ڕێک شێوەی بەرانی ساف و ئاودار و شاش بوو ددانی زمانی فەسیح، قسەی شیرین بوو تفی دەرمانی ئێش و برین بوو گەردنی بێگەرد، بەوێنەی بلوور ئەدرەوشایەوە بێعەیب و قوسوور سینگی گوشاد و دڵی بە قووەت پڕ لە زانست و عەقڵ و مورووەت کە بە چاو ئەنووست دڵی بێدار بوو مەشغووڵی یادی خودای غەففار بوو دڵی ئەو شاھی ساحێب پڕتەوە چوار جار لەت کرا و شۆراوەتەوە لەپاش دوو ساڵی، دە ساڵی و چل ساڵ لە پەنجا و یەکا، «مِعراج الكمال» ھەموو ھەر سیڕڕ و «خَرق العادت» بوون مایەی سولووکی ڕێی سەعادەت بوون ناو شانی گوشاد بە تین و قووەت لای چەپیەوە بوو مۆری نوبووەت بە وێنەی ھێلکەی کۆتر، یا کەوێ قەزای لە نەجمەی پادشا کەوێ دەستی پڕ سەفا و سەخا و نەسرین بۆی وەھا درێژ بوون ئەگەینە ئەژنۆی دەستی دانایە لەسەر ھەر ئێشێ شیفای بۆ ئەھات نەی ئەما ڕێشێ ئاخ بەو دەستەکەی وەکوو بەستەی گوڵ نەجاتی ئەدام لە خەستەیی دڵ ژێری پێی ساف و بۆنی وەک عەنبەر فریشتە سیرەت، ئەندام بێسێبەر نە کورت، نە درێژ، باڵای موعتەدیل بەرزیشی ھەبوو لەسەر موقابیل ھەرچەن سوورەتی جوان و زەریف بوو خولق و سیرەتی زیاتر شەریف بوو زیکری زوبانی ناوی خودابوو دایم مەشغووڵی نەشری ھودا بوو سیواکی ئەکرد بە داری ئیراک تەرغیبی عامی ئەکرد بۆ سیواک مەزاحی ئەکرد لەسەر سەداقەت قسەی خۆشی بوو لەسەر حەقیقەت زەردە خەندەی زۆر پێکەنینی کەم قەھقەھەی نەبوو سەییدی ئەکرەم ئەگریا کاتی بیستنی قورئان لە شەونوێژیشا، ئەمما بڕێ ئان لە کاتی ترسی خوای بە عەزەمەت کاتی بەزەیی بۆ حاڵی ئوممەت وەفا بە وەعدە تەبیعەتی بوو حەیا بە وێنەی حەقیقەتی بوو زیاتر لە عالەم بە عەقڵ و عیففەت بە شەرم و شکۆ، بە بەرزی سیفەت شەو بەعزەن ئەنووست، بەعزەن بێداربوو مەشغووڵی فیکر و زیکری غەففاربوو ھێندە لە نوێژا ڕاوەستا بە شەو ئاوسان ھەردوو پێی نازەنینی ئەو ئەغڵەب دووشەممە و پێنج شەممە و جومعە بەڕۆژوو ئەبوو ئەو ساحێب ڕوفعە «ایّام البیض» و شەش ڕۆژەی شەواڵ عەرەفە و عاشوورای ئەگرت بە کەماڵ دائەنیشت وەکوو ساحێب ویقاران نەئەکەوتە پێش لە ڕیزی یاران لە ڕێ ڕۆیینا بۆ پاش و بۆ پێش فەرقی نەئەکرد شای مەشرەب دەروێش لەسەر ئەسپ و کەر ھێسر و وشتر سوار ئەبوو بێ فەرق، جار لە جار خۆشتر لە پاشکۆی خۆیا لەبەر شەفێقی سواری ئەکردن بەندە و ڕەفێقی بە ئیشی ئاسان گەلێ مەسروور بوو لە تەسەننوع و تەکەللوف دوور بوو کۆمەکی ئەکرد بە شەخسی زەعیف جا نەخوازەڵا داماوی شەریف بۆ بێوەژن و ھەتیوی بێکەس لەبۆ غەریب و خزمانی بێدەس ئەیپرسی حاڵی غایب و نەخۆش عەیادەتی بوو لەگەڵ قسەی خۆش ئیستیڕجاعی بوو بۆ یەکێ ئەمرد بە خشووع نوێژی جەنازەی ئەکرد لەگەڵ جەنازەی ئەچوو بە تەمکین دوعای بۆ ئەکرد لە دوای داپۆشین وەھمی عاجزی لەھەرکەس ئەبرد ئەڕۆیی بۆلای دڵخۆشی ئەکرد ئیکرامی زۆر بوو بۆ زومڕەی ئەشراف حەقی وەرئەگرت بە فەزڵ و ئینساف سەرفی نەزەری ئەکرد لە خیلاف لە قسەی تاڵی پیاوی بێئینساف لە موشکیلاتا تەدبیری ئەکرد ھەرکەس مەغروور بوو تەسخیری ئەکرد دەستی ئەشۆری و «بسم اللّه»ی ئەکرد ئەوجارە دەستی بۆ تەعام ئەبرد ڕەخنەی نەدەگرت لە چێشت و تەعام ئەمیانە وشکە و ئەویانە بێتام یا تەرکی ئەکرد یا خۆ زوو بە زوو لێی ئەخوارد شتێ، بەپێی ئارەزوو قەت جیا نەبوو نانی لە یاران چ لە دەوڵەمەن، چ لە ھەژاران ترێ و کاڵەکی ئەخوارد بە ویقار ھەم بە یەکەوە ڕوتاب و خەیار زەوقی مایل بوو بە چەور و شیرین وەکوو خورماوڕۆن ھەم ھەڵوا و ھەنگوین شیری مەیل ئەکرد چاشت و ئێواران مەیلی بوو لەسەر گۆشتی باڵداران زەوقی شانی بوو لە گۆشتی حەیوان ئەیکرد بە پێخۆر سرکە لەگەڵ نان ھەر بە سێ پەنجە، جارجار بە چوار چێشتی ھەڵئەگرت بە شەرم و ویقار پێی خۆش بوو لیباس لە بوردی یەمان لە ماددەی خوری و لە ماددەی کەتان ڕەنگی سپی و سەوز لەلای مەرغووب بوو پارچەی بەو ڕەنگەی لەلا مەحبووب بوو ئەیکردە پەنجەی بچووکی خاتەم زۆر لە دەستی ڕاست لە دەستی چەپ کەم چەوری ئەفەرموو مووی سەری جارجار زۆر مەیلی ھەبوو بە عەتری بۆندار میسکی ھەڵئەگرت، بخووری ئەکرد لە داری عوود و لە کافووری ورد سوورەتی پاک و شەرەف و عەرزی سیرەتی چاک و ئەخلاقی بەرزی نایەتە نووسین بۆ من بە دەفتەر سەڵەوات لەسەر ڕۆحی پێغەمبەر بەسە بۆ سەنای قورئانی کەریم «إِنَّكَ لَعَلي خُلُقٍ عَظيمٍ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی بڕێ لە «اِرھاص» و «کَرامات» و «مُعجِزات»ی حەزرەت ﷺ با بڵێین بەعزێ لە ئیڕھاساتی لە کەڕامات و لە موعجیزاتی لە پێش نوبووەت «خرق العاده»ی خاس لە ئیستیلاحا پێی ئەڵێن «اِرهاص» بە مەعنای ئەساس بۆ پێغەمبەری دامەزراندنی پایەی سەروەری بە «خرق العاده»ی دوای نوبووەت بێ موعارەزە بڵێ «كرامَت» پاش نوبووەت و تەڵەبی کوففار ھەر خاریقەیێ ئەو بیکا ئیزھار بەو خاریقەیە ئەڵێن «مُعجِزه» چونکی خەسمەکەی بەوە عاجزە نیشانەکانی شەوی وەلادەت ھەموو ئیڕھاس بوون لەبۆ نوبووەت ھەر وا ئەو ھەورە لە کاتی سەفەر لە ڕاسەریەوە ئەبوو بە سێبەر کە بوو بە ڕەسوول سەییدی ئەنام گەلێ جەمادات لێیان کرد سەلام کۆڵەکەیێ بوو لەو مزگەوتەدا بۆ خوتبە پاڵی پێیەوە ئەدا کاتێ تەرکی کرد پاش بینای مینبەر ناڵاندی لەبەر فیراقی دولبەر تا ڕۆیشتە لای بە میھرەبانی باوەشی پیا کرد وەک برای گیانی ئەوجا بێدەنگ بوو بە سەبر و ئارام بە مەحەببەتی «عليه السّلام» تەسبیحاتی کرد بە ئەمری خودا مشتێ وردە بەرد لە دەستی ئەودا ھەروا لە دەستی بووبەکر و عومەر لە دەستی عوسمان مەحبووبی سەروەر بە ئەمری ئەو بوو دارخورما لە دوور ھات بوو بە حیجاب بۆ شاھی مەنسوور دارێکی سەمری بانگ کرد بۆ تەسدیق ھات و پاش تەسدیق گەڕاوە تەحقیق وشتر چەن دەفعە ھاتن بۆ شکات لە قورسی بار و ڕێگەی دوور وڵات شکاتی ئاسک و قسەی سووسەمار باسی دەفەی شان بۆ خەتەری ژار گەلێ دوعای کرد گشتیان قبووڵ بوون بۆ خێر و بۆ شەڕ بۆ بوون و نەبوون بە دوعای ئەو بوو حەزرەتی عومەر ئیمانی ھێنا، گەیشت بە سەمەر بە دوعای ئەو بوو حەزرەتی ئەنەس عومر و ئەولاد و ماڵی کەوتە دەس بە دوعای ئەو بوو کە ئیبنو عەبباس لە دونیا گەڕا بە «اعلم النّاس» بە دوعای ئەو بوو ساڵی وشکەساڵ باران ئەباری مەحاڵ بە مەحاڵ دوعای شەڕیشی لە ھەرکەس ئەکرد بە ئەمری خودا تەئسیری ئەکرد ئەو پێنج بێشەرمە کە بە ئیستیھزا بۆ حەزرەت ئەبوون بە مایەی سزا دوو ئەسوەد ناو و حاریس و وەلید عاس ئیبنو وائیل نامەردی پەلید زوو گیرۆدە بوون بە دوعای حەزرەت لە دونیا دەرچوون بە داخ و حەسرەت ئەسوەدی کوڕی موتتەلیب کوێر بوو ئەسوەدی دووھەم ئیسقای پێ فێر بوو وەلید بە تیرێ جەستەی داڕزا عاسیش بە دڕکێ فەوتا بە سزا حاریسیش سەری داوەشا بە زام لە دونیای ڕۆشن دەرچوو بە ناکام بوون بە سەدەقە بۆ ئەو پێنجانە کەوتنە کۆشش ئازا و مەردانە پەیمانی شەڕیان تێکدا بە یەکجار ھۆزی حەزەریان ھێناوە بۆ شار مەعتەم و زەمعە و ھیشام و زوھەیر «ابو البحتري» مەردی ساحێب خەیر بە دوعای ئەو بوو عەتەبەی نەگبەت کوشتی شێرێکی بەھێز و ھەیبەت پیاوێکی عەرەب دڵ و دەروون سارد بە دەستی چەپی تەعامی ئەخوارد حەزرەت بە نەرمی و ئارامی فەرمووی دەستی ڕاس چاکە نانی پێ بخۆی کابرا بە عیناد وتی ناتوانم ھەر بە دەستی چەپ خواردن ئەزانم فەرمووی با وابێ کابرای بەدعەمەل دەستی نەخۆش کەوت بە دەردی شەلەل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیان کردنی چەن شتی غەیبی بە ئیعلامی حەق چەن خەبەری دا ھەموو ھاتنە جێ بە ئەمری خودا دەرکەوت بە ڕاستی قسەی غەیبی ئەو بۆ فەتحی موڵکی قەیسەر و خوسرەو وەھا سوراقە موژدەی پێ درا وەری گرت تاج و ئەسبابی کەسڕا ئەخباری فەرموو سەروەری زەمان بە شەھید بوونی عومەر و عوسمان ھەم بە شەھیدی «ابو الحَسَنَين» بە سوڵحی حەسەن «بَينَ الفِئَتَين» ھەمووی ناو بردن کوژراوانی بەدر ھاتە دی قسەی شاھی ساحێب قەدر ھەم خەبەری دا بە دایکی ئەنەس ئەڕوا بۆ غەزای کوففاری ناکەس لەسەر بەیانی ڕەسوولی مەقبووڵ ڕۆیشت بۆ فەتحی شاری ئیستانبووڵ ھەر لەو سەفەرا لە وشتر داکەوت مرد و مەرتەبەی شەھیدی دەس کەوت ئیعلانی فەرموو مەرگی شای حەبەش قەتڵی فەیرووزی ساحێب مەکر و غەش گەلێ واقیعەی وەھای خستە دەر ھەموو نووسراون لە پەڕەی سیەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕزگار بوونی بریندار و کوێر و نەخۆش بە یومنی فەڕی ئەو ﷺ ھەر بە کەڕامەت شای ساحێب ئەمان لوقمان مەشرەب بوو، بێ دەوا و دەرمان چاوی قەتادەی موخلیسی ئەڕشەد کەوتە سەر کوڵمی لە غەزای ئوحود نایەوە جێگە و دەستی پیا ھێنا بوو بە چاوێکی بە دەرک و بینا چاوانی «فودەیک» نابینا و زەلیل تفی خۆی لێدان ڕەسوولی جەلیل وا شتی ئەدی لە عومری ھەشتا تۆ ئەتوت فودەیک مناڵە ھێشتا بە تفی ئەو بوو سددیقی نازار ڕزگار بوو لە سۆی ئێشی گەستی مار بە تفی ئەو بوو حەیدەر لە خەیبەر چاوی ڕزگار بوو لە ئێش و خەتەر پێی ئەبوڕافیع شکا بە جەفا دەستی پیا ھێنا شای ساحێب سەفا وا خۆشەوە بوو ئەتوت باش جەڕڕاح ھاتووەتە سەری بۆ جەبر و ئیسڵاح ژنێکی داماو منداڵێکی بوو کەچەڵ و لاواز، زۆر بێرەنگ و ڕوو ھێنایە پەنای سەییدی سەردار بۆ ڕزگار بوونی لە زام و ئازار دەستی نازاری ھێنا بە سەرا مناڵ ڕزگار بوو لە گشت ماجەرا منداڵێکی شێت، بێحاڵ و بێھۆش وێڵ و سەرگەردان، ناساغ و نەخۆش دایکەکەی ھێنای بۆ حوزووری ئەو تا ڕزگار ببێ بە ھیممەتی ئەو دەستی خۆی دانا لەسەر سینەی ئەو دوعای لەبۆ کرد شای ساحێب پڕتەو بە مەیلی خودا گورج ڕشایەوە ڕەنگی وەکوو گوڵ زوو گەشایەوە بۆ خۆی ڕزگار بوو لە شێتی و ئازار بە بەرەکەتی سەروەری نازار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی زۆر بوونی شتی کەم بە یومنی ئەو ﷺ بە فەڕی ئەو بوو کەوا ھاتە شیر مەڕەکەی «ام معبد»ی فەقیر چەن خورمای بەخشی بە «عبد الرحمن» ئەبووھوڕەیڕەی مەشھووری زەمان لەو تاریخەوە تا فەوتی عوسمان لەوانەی ئەخوارد بە توولی زەمان زەرفی خورماکەی لەو ڕۆژا ون بوو بۆیە بە ئاھ و ئەسەف ئەیفەرموو: «لِلنّاسِ هَمٌّ وَ لِي هَمّانِ هَمُّ الْهَمْيانِ وَ هَمُّ الْعُثْمانِ» بە یەک چتیر و مەنێ جۆ بە حەق ھەزار کەس تێر بوو لە غەزای خەندەق لە غەزای تەبووک لەبەر کەمی نان شکاتیان ھێنا بۆ شاھی زەمان ئەویش ئەمری کرد ھەرکەس ھەرچی بوو ھێنایان بۆلای زۆر بوو یا کەم بوو ھەموویان داکرد لەسەر یەک سفرە پیا بەش کردنەوە بۆ دەفعی عوسرە ھەموو بەشیان برد بە ئارەزووی دڵ سوپا ڕزگار بوو لە دەردی موشکڵ بێنە یادی خۆت لە حودەیبییە یاران و شاھی «خیر البریّە» کاتێ ڕۆیشتن بۆ ئەو سەراوە حاڵی بوون کانی وشک و بێئاوە حەزرەتی سەروەر نێزەی خستە ناو کانی ھاتە جۆش بە وێنەی سەراو دەسنوێژیان گرت و ئاویان خواردەوە کانی و ئاوەکەیش ھەروا مایەوە سەفەرێکی@تر لە ڕووی دیاران بۆ ئاوی دەسنوێژ دامابوون یاران غەیری کاسەیێ قەتعەن ئاو نەبوو جا تەشریفی برد حەزرەت زوو بە زوو دەستی خستە ناو ئەو کاسە ئاوە کاسە ھاتە جۆش وێنەی سەرچاوە تا دەسنوێژیان گرت یارانی بە عام بە یومنی زاتی «علیە السّلام» پەنایان ھێنا قەومێکی فەقیر لەبەر ناخۆشی و کەمی ئاوی بیر تەشریفی ڕۆیی و ئاوی دەمی خۆی کردە ئەو بیرە خۆش بوو تام و بۆی ئاویشی زۆر بوو بە سافی و خۆشی چونکی لە ئاوی حەیاتی نۆشی میوانداری کرد حەزرەتی بەشیر بۆ ئەھلی «صُفّه» بە کاسەیێ شیر ھەرکەس بە قەد خۆی لێیان خواردەوە کاسە شیرەکەیش ھەروا مایەوە شەخسێ «رحمةً للعالمين» بێ ئەبێ ڕزگاری ھەر بەو تەئمین بێ دەستێ ھاو دەستی «روح القُدُس» بێ مەوریدی فەیزی خودای ئەقدەس بێ چۆن شیفای خەستە بەو دەستە نابێ یا سەفای سینەی دڵ خەستە نابێ دڵێ کە جێگای نووری خودا بێ ئەبێ تەمەننای لای ئەو ڕەوا بێ دەمێ کە زیکری زات و سیفات بێ ئەبێ نمی ئەو ئاوی حەیات بێ ڕەحمەتی خودا ڕووی کردە ھەرکەس بۆ تاریکە شەو ئەبێ بە قەبەس ئەبێ بە پەنا بۆ ھەموو عالەم ئەبێ بە دەوا بۆ ئێش و ئەلەم ڕۆحم بە فیدای ناو و نیشانت دڵ داوا ئەکا نەشئەی ئیحسانت لوتفت مەرھەمی زامی زەلیلە بۆ قاپی ئیحسان ناوت کلیلە خۆم خستە قاپی ئەمن و ئەمانت وەک عەرەب دەخیل دەسمە دامانت کوردم، بوردییەم نەزمی کوردییە پەنام ھێناوە، وەختی مەردییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەت کردنی مانگ و ڕۆژ ماتڵ بوون کە مونکیر داوای موعجیزەی لێ کرد بە ئیمای پەنجە مانگی دوولەت کرد «اِقْتَرَبَتِ السّاعَةُ وَانْشَقَّ» بۆ لەت بوونی مانگ دەلیلێ حەقە ئایەتی دوایی وەکوو بورھانە لەبۆ ئینسانێ نەگرێ بەھانە بۆ موعجیزەیە ئینکاری موسیڕ ئیعراز و دەعوای سیحری موستەمیڕ بۆی ماتڵ بوو ڕۆژ، لەسەر نەقڵی حەق لەبەر نوێژی عەسر لە غەزای خەندەق بۆ پایەی بەرزی شاھی ساحێب تاج ئیمتیازی بوو بە ئەسڕا و میعراج کە بە ئیحتیرام جیبریلی ئەقدەس شەو بردی ھەتا «بيت المقدّس» لەوێوە سەرکەوت لە ئاسمانان بیستی گوفتوگۆی خالیقی مەننان بە سورعەتی بەرق ھەر لە عەینی شەو ھاتە خوارەوە بە شەوق و پڕتەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موعجیزەی قورئان ئەعلای موعجیزەی سەییدی عەدنان لەفزی پڕ مەعنای ئایاتی قورئان بە ئەمری خودا قەرار دراوە قورئان لە لەوحا ھەمووی نووسراوە وەری گرتووە جیبریلی ئەمین بە ئیلقای خودای «ربّ العالمين» بە بیست و سێ ساڵ بەپێی ئیحتیاج ھێناویە بۆلای شاھی ساحێب تاج پەری و فریشتە و ھەموو ئادەمی ناگەن بە وێنەی، نە زۆر نە کەمی نەک دەسوورەتی «اَقْصَرُ السُّوَر» دوورە لە ھێز و تاقەتی بەشەر مەبنای سەفایە و شیفای سدوورە مەعنای حیکمەتە و ڕەحمەت و نوورە تیا ھەیە باسی ئەووەڵ و ئاخر پڕە لە خێری باتین و زاھیر ئەسراری زۆری لێ ئەبێ عەیان عولەمای ئەوێ، ئەمما لە ئەعیان ئەو تەرغیب ئەکا پەری تا بەشەر لەسەر ئیشی چاک، لەسەر دەفعی شەڕ لەسەر عەقیدە و باوەڕێکی پاک لەسەر کردەوە و ڕەفتارێکی چاک لەسەر ئیسڵاحی ڕەوشت و ئەخلاق بۆ ھەموو بەشەر لە ھەموو ئافاق لەسەر کۆمەکی بۆ خێر و ئیحسان بە گیان و بە ماڵ، بە حورمەت و شان لەسەر ڕووخۆشی و ئیمان و سەفا لەسەر چاوپۆشی و پەیمان و وەفا لەسەر سیلەی ڕەحم، بۆ خزم و بۆ خوێش لەسەر دڵسۆزی بۆ شاھ و دەروێش قورئانە ئەڵێ قەت غافڵ مەبە لە ئیتاعەی حەق قەت ماتڵ مەبە ئەڵێ تێکۆشە بۆ ئادابی دین فەرامۆش مەکە بەشی خۆت لە ژین ئەمرت پێ ئەکا بە حیفزی نوفووس عەقڵ و ئایین و سەروەت و نامووس لەبۆ خاس و عام وا ئەدا فتوا کەڕامەت نییە ئیللا بە تەقوا ھەرکەس ئەتقا بێ یەقین ئەو کەسە ھەر ئەو ئەکڕەمە و ھەر ئەو ئەقدەسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەلیلی ئیعجازی قورئان بە کورتی گەر ئەڵێیت قورئان بۆ چی موعجیزە مەخلووق لە ئینشای وێنەی عاجیزە من چەن دەلیلت بۆ ئەکەم بەیان لەبۆ ئیسباتی ئیعجازی قورئان ئەووەڵ مەربووتی ئەھلی ویجدانە مەخسووسی ئەھلی دین و ئیمانە دڵ داگیر ئەکا بە قووەی تەئسیر تەسخیری ئەکا بە وێنەی ئەسیر دای ئەگرسێنێ وەکوو کارەبا تاریکی وەھمی لەسەر لائەبا نابێزرێ لە دڵ ھەرگیز بە تیکرار بەڵکوو خۆشترە ئەمجار لە ئەوجار بەو نەشئە قورئان ئەیبەخشێتەوە دڵ بە وێنەی گوڵ ئەگەشێتەوە *** دووھەم بەیانی ئەخباری مەکتووم وێنەی ئایەتی «غُلِبَتِ الرُّوم» «لَتَدْخُلَنَّ الْمَسْجِدَ الْحَرامَ» «فَتْحا قَريبا» بە گوێرەی مەرام *** سێھەم جیایی تەرتیبی یەکسەر لەبۆ ئوسلووبی کەلامی بەشەر چوون ئوسلووبێکی غەیرە موعتادە خاریجی وەزعی نوتقی عیبادە *** چوارەم ئەمەیە دوورە لە گەزاف لە موبالەغەی تێکەڵ بە خیلاف ئەمما قسەی غەیر بەبێ گوفتوگۆ ئەغڵەب جوان ئەکرێ بە ھووشە و درۆ پێنجەم ئەمەیە لە ھەموو بابێ بەرزە لە پایەی ھەموو کیتابێ لە زەم و سەنا لە وەعد و وەعید لە «ضرب المثل»، لە نەشری تەوحید ئەمما ئادەمی دوورن لەم تەرزە سەرکەس بۆ بابی مەرتەبەی بەرزە *** شەشەم دەلیلە بۆ مەردی زانا کە ئاگادار بێ لە سیڕڕی مەعنا بە نوکتەی ورد و بەلاغەی کەلام بە موناسەبەی موقتەزای مەقام موعجیزە لەبۆ واعیز و خەتیب پێی دائەمێنێ بەلیغ و ئەدیب عالەم ھاتە جۆش بۆ موقابەلە بۆ موعارەزە و بۆ موجادەلە ھەموو مانوو بوون لە موقابەلە بۆیە دەسیان کرد بە موقاتەلە *** ئیمامی ڕازی شابازی تەحقیق دوو قسەی ھەیە مەعقوول و دەقیق قسەی ئەووەڵیان حاڵ نییە بە دەر یا پەستە نەزمی لە قووەی بەشەر یا ھاومیزانە بۆ ھێزی ئەوان یا بوڵەندترە مەرتەبەی لەوان ئەووەڵ و دووھەم نابێ وەئیللا چۆن لە وێنەی ئەو ئەبوون تەوەللا گەر ئەدنا ئەبوو یا خود موساوی خوتەبای عەرەب بێ دڵ شکاوی ئینشایان ئەکرد وێنەی لە کەلام ئیفشایان ئەکرد لەلای خاس و عام قسەی دووھەمین لە «نفسُ الأمر»ا یا وا لە پایەی قووەی بەشەرا یا مەگەر ھەر خاک بکەن بە سەرا لێک دوورن وێنەی سورەییا و سەرا ئەگەر ئەمەیە عەینی مەتڵەبە کە موعجیزەیە و دوور لە مەشرەبە ئەگەر ئەوەڵە دووبارە جوان بۆم مەعلووم ئەبێ موعجیزەی قورئان چونکی کەلامێ لە قودرەتا بێ خودایش بۆ وێنەی ڕێگای نەدابێ یەقین تەئییدی زاتی خودایە لەبۆ تەسدیقی «رسول اللّه»یە وەکوو ئەوەیە بە قووەی قودسی نەیەڵێ کەسێ وەرگێڕێ دەسی بێجگە لەمانە موعجیزەی زۆرن لای عەقڵی سەلیم بە ئیمزا و مۆرن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیعجازی ئەخلاقی لە گشت باڵاتر موعجیزەی ئەخلاق سەرگەردان ئەکا عوقەلای ئافاق ئەو سیدق وسەفا و ئەو ئەمانەتە ئەو عەھد و وەفا و ئیستیقامەتە ئەو شەرم و شێوە و ئەو شوجاعەتە ئەو حەوسەڵەیە، ئەو مەتانەتە ئەو چاوپۆشییە و ئەو سەماحەتە ئەو شەھامەتە و ئەو سەلاحەتە ئەو دڵ گوشادی و ئەو تەوەککولە ئەو خۆگرتنە و ئەو تەحەممولە ئەو دڵسۆزییە و ئەو دڵدارییە ئەو میھرەبانی و بێئازارییە ئەو تێکۆشینە لە ڕێی ئەم شەرعە ئەو بێتەماعی و ئەو زوھد و وەرعە ئەو ئیعتیدالە لەبۆ ڕەفتاری ئەو حەلاوەتە لەبۆ گوفتاری گشت موعجیزە بوون بۆ زومڕەی ئەنام ئیتر نایەوێ توول دان بە کەلام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەڕامەتی ئوممەتی، موعجیزەی ئەوە ﷺ ھەر کەڕامەتێ بۆ ئەھلی دینە وەکوو موعجیزەی شای موڕسەلینە پڕتەوی نووری ڕۆژی ھودایە لە سەفای سیمای «رسول اللّه»یە لە ھەر وڵاتێ شوێنێ ڕۆشن بێ ڕۆژ بۆ ئەو شەوقە ئەبێ زامن بێ «والحاصل» نووری سەما و زەمینە بۆیە «رحمةً للعامين»ە *** دەسا ئەی پەنای دین و دونیاکەم تکا کارەکەی ڕۆژی جەزاکەم تەبیبی ئەحواڵ، لوقمانی دەردم مایەی ڕزگاری لە ئاھی سەردم بە میھرەبانی لاکە بەم لاوە خۆت بنوێنە پێم بە تەجەللاوە بۆم ڕووناک بکە سەر لەوحەی «ضَمير» «إِنَّكَ أَنْتَ السِّراجُ الْمُنيرُ» گەلێ دڵشادم کە ئوممەتی تۆم ھەر ئینتیزاری ڕووی ھیممەتی تۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی حەرەمانی بە ئیحتیرامی با بکەین باسی حەرەمەکانی ساحێبی قەدر و حورمەت و شانی تا «خەدیجە» ما حەزرەتی خۆشخوو تەنھا خەدیجە عائیلەی ئەو بوو لەپاش وەفاتی خەدیجەی عولیا ئەگەرچی عومری گەییبووە پەنجا چەن ژنی ھێنا شای عالی ھیممەت لەبەر تەقازای ئیدارە و حیکمەت وەکوو زوو وتمان خەدیجەی کوبرا لە شاری مەککە نیکاحی کرا ھەر لە مەککەدا دە ساڵ پاش بیعسەت لە شەست و پێنجا ڕۆیی بۆ جەننەت پاش ئەو بە سێ ڕۆژ «سەودە»ی موحتەرەم بوو بە مەنکووحەی ڕەسوولی ئەکرەم لە پەنجا و چواری ھیجری بێ جیدال لە مەدینەدا لە مانگی شەووال موتەوەففا بوو بە پایەی ڕەفیع چوو بۆ مەقبەرەی «جنّه البقيع» «عايشە» لە ساڵی دەھەمی بیعسەت لە مەککە بوو بە مەنکووحەی حەزرەت شەووالی ساڵی ئەووەڵی ھیجرەت لە مەدینەدا گەیی بە حەزرەت ھەرچەن لەو کاتا عومری نۆ ساڵ بوو ئەمما ساحێبی عەقڵ و کەماڵ بوو دانای ئەحکامی سوننەت و کیتاب «مَرْوِێ عَنْها»ی عولەمای ئەسحاب لە مەدینەدا ساڵی پەنجا و ھەشت عومری شەست و شەش ڕۆیی بۆ بە ھەشت سەییدە «حەفسە» ساڵی سێی ھیجرەت بوو بە مەنکووحەی شەریفەی حەزرەت ساڵی چل و پێنج عومریشی لە شەست لە مەدینەدا ڕۆیی بۆ بەھەشت کچی خەدیجە «زەینەب»ەی عەزرا ساڵی سێی ھیجری نیکاحی کرا پاش موددەی سێ مانگ موتەوەففا بوو ناییلی قەبری ساحێب سەفا بوو «امّ سلمه» لە ساڵی چوار بوو بە حەرەمی سەییدی سەردار ساڵی پەنجا و نۆ، عومری ھەشتا و چوار خاکی بەقیعی پڕ کرد لە ئەنوار «زەینەب»ەی دووھەم بە ئیمان و دین ساحێبی عەقڵ و شەرەف و تەمکین لە ساڵی پێنجی تاریخی ھیجرەت بوو بە مەنکووحەی شەریفەی حەزرەت عومری پەنجا و سێ لە بیستی ھیجری «جنّه البقيع» بوو بە جێی قەبری ھەر لە پێنجا بوو کە «جووەیرییە» بوو بە مەنکووحەی «خير البريّە» ساڵی پەنجا و پێنج عومری شەست و پەنج دەرچوو لە دونیای پڕ مەلال و ڕەنج لە ساڵی شەشدا «امّ حبيبه» بوو بە مەنکووحەی ئەو شا نەجیبە لە مەدینەدا ساڵی چل و چوار ڕۆیشتە بەقیع مەقبەرەی ئەبرار لە ساڵی حەوتا سەروەری عالی ھێنای «مەیموونە»ی نەسەب ھیلالی ساڵی پەنجا و یەک لە خاکی سەرەف مرد و مەدفوون بوو بە قەدر و شەرەف ھەر لەم ساڵەدا سەییدە «سەفیە» بوو بە مەنکووحەی «خير البريّه» لە ساڵی پەنجا مانگی ڕەمەزان لە مەدینەدا ڕۆیی بە ئیمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەسەبی حەرەمەکانی سەییدە خەدیجە و عایشەی حەسیبە سەییدە حەفسە و ئومموحەبیبە ئومموسەلەمە و سەودە، ئەم شەشە ئەسڵ و نەسەبیان قەومی قوڕەیشە ھەردوو زەینەبە لەگەڵ مەیموونە ھەم جووەیرییەی عالی نموونە عەرەبن ئەمما نە وەک لە قوڕەیش ئیسڕائیلی بوو سەفییەی بێغەش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو حەرەمانەی کە نەیگوێزاونەتەوە غەیری ئەمانەش ھەیە لە سیەر دوانزە مەنکووحە بۆ «خير البشَر» «امّ شريك» و «خەولە» و «عەمرە»ی پاک «ئەسما»، «مەلیکە»، «فاتیمە»ی «ضحّاك» «عاليه» و «سەنا»، «قەتیلە»، «شەراف» خوشکی دوحیە بوو بە نەقڵی ئەشراف دوانزەھەم ژنی لە بەنی غەففار ناویان دیار نییە لای ئەھلی ئەخبار نەیگوێزانەوە «خیرالبریّە» نەچووە لای کەسیان ئیللا عالیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جارییەکانی حەزرەت ﷺ چوار بوون جارییەی شاھی زەمانە ئەووەڵ لەوانە ناوی «ڕەیحانە» لە ساڵی پێنجا بە قەدر و حورمەت بوو بە جارییەی عالیەی حەزرەت وەفاتی فەرموو ساڵی دەی ھیجری «جنّه البقيع» بوو بە جێی قەبری دووھەم لەو چوارە «ماریەی قیبتی»یە دایکی ئیبراھیم، عالی سەجییە لە ساڵی حەوتا موقەوقەس لە میسر بەدیاری ناردی بۆ شای ساحێب نەسر لە ساڵی شازدە لە عەھدی عومەر بوو بە مەدفەنی بەقیعی ئەنوەر سێھەم «نەفیسە»ی جارییەی زەینەبە بەخشی بە شاھی عالی مەرتەبە چوارەم دیار نییە ناوی لە ئەسفار کەوتە لای حەزرەت لە حەربی کوففار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سیڕڕی زۆری حەرەمانی ﷺ لە خەسائیس بوو بۆ شاھی ئەبرار مەنکووحەی ببێ زیاتر لە چوار چونکە ئەحکامی مەربووتی ژنان ژن کەشفی ئەکا، بەو ئەکرێ بەیان بۆ کەشفی ئەمەیش کافی نییە کەم زۆری پێ ئەوێ تەعلیمی ئومەم عەلاوە ئەمەیش لایقی جەزمە وەسیلەی بەرزی یەکێکیان خزمە مەخسووس بە وەزعی ژن و ژن خوازی زۆر قەومی ناحەز لێک ئەبن ڕازی حەزرەتیش لەبەر مودارا و ئولفەت زۆری حەز ئەکرد بە زۆری عەشرەت ئەیزەن ڕەوایە بە شەرعی ئیسلام مەخسووس بێ یە کێ بە بەرزی ئەحکام مەعلووم کە تەنھا کەسرەتی ئەزواج نەبوو لە خاسسەی ساحێبی میعراج چەن شتی وا بوون کە حەرام بوون لێی چەن واجبیش بوون لەسەر شەخسی خۆی حەقی جینایە و قەرز و کەفارات لەباتی فەقیر واجب بوو بیدات «صلاه اللّيل» و وەتر و فەجر و چاشت ھەم غوسڵی جومعەیش واجب بوو بیکات خەسایسی ئەو لە موحەڕڕەمات بەیان کراون لە موتەووەلات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیانی ئەولادی حەزرەت ﷺ سێ کوڕی ھەبوو ڕەسوولی عەزیم «قاسم، عەبدوڵڵا» سێھەم «ئیبراھیم» چوار کچ: «زەینەب»ە و «ڕوقەییە»ی عەزرا «امّ كلثوم» و «فاتیمە»ی زەھرا قاسم پەیدا بوو چەن ساڵ پێش بیعسەت بەر لە جەمیعی ئەولادی حەزرەت ھەر لە مەککەدا لە عومری دوو ساڵ مرد بە ئیرادەی خودای «ذي الجلال» «عبداللّه»ی کوڕی دووھەمی حەزرەت ئەویش پەیدا بوو ساڵێ پێش بیعسەت ھەر لە مەککەدا وەفاتی فەرموو تەییب و تاھیر لەقەبی ئەو بوو ئیبراھیم کوڕی سێھەمی حەزرەت پەیا بوو ساڵی ھەشتەمی ھیجرەت لەپاش حەفتا ڕۆژ موتەوەففا بوو بەقیع بەو کوڕە پڕ لە سەفا بوو کچی گەورەی ئەو زەینەبەی خۆشحاڵ پەیا بوو لە پێش بیعسەت بە دە ساڵ وەفاتی فەرموو لە ھەشتی ھیجری «جنّه البقيع» بوو بە جێی قەبری ھەر لە مەککەدا شاھی «خير النّاس» مارەی بڕی بوو لەبۆ «ابو العاص» لەو موتەوەللید بوون عەلی و ئەمامە عەلی پێش بلووغ چوو بۆ قیامە ئەمامە ماوە و لەپاش فاتیمە شووی کرد بە عەلی و بوو بە خاتیمە یەعنی بێ ئەولاد دەرچوو لە دونیا گەیشت بە پایە و مەرتەبەی عولیا ھاتە دونیاوە سەییدە ڕوقیە حەوت ساڵ پێش بیعسی «خير البريّه» ئینکاحی فەرموو حەزرەت لە عوسمان دوو ھیجرەتی بوو بۆ حەبەشستان لە مەدینەدا وەختی غەزای بەدر وەفاتی فەرموو بە عیززەت و قەدر ئومموکولسوومی بە عەقڵ و کەماڵ لە پێش بیعسەتا بە موددەی دوو ساڵ ھاتە دونیاوە بە ئەمری مەننان لەپاش ڕوقەییە شووی کرد بە عوسمان وەفاتی فەرموو لە ساڵی نۆھەم زۆر بۆی مەحزوون بوو ڕەسوولی ئەکرەم فاتیمەی زەھرا ساڵێ پێش بیعسەت ھاتە دونیاوە بە قەدر و حورمەت لە مەینەدا ساڵی دووی ھیجری ئینکاحی فەرموو حەزرەت بۆ عەلی شەش مانگ پاش فەوتی سەییدی عەدنان وەفاتی فەرموو، مانگی ڕەمەزان بێجگە ئیبراھیم سەییدی والی لە خەدیجە بوون ھەموو مناڵی ئەمما ئیبراھیم لە مارییە بوو زوو بەیانمان کرد کە جارییە بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەولاد و نەتەوەی کچانی حەزرەت ﷺ بێجگە حەزرەتی فاتیمەی زەھرا ساحێبی قەدر و مەرتەبەی غەڕڕا کچانی حەزرەت یا بێ ئەولاد بوون یاخود ئەولادیان موتەوەففا بوون لە زەھرای بەتوول بە ئەمری خودا دوو کچ پەیدا بوو، سێ کوڕی والا ناوی کوڕەکان «حەسەن» و «حوسەین» سێیەمیان «موحسین» وەکوو نووری عەین ناوی کچەکان بزانە مەعلووم یەکەم «زەینەب»ە، جا «امّ كلثوم» ئومموکولسوومیان شووی کرد بە عومەر دوو مناڵی بوو بە نەقڵی خەبەر «زەید» و «ڕوقەییە» بێنەسڵ و سەمەر موتەوەففا بوون پاش فەوتی عومەر ئومموکولسوومی ساحێب بەھرە و فەڕ شووی کرد بە عەونی وەلەدی جەعفەر پاش ئەو «موحەممەد» پاش ئەو «عبداللّه» کوڕانی جەعفەر برای «مُرتضي» نەتەوەی نەبوو لەم سێ برایە ھەر خێر و ئیحسان بۆی بوو بە مایە ئەمما زەینەبەی بە ئیحسان و فەڕ بوو بە عائیلەی «عبداللّه»ی جەعفەر کوڕ و کچێکی لێ بوو بە مەعلووم کوڕ «عەلی» ناو بوو، کچ «امّ كلثوم» نەتەوە کەوتەوە لەم دوو ئینسانە ھەموو شەریفن لە ڕووی زەمانە فەقەت پایەیان کەمترە بە عەین لە پایەی نەسڵی حەسەن و حوسەین ئەمان مەشھوورن لە سەفحەی دونیا لە زومڕەی ئالی مەرتەبەی عولیا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی ناوی بەندەکانی حەزرەت ﷺ کە ئازاد کراون «ئوسامە، سەلیم، زەید، ئەبولەباب» «ئەلیس» عەبدانی شای عالی جەناب «ڕافیع» و «ڕیباح، یەسار» و «سەوبان» «ئەبوو رافیع» و «فضالە» و «شەقران» «کڕکڕە» و «تەھمان، ھیشام» و «مەدعەم» «ابو ضمير»ە و «مەئبوور» و «ئەسلەم» «ئەبووموەیھیب» ھەم «ئەبووعوبەید» «سەند» و «ئەنجەشە، ئەحمەر» و «عوبەید» «ئەبووواقید» و «سەفینە» و «عەسیب» «سەعد» و «ئەبووھیند» ھەم «زەید» و «نەجیب» «ئەوس» و «ڕەفاعە» و حەزرەتی «سەلمان» «واقید» و «شەمعوون» ھەم «ئەبووڕەیحان» «حونەین» و «ئەبووبەکرە»، ئەمانە ئازادی کردن شاھی زەمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خزمەتکارانی حەزرەت ﷺ [لە پیاوان] خزمەتکارانی ڕەسوولی ئەقدەس «ڕەبیعە» و «ئەیمەن، عەبدوڵڵا» و «ئەنەس» «عەقەبە» و «ئەسلەع، سەعد» و «ئەبووزەڕڕ» «حونەین» و «نەعیم، موھاجیر» بە فەڕ ھەم «ابو الحمراء» مەشھوور بە ھیلال «ئەڕمەد» و «ئەسوەد، ئەیاد» و «بیلال» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خزمەتکارانی لە ژنان خزمەتکارانی لە زومڕەی ژنان «خەولە» و «مەیموونە»ی پڕ عەقڵ و عیرفان «امّ عياش» و «سەلما»ی بە عیسمەت «امّ ايمن»ی عەتیقەی حەزرەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مام و پوورەکانی حەزرەت ﷺ دوانزە مامی بوو سەروەری ئافاق «ئەبوو تالیب» و «حادیس» و «عیزاق» ھەم «عەبد کەعبە» و «قیسەم» و «ضرار» «حەجەل» و «مەقووم، زوبەیر»ی ناودار «ئەبوولەھەب»ی مەشھوور بە ئازار «عەبباس» و «حەمزە»ی حەمیدە کردار ئەھلی ئیمانیان حەمزە و عەباس بوو بۆیە شۆرەتیان «افضل النّاس» بوو شەش پووری ھەبوو «خير البريّه» «عاتیکە» و «بیضا، بەڕڕە» و «سەفییە» «ئەڕوا» و «ئەمیمە»، تەنیا سەفییە بوو بە ئوممەتی «خير البريّه» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەرەسەکانی لە غەزادا ﷺ ئێشکچی حەزرەت بە مەیل و دڵخواز لە غەزای بەدرا «سەعد»ی بن موعاز «زوبەیر» لە خەندەق، ئەمما لە ئوحود دوو برای عوزەیر «زەکوان، موحەممەد» حەرەس بوو لەبۆ «خير البريّه» «موغەیرە»ی دلێر لە حودەیبییە لە خەیبەرا «سەعد» ئیبنی ئەبی وەققاس «ئەبووئەییووب» و «عوباد» بوون حەراس لە «وادي القُري» حەرەس بوو «بیلال» ڕازی بێ لێیان خودای «ذي الجلال» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوانەی دایان لە گەردنی کافر لە حوزووری ئەوا ﷺ چەن کەسیان لەلای شاھی دڵ ڕووناک دایان لە ملی کافری ناپاک «میقداد» و «عەلی، عاسیم» و «ضحّاک» «ئیبنو موسلیمە» و «زوبەیر»ی چالاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بانگدەرەکانی حەزرەت ﷺ بانگدەرەکانی ئەو ساحێب ئەمرە لە مەدینەدا «بیلال» و «عەمر»ە «ئەبوو مەحزوورە» لە شاری مەککە لە قوبادا «سەعد» پاکی بێ لەکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاعیر و حەدوە خوێنی و خەتیبی حەزرەت ﷺ شوعەرای شاھی ساحێب فەساحە «کەعب» و «حیسان» و «ئیبنو ڕەواحە» حەدوە خوێنی ئەو چوارن ئەی برا «عەبدوڵڵا» و «عامیر، ئەنجەشە» و «بەڕڕا» بە حوزووری ئەو ئەبوو بە خەتیب جارجار «سابت»ی بەلیغ و ئەدیب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاتبەکانی حەزرەت ﷺ کاتبەکانی ھەر چوار خولەفا «سابت» و «زەید»ی بە سیدق و سەفا «زوبەیر» و «تەلحە» و «سەعد»ی بنی وەققاس «عەلا»ی حەزرەمی، «حنظله»ی حەق ناس «سەعید ئیبنو عاس، خالید» و «ئەبان» کوڕانی سەعید ئازا و میھرەبان «عامیر، شەرحبیل، خالید بن وەلید» «ئەبوو سوفیان» و «موعاوییە» و «یەزید» دوو «عەبدوڵڵا» ناو دارای مەلاحە «ئیبنو ئەرقەم» و «ئیبنو ڕەواحە» «ئیبنو ئەبی سەرج» لەگەڵ «حوەیتیب» «عەمر» ئیبنو عاس، لەگەڵ «موعەیقیب» «ئوبەی بنی کەعب، موغەیرە»ی غەیوور «حوزەیفە»ی ئیبنو یەمانی مەشھوور لە ھەموان زیاتر حازر بۆ نووسین موعاوییە بوو و زەیدی بە تەمکین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بانگ کردنی پیاوە گەورەکان بۆ ئیسلامییەت زۆر بانگی فەرموو لە ساحێب جاھان کاغەزی نووسی بۆ پادشاھان بۆ «قەیسەری ڕۆم»، بۆ شاھی «کیسرا» بۆلای «موقەوقەس» لە خاکی میسرا بۆ «عەبد» و «جیفر» دوو شاھی عوممان بۆ «ھۆزەی عەلی» یەمامە مەکان بۆ «شاھی بەحرەین» ساحێب مەرحەمە بۆ شاھی حەبەش یەعنی «ئەسحەمە» بۆلای «حادیس»ی غەسسانی نەسەب پادشای غوتەی بێحیلم و حەسەب کاغەزی نووسی بۆ «فەروە»ی سەروەر ساکنی مەعان تابیعی قەیسەر کاغەزی زۆرە بێجگە لەمانە بەعزێکیان ماون ئەو کاغەزانە بەعزێ جوابیان پڕ بوو لە ئەدەب وا کە لایق بێ بە مەولای عەرەب بەعزێکیان دوور بوون لە شێوەی کەرەم بە وێنەی «پەروێز خوسرەو»ی عەجەم بەعزێ گەیشتن بە نووری ئیمان وەکوو «نەجاشی» و «مەلیکی عەممان» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاغەز بەرەکانی حەزرەت ﷺ قاسیدی قەیسەر «دوحیە»ی موحتەرەم «ئیبنو حوزافە» بۆ کەسرای عەجەم قاسیدی عەممان «عەمر»ی ئیبنو عاس بۆلای موقەوقەس «حاتیب»ی حەق ناس «سەلیت» قاسید بوو بۆ ھۆزی عەلی قاسیدی بەحرەین «عەلا»ی حەزرەمی قاسیدی حاریس ناوی «شەجاع» بوو قاسیدی حەبەش «عەمر»ی موتاع بوو قاسیدی فەڕوە ناوی «مەسعوود» بوو نیشانەی ڕەحمەت لەوا مەوجوود بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمیرەکانی لە مەملەکەتان ئەمیرەکانی لە مەملەکەتان لە خاکی یەمەن «بازان»ی سامان ھەم لە سەنعادا «خالید»ی سەعید لە «حضرموت» دا «زیاد»ی لەبید «ئەبوومووسا» بوو بۆ موڵکی عەدەن «مەعاز» لە جەند، تابیعی یەمەن ئەمیری نەجران «ئەبوو سوفیان» بوو لە سیاسەتا مەردی مەیدان بوو «یەزید»ی کوڕی لە موڵکی تەیما «عەتاب» لە مەککەی موبارەک سیما «عەمر»ی کوڕی عاس بۆ خاکی عەممان فەرمانڕەوا بوو بە عەدڵ و ئیحسان قازی یەمەن بوو حەزرەتی «عەلی» بە حوکمی حەدیس یا نەسسی جەلی «سددیق» والی بوو بە حوسنی مەنھەج لە ساڵی نۆدا بۆ ئیقامەی حەج جا بۆ یارمەتی سددیقی وەلی ناردی بە شوێنیا حەزرەتی عەلی لە مووسیمی حەج بە ھێز و جورئەت خوێندیەوە سەدری سوورەی بەڕائەت مەنعی حەج کرا لە ڕووت و کافر بە حوکمی خودای غاڵب و غافر بێجگە لەمانەیش لە گەلێ وڵات چەن کەس عامیل بوون بۆ حەققی زەکات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی وڵاخی سواری و حەیوانی شیر لە بزن و مەڕ و وشتر نۆزدە ئەسپی بوو شاھی سەرفەراز «سَكب» و «مُرتجِز» ھەم «ورد» و «لذاذ» «ظرب» و «ذو العقال، مرتجل، لَحيف» «سجل» و «سبحه» و «بحر، مَرواح»ی لەتیف «ملادح، نجيب، ذَولَمه، مندوب» «يعبوب» و «طرف»، ئاخریان «يعسوب» شەش ھێستری بوو، دوانی ناودار «دُلدُل» و «فضّه» عەلاوەی چوار سێ کەری ھەبوو «عَفير» و «يَعفور» یەکێتر ھێنای عوبادەی غەیوور چل و پێنج وشتری ساحێب خێر و شیر ناوی بەعزێکت بۆ بکەم تەحریر «اطلال» و «اطراف، بروده، حَنا» «بغوم» و «زمزَم، سعديه» و «سقيا» «بركه» و «ديا، عريس» و «شَقراء» «بسيره، مروه، قَمر» و «سمراء» «عضباء» و «غوثه» ھەم «غيثه» و «مهره» «جدعاء» و «ورشه» ھەم «قصوي، عجره» حەوت بزنی ھەبوو لە مەڕیش سەد سەر شیری ئەخواردن سەییدی سەروەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسبابی حەربییەی حەزرەت ﷺ نۆ شیری ھەبوو یەکەم «ذو الفقار» «حنف» و «قلعي، مأثور» و «بتار» «عَضب» و «قضيب» و «مخذم» و «رسوب» حەوت کراسی زرێی مەحکەم و مەرغووب «ذات الحواشي» ھەم «ذات الفضول» «ذات الوحاش» و «سعديه»ی مەقبووڵ «خرنق» و «بتراء»، «فضّة» تەواوە کراسی زرێین و «دِرع»یان ناوە شەش کەوانی بوو «سِداد» و «صفراء» «كتوم» و «روحاء»، «شوحط» و «ذوراء» چوار ڕم، سێ قەڵغان، جەعبەی کافوور ناو پشتێنی قایش، سێ ھەڵقەی لە ناو دوو حەڕبەیشی بوو بچووک و گەورە دوو مەغفیری بوو شای ساحێب دەورە کڵاوی زرێی کە ئەیکەنە سەر لە کاتی شەڕا بۆ دەفعی زەرەر گۆچانێکی بوو یەک زەرعی نەجیب عاسایێکی بوو «مخصره» و «قضيب» «قضیب» دارێکە ڕێک و مونتەزەم بە وێنەی گۆچان، بەبێ چەم و خەم ئەمما «مخصره» بە قەد دوو بستە بۆ کاتی قسە و ئیشارەی دەستە ئاڵایێکی بوو لە کاڵایێ ڕەش «عقاب»ی ناو بوو، غەیرە مونەققەش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جل و ئەسباب و ئەساسی بەیتی ﷺ جل و ئەسباب و «اثاثُ البَيت»ی وا دەرکەوتوون لە دوای فەوتی پێنج کاسەی بووە سەییدی ئەبڕار یەکەم لە بلوور، دووھەمین لە دار یانێ دارخوارما، سێھەم شکابوو لە سێ شوێن بە زیو پینە کرابوو کاسەی چوارەمین ناوی «ريان» بوو پێنجەم «مغيث» ناو، گەلێ جوان بوو خەنەدانی مس، زەرفێکیش لە بەرد پێیان ئەگوت «تور»، بێلەکە و بێگەرد ڕەکوەیێکی بوو جەوەندە بۆ ئاو تەشتی خۆ شۆرین لە «مفرق» تەواو کیفێکی ھەبوو قایشی نایاب مەشھوور بە «ربعه» بۆ وردە ئەسباب وەکوو ئاوێنە و مەقەس و کلدان شانە و ئەسبابی پێویستی پیاوان سیواکێکی بوو لە داری ئیراک لە وەختی خۆیا پێی ئەکرد سیواک کورسییەکی بوو پیچکەی داری ساج «مُدھن» جێگەی ڕۆن، کرا بوو لە عاج قەسعەیەکی بوو ناوی «غرا» بوو لە ئەترافیەوە چوار حەڵقەی تیا بوو کە پڕیان ئەکرد لە چێشتی میوان بە چوار کەس ئەھات بۆ حەڵقەی دیوان دوو مێزەرەی بوو شای عالی جەناب ئەوی گەورەیان مەشھوور بە «سحاب» بچووکەکەیان وەکوو شەوە بوو لە فەتحی مەککە بە سەریەوە بوو دوو کراسی ھەبوو سەر تا بە دامان کاڵای «صحاري»، لەتیف و جوان دوو کراسی جومعە لەگەڵ سێ «خميص» یانێ چەتفەی ڕەش، نایاب و نەفیس دوو کراسیتریش لە حیبری ئەعلا یەک یەک بوو «كسا» و «قميص» و «ردا» قەمیس کراسێکە تا ئەژنۆی ئینسان ڕیدا جلێکە ئەدرێتە ناو شان سێ جبەی ھەبوو شاھی بە تەمکین ڕەنگی یەکێکیان سەوزێکی شیرین کەسا دائەگرێ ئەغڵەبی ئەندام بۆ کاتی سەرما، یا بەعزێ مەقام دوو خوفی ھەبوو لەگەڵ یەک لیفە دوو نوێینی ناسک، کاڵای قەدیفە فەرشێ چەرمی بوو کە پڕ بوو لە لیف «صاع»ێک و «مدّ»ێ بۆ شەرعی شەریف ئەنگوسیلەیێ لە زیوی زەریف یەکێ لە ئاسن ئەمما زۆر لەتیف نووسرابوو لێیان عینوان و جاھی یانێ «مُحمّد رسول اللّهِ» سەرەوە «اللّه» ئەمجارە ڕەسوول ئینجا موحەممەد سەدیری مەعقوول ئەمانەم وەرگرت زۆر بە ئیھتیمام لە تەئلیفاتی عولەمای ئەعلام وەک «مواهب» و شەرحی «زرقاني» وەکوو «انوار»ی شێخی نەبھانی مادام کە دیتان سەھو و نیسیانێ یا لە عەدەدا زیاد و نوقسانێ بیبەنەوە سەر تەرتیبێکی چاک مەمنوونتان ئەبم بە دڵێکی پاک فەقەت دەربخەن مەئخەزی تەسحیح تا موعتەبەر بێ وەسیلەی تەڕجیح «أَرْشَدَنَا اللّهُ إِلَي الصَّواب وَ أَسْعَدَنا يَوْمَ الْمَآبِ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی جێنشینەکانی حەزرەت ﷺ بێنە سەر سەیری ھەر پێنج خولەفا خاوەنی عەدڵ و ئیحسان و وەفا ئەعلا و ئەفزەڵیان ڕەفێقی شەفیق خەلیفەی ئەووەڵ «بووبەکر»ی سددیق ناوی «عبداللّه» و باوکی عوسمانە ناوی باپیرەی عامیر بزانە دایکی «امّ الخَير» سەلمای کچی سەخر کوڕی عامیری ساحێب عیزز و فەخر لە شەشەم جەددا مەڕڕەی بە حورمەت ڕشتەی ئەم زاتە ئەگات بە حەزرەت بێ شەڕ و ئاشووب، بە ئیجماعی عام بوو بە خەلیفەی سەییدی ئەنام ھەر ڕۆژی ئەووەڵ خەلیفەی زانا خوتبەیەکی خوێند بە مەغز و مەعنا فەرمووی بە یاران ئیمڕۆ من والیم لەسەر ڕەئی عام ساحێب تەعالیم ئەمن خۆم لە کەس چاتر نازانم چونکی نازانم چۆنە پایانم ھەر تەقوای خودا مایەی شەرەفە ھەرکەس ئەتقا بێ ئەوە ئەشرەفە نادان کەسێکە عەقڵی کۆتا بێ بێ کردەوەی چاک عومری فەنا بێ فەرمان بەردارم بۆ حوکمی سوننەت دوور و بێزارم لە ڕێگای بیدعەت ئەگەر چاکەم کرد ببن بە یارم یارمەتیم بدەن بۆ ئیش و کارم کاتێ ڕێم ون کرد دەخیل سەد دەخیل ڕێم پێ نیشان دەن بە وێنەی دەلیل پادشایانی زەمانی قەدیم خاوەنی تەخت و بارەگای عەزیم دەرچوون لە قەسر و لە قەبرا ڕزان ئێستاکەش دیلی دائیرەی جەزان خوا ماڵ و سەروەت ئەسێنێتەوە ھەر کردەوەی چاک ئەمێنێتەوە ئینجا ھاتە خوار لە بەرزی مینبەر جێنشینەکەی ڕەسوولی ڕەھبەر ڕۆژی دووھەمین بە شێوەی توججار ئەسبابی ھەڵگرت ڕۆیشت بۆ بازار عومەری فارۆق لە ڕێ پێی گەیشت لەپاش لێ پرسین حاڵی تێگەیشت ئەیەوێ بڕوا لەبۆ تیجارەت لەبەر نەفەقەی عائیلە و عەشرەت عومەر عەرزی کرد وەزعی خەلافەت ناکەوێتە یەک لەگەڵ کەسابەت جا بۆیان دانا لەسەر «بيت المال» ھەر ڕۆژێ مەڕێ بۆ خەرجی عەیال لەسەر ئەم نەھجە بە سیدق و سەفا بوو بە جێداری حوکمی موستەفا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی یازدەی ھیجری پاش دامەزرانی سددیقی ئیمام لەبەر شکۆە و تەرویجی ئیسلام فەورەن سەوقی کرد بەبێ تەفرە و بەین سوپای ئوسامە بۆ خاکی بەحرەین سوپا ھاتەوە بە فەتح و زەفەر قووەتی ئیسلام بەمە کەوتە دەر خۆیشی کەوتە ڕێ بۆ حەربی ئەعراب موڕتەددەکانی بێ سیدق و سەواب تەسخیری کردن بۆ حوکمی ئیسلام فەرمانبەردار بوون بۆ ھەموو ئەحکام خالیدیشی نارد بە ھێز و سوپاھ بۆسەر تەلیحەی ئەسەدی گومڕاھ پاش ئەوە ڕۆیی بۆ بەنی تەمیم تەفرەقەی کردن بە نەسری عەزیم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی دوازدە و کوشتنی موسەیلەمە لە ساڵی دوازدە سددیقی ڕەشید کردی بە قائید خالیدی وەلید سوپاھێکی نارد لەبۆ یەمامە جێی موسەیلەمەی ساحێب نەدامە یەمامەی گرت و «وَحشي» تێکۆشی «مُسيلمه»ی کوشت زۆر بە ناخۆشی جا چوون لەم حەربا حەفەزەی قورئان بە دەستی کوففار گەلێکیان کوژران بۆ پاراستنی قورئانی ئەنوەر کەوتە ئەندیشە حەزرەتی عومەر وەختی خۆی قورئان لە عەسری حەزرەت ھەموو نووسرابوو سوورەت بە سوورەت فەقەت نووسرابوو لەسەر دەفەشان لە تەختەی دار و لەسەر بەردی پان زۆر مەزەننە بوو بۆ مەحو و فەوتان لەپاش فەوتانی «حفّاظ»ی قورئان جا بە تەدبیری عومەری فارووق پاش مەشوەرەتی ئەڕبابی وسووق ئەمری سادر کرد سددیقی ئەکبەر زەیدی بن سابت کاتبی سەروەر وەک عەسری حەزرەت بە حوسنی سوورەت ئایەت بە ئایەت سوورەت بە سوورەت بە ئیتتیلاعی ئەسحابی کیڕام رازی بێ لێیان پادشای عەللام ھەمووی نووسیەوە لە چەن پارچەی ساغ لە پێستی نایاب، پوختە و بە دەباغ خستنیە بەینی دوو لەوحی شیرین لای خۆی ڕای گرتن سددیقی ئەمین پاش وەفاتی ئەو کەوتنە لای عومەر پاش ئەو لای حەفسەی حەرەمی سەروەر لە ڕووی ئەمەوە حەزرەتی عوسمان تەحریری فەرموو حەوت نوسخە قورئان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەناردنی «خالد بن ولید» -رضی الله عنه- بۆ عێراق جا سوپای ڕێ خست سددیقی مەجید کردی بە قائید خالیدی ڕەشید ناردنی لەبۆ شارانی عێراق لەبۆ تەرویجی ئیسلام لە ئافاق جا بەو سوپاوە زوو بە دەست و برد فەتحی «انبار» و شاری «حيره»ی کرد لەوێ بۆ حەربی «ذات السّلاسل» خواردیەوە خالید زەھرێکی قاتیل بەم شەڕە ئیسلام زۆر بە شەوکەت بوو بەسەر دوژمنا ساحێب ھەیبەت بوو فەتحی «عين التّمر» کرا موکەممەل لەپاش ئەو فەتحی «دومة الجندل» لەپاش ئەو فەتحە بە توندی و تەوبیخ چوو بۆ سەر دوژمن لە خاکی «مضيخ» لە موزیخەوە ھاتۆ بە تەعجیل بۆ شەڕی قەومی «ثني» و «زميل» لەوێوە ڕۆیی بۆ خاکی «رضاب» ئینجا بۆ «غراض» بە قەوڵی سەواب ھەر لەم ساڵا بوو سددیقی قودسی ناردی بۆ شەڕی ئەسوەدی عونسی موتەنەببی بوو لە خاکی یەمەن تەبەعەی زۆر بوو لەسەر فێڵ و فەن ھەم لەبۆ بەحرەین ھەم قەومی سەلیم ھەموو مەجبوور بوون بە سیدق و تەسلیم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی سیازدە لە ساڵی سیازدە لە فەسڵی بەھار ڕێکی خست بۆ شام سوپای فیداکار کردی بە قائید بۆ فەوز و نەجاح ئەبووعوبەیدەی وەلەدی جەڕڕاح سێ مانگ شەڕی کرد لە حدوودی شام ئینجا داوای کرد کۆمەک لە ئیمام ئەویش ئەمری کرد خالیدی سەمسام لەبۆ کۆمەکیان بڕوا لەبۆ شام تەعیینیشی کرد بە قائیدی عام ئەبووعوبەیدەی عەزل کرد لە شام کە ڕێ کەوت بۆ شام خالیدی وەلید کردی بە جێدار «مثنّي»ی ڕەشید ئیتر مایەوە موسەننای نەبەرد لە سوپای عێراق تا وەفاتی کرد لە پێش ھاتنی سەعدی موعتەبەر بۆ خاکی عێراق لە عەھدی عومەر خالیدی دلێر کە گەیشتە شام فەتحی «بصرا»ی کرد بە سوپای ئیسلام ئینجا ھاتەجێ حەربەکەی «يرموك» بەم حەربە ڕۆمی بوون بە پووشی سووک لەم حەربەدا ھات بە ڕاستی و تەحقیق قسەی وەفاتی بووبەکری سددیق تەسادوفی کرد حادیسەی ئەجەل لەبۆ بیست و دووی «جمادي الأول» لە «روضه»ی والا لای قەبری ئەنوەر تەسلیمی خاک بوو سددیقی ئەکبەر دوو ساڵ و سێ مانگ بە حەق ئیمام بوو یەعنی خەلیفەی «فخر الأنام» بوو عومری عەزیزی شەست و سێ ساڵ بوو ھاو وێنەی شاھی ساحێب کەماڵ بوو *** لە نەخۆشینا سددیقی ئەکبەر عەھدنامەی خۆی دابوو بە عومەر پاش وەفاتی ئەو ئەسحابەی کیڕام بەیعەتیان پێ کرد بە ئیجماعی عام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەلیفەی دووھەم عومەر -رضی الله عنه- عومەری فارووق خەلیفەی دووھەم خۆشەویستەکەی ڕەسوولی خاتەم دایکی حەنتەمە، باوکی خەتتابە نەفیل باپیری عالی جەنابە «لُوَي» باپیرەی حەوتەمی عومەر ھەشتەم باپیرەی زاتی پێغەمبەر کاتێ دامەزرا لەسەر خەلافەت بۆ دین تێکۆشی زۆر بە شەرافەت کردی بە مەبدەء تاریخی ھیجرەت دای مەزران دەفتەر لەبۆ کیتابەت کەوتە تەرتیبی شارانی ئیسلام قازی تەعیین کرد بۆ زەبتی ئەحکام لەسەر سوپای شام خالیدی لابرد ئەبووعوبەیدەی لە جێ تەعیین کرد ئەمما بە وێنەی دوو برای شەقیق کۆمەکی یەک بوون بە فەیزی تەوفیق لە ساڵی سیازدە لە عەھدی عومەر حەربی «اجنادين» کرا بە زەفەر ھەر لەم ساڵەدا لە خاکی عێراق ئەبووعوبەیدەی حەمیدە ئەخلاق بەستی بۆ سەیری سوپای موکەڕڕەم بەسەر دیجلەدا جیسرێکی مەحکەم ئەو عەھدە عەھدی حوکمی «بۆران» بوو ژن بوو، لە نەسڵی کەسرای ئێران بوو سوپا سالاریش بەھمەنی ناو بوو خاوەنی شان و شۆرەت و ناو بوو جا ئەبووعوبەید مەردی خاتر جەم کەوتە شەڕ لەگەڵ لەشکری عەجەم لەوێ شەھید بوو بە سەدەمەی فیل جا بوو بە قائید «مثني»ی جەلیل لە شەڕی «بويب» زوو بە دەست و برد سوپای عەجەمی تەواو بەرباد کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی چواردە لە ساڵی چواردە خالیدی وەلید سەرکەوت بۆ دیمەشق مەردانە و ڕەشید بە شەڕێکی زۆر «عَلَي التَّوالي» دیمەشقی داگرت خالیدی والی لەپاش فەتحی شام غەزای ئەھلی «فَحل» ھەرچەن گران بوو، تەواو بوو بە سەھل فەتحی شارانی ساحیل تەواو بوو ھەم «طَبَڕیّە» گیرا زوو بە زوو حەربی «مرج الرّوم»، شەڕی «بَعلَبَك» ھەم فەتحی «حمص» بە سوپای پڕ چەک شاری «قينسرين» ھەم شاری «حَلَب» ھەم «انطاكيّه» گیران موڕەتتەب ھەر لەم ساڵا بوو کە موعاویە فاتیح بوو بە زۆر بۆ «قيساريّه» بێسانی داگرت عەمری کوڕی عاس فەتحی «غەززه»ی کرد بە قووەی ئیخلاس سوڵحی کرد لەگەڵ ئەھالی «ئەردەن» بە پەیمانی ڕاست، بەبێ فێڵ و فەن «نابلوس»، «ولد» و «تبق» و «عمواس» ھەم «بيت جبرين» بە شەوکەتی ڕاس فەتحی کرد «يافا»، ھەم «مرج العيون» موفاوەزەی کرد لەگەڵ «ارطيّون» ھەر لەم ساڵا بوو حەزرەتی عومەر ناردی بۆ عێراق سەعدی موعتەبەر ئەویش دامەزرا لای «قادسییە» لەگەڵ سوپاھی ساحێب مەزییە سوپای شاماتیش ھاتەوە عێراق کەوتنە تێکۆشین بە بەرزی ئەخلاق لە مانگی شەعبان قووەی سەعدییە بە زۆر فاتیح بوون بۆ قادسییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی پازدەھەمی ھیجری لە ساڵی پازدە عومەری ئەڕشەد لەسەر فەرموودەی حەزرەتی ئەحمەد ڕۆیی بەوێنەی فریشتەی ئەقدەس بێ شەڕ فەتحی کرد «بيت المقدّس» ھەر لەم ساڵا بوو کە سەعدی حەق ناس «مدائن»ی گرت بە قووەی ئیخلاس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی شازدەھەم لە ساڵی شازدە سوپای خاوەن دڵ بوون بە فاتیحی «تكريت» و «موسڵ» ھەم داگیریان کرد «خانەقی» و «حەڵوان» لەگەڵ جەمیعی خاکی «ماسپەزان» «بَصرە»ی بینا کرد عومەری ئیمام بوو بە قەرارگای لەشکری ئیسلام فەتحی «قرقیسا» و جیزیە وەرگرتن لە ساڵی شازدە ھەردووی ڕێ کەوتن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی حەڤدەی ھیجری ھیرقەلی ڕۆمی لە ساڵی حەڤدە ھاتە سەر سوپای ئەبوو عوبەیدە لە شاری «حمصا» مەحسووری کردن بۆ داوای کۆمەک مەجبووری کردن کە پێیان گەیشت ئیمدادی عێراق ھیرقەلیان شکاند بە عەونی خەللاق ھەر لەم ساڵەدا سوپای سەعدییە «جزیرە»یان گرت ھەم «ارمينيّه» لەم ساڵا ڕۆیی عەلای «حضرمي» بۆ شەڕی «اصطخر» بە دەروون گەرمی لەم ساڵا گیرا «شووشتەر» و «ئەھواز» لەگەڵ «رامھورموز» بە مەیل و نیاز لەم ساڵا ڕۆیین بۆ جوندی سابوور گیرا بە پەیمان بە قەولی مەشھوور ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی ھەژدەھەمی ھیجری لە ھەژدەدا ھات تاعوونی «عَمواس» گەلێکی فەوتان لە کوبباری ناس ڕێکەوت لەبۆ شام حەزرەتی عومەر لە بیمی شەڕی ڕۆمی بەد سەمەر پاش ئیستیشارە لە ڕێ گەڕاوە خالیدی لەگەڵ خۆیا ھێناوە لەپاش ڕزگار بوون لە تاعوونی عام کەوتە ڕێ عومەر بۆ دیمەشقی شام لە شاری شاما بیلالی ئەنوەر جارێ بانگی دا بە ئەمری عومەر بە یادی حەزرەت یاران ھاتنە جۆش دڵیان ھاتە کوڵ بە وێنەی حەوجۆش فرمێسکیان ئەڕشت بە وێنەی باران کە بە خوڕڕەم بێ کاتی بەھاران بەڵێ بە باس و «تذكار»ی یاران چاوی موشتاقان ئەڕژێنێ باران چەن خۆشە کە یار بۆ یاری گیانی سینەی ببرژێ وەکوو بوریانی بە جۆشی سینە و بە فرمێسکی چاو ئیسراحەت بدا بە دڵ و ھەناو ھەر لەم ساڵەدا عەمری کوڕی عاس ڕۆیی لەبۆ میسر بە شەوکەت و باس بە وەختێکی کەم قائیدی ڕەئیس شاری «فرما»ی گرت، ھەم شاری «بليس» بە چواردە مانگ قووەی بەھییە فەتحی کرد شاری «اسكندريّه» عەمری خاوەن دڵ «مصر»ی قەدیمی کرد بە قەرارگای سوپای عەزیمی لەوێ بینای کرد مزگەوتێ بە ئەمر ناوی مەشھوورە بە جامیعی عەمر لە ھەژدەوە بوو تا بیست و یەکەم موددەی ئەم فەتحە بەبێ زیاد و کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی نۆزدەی ھیجری لە غەیری میسرا لە ساڵی نۆزدە گەیی بە عومەر شکایەتنامە لە سەعدی سەروەر ھەرچەند ڕازی بوو لە خولقی چاکی عەزلی کرد لەسەر شکاتی شاکی کردی بە والی «عبداللّه»ی عەتبان بۆ خاکی بەسرە بە عەدل و ئیحسان ئینجا ڕێکی خست «عبداللّه»ی سەروەر سوپای «نەھاوەند» بە ئەمری عومەر ئامیری سوپا نوعمانی ناو بوو ئیدارەی حەربی گەلێ تەواو بوو لەم سوپادا بوو حوزەیفەی یەمان ساحێبی سیڕڕی ڕەھبەری زەمان لەپاش ئەم حەربە داگیران یەکسەر خاکی «صميره» و موڵکی «دینەوەر» شاری «ماھان» و شاری «ھەمەدان» فاتیح نەعیم بوو، شەقیقی نوعمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی بیست و یەکی ھیجری ساڵی بیست ویەک عەمری کوڕی عاس عەقەبەی ھەنارد بە عەزم و ئیخلاس فەتحی کرد خاکی «زويله» تەمام «بارك اللّه في تلك الأيّام» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی بیست و دوو ساڵی بیست و دوو عەمری جوان مەرد «طرابلس» و «برقه»ی فەتح کرد لەم ساڵەدا بوو فەتحی «عەسقەلان» موعاوییە بوو سەرۆکی یەلان فەتحی کردەوە براکەی نوعمان خاکی «ھەمەدان» پاش سەورە و توغیان جەریر فەتحی کرد «قەزوین» و «زەنجان» نەعیم خاکی «ڕەی» مەشھوور بە «تاران» ھەم داگیری کرد «قومس» و «گورگان» ھەم «طَبَرستان» بە ھێزی مەردان بە ئەمری عومەر نەعیمی دڵ پاک بوو بە کۆمەک و یاوەری سەمماک تا داگیریان کرد بە سوڵح و پەیمان تەواوی خاکی «ئازەربایجان» لەم ساڵا بوو ھات سوراقەی مەنسوور «باب»ی داگیر کرد وەکوو شێری سوور لە بابەوە چوون بە عەزم و ئیمان بەکیرە و حەبیب، حوزەیفە و سەلمان بۆ خاکی «موقان» بۆ «لان» و «تفلیس» ھەموویان داگرت بە ئەمری ڕەئیس «عبد الرّحمان»ی ئیبنو ڕەبیعە ئەم پاڵەوانەی پایە ڕەفیعە بە ئەمری عومەر بە فەتح و زەفەر ڕۆیی بۆ غەزای تورکی بەلەنجەر عوتبە بنی فەرقەد شەجیعی مەشھوور فەتحی کرد ھەموو خاکی «شارەزوور» ھەم داگیری کرد خاکی «صامغان» گەییە نزیکی ئازەربایجان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی بیست و سێ لە بیست و سێدا فەتحی «خوراسان» فەتحی «ھەرات» و «مەرو» و «شاھیجان» فەتحی «نەیشابوور»، ئەمانە ھەموو بە ڕیاسەتی والی ئەحنەف بوو لەم ساڵا عوسمان کوڕی «ابو العاص» «اصطخر»ی داگرت بە سوپای حەقناس «جەور» و «کازروون»، ھەم «نوبندجان» «شیزر» و «شیراز»، خاکی «ئەرەجان» سارییە گرتی زۆر بە دەست و برد لەم ساڵا شاری «نسا» و «دار ابجرد» لە مەدینەدا حەزرەتی عومەر لە ڕۆژی جومعە لە سەری مینبەر خوا پیشانی دا کە سوپای دوژمن خەریکن دەوری سارییە بگرن ئەمیش ترسانی و پێی گەیان بێتەل «يا سارِيَةُ الْجَبَلَ الْجَبَلْ» گورج گەڕایەوە بە ھێزی سوپا دووری خستەوە دوژمنی گومڕا ھەر لەم ساڵا بوو داگیرا «کرمان» «مکران» و «سیستان» بە نووری ئیمان ئینجا شەھید بوو ئەم عالی نەھجە بیست و شەشەمی مانگی «ذي الحجّه» لە کاتی نوێژا لە وەختی سەحەر بە دەستی «ابو لؤلؤ»ی بێفەڕ خەلیفە گەییە پایەی شەھادەت ئەویش بە مایەی شوومی شەقاوەت عومری شەست و سێ بە عەقڵ و کەماڵ خەلافەتی کرد شەش مانگ و دە ساڵ لەلای ئەبووبەکر مەدفوون بوو عومەر لە «ڕوضە»ی والای سەییدی سەروەر لە سەرەمەرگا حەزرەتی عومەر وا خەلافەتی فەرموو موقەڕڕەر شۆرا بێ لە بەین عەلی و عوسمان زوبەیر، تەلحە، سەعد، ھەم «عبدالرحمان» پاش مەشوەرەتی ئەسحابی کوببار مانگی موحەڕڕەم ساڵی بیست و چوار عوسمان دامەزرا لەسەر خەلافەت ئەسحابە ھەموو پێیان کرد بەیعەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەلیفەی سێھەم عوسمان «ذی النّورین» -رضي الله عنه- خەلیفەی سێھەم خاوەن وەفا و بەین حەزرەتی عوسمان لەقەب «ذوالنّورين» باوکی عەففانە، بابای «ابوالعاص» دایکی ئەڕوا ناو، بەبێ قسە و باس سێھەم باپیرەی «عبدالمناف»ە کە سێھەم جەددی مەولای ئەشرافە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی بیست و چوار کاتێ دامەزرا حەزرەتی عوسمان کردی بە والی سەعدی بە ئیمان لە کووفە لەسەر تەوسیەی عومەر داینا لە جێگەی موغەیڕەی سەروەر پاش ئەمە عوسمان کەوتە ئیستیعداد خۆی ئامادە بوو بۆ فەتح و جیھاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی بیست و پێنج ساڵی بیست و پێنج بە نەقڵی خەبەر لەسەر تەحریکی ڕۆمی بەد ئەسەر بە ھێزی سوپای «قُسطَنطَنِيّه» پەیمانی شکاند ئەسکەندەرییە عەمری کوڕی عاس مەردی بە حیکمەت فەتحی کردەوە بە ھێز و قووەت عەھدیان شکاند ئازەربایجان گرتیەوە وەلید وەکوو پاڵەوان ھەر لەم ساڵا بوو کە موعاوییە فاتیح بوو بە زۆر بۆ «عموريّه» لەم ساڵا ناردی عەمری داھیە «ابن ابي سرح» بۆ «افريقيه» ھەر لەم ساڵا بوو عوسمانی سابیر ناردی بۆ «کابول» «عبداللّه»ی عامیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی بیست و شەش ساڵی بیست و شەش لە ئەفریقیە ئیبنو ئەبی سەرح بە حوسنی نییە داوای ئیزنی کرد لە زاتی عوسمان بۆ موحارەبەی فیرقەی کافران بە شوجاعەتی «عبداللّه»ی زوبەیر لە «افريقيه» نائیل بوو بە خەیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی بیست و حەوت و بیست و ھەشت لە بیست و حەوتا بە ھێز و تەمکین موعاویە چوو ھەتا «قنسرين» لە بیست و ھەشتا «قبرص»ی داگرت تەھدیدی ھەموو سەواحیلی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی بیست و نۆ «عبداللّه»ی عامیر بە ھێز و بە فەخر ساڵی بیست و نۆ ڕۆیی بۆ «اصطخر» لەبەر عوسیان و ستەم لە پەیمان داگیری کردن بە سوپای بێسامان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی سی لە ساڵی سیدا سەعیدی بن عاس بۆ «طبرستان» ڕۆیی بە ئیخلاس بە سوپای چالاک حەمڵەی بردەوە لەبەر نەقزی عەھد فەتحی کردەوە ھەر لەم ساڵا بوو کە «عبدالرّحمان» غەزای «باب»ی کرد بۆ نەشری ئیمان لەم حەربەدا بوو حوزەیفەی ئەسرار «صاحب السّرّ»ی ڕەسوولی نازدار خیلافێکی دی لە ناوی یاران لە قیرائەتی بەعزێ جێی قورئان بۆلای خەلیفە کە گەڕایەوە ئەو ئیختیلافەی بۆ گێڕایەوە تێی گەیاند ئەگەر خیلاف بمێنێ پایەی شکۆھی ئیسلام ئەشکێنێ ئینجا عوسمانیش زوو بە ئیھتیمام بۆ موحافەزەی قورئانی ئیسلام داینا لیجنەیێ عولەمای عالی بە ڕیاسەتی حەزرەتی عەلی بە نووسینەوەی کەتەبەی ئەمین حەوت نوسخەی نووسی قورئانی موبین بە یەک سوورەت و بە یەک قەرائەت سوورەت بە سوورەت، ئایەت بە ئایەت ڕەوانەی کردن تەرەف بە تەرەف تا وەری بگرن خەلەف لە سەلەف «يَمَن» و «بَحرَين»، «بَصره» و «كوفه» و «شام» «مكّه» لای خۆیشی مەسحەفی ئیمام بوو بە یەک تەرتیب لە ھەموو شاران شکڵی نووسین و خوێندنەوەی قورئان ئیشێکی باش بوو بۆ دینی ئیسلام بۆیە فەرمووبووی حەیدەری سەمسام ئەگەر من ئەبووم خەلیفە و ئیمام زوو ئەم تەرتیبەم ئەکرد بۆ کەلام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی سی و یەک لە ساڵی سی و یەک بە پێنجسەد پاپۆر ھات لە ڕۆمەوە سوپاھێکی زۆر لە ئەفریقادا ھەموو دابەزین بە سەرکردەیی ئەمیر «قسطنطين» بۆ موحارەبەی سوپاھی نەبەرد زوو موعاوییە خۆی ئامادە کرد سوپاکەی سەرکەوت بە لوتفی باری بەم غەزا ئەڵێن غەزای «صواري» پاش ئەم واقیعە «روم»ی تێشکان نەما بۆ دڵیان قووەت و تەکان ھەر لەم ساڵەدا بە قەزای جەببار کوژرا «یەزدی جورد»، کوڕی شەھریار وەھا مەشھوورە لەلای خوراسان تورکان کوشتیان بە سەھل و ئاسان پاش مەرگی عومەر ئەھلی خوراسان لەسەر پەیمانی پێشوویان نەمان جا لەم ساڵەدا «عبداللّه»ی عامیر فەتحی کردەوە بە ئەمری ئامیر ھەم دایگرتەوە «فارس» و «کرمان» خاکی «سیستان» پاش نەقزی پەیمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی سی و دوو لە ساڵی سی و دوو چوو موعاوییە بۆ تەنگەبەری «قسطنطنيه» ھەر لەم ساڵا بوو عوسیانی تورکان «عبداللّه»ی دلێر ئەوانی شکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی سی و سێ ساڵی سی و سێ بوو کە موعاوییە بۆ غەزا ڕۆیی بۆ «ملاطيه» تیکرار «قبرص»ی فەتح کردەوە شۆڕشی «ئەفریقا» بەو دامردەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعاتی ساڵی سی و پێنج لە ساڵی سی و پێنج «رودوس» تەسلیم بوو بە موعاوییەی سەلیمی خۆش خوو ھەر لەم ساڵەدا لە ھەژدەی قوربان شەھید بوو عوسمان، جامیعی قورئان موددەی خەلافەی بە فەیز و ئیقباڵ دوازدە ڕۆژ کەم بوو لە دوازدە ساڵ عومری عەزیزی لە ھەشتا و دوو بوو «جنّه البقيع» کە بەو مەعموور بوو لە عەھدی ئەوا لەبەر ئیھتیمام زۆر زیادی کرد وڵاتی ئیسلام گەیی بوو بە «ھیند» حەددی ڕۆژەڵات «دەلیای ئەتڵەس»یش ڕۆژاوای وڵات حەددی جنووبی دەریای «ھیند»ی بوو حەددی شیمالی «دەریای سپی» بوو «جَزاهُ اللّهُ عَنِ الْمُسْلِمين يَوْمَ لِقاءِ رَبِّ الْعالَمينَ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەلیفەی چوارەم عەلی -کرّم اللّه وجهه- خەلیفەی چوارەم بە قەدر و عیززەت حەزرەتی عەلی، ئامۆزای حەزرەت لەپاش وەفاتی حەزرەتی عوسمان بەیعەتیان پێ کرد ئەشراف و ئەعیان ئەبووتالیبە بابی ئەم زاتە دایکی فاتیمەی عالی سیفاتە سەنای ئەم شەخسە نایەتە دەفتەر ئەو بوو فاتیحی قەڵاکەی خەیبەر لە غەزای ئوحود ئەو «اسداللّه» ساحێب سوپا بوو، خاوەنی ئاڵا ئەمیر بوو عەلی بە ئەمری خاتەم بۆ مەحوی بتی تایفەی حاتەم لەو شەڕا گیرا «سفانه»ی عەزرا بە ئەمری حەزرەت مەرەخەس کرا ئەو بوو فیدایی بۆ گیانی حەزرەت نووست لە جێی حەزرەت شەوەکەی ھیجرەت لە شانی ئەوا بە نەسسی جەلی حەزرەت فەرموویە: «أَقْضاكُمْ عَلي» مەعنای ئەم قسە لەم حەدیسایە «من شاری عیلمم، عەلی درگایە» چوار ساڵ و سێ مانگ حەیدەری کەڕڕار خەلافەتی کرد بە حوسنی ڕەفتار لە ساڵی چلا حەثدەی ڕەمەزان گوڵباغی عومری گەیشت بە خەزان سەر وەختی سەحەر سوبحی سەعادەت گەیشتە پایەی بەرزی شەھادەت عومری شەست و سێ، مەدفەنی «کووفە» ئیمڕۆ بە شاری «نەجەف» مەعرووفە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەلیفەی پێنجەم حەسەن -رضي الله عنه- خەلیفەی پێنجەم حەزرەتی حەسەن ئەزھەری زەھرا و ئەنوەر و ئەحسەن تا موددەی شەش مانگ زۆر بە شەرافەت مایەوە لەسەر عەرشی خەلافەت جا دەستی ھەڵگرت «اكبر السّبطين» لەبەر ئیسڵاحی بەینی «فِئَتَين» موددەی خەلافەت گەیشتە سی ساڵ لەسەر بەیانی شای ساحێب کەماڵ وەفاتی فەرموو لە پەنجای ھیجری عومری چل و حەوت، بەقیع جێی قەبری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی دوازدە ئیمامە دوازدە ئیمامان ئەووەڵیان «عَلي» دووھەمیان «حَسَن» ئیمامی وەلی سێھەم «حُسين»ە شەھیدی والا مەولید مەدینە و مەدفەن کەربەلا عومری پەنجا و حەوت، بێ زیاد و کەم ڕازی ببێ لێی خوای ساحێب کەرەم «زین العابدین» مەدەنی ڕەفیع عومری پەنجا و حەوت مەدفەنی بەقیع «محمّد باقر» عومری پەنجا و ھەشت مەولید مەدینەی بەوێنەی بەھەشت مەدفەنی بەقیع خاکی موقەددەس ڕازی ببێ لەو عەللامی ئەقدەس «جعفر»ی «صادق» شەخسی موئتەمەن وەک بابی عومر و مەولید و مەدفەن «الموسي الكاظم، امام الهُدي» مەولید مەدینە و مەدفەنی بەغدا عومری پەنجا و پێنج ڕای بوارد تەمام بۆ نەشری دین و ئەحکامی ئیسلام ئیمامی ھەشتەم «علي رضا»یە مەولید مەدینەی ساحێب سەفایە مەدفەنی والای تووسی خوراسان عومری پەنجا و پێنج ڕابورد بە ئیحسان ئیمامی نۆھەم «محمّد جَواد» عومری بیست و پێنج بێ کەم و زیاد مەولیدی تووس و مەدفەنی بەغدا لای مووسای کازم «امام الهُدي» ئیمامی دەھەم «علي الهادي» عومری چل ساڵ بوو بەبێ زیادی مەولید مەدینە و مەدفەن سامەڕە «أَعْطاهُ اللّهُ كُلَّ مَسَرَّه» یازدەھەم ناوی «حَسن عَسكري» خاوەنی پایە و مایەی سەروەری مەولید مەدینە و عومری بیست و ھەشت مەدفەن سامەڕە ببێ بە بەھەشت ئیمامی ئاخر «مَهدي مُنتظَر» «مُحمد» ناوە، بە نەقڵی خەبەر «رَضِيَ عَنْهُمُ الإِلهُ الْوَهّاب وَ عَنّا بِهِمْ في يَوْمِ الْمَآب» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەسڵی دووھەم لە بابی ئەوەڵ لە دووبابەی ئەم کتێبە فەسڵی دووھەمین ئەی برای ئەمین ئەکا بەیانی ڕوکنی دووھەمین ڕوکنی دووھەمین پێنج فەرز بە ئەدا لە شەو و ڕۆژا بکەی بۆ خودا «صُبح» و «ظُهر» و «عَصر»، «مَغرِب» و «عِشا» لەسەر ژن و پیاو، فەقیر و پاشا بە شەرتی عەقڵ و بلووغ و ئیسلام چونکا بناغەن بۆ ھەموو ئەحکام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرتەکانی نوێژ شەرتی نوێژ پێنجە: پاکی جل و جێ دووھەم پاکی لەش لە ھەرچی پیس بێ لە بێدەسنوێژی، ھەم لە لەش پیسی چونکی عیبادەت ناکرێ بە پیسی سێھەم ھاتنی وەختی نوێژەکان ھەوا بە پەلە نەتخاتە تەکان شەرتی چوارەمین ڕوو لە قیبلە کە کەعبەی موعەززەم لە شاری مەککە پێنجەمین سەتر و پۆشینی عەورەت لە ناو خەڵکا بی یاخود لە خەڵوەت پیاو داپۆشێ ناوکی تا ئەژنۆی ژن ھەموو لەشی ئیللا دەست و ڕووی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیسی لە شەرعا چییە؟ ھەرچی بێتە دەر لە دوا و لە بەر پیسە، نەک مەنی حەیوان و بەشەر خوێن و زووخ و کیم، موسکیراتی تەڕ مردوو، نەک کولە یا ماسی و بەشەر ھەرچی لە خوێنی ئاوەکی دوورە مردووی مەعفووە، وەکوو مێلوورە پیسە ھەرشتێ لە لەشی زیندوو جیا ببێتەوە، حاڵی ببە زوو ئیللا خوری و موو و پەڕی گیاندارێ کە گۆشتی بخورێ لەبۆ موختارێ پیسە بەڵغەم و ئاوێ بێتە دەر لە میعدەی بەشەر، نەک لە سینە و سەر پاکە بەدەنی گیانداری زیندوو نەک سەگ و بەراز، یا بەچکەی ھەردوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە چی لە پیسی پاک ئەبێتەوە؟ پاک ئەبێتەوە لەم دوانە بە ئاو شەش دەفعە ڕۆشن، دەفعەیێ قوڕاو لە باقی پیسی مەعنای تەھارەت لاچوونە لەبۆ عەینی نەجاسەت ئەوەندەی بشۆی ئەو ماددە لاچێ ڕەنگ و تام و بۆیش نەمێنێ لەو جێ ئەمما لە میزی مناڵێ نێر بێ ھەر بە خواردنی شیری پاک تێر بێ پاک ئەبێتەوە بە ئاوپرژێنی نەسسی حەدیسە، ھیچ دانەمێنی بۆ ھەر پیسیێ کە نەیبێ جوسە ئاوی پیا بکەی کافییە و بەسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی «استنجاء»، یانێ خۆ پاکەوە کردن لە پیسی بەر و دوا لە شتێ تەڕ بێ و دەربێ لە عەورەت یانێ بەر و دوا، فەرزە تەھارەت یا بە ئاوێکی پاک و پاکۆ کەر لابەرە پیسی لە پاش و لە بەر یا بە ماددەیێ کە وشک بێ و پاک بە وێنەی بەردێ ھەڵی کەنێ چاک بە سێ پیا ھێنان یا زیاتر لەوە خۆت لەو پیسییە پاک بکەرەوە ئەگەر لە عادەت نەچووبێتە دەر نەشیێتە سەری خاریجێکی تەڕ وە ئیللا ھەر ئاو پێویستە لەبۆت ئەبێ ئەمری دین فێر ببی بۆ خۆت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەھارەت لە بێدەسنوێژی و لەش پیسی دەسنوێژ و غوسڵە پاکی لە حەدەس شرووتی دەسنوێژ شەشە، ئیتر بەس نیەتی فەرزی دەسنوێژت بێری لەگەڵ ئەووەڵ جێی ڕووت کە ئەیشۆری دووھەم غوسڵی ڕوو، یانێ دەموچاو چ پێست و چ موو، بشۆرە تەواو ئەندازەی واجب بەبێ دەردی سەر بەینی ھەردوو گوێ و چەناکە و مووی سەر مووی زنج و سمێڵ، مووی تەختی ڕوخسار برژانگ و برۆ، لەگەڵ مووی عوزار ڕیشێ تەنک بێ و ناوی ببینی دەر و ناویان فەرزە شۆرینی ڕیشێ کە پڕ بێ و ناوی نەبینی تەنھا دەرەوەی فەرزە شۆرینی سێھەم شۆرینی دەستانە ھەردوو تا ژووری ئەنیشک بە قەدری یەک موو چوارەم مەسحی سەر، یاخود ئەو مووەی لەسەر دەرنەچێ، ئەگەر بەری دەی پێنجەم شۆرینی ھەردوو پێ و قاپە شەشەم تەرتیبە و تەرکی خراپە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوننەتەکانی دەسنوێژ سوننەتی دەسنوێژ بە نەقڵی سەلەف «بِسْمِ اللّە» کردن، جا شۆرینی کەف سێھەم سیواکە، ئەمما بە ئیراک تام و بۆنی دەم خۆشتر ئەکا چاک ڕادانی ئاوە لە دەم و لە لووت بە سێ جار سێ جار، چاکترە و مەزبووت تەعمیمی مەسحیش لەبۆ سەر و گوێ دەس خستنە ڕیش و پەنجەی دەست و پێ پێش بخە لای ڕاست لە دەست و لە پێ لەسەر لای چەپت سوننەتە و بەجێ سەرکەوە لە فەرز دامەمێنە پەست بۆ شۆرینی پێ و دەموچاو و دەست شەوقی ناوچاو و بریقەی دەست و پێ ڕۆژی قیامەت بەمە دێتە جێ شۆرین و مەسحت بە سێ جار سێ جار بە خێری سوننەت ئەتکا بەھرەدار یەک لە شوێنی یەک بۆ ئەم ئادابە تەدلیکی ئەعزات خێر و سەوابە دوعای پاش دەسنوێژ وەکوو مەشھوورە ئەگەر بیخوێنی ئیحسانی زۆرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەسحی خوف لەباتی شۆرینی پێ شەرعەن دروستە ئەی ڕووناکی چاو مەسحی خوف لەجێی پێ شۆرین بە ئاو خوفێ داپۆشێ ھەردوو قاپ و پێ بۆ وردە ڕۆین قابیل بێ لە ڕێ پاک بێ و مانیع بێ بۆ دادانی ئاو مەر لە جێی تەقەڵ، یا قۆپچەی بەسراو بیانکەیتە پێ لە پاش تەھارەت لە بێدەسنوێژی لەگەڵ جەنابەت تا شەو و ڕۆژێ بۆ ئەھلی «حَضَر» سێ شەو و سێ ڕۆژ بۆ ئەھلی سەفەر لەو حەدەسەوە کە بە سەرتا بێ پاش ئەوە کە تۆ خوف ئەکەیتە پێ حوکمی لەش پیسی کاتێ ھاتە ڕێت یا خوفت دڕا یا داتکەند لە پێت موددە تێکئەچێ و ئەبێ سەرلەنوێ لە پاش تەھارەت بیکەیتەوە پێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو شتانەی دەسنوێژ ئەشکێنن دەسنوێژ ئەشکێنێ شتێ بێتە دەر با کەم ھەڵکەوێ لە دوا یا لەبەر ھەم لە یەکدانی پێستی ژن و پیاو نەک دان و نینۆک، موو یا ناوی چاو مەگەر یەکێکیان بچووک بێ بە ساڵ ئارەزوو نەکرێ بۆ «سَليم الحال» یاخود مەحرەم بن بە نەسەب یا شیر یا بە ژن خوازی وێنەی بۆ تەسویر کچ و دایک و خوشک، خوشکەزا و پوورە لە خزمانی ژن خەسوو و خەزوورە دەسنوێژ ئەشکێنێ شێتی و بێھۆشی حاڵەتی مەستی، یەعنی سەرخۆشی نووستنی ھەرکەس مەگەر بە تەمکین نەیێ بە سەریا شتی ناشیرین مەس و دەس لێدان ھەر بە بەری دەس لەبۆ عەیبی خۆت یا عەیبی ھەرکەس ئەگەر سینفێکن تەنھا دەس لێدەر وە ئیللا ھەردوو ئەبینن زەرەر مەگەر مەحرەم بن لەویش دەس لێدەر دەسنوێژی ئەشکێ و ئەگا بە خەتەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسبابی «غُسل»، یانێ خۆ شۆرین ئەوەی باعیسە بۆ غوسڵی ئەعزا یانێ شۆرینی سەرتاپای باڵا یەکەم مردنە، دووھەم مناڵ بوون حەیز و زەیسانی لە پاش ڕزگار بوون وەزعی جەنابەت یانێ لەش پیسی ئەسبابی دووە، ئەگەر ئەپرسی ئینزالی مەنی و دوخوولی زەکەر بە ناوی فەرجا، دوا بێ یا بەر فەرزی خۆ شۆرین ئەووەڵ نیەتە بۆ دەفعی حوکمی ئەو جەنابەتە دووھەم شۆرینە بۆ لەشت ھەموو بە ئاوی ڕەوان چ پێست و چ موو ناو پەلکەی ژنان ئەگەر تەڕ نەبێ با بکرێتەوە تا باش تەڕ ئەبێ بۆ دەسنوێژ و غوسڵ نەبی بێخەبەر لە قولی پاژنە و کەلافەی مووی سەر ژێری نینۆک و گۆشە و پێڵووی چاو لۆچی دەرەوەی گوێیانت تەواو ھەرچی دەرکەوێ بۆ قەزای حاجەت بیشۆرە لەبۆ ڕەفعی نەجابەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چی مەنع ئەکرێ لە بێدەسنوێژ بەبێ دەسنوێژی حەرامە و گوناھ نوێژ و تەوافی ماڵی «بيت اللّه» لەگەڵ ھەڵگرتن یا خۆ دەس لێدان لە پەڕە یا بەرگ یا بەرگی قورئان ھەرچیش نووسرابێ بۆ دەرسی قورئان وەکوو سەبوورەی دەرسی مناڵان زیاد لەمانەیش لەسەر لەش پیسان مەنعە خۆندنەوەی بە قەسدی قورئان نەک قەسدی دوعا یا وەعز و ئەزکار یا بۆ تەسخیری وڵاخ بۆ سوار ھەروا حەرامە مانەوەی مزگەوت ھەم ڕابوردنی حائیز بە ڕێکەوت ئەگەر بترسێ بە خوێنی جاری مزگەوت پیس بکا بە ڕێبواری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوی تەھارەت چۆن ئەبێ ئەو ئاوەی ئەشێ لەبۆ تەھارەت بۆت بەیان ئەکەم بە چەن عیبارەت ئاوی دەریایە و چەم و جۆباران ئاوی کانی و بیر، ھەم بەفر و باران ئەمما بەری بێ لە کلکە بۆ ناو وەکوو سزگاو و گوڵاو و ئارداو کار نەکراو لە غوسڵ یا لە دەسنوێژا ئەسحابە ئاوی وایان ئەڕێژا ھەم نەگۆڕابێ تام و ڕەنگ و بۆی ئیللا بە مەعبەر یا قەرارگای خۆی ئاوێ بگاتە حەددی قوللەتەین جاری یا وەستاو، ئەی نووری عەینەین پاکە و پاکۆکەر لەبۆ غەیری خۆی تا نەگۆڕابێ ڕەنگ یا تام یا بۆی کەمتر لەو حەددە جاری یا وەستاو کە پیسی تێکەوت پیس ئەبێ تەواو لاکین بۆ جاری قەولێکی قەدیم ھەیە و مەقبووڵە لای ئەھلی تەعلیم با پیسی تیابێ پاکە و پاکۆکەر مەگەر وەسفێکی بگۆڕێ یەکسەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: «قُلَّتَین» بە کێشانە و بە پێوانە حەددی قوللەتەین بە کێشانەی ساق تا پێنج سەد «رِطل»ە، بە ڕیتلی عێراق ھەفتا تەورێزی و کەسرێکە بە جەم لەسەر کێشانەی وڵاتی عەجەم ئەمما بە پێوان بۆ جێی مودەووەر بۆ پانی گەزێ، ڕاستە و موعتەبەر بۆ قووڵی دوو گەز بە گەزی نەجار گەزی نەجاریش وایە بە قەرار گەز و چارەکە بە زیراعی دەست ئەم قسە ڕاستە لێی ببە سەربەست بۆ جێی چوارگۆشە کافییە و مەعقوول زیراع و ڕوبعی عەرز و عومق و توول بە زیراعی دەست کە موعتەدیل بێ نەک بۆ درێژی و کورتی مائیل بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی «تَیَمُّم» بۆ بێدەسنوێژ و لەش پیس کاتێ ئاو نەبوو برای بە تەمیز چار تەیەممومە بە شەرعی عەزیز نەبوونی بۆ ئاو یا واقیعییە پێی ئەڵێن حیسسی، یاخود شەرعییە وەکوو بە پارە ئاو بە دەستکەوێ تۆش بێپارە بی و پەکت بکەوێ یاخود لە نرخی عادەتی بازار زیاتری بوێ بایعی نابار یاخود ئاو ببێ ئەمما بتەوێ بۆ خواردنەوەی پەکت نەکەوێ یاخود مانیع بێ لە ئیستیعمالی دوکتۆرێکی باش عادل و عالی جا کاتێ ڕێکەوت یەکێ لەمانە خۆت حازر بکە ئازا و مەردانە تەیەمموم بکە لەبۆ حەدەسەین پاش دوخوولی وەخت، ئەی نووری عەینەین *** فەرزی تەیەمموم دوانە بە قەرار یەکەمین نەقڵی گڵێکی تۆزدار ئەمما ئیستیعمال نەکرابێ جارێ بۆ تەیەممومی مەعزەرەتدارێ دووھەم نیەتی ئیباحەی «صلاة» لەگەڵ ئەو نەقڵە بمێنێ لەلات ھەتا ئەو گڵە ئەگەیێ بە ڕووت مەسحی پێ ئەکەی ئازانە و مەزبووت دوو جار دەس بدە لە ئەرز، یەک بۆ ڕوو دووھەم لەبۆ دەست، ئەی برای خۆشخوو تۆزاوی ئەکرێ، ھەرچی ئەشۆری یانێ لە وێنەی دەسنوێژ ناگۆڕی *** ئەعزای بێدەسنوێژ چوار حیساب ئەکرێ ڕوخسار، ھەردوو دەست، سەر و ھەردوو پێ ھەرکام لەوانە عەلیل بێ و خەستە تەیەممومێکی شەرعەن پێویستە *** وەختی تەیەمموم وەختی شۆرینە بۆ ئەوجێ خەستە یاخود برینە ئەمما بۆ لەش پیس وا دانراوە بە تەیەممومێ ئیشی تەواوە بەرودوا لەبۆ غوسڵ و تەیەمموم نییە بۆ لەش پیس «واللّه اعلم» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەزای ئەو نوێژانە کە بە تەیەمموم بکرێ ئەگەر ھەر سەبەب نەبوونی ئاوە حیسسەن ئاو نییە لەو جێگا و ماوا ھەر نوێژێ بکەی بەو تەیەممومە قەزای ئەو نوێژە غەیرە لازمە ئەگەر بە ئەغڵەب ئاو نەبێ لەوێ وە ئیللا شەرعەن ئیعادەی ئەوێ ئەگەر نەبوونی شەرعی بێ ئەمجار ئەگەر تەیەمموم بۆ دەستە و ڕوخسار نەشبێ لەسەریان موشەمما قەتعا لە سەرت نییە قەزا لە شەرعا کاتێ موشەمما لەسەر ئەوانە موتڵەقەن قەزا واجب بزانە ئەگەر تەیەمموم بۆ سەر و پێ بێ یانێ نەخۆشی لەو دوو شوێنا بێ موشەمما نەبێ و ئەندامت پاک بێ ھیچ قەزا نییە، دڵت ڕووناک بێ ئەمما ھەروەختێ وێنەی موشەمما لەسەر ئەوان بێ کاکی خۆش سیما ئەگەر دانرابێ لەسەر تەھارەت موشەمماش نەگرێ ئیللا جێی عیللەت یا بەشی وەستان نایەوێ قەزا ئەگینا فەرزە قەزا بۆ جەزا بە تەیەممومێ ھەر فەرزێ ئەکرێ سا مەگەر سوننەت عەلاوەی بکرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختی نوێژەکان وەختی نوێژی سوبح سفیدەی سەحەر تا ھەتاو کەوتن بە شەرعی ئەنوەر وەختی نیوەڕۆ کاتێ ڕۆژ لادا لە ناوەڕاستی ئاسمانی والا ھەتا سێبەری ھەر شتێ ئەگا بە قەد خۆی بێجگە «ظِلّ»ی ئیستیوا شەش پێ و چوار و دوو، سێ مانگەی بەھار عەکسی بۆ ھاوین ھەیە بە قەرار ھەشتە و یازدەیە و دوازدە بۆ پاییز عەکسی بۆ زستان ئەی برای عەزیز لەپاش ئەم وەختە زەمانی عەسرە تا دەرئەکەوێ ڕەشی لەو قوترە ئینجا مەغریبە، عیشایش وەختی دێ کاتێ شەفەقی ئەحمەر غائیب بێ لە غرووبەوە تا دەریێ ھەتاو ماوەی بە سەعات ڕابگرە تەواو لە نیوەی ئەوا لەسەر دەستەوە وەختی نیوەڕۆت بێتە دەستەوە چی ویست بۆ دوانزە نیوەی ڕابگرە ئەو کاتە عەسرە، بەھانە مەگرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بانگ و قامەت بۆ نوێژ سوننەتە بۆ پیاو بانگ لەگەڵ قامەت تەنھا بێ یاخود لەگەڵ جەماعەت بۆ فەرزی حازر یا فەرزی فەوتاو ئەمما قامەتی بۆ نایەتە ناو ھەر قامەت ھەیە بۆ جەمعی ژنان غەیرە مەشرووعە بۆ ئەوان بانگ دان شەرتی بانگ دانە: ئیسلام و تەمیز نێر بێ و لە وەختا، ئەی برای عەزیز لە غەیری سوبحا، ئەمما لەبۆ ئەو بانگدان دروستە لەپاش نیوەشەو بانگێکیتریش لە وەختی سەحەر وایە بە شەرعی ڕەسوولی سەروەر تەرتیب، تەوالی، یەک لە شوێنی یەک بۆ بانگ و قامەت شەرتە بەبێ شەک لەپاش توولی فەسڵ بینا بەتاڵە بە دوو کەس بانگ و قامەت مەحاڵە شەرتە لەوانە ئەی کاکی ڕوو سوور بیستنی کەسێ لە نزیک یا دوور جوملەی بانگ غەیری تەکبیرو تەوحید دوو دوو واریدن ئەی برای وەحید تەکبیر چوارە و تەوحید تەنھایە لەلای شافیعی سوننەت وەھایە یەکە یەکەیە ئەلفازی قامەت غەیری تەکبیر و جوملەی «قَدْ قامَت» ئەمانە دوو دوون لەلای شافیعی لەسەر سوننەتی شەرعی واقیعی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوننەتەکانیان سوننەتە بانگدەر دەنگی عالی بێ لە ھەردوو حەدەس زاتی خاڵی بێ دەنگیشی خۆش بێ ھەتا بە تەئسیر دڵی دڵداران بکا بە ئەسیر لەسەر شوێنی بەرز، بەرەوڕووی قیبلە دەس بکا بە بانگ بەبێ عەجەلە پەنجەی شادەتی بکا بە گوێدا تا دەنگی بە ھێز بڕوا بە ڕێدا «تَرجيع»یش بکا ئەی نووری عەینەین یەعنی تەلەففوز بە شەھادەتەین بە تەرتیبی بانگ بێدەنگ و سەدا ئینجا بۆ ئیعلان دەنگی ھەڵ بدا جاری ئەووەڵی «حيّ علي الصّلا» لا بکاتەوە بەلای ڕاستەدا جاری ئەووەڵی «حيّ علي الفلاح» ڕوو کاتە لای چەپ بۆ نەشر و «ايضاح» لە جاری دووەم بۆ ئەم دوو جوملە ڕوو بکاتەوە بەرەو ڕووی قیبلە «تثويب» لە سوبحا بۆ بێداری قەوم دوو «الصَّلاةُ خَيْرٌ مِنَ النَّوْم» ئادابی لە بانگ، پەلە لە قامەت سوننەتی دینە بە ئیستیقامەت بۆ ھەر سوننەتێ بە جەماعەتە «الصَّلاةُ جامِعَةٌ» قامەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوێ گرەکانی چی بڵێن؟ ھەرکەس گوێی لە بانگ یا لە قامەتە ھەر لەفزێکی بیست بیڵێ سوننەتە فەقەت بۆ جوابی «حَيّعلَتَين» «لا حَوْلَ وَ لا...» سوننەتە بە عەین بۆ جوابی «قَدْ قامَتِ الصَّلاة» «أَقامَهَا اللّهُ وَ أَدامَها» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەپاش بانگ و قامەت چی ئەوترێ؟ پاش بانگ و قامەت سەلات و سەلام بنێرن لەبۆ سەییدی ئەنام بۆی داوا بکەین مەقامی مەحموود ڕوتبەی وەسیلە و «فضيله»ی مەشھوود بەڵکوو بە یومنی سەییدی ئەنام لە ھەردوو دونیا بگەن بە مەرام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمری قامەت بە ئیمامە قامەت مەربووتی ئەمری ئیمامە بە ھەرکەس بڵێ ڕاستە و تەمامە زۆرترە خێری ئەزان و قامەت جەمعەن لە خێری تەنھا ئیمامەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوو کردن لە قیبلە قیبلە کەعبەیە «بيت اللّه»ی ئەکڕەم کە وا لە شاری مەککەی موکەڕڕەم کەعبەی موعەززەم ئەگەر عەیانە بۆ خۆت بیزانە و لەبۆی بڕوانە ئەگەر غایبە بکە ئیعتیبار بە قسەی کەسێکی عادڵ و ھۆشیار ئەگەر دەسنەکەوت شەخسێ موعتەبەر بیدۆزەرەوە بە فیکر و نەزەر فەقەت میحرابی «سيّد الأنام» مزگەوتی شار و دێھاتی ئیسلام ئەبن بە دەلیل بۆ قیبلەی شەرعی مەکەوەرە دوای خەیاڵی تەبعی نەوەک بەردەنوێژ لە سەرە ڕێدا خۆت تەحقیق بکە قیبلە لەو جێدا دەلیلی قیبلەی بە پایە و ڕوتبە بۆ وڵاتی ئێمە ئەستێرەی قوتبە بەڵکوو لە بەغدا ھەتا ھەمەدان قەزوین و گورگان، تا مازندەران ھەرکاتێ قیبلەت بینی بە مەتڵووب بۆ خۆت ڕاوەستە و ڕووبەڕووی جنووب گەر لە پشتەوە ئەستێرەی جەدی لەلای ڕاستەوە بە مەیلی ئەتدی ئەو جەبھە کە تۆ ڕووبەڕووی ئەوی قیبلەی شەرعییە، موشتەبەە نەوی بەدەڵی ئەمە قیبلەنومایە شیمالی قوتبە و قیبلە ئەولایە مەشریقی زستان، مەغریبی ھاوین بۆ چەپ و ڕاستت بگرە بە یەقین ڕووبەڕووی جنووب ڕاوەستە لەبار ئەوە قیبلەیە بە قەوڵی ئەنوار ئەگەر بە تەردید کەوتیتە مەلال ڕوو بکە بۆلای موقتەزای خەیاڵ کاتێ خەتای خۆت لەبۆ کەوتە دەر بۆ خەتا قەزات واجبە لەسەر پێویستە لەبۆ مەردی بێرەشاد تەقلیدی دانای ساحێب ئیجتیھاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەرکانی نوێژ ئەرکانی نوێژت نۆزدەیە تەمام لەسەر مەزھەبی شافیعی ھومام ڕوکنی ئەووەڵی ناوی نیەتە لەبۆ کردنی فەرزی ئەو وەختە لەگەڵ نیەتا «اللّه اكبر» بۆ موقارەنە مەکەوە خەتەر لەلای ئەھلی عیلم غەیرە خافییە کە موقارەنەی عورفی کافییە سێھەم و چوارەم فاتیحە و قیام لەبۆ توانا و دانای ساحێب فام قیام ئەمەیە کە زنجیرەی پشت ھەتا ئەتوانی ڕێک بوەستن گشت پێنجەم ڕکووعە، وا تەختی تەوێڵ لەگەڵ بەر ئەژنۆ ڕێک بێ، بەبێ فێڵ شەشەم ئیعتیدال بەرز ببەرەوە وا کە ڕاوەستای لە ئەووەڵەوە حەوتەم سوجدەیە ھەتا ئەتوانی تەوێڵ بە ڕووتی لە زەوی دانی سکی پەنجەی پێ و ئەژنۆ و بەری دەست دانێیتە زەوی بە ھێز و مەبەست ئەژنۆ داپۆشین فەرزە و زەروورەت چونکا داخڵن لە حەددی عەورەت ھەستە و دانیشە ئەمە ھەشتەمە سوجدەی دوایی ڕوکنی نۆھەمە لەم پێنج ئەرکانا مانەوە فەرزە پەلەپەل مەکە بەوێنەی ھەرزە تەحیاتی ئاخر ڕوکنی پازدەھەم دانیشتنەکەی ڕوکنی شازدەھەم ڕوکنی حەثدەھەم پاش ئەم تەحیاتە سڵاوات لەسەر شای بەرییاتە ھەژدەھەم سەلام، ئاخریان تەرتیب وەکوو ڕابووران، ئەی برای نەجیب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: «اَبعاض»ی نوێژ ناوی ئەبعازە لەسەر ئیستیلاح ئەمانە ئەیڵێین ئەی برای سەڵاح قنووت و قیام لەبۆ بەیانیان ھەم وەتری نیوەی دوایی ڕەمەزان سڵاوات لەسەر حەزرەت و ئالی پاش قنووتەکان چاک ببە حاڵی لەگەڵ قعوودا تەحیاتی ئەووەڵ پاش ئەو سڵاوات لەسەر «مُفضَّل» سڵاوات لەسەر ئالی موحتەرەم ئەمما لە دوای تەحیاتی دووھەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەیئاتی نوێژ پێی ئەڵێن ھەیئەت لەسەر ئیستیلاح لەپاش تەحەڕڕوم دوعای ئیفتیتاح «اللّه اكبر» لەبۆ ئینتیقال زیکری ڕکووع و سوجدە و ئیعتیدال ھەم لە ھەیئاتە ھەردوو دەستەکان بەرز بکەیتەوە تا عاستی سەر شان بەری ئەوانیش ڕوو لە قیبلە بێت کاتێ تەکبیری تەحەڕڕوم ئەڵێیت کاتی دانەوین بۆ ڕوکنی ڕکووع کاتی ئیعتیدال بە وەزعی مەشرووع لە تەحیاتی ئەووەڵ کە ھەستای دەست بەرز کەرەوە کاتێ ڕاوەستای جەھر و ئەسراریش ھەرکام وەختی خۆی ھەیئەتی نوێژە، ئاگاداربە بۆی سوبح و مەغریب و عیشا ئاشکران عەسر و نیوەڕۆ سیڕڕین و پەنھان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی سوننەتەکان بێجگە لە «ابعاض» و «ھیئات» سوننەتە بە شەوق بی لەبۆ «صَلاة» بۆ موناجاتی خودای کائینات بە دەستی ڕاستت بگرە دەستی چەپ مایل بۆلای چەپ بە وەزعی ئەدەب دایاننێ لە ژێر پەڕەکەی دڵت دوور بخەرەوە فیکری باتڵت بخوێنەرەوە ئەلفاز بە ئارام مەعنای تێ فیکرە بە شعوور و فام خشووعت ببێ بە دڵ و ئەندام خۆت زەلیل بکە بۆ خودای عەللام بڕوانە لەبۆ جێگای سوجدەگا لا مەکەرەوە بەملا یا ئەولا سوننەتی نوێژە لەپاش ئیفتیتاح تەعەووز بکەی بە قەسدی نەجاح لە پێش فاتیحە لە گشت ڕکاتێ ئەگەر بخوێنی خێرت ئەگاتێ لەپاش فاتیحە «آمين» سوننەتە ئامین وەک مۆری «ربّ العزّة»ە ئەگەر مەئمووم بووی ڕێک لەگەڵ ئیمام ئامین بخوێنە ئەگەی بە مەرام ئەمجارە نۆبەی خوێندن سوورەتە بۆ دوو ڕکاتی ئەووەڵ سوننەتە بۆ تەنھا و ئیمام، بەڵام بۆ مەئمووم ھەر گوێ ڕاگرتن سوننەتە مەعلووم لە سوجدە و جلووس دوعا بخوێنە ئیحتیاجی خۆت بە حەق بنوێنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو دوعایانەی کە نەقڵ کراون لە حەزرەتەوە ﷺ لەپاش تەحیاتی ئاخریش کاکە تا دوعای مەئسوور بخوێنی چاکە «آية الكُرسي» ئەی برای جەلیل حەمد و تەسبیح و تەکبیر و تەھلیل ئینجا پاش ئەوە سەلامت داوە دەست بەرزەوە کە دەم بە دوعاوە وەکوو فەرموویە ڕەسوولی کەریم دوعا بخوێنە بە سیدق و تەسلیم ئیستیغفار بکە لە باری گوناھ لەبۆ ڕزگار بوون لە چارەی سیاھ لێی داوا بکە بارانی ڕەحمەت بڕژێ بە سەرتا بە فەیز و نیعمەت بۆ باوک و دایک، بۆ خوشک و برا بۆ بێگانە و خزم ببە بە چرا ھەر قاپی ئەوە دائیم گوشادە ھەر بە ڕەحمی ئەو عالەم دڵشادە دڵ موتمەئین بە دڵت نەلەخشێ ئەگەر ڕاست بکەی خودا ئەتبەخشێ لێت قەبووڵ ئەکا چونکی ڕەحمانە دوعا بۆ خۆت و خزم و بێگانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو شتانەی نوێژ بەتاڵ ئەکەنەوە ئەوەی مەشھوورە لەبۆت ئەژمێرم لە «مُبطلات» و بە خوات ئەسپێرم نوێژ بەتاڵ ئەبێ بە قەتعی نیەت چونکە ئەساسە لەبۆ عیبادەت بە فەوتی یەکێ لە شەرتەکانی وەکوو پیس ببێ جلی یا گیانی ھەم بە خواردنەوە و خواردنی خۆراک ھەرچەنە کەم بێ، کاکی دڵ ڕووناک حەتا قووت بدەی پارچەیێ بەڵغەم کاتێ کە بگا بە سەرحەددی دەم ھەم بەتاڵ ئەبێ بە عەمدی کەلام یا بە حەرفێکی موفید بۆ مەرام بە ھەر وەزعێکیش لێی پەیدا ببێ دوو حەرفی ڕۆشن، باش ئاگات لێ بێ وەکوو ئاخ و ئۆف، ناڵین و گریان وەک پێکەنین و قاقا، براگیان یا وەکوو کۆکەی لە عوزر خاڵی یا فوو یا فیکە بە خووی مناڵی بەڵام مەعزووری بە «سَبق اللِّسان» یا کەلامی کەم بە جەھل و نیسیان تا شەش کەلیمە بە کەم حیسابە لەوەو ژوور زۆرە و بۆ نوێژ خرابە زەرەری نییە نوتق بە قورئان بۆ حاڵی بوونی ئینسانی نەزان وەکوو «يا يَحْيي خُذِ الْكِتابَ» یانێ ئەو شتە لەو جێدا لابە گەر مەقسەدت بێ تۆ لەگەڵ تەفھیم بخوێنیتەوە قورئانی عەزیم ھەم زیکر و دوعا نیەتی زەرەر ئەگەر تیا نەبێ خیتابی بەشەر ئەو وەکوو «اللّه» یا «سُبْحانَ اللّه» ئەم وەکوو جوملەی «يَرْحَمُكَ اللّه» نوێژ بەتاڵ ئەکا ھەڵمەتی نابار چوون موخالیفە بۆ شێوەی ویقار ھەم بە سێ جووڵە بە ئەعزای گەورە بە ئیستیقامەت، یاخود بە دەورە وەکوو سێ ھەنگاو یا سێ جووڵەی دەست مەسەل لە نوێژا پشتێنی ئەبەست نەک بە دوو ھەنگاو یا سێ ناو بە ناو یا بە جومگەی ورد ئەی ڕووناکی چاو لێو ببزوێنێ یا چاو ھەڵێنێ یا بە سەرپەنجە خۆی بخورێنێ با تەنبیھ بکا ئازانە و سەربەست پیاو بە تەسبیح و ژن بە چەپڵەی دەست ڕاخە بەرماڵێ یا دانێ دارێ تا بە بەردەمتا نەیێ ڕێبوارێ چونکا نیشانەن لەبۆ شەخسی ژیر لەم ئادابانە قەت مەکە تەقسیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەکرووھاتی نوێژ نوێژت مەکرووھە لە مۆڵە ڕانا لە ڕێگا و حەمام، لە گۆڕستانا کاتێ حازر بوو خواردنێکی خۆش بەر لە نوێژەکەت ئەو بکە بە نۆش کاتێ موحتاج بی بە چوونە سەر ئاو دەس مەکە بە نوێژ نیوە و ناتەواو ھەرگیز مەڕوانە بە ڕووی حەوادا لا مەکەرەوە بەملا و بەولادا بەرەڵڵا بکە جل و مووی سەرت قۆڵت ھەڵکێشە لە جلی بەرت نوێژی بێسەبەب سێ کات حەرامە ئەگەر نایزانی پێت بڵێم کامە؟ لەپاش نوێژی سوبح ھەتا ڕۆژھەڵدێ بە قەد ڕمێکیش بەرزەوە ئەبێ وەختی ئیستیوا تا دوای زەوال ئیللا لە جومعەو کەعبەی «ذي الجلال» لەپاش نوێژی عەسر تا دوای غرووب چاک ببە حاڵی ئەی برای مەحبووب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی دوو سوجدەی سەھوو سوننەتە سوجدە بۆ جەبری خەلەل تا دەستت کەوێ سەوابی ئەکمەل دوو سوجدە وێنەی دوو سوجدەی «صَلاة» پاش ئەوان فەورەن سەلامە و نەجات ناویان بە سوجدەی سەھو مەشھوورە بۆ غەیری سەھویش بوونیان مەزکوورە ئەم سوجدە ئەبرێ بە شەرعی ئەنوەر بۆ تەرکی مەئموور یا فیعلی مونکەر یا شک لە زیادی فیعلێ کراوە ئەگەر قابیل بێ زیادی لەو ناوە جا باش گوێ بگرە بۆ شەرح و تەفسیل ھەرچیت پێ ئەڵێم بیکە بە دەلیل مەئمووری مەترووک گەر لە ئەرکانە بەسەر کردنەوەی واجب بزانە جا ئەگەر ئەوەت بە بیر کەوتەوە لە پێش وێنەیا ئەگەڕیتەوە ئەگەرنا کاتێ گەییت بە وێنە بیکە و گوێ مەدە تۆ بەو مابەینە لە پێش سەلامیش دوو سوجدە ئەبرێ جەبری ئەو تەرکە بەم سوجدە ئەکرێ ئەگەر ئەبعازە ھەر سوجدەی ئەوێ سەھوەن یا عەمدەن تەرکی ھەڵکەوێ گەڕانەوەیش بۆی پاش گەیین بە فەرز عەمدەن موبتیلە حاڵی بە لە دەرز لاکین بۆ مەئمووم واجبە ئەگەر بگەڕێتەوە ئیمامی ڕەھبەر بەم شەرتە بە سەھو بگەڕێتەوە عەمدەن موبتیلە ئەگەر بێتەوە سوجدە سوننەتە بۆ فیعلی مەنھی ئەگەر موبتیل بێ، عەمدی نەک سەھوی وەک خواردنی کەم بە سەھو و خەتا یا وەکوو تەتویل بە ڕوکنی کۆتا وەکوو ئیعتیدال ئەی برای جوان یا دانیشتنی بەینی سوجدەکان یاخود تیکراری ڕوکنێ لە ئەفعال وێنەی ڕکووع و سوجدە و ئیعتیدال یا ڕوکنی قەولی بگوێزیتەوە یاخود بە تیکرار بیخوێنیتەوە ئەو دوو سوجدانە دەوان بۆ دەردی نەقڵی سەھوی بێ یاخود بە عەمدی گەر نەقڵی عەمدی لێت نەدا زەرەر بە وێنەی ڕوکنی «اللّه اكبر» ھەر فیعلێ سەھو و عەمدی خەتەرە سوجدەی پێ ناوێ چوون بێسەمەرە وەکوو کەلامی زۆری خەرافات چونکی لەبۆ نوێژ ئەبێ بە ئافات ھەرچیش موتڵەقەن زەرەری نییە چون بێزەرەرە سوجدەی بۆ چییە وەکوو ھەنگاوێ یا ئیلتیفاتێ چونکی زەرەرت بەوە ناگاتێ کە بەجێت ھێنا ڕوکنێ لە ئەرکان لاکین کەوتیتە وەسوەسە و گومان مەسەلەن لەپاش ڕکاتی سێھەم وتت سێھەمە یاخود چوارەم ئەبێ ئەو شوبھە لە دڵ دەرێنی ڕکاتی چوارەم بۆ خۆت بخوێنی چونکا زیادی بۆ ئەو ڕکعەتە قابیلە سوجدەی سەھوت سوننەتە لەمە زیاتر تەفسیل نادرێ چوون زیھنی مناڵ ھەڵی ناگرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی سوجدەی تیلاوەتی قورئان ھەرکەس خۆندیەوە ئایەتی سوجوود سوننەتە لەبۆی سوجدە بۆ مەعبوود یەک سوجدەی جامیع بۆ شەرت و ئەرکان عەینەن بە وێنەی سوجدەی نوێژەکان لە غەیری نوێژا یا لە نوێژا بێ ئەگەر لە ئیمام تاک و جیا بێ چونکی مەئموومی فەرعی ئیمامە سوجدەی تابیعی سوجدەی ئیمامە ئەمما لە نوێژا تەکبیر و سەلام بۆ ئەم سوجدەیە نایێتە ئەنجام ھەروا سامیعیش بۆ ئەو ئایەتە ئەگەر مەشرووع بێ ئەو قەرائەتە جا نەخوازەڵا کە شەخسی قاری خۆی سوجدە ببا بۆ زاتی باری نەک بۆ خوێندنی لەش پیس یاخود مەست یا خوێندنێکی بێ جێگە و ناوەخت ئایەتی سوجدە چواردەن لە قورئان بۆت بەیان ئەکەم تا ببن عەیان لە «اعراف» و «رعد»، لە «نحل» و «اسرا» یەکێ لە «مريم»، دوانیش لە «حَج»ا «فرقان» و «نمل» و «الم، تَنْزيل» «حم»ی سوجدە ئەی برای جەلیل «نجم» و «انشقاق»، سوورەتی «علَق» تیایانا ھەیە جێی سوجدە بە حەق *** لەوانە نییە سوجدەی سوورەی «صاد» ئەو سوجدەی شوکرە بۆ «ربّ العباد» وەختی خۆی داوود «عليه السّلام» سوجدەی شوکری برد بۆ خوای عەللام ئێمەیش ھەر سوجدەی ئەو شوکرە ئەبەین کە بە خوێندنی ئەو باسە بگەین لەوەختی نوێژا ئەم سوجدە نییە لەسەر سوننەتی «خير البَرِيَّة» ھەم سوجدەی شوکری حودووسی نیعمەت یا سوجدەی شوکری لاچوونی زەحمەت یان ھی بینینی گیرۆدە و بێدین لە غەیری نوێژا ئەبرێن بە یەقین ئینجا تەکبیری تەحەڕڕوم ئەکرێ لەپاش سوجدەکەیش سەلامی ئەدرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی نوێژی جەماعەت ئەگەر تاڵبی بۆ ئەجر و ڕەحمەت حازر بە لەبۆ نوێژی جەماعەت بە دەلیلی شەرع ئەسەح وەھایە فەرزە، وەلاکین فەرزی کیفایە مەرتەبەی بەرزە بە قەدر و بەھا بیست و حەوت پایە لە نوێژی تەنھا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شرووتی نوێژی جەماعەت شرووتی زۆرن، ئەووەڵ بڵێم بۆت قەسدی ئیقتیدا بە ئیمامی خۆت دووھەم ئەمەیە باوەڕت وابێ کە نوێژەکەی ئەو ساغ و ڕەوا بێ پێش نەکەوتنە سێھەم لە ئیمام لە غەیری کاتی خەوف و ئیلتیحام شرووتی چوارەم بە شێوەی ئیجمال دوا کەوتنی ئیمام لە ئەفعال بەڵام پێویستە لێرەدا تەفسیل باش حاڵی ببە ئەی برای جەلیل لە تەحەڕڕوما ئەگەر پێش کەوی یا ھاو ترازووی ئیمام ڕێ کەوی نوێژت بەتاڵە، چونکی بۆ مەئمووم پاشکەوتن لێرا واجبە مەعلووم لە غەیری ئەوا پاش و پێشکەوتن بە دوو ڕوکنی ساغ ئەگەر ڕێ کەوتن موبتیلە لەبۆ نوێژی جەماعەت ئەگەر لەبۆ تۆ نەبێ مەعزەرەت پێنجەم بۆ نوێژی ئیمام و مەئمووم ھاوڕەنگی شەرتە بزانە مەعلووم دەی لەم پێنج فەرزا نییە لە ئیمکان قودوە بە نوێژی مانگ و ڕۆژ گیران ھەروا ئیقتیدا نادرێ ئیجازە لەبۆ پێنج فەرزە و نوێژی جەنازە شەشەم پێویستە ئەھلی جەماعەت ھاوڕێی ئیمام بن بۆ فیعلی سوننەت ئەگەر فاحیش بێ ئیختیلاف لەوێ وێنەی ئەم باسە ئەگەر ئەتەوێ کاتێ تەرکی کرد ئیمامی ئەفزەل سوجدەی تیلاوەت، تەحیاتی ئەووەڵ ئەبێ نەیانکا مەئمووم بەو حاڵە ئەگینا بێشک نوێژی بەتاڵە حەوتەم ئاگایی لە فیعلی ئیمام وێنەی ڕکووع و سجوود و قیام بە دیتنی خۆی یا بڕێ مەئمووم یا بە بیستنی دەنگێکی مەعلووم ھەشتەم گرد بوون لە یەک مەکانا بە دەستووری شەرع ئەی برای زانا یا لە مزگەوتا یا لە دەرەوە گشت ئیحتیمالێ ورد بکەرەوە وەستانیان ئەگەر لە مزگەوتایە ئیقتیدای مەئمووم شەرعەن ڕەوایە یا مابەینیان مەسافەی زۆر بێ یەکێ لە سێبەر یەکێ لە خۆر بێ یا لەو مابەینا حائیل بێ، بینا دیوار، پەنجەرە، یا سەفحەی مینا مادام ئەو بینا خاوەن دەرگابێ وەھا ھاتوچۆ بەوا ڕەوا بێ یانێ قابیل بێ چوون و حەرەکەت بۆ شوێنی ئیمام بە گوێرەی عادەت بەرەو ڕووی قیبلە بە ڕێک و ڕەوان یا پشتەو قیبلە یا خود لەسەر شان با ئێستاش دەرگا باش داخرا بێ مادام بە بزمار قایم نەکرا بێ بەڵام فەتاوای حاشیەی «بغيه» ئەڵێ قەید ناکا زەرەری نییە ھەرچەند بە بزمار قایم کرا بێ ئەمە ئەزانێ ھەرکەس زانا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە مزگەوتە ھەیوانی مزگەوت وەکوو مزگەوتە ھەیوانی مزگەوت لە ھەر لایەکی مزگەوتا ڕێ کەوت لەسەر دڵخوازی ئەھلی عیبادەت قەرار درابێ بۆ نوێژ و تاعەت بۆ وەختی بەھار یا فەسڵی پاییز یا لەبۆ ھاوین کرابێ تەمیز سەری گیرابێ بە وێنەی ھەیوان یا سەر پەتی بێ وەکوو سەکۆکان با ئاگات نەبێ لە وەقفی ئەو جێ یا لە بەینا بێ جادەی تازە ڕێ مادام نەزانی تازە بینایە ئەگەر وەھا بوو حوکمی جیایە وەھایە نەسسی «تُحفه» و «شیروانی» لە جەماعەتا لە جەڵدی سانی ھەم لە مزگەوتە ھۆدەی منارە ئەمما مەشرووتە بەم ئیعتیبارە لە مزگەوت یاخود ھەیوانی ئەوێ ڕێگای ھاتوچۆی لەبۆ ڕێ کەوێ جێی «مؤذِّن» و ئیمام و خادم ھۆدەی تەڵەبە و مەدرەسەی عالم حوکمی مزگەوتیان لەبۆ بزانە کە لای مزگەوت بن ئەم مەوقیعانە مادام نەزانی وەختی خۆی واقیف جیای کردوونەوە ئەی برای عاریف نەقڵی شیروانی وایە بێخیلاف لە بابی وەقف و بابی ئیعتیکاف لە مزگەوت نییە حەریمی مزگەوت باسی حەریمیش ئەکەم بە ڕێ کەوت حەوش و ڕێی باز و جێگەی خەوش و خاڵ بەردەمی دەرگا بۆ ھاتوچۆی ماڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی ئەوە کە ئیمام و مەئمووم ھەردووکیان لە دەرەوە بن وەک دەشت و بینای غەیرە مزگەوت، یا ئیمام لە مزگەوت و مەئمووم لە دەرەوە یا بە پێچەوانەوەی ئەمە مەئمووم لە دەر و ئیمام لە مزگەوت یا عەکسی ئەمە ھەرکاتێ ھەڵکەوت یا ئەگەر ھەردوو وان لە دەرەوە ئەم چەند شەرتانە بخوێنەرەوە بۆ پێک ھاتنی مەعنای ئیجتیماع زیاد نەبێ بەینیان لە سێسەد زیراع لەو شوێنا نەبێ حیجاب و حائیل بۆ بەینی قەوم و ئیمامی فاسیل ئەگەر حائیل بوو ساحێب دەرگا بێ کەسێکی وەھای لا ڕاوەستا بێ بشێ بۆ ئیمام بەو سیمایەوە بۆ ئەو کەسانە وان لە دوایەوە وەزعی ئیمامیش بزانێ مەعلووم بە دیتنی خۆی یا بڕێ مەئمووم کاتی عوبووریش پێویستە برام بێ پشتە و قیبلە بگەی بە ئیمام ئەمما لە کاتێ سەفی بینا بێ بە سەفی ئەویان ھیچ لازم نابێ چوون لە تەریقەین ئەسەح سانییە ئەم ئیتتیسالە موعتەبەر نییە لەم مەسائیلا تەحقیقاتم کرد ڕوانیمە کتێب بە فیکرێکی ورد توحفە و شیروانی و حاشیەی جەمەل حاشیەی کوردی تەواو موکەممەل ئەگەر خەتایەک وازیح بوو بۆتان ئیسڵاحی بکەن بە خێری خۆتان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیقتیدا بە کێ ڕەوایە یا ڕەوا نییە؟ شەرعەن دروستە ئیقتیدای سەلیم بە ئینسانێکی سەلەس و سەقیم ھەر وا ئیقتیدای ژنی تاھیرە بە «مُستَحاضه»ی «لا مُتَحَيِّره» ھەم دەسنوێژ گرتوو بە تەیەمموم کەر بەو شەرتە قەزای فەرز نەبێ لە سەر حازر بە قەزا، واجب بە سوننەت باڵغ بە مناڵ خاوەن مەعریفەت عەکسی ئەمانەیش لازمە فەھمی نەک پیاو بە ژن قاری بە ئوممی ئینسانی ئوممی وایە تەحدیدی موخیل بێ بە حەرف یا بە تەشدیدی بە ئیسقاتی ئەو یاخود بە ئیبدال «ھێ» لە شوێنی «حێ»، «زێ» لە باتی «ذال» «اَرَت» ئوممییە کە بەبێ مەحەل حەرفێ دەغم ئەکا ھەرچەند بە بەدەل ھەروەھا «اَلثَغ» کە بێ ئیددیغام ئەگۆڕێتەوە حەرفێ لە کەلام بەڵام قەید ناکا «لُثغه»یێکی کەم بە قەولی «ابن سريج»ی ئەکرەم مەکرووھە قودوە بە «فافا» و «تَم تام» ھەم بە «لاحِن»ێ نەگۆڕێ کەلام ئەگەر بیگۆڕێ و ناچار بێ، ئەشێ بۆ وەک خۆی باشە و بۆ قاری ناشێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی نوێژی جومعە برا لە باتی نوێژی نیوەڕۆ دوو ڕکات جومعە فەرزە لەسەر تۆ لەسەر ئەمری شەرع چەن شەرتی ھەیە ئەبێ بێنە جێ بۆ ئەم جومعەیە وەختی نیوەڕۆ و وەزعی جەماعەت قەسدیشی شەرتە لەسەر شەریعەت ھەم شەرتە بکرێ لە نێو وڵاتا یانێ لە خیتەی شار و دێھاتا کاتێ دوور کەوێ لە جێی مەعموورە یەقین ئەو جومعە لە سیححەت دوورە نابێ جومعەی کەی لەسەر پێشکەوێ یا بەیەکەوە دوان ڕێ کەوێ مەگەر زەحمەت بێ جا بە ناچاری تەعەددود ئەبێ بۆ ئەھلی شاری ھەم شەرتە چل پیاو ئازاد و ھۆشیار وەتەنی و جێگیر لە دێھات و شار نەک ژن و شێت و غەریب و ڕێبوار یاخود کۆچەری و نیشتەجێی دەوار بخوێنێتەوە خەتیبی ئەدیب دوو خوتبە لە بۆ ئیرشاد و تەئدیب ئەرکانی خوتبە پێنجن موحەققەق لە ھەردوویانا حەمد و سەنای حەق لەگەڵ سەڵەوات لەسەر پێغەمبەر ئینجا مەوعیزەی خێر و موعتەبەر پایانی ئەووەڵ ئایەتی قورئان ئەنجامی ئەمیان دوعای موئمینان لەش پیس نەبوونە و دەسنوێژێکی جوان خۆ داپۆشین و پاکی لەش و گیان خەتیب ڕاوەستێ لە ھەردوویانا باش دابنیشێ لە بەینیانا پێویستە چل کەس ڕوکنەکان ببیەن کەم و بیشێکیش مەعانی تێ بگەن لە پاش زەوال و لە پێش نوێژا بن بە زمانی عەرەب چاک داڕژا بن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوتبەی باقی نوێژەکان دوو خوتبە لەبۆ نوێژی جەژنەکان نوێژی باران و مانگ و ڕۆژ گیران ئەخوێنرێتەوە لەپاش نوێژەکان بە موناسیبی وەزعی ڕۆژەکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوتبەی مووسیمی حەج چوار خوتبەی بێ نوێژ سوننەتی حەجە دوو خوتبەی ڕۆژی حەوتی «ذي الحجە» ئەخوێنرێن لە نێو «مسجد الحرام» بۆ ئادابی حەج بە نەھجی ئیسلام یەکێ لە مینا، لە ڕۆژی جەژنا چوارەم لە ڕۆژی دەرچوون لە مینا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نوێژی جومعە بە کەمتر لە چل کەس ئەگەر ڕێ نەکەوت چل کەس بە تەحدید بە کەمتر لەوەیش ئەکرێ بە تەقلید چەن قەولی ھەیە حەزرەتی ئیمام موختارن لەلای عولەمای ئەعلام قەولێ بە دوو کەس، قەولێ بە چوار قەولێ دوازدە پیاوانی ئەحرار ئەووەڵ لە «جُمَل»، بەڵام «اِعانە» ئەڵێ تەقلیدیان بە باش بزانە کاتێ بە تەقلید جومعەت کرد ئەتۆ سوننەتە بشکەی نوێژی نیوەڕۆ بە جەماعەت بێ یاخود بە تەنھا فەقەت جەماعەت باشترە و بە بەھا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە چی ئەگەی بە جومعەدا؟ ھەرکەس ڕکاتێ لەم نوێژە بکا لە جەماعەتا بە جومعە ئەگا ئەگەرنا لەپاش سەلامی ئیمام نوێژی نیوەڕۆ بێنێتە ئەنجام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوننەتەکانی جومعە سوننەتە لەبۆ تاڵبی جومعە لەبەر ڕەزای حەق نەک ڕیا و سومعە خۆی بشۆرێت و نینۆکی بکات مووی بەر سمێڵ و سوننەتی لابات بکاتە بەری جلێکی خاوێن سپی بێ چاکە لە سەر تا داوێن خۆی بۆن خۆش بکا بەیانی بڕوا دەم بە زیکرەوە بە شەرم و حەیا نزیکی خەتیب بە دڵ گوێ بگرێ ئەگەر دووریش بوو بخوێنێ زیکرێ لە شەو و ڕۆژی جومعە مونەووەر سڵاوات زۆر بدا لەسەر پێغەمبەر خوێندنی «الكهف» ئەیزەن سوننەتە مایەی ڕزگاری فیتنە و زەحمەتە دوعا لە ڕۆژا زۆر موستەجابە بە خوسووس دوعای ساعەی ئیجابە کە خەتیب دانیشت لە سەری مینبەر تا ھەردوو خوتبە ئەگەنە ئەوسەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەکرووھات و موحەڕڕەمات و ئیعزاری جومعە خەرید و فرۆش پاش وەختی زەوال مەکرووھە لەسەر شەرعی «ذي الجلال» بەڵام ئەمانە پاش بانگی دووھەم قەتعەن حەرامن بە شەرعی ئەکرەم ھەنگاو ھەڵ ھێنان لەسەر شانی عام شەرعەن مەکرووھە و لای بەعزێ حەرام خواردنی شتێ کە ناخۆش بێ بۆی مەکرووھە و ئەبێ بە عوزریش لەبۆی ھەروەکوو قوڕی لەسەر ڕێگوزەر جلی وای نەبێ کە بیکاتە بەر یا سەرما و گەرمای لە تاقەت بەدەر یا ترسی فیتنە و ئاشووب و خەتەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوننەتەکانی خەتیب سوننەتە خەتیب وەختێ بێتە ماڵ عەدەد حازر بێ تەواو و کەماڵ جا سەلام بکا لەسەر جەماعەت نوێژی تەحییەیش بە شەرتی ویسعەت ئینجا سەرکەوێ بۆ سەری مینبەر یاخود شوێنێکی بەرزی موعتەبەر کە گەیشتە سەر ڕوو بکا لە عام بە دەنگێکی بەرز لێیانکا سەلام بانگدەر پاش جواب دەس بکا بە بانگ بە دەنگێکی بەرز شیرینی شەش دانگ لە کاتی بانگا دانیشێ خەتیب جا ھەڵسێتەوە بۆ وەعز و تەئدیب بە خوتبەیەکی کورتی بە مانا ئیڕشادیان بکا بۆ دین و دنیا بە دەستی ڕاستی لای مینبەر بگرێ بەرەو ڕووی کۆمەڵ ئەملا و لا نەگرێ بە چەپ شمشێرێ یاخود گۆچانێ پاڵی پێوەدا ھەتا ئەتوانێ لەپاش خوتبەکان فەورەن بێتە خوار دەس بکا بە نوێژ بە شەرم و ویقار کە نەجاتیان بوو ئیتر دڵشادن بۆ ئیشی خۆیان بە حەق ئازادن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی کورت کردنەوەی چوار ڕکاتی بە دوو ڕکات نوێژی نیوەڕۆ و عەسر و خەوتنان کورت ئەکرێنەوە لە سەفەرەکان کاتێ شرووتی جێبەجێ ببێ یەکەم مەسافە دوو مەنزڵ ڕێ بێ دووھەم حەڵاڵ بێ بڕینی ئەو ڕێ سێھەم بزانە کە بۆ کوێ ئەچێ چوارەم ئەمەیە ئیقتیدا نەکا بە ھەر ئیمامێ نوێژ تەواو ئەکا پێنجەم نیەتی قەسری بێتە دڵ لەگەڵ تەکبیرا ئەی برای فازڵ شەشەم زانینی ئادابی قەسرە حەوتەم دەوامی وەزعی سەفەرە ئیبتیدای سەفەر ئەی برای گیانی وەختێ کە دەرچی لە ئاوەدانی ئەگەر گوێ نەدا بە قەسری سەلات تا دوور کەوتەوە ڕێگەی چەن سەعات دوو مەنزڵ ڕێگای ئەگەر بۆ ماوە قەسری بۆ ئەکرێ لەو جێ بەولاوە *** کاتێ گەیشتی بە عەینی مەرام قەسرت بۆ ھەیە ئەی برای بە فام ئەگەر مانەوەی چوار ڕۆژی تەواو لە دڵتا نەبێ ئەی برای خۆش ناو بەڵکوو ئەگەر تۆ وەھات ھاتە دڵ بە کەمتر لە چوار حەل ئەبێ موشکڵ کە چی بۆت نەکرا بە قەزا و قەدەر تۆش ھەر لە فیکرای کە بڕۆیتە دەر ھەتا ھەژدە ڕۆژ لەسەر ئەم حاڵە شەرعەن قەسری نوێژ بۆ تۆ حەڵاڵە *** ئەمما بۆت نابێ قەسری نوێژ ئەگەر مانەوەی چوار ڕۆژ بێنیتە نەزەر ھەم بە قەراری نیەتی ڕجووع قەسری نوێژەکەت لێ ئەبێ مەمنووع کە گەڕایتەوە ئەگەر ھاتە جێ شرووتی پێشوو قەسرت بۆ ئەکرێ تا عەینی شوێنی ئیبتدای سەفەر وەھا لە شەرعا بووە موقەڕڕەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەمعی نوێژەکان نیوەڕۆ و عەسر، مەغریب و عیشا جەمع بکەرەوە «كَيفَ ما تَشاء» لە سەفەرێکا دوو مەنزڵ ڕێ بێ کە شەرتی قەسری تیا جێبەجێ بێ بۆ «جمع التّقديم» سێ شەرتی کامڵ قەرار دراوە، ئەی برای فازڵ نوێژی ئەووەڵیان لە پێشا بکەی ئینجا دووھەمیش ھیچ تەفرە نەدەی نیەتی جەمعی دووھەمت ببێ لەو کاتا ئەوەڵ ئەھێنیتە جێ با ھێشتا وەختی ئەووەڵیان مابێ بگەیتە ماڵ و سەفەر تەواو بێ *** قەرار دراوە بۆ «جمع التّأخير» دوو شەرت لەوانا قەت مەکە تەقسیر نیەتی جەمعت ببێ لەبۆیان بەر لە ئینتیھای وەختی ئەووەڵیان ھەروا سەفەرت دەوامی ببێ تا ئەو دوو نوێژە ھەردوو ئێنە جێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسر و جەمع بە یەکەوە وەکوو قەسر و جەمع بە یەکە یەکە ھەردوو پێکەوە ئەکرێن بێلەکە بەڵکوو واجبە لەگەڵ جەمعا قەسر کاتێ نیوەڕۆت گەیاندە لای عەسر مادام دەس نەدا لە وەختی ئەودا ھەردوویان تەواو بکەی بە ئەدا لێرا وەکوو جەمع قەسریش لازمە قسەی توحفەیە و قەولی عالمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: «جمع التّقدیم» لەبەر باران «جمع التّقديم»یش لە کاتی باران پایز یا زستان یا لە بەھاران سێ شەرتی ھەیە کاتێ کە ھەڵکەوت جەماعەت بۆ نوێژ دووری بۆ مزگەوت بارینی باران لە وەختی ئەووەڵ ئەووەڵ و ئاخر نەبێ موعەتتەل ھەم لە ئەووەڵی نوێژی دووھەمیان لە شەریعەتا کراوە بەیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەمعی تەقدیم و تەئخیر بۆ نەخۆش جائیزە لەبۆ نەخۆشی زویر ھەم «جمع التّقديم» ھەم «جمع التّأخير» قەوڵی ئیمامە ھەرچەن زەعیفە تەقلیدی بۆ خۆت گەلێ زەریفە موختاری «روضه» و «ابن المقري»یە «اذرعی» ئەڵێ «مُفتي بِهِ»یە ئەمما لە جەمعا تەقدیم یا تەئخیر لە شەرتەکانا ھیچ مەکە تەقسیر ھەم لازم ئەکا مەرەز و کەسەل ئەوەڵی ھەردوو، ئاخری ئەووەڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو نوێژانە کە سوننەتن لەسەر دوو بەشن نوێژانی سوننەت لە بەشێکیانا ھەیە جەماعەت بەیانیان ئەکەم بە نەھجی پایە لەسەر فەرموودەی ئەھلی دیرایە دوو ڕکات جەژنی ڕەمەزان و قوربان بەینی ئیشراق و زەوال بە میزان پاش ئەوان نوێژی کسووف و خسووف دوو ڕکات نوێژن بە شێوەی مەعرووف لە ھەر ڕکاتێ ھەیە دوو قیام بۆ دوو فاتیحە، دوو ڕکووع تەمام نوێژی ئیتیسقا بۆ داوای باران دوو ڕکات نوێژە بە شەرت و ئەرکان لەپاش ئەمانە دوو خوتبەی زەریف بخوێنێتەوە خەتیبی شەریف جا نوێژی وەتری بە قەدر و میزان پاش تەراوێحی مانگی ڕەمەزان یەک و سێ و پێنج و حەوت و نۆ و یازدە دوو دوو تەحیات و سەلامی ساز دە ڕکاتی ئاخر تەحیات و سەلام ئەم شێوە باشە بە شەرعی ئیسلام ئینجا تەراویح پاش عیشا تەمام بیست ڕکات دوو دوو، تەحیات و سەلام *** بۆ قیسمی دووھەم جەماعەت نییە بەوێنەی «ضُحي»ی ساحێب مەزییە لەپاش ئیشراقە تا وەختی زەوال دوو ڕکات تا ھەشت بە قەدر و ئیجلال جا نوێژی ئیحرام، جا نوێژی تەواف دوو ڕکات نوێژی بێشوبھە و خیلاف ئەمجارە نوێژی تەحییەی مەسجید لە نێو مزگەوت و ڕەحبەی مەساجید ئەمجارە نوێژی «سنّة الوضوء» کە دەسنوێژت گرت بەجێی بێنە زوو دوو ڕکات لە ماڵا کاتێ چوویتە دەر چ بۆ سەفەر بێ و چ غەیری سەفەر کە ھاتیتەوە لە سەیری سەفەر دوو ڕکات لە مزگەوت باشە و موعتەبەر لە بەینی وەختی مەغریب و عیشا نوێژی ئەووابین وەختیەتی برا لە دوو ڕکاتە ھەتا بیست ڕکات بەپێی ئارەزووی ئەوکەسەی ئەیکات نوێژی «تهجّد» یا «صلاة اللّيل» پاش بەعزێ نووستن بە ڕەغبەت و مەیل ھەم سوننەتە نوێژ بۆ ئیستیخارە یانێ داوای خێر لەو خەبەردارە «صلاة الحاجە» بۆ دەفعی حاجات دوو تا دوانزەیە، ئینجا موناجات زۆر خێری ھەیە «صلاة التّسبيح» لە ھەر ڕکاتێ حەفتا و پێنج تەسبیح لەپاش فاتیحە و سوورەتێ قورئان پانزە جار تەسبیح بۆ خودای مەننان دە لە ڕکووعا، دە لە ئیعتیدال ھەر سوجدەیێ دە، بێغەم و مەلال دە لە جلووسی مابەینی ئەوان دە بۆ دانیشتن لەپاش سوجدەکان چوار ڕکات نوێژە ڕۆژ بە یەک سەلام شەو بە دوو سەلام بگات بە خیتام بۆ وەتری غەیری مانگی ڕەمەزان جەماعەت نییە بە شەرعی یەزدان ھەروا ڕەواتیب خێریان دیارە بۆت بەیان بکەم لەسەر ژمارە دوو پێش بەیانی و پێش نیوەڕۆ چوار لەپاش نیوەڕۆیش چوارن بە قەرار چوار بەر لە عەسر و دوو بەر لە مەغریب دوو لەپاش مەغریب ئەی برای تالیب لە بەر و دوای عیشادا دوو دوو ژمارەی ئەمانە گەییە بیست و دوو *** موئەککەد لەناو قیسمی ڕەواتیب خێریان زۆرترە بە چەن مەراتیب دوو بەر لە سوبح و پێش نیوەڕۆ دوو پاش ئەو و عیشا و مەغریبیش دوو دوو پاش ڕوتبەی وەترە ڕاتیبەی سەحەر جا ھەشتەکەیتر بگرە بە نەزەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شۆرینی مردوو شۆرین و کفن و نوێژی مردوان دفنیشیان فەرزە گوێ بگرە جوان حەتتا مناڵی لەبارچووی مردوو ئەگەر نیشانەی حەیاتی پێ بوو غوسڵی ژن بۆ ژن، پیاو بۆ پیاو سوننەتی دینە ئەی برای خۆش ناو ھەروا دروستە عەکسی ئەمانە ئەگەر مەحرەم بن ئەو ئینسانانە ئەگەر ڕێ نەکەوت کەسێ مەحرەم بێ لەباتی غوسڵی تەیەمموم ئەکرێ عموومی لەشی چ پێست و چ موو چ پەنامەکی و چ بە دەرۆ بوو مناڵی نێری خەتەنە نەکراو تەیەمموم ئەکرێ پاش غوسڵی بە ئاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کفنی مردوو کفن پێویستە بۆ شەخسی مردوو بۆت بەیان ئەکەم حاڵی ببە زوو ساتیری لەشی سەرتاپای باڵا فەرزی قەتعییە، حەققە بۆ خودا دووھەم و سێھەم حەققە بۆ مردوو مەنعی ناتوانێ «وارث» ھەرکەس بوو بەڵێ ئەگەر قەرز ماڵی دابگرێ قەرزار ئەم دووەی پێ مەنع ئەکرێ لە سێ زیاتر خیلافە و مەھجوور ئەگەر وەرەسە تیا ببێ مەحجوور جا ئەگەر سێ بوون با لەفافە بن سپی و سەرتاپا و بە نەزافە بن ئەگەر بوون بە پێنج وایە موعتەبەر پیاو سێ لەفافە و کراس و مێزەر ژن دوو لەفافە و کراس و ئیزار لەگەڵ سەرپۆشێ پێی ئەڵێن خومار ئەژنۆ تا ناوک ئیزارە بیناس لە ناوک تا سەر پێی ئەڵێن کراس وردە پارچەکان لە ژێر لەفافە پێوە ئەپێچرێن زۆر بە لەتافە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نوێژی مردوو فەرز کیفایەیە نوێژ لەسەر مردوو لە دوای شۆرینی ئەندامی ھەموو بە شەرتی پاکی محەلل و جێگەی پاکی ئەو جلەیش بە سەریا ئەدەی بۆ پاکی جێگا حاشیەی جەمەل بەیانی ئەکا سەریح نەک موجمەل ڕوکنە چوار تەکبیر ھەموو لە قیام لەپاش ئەووەڵیان فاتیحە تەمام لەپاش دووھەمیان سەلات و سەلام پاش سێھەم دوعا، پاش چوارەم سەلام جەماعەت چاکە چاکتر بە سێ سەف بە ڕیوایەتی خەلەف لە سەلەف لەسەر چەن مردوو پێکۆ دابنرێ بە تەنھا نوێژێ ئیکتیفا ئەکرێ بەم شەرتە وەلی بەمە ڕازی بێ وە ئیللا بە جیا نوێژیان بۆ ئەکرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دفنی مردوو جا وەختی دفنە بۆ شەخسی مردوو لەسەر سەفەرە باشە بڕوا زوو بە وەزعی حورمەت بە سەیری سورعەت بۆسەر مەقبەرە بکەن حەرەکەت بە قەد قامەتێ قەبری قووڵ بکەن چاڵ و گۆڕیچە، یا چاڵ و لاکەن لەپاش داپۆشین سوننەتە تەڵقین ھەم دوعای تەسبیت بە دینی موبین ئەڕواحی مردوو باش ئاگادارن لە وەزعی خۆیان باش خەبەردارن ڕۆح جەوھەرێکە لەتیف و قودسی دوورە لە ماددەی کەسیفی شەخسی عالەمی قەبریش پێی ئە ڵێن بەرزەخ وێنەی بەھەشتە یا وێنەی دۆزەخ بە وێنەی نووستوو زەحمەت و ڕەحمەت واریدی ئەبێ نیقمەت و نیعمەت ھیچ قسەیش ناکا ھەتا نووستووە عەینەن ئەم وێنە وێنەی مردووە باوەڕت ببێ ئەگەرچی غەیبە فەرموودەی حەزرەت بێ شوبھە و ڕەیبە سابتمان بکا خالیقی کەونەین لەسەر جوابی باشی مەلەکەین بە یومنی ڕۆحی سەییدی ئەنام بڕژێ بە سەریا سەلات و سەلام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوکنی سێھەم لە فەسڵی سێھەمدا ئەڵێم بە عەونی «ربّ العالمين» لە سێھەم فەسڵا ڕوکنی سێھەمین ڕوکنی سێھەمین سەرفیترە و زەکات بە موسوڵمانی موستەحەق بدات ھەشت سینفن لەسەر بەیانی قورئان ئێستە چوارن بۆت ئەکەم بەیان فەقیر و میسکین سەفەری و قەرزار چوارەکەیتریان فەوتاون یەکجار ١. فەقیر فەقیر ئەوەیە ھەژار و لات بێ یا بەشێکی کەم بە دەستەڵات بێ مەسەلەن ئەگەر ویستی دە دیرھەم چوار دیرھەمی بێ یاخود لەوە کەم ٢. میسکین میسکین ئەوەیە لە کەسب و لە ماڵ شتێکی ببێ مەسرەفی حەڵاڵ ئەمما ناقیس بێ بەشێکی کەمی لە دەدا کەم بێ چوار دیرھەمی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرتی زەکات دان بە فەقیر و میسکین بەم شەرتە زەکات بەمانە ئەدرێ کەسیان نەفەقەی شەرعی وەرنەگرێ لە باب یا ئەولاد یا ژن لە شووی خۆی یا ئەو نەفەقەی کافی نەبێ بۆی ئینجا بۆ کاسب ئەونەی پێ ئەدرێ بکرێ بە مایە و کەسبی پێ بکرێ بۆ غەیرە کاسب ئەوەنە ئەدرێ بژی بە عادەت، ھەتاکوو ئەمرێ نابێ بە مانیع مەسکەن و لیباس ئەسپی سواری و حاجەت و ئەساس یا خاک و باخێ کە واریداتی کیفایەت نەکا بۆ نەفەقاتی یاخود کتێبی تەدریسی ئوستاد یا بۆ تیا خوێندن، یا وەعز و ئیڕشاد ھەم مانیع نییە کەسب نەکردن چ لەبەر تەدریس چ لەبەر خۆندن نەک بۆ مانەوەی لە خەڵوەخانە یا بە نەوافیل تەی کا زەمانە ٣. قەرزار سێھەم قەرزارە پێی ئەدرێ زەکات لەسەر دەستوورێ دەریخەم لەلات ئەگەر قەرزارە بۆ دەفعی فەساد یا بۆ ئیسڵاحی مابەینی عیباد پێی ئەدرێ زەکات با دەوڵەمەن بێ با نەخت و جینسی بە حوقە و مەن بێ ئەگەر قەرزارە بۆ نانی میوان یا بینای مزگەوت یا بۆ پرد و خان یا مەسڵەحەتی عاممەی ئیسلامی قەرزی ئەدرێتۆ گشت بە تەمامی مادام بە پارە دەوڵەمەن نەبێ ئیتر با ماڵ و ئەملاکی ھەبێ ئەگەر قەرزارە بۆ مەسرەفی خۆی مادام ئەو سەرفە حەڵاڵ بوێ بۆی یا حەرام بووبێ ئەمما بە ڕاسی تۆبەی کردبێ بۆ خودا ناسی پێی ئەدرێ زەکات ئەگەر خۆی نەیبێ ئەونە قەرزەکەی بکا جێبەجێ ھەروا زامنی قەرزاری ھەژار نەک یەکێ بمرێ بێ ماڵ و قەرزار ٤. سەفەری چوارەم ساحێبی سەفەری حەڵاڵ وەکوو سەفەری تەحسیلی کەماڵ یا سیلەی ڕەحمی برا و خزم و خوێش یا بۆ بینینی دۆستی دڵ ڕاکێش حەتتا سەفەری تەبدیلی ھەوا کە لەبۆ نەخۆش ئەبێ بە دەوا نەکوو سەفەری ئینسانی حەیران بێ سوود بگەڕێ لە دێ یا شاران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەکاتی باوک بۆ ئەولادی قەرزار باوک و دایکێکی ماڵ و سەروەتدار زەکاتی ئەشێ بۆ ڕۆڵەی قەرزار یانێ بەبۆنەی حاڵی قەرزاری نەک لەبەر حاڵی لاتی و ھەژاری ھەروا پێی ئەدا زەکاتی ماڵی لەبۆ مەسرەفی ژن و عەیاڵی چونکی مەجبوورە باوکی ساحێب ماڵ لەبۆ خەرجی خۆی نەک خەرجی عەیاڵ ھەروا ڕەوایە ژن بدا زەکات بە شووی فەقیری بێئەوزاع و لات با ماڵی بگا بە حەددی نیساب مادام بەش نەکا بۆ خەرجی ئەسباب توحفە لە باسی قیسمی سەدەقات ئەمانەی تیایە مەعلووم بێ لە لات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەکاتی فیترە یا زەکاتی سەر ھەرکەسێ بیبێ زیاد لە نەفەقە بۆ خۆی و ئەھلی کە موستەحەققە لە شەو و ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان سەرفیترە بێنی لەبۆ داماوان ئەندازەکەیشی بۆ ھەموو سەرێ لە قووتی غاڵب ساعێکە ئەدرێ ساعێ چوار موددە بە زەبتی عادیل چوار مشتە ئەمما مشتی موعتەدیل شەشسەد و ھەشتا و پێنج درەمی زیو چوارسەد و حەفتا و نۆ مسقاڵ و نیو بە وەزنی غڕام دو کیلۆی تەمام لەگەڵ سێسەد و نەوەد و حەوت غرام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەکات لە چەن شتا واجبە زەکات واجبە بەپێی شەریعەت لە نەقد و جینسی ماڵی تیجارەت لە ھەرچی بشێ بۆ قووتی ئینسان لەسەر ئارەزوو، نەوەک بۆ دامان وەکوو برنج و گەنم و جۆ و زەڕات ماش و نیسک و نۆک، ھەم باقی ئەقوات بەوێنەی خورما و مێوژ و ترێ ئەمانە ھەموو زەکاتیان ئەدرێ لە مەڕ و بزنا زەکات دەرئەکرێ وشتر و گایێ ئیشی پێ نەکرێ جا یەکە یەکە تەفسیلیان ئەدەین بەیانی شەرتی زەکاتیان ئەکەین لە ئاڵتوون و زیو دەرئەکرێ زەکات ئیللا خشڵی ژن بتبێ مەعلوومات حەددی زەکاتیان بەبێ باس و قاڵ بۆ زیو سەد و چل، ئاڵتوون بیست مسقاڵ ماڵی تیجارەت بەگوێرەی قیمەت حیسابی ئەکەن ئەھلی شەریعەت ئەمانە ھەردوو پاش موددەی یەک ساڵ چل یەکیان ئەدرێ تەواو و کەماڵ ئاڵتوون و زیوێ دەربکرێن لە کان چل یەکیان ئەدرێ بێ توولی زەمان خەزێنە کۆنەی پێش عەھدی ئیسلام پێنج یەکی ئەدرێ فەورەن «بِالتّمام» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەددی زەکاتی قووت پێنج ویسقی تەواو نیسابی قووتە ئەگەر لە توێکڵ سادەیە و ڕووتە دە ویسقە ئەگەر بە قەپاخ و تووک ھەڵگیرێ، وەکوو پەڕشە یا چەڵتووک ئەو پێنج ویسقانە کە حەددی قووتە ھەزار و شەشسەد ڕیتلی مەقسووتە جەمعەن چوون ڕیتلێ نەوەد مسقاڵە سەد و چل و چوار ھەزار مسقاڵە ھەر مسقاڵێکیش ئەکا پێنج غرام بۆیە حەوت سەدە و بیست کیلۆی تەمام بە تەنەکەی نەوت کە پێی ئەڵێن پووت چل و شەش تەنەکەی دار ماڵی مەزبووت بە وەزنی تەبریز کێشانەی نیساب دووسەد و بیست و پێنجە بە حیساب دەیەکیان ئەدرێ ئەگەر بە باران ئاو بخۆنەوە یا بە جۆباران ئەگەر ئاو بدرێن بەوێنەی دۆڵاب بیست یەک واجبە بە گوێرەی حیساب دوو قیسم گەنم ئەدرێنە دەم یەک لە ساڵێکا بن بەبێ شوبھە و شەک نەک دوو نەوعە قووت لە یەک جیا بن پێویستە ھەموو لەمە ئاگا بن کرێی جووتیار و وەرزێری خەلە نابێ دابشکێ لە عەینی خەلە حەقدەسێ وەکوو حقووقی شوان عەلاقەی نییە لەسەری حەیوان ھەروەھا حەقی ساحێب زەوییەکان جیا ناکرێتەوە لە جەزری خەرمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەیوانێ کە زەکاتی لێ بدرێ حەیوانی زەکات وا موقەڕڕەرە وشتر و گایە، ھەم بزن و مەڕە وشتر حەواڵەی وشتردارانە گا و بزن و مەڕ ھەن لەم کوردستانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەکاتی گا لە سی سەر گادا یەک ساڵێکی مێ ئەدرێ بۆ زەکات بە موحتاجی جێ کە گەیی بە چل دوو ساڵێ ئەدرێ بێ عەیب و نوقسان بەم شەرتە مێ بێ کە گەیی بە شەست نێرێکی دوو ساڵ ئیتر ئەگۆڕێ فەرزی ساحێب ماڵ یانێ بۆ سی سەر نێرێکی یەک ساڵ یا لە چل سەرا مێیەکی دوو ساڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەکاتی بزن و مەڕ ھەر نەوعێکت بوو لە بزن و لە مەڕ سەرێکی ئەدرێ کە بوو بە چل سەر ئەگەر بزنت دا فەرزە دوو ساڵێ ئەگەر خۆ مەڕ بوو باشە یەک ساڵێ سەد و بیست و یەک حەقی دوانە بۆ دووسەد و یەک واجب سیانە لە چوارسەد سەرا واجب چوارە ئەوجا بۆ سەد سەر سەرێ قەرارە بۆ زەکات ناشێ عەیبدار و نەخۆش بەرخ و کارژەلە، ئەی برای بە ھۆش مەگەر نیسابی لە ساڵابمرێ جا لە بەچکەکان زەکاتیان ئەدرێ مەسەل کە چل سەر کاریان لێ ببێ لە عەینی ساڵا دایکیان بمرێ لەم چل بەچکەدا بەچکەیێ ئەدرێ ساڵی دایکیشیان بۆ حیساب ئەکرێ یا چل کار بکڕێ و ساڵ بەسەرا بێ ھەر لەو بەچکانە زەکاتیان ئەدرێ چوارسەد سەر بزن لە ساڵا بزێ چوار بزن و چوار کار بۆ زەکات ئەدرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرتی زەکاتی حەیوان خۆ لەوەڕین و چاودێری شوان تەواو بوونی ساڵ شەرتە بۆ حەیوان بەڵێ بۆ بەچکەی عەدەدی نیساب ساڵی دایکیان بۆ ئەکرێ حیساب مەسەل کە چل سەر دوو کارە بزێ ئیللا یەکێکیان سێ کاری ببێ چوون گەیشتوونە سەد و بیست و یەک دوو سەر زەکاتیان لێ ئەدرێ بێشەک ساڵی دایکیشیان لەبۆ حیسابە چونکی چل حەیوان ڕێکی نیسابە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ زەکاتێ وا لە زیممەی مالیکا و چ وا لە عەینا زەکاتی ماڵی تیجارەت ھەموو وا لە زیممەدا ئەی برای خۆش ڕوو زەکاتی نەقد و قووت و حەیوانات وا بە عەینەوە، مەعلووم بێ لەلات کاتێ واجب بوو زەکاتیان، ئەبێ ھیچ تەسەڕڕوفێ لەو ماڵا نەکرێ ھەتا زەکاتیان تەواوی ئەدرێ یا ئەگەر قووتە بۆت تەخمین بکرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە چ ماڵێکا زەکات نادرێ زەکات نادرێ بە قەولی ئیمام لە ماڵی مەوقووف بۆ جیھەتی عام وەکوو مەوقووفەی فوقەڕا و ئەیتام وەکوو تەلەبەی عولوومی ئیسلام ئەمما مەوقووفەی چەن کەسی مەحدوود وەکوو دە شەخسی مەعلووم و مەعھوود زەکاتی ئەدرێ چوون موڵکی خاسە ئەم مەسئەلەیە بێ دەنگ و باسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کێ زەکات لە ماڵی مەحجوور ئەدا لە ماڵی شێت و سەفیە و ئەیتام وەلی دەرئەکا زەکات «بِالتَّمام» وەلی خاسی خۆی یا خود وەلی عام یانێ قازی شەرع بۆ ئیمزای ئەحکام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەقلید کردنی ئیمامی ئەعزم لەسەر مەزھەبی ئیمامی ئەعزەم ڕازی ببێ لەو خەللاقی عالەم دروستە زەکات یا فیترە بدرێ بە تەنھا شەخسێ لە ھەر سینفێ بێ ھەروا دروستە بۆ فیرقەی سادات کاتێ خومسیان بە حەق پێ نەگات ئەیزەن ڕەوایە تەسلیمی قیمەت بۆ فیترە و زەکات ھەم بۆ کەفارەت نەقڵیش دروستە بەبێ کەراھەت لەبۆ ئینسانی ساحێب کەڕامەت وەکوو ساڵح و عالمی نافیع وەکوو تەڵەبە و ئینسانی واریع یا لەبۆ خزمێ کە بێنەوا بێ نەوەک بە لاتی سووک و ڕیسوا بێ ئەمما مەکرووھە بێجگە لەمانە باش ئاگات ببێ لەم ئەحکامانە دەی زۆر زەریفە تەقلیدی بکەی کاتێ کە زەکات بەو نەوعە بدەی ئەزھەری دوو قەوڵ لەلای شافیعی نەقڵی مەمنووعە بە مەنعی قەتعی بە غەیرە ئەزھەر نەقڵی ڕەوایە زۆر شافیعییەیش فیکریان وایە ڕێی ڕەفتار کردن بەو قەوڵە ئەدرێ ھەروا تەقلیدی ئەمانەیش ئەکرێ ئەوا دەرنەچووی لە قەولی ئیمام بۆ نەقڵی زەکات مەقام بە مەقام *** دەفعی بە یەکێ لە موستەحەققان لە تەنھا سینفێ لە ھەشت سینفەکان جائیزە لەسەر قەولی «اصطخري» با سەییدیش بێ بۆ حیفزی فەخری تەقلیدێ باشە ھەرکەس ئەپرسێ تەعلیمی بکە و دڵت نەترسێ *** دروستە قەبز و ئەقبازی وەکیل ھەروا ڕەوایە تەقدیم و تەعجیل بەم شەرتە ئەوەی کە وەری ئەگرێ لە کاتی وجووب شەرعەن پێی بدرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەسڵی چوارەم لە چوارەم فەسڵا ڕوکنی چوارەمین ڕۆژووی ڕەمەزان لەسەر ئەھلی دین فەرز ئەبێ ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بە تەواو بوونی سی ڕۆژەی شەعبان یاخود پیاوێکی ئازادی تەواو مانگی یەک شەوە ببینێ بە چاو کاتێ لای قازی شەھادەتی دا بەو شەھادەتەیش قازیش حوکمی دا فەرز ئەبێ ڕۆژوو لەسەر خاس و عام بینا بە حوکمی مەحکەمەی ئیسلام یا بە تەواتور ئەگەر ھاتە جێ بینینی مانگی یەک شەوەی ئەو جێ *** ھەرکەس بە تەنھا خۆی مانگ ببینێ لەسەر خۆی فەرزە نیەت بھێنێ بۆ ھەرکەسێکیش پێی باوەڕ بکا قسەی ئەو کەسە سیرایەت ئەکا لەسەر نیشانەیش ئەدرێ ئیعتیماد لەبۆ ھەرکەسێ بکا ئیعتیقاد نیشانە وەکوو تۆپی نێو شاران ئاگری سەر کێو چرای مناران «رملي» ئەڵێ شەخسی حیسابگەر حیسابی بۆ خۆی باشە و موعتەبەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەئسیری حوکمی وڵاتێ بۆ وڵاتێکیتر حوکمی ھەر شوێنێ مانگی تیا بینرا بۆ ھاو مەتلەعی ئەو شوێنە ئەڕوا یەکیەتی مەتلەع ئەمەیە دوو شار یەک خەتیان ھەبێ بۆ «نصف النّهار» شیمال و جنووب تەئسیری نییە تەئسیر بە فەرقی شەرقی و غەربییە مابەین کە کەمتر لە سێ مەنزڵ بێ نابێ ئیختیلاف لەوێ حاسڵ بێ «ابومخرمه» تا ھەشت دەرەجە فەرقی مەغریبیان ناکا بە حوججە زیاد لە نیو سەعات لەپاش ڕۆژەڵات خەڵکی ڕۆژاوا وەعدەیان ئەگات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کام جەژن خاسە و کام جەژن عامە ئینجا بزانین جەژنمان کامە کام جەژن خاسە و کامەیان عامە کە ڕۆژوومان گرت بە حوکمی حوککام لەپاش سی ڕۆژە جەژنە لەبۆ عام وە ئیللا نابێ جەژنی عام بە ماڵ ھەتا نەبینرێ ھیلالی شەواڵ یەعنی دوو عادڵ ببینن بە چاو شایەتیش بدەن لای قازی تەواو بەڵام بینینی یەک شەخسی عادڵ جەژنی عموومی پێ نابێ حاسڵ ھەروەھا فاسق بەبێ تەواتور جەژنی عوموومی پێ نابێ زاھیر بەڵێ بۆ ھەرکەس کە باوەڕ بکا دروستە شەرعەن جەژنی پێ بکا لە بەر و دوای زەوالا ھیلال قەتعەن دائەنرێ لەبۆ ئیستیقبال یانێ ئیفتاری ئەو ڕۆژە نابێ موسوڵمان ئەبێ لەمە ئاگا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرتی ڕۆژوو چییە؟ شەرتی ڕۆژووە نیەتی ئینسان بە شەو بۆ ڕۆژووی ڕۆژی ڕەمەزان نابێ ھیچ عەینێ بە ڕۆژا بڕوا بە خاڵیایی ئەندامی تۆدا وەکوو کراکە و برناخ و گەروو سک، بەر و دوا، حاڵی ببە زوو زەرەری نییە بە دڵ نەلەرزی بگاتە ڕەگت دەرمانی دەرزی ھەم بێزەرەرە دەرمانی ئەجزا با تەئسیر بکا لە مۆخ و ئەعزا چونکی سک نییە بە عورف و عادەت «مغني» ببینە و وەربگرە حیکمەت بەڵێ کە دەرزی گەییە نێوی سک ڕۆژوو ئەشکێنێ بەبێ شوبھە و شک زەرەری نییە تۆزی سارا و دەشت تەئسیری کلیش کە چاوت پێ ڕەشت دووکەڵی کوورەیش بە قەدەر عادەت نەک ھی جگەرەی تاڵی پڕ بیدعەت پارێز لە عەمدی جیماع و ئینزال خۆ ڕشانەوە شەرتە بێ جیدال جیماعی عەمدی بۆ شەخسی فاعیل قەزا و کەفارەت پێی ئەبێ حاسیل ئازاد کردنی عەبدێکی بە دین لە عەیبی عەمەڵ سالم بێ و ئەمین جا ڕۆژووی دوو مانگ لەپاش ڕەمەزان ئیفتاری ڕۆژووی نەیەتە ناویان ئینجا نان دانی شەست کەسی میسکین بۆ ھەر یەکێکیان موددێ، قووتی ژین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوننەتی ڕۆژوو تەعجیلی ئیفتار شەرعەن سوننەتە کە خورما نەبوو ئاو بێمننەتە لە جەماعەتا نوێژی تەراویح جێبەجێ بکە بە نەھجی سەحیح بە شەو بێدار بە ھەتا ئەتوانی مەخسووس شەوانی نیوەی پایانی «لیلة القدر»یش زۆر بەناوبانگە خێری ئەوەندەی یەک ھەزار مانگە لە تاقەکانی دە ڕۆژەی ئاخیر لە سەری ھەیە حەدیسی زاھیر بۆیە گوم کرا وەختی بە تەعیین زۆر کۆشش بکەی بۆ ڕەفتاری دین ئەعلای سوننەتی مانگی ڕەمەزان سەدەقە و خێرە و خوێندنی قورئان حەزرەتی خاتەم وەکوو بای شەماڵ خێری ئەگەیی بە شەخسی بێحاڵ تەئخیری پارشێو ھەروا سوننەتە سەراسەر فەزڵ و خێر و حیکمەتە *** ئەمە بوو زاھیر ئادابی ڕۆژوو ئەمما پێت ئەڵێم حاڵی ببە زوو ڕۆژووی حەقیقی بۆ گشت ئەعزایە چوون غایەی ڕۆژوو خێر و تەقوایە باش بپارێزە دەم و گوێچکە و چاو لە قسە و باس و نەزەری خراو بە دەست و بە پێ قەت زەرەر نەدەی ئیحسانی ڕۆژووت بە بادا نەدەی دڵت بە یادی خوا ئاوا بێ دەمت مەشغووڵی زیکری خوا بێ ئەوەندە بنوە گیانت ڕەحەت بێ ئیتر با ئیشت ھەموو تاعەت بێ خۆلاسە ڕۆژوو خاسی خوایە «الصِّيامُ لي» مەعناکەی وایە ئەگەر ڕەمەزان وا ببەیتە سەر ئەگەی بە ڕەزای خەللاقی ئەکبەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژوو نەگرتن بۆ کێیە و شەرتی چییە؟ ڕۆژوو نەگرتن تەجویزی ئەدرێ بۆ موسافرێ دوو مەنزڵ ببڕێ ھەم بۆ نەخۆشی بە ئێش و ئازار ئیجازە ھەیە شەرعەن بۆ ئیفتار ھەروەھا حائیض ھەم شەخسی مەحسوور بۆ ئیشی گران ناچار بێ و مەجبوور «تُحفە» بھێنە و بیخوێنەرەوە ئەم مەقسوودانە لێک بدەرەوە لەپاشا قەزا بەبێ کەفارەت لازمە بۆیان بەپێی شەریعەت ژنی حامیلە یا ژنی شیر دەر بۆ حەمڵ و مناڵ ببینێ زەرەر فەرزە لەسەریان ئیفتار و قەزا فیدیەش لازمە بۆ ئەجر و جەزا پیر و نەخۆش و پیاوی شلەپەت ھەر فیدیە ئەدەن بیگرە گوێچکەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیدیەی تەفرەدانی ڕۆژوو ھەرکەس تەفرەی دا قەزای ڕۆژووەکان ھەتا بێتەوە مانگی ڕەمەزان قەزای لە سەرە و فیدیە بۆ فەقیر ھەر ڕۆژێ موددێ بێتوول و تەقسیر تیکراری ھەیە بە تیکراری ساڵ کە فەوتا قەزا لەپاش ئەووەڵ ساڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەفارەتی نوێژ و ڕۆژوو بۆ مردوو مردوو بۆ ڕۆژوو ئەگەر قەرزار بێ زوو چاری بکەن نەک گورفتار بێ ڕۆژووی بۆ بگرێ خزم و خوێشی خۆی یا بڵێن بە یەکێ ڕۆژوو بگرێ بۆی یا بۆ ھەر ڕۆژێ موددێ لە تەعام بدا بە داماو لە باتی سیام بۆ نوێژی فەوتاو برای بە ئەدەب عیلاجی نییە بە ئەسڵی مەزھەب بەڵام بە قەوڵی قەدیمی ئیمام قەزای جائیزە بەوێنەی سیام «قفال» نەقڵ ئەکا لە بڕێ ئەسحاب لەبۆ ھەر نوێژێ موددێ بە حیساب وەجھێکیش ھەیە موختارە لەلا گەلێ ئەسحابی شافیعی والا وەلی کەفارەت بدا بە ئیتعام لەبۆ نوێژەکەی بەوێنەی سیام تەقلیدیان ئەکرێ بۆ نوێژ و ڕۆژوو کەفارەت ئەدرێ گەلێ زوو بە زوو ئەگەر تاڵبی بۆ ئاسانی کار قیمەتی تەعام بدەی بە ھەژار تەقلیدی ڕەئیی حەنەفییەکان ئەم ئیشە سەختەت بۆ ئەکا ئاسان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژووی سوننەت ڕۆژووی سوننەتیش گەلێ ئیحسانە باعیسی قەدر و قورسی میزانە شەش ڕۆژی شەوال لەپاش ڕەمەزان نۆ ڕۆژەی ئەووەڵ لە مانگی قوربان مەخسووس عەرەفە بۆ غەیری حەجاج لەبۆ ڕۆحی تۆ ئەبێ بە میعراج نۆھەم و دەھەم لەگەڵ یازدەھەم لە ڕۆژەکانی مانگی موحەڕڕەم سیازدە و چوارە و پازدەی بەناوبانگ سێ ڕۆژەی ئاخر لە ژمارەی مانگ ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ پێنج شەممە باعیسە لەبۆ خەیر و مەرحەمە غەیری ئەمانەیش کراون بەیان بڕۆ بپرسە لە عولەماکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوکنی پێنجەم لە فەسڵی پێنجەم ڕوکنی پێنجەمین لە فەسڵی پێنجەم حەجی «بيت اللّه»، کەعبەی موعەززەم لە عومرا جارێ فەرزە ئەم حەجە لەگەڵ عەمرەدا بەم شەرت و نەھجە ھەتا دێتەوە کافی بێ ماڵی بۆ خەرجی خۆی و ئەھل و عەیاڵی ئەندامی ساغ بێ و ڕێگە بە زاھیر دوور بێ لە فیتنەی دوژمنی قاھیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەرکانی حەج چەندێکە؟ ئەرکانی شەشن، ئەووەڵیان ئیحرام قەسدی داخڵ بوون لە حەجی ئیسلام دووھەم وەستانی خاکی عەرەفات با کەمتریش بێ لە موددەی سەعات پاش وەختی زەوال لە ڕۆژی نۆھەم تا بەرەبەیان لە ڕۆژی دەھەم سێھەم تەوافی «بیت اللّە»ی ئەکرەم لەبەر فەرموودەی خواوەندی عالەم چوارەمین سەعیە، یانێ ڕاکردن نەک بە دەستووری خۆ ماندوو کردن لە نوقتەی سەفا تا نوقتەی مەروە بە سیدق و سەفا، بە زەوق و جیلوە پێنجەم تاشینە یا قرتانی موو شەشەم تەرتیبە وەکوو مەعلووم بوو ھەر ڕوکنێ بۆ حەج مەشموولی ئەمرە بێجگە لە وەستان، ڕوکنە بۆ عەمرە ئەرکانی تەواف حەوتن براکەم بۆت بەیان ئەکەم ببە خاترجەم یەکەم بێتە جێ لەپاش عەرەفات لە شەو و ڕۆژی جەژنی بێئافات پاکی بەدەن و پۆشینی عەورەت پاکی لە حەدەس، ھەم لە جەنابەت حەوت دەورە ئەم سەر «حجر الأسود» لای چەپتەوە بێ «بيت اللّه»ی ئەمجەد ھەر ڕوکنێ فەوتا نوسوک بەتاڵە پێویستە قەزایش لەپاش ئەو ساڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واجباتی حەج چەندێکە؟ واجبی حەجە ئیحرام لە میقات میقاتیش زۆرن بە گوێرەی وڵات لە موزدەلیفە بە شەو بمێنی لە نیوەی دوای شەوەکەی جەژنی ڕەمی «جمرة العقبه»ی مەخسووس لە ڕۆژی جەژنا حەوت ڕەمیی مەنسووس پاش سەر بڕینی دیاری قوربانی پێش «طواف الرّكن» زۆر بە جوانی ڕەمی سێ جەمەرەی «ايّام التّشريق» ھەریەکێ حەوت بەرد بە وەجھی تەحقیق وەختی ئەمانە لەپاش زەوالە تەرتیب لە بەینا بێقیل و قالە ئەووەڵ و وەسەت، ئەمجا عەقەبە لەسەر ئەمری شەرع وا موڕەتتەبە مانەوەی زۆری شەوانی تەشریق لە خاکی مینا واجبە تەحقیق «طواف الوداع» بۆ ماڵ ئاوایی بە زەوق و ئیخلاس کاتی جیایی ئەم واجباتە ھەرکامیان نەکەی بە سەرێ حەیوان تۆڵەکەی ئەدەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە چەن جۆر حەج و عەمرە ئەکرێن؟ ئەم حەج و عەمرە ئەکرێن بۆ عیباد بە سێ تەریقە، ئەفزەڵیان «اِفراد» ئیحرام ببەستێ بۆ حەجی شەریف لەسەر میقاتی مەعلوومی زەریف پاش حەج بڕواتە خاریجی حەرەم ئیحرام ببەستێ بۆ عەمرە بێغەم دووەم «قِران»ە بۆ ھەردوو یەک جار ئیحرام ببەستێ و دەس بکا بە کار سێھەم «تمتّع» بەم نەوعە ئینسان ئیحرام ببەستێ بۆ عەمرە جوان لەپاش عەمرەکەی بە حوسنی مەنھەج ئیحرام ببەستێ لە مەککە بۆ حەج ئەھلی تەمەتتوع فەرزە سەر ببڕێ حەیوانێکی ساغ بزنێ یا مەڕێ حەوت یەکی گایێ یاخود وشترێ جێگەی حەیوانێ سەربەخۆ ئەگرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چی حەرام ئەبێ بە ئیحرام؟ کاتێ داخڵ بووی بە شێوەی ئیحرام لێت مەمنووع ئەبێ شەش فەرمان تەمام ئەووەڵ پۆشینی دووراوێکی وا کە دەورە بدا بە لەشی تۆدا یا بە یەک ئەعزا لە ئەعزاکانت وەکوو سەر یا دەست یاخود پێکانت ئەمما قەی ناکا کە بکەیتە مل قایشی شیر و کیف و حەمایل یاخود پشتێنێ ببەستیتە پشت تێی ھاوی پارە و پێویستی خۆت گشت یا ئەو ئیزارە پێچاویەتە خۆی گرێی لێ بدا تا ڕاوەستێ بۆی ئەمما ڕیداکەی نابێ گرێدا نابێ بە دەرزی تەقەڵی لێدا ھەروا مەمنووعە پۆشینی ڕووی ژن نەک باقی ئەعزا، گوێ بگرە لە من دووھەم مەمنووعە لە ئەھلی ئیحرام بۆن خۆشی لەبۆ لیباس و ئەندام سێھەمین چەوری لەبۆ ڕیش و سەر لەو ئیحرامەدا ھەیەتی زەرەر چوارەم بڕینی نینۆک و مووە لە موددەی ئیحرام لێت مەمنووع بووە پێنجەمین نابێ حەیوانێ بگرێ لە وەحشی و بەڕی کە گۆشتی بخورێ ئەمانە مەنعن لە کاتی ئیحرام فیدیەیان ئەوێ بە دینی ئیسلام شەشەم جیماعە لە کاتی ئیحرام بەتاڵ ئەکاتۆ حەجت بە ناکام ھەرچەن واجبە ئیتمامی عەمەل واجبە فیدیە و قەزای موستەعجەل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوننەتەکانی حەج سوننەتی حەجە پێش چوونە ئیحرام غوسڵ و دوو ڕکات «سنّة الإحرام» «لَبَّيكَ لَبَّيْك» پاش چوونە ئیحرام بە سیدق و ئیخلاس بۆ خودای عەللام «طواف القدوم» بە نەھجی مەعرووف کە چوویتە مەککە پێش فیعلی وقووف سوننەتە ئیفراد قورسە بە میزان لە تەمەتتوع و لە وەزعی قیڕان لەپاش تەوافی «بيت اللّه»ی عەزیم دوو ڕکات لە پشتی جێگەی ئیبراھیم پاش حەج سوننەتە بۆ دەسەی حەجاج زیارەتی مەرقەد شای ساحێب میعراج ڕوو بکاتە جێگەی ئەو شاھی دینە بکەوێتە ڕێ لەبۆ مەدینە سەڵەواتی زۆر بەڕێوە بدا لەسەر سەییدی «فخر الأنبيا» ئەجزای ئەندامی بکا بە دەماخ بۆ بۆنی خۆشی شای ڕوخسار گوڵباخ دڵ بگرێ وێنەی مینای زەڕەبین بۆ ڕۆژی ڕۆحی «فخر المُرسلين» کە گەیشتە شار با خۆی بشۆرێ لە بیری «حرّه» و جلی بگۆڕێ کە چووە مزگەوت حەجاجی ڕەھبەر دوو ڕکات نوێژ بکا لە پاڵی مینبەر لای ڕاستیەوە بێ کۆڵەکەی مینبەر وا بوو وەستانی حەزرەتی سەرەوەر ئینجا بێتە لای «روضه»ی شەریفی ڕوو بکاتە قەبری پاک و نەزیفی ڕاوەستێ بە شەرم بۆ ساحێب مەقام تەقدیمی بکا سەلات و سەلام بپاڕێتەوە لە خودای عالەم بۆ بەرزی پایەی حەزرەتی خاتەم سکاڵا بکا بۆ گوناھی خۆی بەڵکوو خوداوەند ڕەحمێ بکا پێی جا بێتە دواوە گەزێ بە تەحقیق بۆ مواجەھەی فارۆق و سددیق زوو سەلام بکا لە ھەردوو شەیخەین بووبەکر و عومەر ساحێب عیلم و عەین بپاڕێتەوە لە خودای ئەکبەر بۆ بەرزی پایەی بووبەکر و عومەر باقی خولەفا و سائیری ئەسحاب ھەم ئال و بەیتی شای عالی جەناب ھەم دوعا بکا بۆ بەرزی ئیسلام بۆ ئەھلی سەڵاح، خەواس و عەوام بپاڕێتەوە بۆ ئیسڵاحی عام لەبۆ تەوفیقی دائیرەی ئیسلام ئینجا بێتەوە بە ئاگاداری خۆی بپارێزێ لە شەرمەساری بەڵکوو بەو نوور و سیمای شیرینە وەری گرتووە لەو ڕوکنی دینە بمێنێتەوە ھەتا قیامەت چرای ئیمانی ساغ و سەلامەت *** ئەمە پێنج فەسڵەی ئەرکانی ئیسلام لە بابی ئەووەڵ گەیشت بە خیتام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بابی دووھەم جا با دەست بکەین بە بابی دووھەم بە تەوفیقی خوای عەللامی ئەکرەم الاْءيمانُ أَنْ تُؤْمِنَ بِاللّهِ وَ مَلائِكَتِهِ وَ كُتُبِهِ وَ رُسُلِهِ وَ بِالْيَوْمِ الاْخِرِ وَ بِالْقَدَرِ خَيْرِهِ وَ شَرِّهِ بابی دووھەم مان شەش فەسڵە عەیان ئەرکانی ئیمان بۆت ئەکەم بەیان ئیمان بە خودا ھەم بە فریشتە پێغەمبەرانی عالی سروشتە بەو کتێبانەی جیبریلی ئەمین ھێنانی بە حەق لەبۆ موڕسەلین بە قیامەت و بە قەزا و قەدەر لەسەر فەرموودەی ئەعلای پێغەمبەر ئەم ئەرکانانە ئوسووڵی دینن مایەی ڕزگاری گشت موئمینینن لە پێشا باشە باسێ لە ئیمان تا بەعزێ مەقسەد دەرکەوێ لێمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی ئیمان بە قەولی جمھوور لە موتەکەللیمین زومڕەی فوقەھا ھەم موحەددیسین ئیمان تەسدیقە و ڕەفتار و ئیقرار سێ جوزئن بێ یەک ناکرێن ئیعتیبار لەلای بەعزێکیش تەسدیقە و ئیقرار تیا داخڵ نییە عەمەڵ و ڕەفتار ئەمما بە قەولی گشت موحەققیقین ئەسحابی عیلم و ئەڕبابی یەقین ئیمان تەسدیقە بە مەعنا باوەڕ بەوەی ھێناویە ڕەسوولی سەروەر بە گوێرەی تەفسیل بۆ موفەسسەلات بە گوێرەی ئیجمال لەبۆ موجمەلات خاریجی ئەوە ڕەفتار و ئیقرار بەڵێ لازمە ئیقرار بۆ ئاسار یانێ بۆ ئیجرای حوکمی دین لەسەر ھەرکەس موئمینە بە دینی سەروەر ئەم تەسدیقیشە عیلم و عیرفانە کەیفی نەفسانی شەخسی ئینسانە ئەبێ تەسلیمیش لەگەڵ ئەودا بێ بێ ڕەزا و تەسلیم موعتەبەر نابێ با باوەڕ بکا کە قسەی ڕەسوول بە نەھجی واقیع سابتە و مەقبووڵ کە عینادی کرد لە ڕەزا و تەسلیم حەتمەن کافرە بە شەرعی سەلیم ئەمە تەحقیقی عەللامەی «سَعد»ە بەمە حەل ئەبێ چەن شوبھە و عوقدە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیمانی تەقلیدی بە کار دێ یا نە؟ بە تەقلیدی غەیر بە قەولی جمھوور ئیمان یێتە جێ بە تیبقی مەشھوور فەقەت ئەشعەری ئیمامی جەلیل ئەڵێ پێویستە بۆ ئیمان دەلیل بەعزێ عولەما بە وەجھی تەحقیق لەم بەینا ئەکەن تەقریب و تەوفیق حەمل ئەکەن قەولی جمھووری جەلیل لەسەر تەقلیدی و ئیجمالی دەلیل ڕەئی ئەشعەریش حەمڵ ئەکەن لەسەر تەقلیدێکی ڕووت، بێ فیکر و نەزەر مەعلوومە ئەمە زەعیفە و عەلیل چونکا لازمە «في الجملە» دەلیل با نەیبێ قووەی بەحس و ئیستیدلال بۆ ڕەددی ئەھلی شەغەب و جیدال واقیعەن عاقڵ بێ دەلیل نابێ بە تەقلیدی ڕووت قەت زەلیل نابێ وەکوو بیستوومە شەخسی دەشتەوان ھاتە دەم وەکوو پیاوێکی زۆر زان ئیتسدلالی کرد بۆ بوونی خودا بە جێ پێی ئینسان لە عەرزی ڕێدا وەکوو بۆ تەوحید کوردێکی جەسوور کردی بە دەلیل ئاشی بێستان سوور ھەتا یەکێ بوو ئاشەوانەکەی حیساب نەئەکرا ئاردە شانەکەی ئیمڕۆ دوو بەشە و ئاشەوان دووە ئەو ئاشە باشە بێ ئاو نوستووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئایا ئیمان تەفاوت ئەکا بە نەقس و زیاد، یانە؟ ئەگەر کردەوە جوزئی ئیمانە تەفاوەت لەوا تەواو عەیانە ئەگەر ئیقرار و تەسدیقە ئیمان یاھەر تەسدیقە وەکوو زوو وتمان تەوفاوت ناکا بە نەقس و زیاد یەک مەرتەبەیە بۆ ھەموو عیباد چوون لەسەر ئەووەڵ ئیمان بێ ئیقرار قەت نایەتە جێ و ناکرێ ئیعتیبار تەسدیقیش ڕاستە عیلمێکە جازم زیاد و کەم ناکا بە عەقڵی حازم فەقەت عولەمای سەردەستەی ئەفکار خیلافی ئەمە ئەکەن ئیعتیبار چونکی ھەر تەسدیق بە چەن دەرەجات تەفاوەت ئەکا بۆت ئەکەم ئیسبات بە «علم اليقين»، بە «عين اليقين» بە «حقّ اليقين» لەبۆ سددیقین جا نەخوازەڵا تەقلیدێ ئەگەر وەھای دابنێن باشە و موعتەبەر چەن پایەی ھەیە بۆ قووەی تەسدیق ویجدان پێت ئەڵێ وایە بە تەحقیق نەختێ تێفیکرە لە ئەحواڵی خۆت لە حاڵی نەقس و لە کەماڵی خۆت جارێ لە عەرشە ئیمان بە بەرزی جارجار لە نزمی ئیمان ئەلەرزی ئاخر ئیمانی زومڕەی ئەشقیا ناگاتە پایەی دەسەی ئەتقیا چ جایێ پایەی ئەنبیای کیڕام بڕژێتە سەریان سەلات و سەلام بە وەقری سەدری سددیقی وەلی بە «كشف الغطا»ی حەزرەتی عەلی پەردە لائەچێ لەسەر سینە و دڵ بۆ تۆ حەل ئەبێ ھەزاران موشکڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەرق لە بەینی موئمین و موسلیم چۆنە؟ موئمین و موسلیم جیان بە مەفھووم لە حوکمی شەرعا یەکێکن مەعلووم بڵێ بەو کەسە لێت تەسلیم ناکا ئەی چۆن موئمین و موسلیم فەرق ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەسڵی ئەووەڵ لە باسی ڕوکنی ئەووەڵ فەسڵی ئەووەڵمان ڕوکنی ئەووەڵە ئیمان بە خودای «عزّ و جلّ»ە ئیمان بە خودا وایە بە تەحقیق لە دڵتا ببێ باوەڕ و تەسدیق بەمە کە خودا وجوودی حەقە لە ھەموو عەیبێ پاک و موتڵەقە ھەیەتی ھەموو ئەوسافی کەمال چ وەسفی جەلال، چ وەسفی جەمال جەلالی «سَلب»ە و جەمالی «ثبوت» سبووتی فیعلی و زاتییە مەزبووت کونھی زاتی ئەو لە عام مەستوورە ئەمما وجووھی غەیرە مەحسوورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سیفاتی سەلبییە ئوسووڵی سەلبی پێنجن موحەققەق «قدم» و «بقا» و «وحدت»ی موتڵەق «استغنا»ی موتڵەق لە گشت ماسیوا نا موماسیلی بۆ ھەموو ئەشیا قیدەم نەیبووە عەدەمی سابیق بەقا بۆی نابێ عەدەمی لاحیق وەحدەت یانێ ئەو بێ تەعەددودە لە شیرکەت بۆ غەیر باش موجەڕڕەدە ھەر ئەو خالیقە لە بۆ مەخلووقات چ لە زەوات بن یاخود لە سیفات ھەر ئەو واجبە و باقی مەوجوودات بە ئیجادی ئەو وەر ئەگرن سوبات ھەر ئەو بۆ عالەم ئەشێ بە مەعبوود ھەر بۆ ئەو ئەشێ ئیتاعە و سجوود بێ ئیحتیاجە لە ماسیوای خۆی ماسیوا ھەمووی موسەخخەرە بۆی ناشوبھێ بە ھیچ، ھەرچی بێتە دڵ خودا وا نییە ئەی برای عاقڵ نە وەکوو ماددە و نە وەکوو سیفات نە بە سەریا دێ عیللەت و ئافات جیھەت و جێگا بۆ زاتی نییە زاتی لە وەخت و زەمان بەرییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سیفاتی «ثبوت»ی فیعلی سیفاتی فیعلی بۆت ئەکەم بەیان لە ڕوکنی قەدەر وازیح و عەیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سیفاتی «ثبوت»ی زاتی سیفاتی زاتی حەوتن لەبۆ زات خاریج لە دەرکی عەقڵی مەخلووقات لە زاتی خودا قەت جیا نابن بوون و ھەن و ئەبێ ھەر ببن «حەیات» و «عیلم» و «ئیرادە» و «قودرەت» «سەمع» و «بەسەر» و «کەلام»ی موسبەت زیندوویی و زانین، مەیل و توانین بیستن و بینین، گفتوگۆی شیرین «احق سبعك» ڕەمزە بۆ سیفات ھەر حەرفێ وەسفێ دەرئەخا لەلات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەفسیلی سیفاتی حەیات وەسفێکە مەنشەئی عیلمە مایەی ئیرادەی خودای بە حیلمە بە بونیە و مەزاج ئیحتیاجی نییە لە قیاس لەسەر ئێمە بەرییە ھەروەھا باقی سیفەتانی زات قیاس ناکرێن لەسەر ماددیات بەڵام نموونەی سیفاتی زاتە ئەو سیفەتانە کە تۆ لەلاتە *** عیلم وەسفێکە بەو ئەبێ مەعلووم ھەرچی بێتە دڵ مەوجوود و مەعدووم داگرە لەبۆ ھەموو مەراتب لە موستەحیل و مومکین و واجب عیلمی بە حاڵی باقییە و سابت ھەرچەن ئەگۆڕێ عەلاقەی بۆ شت بە شوێنی عیلما ئیرادەی خودا جیا ئەکاتەوە یەکێ لە دوولا ئینجا قودرەتیش باش ڕووی تێ ئەکا بەپێی ئیرادە ئیجادی ئەکا قودرەت ئیش ئەکا لە مومکیناتا نەک لە واجب و مومتەنیعاتا *** سەمع و بەسەریش بیستن و بینین وەھا لایق بێ بۆ خوای عالەمین دەنگی پێی مێر و زەڕڕە لە ناو چاڵ دیارن لای خودای خاوەنی کەماڵ بە وێنەی ناڵەی ناڵ لە زبرانا یا گڵۆپی بەرق لە ناو شاران *** کەلام لە عورفی عولەمای قودسی ئیستیعمال ئەکرێ بۆ لەفزی و نەفسی کەلامی لەفزی لەفزێکە وەھا ئیفادە بکا مەقسوود و مەعنا کەلامی نەفسی سیفەتێکە وا مەبدھء بێ لە بۆ ئەلفاز و مەعنا کەلامی لەفزی زیددی سکووتە سکووتی زاھیر کە لات مەزبووتە کەلامی نەفسی زیددە بۆ سکووت یانێ سکووتی باتینی مەزبووت وێنەی ئەمانەت لێ مەعلووم بکەم یەکێ لە دڵا خامۆشە و ئەبکەم یەکێ مەفھووم و مەعنای بە جۆشە کە چی زمانی لاڵ و خامۆشە کەلامی نەفسی ئیزافەی بۆ حەق یانێ سیفەتە بۆ فەردی موتڵەق بەری لە لەھجە و ئەسوات و حەرفە بەری لە وەزعی لوغەت و عورفە سیفەتی خاسە و قەدیم و زاتی بەسیتە وەکوو باقی سیفاتی *** کەلامی لەفزی ئەخوێنرێتەوە ھەم لەبەر ئەکرێ و ئەنووسرێتەوە بە عیبری ئەبێ و ھەم بە سەریانی ھەم بە عەرەبی و لەفزی قەحتانی ئیزافە ئەمە مەعناکەی وایە کە ھەر بە خەلقی زاتی خودایە ھەموو لە لەوحا سەبت کراون بۆ کاتی تەنزیل تەرتیب دراون کە مەیلی کردووە بۆ وەحی و تەنزیل بە ئیلقای ڕۆحی داویە بە جیبریل بەم ئیعتیبارە کەسرەتی ھەیە ئەم عەرەبییە و ئەوە عیبرییە بەعزێ «فَصيح»ە و بەعزێکی «افصَح» بەعزێ «واضِح»ە و بەعزێکی «اوضَح» بەعزێ موعجیزە بۆ جینن و ئینسان وەکوو ئایاتی بێوێنەی قورئان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەلیل لەسەر ئەم سیفەتانە دەلیل بۆ بوونی ئەم سیفەتانە یەکەم ئایەتی نەسسی قورئانە دووھەم خیلافی ئەم سیفەتانە بۆ خودا ناشێ، چونکی نوقسانە لە زۆری سیفات مەکە موبالات کە مەوسووف یەک بێ، با زۆر بێ سیفات سیفەت تابیعی زاتی مەوسووفە سەربەخۆ نییە، وەکوو مەعرووفە *** سیفەتی تەکوین یان وەسفی بەقا وەسفی زاتی نین ئەی شیرین لیقا تەکوین عەلاقەی قودرەتە بۆ کار بەقایش وجوودە لەگەڵ ئیستیمرار تەکوین سبووتی و بەقا سەلبییە ھەرکامیان ئەگری ئیعتیبارییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووھەم ڕوکنی «ثانی»یە ڕوکنی دووھەمین تەسدیقە بە دڵ بە مەلائیکەی مەعسوومی کامڵ جیسمێ لەتیفن ھەموو نوورانی پاکن لە عەیب و نەقسی نەفسانی نە مێن نە نێرن، نە پیاون نە ژن کەسیان لێ نابێ و لە کەسیش نەبوون یانێ مەخلووقن بە ئەمری خودا بە «كُنْ فَيَكُون» «تَبارَكَ اللّه» ئەتوانن خۆیان دەربخەن دائیم بە ھەر سوورەتێ پاک بێ و مولائیم بەعزێ جار جیبریل بۆ لیقای حەزرەت ئەبوو بە «دِحْيه» بە ڕەنگ و سوورەت دیحیە پیاوێ بوو لە ئەھلی مەککە سەر و قامەت ڕێک، بێگەرد و لەکە *** دائیم موتیعن بۆ ئەمری خودا ھەموو مەعسوومن، بەری لە گونا لە ئاسمانا نییە بستێ جێ کە فریشتەیێ لەو جێدا نەبێ *** یا لە ڕکووعان یا لە سجوودا یا وان لە نووری فەیز و شھوودا ھەرچی مەخلووقە بۆ خودای ئەکبەر فریشتەیەکی مەئموورە لەسەر بە ئەمری خودای عەلیم و خەبیر ئیدارەی ئەکا بە نەھجی تەقدیر بەپێی وەزیفەی ھێز و قووەتدار باڵیان دوو دووە و سێ سێ یا چوار یانێ عادەتی لەسەر ئەسبابە ئەگەرنا خودا ھەر خۆی حیسابە ھیچکەس نازانێ عەدەدیان ئیللا زاتی عەلیمی خودای تەعالا بەعزێ بۆ بەھەشت خەزێنەدارە بەسەر ئەمانا «رضوان» سەردارە نۆزدە تایفە یا نۆزدە نەفەر بە دەستی «مالِك» مەئمووری سەقەر کاتبی ئەعماڵ دوانن بۆ شەو دوانیش بۆ ڕۆژ، ئاگادارن لەو کاتبی چاکە، لە سەر شانی ڕاس ھی شەڕ لەلای چەپ بێخیلاف و باس ئەووەڵ حاکمە، دووھەم مەحکوومە ڕەحمی خودایی لەما مەعلوومە مەئمووری سوئال «نَكير» و «مُنكَر» ئەپرسن باسی خوداو پێغەمبەر بەعزێ مەئموورن بۆ عەزابی قەبر جا ببڕێتەوە با بگاتە حەشر لە فریشتەدا ھەن چوار ئەسناف ھەڵژمێرراون لە زومڕەی ئەشراف ئەووەڵ لەمانە فیرقەی «كرّوبين» لەبۆ تەعزیبی گشت موعەززەبین دووھەم «روحاني» مەئمووری ڕەحمەت سێھەم «ھەڵگری عەرشی عەزەمەت» عەدەدیان چوارە لە نەشئەی دونیا ئەگەیێن بە ھەشت لە نەشئەی ئوخرا فیرقەی چوارەم «مقرّبين»ن ساحێب مەقام و ساحێب تەمکینن ئا لەم فریقەیە برای موجەڕڕەب چوار مەلائیکەی والای موقەڕڕەب شەخسی ئەووەڵیان ناوی «جوبرەئیل» مەئمووری وەحیە و ئەمینی تەنزیل دووھەم «میکائیل» مەئمووری ئەڕزاق خۆشی و ناخۆشی لە ھەموو ئافاق سێھەم «عیزرائیل» مەئموورە لەسەر کێشانی گیانی ھەموو گیان لەبەر چوارەم «ئیسرافیل» مەئمووری «صور»ە دائیم چاوەڕێی ئەمر و دەستوورە سووریش شاخێکە بە نەسسی خەبەر کونی وا تیا بەقەد گیان لەبەر فوو ئەکا پیایا ئیسڕافیل دوو جار بە فووی ئەووەڵجار ئەفەوتێ گیاندار بە فووی دووھەمیان موکەللەف یەکسەر زیندوو ئەبنەوە و ئەڕۆن بۆ مەحشەر لاکین ھەڵگری عەرشی بە تەمکین چوار شەخسی مەشھوور بە موقەڕڕەبین پاش نەفخەی ئەووەڵ ئەفەوتێن بە جەم زیندوویش ئەبنەوە پێش نەفخەی دووھەم عالەم لەو بەینا چۆڵو بەتاڵە «بين النّفختين» موددەی چل ساڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی جیننی بە موناسەبەی مەلائیکەوە بە موناسەبەی باسی فریشتە باسی «جِن» ئەکەم بۆ ڕێکی ڕشتە «جیننی» لای عەرەب، «پەری» لای عەجەم دروست کراون لە ئاگر سەرجەم ماددەی لەتیفن ئەمما بە ئەشکاڵ خۆیان دەرئەخەن بەپێی وەزع و حاڵ بە وێنەی ئینسان نێر و مێدارن ساغ و نەخۆش و نوستوو و بێدارن گشت موکەللەفن بە فیعلی تاعەت بە تەرکی کوفر و گوناح و بیدعەت ھەموو موتیع نین وەکوو فریشتە موتیع و عاسین لەسەر دوو ڕشتە شەیتان لە جیننە و ھەموو شەیاتین شەیتان مەشرەبن، سەرکێش و بێدین بە جیننی سەرکێش کوردان ئەڵێن دێو دێو بە وەسوەسە دڵ ئەکا پەشێو نەفسی ئینسانیش عەدووی ئینسانە بۆیە موتیعی ئەمری شەیتانە پەنا بە خودای ڕەحیم و ڕەحمان لە ھەوای نەفس و لە ئەغوای شەیتان مەلائیکە و جین بۆ ئەم عیبادە نابینرێن مەگەر بە «خَرْق العاده» لەبۆ ئەنبیا و ئەولیای کیڕام لەبەر تەبلیغ و تەربییەی ئەنام ئەم قسە ڕاستە وەربگرە لە من عالم نین بە غەیب مەلائیکە و جن بە قەد ئەو قووە خودا پێی داون لە کائیناتا ڕەفتار ئەتوانن دە جین ناتوانێ بێ ئیزنی خودا لە ھیچ گیاندارێ زەرەرێ بدا ھەموو ئەسیری تەئسیری خودان ھەموو تەسخیری تەقدیری خودان بەوێنەی ئینسان جیننیش بە عادەت ئەبن بە سەبەب بۆ شەڕ و زەحمەت بە ئیغوائات و بە ئیلقای خەیاڵ لە پڕ و پووچ و ئەفکاری بەتاڵ بۆ دەفعی ئەوە بە ئەمری خودا لە نەزغەی جیننی «فاستَعِذ بِاللّه» بە دەئبی حەزرەت بە ویرد و ئەزکار خۆت بپارێزە لە شەڕی ئەشرار چونکی پێویستە بۆ ئەشیا ئەسباب لەگەڵ تەوەککول بە خودای وەھھاب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەسڵی سێھەم فەسڵی سێھەمین بۆ ڕوکنی سێھەم باوەڕە بەمە کە خودای عالەم بە سەفارەتی جیبریلی ئەمین کتێبی ناردووە لەبۆ موڕسەلین سەد و چوار کتێب خاڵی بە یەقین لە شوبھە و ئیلقای جینن و شەیاتین دە لەبۆ «ئادەم»، پەنجا لەبۆ «شيث» سی ھەناردووە بۆ سەری «ئیدریس» دە بۆ «ئیبراھیم»، سەدە تەواوە ئەم سەد کتێبە «صُحُف»یان ناوە «تەورات» بۆ «مووسا»، «زەبوور» بۆ «داوود» «ئینجیل» ھاتووە بۆ «عیسا»ی مەسعوود دڵت تێک نەچێ لەوە موڕسەلین خۆیان زۆرترن لە کتێبی دین چوون بە شەریکی زۆر لە موڕسەلین تەبلیغیان کردووە کتێبێکی دین ئەعلای ھەموویان «قورئان»ی موبین ھات بۆ موحەممەد «ختم المرسلين» لە بیعسەتەوە تا کاتی وەفات بە بیست و سێ ساڵ لەسەر لزووم ھات جار جارێ ئەھات حەزرەتی جیبریل بە ڕەنگی دیحیە بۆ وەحی و تەنزیل جار جار نەی ئەدی و ھەر دەنگی ئەھات وەکوو دەنگی زەنگ لە ڕووی سەر بیسات بەم نەوعە وەحیە زۆر مانوو ئەبوو غەرقی ئارەقی بێن خۆشی ئەبوو جارێ نیو ئایەت، جارێ یەک ئایەت یا لەوە زیاتر لەسەر کیفایەت پێنج یا دە ئایەت یا ھەمووی سوورەت بە وێنەی «كوثر، اخلاص» و «تبّت» جا ئەگەر لەناو یارانا ئەبوو بۆی ئەخۆندنەوە تەواو زوو بە زوو یا لەماڵ بوایە زوو ئەھاتە دەر یاران لەو وەحیە ئەبوون باخەبەر مەعلوومی ئەکرد جێی ئایەتەکان ھەم جێگای سوورەت بە ڕوتبە و مەکان کاتێ «بسم اللّە»ی بۆ نازڵ ئەبوو ئەی زانی سوورەی پێشوو تەواو بوو سوورەتێکی کە ھاتووەتە مەیدان لەبۆ تەبلیغی موکەللەفەکان خۆلاسەی کەلام تەرتیبی قورئان ھەر بە حەزرەت بوو، بیزانە جوان دەخڵی ھیچکەسێ لەوانا نییە ھەمووی بە وەحیە و ھەر تەوقیفییە ھیچ دەستیان نەبرد سددیق و عوسمان لەبۆ تەرتیب و مەنھەجی قورئان سددیق نووسییەوە ئایەت بە ئایەت جەمیعی قورئان لەبەر ویقایەت عوسمان خوێندنی قورئانی یەک خست دەرگای جیاوازی قورئان خوێنی گرت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو کەسانە کە ھەموو قورئانیان لەبەر بووە زۆر کەس حافیز بوون بۆ ھەموو قورئان «تميم الدّاري» و حەزرەتی «عثمان» «عُبادە» باوکی مەشھوور بە سامیت چوارەم حەزرەتی «زيد» کوڕی سابیت «عبداللّه»ی کوڕی عەمری کوڕی عاس «عبداللّه»ی کوڕی مەسعوودی خوا ناس «اُبَي» کوڕی کەعب، حەزرەتی «مُعاذ» لەگەڵ «ابوزيد» لە خەڵکی حیجاز ئەو مەسحەفانە کە نیشان دران لە پێش چاوانی شای پێغەمبەران یەکەم مەسحەفی «ابن مسعود» بوو مەسحەفی «ابي» دووھەم مەشھوود بوو سێھەم مەسحەفی «زيد»ی بە لەھجە حەزرەت ئەیخۆندۆ بەو نەوع و نەھجە ھەر بە نەھجی ئەو جومھووری ئەسحاب ئەیانخۆندەوە «احسن الكتاب» بۆیە سددیق و عومەری فارووق زەیدیان دیاری کرد بە شەخسی مەوسووق بۆ نووسینەوەی قورئانی کەریم لەپاش وەفاتی ڕەسوولی عەزیم ھەروا عوسمانیش ئەوی ھەڵبژارد کاتی خوێندنەوەی یەک خست بۆ عیباد یانێ مومتاز بوو لە لیجنەی تەحریر لەبۆ حەوت نوسخەی قورئانی کەبیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قیرائاتی سەبعە حەزرەت فەرموویە خوێندیەوە جیبریل بە یەک قەرائەت لە کاتی تەنزیل داوای زیادەم کرد لە لەھجەی قورئان تا موناسیب بێ بۆ گشت قەومەکان «قضاعه» و «تميم»، «كنانه» و «ثقيف» «هوازن» و «هُذيل»، «قريش»ی شەریف ئەویش خوێندیەوە ھەتا حەوت لەھجە منیش وەرم گرت بەو نەوع و نەھجە نەک ھەموو لەفزێ، بەڵکوو ھەندێکی خوێندیەوە لەسەر شێوەی تایبەتی ئەم جیاوازییەت بۆ ئەکەم مەعلووم لەسەر بەیانی ئەربابی علووم یا بە گۆڕانە لەبۆ حەرەکات وەکوو لەفزی «بخل» لەسەر چوار جیھات یا لە مەعنادا لەبەر تەرکیبات وەک «فَتَلَقّي» ھەتا «كَلِمات» یا حەرف و مەعنا بێسەرف و سوورەت وەک «تَتْلُو» و «نَتْلُو» لەسەر بەسیرەت یا سوورەت ئەڕوا و مەعنا ئەمێنێ وەک «بَصْطَة» و «بَسْطَة» بە «صاد» و «سين»ێ یا حەرف و مەعنا و سوورەت ئەبن گوم وەکوو «أَشَدَّ مِنْكُمْ» و «مِنْهُمْ» یا بە تەقدیم و تەئخیری مەکان یاخود تەغییرە بە زیاد و نوقسان لەبۆ ئەووەڵیان ئەڵێم نموونە «فَيَقْتُلُونَ»، «وَ يَقْتُلُونَ» نموونەی دووھەم «أَوْصي» و «وَصي»یە ئەم تەفسیلاتە تەواو ڕەسایە بەڵام ئیزھار و ڕووم و ئیددیغام یاخود ئیختیلاف بە لەھجەی ئیشمام ئیختیلافێک نین بۆ لەفز و مەعنا سیفاتی لەفزن بۆ لەھجە و ئەدا *** بەعزێ ئوستادی فەزڵ و دیرایەت بۆ زەبتی جیایی لەفز و قیرائەت ئەڵێ ئیختیلاف یا لە لەفزایە بەبێ گۆڕانی مەعنا لەولایە یا ئیختیلافە لە لەفز و مەعنا دوو مەعنای سەحیح بە ئەسڵ و مەبنا لێرا ئایەتێ وەکوو دوو ئایەت مەعنا ئەبەخشێ لەسەر حەقیقەت وێنەی «مالِكِ يَوْمِ الدّين» لەگەڵ «مَلِكِ يَوْمِ الدّين» ئەی برای ئەفزەڵ دوو مەعنا ئەدەن، ئەووەڵیان وایە «خودا مالیکی ڕۆژی جەزایە» موتەسەڕڕیفە لەسەر مەیلی خۆی ئیعتیرازی کەس لایق نییە بۆی مەعنای دووھەمیان «خودا پاشایە چی ئەکا ئەیکا لەم ڕووی دونیایە» مەیلی چی بکا ھەموو دێتە جێ لەم دونیا ھیچی لە دەس دەرناچێ *** بەڵام دوو مەعنا ئەمیان لەو جیا بێ یەکێکیان «ئا» بێ و یەکێکیان «نا» بێ لە قیرائەتا لەسەر ئیستیقڕا نییە بە قسەی سەرجەمی قوڕڕا «ابن قتیبە»ی عالمی کوردان ئەڵێ لە کتێبی «مشكل القرآن» بۆ ئیختیلافی خوێندنەوەی قورئان دو ئیحتیمال ھەن بە عەقڵ و ویجدان ئەووەڵ ئەمەیە دوو مەعنای سەریح ئیفادە بکەن مەقبووڵ و سەحیح ئەم نەوعە زۆرە لە لەھجەی قورئان ھەر لەبەر زۆری نایەوێ بەیان دووھەمەکەیان ئەوەیە کە وا دوو مەعنا بدا یەک لە یەک جیا ھەرگیز ئەم نەوعە نییە لە قورئان سەد شوکر و سەنا بۆ زاتی یەزدان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قیرائاتی سەبعە ئەم حەوت لەھجەیە موتەواتیرن لە ناو قوڕرادا ھەموو زاھیرن حەزرەت ئەیخوێندۆ قیرائەتەکان بۆ ھەر تیرەیێ بە لەھجەی خۆیان لە لەھجەی حەزرەت گشت خەبەردار بوون بۆ وەرگرتنی ھەموو ھۆشیار بوون چین چین ئەو لەھجە گەییوە پێمان بە جەمعێکی زۆر لە موسوڵمانان یەعنی عولەمای بەرزی عەللامە وەک «ابن الحاجب» ھەم «ابوشامه» لە تەواتورا ئیستیسنا ئەکا ئەوەی تابیع بێ بۆ وەزعی ئەدا بە وێنەی مەدد و ئیمالە و ئیشمام «تخفيف الهمزه» و وەزعی ئیددیغام حەددی ئەمانە زەحمەتە بە چاو کە بە تەواتور دیار بن و بڵاو فەقەت حرووف و حەرەکە و سکوون ئەسڵی ئەمانەیش بەبێ چەن و چوون چونکی ئیعجازیان بۆ عام مەلحووزە ھەتا قیامەت عەینەن مەحفووزە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قوڕای سەبعە ئەو قوڕای سەبعەی مەشھووی دونیا بۆ عیلم و فەزڵ و بۆ زوھد و تەقوا «نافِع» و «حَمزه»، «كسائي» و «عاصم» پێنجەم «ابوعمر» و «عادل»ی عالم «ابن كثير»ە ھەم «ابن عامر» لە قیرائەتا سەرۆک و ئامیر گشتیان ھەیانە یەکێ دوو ڕاوی بۆ زەبتی لەھجە باش بە تەواوی ڕاوی لە عاسم «شعبه»ی ئەسەدی دووھەمیان «حَفص»ە مەردی موقتەدی لەسەر لەھجەی حەفس وڵاتی ئیسلام قورئان ئەخوێنن خەواس و عەوام عاسم لە «حبیب» حەبیبی وەلی لە «زيد» و «اُبيْ» «عثمان» و «علي» خودا ڕازی بێ لێیان ئەجمەعین لە ئەتباعیشیان ھەتا ڕۆژی دین خودا حەل بکا موشکڵاتمان بە فەزڵی ئەوان بدا نەجاتمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کێ نوختە و ئیعرابی قورئانی دانا؟ ئەلفازی قورئان بێنوقتە و ئعیراب دائیر بوو لەناو ئەفرادی ئەسحاب چوون ئیعتیمادیان لەسەر تەعلیم بوو دڵیان بۆ دەئبی حەزرەت تەسلیم بوو کاتێ پەرەی سەند ئیسلام لە عالەم تێکەڵ بوون بە یەک عەرەب و عەجەم «زیاد»ی «ابن ابيه»ی مەشھوور ڕەئیس و والی بۆ بەسرەی مەعموور باش تێیان گەیاند تەریقی سەواب وایە دابنێ بۆ قورئان ئیعراب ئینجا ئەمری کرد بە «ابوالأسود» ئیعرابی دانا بە نوختەی موفرەد ئەم وەزعە ماوە تا عەھدی «حجاج» عامیلی عێراق بۆ دەخڵ و خەڕاج ئەمری کردە سەر «نصر بن عاصم» ھەم «يحيي»ی کوڕی یەعمەری عالم نوختەیان دانا بە تاق و بە جووت بۆ حەرفی مەنقووت، مەعلووم و مەزبووت نوختەی قەدیمیان گۆڕی بە ئیعراب بۆ دەفعی غەڵەت لە قوڕای کیتاب ئیتر ھەروەھا خوتووتی کووفی مایەوە لەسەر شکڵی مەعرووفی ھەتا سێسەد و کەسرێکی ھیجری کە «ابن مُقله» کردی بە «بَصري» ئینجا حرووفی مەسحەفی عوسمان ھەرچی نووسرابوو بێزیاد و نوقسان بە شکڵی بەسری ھەمووی نووسرا قورئان بە بەسری ئیستینساخ کرا بۆ ئەو حەرفانەیش تەوقیف ئەساسە خاریجی ئیسم و ڕەسمی قیاسە کەس حەقی نییە بۆ زیاد و کەم حەق ئیتتیباعە «واللّه اعلم» ئەم موختەسەرەم لەم بابە نووسی لەبۆ خزمەتی قورئانی قودسی خودا نووری قورئان بکا بە یارمان ساحێبەکەیشی بە تکاکارمان لە موشکڵاتی دونیا و قیامەت ڕزگارمان بکا ساغ و سەلامەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چوارەم ڕوکنی چوارەمە ڕوکنی چوارەمین ئەی برادەران تەسدیقە و باوەڕ بە پێغەمبەران لەفزی پێغەمبەر یانێ پەیغامبەر پەیغامی خودا دێنێ بۆ بەشەر پێغەمبەر پیاوێ ئازاد لە بەشەر شەرعی بۆ ھاتبێ لای خودای ئەکبەر لەبۆ تەربییەی عوقەلای ئافاق بۆ خودا ناسی و ئوسووڵی ئەخلاق بۆ لابردنی ڕەزیلەی نەفسی بۆ دەفعی ھەوا و ئارەزووی شەخسی ھەتا بەکار بێ بە ڕووناکی دڵ بۆ ئیشی خۆی و تەدبیری مەنزڵ بتوانێ بکا ئیدارەی بەشەر لەسەر میقیاسی شەرعی پێغەمبەر خۆلاسەی کەلام بگا بە کەمال لەبەر پەیڕەوی وەزعی ئیعتیدال لەسەر ڕەزای حەق وەربگرێ سزا تا سەرفەراز بێ لە ڕۆژی جەزا پێغەمبەر ئەبێ بە عەقڵ و ئیدراک بە شەرم و شکۆ و بە ئەخلاقی چاک پایەی باڵا بێ لە ھاو عەسرانی لەبەر تەربییەی ئوممەتەکانی پێغەمبەر ئەبێ نەسەبی پاک بێ نەسەبی دارای حەسەبی چاک بێ باوک و دایکی ئەو بە فەزڵ و شەرەف بۆ گەوھەری ئەو ببن بە سەدەف ئەبێ بەری بێ لە کەسبی ڕەزیل ئەوانەی عەیبن بۆ پیاوی جەلیل ئەبێ مەحفووز بێ لە دەرد و عیللەت ئەوەی قەبیحە بە تەبعی میللەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: «بَعث»ی پێغەمبەران بە قەتعی پێویستە ئینسان با ژیر بێ ھەر عەقڵی خامە لەبۆ بەعزێ شت عەقڵی نەفامە یا با دانا بێ بە ئیشی دونیا ئاگادار نییە لە کاری عوقبا ھەر داگیر ئەکرێ بە ھەوای نەفسی ئەکەوێتە شوێن ئەغرازی شەخسی چونکە نەیدیوە ڕۆژی قیامەت خۆی ئەھاوێتە چاھی نەدامەت ئەگەر عەقڵی تۆ وەکوو چرایە نووری ئەنبیا شەمسی «ضیا»یە ھەر پێویستە بۆی نووری ھیدایەت کە لە ئەنبیا ئەکا سیرایەت ئەو نوورە مایەی شەرحی سدوورە بۆ ئەو قووەتە ئینسان مەجبوورە ھەر بەو نوورەیە کاتێ ھەڵگیرسێ بێ ئەوەی زاھیر لە کەس بترسێ لە ئیشی چاک و خراپ ئەپرسێ لە سزای ڕۆژی جەزا ئەترسێ ھەر بەو نوورەیە کە ھۆشیار ئەبێ لەسەر قیامەت خەبەردار ئەبێ بۆ خۆی و بۆ خەلق ئەکەوێتە ڕێ ھەر مەشغووڵ ئەبێ بە ئیشی بەجێ بە قەد ئیتاعەی ھەوای نەفسانی ئینسان ناقیسە نووری ئیمانی ئیمانی کامڵ نوورێکی پاکە ھەرکەسێ بیبێ کردەوەی چاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەرقی «نَبی» و «رسول» لەلای بەعزێ کەس نەبی و ڕەسوول موساوی یەکن بە مەعنا و مەدلوول ھەردوو ساحێبن بۆ شەرعی بەلیغ ھەردوو مەئموورن بۆ نەشر و تەبلیغ بەعزێکیش ئەڵێن ڕەسوول ئەوەیە بۆ تەبلیغی دین ئەمری پێ ھەیە ئەگەر بۆ تەبلیغ ئەمری پێ نییە پێی ناڵێن «رسول»، ئەوە «نبي»یە بەعزێکیش ئەڵێن تەبلیغ ھەر ئەبێ ببێ، ڕەسوول بێ، یاخود نەبی بێ لاکین کتێبی تازە فاریقە یا نەسخی حوکمی شەرعی سابیقە یەکێ لەمانە شەرتە بۆ ڕەسوول نەوەک بۆ نەبی ئەی برای مەعقوول نەسخی بێ کتێب وایە بە ئیلھام تێ بگا نەسخی بەعزێ لە ئەحکام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عیسمەتی ئەنبیا علیھم السلام لەسەر تەحقیقی سەعدی تەفتازان تاجی عیززەتی سەری سەربەرزان لەپاش «نبوّت» سابتە عیسمەت لەبۆ ئەنبیای ساحێب کەڕامەت لە گوناھانی کەبیرە موتڵەق ھەم لە سەغیرەی عەمدی موحەققەق ھەروا لە سەھوی سەغیرەی خەسیس چوون لایق نییە بۆ پایەی ڕەئیس ناقیلی گوناھ بۆ شەخسی ئەوان ئەگەر ئاحادە مەردوودە جوان ئەگەر مەشھوورە تەئویلی ئەکرێ مەحمەلێکی باش لەبۆی دائەنرێ ئەگەر قەتعی بێ مەحموولە لەسەر پێش نبووەتی ڕەسوولی سەروەر یا نیسیان، یاخود «خلاف الأولي» ئیتر لا مەدە بۆ ئەملا و ئەولا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ئەسڵی نبووەتا فەرقی ئەنبیا نییە بۆ پێغەمبەران نییە تەفاوەت لە ئەسڵی وەزعی وەسفی نبووەت ھەرکەس ھەریەکێ لەوانە تەکزیب بکا، ئیمانی نابێ بە نسیب ھیچکەس لە پەری و فریشتە و ئینسان ناگا بە پایە و مەرتەبەی ئەوان لەناو خۆیانا سەلەف و خەلەف بەعزێ لە بەعزێ ئەفزەڵ و ئەشرەف دروستە بە شەرع بڵێی ئەفزەڵە لە غەیرە موڕسەل ھەرکام موڕسەلە سێسەد و سیازدە یا پازدە ڕەسوول لە ئایە و حەدیس سی کەسیان مەنقوول «آدم»، «شيث»، «ادريس»، «نوح»، «هود»ی جەلیل «صالح»، «ابراهيم»، «لوط» و «اسماعيل» «اسحاق» و «يعقوب»، «يوسف» و «ايوب» «ذوالكفل» و «شُعَيب»، ھەم «موسي»ی مەحبووب «هارون» و «يوشَع»، «اليَسَع»، «الياس» «اشمويل»، «داود»، «سليمان»ی ڕاس «عُزَير» و «يونس» «زكريا» و «يحيي» «عيسي»ی مەسیح و «شمعون» لەگەڵیا ئینجا «مُحمّد» ساحێب موعجیزات ڕۆژی ھیدایەت لەبۆ مەخلووقات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: «اولوالعزم»ەکانیان پێنجەی «اولوالعزم» بە «علم اليقين» سەردارن لە نێو جەمعی موڕسەلین ئەو زەواتانەن «اولوالعزم»ەکان لە تەبلیغاتا کەوتوونە تەکان زەحمەتی زۆریان بە دەستی ئەعدا لە تەبلیغاتا ھاتووە بە سەردا ھەر سابیر بوون بۆ ئێش و زەحمەت لەبەر تەربییە و تەنویری ئوممەت «نوح» و «ابراهيم»، «موسي»ی بن عمران «عيسي» و «محمّد» شای پێغەمبەران نووح «نجيّ اللّه»، ئیبراھیم «خليل» مووسا «كليم»ە بۆ خودای جەلیل نەجی پارێزراو خەلیلیش یارە کەلیم ھاوڕازی خودای غەففارە عیسا «روح اللّه» و «كلمة اللّه» یەعنی پەیدا بوو بە ئەمری خودا بێ واسیتەی باب بە نەفخی قودسی بە فووی جوبرەئیل بە دەم و دەسی موشتەبیە نەبی تۆ لەم ئەحواڵە ئیحتیمالی حەق چوار ئیحتیماڵە ئادەم پەیدا بوو بەبێ دایک وباب حەوا بەبێ دایک عیسا بەبێ باب باقی ئادەمی بە ھۆی دایک و باب قودرەتی خودا نایەوێ حیساب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موعجیزاتی ئەنبیا بۆ دەلیل لەسەر سیدقی ئەنبیا خودا موعجیزەی پێدان لە دونیا موعجیزە ئیشێ ئوممەت پێی نەکرێ دەعوای نبووەت پێی تەرویج بدرێ بێ موباشەرەی ئەسباب و ماددە بە قودرەتی حەق بە «خرق العادە» لەبۆ سەربەرزی جەمعی موڕسەلین تا تەسدیق بکرێن بۆ ئەحکامی دین عورفەن مەشرووتە ئیسمی موعجیزە بە موجادەلە و بە موعارەزە بێجگە لەوانە ھەر «كرامت»ە ئەگەر زەمانی دوای ڕیسالەتە لە پێش نبووەت «اِرهاص»ە یەقین ئەساسە لەبۆ پایەی موڕسەلین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیانی دەلیلی شەرەفی حەزرەت ﷺ بەسەر ئەنبیا و موڕسەلینا بە گەلێ دەلیل حەزرەتی ئەحمەد لە ناو موڕسەلین ئەشرەفە و ئەمجەد ھەر لەبۆ ئەو بوو گەلێ لە ئاسار نەک لەبۆ باقی ڕوسولی ئەخیار دەوامی بەعزێ موعجیزەکانی وەکوو گەوھەری لەفزی قورئانی دینی جامیع بوو بۆ زۆر عیبادەت نەبوون بۆ باقی ئوممەت و میللەت پارێزرا ھەموو ئوسووڵی دینی لە شوبھە و تەحریف بە نائەمینی شەرعی بەکار دێت بۆ ھەموو زەمان دەعوەتی عام بوو بۆ ھەموو جیھان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی بەعزێ سیرەتی گەورەی حەزرەت ﷺ ھەتا نەفعی بێ مەوعیزە و ئیڕشاد قەت مەیلی نەبوو بە زەجری عیباد زاتێ «رَحْمَةً لِلْعالَمين» بێ چۆن ئەبێ بەشەر لەو نائەمین بێ زۆر لە قەبیلە و کۆمەڵی عەرەب ھەر بە مەوعیزە گەیین بە ئەدەب فەقەت کە چاریان نەکرا بە ئیڕشاد دوژمن دەستیان کرد بە شەڕ و فەساد ناچار بۆ نەشری ئیسلام و ئیمان ئیزنی شەڕ درا لەگەڵ کافران لەبەر شوجاعەت لە کاتی نەبەرد ھەرگیز لە دوژمن پشتی ھەڵ نەکرد چوون بە ڕۆح و گیان بۆ دین ناسر بوو لە نۆ حەربەدا خۆیشی حازر بوو بەدر و ئوحود و «مريسيع»، خەندەق «قریظە» و خەیبر ڕاست و موحەققەق لە فەتحی مەککە و حونەین و «طائف» فەقەت بزانە ئەی برای عارف ھەر بە تەئییدی قەزای سەماوی مەککە بەبێ شەڕ ڕۆیینە ناوی وا ئەبێ بۆ دین تەئیید و نوسرەت گشت ئەمانە بوون دە ساڵەی ھیجرەت ئەو بڕی ڕشتەی فەسادی بتان بەو فەوتا ئیفساد لە بت پەرستان بەو شکا ھێزی کوبباری عەرەب دامەزرا پایەی زانین و ئەدەب نەواندی پشتی بەدخواھانی دیندای مەزران بەردی بناغەی یەقین تەربییەتی کرد شاری و لادێیی دەوار نشینی وشکی بەدەوی بە ھۆش و کەماڵ گشت بوون بە ئینسان بوون بە مەرکەزی دائیرەی ئیحسان *** خوا ئەمری کرد بە پێغەمبەران ئەگەر بیبینن پێی بێنن ئیمان ئەگینا بڵێن بە ھەموو ئوممەت حازر بن لەبۆ تەسدیقی حەزرەت بۆیە نیشانەی ئەو شاھە گەورە لە عھوودا بوو دەورە بە دەورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گردەوە بوونی عیبادات لە دینی حەزرەتا ﷺ ھەرکەس ئاگای بێ لە تاریخی دین لە عیبادەتی دەورەی موڕسەلین ئەزانێ ئەوەی لەم دینا ھەیە لەبۆ ئوممەتی «خير البريّه» لە نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و جیھاد حە جی «بيت اللّه» و ئەزکار و ئەوراد لە ھیچ دینێکا گرد نەبووەتەوە لەبۆ پێشینان نەبوونەتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: «اصول» و «فروع»ی دینی پارێزراوە دینی مەحفوز بوو لە دەستی تەحریف لە تەعەڕڕوزی ئینسانی کەسیف سەلەف و خەلەف بە ڕووی حەقیقەت بوون بە حەرەسی حەددی شەریعەت دائیم قەلەمدار موھەییا و ھۆشیار بۆ دەفعی موفسید ئازا و خەبەردار ئەمما ھەر عەھدی مووسا بێئەجەل یەھوود پەرستیان «عجل»ی موستەعجەل لەپاش وەفاتی گۆڕییان تەوڕات ئایاتی حەقیان کرد بە خەرافات لە عەھدی خۆیا مەسیحی جەلیل ھەرچی خوێندەوە نوسووسی ئینجیل پاش ڕەفعی عیسا فیرقەی عیسەوی تێکیان دا حوکم و شەرعی نەبەوی بە ئارەزووی نەفس کەوتنە «تضليل» ھەموو لایاندا لە حوکمی ئینجیل ئینجیلەکەیان نەما لە بەینا جا چوار ئینجیلی جیاوازیان دانا ئەغڵەب تاریخن بۆ حاڵی شەخسی بێ ڕەبتن لەگەڵ ئەحکامی قودسی «مارقوس» و «مَتي»، «لوقا» و «يوحنا» ئەم چوار کەسە بوون ئینجیلیان دانا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دینی ئیسلام بە کاری ھەموو زەمانێ یێت ئەگەر بیتە سەر تەحقیق و تەتبیق بۆ دینی ئیسلام بە گوێرەی تەدقیق باش حاڵی ئەبی کە دینی ئیسلام بەکارە لەبۆ جەمیعی ئەنام مەعنا و مەفھوومی ئایاتی قورئان کافییە لەبۆ گشت دەور و زەمان موفیدە لەبۆ مەعاش و مەعاد کافییە لەبۆ جەمیعی عیباد حافیزە لەبۆ نفووس و ئەمواڵ نامووس و حقووق، حەرام و حەڵاڵ جامیعە لەبۆ وەزعی دونیا و دین چ بۆ قیامەت، چ بۆ حاڵی ژین قەراری داوە وەزعی ئیعتیدال بۆ کاتی حاڵ و ڕۆژی ئیستیقبال ھەرچی پاشکەوێ میللەتی ئیسلام لەبەر لادانە لە دینی ئیسلام کاتێ ئەحکامێ ئیحیا بێتەوە عالەم بە جارێ گشت ئەژیێتەوە سیڕڕی ئەحکامی ھەموو ڕووناکە دەلیلی ڕێکی عەقڵ و ئیدراکە بۆیە ناسیخە دینی بۆ ئەدیان حەزرەت خاتەمە بۆ پێغەمبەران حەزرەتی عیسا کاتێ دێتە خوار دینی ئیسلامی ئەکا ئیختیار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕیسالەتی حەزرەت عام بوو عەلاوەی سابیق بزانە یەقین حەزرەت ڕەحمەت بوو لەبۆ عالەمین بوو بە پێغەمبەر شاھی «خير النّاس» لەبۆ تەربییەی ھەموو جینن و ناس بانگی کرد بۆ دین ڕەش و سپی و سوور کاغەزی نووسی بۆ نزیک و دوور کاغەزەکانی دەعوەتنامەی ئەو ھەموو ئاشکران بە نوور و پڕتەو ئەمما غەیری ئەو لە پێغەمبەران ھەریەک بۆ جەمعێ ڕەوانە کران ئادەم بۆ زومڕەی ئەولاد و ئەحفاد شیس بۆ سەر برا و برازا و ئەولاد ئیدریس بۆ فیرقەی ئەولادی قابیل نووح بۆ کۆمەڵێ بت خواھی عەلیل ھوود بۆ قەومی عاد، ساڵح بۆ سەموود ئیبراھیم بۆسەر تایفەی نەمروود لووت بۆ تایفەی سەرکێشی سەرمەست بێ شەرم و ئەدەب، فاحیشە پەرەست ئیسماعیل بۆسەر عەرەبی حیجاز ئیسحاق بۆ ئەھلی شامی بە ئیعزاز حەزرەتی یەعقووب بۆ ئەھلی نەجڕان بۆ مەنعی کوفر و ئەسبابی خوسران یۆسف لە میسرا بۆ قیبتییەکان ئەییووب لە شاما بۆ ئەھلی حەوران «ذوالکفل» بەشیر بۆ تایفەی ڕووم شوعەیب بۆ ئەھلی مەدیەنی مەحرووم ھەم بۆ «اصحاب الأيكه»ی بێتەمکین فەوتان بە سەیحەی بەھێز و غەمگین مووسا بۆ قەومی بەنی ئیسڕائیل ھەم بۆ سەر قیبتی و فیرعەونی عەلیل حەزرەتی یووشەع، ئلیاسی جەلیل پاش ئەو ئەلیەسەع، پاش ئەو ئیشموویل داوود، سولەیمان، عوزەیری جەلیل موڕسەل بوون بۆسەر بەنی ئیسڕائیل یۆنس بۆ ئەھلی خاکی نەینەوا ئیمانیان ھێنا سەد ھەزار باڵا زەکەریا و یەحیا، ھەم عیسای جەلیل شەمعوون بۆ فیرقەی بەنی ئیسڕائیل ھەموو مەعلوومن بە «علم اليقين» لەلای ئەوانە عالمن بە دین *** لەبەر شەرەفی ئەو شای مەردانە ئوممەتی چاکتر لە ئوممەتانە ئینسانی عاقڵ باش خەبەردارە گەورەیی دەستە لەبەر سەردارە دەلیلی نەقڵی بێخیلاف و باس «خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنّاس» دەلیلی عەقڵی وایە موفەسسەڵ شەرافەت حەسرە لە عیلم و عەمەڵ کەماڵی عیلمی بۆ ئەھلی ئیسلام لە ئیعتیقادا بۆ دین و ئەحکام پایەی گەیشتە ئەوجی عەزەمەت مەخسووس بۆ فیرقەی عولەمای ئوممەت عەمەڵ یا بە دڵ یا بە زمانە یاخود بە باقی ئەعزا و ئەرکانە بە دڵ و زمان نایەوێ ئیسبات لەپاش ئیعتیقاد بە زات و سیفات ئەو تەنزیھات و تەقدیسە تامە کە ڕوکنی دینی قەومی ئیسلامە ئەو جەزم و یەقین بێشوبھە و ڕەیبە ئەو ئیعتیقاد و ئەوزاعی غەیبە ئەو دوعا و زیکرە و ئەو ئیستیغفارە ئەو تیلاوەتە کە بەرقەرارە بۆ ھیچ ئوممەتێ نەبوە بە دەوام ئیللا بۆ قەوم و میللەتی ئیسلام *** عەمەڵ بە ئەرکان وەکوو عیبادەت یاخود ئاساری ئەخلاق و سیرەت وەکوو غیرەت و شەرەف و وەفا وەکوو ڕاستی و سەماح و سەفا وەکوو سەرفی ماڵ بۆ ڕێگەی ئیڕشاد وەکوو ھیجرەت و نوسرەت و جیھاد ھەرکەس بزانێ تاریخی ئەییام ئەزانێ پایەی بۆ قەومی ئیسلام بە خسووس ئەسحاب و تەبەقەی سەلەف وەریان گرت ئەوجی سەربەرزی و شەرەف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەرتیبی شەرەفی ئەسحاب لەسەر تەرتیبی وەسفی خەلافەت ھەر پێنج خەلیفەی ساحێب شەرافەت پاش ئەوان «حسين» جا «حمزه» و «عباس» ئەمجارە باقی عەشەرەی حەقناس «طلحه» و «زبير» و «ابوعبيده» «عبدالرحمن» و «سعيد» و «سعد»ە ئینجا سێسەد و سیازدەی ئەھلی بەدر غەیری ئەوانەی ڕابووران بە قەدر لە ھەر ماڵێ بن ناوی ئەمانە یا لای ھەرکەسێ چاکە، بیزانە یانێ سەبەبە لەبۆ بەرەکەت لەبۆ ڕزگار بوون لە شەڕ و ئافەت تکا بەمانە لە کاتی ڕجا بۆ ھەر موشکڵێ ببەی ئیلتیجا مایەیە لەبۆ کەشف و ئیجابە لەسەر تەجرەبەی ئەھلی ئیسابە جا ئەھلی ئوحود حەوسەد ئەسحابە ھەموو موھەییا وەک شێری غابە ئینجا ئەسحابی «بيعة الرّضوان» ھەزار و چوارسەد بە سیمای جوان پاش ئەوان باقی ئەسحابی حەزرەت بە گوێرەی سەبقی ھیجرەت و نوسرەت تەرتیبی ژنان «فاطمه»ی زەھرا ئینجا «خديجه» و «عايشه»ی حەمڕا سەییدە «حفصه» و «امّ حبيبه» سەییدە «سوده»ی مەشرەب نەجیبە «امّ سلمه» و «ميمونه» و «زينب» جا «جويريه» و «صفيه»ی بە ئەدەب ئەمجارە باقی ئەسحابی حەزرەت لە ژنان بەپێی ھیجرەت و نوسرەت لەپاش ئەسحابە فیرقەی تابیعین بە خسووس عولەما لە موجتەھیدین «خَيْرُ الْقُرُونِ قَرْني» میقیاسە بۆ تەرتیبی عام وێنەی ئەساسە بەم تەرتیبە فەزڵ عەینی ئینسافە لەمە لابدەی ناحەق و لافە وایە مەشرەبی ئەئیممەی سەلەف پەیڕەوی ئەوان حەققە بۆ خەلەف *** بەعزێ ئەڕبابی بیدعەت و خیلاف ئەڵێن بە شێوەی شوومی ئیعتیساف لە خولەفادا عەلی ئەفزەڵ بوو ئەو موستەحەققی ڕوتبەی ئەووەڵ بوو ھەرچەن لەم باسا زۆر بوو قیل و قال کێشایەوە سەر نیزاع و جیدال منیش بۆ ئەھلی ئیحقاق و ئینساف چەن دەلیل ئەڵێم بۆ دەفعی خیلاف *** یەکەم دامەزرا ئیجماعی ئەسحاب لەسەر ئەبووبەکر بە سیدق و سەواب حەزرەتی عەلیش قەناعەتی کرد ئەویش بێنیزاع باش بەیعەتی کرد گەر حەق نەبوایە گەورەیی سددیق نەئەھاتە جێ ئیجماع بە تەحقیق ئەگەر ببوایە نەسسێکی جەلی ئەیکرد بە دەلیل حەزرەتی عەلی تەسەوور نەکەی عەلی زەعیف بوو چونکی ئەوەندە مەردی شەریف بوو مادام لایدایە لە ئەفکاری عام دەستەی زۆر ئەبوو لە سەحبی کیڕام عەلاوە شەخسێ ساحێب شەرافەت چۆن قەبووڵ ئەکا غەسبی خەلافەت دووھەم ئەسحاب و حەزرەتی عەلی لە گەلێ جاردا بە وەزعی جەلی بانگیان لێ ئەکرد بۆ پایە و جاھی «يا خَليفَةَ رَسُولِاللّهِ» فەرموودەی ئەوان ڕاست لەتیفەیە خۆیان جاڕیان دا ئەو خەلیفەیە *** عەلی وەریگرت خۆی لەو خەلیفە جارییەی قەومی بەنی حەنیفە دایکی موحەممەد حەنەفی نەسەب ساحێبی جاھ و مەقام و حەسەب ئەگەر خەلیفە نەبوایە سددیق لێی وەرنەئەگرت عەلی بە تەحقیق چوون ھەر خەلیفە حوکمی نافیزە تەقسیمی ئەموال بۆ ئەو جائیزە *** ئەگەر خەلافەت بکرێ بە میراس ئەبێ بە حەققی حەزرەتی عەبباس عەلی بیبوایە نەسسێکی جەلی ئاشکرا ئەبوو و ئەدرا بە عەلی مادام وا نەبوو مەعلووم بزانە حەق ھەر ئیجماعی ئەسحابەکانە *** لەو حەیاتەدا حەزرەت ئیمام بوو خۆیشی سەرگەورەی ھەموو ئیسلام بوو کە خۆی سددیقی دانا بە ئیمام یانێ گەورە بێ بۆ جەمعی ئیسلام کێ بێ بتوانێ بکا جەسارەت لابا لە میحراب ئیمامی حەزرەت *** عەلاوەی ئەمە دەلیلی لەتیف لەبۆ ئینسانی تەبیعەت شەریف ئەمەیە لای دا ئەووەڵ خەلافەت لەوان تا پاک بێ ماڵی نبووەت لە غایەی جاھ و حیشمەت و سەروەت لە خود پەرستی و تەقازای دەوڵەت ھەتا دەرکەوێ مەقسوود لە ئیسلام فەقەت ئیسڵاحە و ئیڕشادی ئەنام کە موحەققەق بوو خەلافەی سددیق عەھدی بۆ فارۆق باش ئەکرێ تەتبیق عومەریش پاکە لە شوبھە و توھمەت چونکە خەلافەی کرد بە مەشوەرەت پاش دەوری عوسمان عەلی ئیمام بوو جێگەی وسووقی سەحبی کیڕام بوو تەسلیمی بکە ئیجماعی ئەسحاب ھاوسەرە لەبۆ ئیسابەی سەواب لادە لە فیکری ئەھلی خەرافات بە قسەی بەتاڵ مەکە موبالات ھەر حەق وا لەلای سەوادی ئەعزەم لەسەر فەرموودەی ڕەسوولی ئەکرەم خسووسەن دەسەی ئەسحابی کیڕام ڕازی بێ لێیان خالیقی ئەنام *** خۆت تەحقیق بکە بە عەقڵ و تەمکین جەھدی ئەسحابە چۆن بوو لەبۆ دین قەومێ کە خودا ڕازی بێ لەوان تاڵب بێ کە لەو ڕازی بن ئەوان «خير الأمّة» بن بە نەسسی ئایەت ڕووناک بە نووری چرای ھیدایەت نووری نبووەت لە ناویانا بێ سیمای سەعادەت لە ڕوویانا بێ جۆگەی زەلالی ئاوی شەریعەت بەوان ھاتبێ بۆ دڵی ئوممەت ڕۆن زەیتی پاکی و عیسمەتیان وابێ بێ لە ئاگردان نووری ھودا بێ بە شەرم و شکۆ، حەمیدە ئاسار لەگەڵ ھەژاران بیانبێ ئیسار خاوەن قەناعەت لە ماڵی دونیا خۆیان بنوێنن وەکوو ئەغنیا دڵ پاک لە دەردی نیفاق و ئەوھام بێ باک لە دووری ئەولاد و ئەقوام بچنە غەریبی لە ڕێی خودادا سابیر بن لەبەر زامی ئەعدادا لاشە زاماری ڕم و تیر و شیر بەعزێ بکوژرێن، بەعزێکیش ئەسیر بەعزێ بکوژێ ئەولاد و بابی لەبەر دین لابا مەیلی ئەحبابی تۆزی پێی ئەوان بە ھێز و ھەڵمەت ببێ بە ھەوری بارانی ڕەحمەت خوێنی لاشەیان بڕژێتە زەوی درەختی حیکمەت پێی ببێ قەوی بە دەست و بە پێ، بە زمان و دڵ تیر و تەکان و تۆبە و تەوەککول تۆخودا ئینسافە لە حەق لابدەی نیسبەتی خراپ لەوانە بدەی؟ دەخیل سەد دەخیل دەس بە دامانت نەکوژێنیتەوە چرای ئیمانت باوەڕت ببێ ئەسحابە پاکن بە کردەوە چاک، بە دڵ ڕووناکن مایەی ڕووناکین لەبۆ سەرزەمین لەپاش وەفاتیش بە دڵی نوورین تەعزیمیان مایەی نووری ئیمانە تەشریفیان پایەی ئەجر و ئیحسانە بە شەرم و حە یا بڵێ بە تەمکین «رَضِيَ اللّهُ عَنْهُمْ أَجْمَعينَ» «وَ عَنّا بِهِمْ فِيالدُّنْيا وَالدّين» ڕزگارمان بکا لە ئافاتی ژین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی بەعزێ لە ئیمامە موجتەھیدەکان بە موناسەبەی ئەسحابی ئەمین باس ئەکەم بەعزێ لە موجتەھیدین تا لە ژینا بوو سەییدی موبین مەھبەتی وەحی و مەنبەعی یەقین چونکە مەرجیع بوو لەبۆ خاس و عام بۆ ھیچکەس نەبوو شوبھە لە ئەحکام عەسری ئەسحابیش ھەر بەو سیفەتە چوون مونەووەر بوون بەو مەعریفەتە کە ڕۆیی عەسری ئەسحابانی دین ھاتە پێشەوە دەورەی تابیعین چوون لە زەمانی حەزرەت نزیک بوون لە ئیشتیباھ و غەڵەت تەریک بوون بۆ ئەوان باشتر حەل ئەبوو ئەشکاڵ زوو بە مەردانە ئەڕبابی کەماڵ کەوتنە سەر فیکری تەدوین و تەسنیف بۆ زەبتی دینی ئیسلامی حەنیف ئەووەڵ موسەننیف «عبدالملك» بوو ئوستادی ئوستاد بۆ «شافعي» بوو یاخود «رَبيعي» ساحێب «اعجوبه» یا «سَعد»ی کوڕی ئەبی عرووبە بە سەعی و جیدد و جەھد و ئیھتیمام پەیدا بوون جەمعی عولەمای ئیسلام چەن کەس لەوانە بە عیلم و ڕەشاد گەیینە پایەی بەرزی ئیجتیھاد ئیستینباتیان کرد ئەحکامی ئیسلام «جَزاهُمْ عَنَّا الْمَلِكُ الْعَلاّم» موجتەھیدینی دینی پێغەمبەر عەدەدیان گەیی بە ھەژدە نەفەر چواریان مەزھەبیان تەدوین کراوە بۆیە تەقلیدیان ڕەوا دراوە «ابوحنيفه»ی ئیمامی ئەووەڵ «مالك»، «شافعي»، «احمد بن حنبل» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیمامی ئەعزەم ئەبووحەنیفە ناوی نوعمانە ناوی باوکیشی سابت بزانە لە دایک بوونی وەھا مەعرووفە ھەشتای ھیجری بوو لە شاری کووفە لە سەد و پەنجای تاریخی ھیجری وەفاتی فەرموو، حەفتا بوو عومری لە «اعظميّه»ی بەغدایە قەبری خودا زیاد بکا سەواب و ئەجری شەش کەسی دیبوو لە ئەسحابەکان لە تابیعینە بە پایە و مەکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیمامی مالیک ئیمامی مالیک کوڕی ئەنەس بوو ئەنەس خادیمی مەولای ئەقدەس بوو لە ساڵی نەوەد عەسری تابیعین موتەوەللید بوو لە مەدینەی دین لە ساڵی سەد و حەفتا و نۆی ھیجری موتەوەففا بوو، ھەشتا و نۆ عومری لە مەدینەدا لە خاکی بەقیع دفن کراوە بە پایەی ڕەفیع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیمامی شافیعی ھاتە دونیاوە شافیعی ئەکرەم ڕۆژی وەفاتی ئیمامی ئەعزەم لە سەد و پەنجای ھیجری بێگومان لە خاکی غەززە یا لە عەسقەلان پاش موددەی دوو ساڵ برا بۆ مەککە لەوێ مایەوە بێگەرد و لەککە لەبەر تەرەقی عیلم و فیترەتی بە پانزە ساڵە بووە بە موفتی خۆی موحەممەدە و باوکی ئیدریسە جەددی عەبباسی ساحێب تەقدیسە نەسەبی بەرزی بە پایە و حورمەت لە «عبدالمناف» ئەگاتە حەزرەت وەفاتی فەرموو لە دووسەد و چوار یەعنی عومری ئەو گەیییە پەنجا و چوار قەبری مەعرووفە لە قەڕڕافەی میسر مەزاری عامە لە گشت دەور و عەسر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیمامی ئەحمەد بن حەنبەل موتەوەللید بوو ئەحمەد بن حەنبەل لە سەد و شەست و چواری موکەممەل بە حەفتا و حەوت ساڵ گەییوە عومری لە بەغدا لەسەر دیجلەیە قەبری *** ئەم چوار زاتانە بە حەق ئیمامن موجتەھیدینی دینی ئیسلامن عادڵ و عالم بە ئایەی ئەحکام بە ئەحادیسی سەییدی ئەنام گشت ساحێب پایەی میانەی مەقبووڵ لە عەرەبییە و بەلاغە و ئوسووڵ خۆلاسە شەرتی ئیجتیھاد بۆ دین لەم زاتانا بوو بە «علم اليقين» غەیری ئەمانەیش لە موجتەھیدین ھەرچۆن عالم بوون بە ئەحکامی دین فەقەت مەزھەبیان تەدوین نەکراوە بۆیە تەقلیدیان ڕەوا نەدراوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبەبی ئیختیلافی موجتەھیدین چییە؟ ئەپرسیت بۆ چی ھەیە ئیختیلاف لای ئیمامانی بە فەزڵ و ئینساف؟ ئەڵێم دەلیلی حوکمی شەریعەت ئەووەڵ کیتابە، دووھەمین سوننەت سێھەم ئیجماعی ئەربابی کەمال چوارەم قیاسە و پێنجەم ئیستیدلال ئینجا ھەر حوکمێ ساحێب تەوزیحە کیتاب و سوننەت لەوا سەریحە جێی خیلاف نییە بۆ موجتەھیدین چونکە ئەو حوکمە مەعلوومە لە دین ئەمما ئایەت و حەدیسێکی وا کە چەن ئیحتیمال قابیل بێ لەوا مەعلوومە ئەبێ بە جێی ئیختیلاف بەپێی ئەفکاری ئەھلی ئیکتیشاف چونکی پاش سەرفی فیکر و مەعریفەت وای بۆ کەشف ئەبێ مەعنای عیبادەت وەیا مەتڵەبێ سوننەت و کیتاب تەوزیحی نەکا بەبێ ئیڕتیاب مەجبوورەن قیاس لەوا بێتە کار یا بە ئیستیدلال ئەکرێ ئیزھار مادام عەقڵی شەخس ئەبێ بە کەششاف تەبعەن ئەبێتە جێگەی ئیختیلاف *** ئەگەر ئەپرسی بۆ چی ئیحتیمال ھەیە تا ببێ بە مایەی ئیشکال؟ ئەڵێم ئە و ئەمرە ئیحتیمالییە لەلای شاریعا تەواو جەلییە فەقەت مومکینە کە لەلای نازیر مووزیحی تەواو نەبووبێ زاھیر مەسەلی حەدیس مووزیحی ئەوە ئەم موجتەھیدە نەگەیوە بەوە یا ئەو حەدیسە لای ئەم زەریفە لای ئەو موجتەھید گەلێ زەعیفە ئینجا بە فیکری ھەریەکێ فەرعی ئیستینبات ئەکرێ بە نەھجی شەرعی با حەق یەکێبێ چونکی مەعزوورن موختیء و موسیب ھەردوو مەئجوورن *** بەعزێکیش ئەڵێن ئەھلی ئیختیلاف ھەموو موسیبن بە حەق و ئینساف چونکی حوکمی شەرع ئیعتیبارییە مەربووتی ئەمر و قەزای بارییە خودایش تاڵبی یوسر و ڕەحمەتە غەیرە تاڵبی عوسر و زەحمەتە ھەر قەومێ نەوعێ تەریقەتیانە فەرعی مەئلووفی تەبیعەتیانە بەعزێ عیبادەت ئاسانە بۆیان بەعزێکیش سەختە بە تەبیعەتیان دەی موحتەمەل ھات کیتاب و سوننەت تا بشێ لەبۆ چەن وەجە و سوورەت تا بۆ ھەر قەومێ شەخسێکی ئەعلەم حوکمێ وەربگرێ باش و موسەللەم جا چونکی خودا زاتەن ڕازییە موسیبە ھەرکەس بەوان قازییە وا لەم تەقریرە بۆ تۆ مەعلووم بوو ساحێبی حوکمەین موسیبن ھەردوو دەی «اِختِلافُ أُمَّتي رَحْمَه» لەسەر ھەردوولا محەللی جەزمە تا ئێستە وتمان کە لەفزی دەلیل بە چەن ئیحتیمال ھەڵئەگرێ تەئویل ئەمماکە حوکمێ بۆ ئەوان ھەڵکەوت ئایەت و حەدیس بۆیان ڕێ نەکەوت لەوە چار نییە ئیللا بە قیاس یا بە ئیستیدلال لە عولەمای ناس تەبعەن ئیختیلاف یێتە جێ لەما بە ئیختیلافی فیکری عولەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موجتەھیدانی ئوسوولی دین لە عەسری نووری سەییدی ئەفزەل عەقیدە ساف بوو لە وەھم و خەلەل ھەروەھا عەسری قەومی سەحابە ھەم تابیعینی ساحێب نەجابە ئینجا موسوڵمان پرژ و بڵاو بوون خراپ و چاکیان پێک تێکەڵاو بوون چوون دوور کەوتەوە دەورەی سەعادەت دەرکەوت سەوادی فەساد و بیدعەت گەرچی لەو وەختا زۆر بوون ئیمامان دانا بۆ ئەسڵ و فەرعی ئەحکامان دەرکەوتن دوو شێر زۆر بە مەردانە لەسەری چوارەم قەڕنێ زەمانە شێخ «ابوالحسن» ئەشعەری نەسەب شێخ «ابومنصور» حەمیدە حەسەب ئیھتیمامیان کرد لە ڕێی خودادا ئەم لە سەمەرقەند ئەو لە بەغدادا لەسەر مەشرەبی حەزرەت و ئەسحاب بەیانیان فەرموو عەقیدەی سەواب شێخ «ابوالحسن» ئەشعەری جەلیل خۆی ناوی عەلی باوکی ئیسماعیل جەددی نۆھەمی ئەبوومووسایە کە لە ئەسحابی «رسول اللّه»یە دووسەد و حەفتای تاریخی ھیجرە موتەوەللید بوو لە شاری بەسرە ئیعلانی فەرموو لە ڕۆژی جومعە لە بەسرە ڕەددی ئەربابی بیدعە جا ھیجرەتی کرد بۆ شاری بەغدا لەبۆ ئیڕشادی سوننەت و ھودا تەسنیفی ھەبوو ھەتا پەنجا و پێنج ھەموو موفید بوون بۆ ئیسلام بێرەنج لە سێسەد و سێ و کەسرێ لە ھیجرە بە سەکتەی قەلبی فەوتا لە حوجرە *** شێخ «ابومنصور» ناوی موحەممەد «علم الهُدي» لەقەبی ئەمجەد باوکی موحەممەد باپیری مەحموود تەئویلاتی ئەو مەشھوورە و مەوجوود لە ماتوریدا ھاتووەتە دونیا لە سەمەرقەندا دەرچوو لە دونیا تاریخ زیاتر بوو لە سێسەد و سی وەفاتی فەرموو ئیمامی قودسی ھەرکەس تابیع بێ بەم ئیمامانە لە ئیعتیقادا ساحێب ئیمانە *** دوو شێخی حەدیس ئیمامی ئوممەت مەعدەنی نوور و مەنبەعی ڕەحمەت یەکەم مەحبووبی حەزرەتی باری ئیمامی حەدیس شێخی «بوخاري» ناوی موحەممەد «ابوعبداللّه» باوکی ئیسماعیل بە مەقام و جاھ تەئلیفی ئەوە زەریف و مەلیح جامیعی مەشھوور «جامع الصّحيح» ئەعلای کتێبی میللەتی ئیسلام لەپاش قورئانی ھادی بۆ ئەنام مەولید بوخارا و قەبری لە خەرتەنگ شوێنێکی کۆنە لەلای سەمەرقەند تاریخی بوون و وەفاتی مەشھوور «وَلَدَ في صِدقٍ وَ ماتَ في نُور» دووھەمیان «مُسلم» وەلەدی حەجاج بۆ سەری ئیسلام بوو بە زەڕڕین تاج نیسبەت قوشەیری، وەتەن نەیسابوور لە دووسەد و شەش ھاتووەتە زوھوور لە دووسەد و شەست عەلاوە یەک ساڵ بە لیقای خودا گەیشت بە کەماڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: [کەڕامەت] کەڕامات حەققە بۆ ئەھلی شەرەف لە ئەولیای دین سەلەف و خەلەف «خرق العاده» یان زۆر و بێشومار سابتە بە شەرع دیارە بە ئاسار تەریقەی فیرقەی ئەولیا چاکە ئەولیا دڵیان بە حەق ڕووناکە وەلی عارفە بە زات و سیفات وەختی سەرف ئەکا بە خێر و تاعات تابیعی شەرعی شاھی ئەنبیا مانیع لە حوببی ڕەزیلەی دونیا ئەم نیشانەیە زۆر موسەللەمە کە ھاومەجلیسیان خاتری جەمە ھەرکەسێ بە شەرع ناموافیقە ئەوە نەک وەلی، بەڵکوو فاسیقە میزانمان حەسرە لەسەر شەریعەت خیلافی ئەوە ھەر شەڕە و بیدعەت ڕزگارمان بکا خودا لە بیدعەت سابتمان بکا لەسەر شەریعەت بە سیڕڕی قەلب و ڕۆحی ئەولیا بە فەیزی ئەعلای شاھی ئەنبیا بڕژێ بە سەریا بارانی ڕەحمەت پەی پەی بە دەوام ھەتا قیامەت سەفای ئەو فەیزە بگا بە دڵمان حەل بکا بۆمان ھەموو موشکڵمان تا بە سەربەرزی ڕۆژی قیامەت بگەین بە لیقای ساغ و سەلامەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوکنی پێنجەمین ڕوکنی پێنجەمین بە ئیستیقامەت باوەڕە بەوە ڕاستە قیامەت ئەم دونیا ئەڕوا عالەمێتر دێ جەزای کردەوەی تیادا دێتە جێ ھەرکەس جەزای خۆی پێ ئەگا سەرپاک خراپ بۆ خراپ، چاکە لەبۆ چاک پێی نیشان داوین سەییدی سادات لەبۆ ھاتنی بەعزێ عەلامات وەکوو بێرەحمی گەورە و سەرداران وەکوو بێشەرمی لای ھەرزەکاران فەرمان ئەدرێتە دەستی نائەھل عیلم کەم ئەبێ و غاڵب ئەبێ جەھل زۆر ئەبێ مەکر و غەش و خەیانەت کەم ئەبێ ڕاستی و وەفا و ئەمانەت لادانی ئەولاد لە ڕێگەی سەواب بێ ئەدەب ئەبن لەگەڵ دایک و باب بە پێچەوانە بەشەر ئەبینین ئەمین بە خائین، خائین بە ئەمین دونیا پڕ ئەبێ لە فەساد و شەڕ خۆشی نامێنێ بۆ دڵی بەشەر ئینسانی عاقڵ مەبھووت و حەیران سەرگەردان ئەبێ لە وەزعی زەمان ڕابوورێ بەلای قەبرێکی نۆدا ئەڵێ خۆزگا من ئەبووم لەو جێدا بێجگە لەمانە یێتە سەر بیسات لەبۆ قیامەت گەلێ عەلامات وەکوو فەرموویە تەواو ڕوو ئەچێ سێ پارچە زەوی نامێنێ لە جێ یەک لە خۆرھەڵات، دوو لە خۆرنشین سێ لە جەزیرەی عەرەبا یەقین وەک دەرکەوتنی سەفیانی کافر وەکوو دەرچوونی دەجاڵی ساحیر وەک دەرکەوتنی مەھدی لەو دەما لەگەڵ نزوولی عیسا لە سەما ھاتنی «يأجوج» و «مأجوج» بە جەفا دەرچوونی «دابّة» لە خاکی سەفا ھەم ھەڵاتنی ڕۆژ لە خۆرنشین بە غەیری عادەت وەکوو ئەیبینین دونیا پڕ ئەکا دووکەڵێکی ڕەش لە عەدەن دەریێ ئاگرێکی گەش لەپاش ئەمانە نەفخی «فيالصّور»ە کاتی وێرانی دونیای مەعموورە کێوانی زەوی شی ئەکرێنەوە ئاسمانەکان ئەپێچرێنەوە زەوی ئەگۆڕێ بە دەشتێکی ساف تیایا نامێنێ لاری و ئیختیلاف پاش موددەی چل ساڵ چۆڵی مەعموورە زیندوو بوونەوە بە نەفخی سوورە لەپاش بەیانی بەعزێ عەلامەت لە پێش بەیانی وەزعی قیامەت وەزعی بەرزەخت بۆ ئەکەم بەیان لەسەر بەیانی عولەمای ئەعیان ئینسان لەو وەختا خەریکە بمرێ ئەگەر لە ڕیزی چاکان بژمێررێ موژدەی پێ ئەدەن فریشتەی ئەخبار بە ڕەحم و لوتفی خالیقی غەففار پاش مردن ڕۆحی ئەبەن بە سەفا بۆلای ئەڕواحی زومڕەی عورەفا خوا نەکەردە گەر لە ناپاکانە جێی تانە و لۆمەی مەلائیکانە پاش مردن ڕۆحی ئەبەن بە زەحمەت بۆلای ئەڕواحی ئەھلی مەعسیەت «والحاصل» ڕۆحی زۆر خەبەردارە لە ئەشقیایە یا لە ئەخیارە لە حاڵی لاشەی ھەم باخەبەرە شۆرین و بردن لەبۆ مەقبەرە ئەمما نازانێ خۆیەتی ئەبرێ ھەتا لە قەبرا باش قەرار ئەگرێ *** کە دایانپۆشی لە قەبری تەنگا بەجێ ما لە ژێر ئەو سیا سەنگا ئاگادار ئەبێ لە ئەحواڵی خۆی کە خۆی مردووە قەبرە بوو بە جێی جا دێ بەسەریا وەزعی گۆڕەوشار لەپاش ئەم وەزعە وەزعی پرسیار یانێ فریشتەی سوئال دێنە لای لەبۆ تەحقیقی باوەڕی دونیای خوا و پێغەمبەر، ئیمام و دینی کێن و کامەیە؟ چییە ئایینی؟ گەر جوابی داوە بە باشی ئازاد فەورەن قەبرەکەی بۆ ئەبێ گوشاد لەلای ئەو ئەبێ بە سارا و بە دەشت پێی نیشان ئەدەن جێی خۆی لە بەھەشت ئەگەر نەزانێ بەیانی جواب موبتەلا ئەبێ بە ئێش و عەزاب یا ئەبڕێتەوە لە قەبرا عەزاب یا دەوام ئەکا تا ڕۆژی حیساب ھەرچی ناخۆشی و خۆشی مردووە ھەمووی بەوێنەی حاڵی نووستووە ئەوزاعی ڕۆحە ئەحواڵی غەیبە لای خودا سەھلە و بەری لە عەیبە ئەمە بەرزەخە تا کاتی مەحشەر حەیاتی تازە دێتۆ بۆ بەشەر وەکوو زوو وتمان بە نەفخەی دووھەم زیندوو ئەبنەوە مەخلووقات سەرجەم زاھیری نوسووس ئیفادە ئەکا بەعس بە جەمعە بۆ ھەموو ئەجزا گرد ئەکاتەوە ھەموو ئەعزای تۆ ئێسک و ڕەگ و گۆشت، وردە ئەجزای تۆ ئەو ئەعزا کۆبن یا پرژ و بڵاو خوراو یا سووتاو یا بە خاک ڕزاو ماددەی ئەجزاکان ھەموو مەوجوودن مەشموولی عیلمی خودای مەعبوودن گرد بن یا بڵاو لای ئەو بێفەرقە عالم و قادر خالیقی خەلقە بە ڕیوایەتی مەفھوومی حەدیس کە فەرموویەتی ڕەسوولی ڕەئیس جوزئێ لە لاشە لە ڕزان دوورە بە «عجب الذّنب» ناوی مەشھوورە لەسەر ئەو جوزئە ئەندامی ئینسان دروست ئەبنەوە بە ڕێکی دیسان گشت کەس ئەزانێ کێیە و کوڕی کێ ئەھلی شار بووە یا دەوار یا دێ چۆن بوو ڕەفتاری لە دەورەی دونیا چارە ڕووناک بوو یا چارە سیا *** ڕووناک ئەبێ ئەرز بە تەجەللای زات مەخلووقات ئەبرێن لەبۆ عەرەسات مەخلووق ئەکەونە ترسان و دەھشەت دایان ئەپۆشێ حیجابی وەحشەت ھەرکەس مەشغووڵی نەفسی نەفسییە خەمباری ئێش و دەردی شەخسییە جا تکا ئەکا سەییدی سەروەر بۆ ڕزگار بوونیان لە ھەوڵی مەحشەر جا وێنەی باڵدار دەفتەری ئەعمال ئێت لەسەر ئەمری خودای «ذي الجلال» ئەدرێتە دەستی ڕاستی سوعەدا وەرئەگرن موژدەی ئەلتافی خودا ھەرکەس بەدبەخت بێ ئەدرێتە دەستی چەپی لەلای چەپ یا لەلای پشتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حیسابی کردەوەی موکەللەف جا حیساب ئەکرێن ئینس و جینن سەرپاک لەسەر کردەوەی خراپە یا چاک بەعزەن وا لەناو نامەی عەمەڵدا بەعزێ ئەعزای خۆی شەھادەت ئەدا بەعزێ گوناھیش کەس پێی نازانێ فەقەت زاتی خوا بۆ خۆی ئەیزانێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ترازووی ئەعماڵ ئینجا یێتە ناو ترازووی ئەعماڵ بۆ لێکدانەوەی نوقسان و کەماڵ تای ئیشی چاکە سپیە وەکوو شیر تای خراپەیشی ڕەشە وەکوو قیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسیار و عیتابی خوای تەعالا پاش ئەمە خودای عەلیم و خەبیر دێتە سەر عیتاب لە ئەھلی تەقسیر پرسیار ئەکا لە جین لە بەشەر بۆ بێباوەڕی و بۆ کردەوەی شەڕ لە پێغەمبەران بۆ وەزعی عیباد لە خسووس وەزعی تەبلیغ و ئیڕشاد لە عولەماکان ئەپرسێ یەکسەر لە ئەمری مەعرووف، نەھی لە مونکەر ھەروا لە ئوممەت ئەپرسێ بە عام لەسەر ئیتاعەی عولەمای ئەعلام ئەپرسێ بە قەھر لە ئەھلی بیدعەت لەسەر ئیزھاری زیددی شەریعەت ئینجا ئەمر ئەکا بە جەزای چاکان ھەم بە عەزابی دەستەی ناپاکان مەگەر مەشموولی عەفوو مەغفیرەت ھەر بە ڕەحمی خوا یا بە شەفاعەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پردی «صراط» جا ئینجا کاتی ھات و نەھاتە وەختی عبووری پردی سیراتە کە ڕاکێشراوە لەسەر جەھەننم بۆ خراپ و چاک جاھیل و عالم باریکتر لە موو تیژتر لە ئەڵماس جێی ئیمتیحانە لەبۆ جینن و ناس عبوور بەو پردا بە ڕای حەقیقەت بەقەد عبوورە بە ڕێی شەریعەت بەعزێ موکەللەف لێی ئەکەونە خوار لە جەھەننما ئەبن گرفتار کافر ھەمیشە و موسوڵمان بەپێی تۆڵەی گوناھی، جا دەرئەچێ لێی موسوڵمانی پاک دڵ ڕووناک بە نوور زۆر بە ئاسانی لێی ئەکەن عبوور بەعزێ وەکوو بای وەشتی بەھاران بەعزێ بەوێنەی شۆڕەسواران بەعزێ بەوێنەی تیشکی تیژی بەرق بە ھەناسەیەک ئەبڕێ غەرب و شەرق شەرعە میسالی ئەم سەفا و سەیرە ھەر ئەھلی شەرعە عاقیبەت خەیرە *** کە عبووریان کرد کۆمەڵی مەسعوود گشت گرد ئەبنەوە لە «حوض المورود» ئاوی ئەو حەوزە سپیتر لە شیر بۆنی خۆشترە لە میسک و عەبیر یەکێ ھەزار ساڵ لە جەھەننم بێ گیرۆدەی دەرد و ئێش و ئەلەم بێ کە گەییە ئەوێ زۆر مەسروور ئەبێ سینەی بە سەفا و ساحێب نوور ئەبێ ھەرکەس لێی خواردۆ جین بێ یا بەشەر قەت تینووی نابێ بە نەسسی خەبەر دەی مەعلووم ئەکا «شَرابا طَهُور» نۆش ئەکرێ لەبۆ لەززەت و سروور پاش «حوض المورود» ئەڕۆنە بەھەشت ھەرکەس لە جێی خۆی دەس ئەکا بە گەشت قەسری بێقسوور، باغی بێخارە «روح الرّياحين» گوڵ و گوڵزارە خۆشی وای ھەیە نە گوێ بیستوویە نە بە دڵ خەیاڵ، نە چاو دیتوویە دۆستی ئارەزووی دۆستێکی بکا لە عەرزی ڕێدا ئەم بە ئەو ئەگا ھەرچی تۆ بڵێیت کەمە لە تەعریف ھەرچی بنووسیت ناگا بە تەوسیف ھەرچی کە بکا نەفست ئارەزوو حازرە لەلات فەورەن زوو بە زوو ئەعلای نیعمەتی بەھەشت بۆ ئیسلام بینینە بە چاو بۆ خودای عەللام «وُجُوهٌ يَوْمَئِذٍ ناضِرَة» چونکە «إِلي رَبِّها ناظِرَة» حەزرەتی مەولای ساحێب نبووەت بەیانی کردووە نیعمەتی ڕوئیەت قورسی مانگ بینین بە چواردە شەوە رەمزی تەشبیھی بینینی ئەوە چونکی موسوڵمان ئەگەن بە بەقا نوورانی ئەبن بە نووری لیقا زەڕڕاتی وجوود بە نووری شھوود نوورانی ئەبێ بە فەیزی مەعبوود گشت سەرمەست ئەبن بە تەجەللای زات گشت سەربەست ئەبن بە جیلوەی سیفات ئەمەیە مەبەس، ئەمەیە مەرام ئەمەیە ئەنعام، ئەمەیە ئیکرام خوا بەشمان بدا ئالەم لیقایە لەم جیلوەی فەیزە و بینینی خوایە بە پایە و مایەی سەروەری ئیسلام «عليه الصّلاة، عليه السّلام» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەشەم فەسڵی شەشەمین ڕوکنی شەشەمە قەزا و قەدەری خودای ئەعزەمە لەم فەسڵا لەسەر نەھجی غەزالی دە ئەساس ئەڵێم «علي التّوالي» باوەڕت ببێ بەم دە ئەساسە ئەوجارە دین و عەقیدەت ڕاسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی یەکەم باوەڕت ببێ بە قەزا و قەدەر ھەرچی کە بووە یا ئەبێ یەکسەر ھەر بە ئیجاد و خەلقی خودایە لەسەر ئیرادەی خودای تەنھایە قەزا بە مەعنای ئیرادەی زاتە بۆ ھەرچی ئەبێ لەم کائیناتە قەدەر بە مەعنا ئیجادی ئەشیا لەو زەمانەدا بۆی قەرار درا ئیجادی ئەشیا ھەر بۆ خودایە خەلق لایقی زانای بینایە ئێمە جاھیلین بە ئەنجامی کار چی چاکەو ئیقباڵ، چی بەدەو ئەدبار ھەر لەو کاتەدا کە ئیشێ ئەکەین ناتوانین تەواو تەفسیلی بدەین ئەو بازە بردت پانی چەن پێیە چەن جومگەت جووڵا و چەنێ لەجێیە ئەگەر کەسێکیش لە تۆ بپرسێ جوابت پێ نییە قیمەتی فلسێ ھەر شتێ ئەکەی حەرەکە و سکوون دائیم موحتاجی بۆلای ڕەھنموون ئینکارم مەکە ئەمە یەقینە ئەغڵەب بێھۆشی وەکوو مەکینە گەلێ جار عەزمت بۆ پەیدا ئەبێ بڕێ جار عەزمت لێ بەرباد ئەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی دووھەم ھەروا کە عیباد غەیرە خالیقن لەبۆ بێدەخڵیش ھەر نالایقن کەسبی کردەوە ھەیە لەبۆیان کاسبن لەبۆ ئەفعالی خۆیان بێ عەلاقە نین وەکوو بەرد و دار لەم عەلاقەدا نییە جێی ئینکار بتلەرزێننەوەو خۆت بلەرزێنی فەرقی ئاشکرا لەوا ئەبینی بۆ خۆت ھەڵکەوی خۆت دائەمێنی دەستت پێوەنێن تۆڵە ئەستێنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەعنای کەسبی ئەشعەری بە دڵ حازر بە ئەگەر تۆ دانای تاڵبی دین و سەر ڕشتەی دونیای تا مەعنای کەسبت بۆ بکەم بەیان لەسەر تەقریری عولەمای ئەعیان خودا بە ڕەحمەت عیلمی پێت داوە چ ئیشێ باشە، کام ئیش خراوە ھەروا ئیرادە و مەیلی داوە پێت تا لە کاتێکا ئیشێ بێتە ڕێت لە بۆ فیعل و تەرک بە ڕۆژ و بە شەو لایێ ھەڵبگری بە تەعیینی ئەو قودرەتی داوە و ئەتوانی بیکەی ھەر لایێ بە مەیل تەڕجیحێ بدەی ئەم سێ سیفەتەی مەعلووم و مەوجوود داونی بە تۆ خالقی مەعبوود لەبۆ ھەر ئیشێ بە تۆ بێتە جێ ئەم سیفەتانە حازرن لەوێ دەی موقارەنەی ئیرادە و قودرەت لەگەڵ ئیشەکەت کەسبە بە سیححەت پایەی تۆڵەیە و مایەی جەزایە چونکی سەبەبی خەلقی خودایە سەبەبی خەلقی «ربّ العباد»ە بۆ فیعلی عیباد بە نەھجی عادە سەرفی قودرەت و ئیرادەی بەشەر ھەر خودا ئەیکا ببە باخەبەر فەقەت مەحەللە ئینسان و پەری ئەمەیە مەعنای کەسبی ئەشعەری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەسبی ماتوریدی ئەما بە فیکری شێخی ماتورید کەسبی موکەللەف وائەکرێ تەحدید سەرفی ئیرادە و قودرەتە بۆ کار ئینسان لەم سەرفا فاعیلە و موختار چونکی ئەم سەرفە بە مەعنا ئیسناد ئەسەرە لەبۆ قودرەتی عیباد ھەم سەبەبیشە بۆ خەلقی خودا بەگوێرەی عادەت باش ببە ئاگا تۆ خەیاڵ نەکەی کە ماتوریدی خەلەلێ ئەگا ئەولای تەوحیدی چونکی ئەو سەرفە ئیعتیادییە لە مەوجووداتی ئەعیانی نییە تەئسیر لەو سەرفا نابێ بە ئیجاد «واللّه الهادي طريق الرّشاد» فیکری ئوستاد و قازیش ببینە فیکری عالمان نووری موبینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی سێھەم کەسب دەرناکا موتڵەقەن ئەفعال لە ژێر ئیرادەی خودای «ذوالجلال» چی ئیرادە کرد ئەوە یێتە جێ ھەرچی مەیل نەکا بە قەتعی نابێ لە مورادی خودا جەمیعی عالەم زیاد و کەم ناکا موویێ خاتر جەم *** لەسەر ئیرادەی حەزرەتی باری تۆ مەجبوور نابی، ھەروا موختاری مەعلوومی ئەھلی عیرفان و حیلمە کە ئیرادەی خوا تابیعی عیلمە عیلمی ئەزەلیش تابیعی فیعلە فیعلی موکەللەف مەحەکییە و ئەسلە زانیویە ئەزەل تۆ بە ئیختیار لە کاتی تەکلیف چلۆن ئەکەی کار لەسەر ئەو عیلمە مەیلی ھاتە بار مەیل بە شوێنی عیلم، عیلم بە شوێن کار ئیجبار ئەوەیە ناچارت بکا بێ عیلم و مەیل و ئاسارت بکا با بۆت بەیان کەم وێنەیێ سەحیح کە بەکارت بێت بۆ کەشف و تەوزیح وەلی کە بە کەشف بزانێ ڕەنجێ ئەبینی لە ڕێ، یا کووپەی گەنجێ چی دەخلی ھەیە بە لوتف و ئازار پێت ئەدا دینار یا لێت ئەدا دار ھەروا بێتەشبیە عیلمی «ذي الجلال» ئاوێنە ڕەنگە و کردەوە میسال ئاوێنە وێنەی ئەشیا ئەنوێنێ بۆ حەللی ئەمە کێ دائەمێنێ *** مەیل و ئیرادەی زاتی عەلییە بە مەعنای ڕەزا و محەببەت نییە ڕازییە بە خێر ناڕازی لە شەڕ ھەردوویش مەشموولن بۆ قەزا و قەدەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی چوارەم لوتفی فەرمووە بە خەلق و ئیجاد ھەم بە تەکلیفی عوقەلای عیباد نە خەلق و ئیجاد، نە وەزعی تەکلیف واجب نین لەسەر خەبیری لەتیف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی پێنجەم گشت تەکلیفێکی پێ ئەکرێ لە خەلق ئەمە مومکینە بەپێی فیکری حەق ئەمما قەت نەبووە و قەت واقیع نابێ ئیللا بە چشتێ لە تاقەتا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی شەشەم ئەتوانێ بکا تەعزیبی موتیع عاسیش بباتە مەرتەبەی ڕەفیع ئەمما بە شێوەی کەرەم و ئیحسان بە زایە نادا ئیتاعەی ئینسان ھەرچەن بە ڕەحمەت عاسی ئەبەخشێ پایەی قەدریشی قەتعەن نالەخشێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی حەوتەم ئەوەی باشترە لەبۆ دونیای تۆ یا لەبۆ پایەی ڕۆژی جەزای تۆ ھیچ واجب نییە لەسەر زاتی حەق بۆ خۆی موختارە لە ئیشا موتڵەق بەڵێ مەیلی بێ ئەتدا ھیدایەت بۆ کاری خێرت ئەکا عینایەت لوتف و تەوفێقت بۆ ئەخاتە کار بۆت ئاسان ئەکا چەن ئیشی نابار یا ئەگەر ویستی ئازارت بدا ھەزار تەگەرەت دێنێتە ڕێگا پەنا بە لوتفی خودای «ذي الاكرام» لە جۆشی قەھر و جیلوەی ئینتیقام زۆری دروست کرد کافری مەعلوول بێکەس و بێدەست، داماو و مەلوول ھەروا چەن کەسیش بە وێنەی نەمروود مەغروور و شەروور، بەدکار و مەردوود خۆلاسەی کەلام ئەفعالی حەکیم پڕە لە حیکمەت، لێم بکە تەسلیم ناپاکێ بژی یا پاکێ بمرێ ھەردوو لە حیکمەت جێگەی خۆی ئەگرێ ھەر ئیشێ ئەکا پڕە لە حیکمەت بۆ تۆ زەحمەت بێ یا خێر و ڕەحمەت ھەر ئیشێ بکا فەزڵە یا عەدڵە کەشفی ئەم سیڕڕە بۆ زانا سەھلە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی ھەشتەم فەرزە ناسینی خوای ساحێب قودرەت بە دەلیلی سەمع کیتاب و سوننەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی نۆھەم بەعسی ئەنبیا فەزڵی جەلیلە نە واجبە بۆی نە موستەحیلە ناردنی ئادەم ھەتا پێغەمبەر سڵاوات ببارێ لەسەریان یەکسەر بۆ ھیدایەتی جینن و ئینسان بوو ھەمووی ڕەحمەت و فەیز و ئیحسان بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسڵی دەھەم خەتمی کرد زومڕەی ئەنبیا و ڕوسول لەسەر موحەممەد ساحێبداری کول دینی ناسیخی ھەموو ئەدیانە زامنی خێری ھەموو زەمانە کردی بە ڕەحمەت لەبۆ عالەمین خوا بەشمان بدا لە فەیزی، ئامین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خاتیمە و پایانی بارانی ڕەحمەت کە ئاگادار بووی باش لەم مەرامە کاتی خاتیمەی عەنبەر خیتامە چەن باسێ ھەیە وەکوو دەستەگوڵ لەبۆ دەماخی یارانی یەک دڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دانانی ئیمامی عادڵ واجبە لەسەر عوقەلای ئیسلام بە دەلیلی سەمع دانانی ئیمام بزانە شەرتە بۆ شەخسی ئیمام پیاو بێ و ئازاد بێ و ناسراو بە ئیسلام عاقڵ و عادڵ، قوڕەیشی نەسەب شەجیع و سەربەرز بە خولق و حەسەب وەکوو شیری ڕووت یا شێری سەمسام نافیع بێ لەبۆ نوسرەتی ئیسلام بۆ سەدی سەرحەد بۆ سەربەرزی ژین بۆ پاراستنی قوللە و قەڵای دین ئەگەر ڕێ نەکەوت قوڕەیشی جەلیل با شەخسێتر بێ دەخیل سەد دەخیل تا خاڵی نەبێ ئیسلام لە ئیمام مەینەتی زۆرە نایێتە کەلام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوناھی کەبیرە لە دین دەرناچێ ئەھلی کەبیرە ھەرچەن ئەسیری بیری تەقسیرە مەگەر گوناھێ بیکا بە کافر چ جورمی باتین چ جورمی زاھیر وەکوو ئینکاری ڕوکنێکی ئیمان یا ڕوکنی ئیسلام، ئامان سەد ئامان مەسەل ئینکاری خەللاقی ئەکبەر یاخود ئینکاری «بَعث»ی پێغەمبەر ئینکاری فەنا و ئینکاری مەعاد بۆ حەشر و نەشری جەمیعی عیباد یاخود ئینکاری ڕۆژووی ڕەمەزان یا حەجی بەیتی «كعبة الرّحمن» یەئس لە ڕەحمەت، ئەمن لە عەزاب یاخود تەحقیری سوننەت و کیتاب تەحریمی حەڵاڵ، تەحلیلی حەرام ئەمما بە نەسسی ئەدیللەی ئەحکام گوناھی غەیری نەوعی ئەمانە پێی کافر نابێ ئەو موسوڵمانە *** وەکوو ڕەزیلەی بەخێڵی و نیفاق حەز لە شۆرەت و ناوبانگی ئافاق خۆ لێ بایی بوون، ڕیا و تەکەببور حیرس و تەماع و بوغز و تەھەوور گومانی بەدی بە ئەحواڵی خەلق چاکی لەبۆ خۆی ڕەزیلەی سەردەق *** دوژمنی لەگەڵ تایفەی چاکان عولەما و ئەولیا، باقی دڵ پاکان بێ حەیا و شەرمی لەگەڵ دایک و باب بۆ دونیا عارە و پاشەڕۆژ عەزاب قەتعی سیلەی ڕەحم لەگەڵ خزم و خوێش تەشەر و تانە لە شەخسی دڵ ڕێش مەنعی دڵسۆزی لەگەڵ خاس و عام مەخسووس تەربییە و تەعلیمی ئەحکام بە خسووس قسووری ئوستادی مەڕسووم بۆ تەعلیماتی توللابی علووم کوفری نیعمەت و جەفا لە پەیمان ئەمما پەیمانێ بشێ بۆ ئیمان غەیبەت و درۆ و وەعدە بە خیلاف دەست بڕینی خەڵک بە لاف و گەزاف سەرفی موسکیرات، چ وشک و چ تەڕ لاتی و شێتییە و بۆ عاقیبەت شەڕ *** تەحسیلی علووم ھەر لەبۆ دونیا وەک دەسکەوتنی جاھ و کیبریا دامەزراندنی بیدعەت و ئیفساد تەرکی سوننەتی «سيّد العباد» بە دەوام تەرکی نوێژی جەماعەت یا تەرکی جومعە بە ڕەسمی بیدعەت لەبەر تەشائوم ڕجووع لە سەفەر یا بە سەنەدی قسەی حیسابگەر *** خواردنی ماڵی ئەوقاف و ئەیتام یا ماڵی حەرام بە ھێزی حوککام مەخسووس بە بەرتیل، بە سوێندی درۆ دینت ئەفەوتێ و ئەبی ڕەنجەڕۆ ماڵ داگیر کردن بە نفووز و زۆر بە دزی و جەردەیی وەکوو چەکەخۆر لە گەز و وەزن و مەنا خەیانەت شەھادەتی زوور، کەتمی شەھادەت خەیانەت لەگەڵ ماڵی ئەمانەت بەدترە لە گشت قیسمی خەیانەت سوود و بەرتیل و گرەو و قومار ئاگری سوورن زینھار سەد زینھار ھەرگیز ئەمانە مەکە بە پیشە دارت دەریێنێ لە ڕەگ و ڕیشە لە ھەموو بەدتر کاکی بە تەمکین دونیا خواردنە بە بەھانەی دین ئەساسی ھەموویش حوببی دونیایە ھەر بۆ دونیایە ئینسان ڕیسوایە کوشتنی ئینسان بێ حەق و قیساس ھەم داوێن پیسی ئینسانی ناڕاس دانانی داوی بەڵا و موسیبەت بۆ ئەوەی یەکێ بخەیتە زەحمەت بە فیتنە و ئیفساد بە دوو زمانی بۆ نەفس و نامووس یا ماڵ دانانی بوختان بۆ ژن و بۆ پیاوی شەریف نیسبەتدانی خەڵک لە ئیشی کەسیف لەقەب داھێنان لە موسوڵمانان تەحقیری فەقیر بە جەور و توغیان بە چاوی سووکی ڕوانین لەبۆ غەیر خۆ بە زل گرتن بە پایە و بە خەیر لەگەڵ دڵ سافان فێڵ و ناسافی گوێ نەدان بە حەق بە بێ ئینسافی لە مزگەوتانا قسەی دونیایی تەرویجی ناحەق بە ناڕەوایی بێدەنگ بوون لەسەر کردەوەی حەرام ئەگەر بێفیتنە بگا بە مەرام لە کاتی عوزرا ڕەفێقی ژنان یانێ بۆ بەینی ناوک و ئەژنۆیان تەرکی واجیبات بێعوزری شەرعی یا فیعلی حەرام مەمنووعی قەتعی کەبیرە زۆرن غەیری ئەمانە ناگونجێن ھەموو لەم ڕیسالانە بڕۆ بپرسە لە عولەمای دین لە ترسی خودای «ربّ العالمين» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی تۆبە کردن تۆبە واجبە بە نەسسی ئایەت سێ شەرتی ھەیە، یەکەم نەدامەت پەشیمانییە لەو گوناحانە کە زوو کردوونی بەبێ شەرمانە دووھەمیان عەزمە کە ھەتا ماوە خۆی نەخاتەوە ناو ئەو قوڕاوە سێھەمیان ڕەددی حقووقی ناسە یا ئیبرای زیممە لەو شەڕ و باسە تەفرەی تۆبەی تۆ لە ئیشی گوناھ گوناحێترە بەبێ ئیشتیباھ قەت تەفرە نەدەی تۆبەکەت ھەیھات ژین نەفەسێکە ئەمرێکە نەھات ئیقتیدا بکە بە چاک و خراپ ھەرچەن بە چاکان باشە بۆ سەواب نوێژ بکە لەسەر مردووی موسوڵمان چ گوناحبار بێ چ ئەھلی ئیحسان لە ئەھلی قیبلە یەکێ بە کافر مەزانە تا کوفر لێی نەبێ زاھیر بە ئیقراری خۆی یا بە شەھادەت لە شەخسی عەدڵی ساحێب سەعادەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەھەشت و دۆزەخ بەھەشت و دۆزەخ ئێستە مەوجوودن لە قورئانەدا گەلێ مەعدوودن لەبۆ جێگایان ھەیە ڕیوایەت لەسەر فەرموودەی ئەھلی دیرایەت بەڵێ فەرموویە کوردی مەعنەوی شێخ «عبدالرّحیم» لەقەب مەولەوی نەسسێکی سەریح ھیچ نییە دیار لەبۆ تەعیینی جێی جەننەت و نار حەق وایە دەسیان ھیچ لێ نەدرێ تەفویز بە عیلمی زاتی حەق بکرێ ئەم دوو جێگەیە «دارالخلود»ن لەگەڵ ئەھلیان باقی و مەوجوودن ھەرچەن حادیسن ئەڕواحی گیاندار دروستی کردوون خوای بە ئیقتیدار ئەمما ئەمێنن گشت بە ئەبەدی لەسەر تەعلیمی شەرعی ئەحمەدی فەقەت ئەڕواحی غەیرە موکەللەف لە حەیواناتا ئەڕۆن بە تەلەف ئێمە ناوبەینی ھیچ نادەین قەرار بۆ کوفر و ئیمان، بۆ جەننەت و نار یا وان لە دۆزەخ یا وان لە بەھەشت دەرەکی ئەو حەوت دەرەجەی ئەم ھەشت خوا لە دۆزەخ ئازادمان بکا بە خۆشی بەھەشت دڵ شادمان بکا لەگەڵ ئەنبیا و زومڕەی سددیقین لەگەڵ ئەولیا و ئەربابی یەقین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی شەفاعەت شەفاعەت حەققە لەبۆ ئەنبیا لەبۆ قاتیبەی زومڕەی ئەسفیا ڕۆژی قیامەت خەللاقی عەللام دەرئەخا جیلوەی جۆشی ئینتیقام عالەم ئەکەونە زەلزەلە و دەھشەت لە خۆفی خودا ئەکەونە وەحشەت جا پەنا ئەبەن عموومی ئوممەت بۆ پێغەمبەران لەبۆ شەفاعەت کەسیان خۆ ناکەن بە ساحێبی کار ھەرکام بە نەوعێ ئەکەن ئیعتیزار ھەتا ساحێبی مەقامی مەحموود لەبۆ خودای خۆی ئەڕواتە سجوود تا نیدای بۆ دێ لای «ربّ العزّة» سەر بەرزەوە کە و بکە شەفاعەت کە ھاتە مەیدان بۆ تکای ئوممەت واز ئەکرێتەوە دەروازەی ڕەحمەت ھەر پێغەمبەرێ لەبۆ ئوممەتی شەفاعەت ئەکا بەپێی ڕیفعەتی شەھید و ئەسحاب، ئەولیای کیڕام سوڵەحای ئوممەت، عولەمای ئەعلام شەفاعەت ئەکا تا ڕێکەوێ بۆی لەبۆ ئەتباع و دۆست و برای خۆی ئەگەر کەسێ ما و فەرامۆش کرا لەبۆ شەفاعەت ھیچ ناوی نەبرا ئەوە مەشموولی فەیزی خودایە جێگەی ڕەحمەتی حەق تەعالایە بە نەسسی ئەخبار ڕۆژی قیامەت لە پێنج مەقاما ھەیە شەفاعەت یەکەم بۆ نەجات لە ترسی مەحشەر کە مەدھۆش ئەبن قاتیبەی بەشەر دووھەم ئیستیعجال بۆ عەرزی حیساب سێھەم بۆ سەھلی سوئال و جواب چوارەم دەرچوونی بەعزێ گوناھبار لە کوورەی دۆزەخ لە عەزابی نار پێنجەم بۆ بەرزی دەرەجەی بەھەشت کە نەوعی ئەوان ئەگەیێن بە ھەشت موسوڵمان بەپێی عەقیدە و ڕەفتار لەو دەرەجانە بۆی ئەدرێ قەرار ئومێدم وایە ڕۆژی قیامەت تکاکارمان بێ حەزرەت بە ڕەحمەت وایە عەقیدەی ئەسحابی حەزرەت ئەھلی سوننەت و عیلمی بەسیرەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاڕانەوە لە خوا بەم عەقیدەیە «كريم» ڕاجییە بڕواتە ڕیزی فیرقەی ناجییە ئەوانەی ماون بە سیدق و سەواب لەسەر ئادابی حەزرەت و ئەسحاب سەربەرزی دونیا و ڕۆژی قیامەت لە تەرزی بیدعەت ساغ و سەلامەت کە بە سەلامەت نەزمم تەمام بوو «الحمد لله» حوسنی خیتام بوو ژمارەی بەیتی زیاد لە سێ ھەزار ھەریەک دوڕڕێکی ناودار و نازار ساڵی تاریخی بە گوێرەی ھیجرەت ھەزار و سێسەد لەگەڵ حەفتا و حەوت لەسەر موھاجیر بڕژێ بە دەوام بەبێ ژمارە سەلات و سەلام لەسەر ئەسحاب و ئال و ئوممەتی بە قەد بوڵەندی پایە و ھیممەتی ئەی ڕەھنومای خێر، خێر بە دەست ئاسان فەییازی موتڵەق بە لوتف و ئیحسان با ئیقلیم گیر بێ «بارانی ڕەحمەت» ڕەحمەتی عام بێ بۆ ھەموو ئوممەت ئەی ساحێب گوفتار لە سەرای غەیبی بە «أَنَا عِنْدَ ظَنِّ عَبْدِي بي» تۆماری عومرم ئەڕوانم پێدا قوسووری زۆرە و خێر کەمە تێیدا ھەرچەن لەم وەزعە زۆر ھەراسانم ئومێدەواری عەفو و ئیحسانم سا حوسنی زەننم بە حەق بێنە جێ زۆر خۆشە خودا لە بەندە خۆش بێ بمبەخشە بە شای ھەموو ئەنبیا بە سەفای قەلبی مەولای ئەولیا حەل بکە بە خێر گشت موشکڵاتم بۆم ئاسان بکە ڕێگەی نەجاتم تەوفیقم بدە بۆ ئیستیقامەت لەسەر تەریقی سیدق و سەلامەت بەڵکوو لە جەفا و مەینەت و زەحمەت بمشۆرێتەوە «بارانی ڕەحمەت» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆتایی الحمد للّه حقّ حمده والصّلاة والسّلام علي سيّدنا محمّد و آله و صحبه و أمّته من بعده نەجاتم بوو لە ھۆنینەوە و نووسینەوەی ئەم ھۆنراوە دینییە بەرزە -کە باسی ئوسوول و فرووعی دینی موبین ئەکا- لە شەوی یەکشەممەی موسادیفی بیست و پێنجی ڕەمەزانی موبارەک، لە مەدرەسەی خانەقای بیارەی شەریفە بە تەئریخی ١٣٥٤ی ھیجری [(١٩٣٥/١٢/٢١ زایینی)]. وە لێبوومەوە لە پوختە کردن و لێ زیاد کردن و نووسینەوەی دووبارەی لە شەوی شەممەی شانزدەھەمی «ربيع الأول» لە مەدرەسە و مزگەوتی «حاجی خان» لە گەڕەکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی بە تاریخی ١٣٧٤ی ھیجری [(١٩٥٤/١١/١٢ زایینی)] و زۆر لە خودای تەعالا ئەپاڕێمەوە کە ئەم کتێبە بکات بە واسیتەی ئیستیفادەی دینییە بۆ خوێندەوارانی کورد زمان. وە منیش ڕزگار بکا لە مەینەت و جەفا بە فەڕی سەفای سینەی حەزرەتی ڕیسالەت مەئاب، «صلّي اللّه عليه و سلّم» «سبحان ربّك ربّ العزّة عمّا يصفون و سلام علي المرسلين والحمد للّه ربّ العالمين» ++++++++++++++++++++++