شاعیر: نامی کتێب: بارانی ڕەحمەت سەرناو: بەھەشت و دۆزەخ بەھەشت و دۆزەخ ئێستە مەوجوودن لە قورئانەدا گەلێ مەعدوودن لەبۆ جێگایان ھەیە ڕیوایەت لەسەر فەرموودەی ئەھلی دیرایەت بەڵێ فەرموویە کوردی مەعنەوی شێخ «عبدالرّحیم» لەقەب مەولەوی نەسسێکی سەریح ھیچ نییە دیار لەبۆ تەعیینی جێی جەننەت و نار حەق وایە دەسیان ھیچ لێ نەدرێ تەفویز بە عیلمی زاتی حەق بکرێ ئەم دوو جێگەیە «دارالخلود»ن لەگەڵ ئەھلیان باقی و مەوجوودن ھەرچەن حادیسن ئەڕواحی گیاندار دروستی کردوون خوای بە ئیقتیدار ئەمما ئەمێنن گشت بە ئەبەدی لەسەر تەعلیمی شەرعی ئەحمەدی فەقەت ئەڕواحی غەیرە موکەللەف لە حەیواناتا ئەڕۆن بە تەلەف ئێمە ناوبەینی ھیچ نادەین قەرار بۆ کوفر و ئیمان، بۆ جەننەت و نار یا وان لە دۆزەخ یا وان لە بەھەشت دەرەکی ئەو حەوت دەرەجەی ئەم ھەشت خوا لە دۆزەخ ئازادمان بکا بە خۆشی بەھەشت دڵ شادمان بکا لەگەڵ ئەنبیا و زومڕەی سددیقین لەگەڵ ئەولیا و ئەربابی یەقین ++++++++++++++++++++++