شاعیر: شاھۆ کتێب: دیوانی شاهۆ سەرناو: ئەمشەو لە خەوما بووم بە باڵدارێ سەبارەت: خەوێک ئەمشەو لە خەوما بووم بە باڵدارێ پەڕ و پۆ نەخشین خەت و خاڵدارێ بای باڵم ئەدا بۆ گشت دیارێ ناگا ڕێم کەوتە ناو مێرغوزارێ کاتێ سەیر ئەکەم تا چاو ئەکا کار باخە گوڵباخە گوڵە لالەزار سەروە، سەمەنە، یاسەمەن، گوڵنار سۆسەن، نارەوەن، شۆڕە بی و چنار ھەڵووژە و ھەرمێ و ھەنجیر و ھەنار بەھی و سێو، ترێ و گێلاسی ئاودار کۆشکێکی تیایە چوار دەوری تەلار جَنّاتُ تَجري تَحتها الأنْهار تێر گەڕام تێیدا بە ئارەزووی دڵ ئەم دار و ئەو دار ئەم چڵ و ئەو چڵ دەماخم چاخ بوو بە بۆن خۆشی گوڵ گیان کەوتە سەما بە نەغمەی بوڵبوڵ وەک سەرخۆش ھەستام بێ ھۆش و قەرار خۆمم گەیاندە دەروازەی حەسار چوومە ناو کۆشک و ماڵەکە و تەلار گەڕام لە ناویا سەر و ژوور و خوار ھۆدەیێکم دی تەرتیب کرابوو فەرشی نایابی لێ ڕاخرا بوو تەختێکی جوانی لێ دانرابوو پەردەی ڕەنگینی لە دەور درابوو لە سەر ئەم تەختە شۆخێکی شیرین لێی ڕاکشابوو بە حەیا و تەمکین ڕەنگی پەڕیبوو وەک گوڵی نەسرین مات و بێ ھێز و پەشێو و بێ تین کە پرسیم وتیان ئەم گوڵعوزارە ئەم شەکر لێوەی شیرین ڕەفتارە ئەم ماھ جەبینەی پەری ڕوخسارە دایکی وەتەنی کوردی ھەژارە لێم پرسی وتم باوانی خاسم لاو شێوە جوانی بێ قسە و باسم مایەی ژیانی ئەسڵ و ئەساسم دایکی دڵسۆزی کوردی کەساسم بۆ چی شێواوە شێوەی شیرینت؟ ڕەنگی پەڕیوە کوڵمی ڕەنگینت؟ دژاوە زوڵفی چین لەسەر چینت؟ فرمێسکاوییە دیدەی نەخشینت؟ وتی لێم گەڕێ دەردم گرانە حاڵم تا بڵێی زۆر پەرێشانە تینم تیا نییە وەھای سڕ کردووم تەماشا ناکەی وەک داری پردووم ھەرچەند ھەوڵ ئەدەم ناتوانم بزووم بە سەر زیندووم و بە لاشە مردووم دەردی ئێوەشم سەرباری دەردە نەجاتم نادەن لەم بەردە بەردە دڵ بریندارم، ھەناسەم سەردە ئازارم، دەردم، دەرمانم کوردە لەجیاتی ئەوەی وەکوو ھاوڕێتان پشتی یەک بگرن شان بدەن لە شان یەکتر بەر نەدەن لە تەنگی و فەرحان فەرقی خۆیش بکەن لەگەڵ بێگانان کە چی ئەبینم کە ھەستان لە خەو ئەبنە مەقاشی دەستی ئەم و ئەو دواکەوتووی نامەرد بە تەقڵە و بە دەو بارەبەری ڕۆژ، یاساوڵی شەو ھەر بە خەندەیەک یا مەرحەبایەک یەکتر بەر ئەدەن ھەر یەک بۆ لایەک بە درۆ و فیشاڵ بۆ ھەر بێ بارێک ئەبنە فیدایی بۆ ھەموو لایەک ئاگاتان نییە لە ئەحواڵی من بووم بە گۆی فتبۆڵ بە دەستی دوژمن ئەم ڕام دەکێشێ ئەو دەڵێ بۆ من وا بە ناکامی ئەمنێنە کوفن خەزێنەم کە وا پڕ لە زێڕ و زیو ھەمووی کەوتووە لەم ناوا بێ خێو سەریان تێ کردووە ڕێوی و ورچ و دێو ئێوەش تەڕ ناکەن لەو جەیحوونە لێو میراتم کە ھی ئێوەیە تەواو بێگانە بردی بە کوێرایی چاو کردی بە پارە و ئەیکا بە زووخاو ئێوەش سک برسی و ڕووت و ناتەواو ھەموو نەزان و بێ عیلم و جاھێڵ دواکەوتوو لە گەل، بەجێماو لە خێڵ وەتەن وێرانکەر بە پێ مەڕە و بێڵ بۆ دوژمن موخلێس، لەگەڵ یەک بە فێڵ تا ئێوە وا بن خۆشی نابینم وەکوو ئەمبینن دایم حەزینم خەریکی شین و ناڵە و گرینم خەمە خۆراکم تاڵییە ژینم کە ئەم حاڵەم دی، دڵم ھاتە ژان ڕاپەڕیم لە خەو، بە ناڵە و گریان شەوم لێ گۆڕا تا بەری بەیان ئەم وت چۆن بژین چۆن ئەبێ ژیان؟ ڕەببی خۆ تۆ خۆت ساحێبی کوردی خۆت چارەسازی عالەم بە وردی ئاگاداری کە خۆت بە نامەردی چە غەدرێک ئەکرێ لە گەورە و وردی ھەر چەند قەومێکی زۆر گونابارین لەگەڵ یەک خراپ، دۆستی ئەغیارین جەور لێ کراو و دڵ بریندارین دەست و پێ بەسراو یەکجار خەمبارین ئێمەش لای خۆمان خۆ موسڵمانین بە تۆ و کەلامت ساحێب ئیمانین موتیع بە ئەمر و حوکمی قورئانین مان و نەمانمان لە تۆ ئەزانین ھانا و پەنامان ھەر بە خۆتە و بەس ھیوامان نییە ئیتر بە ھیچ کەس نابین بە کۆیلە و نۆکەر و حەرەس فریامان کەوە خۆتی فەریادڕەس ھەتاوی ڕوونی نەوەی ھامفەردان ھیوای پاشەڕۆژ شێر کۆڵەی کوردان شەفەقی بەیان نەتەوەی مەردان چییە دەرمانتان بۆ شیفای دەردان؟ شاھۆ ئەم خەوەت چییە تەعبیری؟ ئەو دایکە جوانە چییە تەدبیری؟ ئەمەوێت لە کورد چ جوان چ پیری بۆم بەیان بکات بە فیکر و بیری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی زیایی ڕوومەتت خورشیدی ئەوجی ئیستوا ئەی زیایی ڕوومەتت خورشیدی ئەوجی ئیستوا قەوسی شومشێری دوو ئەبرووت زولفەقاری مورتەزا نووکی موژگانت بە تیژی وەک سەنانی خالدی چەتری زوڵفەینت بِلا شَك سایەیی باڵی ھوما لەعلی لێوت ھەر وەکوو یاقووتی سووری ئاودار غەبغەبەت وەک سێو و کوڵمت گەوھەرێکی شەوچرا گەردنت شووشەی گوڵاو، پوستان ھەناری گوڵ بە دەم سینە وەک مینایی مەی ساعید میسالی دڵڕوبا قامەتت سەروی گوڵستان یا نەمامی باخی خولد باقی ئەندامی لەشی تۆ وەک جەواھیر با تەڵا نازکی و عیشوە و کریشمەت بێ نەھایەت دڵ فریب شۆخی و شیرین کەلامیت موعجیزاتی کیبریا سەد ھەزارانی وکوو من عاشق و شەیدایی تۆن ڕۆژ و شەو مەجنوون سیفەت وێڵن لە سەحرا و چیا من کە سەرکردەی ھەموویانم بە وسڵت لەحزەیەک کامیابت قەت نەکردم گوڵ ڕوخی شیرین لەقا شەرحی حاڵاتی دڵی میحنەت زەدەی شایق بەڵا ھەروەھا بۆ خۆی بمێنێ تاوەکوو ڕۆژی جەزا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوڵبەرم دیسان بە عیشوە شۆڕشێ بەرپا ئەکا دوڵبەرم دیسان بە عیشوە شۆڕشێ بەرپا ئەکا بۆ شکاری عاشقانی خۆی بە چاو دەعوا ئەکا سەف بە سەف تابووری ئەگریجەی لەگەڵ موژگانی چاو حازری جەنگە کە گۆیا موڵکی دڵ یەغما ئەکا بەرگی سووری حەربی پۆشیوە نیگاری سەنگ دڵ مەیلی خوێن ڕێژی دڵانی شیفتەی شەیدا ئەکا لاش لەسەر لاش عاشق و بێ گیان لە جێگە کەوتووە ئەو دەمەی یارم بە گۆشەی چاو، بە ناز ئیما ئەکا خۆ کە جارجار چاوی ھەڵ دەبڕێ بە سەد ئەفسوون و ناز شێخی ئیرشاد شیفتەی دوو نەرگسی شەھلا ئەکا کاتێ کە دێتە ئارەزووی تاڵانی دڵ ھەر دەڵێی جەنڕاڵی ڕووسە و ئیدیعای بەغدا ئەکا موعجیزاتێکی عەجیبە ناز و عیشوەی دوڵبەرم مەیلی بێ ئیسلام و کافر یەک بە یەک ڕیسوا ئەکا ڕۆژ لە داخا زەرد ئەبێ وەختێ کە بینیی ڕووی نیگار مانگ لەبەر شوعلەی جەمالی بێ موحابا ڕا ئەکا چاو کەژەڵ ئەبرۆ کەشیدە و گوڵ عوزار و مەھ جەبین قامەتی خۆ مەحشەرێک بۆ عاشقان بەرپا ئەکا گەردنی مینایی مەی سینەی وەکوو سەفحەی بلوور مەمکی فنجانی لە لیمۆی باخی ڕۆح ئەفزا ئەکا شەوقی مرواری ددانی یار لە کاتی پێ کەنین ھەر لە برق و باقی شوعلەی لوئلوئی لالا ئەکا شەھریاری خێڵی جوانانە لە دەرحەق عاشقان دائیمەن ھەر حەز لە ناز و کیبر و ئیستغنا ئەکا زاڵمێکی دڵ ڕەق و لە خوا نەترسە و پڕ جەفا بێ وەفایێکە بە عالەم لەعب و ئیستھزا ئەکا عاشقی دێوانە کرد، پێکای بە گۆشەی نیم نیگا بۆیە وا ھەر شیوەن و فەریاد و واوەیلا ئەکا وا لە ئەحواڵی فەنادا شایقت مەنسوور وار گاھێ «یا لەیلا» ئەڵێ، گاھێ «أنا الليلي» ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەروەری عالەم ئەلا ئەی مەتلەعی نووری خوا سەبارەت: بۆ پێغەمبەر سەروەری عالەم ئەلا ئەی مەتلەعی نووری خوا سەیدی گشتی بەشەر سوڵتانی خێڵی ئەنبیا شەھسواری لەیلەیی ئەسرا و سەرداری ئومەم شافیعی جوملەی گونەھکاران لە دیوانی جەزا واسیتەی نوتقی بەعیر و ئاھوو و زەب و درەخت تائیری ئەوجی تەدەللا، شاھی بورجی قد دنا ئەی کە سورمەی چاوی بازت کوحلی مازاغ البصر وەی کە میحرابی دوو ئەبرووت سوجدەگای ئەھلی سەما کەوتە تەسبیحات لە دەستا زیخی سەحرا ئاشکرا جەزعی نەخلە بۆ فیراقت ھاتە ھاوار و بوکا تۆ بە ئیمای پەنجەیێکت قورسی بەدرت پارە کرد ئەی وجوودت واسیتەی ئیجادی جوملەی ماسیوا ئاگرت بەردایە خانەی دینی نەسرانی و یەھوود ئەو دەقیقەی تۆ موخاتەب بووی بە سوورەی کاف ھا ئایەتی و الليل لەسەر تەعریفی گێسووت ھاتە خوار باسی بێ میسلی جەمالی تۆیە سوورەی وَالضُحىٰ شاھیدی بەرزی مەقامی تۆیە قورئانی عەزیم ھەر لە بای بسم اللهوە تا ناس و سورەی هل أتا ھەر لە ئادەم تا دەگاتە یوونس و عیسا و نووح موژدەچی تەشریفی تۆ بوون ئەنبیایی مامضىٰ سایەبانی سەر سەرت شەھباڵی شاھی جەبرەئیل جاڕوویی بەر خاکی ڕێت کاکۆڵی چەند حۆری لەقا واقیعەن تۆ خاتەمی پێغەمەران بوویت و وەلێ ئەو دەمەی تۆ بووی نە ئادەم بوو نە باقی ئەنبیا یا ڕەسوولەڵا دەخیلت بم، زەلیل و بێ کەسم غەیری قاپی لوتفی تۆ دەستم لە ھەر لایەک بڕا شەرمەسار و خوار و عوسیان بار و بەدکارم وەلێ دەست و پێم بەسراوە وا کەوتوومە بەر داوی بەڵا نەفس و شەیتانی لەعینم وا بەسەرما زاڵمن دەوریان داوم بە داییم میسلی شێر و ئەژدەھا موستەحەقی قەترەیەک ڕەحمم لە دەریای لوتفی تۆ نابێ مەئیووسم بکەی ئەی شاھی با عەدل و سەفا کەلبی دەرگای خۆتە شایق مولتەجی نابێ بە کەس سا بە ھاواریۆ وەرە قوربان ئەتۆ و زاتی خوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەرخی دوون پەروەر ھەمیشە یارمەتیی نادان ئاکا سەبارەت: ١٩٣٥ چەرخی دوون پەروەر ھەمیشە یارمەتیی نادان ئاکا مەردی دانا دوونە ناو جەرگی لە داخا ژان ئەکا عەسری نووری پێ ئەڵێن بەم دەورە مەنحووسە کە چی ھەر لە دەوری پیسی چەنگیز و ھولاکۆ خان ئەکا دڵ بە جارێ بوون بە بەرد و ڕەحم و شەفقەت تێپەڕی شێتە ئەو شەخسەی ئومێدی ڕەئفەت و ویجدان ئەکا ناوی دین کوژرایەوە، لادینییان ھێنایە جێ ھەرچی ئەیبینی خەریکە پەیڕەوی شەیتان ئەکا دینی ئیسلام بێ موسەمما حوکمی شەرعی نا ڕەواج ئەھلی دین ئەمڕۆ تەمەننای مردن و ئیمان ئەکا حەق نەما، مۆدەی بەسەر چوو مروەت و ئینساف و عەدڵ ئەو کەسە مەقبووڵە زوڵم و ئیفترا و بوختان ئەکا پیاو سەری سوڕ ماوە، عاقڵ شوێن و ڕێی لێ تێک چووە وەزعی دونیا وایە، دانا شێت و سەرگەردان ئەکا خولق و خووی عالەم ھەموو شکڵێکی کەی وەرگرتووە ئەو کەسەی چاکەی لەگەڵ کەی، دوژمنیی ئینسان ئەکا ئەو زەواتانەی کە خۆیان زۆر بە چاک پیشان ئەدا غاڵبەن خوویان لە خوویی عەقرەب و سەعبان ئەکا ئەو کەسەی ھێندێ ئەیانوت موشفیقە بۆ قەومی خۆی ئێستە ئەیبینم کە ماڵی قەومەکەی وێران ئەکا کەر لەگەڵ ئەسپی کەحێلە دێتە مەیدانی مەساف بزنەکێوی وا لەگەڵ شێر ئارەزووی زۆران ئەکا کوندەبوو ئەوسا کە جێگەی قوژبن و وێرانە بوو سەیری کە! ئێستا لەگەڵ قووش جیلوە و جەولان ئەکا قەل لە جێی بازا ئەبینم بووتە سەردار و ڕەئیس گورگی ھار ئەمڕۆ لەجێی شوان سەرپەرشتیی ڕان ئەکا مامە ڕێوی بوو بە دەفتەرداری گۆشت و دووگی چەور مشکی برسی وا سەپانی ڕزقی سەر خەرمان ئەکا گۆخڵی چەڵتووک درایە دەس یەکانەی کۆنە ساڵ ھووڵە ئاودێری گوڵاڵە و سونبول و ڕێحان ئەکا دەورە وایە بایەقوش لافی ھومایی لێ ئەدا گوربە خۆی گۆڕیوە داوای جێگەیی شێران ئەکا پیاوەتی نایابە شاھۆ! ڕۆژی سوپڵە و ھەرزەیە ھەر کەسێ پیاو بێ بەڕاستی خۆی لە خەلق پەنھان ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووم لە قاپی تۆیە ڕەببی وام لەبەر دیوانتا ڕووم لە قاپی تۆیە ڕەببی وام لەبەر دیوانتا کەوتوم وەک سەگ لە سایەی سێبەری قورئانتا تۆ پەناھی بێ پەناھانیت و بەندەی ڕووسیات، غەیری تۆ نیمە پەناھێ من لەژێر ئاسمانتا سەد کە نامەی کردەوەم ڕەشتر لە ڕووی خۆمە بەڵام سەھلە شۆرینی لە دەریای بێ پەیی ئیحسانتا باوەڕم وایە بە نەسسی ئایەتی لا تقنطوت موئمینان نابێ موعەززەب بن لە ناو زیندانتا تۆ کە فەرمووتە ئەبخشم گشت گوناھی موئمینین بەندە چۆن بێ بەش ئەفرموورێم لەناو غوفرانتا گەر ببەخشی جورمی شاھۆ ھیچی کەم نابێتەوە بەحری ڕەحمی بێ پەی و ئەلتافی بێ پایانتا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بپرسن لە گشت عالەم سەرانسەر بپرسن لە گشت عالەم سەرانسەر کێ دیویە ئاغا ببێ بە نۆکەر؟ چەندە بەد نمەک چەند ناماقووڵن چەندە دوژمنی، خودا و ڕەسووڵن برا وا دیارە دوژمن ناناسن کە چەند بەدپێس، سوپڵە و ناڕاسن ساڵەھای ساڵە نان خۆری کوردن ئێستاکەش وەھا پیس و نامەردن بە پارەی ئێمە شتان دەسێنن لەبۆ نەمانمان بە کاری دێنن بەبێ بەزەیی خوێنمان ئەڕێژن کە چی مردوویشمان بمرێ ناینێژن بە زێڕ و زیوی ئێمە خەفەتبار چاویان سوور بووە، بوون بە گورگی ھار بەڕاستی بمرین گشت بە یەکجاری گەلێ چاکترە لە خزمەتکاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ فائیدە عومرێکە جەفا پەروەری یارم بێ فائیدە عومرێکە جەفا پەروەری یارم خوێن خوار و دڵ ئەفگار و وەفا گوستەری یارم زۆر تینووی ئاوی دەھەنی خەنجەری یارم دڵ زەخم و جگەر ڕێشی موژەی نەشتەری یارم سەرمەستی ھەوای عەشقی ڕوخ و چاوی خومارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەھارە خۆشی کەژ و کۆسارە بەھارە خۆشی کەژ و کۆسارە کاتی ژیانەوەی درەخت و دارە چرۆ و ھەراڵەی نوێ دیارە جەژنی سەوزە گیا و باخ و گوڵزارە شنۆی بای وادەی نەسیمی نەورۆز بەفری کوێستانی کرد بە تەپ و تۆز شریخەی ڕەعد و بەرقی جگەر سۆز نە زوستانی ھێشت، نە بەردەلعەجوز شاخ و کێو و شیو، سەحرا و دەشت و دەر بێستون شاھۆ، کێوی ئاویدەر گەلی باو و قەندیل گوێژە و ئەزمەڕ بەرگی نەورۆزیان تەواو کردە بەر سەحرا گوڵ گوڵە بە لالەی ڕەنگین بە شەوبۆ و نەرگس گوڵ مینا و نەسرین ڕێحانە و گوڵباخ گوڵاڵەی نەخشین وەنەوشە و لەولاو بەڕەزای شیرین سوورە ھەراڵەی بۆن خۆش و چنوور گوڵ و گوڵ خونچەی ئاڵ و زەرد و سوور گوڵ زەمەق، مێخەک، ھێرۆی ھەزار جۆر ھەڕاڵەبەرەم خەمباری سەرشۆڕ قاسپەقاسپی کەو ئاوازەی بوڵبوڵ بانگی یاکەریم، قومری خاڵ لە مل دەنگی پۆڕ سەدای چۆلەکەی سەر چڵ ھەر یەک تەئسیرێ ئەکەنە سەر دڵ حیلەی جوانوو چارەوێی زک پڕ بۆڕەی گا باڕەی کار و بەرخ و مەڕ قووقەی کەڵەشێر جروەی پەلەوەر شەقە دەنووکی لەق لەق و سەرگەڕ نەورۆزی دونیا ھەر ھاتوچۆیە وەختێ ھاتەوە ھەر وەکوو خۆیە تەنیا نە بۆ من نە ھەر بۆ تۆیە شێتە ئەو کەسەی بۆی ڕەنجەڕۆیە ئەمانە ھەر یەک بۆ ئینسانی ژیر جۆرە فیکرێکی ئەھێنێتە بیر بەشەر سەرسامە چ جوان و چ پیر لەم کردەوانەی یەزدانی قەدیر ئەم کائیناتە بەبێ چەند و چوون بەبێ ھەندەسە و خەریتە و فنوون بە پێی ئەمرەکەی فەوری «کاف و نون» لە نەبوونەوە ھێناویەتە بوون شاھۆ زبان و خەیاڵ و قەڵەم عاجیزن تەواو بە نووسین و دەم لە باسی کونھی خوای بێ ھاودەم ھەتاکوو ماوم سوپاسی ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی دولبەری شەنگم وەرە تا بم بە قوربانت ئەلا ئەی دولبەری شەنگم! وەرە تا بم بە قوربانت فیدای کاکۆڵی گرژ و لوول نیساری چاوی فەتتانت ھیلال ئاسا قەدم خەم بوو لەژێر باری خەمی دووریت دە سا تۆ بی و خوا! ڕەحمێ ئەوا مردم لە ھیجرانت بە تابووری موژەی چاو و بە زوڵفی چین لەسەر چینت دڵ و دینت لە دەس سەندم، خوا بمکا بە قوربانت! ئەوەند شێواوە ئەحواڵم نزیکە ھەر وەکوو مەجنوون بە جارێ وێڵ و شەیدا بم لە سەحرا و بیابانت شەو و ڕۆژ ناڵە ناڵی دڵ لە سینەم دێ بە مەحزوونی ئەویش گۆیا بریندارە بە زەخمی تیری موژگانت بە تاڵان چوو ھەموو عەقڵم بە غەمزەی چاوەکەت جانا سەرم مابوو بە ساغی، وا ئەویشم خستە مەیدانت بە باڵا سەروی بوستانی، بە ڕوومەت ماھی تابانی ئەڵێی سالاری خووبانی، بە لەنجە و لار و عینوانت منی سەودا زەدەی عەشقت، نزیکە خۆ بە مەرگی تۆ بە جارێ شێت و شەیدا بم، لەبۆ خاڵی لەبی جوانت ڕەزام ڕۆحم بدەم بیللا، لە موژدەی وەسڵی باڵاتا ئەگەر یاریم بدا تالیع، سەعاتێ بم بە مێوانت دەمی وا وشکە شایق، وەختە بپڕووزێ و لە دەس دەر چێ ئەگەر تێر ئاو نەکەی ساتێ لە چەشمەی ئاوی حەیوانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ئەو کەسەی کە کەس نییە وێنەی لە کائنات ئەی ئەو کەسەی کە کەس نییە وێنەی لە کائنات ئەم عەبدی ڕوو ڕەشت لە زەلیلی بدە نەجات ھیوام بە ڕەحمی واسیعی زاتی کەریمتە عەفوم بکەی لە جورم و موزیلات و سەییئات خۆت جێی ئومێدی بەندەیی داماوی بێ کەسی خۆتی موعینی عەبدی پەرێشانی ڕووسیات خۆت کاشفی ھەمومی ھەموو موئمنانی خۆ خۆت فاتیحی وەحیدی لەبۆ گشتی موشکیلات خۆتی خوایی واحد و بۆ تۆ نییە خوا باڵا دەست مەحاڵە وجوودی لە ماسیوات قاپیت بوڵندە جێگە پەنای خاس و عامە وا بەندەیش بەھۆی کەرەمتەوە خۆم خستە ساو پەنات بە ئەشقی ئەوەی کە ناوی بەرامبەر بە ناوتە مەحبووبی خۆتە خاوەنی ئایاتی موعجیزات بەشقی ئەوەی کە سەییدی کەونەینە فەخری کول خەتمی پەیەمبەرانە خاوەنی ئایاتی موعجیزات بە ئەشقی ئەوەی کە ئەشرەفی ئەولادی ئادەمە شاھی عوموومە ئەفزەلی مەجمووعی مومکینات شیرین سواری لەیلەیی أسرا بِعَبدِه نوُرُ الهُدىٰیی زوڵمەتی عوسیان و سەییئات ساحیبی شان و شەوکەتە پایەی بوڵندی ئەو ڕۆژی جەزا لە بەینی ھەموو جەمعی ئەنبیات خۆی ئەوەڵین شەفیعە لەبۆ عەفوی عاسییان ھەر ئەو قسەی ڕەواجە لە دیوانی کیبریات ئەو زاتە کێیە؟ تاجی سەری ئەنبیایە گشت ئەو زاتە کێیە؟ سەروەری ئەحباب و ئەسفیات یەعنی ئەمین و مەحرەمی ئەسراری زاتی خۆت هادي السبل محەممەدی موختاری موستەفات بمبخشە ڕەببی سەد کە گونەھبار و ڕووڕەشم مەحکوومی نەفسی زاڵم و مەحجووبی بارەگات پشتم چەمیوە، شان و ملم تێک شکاوە گشت بارم گرانە چونکە بە ئەنواعی مووبیقات ھەر عەفوی تۆیە دەردی گوناکار ئەکا دەوا ھەر زاتی خۆتە بەندە بە ڕەحمت ئەکا خەڵات شاھۆی گوناھی بەندە بەرامبەر بە عەفوی تۆ پووشێکی زۆر زەعیفە بەرامبەر بە بای فەنات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەندە عەبدێکی زەلیلم بێ دەس و بێ دەستەڵات بەندە عەبدێکی زەلیلم بێ دەس و بێ دەستەڵات بێ مەلاز و بێ کەسم خۆم خستە ژێر سایە وپەنات ڕووم نییە چاوم ھەڵێنم من لەبەر زۆری گونام شەرم ئەکەم دەستم درێژ کەم بۆ تەمەننایەک لەلات بیر و بڕوام وایە من جورمی گوناھباران ھەموو پەلکە پووشێکە بەرامبەر عەفوی زاتی بێ خودات ڕەببی سا تۆ بی و جەلالی لایەزالی ئەقدەست تۆ جەمالی بێ میسالی زاتی پاکی کیبریات تۆ بی و ئەو تاقە مەحبووبەت لەبەر تەشریفی ئەو ئافەریدەت کرد سماوات و زەمین و کائینات سەروەری ئەولادی ئادەم فەخری کول ھادی سبل پێشەوایی مورسەلین و خەتمی گشتی ئەنبیات بەر لە عالەم ئافەریدەت کرد لە نووری زاتی خۆت ھەڵبژاردەی خاسی باریتە لە بەینی ماسیوات ئەو مەقاماتە بوڵندەی پێت کەرەم فەرموو ھەمووی خاسە بۆ زاتی محەممەد شافیعی ڕۆژی جەزات بەشقی ئەو تاقانە بێ وێنەت بە ڕەحم و لوتفی خۆت سا ببەخشە تۆ بە ڕەحمەت جورمی شاھۆی ڕوو سیات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسف داخی گرانم دوڵبەرم مەیلی جیایی کرد سەبارەت: کۆچی زینەت - ١٩٤٧ ئەسف داخی گرانم دوڵبەرم مەیلی جیایی کرد سەرم سوڕ ماوە بۆ چ ئەو شۆخە تەرکی ئاشنایی کرد چرای ماڵم نەما موستقبەلم بێ نوور و تاریکە بە ڕاستی گەردشی گەردوون لەگەڵ من بێ وەفایی کرد ھەسێرەی تالیعم ڕەش بوو، ژیانم تاڵییە ئەمجا کە دوڵبەر کۆچی بۆ ئەولا لەسەر ئەمری خوایی کرد سوئالم کرد لە دڵ تەئڕیخی فەوتی پێی گوتم زینەت گوڵی حۆرێکی عەین بوو بۆ جنان کۆچی نەھانی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووری دیدە و دڵ عەزیزی قەومی میحنەت باری کورد سەبارەت: بۆ خالید نەقشبەندی - ١٩٥٨/١٢ نووری دیدە و دڵ! عەزیزی قەومی میحنەت باری کورد! داری پڕ میوەی ژیانی میللەتی خەمباری کورد! مەرھەمی زامانی کۆنەی دڵ برینداری وەتەن! داروویی خۆشی نەخۆشانی لە ڕۆح بێزاری کورد! جێی ئومێدی قەومی مەئیووست لە خەیراتی وڵات! خالیدی کوردی دلێر و سەیفی جەوھەرداری کورد! دۆستانت سەربوڵەند و دوژمنانت سەرنگوون شێرەکەی عالی نەژاد و حەیدەری کەڕاڕی کورد! بیێنەوە سەر باسی ڕاسی نەگبەتیی کوردی ھەژار ئاخری کەی دێ بزانین نەگبەتی و ئیدباری کورد؟ گشت ئەزانین ئێمە بێ بەش بووین لە خەیراتی وڵات مووچەیان جەور و جەفایە، کاسب و جووتیاری کورد گاھ تورک و گا عەجەم لێمان ئەبوونە گورگی ھار گاھ نوری گۆڕبەگۆڕ ئەبووە سەگی ھەوشاری کورد یەک لەشوێن یەک مەرجی سەعدئاباد و بەغدایان دەبەست بۆ تەماعی نەوت و خازنەی ژێر زەوی خەیرداری کورد ئاھ و ناڵەی کوردی مەزڵووم بوو گەیشتە لای خوا بۆیە وا نابوود و سووکن زاڵم و غەدداری کورد دەستی زوڵمی لێ ببڕێت خاکی کوردستان ھەموو وەک بەھەشتی لێ بەسەر دێ جەننەت و ئەنھاری کورد چاوەڕێن بەڵکوو لەمەولاوە بە ھێزی یەکیەتی تامی ئازادی بچێژن میلەتی بێداری کورد بۆ ئەمە پێویستە شاھۆ دەس لە یەکتر بەر نەدەین تاکوو زوو بێتە سەمەر باخ و گوڵ و گوڵزاری کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەگبەتی نەیگرتبێ شوکری خوا ھۆشیارە کورد نەگبەتی نەیگرتبێ شوکری خوا ھۆشیارە کورد ساحیبی عەقڵی سەلیم و ساحیبی ئەفکارە کورد گەر لەمەو پێش نووستبوون بەینێ لە خاوی غەفڵەتا ئێستە گەر ئینساف بدەن ھەستاوە وا بێدارە کورد خۆ بە ئینساف گەر تەماشا کەن بە چاوی دیققەتێ ھەر ئەوەی عەیبە کە ئەمڕۆ بێ کەس و خەمخوارە کورد خۆ بە نیسبەت جەوھەر و جێگە و مەقام و موڵکەوە شاھی و شاھەنشەھی شایستە و ھەموارە کورد گەر قسەی ساغتان ئەوێ یاران بە قورئانی کەریم مردنی پێ چاترە لەم خزمەتی ئەغیارە کورد بێشە کەی خاڵی بووە ھەرگیز لە شێر و کەرکەدنگ؟ شێری شێر خۆری تیایە، مەردی جەوھەردارە کورد پرس ئەکەم بەو مەجلیسی ئەقوامی میللەت پەروەرە داخڵی ئینسافە ئایا مەحو ئەکەن یەکبارە کورد؟ شێت نییە ئەم قەومە، ئەفکاری ھەمووتان تێ ئەگەن ھەرچی سیڕڕێکتان ھەبێ پاکی لەلا ئیزھارە کورد نەگبەتی داوێنی گرتووین، سەبر ئەکەین تا وەختی خۆی عاقیبەت معلووم ئەبێ چۆن ئاغە و سەردارە کورد دڵ پڕ و ماتەم مەبە شایق! یەقین ڕۆژێ ئەبێ بەم زووانە ببنە جێگەی پەنجەیی ئیشارە کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەوکەبی تاریکە تاڵە شوومە کورد کەوکەبی تاریکە، تاڵە شوومە کورد بۆیە وا دائیم لە حەق مەحروومە کورد بۆ تورەقی کۆششە ئیشی کە چی سەیر ئەکەی پاش کەوتوو و مەزڵوومە کورد واسیتەی ئەم نەگبەتی و پاش کەوتنەی گەر تەئەمول کەی لەلای مەعلوومە کورد سوئی زەن، فیتنە و حەسەد، کیبر و نیفاق ئەم سیفاتانەن کە پێی مەشئومە کورد بێ سوباتی و سەر ڕەقی و بێ مەسلەکی بووەتە ئەسبابی ئەوەی مەحکوومە کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ئاسەفی زەمانە لە پاتەختی شەھریار سەبارەت: وەرامی نامەی جەمال بابان لە بەغدا ئەی ئاسەفی زەمانە لە پاتەختی شەھریار وەی گەوھەری خەزێنەیی شاھانی تاجدار ڕۆژت ھەمیشە جەژن و شەوت ڕۆژ و بەختیار بەد خواھی عومر و عیززەتی تۆ ڕۆژی تارومار پشت و پەناھ و ناسری تۆ ڕەببی لایەزال بەختت بوڵند و پایەیی دادت بە ئیستیوار سایەی بڵاوە بێ سێبەری خەیمەی عەداڵەتت بەڵکوو بگاتە سەر سەری ئێمەش لە کۆھسار جەژنانەیەک کە لایقی تەقدیمی ئێوە بێت نیمە بە غەیری شیعری تەڕ و جوان و ئاودار ھەر جەوھەرم ھەیە کە بە کار بێ ئەویش ئەوا ئەمڕۆکە ساقیتە بە تەواوی لە ئیعتیبار کەس نایەوێ بە پێسەیەک جینسی مەتاعی فەزڵ بێ قیمەتە ھونەر لەکن ئەبنایی ڕۆزگار بۆ ئەم مەتاعە دوونە کە ئێستاکە من ھەمە دائیم لە حەسرەتام و پەرێشان و بێ قەرار نەمزانی ناڕەواجە وەفا و داد و ڕاستی دارایی ئەم سیفاتە ڕەزیلە و زەلیل و خوار ئەربابی عیلم و حیلم و حەیا نامراد ئەبن حیلە و درۆ و خەیانەتە ئەسبابی ئیعتیبار ئوستادی من بە تفڵی ئەمانەی بە من نەخوێند چی بکەم کە ئێستە زەحمەتە فێر بم بە ئیزتیرار من ھەر گلەم لە بەختی ڕەشی خۆمە، کەوکەبێ گیراوە ڕەش بووە بە میسالی شەوانی تار وەرنە لە ئێوە قەت گلە ناکەم کە شەخسی تۆ کانی سەماحەتیت و بوزورگی و لوتفکار ئەجدادی ئێوە کانی کەرەم بوون و بەحری جوود بۆ ئێمە تۆیش لەوانەوە ماوی بە یادگار داد و سەخا وەزیفەیی مەدرووسی ئێوەیە حاشا کە ئێوە تەرکی بفەرموون بە ئیختیار شاھۆ ھەمیشە داعیە بۆ بەرزی جاھی تۆ ھەر چەند دڵی لە شیشەی غەمدایە موھرەوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆزە جەژنە شاخ و چیا کێو و دشت و دەر سەبارەت: (ناتەواوە) نەورۆزە جەژنە شاخ و چیا کێو و دشت و دەر تارایی سەوزی دا بەسەرا سەوزی کردە بەر ڕازایەوە بە ڕەنگی گوڵان نیشتمانی کورد بووژایەوە درەخت و چرۆی جوانی کەوتە دەر خونچە بە بای نەسیمی بەیان کەوتە پێکەنین سۆسەن گەشاوە، یاسەمەنیش تاجی نایە سەر لالە و بەنەوشە، نەرگس و نەسرین و گوڵ زەمەق ھەر یەک بە نەشئەیەکەوە وا دێنە بەر نەزەر شەوبۆ و چنوور و سوورە ھەراڵە و کەما و لۆ تازە لە ژێری بەفرەوە سەریان دەیێتە دەر نەغمەی حەزینی بوڵبوڵی شەیدا لە عەشقی گوڵ تەئسیر ئەکاتە ناو دڵی غەمبار و ناو جگەر قاسپەی کەو و چریکەیی تەیر و تیووری تر خۆشی ئەدەن بە دڵی ماتی پڕ کەدەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەیدیوە کەسێ کەسبی معارف بەبێ ئوستاد نەیدیوە کەسێ کەسبی معارف بەبێ ئوستاد مومکن نەبووە حەللی مشاکل بەبێ ئیمداد نەبووە بە شتێ سەربەخۆ ئاسن بەبێ حەدداد نەیگرتووە کەس بازی مراوی بەبێ سەییاد گەورە نەبووە بەچکە بەبێ دایەیی خەمخوار بەس تاڵبی تاڵانی یەک و کوشتنی یەک بن بەس ساعیی بێ دەستی و دەست بەستنی یەک بن بەس مایلی فەوتانی یەک و مردنی یەک بن مەشغووڵی برایی یەک و یەکخستنی یەک بن تا کۆمەڵ و یەک دەستە و یەک بن وەکوو ئەغیار ھەر کەس کە بەقەد زەڕڕەیێ عەقڵی لە سەرایە تەسدیقی ئەکا ھەر چی کە نووسیومە وەھایە مونکیر بە قسەم داخڵی زومرەی جوھەلایە شایق بە خوا ھەر چی لە جەمعی عوقەلایە بۆ نەزمی کەلامت بە دڵ و گیانە خەریدار نایێتەوە بیرتان کە لە ئەیامی سەفەربەر حیلمی بەگی ئەرکان و برایم بەگی بێ فەڕ چەند گەورەیی کوردانی ھونەر پێشەیی سەفدڕ کردیان بە نیشان و ھەدەفی گوللەیی عەسکەر ئەو ڕۆژە کە تەشریفی خەبیسیان بووە سالار دارووی حەسەد و بوغز و جەھالەت ھەموو عیلمە دەرمانی ھەموو دەردی ڕەزاڵەت ھەموو عیلمە ئەسبابی نەجات بوون لە زەلالەت ھەموو عیلمە بۆ «نەیلی عولا» بابی دەخالەت ھەموو عیلمە ھەر عیلمە کە ساحێبی ئەکاتە شەھ و خونکار ھەر کەس کە وتی «ئەمتە بە چەند؟» ئەبنە غوڵامی تەسلیمی ئەکەن ماڵ و سەر و گیانی کیرامی بۆیشی ئەبنە سەنا خوانان و دوعا گۆیی دەوامی ئەی میلەتی بێچارە عەجەب جاھیل و خامی قەومێکی تەواو بێ سەروپێن و نەزانکار وا چاکە ھەموو موتتەحید و یەک دڵ و چا بین بۆ یەک نە وەکوو دەستە برا، عەینی برا بین مەردانە لەبۆ مەقسەدی یەک پشت و پەنا بین بەو شەرتە ھەموو تابعی ئەحکامی خوا بین تا جوملە ڕەھا بین لە دەسی دوژمنی خوێن خوار دوژمن نەبووە قەت بە برا ئێمە خەشیمین دائیم کە لەگەڵیان شەو و ڕۆژ یار و نەدیمین ئێستا کە بە ئەنواعی عیلەل ئێمە سەقیمین موحتاجی دەوای حیکمەتی لوقمانی حەکیمین بۆ چارە ئەبێ سەعیی بکەین ئێمە بە ناچار شەھدی ئەم و ئەو پڕیە لە دەرمانی کوشەندە بەس تەفەرە بخۆن ھەر بە قسەی خۆش و بە خەندە ئەی بێ خەبەران بەس ببنە چاکیر و بەندە مەشھوورە کە کەمتر نەبووە شەندە لە مەندە ڕۆژ ئەبێ بەم شەھدە ببن ئێوە گرفتار ئێوە بن و خوا وەرنەوە با تف بێ لە شەیتان دەر کەن لە دڵا جوملە خەیاڵاتی پەرێشان چەند چشتێ ھەیە واسیتەی نەگبەتی کوردان وەک کیبر و حەسەد، بوغزی یەک و قیللەتی عیرفان ئیسڵاحی بکەین بەڵکوو بکۆشین ھەموو یەکجار ئەم جەھل و نیفاق و سەفەھ و زیللەتە تا کەی؟ ئەم بێ شەرەفی و خۆ خۆریە و غەفڵەتە تا کەی؟ ئەم بوغز و شیقاق و حەسەد و عەزلەتە تا کەی؟ بێ فیکری و سەر خۆشیی ئەم میللەتە تا کەی؟ تا کەی ئەبنە مەسخەرەیی عالەمی ھۆشیار؟ ناگەینە ئەمەل ئێمە کە وا بێ سەر و پا بین بەد خوڵق و بەد و تارکی ئەحکامی خودا بین دوژمن بە سەر و ماڵی ھەموو دۆست و برا بین بێگانە پەرست، خادمی مەخڵۆق وەھا بین سوودێکی لەبۆ ئێمە نییە خزمەتی ئەغیار! ھەستن لە خەوێ خزمە دەم و چاوێ بشۆرن چاوێکی ھەڵئێنن لە چەپ و ڕاسێ بنۆڕن پرسێکی لە یەک کەن لە چ ئەحواڵ و چ شۆرن ئەم عالەمە بۆچ عاجز و بێ کەیف و سروورن؟ بۆ چی ئەکەن ئەم قەومە فەقیرە ھەموو ھاوار؟ قاپی ئەمەلی ئێمە کە بەسراوە لە ھەر لا ناکرێتەوە ئەم قاپیە بۆ ئێمە ئەم ئێستا بێ یەکیەتی و مەرحەمەتی حەزرەتی مەولا ھەر یەکیەتییە دەردی ھەموو کوردێ دەوا ئەکا تا تەفەرەقە بین، زۆر عەبەسە زەحمەت و ئیسرار عالەم ھەموو مەشغووڵی تەلاش و دەسوبردە ھەر میللەتە بۆ خۆیە خەرێکی زەد و خوردە ھەرکەس لەبۆ خۆی حاکمی خۆیە وەکوو مەردە مەحروومی ھەموو قەومی فرۆمایەیی کوردە ماتەم زەدە و سووکە پەرێشان و گرفتار کوردیش ئەبێ ھەر عەبد و غوڵامی ئەم و ئەو بن ھەر بارەبەر و ماتەم و شان ڕێش و جەدەو بن چاویان لەم و لەو بێت و نە بە ئەم بن نە بە ئەو بن - - - - - - - - - - - - - - بێ عیلم و جگەر، پارە و مەحزوون و خەفەتبار ئەو میللەت و قەومانە لەوەوپێش کە زەبوون بوون ئەو تایفە و تاقمە ئەوساکە کە دوون بوون ئەو خەڵقە لەبەر جەھل و نیفاق غەرقەیی خوون بوون ھەستان لە خەوی غەفڵەت و دارای فنوون بوون ئێستاکە ھەموو بە گلگن و شاھ و حوکمدار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەسێرەی ھیوای سەربەستی بەشەر سەبارەت: لە جەنگی جیھانیی دووەمدا - ١٩٤٣/٦/١٤ ھەسێرەی ھیوای سەربەستی بەشەر لە ئاسۆی توونس سەر ھاتەدەر وەک سوفیدەی سوبح ڕووناکی بەیان سوپای تاریکی زوڵمی دایە بەر بە ورشەی شوعلەی پرشنگی جوانی دونیای سەرانسەر گشت کرد مونەووەر لە یومنی ئەو بوو دەستەی سوێن خواران تاجی زەفەریان ھەموو نایە سەر بۆیە وا تێکڕا ئازادی خواھان نازی و فاشیستان لەوێ کردە دەر ئەم بەری دەریای ناوەڕاست ھەمووی پاک کرایەوە لە پیسی میحوەر کەسێک تێ فکرێ بە عەقڵ و بە دڵ لەم گوڕە و نەڕە و فیراری ھیتلەر ھەر لە ڕۆژھەڵات ھەتا ڕۆژئاوا وەک گای تاڵانی چۆن درانە بەر تێ دەگا کە وا دەستەی سوێن خواران نەجات دەھەندەی عالەم لە خەتەر خۆ بە کوشت ئەدەن تا بەنی ئادەم لە چاڵی زوڵمەت، بھێنرێنە دەر پێویستە ئێمەش بە زمان و بە دڵ بەڕاستی بگەین سوپاسی داوەر بەقەدەر ھەموو دونیا و مافیھا سوپاس بۆ زاتی تەنیای دادگەر ھەر بژی ھێزی دەستەی دیمۆکرات بۆ ڕزگار بوونی بەشەر لە زەرەر بە بای فەنا چن نازی و فاشیستی دەعبای ئادەم خۆر موجەسەمەی شەڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زیدی خۆش ھەوای خۆشی دڵگیرم زیدی خۆش ھەوای خۆشی دڵگیرم ئارامگای جەستەی باو و باپیرم ئەوەند جێگیری لە دیدە و دڵما مەحاڵە دەر چی ھەرگیز لە بیرم مایەی سەبووری دڵەی خەمبارم ڕووناکی دیدەی لێڵی خوێنبارم دارووی نەخۆشی سەختی ھیجرانم مەرھەمی سینەی ڕێشی زامدارم *** کەژ و کێوەکەت دیارە لە دوور برق و باقی دێ، وێنەی شوعلەی نوور کۆشکی ناو چیا و باغچە و باخاتت وەک بەھەشت پڕیە لە غیلمان و حوور خاکە سوورەکەت تەڵای دەستە ئەفشار بەردت زومڕووت و ئەڵماسی ئاودار ئاوت وەک کەوسەر یا ئاوی حەیات میوەت شیفا بەخش دەردی دەردەدار *** وەتەن ئەی ھەر تۆی واسیتەی ژینم مایەی نیشاتم ڕۆحی شیرینم ھێزی دوو ئەژنۆ و قووەتی پشتم پشتیوانی جوان سەختی نەخشینم *** لانەی شێر کۆڵەی ڕۆڵەی پوڵنگت ئەشکەوتی مەحکەم تاشراو لە سەنگت جێگای ڕومبازی شۆڕە سوارانت دەشتی گوڵ گوڵی سەد ھەزار ڕەنگت شەکراوی شیرین سەرچاوەی کانیت شنەی بای نەسیم سۆزەی بەیانیت ئەو زیندەگی بەخش مردووی سەد ساڵە ئەم فەرەح ئەفزای فرزەندی گیانت *** یا خوا ئاوا بێ بە خۆشی و جوانی بۆ ژینی ئێمە بە کامەرانی پارێزگارت بێ یەزدانی عادل چونکە تۆ دایەی نیشتمانمانی *** دوژمنت دائیم ھەر سەرەوژێر بێ چوار پەلی ئیفلیج، دوو دیدەی کوێر بێ جگەری لەت لەت دڵی بە خوێن بێ بە سەد سک برسی بە سکێ تێر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەمالی نووری سەعادەت لە ئەوجی بورجی عیراق جەمالی نووری سەعادەت لە ئەوجی بورجی عیراق تلوعی کرد و موقارن بە ڕۆژی چوارەم تاق چە نوورێ؟ پرتەوی خوایی موعادیلە بە شەفەق جەماڵی چی؟ کە جەلالی مونیری کرد ئافاق زیایی پرتەوی دادی میسالی لەمعەیی ڕۆژ فڕاندی زوڵمەتی لەیلی دوجایی زوڵم و نیفاق جەلیسی کورسی عالی وەزارەتی عەدلی نەژادی حاکمی بابان موحیببی داد و ویفاق دوڕڕی بەقیمەتی تاکی خەزێنەیی شاھان فەریدی عەسرە شەھیرە بە ئەحسەنی ئەخلاق لە ترسی ھەیبەت و ڕوعبی جەماعەتی دوژمن ھەمیشە لفە بە یەکدا ساقیان بالساق بە عەدل و داد و سەماجەت، بە بەزل و جوود و سەخا عەدیلی جەعفەر و یەحیا بە کەوکەبە و ئینفاق بە علم و عەقڵ و کیاسەت، بە حلم و فەزڵ و شەرەف بە عەزم و حەزم و سیاسەت، بە قەول و عەھد و میساق موجەللی فەخرە لەبۆ عەرەب و کورد و تورک و عەجەم میسالی سەددی ڕەگینەیە وەعدە و میساق ئومێد ئەکەم کە بە یومنی قودوومی موحتەشەمی بگاتە ئەوجی عولا تاج و تەختی حوکمی عێراق تەشەککوراتی وجوودی، فەریزەیی عەینە لەسەر جەماعەتی کورد خاسەتەن عَلى الاطلاق دەوامی عیززەت و عومر و بەقا و سەڵتەنەتی تەڵەب ئەکەم بە تەزەرروع لە حەزرەتی خەللاق دوعای تورەقی و جاھی جەمال بەگی بابان بووە بە ویردی شەو و ڕۆژی شایقی موشتاق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ دراوسێ بەڕاستی براین لەگەڵ دراوسێ بەڕاستی براین چونکە نەتەوەی ئادەم و حەواین لە قەدیمەوە ھەموو پشتاوپشت خۆشی و تاڵیمان وەک یەک بووە گشت لەگەڵ ئەم و ئەو، باوک و برا بین وەھا پێویستە کە ماڵ جیا بین ماڵی من بۆ تۆ، تۆ بۆ من نابێ ئەگەر ھاتوو بوویش، خۆشی تیا نابێ شەریکی خەڵقی، ھەر خەریکییە نەتیجەی ئاخر ھەر تەریکییە یەک بین چاکترە، نەوەک بە ناکاو دوژمن بمانکات بە پۆڕی خوراو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەخوا بێ ڕیا ھەواخواتم سەبارەت: بۆ شێخ عوسمانی شێخ عەلادین بەخوا بێ ڕیا ھەواخواتم تالبی ئیحترامی دەرگاتم ئارەزوومە ببی بە شاھی جیھان شایقی شەعشەعەی تەجەللاتم لەعومی سولالەیی عومەری عاشقی خوڵق و خوویی ئەعلاتم بەدڵ و گیان بە وێنەی بوڵبوڵ ئارەزوومەندی ماھی سیماتم وەکوو مورغی قەفەس منی بێ دڵ بەستەیی داوی میھر و سەوداتم شەو و ڕۆژ من بە یادی ڕوویی تۆ دڵی پڕ ناڵە و مەقاماتم بەستە وێژە لە ھیجری تۆ شاھۆ ھەر دەڵێ ئاخ لە ھیجری تۆ ماتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاتای سەری زوڵفی ڕەشی پەرچەمی یارم تاتای سەری زوڵفی ڕەشی پەرچەمی یارم وەک تەوقی غەزەب چۆتە ملی قەلبی ھەژارم تابووری موژە دەس بە سنان بۆ منی بێکەس ئامادەیە وەک عەسکەری خوێنڕێژی تەتارم شمشێری برۆی حازرە بۆ گەردنی عاشق وەک شیری عەلی چۆن بووە بۆ جەیشی کوفارم ئەو خاڵە بەسەر ڕوویەوە وا دیارییە شایق بۆ مورغی دڵان دانەیە دای ناوە نیگارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد کە من شەرمەندەم و دارایی ئەوسافی زەمیم سەد کە من شەرمەندەم و دارایی ئەوسافی زەمیم غەرقی ژێر باری گوناھم تابعی نەفسی لەئیم سەد کە خەجڵەت بارم و نامەم لەڕووی خۆم ڕەشترە وەک سەگی برسیم موتیعی ئەمری شەیتانی ڕەجیم قەت نەبوو ڕۆژێ بە ڕاستی سوجدەیەکت لێ بەرم ھەر لەگەڵ ئەوباش خەریک بووم، بووم بە ھامڕاز و نەدیم دائیمەن تەعقیبی خێڵی نەفس و شەیتانم ئەکرد سەرفی ئەوقاتم لە ئیشی قۆڕ و ئەفکاری سەقیم لێک یا ڕەببی ئومێدم زۆر بە عەفوی تۆ ھەیە بەندە عەبدێکی زەلیلم تۆیش خوایەکی ڕەحیم گەر بە کرداری بەدی خۆم تۆیش بەدیم دەرحەق بکەی بەس تەفاوت کوا لەبەینی عەبد و خەللاقی عەزیم وەر بەتەعجیلی عیقابم مەیل ئەفەرمووی ڕەببەنا موستەحەقی ئەومە ئێستا بمخەیە ناری جەحیم عەبدی قاپی خۆتە شایق پادشاھی بێ نەزیر چاوەڕێی بەخشینی خۆتە أنتَ غَفّار كَريم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شۆخی باڵا بەرزەکەم من عاشقی باڵایی تۆم شۆخی باڵا بەرزەکەم من عاشقی باڵایی تۆم ڕۆژ و شەو شێواوی سەودای نەرگسی شەھلایی تۆم بۆ چی ناپرسی لە حاڵم دەفعەیەک ئەی سەنگ دڵ بۆچ مەگەر نازانی من دێوانەکەی سەودایی تۆم دەردەکەم سەختە و دەوای نایێت بە دەرمانی حەکیم چونکە شێواوی گریشمەی عەرعەری ڕەعنایی تۆم داد و فەریادم ئەگاتە ئاسمانی حەوتەمین ئەھلی ئاسمانیش دەزانن شیفتە و ڕیسوایی تۆم خەڵق فنا في الله دەبێت و من فنا في ال‍تۆ بووم تۆ گوڵی باغی بەھەشتی خۆ منیش شەیدایی تۆم داخۆ کەی بێ جورعەیەک نۆش کەم لە شەھدی لێوی تۆ تینووی تەنیا قومێ لەو شەربەتی ئەعلایی تۆم ھەر تەم و ھەورێک ئەبینی دوودی ئاھی شایقە چونکە دڵ سووتاوی عەشقی عیشوەیی باڵایی تۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەیری قاپیت کوێم ھەیە تاکوو پەناھی بۆ بەرم غەیری قاپیت کوێم ھەیە تاکوو پەناھی بۆ بەرم غەیری زاتی ئەقدەست کێیە کە سوجدەی بۆ بەرم عەبدی خۆتم، ئافەریدەی زاتی خۆتم، ھەرچی ھەم سەد کە عاسی و ڕوو سیا بم یاکوو ڕەش بێ دەفتەرم دەستی خۆم بۆ کێ درێژ کەم دەوڵەمەندتر بێ لە تۆ ئەی کەریمی کارسازم! پادشاھی مەحشەرم! تۆ ئومێدی بێ ئومێدانی لە دونیا و ئاخیرەت بەندە خۆ موئمین بە خۆتم ئوممەتی پێغەمبەرم بەحری ڕەحمەت بێ پەی و ئیحسان و جوودت بێ حیساب سا کەرەم فەرموو کە بەندەیش حیسسەیەکیان لێ بەرم خاوەنی خەزنەی زەمین و ئاسمانان بێ کە تۆ کەی ڕەوایە بەندە زاڵم پێ بنێتە سەر سەرم تۆ کەریمی، تۆ ڕەحیمی، خاوەنی فەزلی عەزیم چاوەڕوانی ڕەحمەتی خۆتم خۆت ئەزانی بێ دەردم رَبَّنا أغفِر لي ذُنوبي و أغنني عمن سواك و أقضي حاجاتي سَريعاً ئەی ئیلاھی ئەکبەرم ڕوی ئومێدم کردە قاپی ڕەحمەتی تۆ ئەی کەریم چاوەڕێی تەتبیقی نەسسی ئایەتی لا تَنهرم خۆت کە فەرمووت أستجيب لام وایە ڕەد ناکەی دوعام با بەقەد شاھۆ گوناھم بێ من وەھایە باوەڕم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دووری کوڵمی گوڵ ڕەنگت ھەمیسان عاجز و ماتم لە دووری کوڵمی گوڵ ڕەنگت ھەمیسان عاجز و ماتم وەکوو مەجنوونەکەی لەیلا، منیش وا شێت و شەیداتم ئەڵێی عەوداڵی چۆڵ گەردم، ئەوەندە گێژ و بێ ھۆشم لە وەختێکۆ کە گیرۆدەی کەمەندی زوڵفی تاتاتم شەو و ڕۆژ خوێنی گەش دەتکێ لە جەرگ و دڵ وەکوو سەیلاو ھەتا عالەم بزانێ، من شەھیدی چاوی شەھلاتم چریکەی دەنگی «یا لەیلا» لە سینەم دێتە گوێ دائیم بە عەینی ھەر وەکوو سەمتوورە سینەی پڕ مەقاماتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کەشتیی فیرقەتی یارا پەرێشان حاڵ و دڵ تەنگم لە کەشتیی فیرقەتی یارا پەرێشان حاڵ و دڵ تەنگم بەسەر دەریای خەما سەییار و بێ خەمخوار و ھاودەنگم شەو و ڕۆژ من لە بەر خەم یەک دەم ئارامم نییە قوربان گەھێ مەشغووڵی قوڕ پێوان و گاھێ مات و بێ دەنگم ئەوند گریام بە خوێناوی جگەر وا سوورە بالینم ئەوندەم ئاھی سەرد کێشاوە گیانە زەرد بووە ڕەنگم عەجەب ماوم لە بەختی نەگبەت و شوومم لە لام وایە ئەگەر بچمە بەھەشتیش ھەروەھا داماو و دڵتەنگم خوسوس ئێستا کە بەینێکە وەھا دووچار و ناچارم کە وەک تەیری قەفەس دەسبەستە و داماو و پێ لەنگم لە خەم وەختێ ڕەھایی دێ دڵی میحنەت زەدەی شاھۆ بە دارووی وەسڵی خۆی ساتێ دەوا کا شۆخەکەی شەنگم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەو ساوە کە من عاشقی ڕوخساری حەبیبم لەو ساوە کە من عاشقی ڕوخساری حەبیبم ماتەم زەدەیی چیھرەیی گوڵناری حەبیبم بنواڕەرە لاشەم کە چ بێ ھێز و زەعیفە تاداری گڕی دووری و بیماری حەبیبم بێ حاڵیە ئەحواڵی من ئەی شۆخی پەری خوو لەو ساوە کە نێچیر و گرفتاری حەبیبم ناپرسی کە بۆچ زامە سەراپایی وجوودم پێکراوی موژەی نەشتەری خوێن خواری حەبیبم چی بکم؟ چییە تەدبیرم؟ ئەوا چۆقی ڕەشم کرد وەڵڵاھی ئەوند شیفتەیی دوو ناری حەبیبم ئێوە بن و خوا چارەیە تا ماوە ژیانم گیرۆدەیی دوو گێسوی ڕەشماری حەبیبم دوودی نەفەسم گەییە سەما، ئاھە لەدەس یار سووتاو و پڕووزاوی گڕەی ناری حەبیبم ناپرسی لەحاڵم نەفەسێ بەڵکوو بزانی مەسموومی سەری پەرچەمی جەڕاڕی حەبیبم وەک بەحری خەزەر، مەوجە لەبەر ئەشکی دوو دیدەم ئەم دەشت و دەر و دۆڵە کە غەمباری حەبیبم مەنعێ نییە بۆ بەندە کە دەگریم و دەناڵم عاشق بە لەبی لەعلی گوھەرباری حەبیبم گریانە ھەموو ڕۆژ و شەوێ پیشەیی شایق لەو ساوە کە مەحروومە لە دیداری حەبیبم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: منی شەیدا کە دەمبینی لە چاوم خوێن دەبارێنم منی شەیدا کە دەمبینی لە چاوم خوێن دەبارێنم بە مەرگی تۆ ھەمووی بۆ تۆ لە دووری تۆ دەناڵێنم مەڕۆ تۆ بی و خوا وا زوو لەلام، ئەی شۆخی سیمین بەر! بەڵا ساتێ سرەوتوو بیت دڵەی پێکراوی خەمگینم بەبێ دیداری تۆ ڕۆژم شەوێکی تار و تاریکە دەبا ئەمشەو بە وەسڵی خۆت بدەی ئەی یار تەسکینم لەبۆ سەیری خەت و خاڵ و تەماشای ماھی ڕوخسارت سەری ھێنایە دەر وا دڵ لە دیدەی پڕ لە ئەسرینم خوا ناکەردە تۆ ڕۆییت بە شوێنتا دێتە دەر گیانم بە بێ تۆ زیندەگیم نابێ بە چاوت گیانی شیرینم دەمت پڕیە لە مرواری، لەبت سەرچاوەیی کەوسەر نەخۆشی ھیجری تۆم، توخوا سەعاتێ بێرە بالینم! مەکە! سا مەمکوژە جانا! مەڕۆ! با دەرنەچێ گیانم گوڵم! فێنکی دڵی شاھۆ! نیگاری دیدە نەخشینم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەسیمی سوبحدەم قوربانتم وا دەس بە دامانم نەسیمی سوبحدەم قوربانتم وا دەس بە دامانم تەرەححوم کە بە حاڵم گیانەکەم وەک جاری جارانم ئەزانی خۆت بە ئەحواڵم کە چیم پێ ھاتووە ئەمڕۆ دەروونم چۆنە بۆ چ دائیم بە ناڵە و ئاھ و ئەفغانم ئەگەر ڕێت کەوتە ماوای ئەو گوڵەی موو سونبولەم جارێ بە فورسەت بەڵکە بێ دەنگێ، بەبێ ئاگای ڕەقیبانم لەجیاتی من بچۆ عەرزی بکە چیت پێ ئەڵێم یەک یەک بڵێ ئەی شۆخەکەی دڵ بەردی بێ ڕەحمی بە عینوانم بڵێ ئەی دوڕڕی یەکتا! حوورەکەی بێ میسلی بێ ھەمتا! بڵێ ئەی موو کەمەر! ڕوومەت قەمەر! سەروی خەرامانم! بڵێ ئەی یاری چاو بەخوماری نازداری بە ئازارم! بڵێ ئەی لەیلەکەی ڕوخ سێوەکەی لەب لەعلی ڕوممانم! نەمامی نەو ڕەسیدەم! قووتی ڕۆحم! نووری دوو دیدەم! فەرەح بەخشی دڵەی بیماری پڕ نیرانی بوریانم! ئەرێ غونچە دەھەن! ناسک بەدەن! پڕ مەکر و فەن! گوڵ پیرەھەن! ئەرێ سیمین زەقەن! گەردن بوڵەند! سالاری خوبانم! ئەرێ ئەبرۆ ھیلالی چاو ڕەشی شیرین خەت و خاڵم! چرای ماڵم! گوڵم! فێنکی دڵەی مەجرووحی ناڵانم! لە گێژاوی خەما وا گێژ و سەرگەردان و بێ ھۆشم لە داوی میحنەتا وێڵم، خەریکی شین و گریانم دڵی بەردیش بە ئەحواڵم دەسووتێ ھێندە مەحزوونم وحوشیش بۆم دەگریەن، ھێندە خەمبار و پەرێشانم لە چۆڵی غوربەتا سەرسام و بێ ھۆشانە سەییارم وەکوو مەجنوونی شەیدا، ڕۆحەکەم بۆ تۆ بە ئەفغانم کزە و قرچە و پڕووزەی جەرگی سووتام لە دووریی تۆ عەرەبسانی ھەموو پڕ کردووە جانا، بە ئیمانم! لە تەئسیری ھەناسەی سەردی من بەغدا بووە کوێستان شنەی بای ساردە بەفراوە لە حەوش و ژوور و کۆڵانم بەڵام بێ تۆ ھەموو دونیام بەلاوە تەنگ و تاریکە ئەگەر بچمە بەھەشتیش ھەر وەکوو مەحبووسی زیندانم سەعاتێکم بە ساڵێکە لە دووریی قەددی لەولاوت شەو و ڕۆژ بێ خەو و خۆراک و چۆڵ گەردی بیابانم لە تەننووری فیراقا قوڵ ئەخۆم وەک مەنجەڵێ فڕنی ئەوا خۆ بوو بە بوریانی دڵەی زامداری ھیجرانم تەقی سەرچەشمەیی چاوم، ھوجومی کردە سەر بەغدا نزیکە غەرقی کا یەک جار وەکوو لافاوی تۆفانم بە ناشوکری نەبێ نەمدی لە موددەی عومرما ساتێ بە خۆشی ڕابوێرم من لە خزمەت یاری چاو جوانم گەھێ مەجنوون سیفەت چۆڵگەردی وادی غوربەتم گاھێ وەکوو بولبول لە دووریی یاری گوڵ ڕەنگم غەزەل خوانم ھەموو عومرم بە زایع چوو بە ئاھ و ناڵە و زاری سەر و ماڵم بە ڕەحمەت چوو بە جارێ، ماڵی وێرانم مەگەر ڕەحمی خوا یاریم بکا وەرنە بە مەرگی تۆ مەحاڵە خاکی کوردستان ببینێ چاوی گریانم تکەی خوێناوی چاوی شایقت جانا لە دووری تۆ بەخوڕ دێ دائیمە و دەتکێتە دامان و گریبانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەببی ھەر چەند غەرقی دەریای بۆگەنی عوسیانتم ڕەببی ھەر چەند غەرقی دەریای بۆگەنی عوسیانتم خۆ بە دڵ ئەمڕۆ بە ھیوای بەخشش و غوفرانتم قامەتم ھەر چەند چەمیوە من لەژێر باری گونام چاوەڕوانی ڕەحمی عامی واسیعی یەزدانتم من سکاڵای خۆم لەلای کێ کەم پەنا بۆ کێ بەرم؟ زاتی خۆت موشکل گوشایە، چاوەڕێی ئیحسانتم ھەر چلۆنێ بم، ئیلاھی! ئافەریدەی زاتی تۆم باوەڕم پێتە، بەڕاستی تابعی قورئانتم ژین و ڕزگاری و بوڵندی عیززەت و زیللەت ھەموو ھەر بەدەستی خۆتە ڕەببی مل کەچی فەرمانتم تاعەتێکی وام نییە لایق بە زاتت بێ بەڵام با خراپیش بم بە ھیوای ڕەحمەتی ڕەحمانتم نەفسی ئەممارەی خەسیسە دوژمنی دەستە و یەخەم بۆ جیھادی ئەو سەگە موحتاجی یاری دانتم خۆ بە دەس شەیتانە کوێرە و خێڵی «ئەلخەنناس»ەوە خۆت خەبەرداری کە چۆن عەبدێکی دەستە و سانتم ڕوو ڕەشی و موویی سپیم ھێنایە حاجەت بۆ تکا وام لەژێر سایەی کەرەمتا ڕەحمەتێ! قوربانتم گەر گرانتر بێ لە شاھۆ بار و سەرباری گونام خۆ پەناھەندە بە خۆت و سەروەری ئەکوانتم ڕەببی ھەرچەند نالەبار و ڕوو ڕەشی دیوانتم ئافەریدەی زاتی پاکی ئەقدەسی سوبحانتم باوەڕم وایە کە حەققن مورسەلین و ئەنبیات ئوممەتی فەخری ئەنامم، تابعی قورئانتم ڕووی ئومێدم کردە قاپی بارەگاھی ئەقدەست دەستی پێویستم بوڵند کرد، چاوەڕێی ئیحسانتم بۆ تکا ھێنامە حاجەت مووی سپی، فرمێسکی شۆڕ وا بە ھیوای عەتف و ڕەحمی حەزرەتی ڕەحمانتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەبی ھەر چەند شەرمەسار و ڕووڕەشی دیوانتم ڕەببی ھەر چەند شەرمەسار و ڕووڕەشی دیوانتم ئافەریدەی زاتی پاکی ئەقدەسی سوبحانتم تێکشکاوە گەر لەژێر باری گوناھا قامەتم خۆ بە گیان و دڵ بە ھیوای بەخشش و غوفرانتم لانەواز و بێ مەلاز و بێ نەوا و بێ کەسم دەستی بێ دەستیم بوڵند کرد، چاوەڕێی ئیحسانتم ڕووی ئومێدم کردە قاپیی بارەگاھی ئەقدەست چاوەنواڕی عەتف و جوود و ڕەحمی بێ پایانتم ڕووم نییە دەس ھەڵبڕم من بۆ تکای ئەحواڵی خۆم چونکە غەرقی بەحری پیسی بۆگەنی عوسیانتم چی بکم؟ لای کێ بچم؟ کێ بێنمە حاجەت بۆ تکام؟ ھەر چی بم خۆ ئوممەتێکی شاھی ئینس و جانتم باوڕم پێتە بە دڵ یەزدانی پاکی عالەمی ملکەچی فەرمان و حوکمی عادلی قورئانتم ئاوڕێکی لێوە دە ڕەببی! بە لوتف و ڕەحمی خۆت چاوەنواڕی قەترەیەکی ڕەحمەتی پەنھانتم جورمی شاھۆ پەلکە پووشێکە بەرامبەر عەفووی تۆ بۆیە داواکاری عەفوی حەزرەتی ڕەحمانتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کلیلی قوفڵی قاپی موشکیلاتم سەبارەت: ١٩٣٧/٣/١٦ کلیلی قوفڵی قاپی موشکیلاتم فەرەح بەخشی دڵی مەحزوون و ماتم نەسیمی سوبحی نەورۆزی ئومێدم گوڵم تۆی چاوەکەی ئاوی حەیاتم ھیلالی ڕۆژی جەژنی بێ ئومێدان ھەسێرەی ڕوونی ئیقباڵی وڵاتم ئەزانێ خۆ ئەمن سەودازەدەی تۆم ئەسیری میھر و مەربووتی وەفاتم ھەواخواھی ھەواخواھانی خۆتم بە گیان و دڵ ھەمیشە گیان فیداتم لە دڵما خەم لەسەر خەم کۆمەڵی بەست نەماوە تاقەتی سەبر و سوباتم بە حاڵم گەر بزانیت چەند پەشێوم بەبێ پەروا ئەکۆشی بۆ نەجاتم ئەگەر ڕەحمێ نەفەرمووی تۆ بە شاھۆ بە ناچاری ئەکەم تەرکی وڵاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەزاران شوکری تۆ ڕەببی کە کوردێکی موسڵمانم ھەزاران شوکری تۆ ڕەببی کە کوردێکی موسڵمانم بە تۆ و پێغەمبەرانی تۆ و کەلامت زۆرە ئیمانم بە دڵ بڕوام وەھایە ساحیبی ئەرز و سەماواتی بەدەستی خۆتە گشت چەرخێ بەڕاستی وایە ئیزعانم بەبێ فەرمانی تۆ نەبووە و نییە و نابێ شتێ بۆ کەس بە ئەمری تۆیە بوون و ژین و مان و نووری چاوانم ئیباحی نیم تەماعم بێ بە نامووسی کەس و کارم لە لوتفی تۆوە دواکەوتووی ڕەوشتی فەخری ئینسانم پەنام ھێنایە بەر قاپی بوڵندی زولجەلالی تۆ بەزەییت گەر نەیەت پێما بە جارێ ماڵی وێرانم ئەگەرچی ڕوو سیا و دەفتەر سیا و بەد خوو و گونابارم ھەزاران تەوبە بێ ڕەببی! ببخشە جورم و عوسیانم تەڵەب کارم لە ڕەحمی تۆ لە ڕێی دینا بە سەربەستی نەجاتی دەی بە گورجی قەومی داماوی پەرێشانم گرفتاری دەسیسەی کۆمەڵی تلمیزی شەیتانن بە زاھێر مەڕ، کە چی وەک گورگی ھار کەوتوونە ناو ڕانم گەلێ ڕێی کەوت و دەرفەت بوو لە دەسیان دا بە خۆڕایی کە چی وەر ناگرن عیبرەت بە دڵ لەم حاڵە حەیرانم بە نەسر و نەزم و گۆرانی، گەلێ پاڕایەوە شاھۆ کە دواکەوتوو نەبن! یەک بن! بەڵام بێ سوودە ئەلحانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر چاوم ھەوا تۆزاوییە کوردینە وریا بن سەبارەت: ١٩٥٩ لەبەر چاوم ھەوا تۆزاوییە کوردینە وریا بن بەرامبەر ناحەزی خۆتان وەکوو دیواری پۆڵا بن نەکەن وابن فریو بدرێن بە فیشاڵی درۆ دیسان لە دەستتان دەر بچێ دەرفەت، نە لەم لا بن نە لەو لا بن ئەوەی کوردە ڕەزا نابێ کە ژێردەستی ئەم و ئەو بێ ئەبێ یا بچنە گۆڕستان وەیا سەربەست و ئازا بن سەرۆک و کۆمەڵەی ئێستەش وەکوو گوێ پانەکەی پێشوو بەرامبەر ئێمە لام وایە ھەموو بەد بیر و بڕوا بن ئەوەی کوردە ڕەزا نابێ کە ژێر دەستی ئەم و ئەو بێ ئەبێ یا بچنە گۆڕستان، وەیا سەربەست و ئازا بن - - - لای بڕێک باشە بەڵام پێتان بڵێم ڕاستی لە جانتای کوردەواریدا نییە ھاوڕێی گەلی وا بن ئەمە سەد ساڵە کورد قوربان ئەدا بۆ ڕۆژی ئازادی کە ئێستاکەش - - - - ئەبێ سەر شۆڕ و ڕیسوا بن ئەمانە باری ڕاسیان نەبووە شاھۆ قەت لەگەڵ کەسدا بە ھیوای سەروەتی کوردن، بەڵا با تەفر و توونا بن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختی کردوبردە کاکە تەرکی تێکۆشان مەکەن سەبارەت: ١٩٦٥ وەختی کردوبردە، کاکە تەرکی تێکۆشان مەکەن! دەرفەتە باوەڕ بە فیشاڵی درۆی گوێ پان مەکەن خۆ بە خۆی خۆ یەک کەون جیا مەبنەوە مەردانە بن فەرقی خەڵقی وان و مووش و ئەزبەنی و سۆران مەکەن پشتی یەک بگرن بە کۆمەڵ! دەست لە یەکتر بەر مەدەن! ڕۆژی سەرکەوتن نزیکە، تێکەڵی شەیتان مەکەن یەکیەتی ناوخۆ بزانن شەرتی ڕزگاریی گەلە بۆ ئەوەی یەک بن، لەبۆ یەک فیتنەیی و بوختان مەکەن ناحەزی ئێمە خەریکی گێرەشێوێنیی گەلن کاکە ئێوە بن و خوا! بڕوا بە ناحەزتان مەکەن قەومی کورد شێوەی قسەشیان یەک نەبێ گشتیان یەکن عەیبە! جیاوازی لە بەینی کۆمەڵی کوردان مەکەن مردن و مانمان یەکێکە، پێکەوە وەک یەک ئەژین فەرقی کوردی ناو عێراق و تورکیا و ئێران مەکەن حوببی جاھ و فیز و بوخل و نۆکەری غەیرە و نیفاق کوردی لێک پچڕان، بەسی بێ! ماڵی کورد وێران مەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە ئەمڕۆ فرسەتە پیاو بن لە دەستی دەر مەکەن سەبارەت: ١٩٤٥ کوردە ئەمڕۆ فرسەتە پیاو بن لە دەستی دەر مەکەن پشتی یەک بگرن بە فیشاڵی درۆ باوەڕ مەکەن پێشەواتان - - - - ھەڵبژێراوی گەلە چاکترین دڵسۆزی کوردە سەر لە ئەمری دەرمەکەن پێشەوات ئاڵتوونی تێزابە، لە زاخاو دەرچووە چی ئەڵێ بیکەن شەریکی سووسە ماری بەڕ مەکەن دەرفەتی زۆرتان لەدەست دا چاکە عیبرەت وەرگرن تێکەڵی قاز و قوڵنگ و لەق لەق و سەرگەڕ مەکەن پیاوی مەرد دوو جار لە کوندا نایگەزێ دووپشک و مار لێرە بەو لاوە بە واتای دوژمنی بێ فەڕ مەکەن نۆکەری خەڵقی لەسایەی ئێوەوە وا بوون بە پیاو ئێوە ئاغای ماڵی خۆتانن بەگوێی نۆکەر مەکەن شەربەت و ئاوی درواسێ پڕ لە ژەھری کارییە وەسیەتە شاھۆ بە ئاوی گۆزەیان لێو تەڕ مەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆمەڵێکی تازە پەیدا بوون دژی ئایین و دین کۆمەڵێکی تازە پەیدا بوون دژی ئایین و دین خوێن مژی ئالی پەیەمبەر خوێنەخواری موسلیمین دوور لە چاکە و ناڵەبار و فیتنە و شووم و تەرەس ڕوو ڕەشی دیوانی یەزدان، دۆستی شەیتانی لەعین کتکە نەوتینە وڵات و دوژمنی جنسی بەشەر بێ حەیا و ناکەس بەچە و بەدخوو، سەرۆکی موجریمین بەد دڵ و بەد تینەت و بەد کردەوە و لار و لەئیم دوور لە ئینساف و مرووەت، گورگی ھاری سەر زەمین بیر و بڕوایان دژی ئاینی ئیسلامە کە چی ڕووکەشی خۆشیان ئەکەن دائیم بە بۆیەی ئەھلی دین عاشقن بۆ کوشتن و تاڵانی خەڵقی بێ گوناھ دڵ ڕەق و تینوو بە خوێنی ئەھلی عیلم و ساڵحین جاڕ ئەدەن بۆیان کە گاھێ بۆ ڕیا نوێژێ بکەن تاعەت و نوێژی ڕیاش شیرکە، بە ڕەببی عالەمین ئیدعایان وایە ئیسلامن کە چی بێ سووچ و ماف ئەچنە سەر خێزانی خەڵقی، بۆ خراپە و سەر بڕین تەپ ئەکوتنە سەر مناڵ و ماڵی دێھاتی ھەژار ماڵ ئەڕووخێنن بەسەریانا بە تۆپێ ئاگرین چی لە دنیادا خراپتر بێ لەوانە بەدترن کردەوەی پیسیان مەحاڵە بێتە نووسین و دووین واجبە ئەمڕۆ لەسەر ئیسلامی دونیا بێ وچان یەک کەون ھەستن بە جارێ بۆ قڕانی زاڵمین نابێ دەرفەتیان بدەن بۆ بۆ دەست درێژی ناڕەوا نابێ مەیدانیان بدەن ھەرگیز لەبۆ ھەڵپە و وەڕین حەق بەزەیی دێتەوە ئاخر بە ئیسلاما بەڵام یەکیەتی پێویستە شاھۆ بۆ نەمانی تامعین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆیلەیەکم لانەواز و مات و داماو و حەزین کۆیلەیەکم لانەواز و مات و داماو و حەزین چاوەڕوانی ڕەحمەتی تۆم یا ئیلاھەلعالەمین چیم ھەیە بیھێنمە حاجەت بۆ تکای ئەحواڵی خۆم غەیری ڕووی ڕەش، مووی سپی، فرمێسکی دوو دیدەی نمین چی بکەم؟ بۆ کوێ بچم؟ لای کێ سکاڵای خۆم بکەم؟ غەیری زاتی ئەقدەست کێیە موغیسی حائرین وا پەنام ھێنایە بەر قاپی کراوەی ڕەحمەتت ڕەببی سا چارم بفەرموو تۆی شەفیعی موزنیبین بەشقی ئەو زاتەی شەوی ئەسرا گەیشتە بارەگات سەروەری عالەم، محەممەد، پێشەوایی موڕسەلین بەشقی ئەسراری عەزیمی ناوەکانی ئەعزەمت بەشقی سۆزی ناو دەروون و ئەشکی دیدەی موتتەقین بەشقی قورئانی کەریم و سڕی زاتی کیبریات بەشقی ڕۆحی ئەنبیات و ئەولیا و ساڵحین قەترەیەک لەو بەحری جوودەت کافییە بۆ حاڵی من زەڕڕەیەکی عەفوی تۆ ئەمخاتە ناو خولدی بەرین ڕەببی شاھۆ ھەر بە ھیوای عەتف و لوتف و جوودتە چونکی ھەر خۆتی موغیس و تۆی موجیبی سائیلین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرۆھێ ھەن کە وا پیشان ئەدەن کوردێکی زۆر ساغن گرۆھێ ھەن کە وا پیشان ئەدەن کوردێکی زۆر ساغن ئەمانە گێرەشێوێنن لە لاتان وا بێ ناساغن گەلێ دەرفەت ھەبوو بۆ کورد کە مافی دەست کەوێ ئەمما لەدەستیان دا بە فیشاڵێک و ئێستا حەبسی قۆناغن تەقالای پاشەڕۆژیان نەبووە ھەر دەربستی خۆیانن بەڵێ ئەم نەوعە ئینسانانە بەد جینس و بەد ئۆجاغن ئەمانە تاقمێکی زۆر کەمن ئەمما ئەوەی کوردە بەدەسیانۆ وەکوو شاھۆ ھەموو کاتێ جگەر داغن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک سەروەری دونیا و دین یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک سەروەری دونیا و دین پێشەوا و خەتمی عومومی ئەنبیاء و مورسەلین فەخری گشتی کائیناتی سەییدی جین و بەشەر تاقە مەحبووبی خوداوەند، ڕەحمەتی بۆ عالەمین تۆی ئومێدی بێ ئومێدان ڕەھبەری ڕێگەی نەجات ڕۆژی ڕووناکی ھیدایەت موقتدایی موتتەقین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێمە کوردین و ئەزانین عەبدی یەزدانین ھەموو ئێمە کوردین و ئەزانین عەبدی یەزدانین ھەموو ئافەریدەی دەستی زاتی تاکی سوبحانین ھەموو ئەو کتێبانەی لە خواوە ھاتوون بۆ مورسەلین ئێمە بڕوامان ھەیە پێیان موسڵمانین ھەموو چاکترین ئومەتین بۆ تاقە مەحبووبی خوا خاوەنی ئایینی بەرز و دین و ئیمانین ھەموو دوژمنی کەس نین بەڵام بۆ پاسی کوردستان و کورد پیاو و ژن گەورە و بچووکمان قۆچی قوربانین ھەموو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی یاری خۆشەویستی وەفاکاری ڕاست ڕەو ئەی یاری خۆشەویستی وەفاکاری ڕاست ڕەو وەی جێی ئومێدی موخلیسی خەمباری تیرە شەو وەختێ کە کارتی جەژنەکەتم دیت و خوێندمەوە وەک نووستوێ کە ڕاشڵەژێ و ڕاچەنێ لە خەو تیمسالی حاڵی قەومەکەمی میسلی سینەما ھێنایە بەر نەزەرم و لە پڕ ڕاپەڕیم بە دەو تۆزێ کە سەیری ئەو فلیمەم کرد و تێی گەییم دەستم گەیاندە خامە وەکوو بەرقی تیژ ڕەو نووسیم بە خوێنی دیدە لە سەفحەی سیاھی دڵ ئەحواڵی کوردی قوڕ بە سەر و بەختی شوومی ئەو کورد ڕەنجەڕۆیە گوڵبونی عەیشی خەزانی کرد شانی لە ژێری باری خەما گشتی بوو جەدەو نەورۆز لە بۆ ئەوانەیە وشکیان ژیایەوە ناوچاوی بەختە دێزەکەیان بوو بە مانگەشەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لایەنی کەس ناگرین قەت خۆرھەڵات یا خۆرنشین لایەنی کەس ناگرین قەت خۆرھەڵات یا خۆرنشین دۆستی گشتی مونسیفان و ئەھلی ویجدانین ھەموو بیر و بڕوای لار و وێر تەفرەقەی ناوخۆ و نیفاق وا سەری شێواند لە کورد موحتاجی ئیحسانین ھەموو تاقمی ڕێی چەوتی گرت و کۆمەڵی بێ بار و لار سەر لە کورد شێواوە شاھۆ مات و حەیرانین ھەموو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناچنە سەر دینی مولحید کورد موسڵمانن ھەموو ناچنە سەر دینی مولحید، کورد موسڵمانن ھەموو خاوەنی ئایینی پاک و دین و ئیمانن ھەموو گەر لە سەد نیوەی بکەونە شوێنی بیری لار و چەوت خۆ ئەوانی کەی موتیعی حوکمی قورئانن ھەموو خۆ بە عەبدی خوا ئەزانن ئوممەتی فەخری ئەنام موخلیسی پێغەمبەران و ئەنبیایانن ھەموو چاکترینی ئوممەتن ئەمڕۆ لەگەڵ ئیسلامی ڕاس موئمینێکی ڕێک و ڕاستی زاتی یەزدانن ھەموو ھەوڵ ئەدەن بۆ سەربەخۆیی بۆ ژیانێکی شەریف بۆ سنووری موڵکی خۆیان پاسەوانانن ھەموو پیاو و ژن، گەورە و بچوک، بۆ تۆڵە سەندن حازرن دەس بە تیر و خەنجەر و شمشێر و قەڵغانن ھەموو مستە خۆڵێکی وەتەن نادەن بە دوژمن بیشمرن بۆ دیفاعی مافی خۆیان قۆچی قوربانن ھەموو تۆڵەسێنی خوێنی پاکی ئەو شەھیدانەن کە وا ئێستەکەش زیندوون و گیانی پاکی کوردانن ھەموو کارەساتی وەحشیانەی دەرسم و دیاربەکر و وان نەقشی ناوجەرگ و دڵی سووتاو و بوریانن ھەموو کردەوەی پیسی گەماڵ وای کرد لە کورد، شاھۆ کە وا ئێستە تینووی ھەڵ مژینی خوێنی توورانن ھەموو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردینە ئێوە بن و خوا یەک کۆمەڵ و یەک بن ھەموو کوردینە ئێوە بن و خوا یەک کۆمەڵ و یەک بن ھەموو دوژمن مەڵاسی گرتووە با دەس لە مل یەک بن ھەموو پێویستە گشت کۆ ببنەوە یەک بیر و بڕوا پێکەوە ھەنگاو بنێن بۆ پێشەوە، یەک کۆمەکی یەک بن ھەموو شاھۆ تکاتان لێ دەکا ئێوە بن و تەنیایی خوا ھەر یەکیەتی چارمان دەکا، جیا مەبنەوە! یەک بن ھەموو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێرانکەرانی زێدی باو و باپیر سەبارەت: شەرمەزاران وێرانکەرانی زێدی باو و باپیر تاڵانکەرانی ھەژار و فەقیر سوتێنەرانی سەوزی و دەغڵ و دان ڕەنج بەبا دەری فەلایی کوردان خەڵەتێنەری کوردانی برسی بۆ بە کوشت دانیان بۆ پارە و کورسی بەشەرن ئێوە؟ یا گورگی ھارن؟ یاخۆ گیان کێشی کوردی ھەژارن؟ گەر بەشەر وابێ، تف بێ لە بەشەر بە گژیانا چێت خوا و پێغەمبەر بیر ناکەنەوە لەم کردەوانە بزانن خراپ یاخۆ جوانە! تا کەی ھەژاران ئەکەن ئاوارە؟ ئەکەونە ناویان وەک گورگە ھارە ناترسن لەوەی خالقی فەقیر دەست و پێ و ملتان بخاتە زەنجیر؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆحم لەبۆ نزارەیی ڕووی یاری لێو بەخاڵ ڕۆحم لەبۆ نزارەیی ڕووی یاری لێو بە خاڵ دەر چوو لە تەن بەتوندی وەکوو تەیری تیژ باڵ نێشی فیراقی شۆخی سەمەن ساقی سیم تەن ئێشێکی وای گەیاندە دڵم کەوتە ناڵەناڵ ڕەگ ڕەگ، ڕەگی وجوودم عەزیزم بە عەشقی تۆ ئاو دابوو گیانەکەم بە خوداوەندی ذوالجَلال ئێستا کە دوور لە تۆ بە دوو چاوی خوماری تۆ شادیم عومومی شیوەنە، عەیشم ھەموو بەتاڵ کەی بێ کە تالیعم مەدەدێ کا بەبێ ڕەقیب ڕۆژێ ببێ کە بەندە لەگەڵتا بکەم ویساڵ تاکوو بە کامی دڵ لە ویساڵت لەزەت بەرم بمژم دوو لەعلی لێوت و بگووشم دوو پرتەقاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاگری بەر دایە عومرم جیلوە و جەولانی تۆ سەبارەت: ١٩٣٧ بەغدا ئاگری بەر دایە عومرم جیلوە و جەولانی تۆ ھۆشی لێ سەندم خرنگەی پڵپڵەی فستانی تۆ پەستی کردم نیو نیگای نازت بە ئەدنا عیشوەیەک سوستی کردم بەرق و باقی غونچەیی خەندانی تۆ قیمە بوو جەرگم بە نێشی جووتە شومشێری برۆت دامیە بەر شەستیری غەمزە ناوکی موژگانی تۆ دین و ئیمانت لە دەس سەندم بە زۆری نازی چاو في الحقيقة ڕەھزەن و تاڵانکەری ئیمانی تۆ قیمەتی ئەڵماس و دوڕ و لەعلی ڕۆمانی نەھێشت لوئلوئی دوندان و لێوی قورمزی مەرجانی تۆ تەن شل و مل وەک پەڕەی گوڵباخ و گەردن وەک بلوور قاقم و لیمۆیە سینە و قوببەیی بوستانی تۆ ھەر چی فیکری لێ دەکەم وێنەی لە دونیادا نەما قامەت و ساق و سورینی گومبەدی لەرزانی تۆ ئادەمی، جیننی، پەریزادی وەیا نەوعی مەلەک یا لە حۆرانی بەھەشتی و ڕەوزەیی ڕیزوانی تۆ تۆ گوڵێکی سەد ھەزاران بوڵبوڵت دڵبەستە بوون پاکی پێ بەندن بە داوی گێسویی پەخشانی تۆ قەوسی دوو ئەبرۆت ھیلالی جەژنی قوربانن کە وا عالەمێک وەک قۆچی قوربان بوونەتە قوربانی تۆ قامەتت تەمسیلی ڕۆژی مەحشەری عالەم ئەکا بۆیە وا ئەم مەخلۆقە سەف سەف دێنە بەر دیوانی تۆ لاڵ و پاڵ عاشق وەکوو مردوو لە ڕێتا کەوتوون تینوون بۆ شەربەتێکی چەشمەیی حەیوانی تۆ مروەتت بێ! خوویی بێ ڕەحمی لە سەرتا لابەرە! با بە داخی تۆوە نەمرن جەمعی بیمارانی تۆ دوڕڕی ناسوفتەی بەنرخم شاھی خووبانی زەمان حاکمی ئەقلیمی قەڵب و قاڵبی ئینسانی تۆ وا لە بۆتەی عەشقدا تاوایەوە دڵ بوو بە ئاو ئەلویدای ئاخریە زاھیر شایقی بوریانی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاگری بەردایە عومرم لووتەوانەی شۆڕی تۆ ئاگری بەردایە عومرم لووتەوانەی شۆڕی تۆ دینی کەچ کردم زریزە و سیلسیلە و بەرمووریی تۆ ڕۆحەکەی زارم بە دەوری پرتەوی ڕوخسارتا وەختە وەک پەروانە بپڕووزێ بە شوعلەی نووری تۆ دڵ بە ئوممێدی ویساڵت لەیلەکەم مووسا سیفەت داییمەن وستاوە گەردن کەچ، لە کێوی تووری تۆ کەی بێ بتبینم بە چاو ساتێ بەبێ ورکەی ڕەقیب دوور لە باڵات کوێرە دیدەی عاشقی مەھجووری تۆ خوێنی دڵ بڕوانە چۆن ئەتکێ لە دیدەم ڕۆژ و شەو چوونکە زامدارە بە تیری دیدەکەی مەخمووری تۆ دەس بە سونگی و لەشکری ئەگریجە و تیپی موژەت دای بەسەر ئەقلیمی دڵما عەسکەری مەنسووری تۆ چاوەڕێی تەشریفی تۆیە شۆخەکەی شەککەر لەبم شایقی مەحزوون و مات و خستە و ڕەنجووری تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ئەو کەسەی لە نووری خوا خەلقە زاتی تۆ سەبارەت: بۆ پێغەمبەر ئەی ئەو کەسەی لە نووری خوا خەلقە زاتی تۆ حەیرانە عەقڵی کول لە بوڵندی سماتی تۆ لاڵە زمان لە بەحس و بەیاناتی گەورەییت کۆڵە قەڵەم لە وەسفی بوزرگیی سیفاتی تۆ وێنەت مەحاڵە نەبووە نییە تا ئەبەد گیانم فیدات بێ فەردی ھەموو کائیناتی تۆ گوفتار و کردەوەت ھەموو ئیعجازە بۆیە وا نایێتە بەر ژمارە بە کەس، موعجیزاتی تۆ تۆ ڕەحمەتێکی مەحزی لەبۆ گشتی عالەمین یەعنی چرا و ڕەھبەری ڕێگەی نەجاتی تۆ ئەو ڕۆژە باوک و ڕۆڵە لە یەکتر فیرار ئەکەن سوڵتانی کول و شافیعی گشت سەییئاتی تۆ ئەو ڕۆژە خۆتی خاوەنی تۆمار و تاج و تەخت چونکە ئەمین و مەحرەمی خاسی خوداتی تۆ چیت ویستووە کراوە چونکە لەلای زاتی زولجەلال تاقانە خۆشەویستی ھەموو ماسیواتی تۆ کامت ڕەوایە ھەرچی تەمەنناتە دێتە جێ ئارێ، کلیلی قاپیی گشت موشکیلاتی تۆ سەریان سوڕە بە جارێ عوموومی موقەڕڕەبین لەو ڕوتبەیەی درا شەوی ئەسرا بە زاتی تۆ لەو ڕۆژەدا کە کەس لە کەسە و کەس بە کەس نییە سەرسامە جین و ئینس و مەلەک غەیری زاتی تۆ کابە بە یومنی تۆوە بووە قیبلەگاھی عام چونکە ئەبوو کە مەککە ببێتە وڵاتی تۆ پایەت ئەوەندە بەرزە کە خوا و مەلائیکەی پێشکەش ئەکەن ھەمیشە سڵاویان خەڵاتی تۆ ئەم کۆیلەیەت کە توولەسەگی ئاستانتە موحتاجی لوقمەیەکە لە خوانی بەراتی تۆ ھیوام بە لوتف و مەرحەمەتی زاتی تۆیە من چونکی پەناھی کۆمەڵی گشت عاسیانی تۆ ھەرچەند سیایە نامەیی ڕەفتار و کردەوەم خۆ مولتەجیم بە زاتی عَظيمُ الصِفاتی تۆ فریام کەوە! بفەرموو بشۆرێ بە ئاوی عەفو ئەی ئەو کەسەی کە عەینی حەیاتە مەماتی تۆ چاوی لە ڕەحمی ئێوەیە شاھۆ کە لای خوا ڕەد ناکرێتەوە تەڵەب و خواھێشاتی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی شۆخی سەمەن ساقی سنەوبەر قەد و مەھڕوو ئەی شۆخی سەمەن ساقی سنەوبەر قەد و مەھڕوو وەی قاتڵی عوششاق بە نێشی خەمی ئەبروو جیلوەت بە نەزەر ئافەتی ڕۆح و دڵ و دینە غەمزەت بە نیگەھ فیتنەیی ئافاتە لە ھەر سوو باڵایی بوڵندت کە ئەڵێی سەروە بە لەنجە دێوانە ئەکات شاھ و گەدا موسلیم و ھیندوو چاو نەرگسی شەھلا و لەبت لەعلی بەدەخشان ڕوومەت قەمەر و موو کەمەر و سیلسیلە گێسوو کوڵمت لە شەفافایە وەکوو گەوھەری شەو ڕوون سێوی زەقەن و غونچەیە دورجی دەھەنی تۆ کێ دیویە سنەوبەر بەری بێ ئێستە قەدی تۆ بەرجەستە لەسەر سینەتەوە ڕەستە دوو لیمۆ نازک بەدەنی وەک پەڕە گوڵ وایە وجوودت شایق بە فیدای شێوەیی جوانی بەدەنی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ڕۆحی ڕەوانم چە عەجەب خۆش سوخەنی تۆ ئەی ڕۆحی ڕەوانم چە عەجەب خۆش سوخەنی تۆ قەد نەیشەکەر و دولبەر و شیرین دەھەنی تۆ دەشکێنێ بەھای عەتری وڵات پەرچەمی خاوت ئەی غالیە موو، موشکی خەتا و خوتەنی تۆ کوڵمت وەکوو گوڵ وایە، لەبت سوور و بە ڕەونەق ئەی لێوی نیگار لەعل و عەقیقی یەمەنی تۆ بەو ڕوومەتی مەحبوب و قەد و شێوە جوانەت ڕوومەت قەمەر و موو کەمەر و گوڵ زەقەنی تۆ حەیرانە خەیاڵ و دڵی شاھۆ لە جوانیت سوبحانە کە چەند نازک و ناسک بەدنی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقی وڕ ما ماسیوای زاتت لە کونھی زاتی تۆ واقی وڕ ما، ماسیوای زاتت لە کونھی زاتی تۆ مات و سەرسامن لە سیڕ و موعجیزەی ئایاتی تۆ زەڕڕە زەڕڕەی عالەمین و خەڵق و ئەمری کائینات شاھیدن بۆ زولجەلالی و قودرەت و ئیسباتی تۆ باوەڕم وایە بە زاتت، ھەیت و بوویی و ھەر ئەبی ئاگەداری گشتی ئەسرار و ھەموو نییاتی تۆ خالقی مەخلۆقی، بۆ تۆ خالقێ نەبووە و نییە موحییی ئێسکە ڕزیوی کافیەی ئەمواتی تۆ ڕازیقی گیانداری حەتتا وردە کرمی چاو نەدیو دەست گیری بێ کەسان و قازیی حاجاتی تۆ ڕەھنمایی ڕێگە ون کردووی ھەژاری وەک منی ساحیبی ڕەحمی عەزیم و خاوەنی خەیراتی تۆ ئیلتیجام ھێنایە بەر قاپیی بوڵندت، ڕەببەنا! ڕەت بڵاوم، تۆی ئومێدم، جامعی ئەشتاتی تۆ عەبدی خۆتە ڕەببی شاھۆ! چاوەڕێی ئیحسانتە غافر الذنب و کەریمی ساتر اللذاتی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوو لە کوێ کەم بچمە کوێ ھاوار لە کێ کەم غەیری تۆ ڕوو لە کوێ کەم بچمە کوێ؟ ھاوار لە کێ کەم غەیری تۆ؟ عەرزوحاڵی خۆم خوا پێشکەش بە کێ کەم غەیری تۆ؟ بار و سەرباری گونام چەوت و چەوێڵی کردووم ئیلتیماسی عەفوی خۆم ڕەببی بە کێ کەم غەیری تۆ؟ بەحری غوفرانت ئەشۆرێ دەفتەری نامەی سیام چاوەڕوانی ڕەحمەتم داوا لە کێ کەم غەیری تۆ؟ بەندە عەبدێکی زەلیلم، ئیحتیاجی عەفوی تۆم خۆتی جێی ھانا و ئومێدم ڕوو لە کێ کەم غەیری تۆ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیلاھی تۆ خودایێکی عەزیمی ئیلاھی تۆ خودایێکی عەزیمی بە ئەسراری ھەموو عالەم عەلیمی خوداوەندێکی زیندوو و زولجەلالی گونا بەخشی، خەتا پۆشی حەلیمی خوداوەندێکی تاکی لایەزالی ئەبیت و ھەیت و ھەر بوویی و قەدیمی پەناھی بێ پەناھانی ھەژاری کەرەم کرداری ڕەحمان و ڕەحیمی نەبینراوێکی ناسراوی بە ڕاستی کە خەللاقێکی ڕەززاق و کەریمی بەدەست خۆتە شیفای دەردی دەروونم ئیلاھی چونکە خۆت ئەعلا حەکیمی ئومێدی بێ ئومێدانیت و موحەیی ھەموو ئێسکە ڕزیوێکی ڕەمبیمی بەزەییت بێت بە شاھۆی ڕووسیاتا نەجاتی دە لە ئازاری ئەلیمی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیلاھی پشت و پەنامان خۆتی ئیلاھی پشت و پەنامان خۆتی جێی پاڕانەوە و دۆعامان خۆتی چاک یا خراپ بین ئافەریدەی تۆین بەخشندەی خەتا و گونامان خۆتی ھەرچەندە گیرۆدەی کردەی خۆمانین چاوەڕێی ڕەحمین ھانامان خۆتی بەبێ ڕەحمانە خوێنمان ئەڕێژن پارێزگارمان تۆی خوا بانە خۆتی تۆی جێی ئومێدمان پشتیوانمانی مەولای بێ کەسان ھیوامان خۆتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی خامە خۆ تۆ تەرجومانی بەینی یارانی ئەلا ئەی خامە خۆ تۆ تەرجومانی بەینی یارانی ھەمیشە پڕ بە دڵ خەمخواری جەمعی دەردەدارانی لە دڵما موشکیلێ ڕووی داوە حەللی زەحمتە بۆ من لە تۆم مەتڵووبە تەحقیقی کە تۆ خۆت مەردی مەیدانی ئەتۆ خۆت دائیمەن کاتبی سڕی ئەھل کەماڵاتی ئەتۆ خۆت مەحرەمی ئەسراری شاھان و ئەمیرانی ئەتۆ میفتاحی قوفڵی موشکلاتی عالەمی ئەمڕۆی ئەتۆ بەووابی بابی دانشی ئەربابی عیرفانی بپرسە بۆم بزانە شۆخەکەی عالی مەقامی من لە کوێوە تاوەکوو کوێ خوێندووە ئایاتی قورئانی لەلای وایە کە ئایەی لَن تَراني ئەمری تەعمیمە وەیا ھەر خاس بووە بۆ حەزرەتی مووسایی عیمرانی؟ لە دەرحەق دۆستانی سادقانی بیستووە ئایا خوا ئایاتی نازڵ فەرمووە بۆ شاھی عەدنانی لە سی جزمەی کەلامەڵڵاھدا ھەر لَن تَراني خوێند کە وا دائیم بە گیان و دڵ گورێزانە لە یارانی بە دڵ وا چاوەڕوانی ھیممەتی مەردانەتە شایق کە ئەم موشکیلیە بۆ حەل کەی بە ھەر نەوعێ کە ئەیزانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر من شێت نەبم ئاخر لە سەودای گوڵڕوخانم چی ئەگەر من شێت نەبم ئاخر لە سەودای گوڵڕوخانم چی لە ڕاوی چاوی جادووبازی شیرینی زەمانم چی لە ناڵە و ئاھ و مەھجووری، لە گریان و فوغانم چی کە غەرقی بەحری دووری بم، لە ئوممێدی ژیانم چی لە فیکر و غایلەی بێ فائیدەی سوود و زیانم چی لە ساحەی بەزمی عەیشمدا سەدای ناڵین و ھاوارە لە سەیلی خوێنی دیدەم مەجلیسم ڕەنگینە گوڵزارە ئەنیسم خەم، موغەننیم ناڵە، ساقیم چاوی بیمارە سورشکم مەی، نەفەس سەمتوورە، سینەم ساز و دڵ تارە لە دەنگی چەنگ و خۆش خوان و لە جیلوەی ساقیانم چی؟ سروشکم یەک بە شوێن یەکدا کە دێ وەک تاوە بارانە ھەموو سوور و سپی تێکەڵ میسالی دوڕ و مەرجانە بەدوای ھیجرەوە ھۆنراونەوە، سوبحانە چەند جوانە! لە دانەی ئەشکە من گرتوومەتۆ تەزبیحی سەددانە لە ئاوی زەمزەم و تەزبیحی باغەی حاجیانم چی! لە دووری شێوەکەی شیرینەوە ئەمڕۆ کە فەرھادم لەسایەی عەشقەوە عالەم سەراسیمەن لە فەریادم ھەمیشە وێڵی کێوانم ئەوەندە خەمبار و ناشادم لە کێوی پیرەمەگروون و سەگرمەی میحنەت و بادم لە سەیری نازی شۆخی دیدە بازی بازیانم چی! نییە مەیلم بە تار و نەی، ھەوای ئاوازی چەنگ ناکەم وەکوو دەروێشی ئەم دەوریشە خۆم شێت و دەبەنگ ناکەم وەکوو سۆفیش بە مەکر و حیلە خۆم فێری جەفەنگ ناکەم مەلام و ئەھلی تەقوام و بە مەی سەججادە ڕەنگ ناکەم لە بادەی ساقی و قیژەی کچی نەرم و نیانم چی! کە من بێ یار و بێ خەم خوار و بێ ھەمدەم قەناعەت کەم کە زامی دڵ بە ناسۆر بێت و بێ مەرھەم قەناعەت کەم کە من دائیم بە بەرگی شیوەن و ماتەم قەناعەت کەم لەبۆ باقی حەیاتم تا بە قووتی خەم قەناعەت کەم لە قاژ و قیژی دەروێش و لە مرقەی سۆفیانم چی؟ کە من کوژراوی تیری نازی چاوی مەستی شەھلا بم کە من زەنجیر کراوی داوی دوو زوڵفی چەلیپا بم کە من سەرسامی چاو و پەرچەمی شێواوی لەیلا بم کە من مەشغووڵی دەرسی خەت و خاڵی تورکی تەرسا بم لە تەعلیمی مناڵی کوردی بێ نوتق و زوبانم چی! لەتاو تەئسیری ئێش و نێشی بێ دەرمانی مەھجووری لە گەرمی گرپە و لرپەی شەرارەی ئاگری دووری لە زوعفی جەستەیی خەستەم بە دەردی سەختی ڕەنجووری لەڕوویی ڕوومدا حوکمی نەما قانوونی مەسرووری لە مەیلی مەکتەبی حوسن و جەماڵی ڕووسیانم چی خەریک ماوم لەژێر ئەم گومبەدەی گەردوونی بێ باکا سەراسیمەم لە گێژاو گێژی دەوری چەرخی ئەفلاکا ھەتا ئەم دەورە وا دوون بێ لە ئەم دونیایی خەمناکا لیباسم تا پەڵاس و جاوی میحنەت بێ لە ئەم خاکا لە تاقەی عوشرەت و شیرداخی عەیشی شامیانم چی! وڵاتێ تاج و تەختی کەوتە دەس ئەوباش و نادانی لەغاوی حوکمی ئەو قەومە درایە دەستی دوونانی وڵاتێ بایەقوش تیا بوو بە سەردار و حوکمڕانی سلێمانی کە خاڵی ما لە دێوانی سولەیمانی لە عەیش و نۆشی بەزمی بێ نگینی قودسیانم چی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی خوسرەوی خوبانی من تۆی درد و ھەم دەرمانمی ئەی خوسرەوی خووبانی من! تۆی درد و ھەم دەرمانمی وەی ماھەکەی تابانی من، فێنکی دڵەی بوریانمی گەر تۆ گوڵی من بوڵبوڵم، بۆ تۆ بریندارە دڵم سا زوو کە! فورموو! ماتڵم، تۆ مەرھەمی زامانمی باڵات وەکوو سەروی ڕەوان، بەدرێکە ڕووت پڕتەو فشان عیشوەت وەکوو حۆری جینان، نازداری ڕۆح و گیانمی تۆی شۆخەکەی شەککەر لەبم، موو سونبولی سێو غەبغەبم دوو لێوی تۆ دارووی تەبم، دارووی تەبی ھیجرانمی قوربانی چاوی بازتم، شەیدای کریشمە و نازتم دێوانەکەی بێ نازتم، تۆ لەیلەکەی دەورانمی گوڵ غونچەکەی خۆشڕەنگ و بۆ، تیری خەدەنگی چاوی تۆ زامی دڵی ھێناومە سۆ، مەشغووڵی تیر بارانمی سەحرایی سینەم پڕ لە شین، بۆ تۆ ئەناڵێنم حەزین تۆیش ئەمدەیە بەر قار و قین، تاڵانکەری ئیمانمی تا کەی لە وادی حیرەتا، بمرم لە داخ و حەسرەتا؟ ڕەحمێ کە سا بێ مروەتا! خۆت دافعی ئیحسانمی زوڵفت بەسەر شانا بڵاو، چین چین و لوول و گرژ و خاو ڕۆح و دڵی خستوومە داو، سەییادی بێ ئامانمی خاڵ و خەت و موژگانی ڕەش، ئەبرۆی کەشیدەی وسمە کەش بۆ ماھی ڕووت وا بوو بە نەقش، وەک دولبەری کەنعانمی بەو لەعلی لێوی ئاڵەوە، بەو جووتە لیمۆی کاڵەوە بەو قامەتی شمشاڵەوە، کەی بێ بڵێم میوانمی تا کەی بە ناڵە و دەردەوە، وێڵ بم بە کێو و ھەردەوە؟ تۆیش بەو دڵەی وەک بەردەوە، ناپرسی بۆ چ حەیرانمی؟ ھەر کەس کە دەمبینێ بە چاو، جەرگی ئەسووتێ بۆم تەواو تۆیش بەو دوو دیدەی مەستی خاو، ھەر مایلی فەوتانمی زامت لە دڵما کاریە، زووخاوی تێدا جاریە ھەرچی دەکەم بێ عاریە، لافاوی خوێن خنکانمی تەنووری سینەم پڕ خرۆش، جەستەی وەھا ھێنامە جۆش وک ئاگرێ بەر بێ لە پووش، سەر تا بە پێ سووتانمی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ گوڵی کام باخی جانا غونچەیی کام گوڵبونی تۆ گوڵی کام باخی جانا؟ غونچەیی کام گوڵبونی؟ سەروی کام جۆباری؟ خولدی خۆشەیی کام خەرمەنی؟ حووری کام قەسری جینانی؟ شۆخی کام جەنناتی عەدن؟ نەوڕەسیدەی کام مەکانی؟ دوڵبەری کام مەسکەنی؟ ئادەمی؟ جینی؟ پەری تۆ؟ یا مەلەک یا حووری عەین؟ وا ئەوندە دڵڕفێن و ناسک و سیمین تەنی قەوسی دوو ئەبرۆت ھیلالی یەک شەوە، کوڵمت سوھەیل نووکی موژگانت سەنانی سینەدۆزی بەھمەنی بۆ چ بە دایم جەنگجۆیە دیدەکەی مەخمووری تۆ؟ عادەتی چاوت وەھایە یا کە خۆت وا پڕ فەنی؟ وام لە بەحری حیرەتا بۆ لەعلی لێوی ئاڵی تۆ مەخزەنی مەرجانە ئایا یا عەقیقی یەمەنی؟ دورجی ئەڵماسە دەمت یا لوئلوئی ھۆنراویە؟ وابریقەی ئاوی چاو دێنێ کە لێوت پێ کەنی گۆی زەقەن یا سێوە سوورەی ناسکی بوستانی گیان تۆپی گوڵ یا غەبغەبە؟ گوڵباخی نازداری منی دووشەو و دوو سوبحی سادق پێکەوە تەشکیل ئەکەن ماری دوو زوڵفی کە ئاڵاون لە دەوری گەردنی نیم نیگای چاوت کە وەختێ دێتە جەولانگاھی ناز عالەمێ دەکوژێ بە نێشی نووکی سونگی جەرمەنی چین لە سەر چین، چینی ئەگریجەت لە سەر ڕوخساری تۆ ماھی تابانی خەجاڵەت کرد بە بشکەن بشکەنی تیشکی ڕۆژی ڕوومەت و سینەی بلووری سافی تۆ دای لە ھەر کەس گیانەکەم سووتاندی، ڕۆحی لێ چنی تۆ لەسەر کام مەزھەب و دینی؟ کە سوێندت پێ بدەم مووسەوی؟ ئیسلامی؟ شێعەی؟ عیسەوی یا ئەرمەنی؟ تۆ خوا و عیسا و محەممەد! تۆ عەلی و مووسا و حوسێن! دەردی کاری من دەوا کە! گوڵبدەن ھەر چی ھەنی تۆ بە یەک عیشوەی نیگاھت خۆ منت دێوانە کرد پێم بڵێ چیت؟ ساحری؟ جادوگەری؟ یا کاھینی؟ سێوە یا لیمۆیە یا مەم یا ھەناری گوڵ بە دەم؟ وا لەسەر سینەی لەتیفت خڕ بووە بەم ئەحسەنی شایقت پێکراوی تیری نازی چاوی بازتە بۆیە وا خوێناوی دڵ دەتکێتە جێی و دامەنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوایا تۆ خۆت ساحێبی کوردی خوایا تۆ بۆخۆت ساحیبی کوردی خەبەرداری لە ئازار و لە دەردی لەژێر باری گرانی جەور و زوڵما ئەناڵێنێ ھەموو خێزانی، وردی لەناو ئەشکەوت و شاخ و شیو و دەشتا بڵاو و پەخشە شێرانی نەبەردی لەژێر ڕەحمی فڕۆکەی ورچی سوورا ھەموو وێرانە خانوو و دار و بەردی لە بەر جەور و خراپەی نالەباران ھەمووی ڕەش پۆشە کێو و شیو و ھەردی وەکوو عونقایە ئینساف و مورووەت لە دونیادا بەرامبەر قەومی کوردی نەبیسرا کەس بەزەیی بێ بە کوردا بپرسێت حاڵی ناڵە و ئاھی سەردی وەکوو شاھۆ ئەوەی کوردە ھەمیشە لە لوتفی تۆی ئەوێت دەرمانی دەردی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودایا بە ئەوزاعی عالەم خەبیری خودایە بە ئەوزاعی عالەم خەبیری بە ڕەفتاری ئەولادی ئادەم بەسیری لە سەد دەی تەقالا ئەدەن بۆ سەلامەت ئەوەی کەی خراپە چ جوان و چ پیری نیھادیان لە خۆت ئاشکرایە چییە کە عالم بە ئەسراری ما في الضَميری بەڕاستی بەڵان بۆ عوموومی بەشەر چ شەرقی، چ غەربی، چ ژووری، چ ژێری ئەبینی بە کۆمەڵ لە دین دەر دەچن بەبێ شەرم و تەقیە غەنی و فەقیری پەنامان بە خۆتە کە ھەر خۆتی تەنیا بە تەدمیری زیندیق و مولحید قەدیری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەتەن باوانی باوانم بڵێ پێم بۆ چی شێواوی وەتەن باوانی باوانم بڵێ پێم بۆ چی شێواوی؟ ھەمیشە تەم لەسەر شان و پەشێو و دۆژ و داماوی؟ لە کام جێ کەمتری تۆ بی و خوا ئەی نووری دوو دیدەم کە ئەتبینم لەناو ھاوشانی خۆتا پەست و بێ ناوی بەھەشتی ڕووی زەمینی جێی گوڵ و لالە و ڕیاحینی مەقامی حۆری عەینی پڕ لە شەھد و شیر و شەکراوی بە جێگە و دیمەن و دەوڵەت ڕەفیقی شەھریارانی کە ساحێب گەنجی شاراوە و مەواد و مەعدەنی خاوی ئەوەی پێویستە بۆ پاسی سنوور و ماڵ و ئەولادت لەناو گەنجینەتا مەوجوودە ئیتر بۆ چی ترساوی؟ کەژ و کێو و دەر و دۆڵت پڕی نەوت و زەڕ و زیوە چەچایە ئاسن و پۆڵا و ئاھەک قیری قیرتاوی وتی تۆ ڕاست ئەکەی من ساحبی گەنجی خوداداوم بەڵام پیاوی ئەوێ ئەم سەروەتەم بێنێتە بەر چاوی چ پیاوێ؟ چاو نەترساوێ، دلێرێ، مەستێ بێ باکێ لەسەر لا مستە خاکێکی، سەری دانێ لە پێناوی چە پیاوێ؟ فەیلەسووفی بێ، بە بیر و فیکر و تەدبیری بەباشی قەومەکەی یەک خا، ھەتاکوو دێنە ناو داوی چ پیاوێ؟ خوێندەوارێ بێ لە ڕووی زانینەوە دائیم ببێتە ڕابەری کوردان، کوڕ و کچ، ئافرەت و پیاوی چ پیاوێ؟ قارەمانێ بێ، وەکوو شێری ژیان ھەر دەم بلەرزێ ناودڵی دوژمن لە ترسی ھەیبەت و ناوی وتم ئەمڕۆ بەڵێ وایە بەڵام بۆ ئاخری شاھۆ بە دوژمنیان ئەچێژێنن ھەموو ژەھراوی تاڵاوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەنام ھێنایە بەر قاپیت بە ناڵە و شیوەن و زاری پەنام ھێنایە بەر قاپیت بە ناڵە و شیوەن و زاری ھەزاران دەفعە یا ڕەببی بە ھیوای ڕەحم و ڕزگاری ئەگەرچی شەرمەسارم ڕوو ڕەشی دیوانی تۆم ئەمما بەرامبەر عەفوی تۆ وەزنی چییە باری گونەھباری بە ڕەحمی واسیعی عامت بەزەییت گەر نەیێ پێما پەنا بۆ کێ بەرم بۆ دەردی خۆم کێ بێ بکا چاری؟ پەنا خۆتی خودا! خۆتی ھەموو کارێ بەدەست خۆتە ئەگەر من موزنیبم خۆ تۆ خوداوەندێکی غەففاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵم توخوا ئەوەند بۆ چ بێ مەجاز و عەھد و پەیمانی گوڵم توخوا ئەوەند بۆ چ بێ مەجاز و عەھد و پەیمانی؟ لەگەڵ یارانی یەک دڵ ھەر بە کینە و عیجز و عینوانی ئەمن دادم لەدەست عینوان و حیلەی تۆ بوو ئێستاکەش لەسەر ڕای ئەم ھەموو عینوانە ھاوڕازی ڕەقیبانی بە شمشێری برۆت خۆت کرد بە جەللادی منی بێکەس مەگەر لات وایە بۆ چ ئەرمەنیم خۆیشت موسڵمانی؟ لەدەس ئەم بێ مەجازی تۆیە دائیم دڵ ئەناڵێنێ عەجەب یارێکی غەددار و غەریب و فێڵ فراوانی سفووفی لەشکری موژگانی خوێنڕێژی شەڕئەنگێزت ھوجومی کردە سەر ئەقلیمی دڵ گرتی بە تاڵانی لە کاتی عیشوەدا گاھێ تەماشام کەی بە گۆشەی چاو لەبۆ قەتڵی دڵ و گیانم خەریکی تیرە بارانی دڵت بۆ چ وا ڕەقە دەرحەق ئەوانەی عاشقی ڕووتن؟ لەلات وایە ئەگەر خۆت وا نەبی ناڵێن لە یارانی نەخۆشی دەردی عەشقی تۆم و وا دائیم ئەناڵێنم بە لوتفێ تۆ عیلاجم کەی کە خۆت لوقمانی دەورانی خوای ھێنایە حاجەت چاو بەڵەک شایق ھەتا ماوە بە شەھدی شەربەتی لێوت دەوا کەی قەلبی بوریانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەزاران شوکری حەق ئەمڕۆ چرای ڕووناکی باوانی سەبارەت: بۆ شێخ عوسمانی شێخ عەلائەدین ھەزاران شوکری حەق ئەمڕۆ چرای ڕووناکی باوانی گڵۆپی شوعلە پەخشانی برووسکەی ئاڵی عوسمانی لە دەسگای مەکتەبی دین و تەریقەی باو و باپیرا بە نەوعێک پێ گەیەنراویت لە عالەمدا نمایانی لە لایەک مەحرەمی ئەسراری پیرانی نەقشبەندی لە لایەک ڕەھبەری بەرزی تەریقەی غەوسی گەیلانی لە مەیدانی جیھادی نەفسی ئەممارەی موریداندا ئەوانەی تێگەیشتوو بن ئەزانن شێری مەیدانی بە زیکری «نەفی و ئیسبات» و جەلال و ڕابیتەی بێ دەنگ لە تائیفھا مونەووەر بوون بە ئیمداداتی پەنھانی لەتیفەی نەفس و ڕۆح و سیڕ و ئیخفا و خەفی یەک یەک ھەمویان پرتەو ئەفشانن بە ئەنواراتی ڕەببانی ئەوانەی شارەزا بووبن لە ئەسراری تەریقەتدا کە تۆیان دی ئەزانن جێنشینی شۆڕەسوارانی دەوامی عومر و خۆشی سیححەت و بەرزی مەقاماتت بە گیان و دڵ، بەکوڵ شاھۆ تەڵەبکارە لە یەزدانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ حوسن و خوڵق و جوانی وەک یاری خۆم نیگارێ بۆ حوسن و خوڵق و جوانی وەک یاری خۆم نیگارێ زۆر جێ گەڕام و نەمدی ئەسڵەن لە ھیچ دیارێ عیراق و شام و لوبنان، تەواوی خاکی تورکان شار شاری میسر و یۆنان، تا قیبرس و مەجارێ ناسک نەمامی تازەی، ئەڵمان و ڕووس و ژاپۆن بوڵغار و سورب و ئەفغان، تا لەندەنی و تەتارێ شۆخان و نازەنینی شاران و دێ و وڵاتان دیمەن ھەموو بە چاوان ئیسلام و جوو نەسارێ ئەبرۆ کەمانی وەک ئەو، شیرین زمانی وەک ئەو غونچە دەھانی وەک ئەو، لەب قەندی قەندەھارێ قەد عەرعەرێکی وەک ئەو، مەھ پەیکەرێکی وەک ئەو سیمین بەرێکی وەک ئەو، نەمدی لە ھیچ دیارێ چاوی کە ھەڵ ئەھێنا، ڕەژراو بە کوحلی سینا کێوی لە بن دەھێنا، وەک ساعیقەی بەھارێ شوعلەی جەماڵی وەک ماھ، تلووع ئەکا سەحەرگاھ سۆفی و مەشایخ و شاھ، بۆی شێت ئەبن بە جارێ شیرین لەقا و بێ باک، باڵا بوڵند و چالاک نێچیر ئەکا بە فیتراک، سەد وەک منی ھەژارێ ئەو نازەنینە شایق ھەر کەس کە بینی جارێ ناحەقیە گەر بمێنێ ساتێ بەبێ قەرارێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جاڕ ئەکێشم من ئەڵێم کوردم بە دڵ کوردم ئەوێ جاڕ ئەکێشم من ئەڵێم کوردم بە دڵ کوردم ئەوێ کوردی چۆن؟ کوردێکی ساغی بێ غەشی مەردم ئەوێ بێ فڕ و فێڵ کورد پەرستێکی جەوان، مەردم ئەوێ جان فیداێیکی، دلێری سافی بێ گەردم ئەوێ دڵ پەرۆشێکی وەتەن کوردێکی ھاودەردم ئەوێ نامەوێ کوردێک بە خوێنی کوردەکان بازی بکا خۆی لە خۆی زوو زوو بگۆڕێ فیز و شانازی بکا بۆ وەتەن چاکەی نەوێت بێگانەکان ڕازی بکا پەیڕەوی بیری خراپی گۆمەڵی نازی بکا نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ ھەرچی ناوی تاقە کوردێکی لەلای بێگانە برد یا لە خۆوە خووی خراپێکی لەحەق ھاوخوێنێ کرد یا کە ھاتوو کوردەکانی بۆ ئەم و ئەو کردە پرد واجبە مێشکی بکەیتە تووتیا یا ئاردی ورد نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ کورد یەکێکن فەرقی کوردی ژوور و خواری بۆ نییە فەرقی کوردی کۆچەری و دێھات و شاری بۆ نییە فەرقی کوردی دەشتەکی و ناوشاخ و داری بۆ نییە ھەر کەسێ فەرقی بکات ھیچ ئیعتیباری بۆ نییە نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ کورد ئەبێ دایم تەماشای بنج و بونیادی بکا سەیری بنچینەی ئەساسی زێد و ئەجدادی بکا بیر لە ئیشی پاشەڕۆژی کورد و ئەولادی بکا نەک بە تەنیا مەرحەبایەک پشت لە ئەجدادی بکا نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ شایەقم من بۆ ئەوەی کوردان لەگەڵ یەک بن ھەموو یەک دڵ و یەک تاقم و یەک کۆمەڵ و یەک بن ھەموو وەک برایەکی بەڕاستی دەس لەمل یەک بن ھەموو نەک لەبەر نەفعێکی عادی دوژمنی یەک بن ھەموو نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوایە تۆ خوایێکی خوا بۆ تۆ نییە و نابێ خوایە تۆ خوایێکی، خوا بۆ تۆ نییە و نابێ قەدیمێکی عەزیمی، ئیبتیدا بۆ تۆ نییە و نابێ عەجەب پەروەردگارێکی کە خۆتی ئەووەڵ و ئاخر ئەوندەم لێ یەقینە ئینتیھا بۆ تۆ نییە و نابێ خوداوەندێکی تەنیا و بێ شەریک و باب و فورزەندی بەڕاستی حەیی و قەییومی، فەنا بۆ تۆ نییە و نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەببی تۆ پشت و پەنامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ ڕەببی تۆ پشت و پەنامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ بەندە عەبدم، تۆ خوامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ شەرمساری بارەگاتم، ڕووم نییە سەر ھەڵبڕم خۆت کە بەخشندەی گونامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ موشکیلاتی دین و دنیام ھەر بە لوتفت حەل دەبێ ساحیب و موشکوڵ گوشامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ خۆت حەکیمی ئاگەداری ئێش و ئازاری منی داروویی دەردی شیفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ ماڵ و ڕزق و عومر و دەوڵەت عیزەت و زیللەت ھەموو ھەر بەدەست خۆتە نیزامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ گەر دەرم کەن بچمە کوێ؟ لای کێ سکاڵای خۆم بکم؟ مەرجەعی لاڵە و تکامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ ڕووی دڵ و ڕۆحم لە تۆیە یا ئیلاھەلعالەمین ڕەببی خۆت مەعبوودی عامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ بەندە ھیوام گەر بە ڕەحمت بێ لەکەس باکم نییە لابەری جەور و جەفامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ عەبدی زاتی پاکی خۆتە ڕەببی شاھۆ ی لانەواز باعیسی خۆشی و سەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ بەندە ھیوام گەر بە ڕەحمەت بێ لە کەس باکم نییە لابەری جەور و جەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ عەبدی زاتی پاکی خۆتە ڕەببی شاھۆی لانەواز باعیسی خۆشی و سەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاکە چەند جار پێم وتن سەبارەت: ١٩٤٨ کاکە چەند جار پێم وتن - - - بڕوا ناکرێ چی ئەچێنن تۆوی پووچە کردەیان بەر ناگرێ کەی ڕەوایە - - - وەھا حوکمت بکا دەوری دەن ڕاوی بنێین با زوو لە خاکمان دەرپەڕێ بانگ ئەکەم لێیان بەدەم «کوردە برای یەک بین» کە چی دەنگەکەم ناخۆشە لایان، نابێ دەنگی لێ درێ گەر براین و ڕاست ئەکەن ئەم ڕاو و ڕووتانەی لە چی پیاو و ژن، پیر و جوان، نابێ لە دەسیان ڕاپەڕێ بەند و باویان زۆرە ھەر کات بە ڕەنگی دێنە دەر ئێمە گەر یەک ڕەنگ نەبین دەستی تەماعیان نابڕێ زەردە خەندەی ئەم گرۆھە شەربەتی ژەھراوییە خۆتی لێ لادە برا! ئەم ژەھرە بۆ تۆ ناخورێ ماڵی میراتت لە باوباپیرەوە جێ ماوە بۆت ماڵی تۆ خێزانی تۆیە قەت بە دوژمن نادرێ دەرفەتی زۆرمان لەدەستدا ھەر بە فیشاڵی درۆ پیاو ئەبێ لەم کردەوانە دەرسی عیبرەت وەرگرێ دەرفەتت بوو کوردە نابێ دەرفەتی دوژمن بدەی بۆ ئەوەی جورئەت بکات چاوی لە عاستت ھەڵبڕێ ڕۆژێ چاو نووقان نییە شاھۆ لە کاری ناڕەوا خۆی مەڵاس داوە مەھێڵن مۆڵەتی بێ ڕاپەڕێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردی تێکۆشەر برا پێویستە زۆر پیاوانە بێ کوردی تێکۆشەر برا پێویستە زۆر پیاوانە بێ خەڵق لەجێی خۆیا بناسێت کردەوەی مەردانە بێ لۆچ لەناو چاویا نەبێت کاتێ کەسێ ڕۆییشتە لای دەم بە خەندە و پێکەنین و عاقڵ و فەرزانە بێ تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بێت و خۆش خوڵق و لەبیب نەک عەبووس و ناو چاوان گرژ و دژ و دێوانە بێ خۆی لە خۆی زوو زوو نە گۆڕێ، فیزی بێ مانا نەکا بێ ھەوا و مێوان پەزێر و دولبەر و جانانە بێ فەرقی کوردی کۆچەری و دێھات و شارستان نەکا موخلیسی کورد و دژی نامەردی ئەم دەورانە بێ ھەر کەسێ ڕۆییشتە ماڵی وا نەزانێ سواڵکەرە کورد ھەمووی لای ئەو برا بن دوژمنی بێگانە بێ کورد بەڕاستی وا نەبوو شاھۆ نەمانی باشترە تف لە ناو چاوانی ئەو کوردەی بە دڵ ئاوا نەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا خوا ھیچ کەس وەکوو من شێت و ماڵ وێران نەبێ یا خوا ھیچ کەس وەکوو من شێت و ماڵ وێران نەبێ عاجز و مات و پەشێو و دیدە پڕ گریان نەبێ خوێنی گەش ئەڕوا لە ئەندامم ئەوەند پێکرام بە تیر کافریش جەستەی وەکوو من کون کونی تیران نەبێ ئاگری تێ چوو دەروونم وەختە ببمە کۆی زوخاڵ دوژمنیشم وا دەروونی سۆختە و بوریان نەبێ بۆ پڕووزی جەرگ و دوودی ئاھ و ناڵە و شیوەنم عالەمی پڕ کرد، ئیلاھی! کەس وەھا ناڵان نەبێ دەردی بێ دەرمانی من زەحمەت شیفای بۆ بێ ئەبەد یا خودا ھیچ کەس وەکوو من دەردی بێ دەرمان نەبێ مردم و چۆقەی ڕەشم کرد تۆزێ ڕەحمی پێم نەھات ھیچ کەسێ یا ڕەب وەھا بەدبەخت و سەرگەردان نەبێ کوشتمی ئاخر بە نووکی نێشی شومشێر و برۆی ئەرمەنیش وەک من نەچیری شۆخی بێ ئامان نەبێ بەسیە! بەس شیوەن کە شایق ڕۆژی دیوانی خودا موشکلێ نامێنێ لەو ڕۆژا کە وا ئاسان نەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامالی بەندە ڕەببی بە لوتفی عەمیمەتە ئامالی بەندە ڕەببی بە لوتفی عەمیمەتە ھیوای قەویم بە زاتی عەلیی عەزیمتە ڕووم کردە بارەگایی بوڵندەت بە ئیلتیجا چاوم لە بەحری جوود و لە ڕەحمی ڕەحیمتە بڕوام بە دڵ وەھایە بە تۆ و زاتی ئەقدەست تەنھای نە کەس شەریک و نە ھیچ کەس نەدیمتە ھەر خۆت حیسابی گشتی بەدەست خۆتە خەیر و شەڕ ڕاستە ئەوەی کە نەقشی کەلامی قەدیمتە لایق بە خۆتە قودرەت و جاھ و جەلال و جوود عالەم ڕەھینی میننەتی خوانی نەعیمتە شاھۆ کە عەبدی خۆتە تەمەننای بە لوتفتە چاوی ئومێدی زۆری لە عەتفی کەریمتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئۆف خوا چی بکم بەدەس ئەم زاڵمەی دڵ بەردەوە ئۆف خوا چی بکم بەدەس ئەم زاڵمەی دڵ بەردەوە ڕۆژ و شەو دائیم دەناڵم من بە ڕەنگی زەردەوە شاری نامەعموورە سینەم پڕ لە شۆر و شیوەنە وەختە پەڕ دەرکا دڵم، وێڵ بێ بە کێو و ھەردەوە جەرگ و دڵ لەت بوو بە ئێش و نێشی موژگانی برۆت ئەی گوڵی ناسک بەدەن مردم بە ئێش و دەردەوە وەختێ تۆ دوور بی لە پێش چاوم قەسەم بەو چاوە کاڵی چاوی تۆ گەھ بە واوەیلا ئەنینم، گەھ بە ئاھی سەردەوە دڵ بەبێ تۆ گیانەکەم تەسکین و ئارامی نییە دائیمەن ھەر وا بە فیکری گەردنی بێ گەردەوە مانگ و خۆر نووریان لەڕووی پڕ نووری تۆ وەرگرتووە عەکسی عەتر و ناسکی تۆیە بە غونچە و وەردەوە چاوی تۆ بازاڕی شوعلەی موشتەری و زوھرەی شکاند بەرق و باق و نیم نیگای دیارە لە ژێری پەردەوە موونسی ڕۆژ و شەوم عەشق و خەیاڵت ویردی دڵ تۆیش ھەمیشە بیر و ھۆشت وا بەلای نامەردەوە چۆن لە داخا شایقت نەگری و نەناڵێنی بە زار تۆ بە کەیف و بەزم و ڕەزم و ئەو بە ناڵە و دەردەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باری گونام گرانە بەسەر شانی ڕێشەوە سەبارەت: ١٩٦٥ باری گونام گرانە بەسەر شانی ڕێشەوە ئەتلێمەوە ھەمیشە لە تاوا بە ئێشەوە نەفسم ئەوەندە سەرکەشە سەرشێتی کردووم تووشم بووە بە تووشی شەوی گورگەمێشەوە شەیتانە کوێرە نەگبەتەکەیش خۆ بەبێ وچان چیم بۆ خراپە ئەومە ئەکات ھەر بە ڕیشەوە بێجگە لەمانە کۆمەڵی خێڵێ يُوَسْوِسُیش چەک ئاودراو بە ژاری پڕ ئازار و ئێشەوە ھەڵمەت ئەھێننە سەر دڵی ڕێشم بە ڕۆژ و شەو ئەویان بە تیر و شیر و ئەمی تر بە نێشەوە دوژمن ئەوەندە زۆر و منیش پیر و ناتەوان بۆ جەنگی ئەم گرۆھە بە چی بچمە پێشەوە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باز دڵەی کۆس کەوتەکەم وا مەیلی گریانی ھەیە باز دڵەی کۆس کەوتەکەم وا مەیلی گریانی ھەیە ئارەزووی زەخمی خەدەنگی تیری موژگانی ھەیە وا بەکوڵ گریا کە ڕووناکی لە دیدەی خۆی بڕی ھەر دەڵێی یەعقوبە شینی ماھی کەنعانە ھەیە گەە لەبەر جەور و جەفای یاری لەگیان بێزار ئەبێ گاھ ترسی مەکر و تەلبیسی ڕەقیبانی ھەیە دەردی دڵ ھەر کەس کە تووشی بوو عیلاجی زەحمەتە ئێشی ناز و نێشی مەرگ و بیمی فەوتانی ھەیە کوشتمی یارم بەڵام بۆ ئاخری نادیم ئەبێ چونکە کوشتن بێ گونا، بێ شک پەشیمانی ھەیە جەرگ و دڵ بۆ چی نیشانەی تیری موژگانی دەکا؟ پێی بڵێن ئێوە و خوا ئەم نێشە ئێشانی ھەیە شەھریارە دوڵبەرم بۆیە لە ئەبرۆ و زوڵف و ڕوو ڕۆژ و شەو تیر و کەمان، شێر و زیندانی ھەیە دوڵبەری خەڵقی وەکوو ئەستێرەن و لەیلای من تەلعەتی خورشید و شوعلەی ماھی تابانی ھەیە ھەر کەسێ مەشغوڵی عەیش و عوشرەتە و جەژنی ویساڵ شایقی بێکەس بەدائیم دەردی ھیجرانی ھەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باز لەتاو ھیجرانی یارم ئارەزووی گریانمە باز لەتاو ھیجرانی یارم ئارەزووی گریانمە مەیلی واوەیلا و ڕۆڕۆ و ناڵە و ئەفغانمە وێڵ و سەرگەردان و مەبھووت و حەزین و دەربەدەر ھێندە خەمبارم ئەم ئێستا عەینی قوڕ پێوانمە دوور لە یارم، بێ کەسم، بێ موونس و سەحرانەوەرد ھەر وەکوو مەجنوونی لەیلا، شەوقی سەر کێوانمە وەختە لەت لەت بێ بە جارێ دڵ لەتاو ئێشی قیراق وەختە لێکۆ بن بە جارێ ھەرچی ئەعزای گیانمە گیان لە پەروازایە بۆ دەرچوون لە حەلقەی سینەما یار لە کوێ بێ بێتە لام وا وەختی گیان کێشانمە غەرغەرەی سەر سینەم و سوستیی حەواسم شاھیدن مەوسمی مردنمە ئەمشەو ئاخری قەیرانمە ئەی ڕەفیقان مەبنە سەربارم بە لۆمە و مەوعیزە لێم گەڕێن بۆ خۆم ڕەحەت بم، وا ئەجەل میوانمە من کە زامداری نیگاھی نازی چاوی دوڵبەرم شەربەتی لێوی نیگارم مەرھەمی زامانمە جەستەکەی خەستەی زەلیلم وا کە گیانی تیا نییە جوانە مەرگی تیری عەشقی شۆخەکەی دەورانمە ھێند ھیلاک و دەردناک و سینەچاک و عاجزم زەحمەتە قوربان خەلاس بم دەردی بێ دەرمانمە خوێنی جەرگ و دڵ کە وا ئەتکێ لە دیدەی شایقت بۆ حیساباتی قیامەت شاھیدی دیوانمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە نێشی چەرخی دوون پەروەر دەروون زامدارە و خوێنینە بە نێشی چەرخی دوون پەروەر دەروون زامدار و خوێنینە لەتاوانا دڵی زارم ھەمیشە مات و غەمگینە لە چاوەی چاوەکانی من بەخوڕ دێ ئەشکی ڕەنگاوڕەنگ تەماشای دەور و پشتم کە ھەمووی وەک لالە ڕەنگینە لە کرپەی ئاگری تیژی بەتاوی جەرگی سووتاوم لە سۆبەی سینەما وێنەی بڵێسەی ناری سججینە تەپوو دووی دوکەڵی ئاھم بەڕووی گەردوونەوە گشتی لە تەئسیری خراپی چەرخی کەچ ڕەفتاری بێ دینە بەسەر شاخی شیمالا ئەم تەم وتۆزەی کە ئەیبینی ھەمووی سۆزی دەروونی دایکی شۆخی کوردی میسکینە لەبەر شوومی ھەسێرەی تالیعی ئەولادی ناکامی بەش و پیشەی ھەمیشە ئاھی سەردە دەردە ناڵینە لە تەئسیری ھەناسە و سۆزی ئەو خەمبارە بنواڕە ھەوا گۆڕاوە گاھێ زەمھەریرە گاھێ ھاوینە بە زیارەت چوومە لای، ویستم بزانم چۆنە ئەحواڵی تەماشام کرد زویرە کەوتووە، لاوازە، بێ تینە پەڕیوە ڕەنگ و شێوەی ڕوومەتی گوڵ ڕەنگی نایابی وەکوو گوڵنارێ دوو لێووی کە وێنەی ڕەنگی نەسرینە دوو چاوی مەستی جوانی وەک ھەسێرەی بەر بەیانانی لەبەر جۆش و کوڵی سینەی ھەمیشە پڕ لە ئەسرینە بەڕاستی ئاگرم تێ چوو، دڵم بۆی ھاتە کوڵ گریام کە دیم بێ نازە وا بەم وێنە ئەو دایکە نەخشینە گوتم باوانی خاسم پێم بڵێ بۆچ وایە ئەحواڵت؟ لەبەر چی گیانەکەم شێواوە وا ئەو شێوە شیرینە؟ گوتی ڕۆڵەم گرفتاری دەستی غەدداری بێگانەم ھەتا ئەم ڕۆژە وا بێ زەحمەتە بۆ ئێمە ئەم ژینە لە سایەی کردەوەی ئێوەیشەوە گیرۆدەیی دەردم خەمم قووت و شەرابم ئەشک و دڕکم فەرش و بالینە گوتم سووچمان چییە؟ بیفەرموو تا تەرکی بکەین، فەرمووی: خەتاتان خۆ پەسندی و دوژمن و بێگانە ناسینە سڕی یەکتر وتن لای ناحەز و فیشاڵی بێ مانا خراپە و دوژمنی ناوخۆیەتی و یەکتر نەناسینە لەگەڵ یەکتر خراپن دوژمنی ناوخۆن و خۆ خۆرن لەمانەش زۆر خراپتر ڕۆڵە گیان دڵسۆز نەناسینە تەمەع ئەوەڵ، نیفاق دوو، دوژمنی ناوخۆ سێیەم دیسان تەکەبور چوار، حەسەد پێنجەم، شەشەم یەکتر نەناسینە لەگەڵ یەکتر ھەموو ئەولادەکانم کەم موبالاتن لەمانەش زۆر خراپتر ڕۆڵە گیان جەھل و نەزانینە خراپن خۆ فرۆشن خزمەتی گیرفان ئەکەن دائیم نە دڵسۆزێ گەلی کوردن نە فیکرێکتان لەلای دینە بەقەد شاھۆ خەفەتبارە لەسەر شان و دڵ و ئەستۆم نەخۆشی کردەوەی ئێوەم کە دەمبینن بە ئەم وێنە کە دوژمن وا نیھادی پێس و ئێوەش وەک وتم وا بن نەسیبی ئێمە شاھۆ شیوەن و خۆشی نەبینینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەدرە کوڵمی لامعت یا ڕۆژی بورجی چوارەمە بەدرە کوڵمی لامعت یا ڕۆژی بورجی چوارەمە؟ شیرە ئەبرۆت یا ھیلالی قەوسی تیری ڕۆستەمە؟ موشتەری و زوھرەن بەرانبەر یا دوو کوڵمی ئاڵتن؟ کانی مەرجانە ئەمە؟ یاقووتی جانە؟ یا دەمە؟ دانەیی خاڵە ئەمە؟ یا موشکە؟ یا ھیندووی حەبەش؟ سونبولی زوڵفەینە؟ یا داوی دڵانی پڕ غەمە؟ ڕاحەتی ڕۆح و تەنە؟ یا لێوی شەککەربارتە؟ گۆی زەقەن یا سێوە؟ وا سوور و تازە و خوڕڕەمە؟ یاسەمینە وا بە قەدتا پەخشە یا گێسووی سیاھ؟ یا سەوادی ڕەشکی موشکی ئاھووە یا پەرچەمە؟ مەمکە یا ڕومانە؟ یا فونجانی شیر و شەککەرە؟ پورتەقاڵی کاڵە یا چەشمەی حەیاتی عالەمە؟ ئەلفە یا خۆ عەرعەرە؟ لەولاوە یا نەخلی ئیرەم؟ قامەتە یاخۆ قیامی حەشری ئاڵی ئادەمە؟ چینی ئەگریجەن بەسەر ڕووتا پەرێشانن مودام؟ یا سەوادی ڕەشکی موشکی ئاھووە یا پەرچەمە؟ یاخوا شایق فیدات بێ! ھەڵسە! زوو کە! بێرە لام! شەککەر ئەفشانە لەبم جانا بە ماچی شەوتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خزمینە ئێستە فورسەتە وەختی برایییە خزمینە ئێستە فورسەتە وەختی برایییە کەی مەوسەمی خراپە و جەنگ و جیایییە! ڕابردوو ناگەڕێتەوە باسی دروست نییە ھەر کەس کە بیری کۆنە بکات، ڕایی ڕایییە بوختان و دووزمانی و دووڕوویی و نیفاق ھەر کەس کە کردی عاقیبەتی ڕووسیایییە تینوو بەخوێنی کەللەیی یەکتر، جەھالەتە دەرحەق بەیەک خراپە دوین، بێ حەیایییە خۆی چۆن بێ ھەر چی کەس وەکوو خۆی تێ ئەگا لە خەڵق ئەو کردەوەی بەدە ئەو بوویە زۆر ناڕەوایییە دەرکەن لەناو خەزینەیی فیکرا خەیاڵی بەد لادەن لەسەر سەحیفەیی دڵ بەد جێی سیایییە تاریکە ناو دەروونی ھەموو کوردێکی تاڵە شووم بەسرا لە کوردەواری ئەوەی ڕۆشنایییە چاکەت بزانە ھیچە لەبەر چاوی دوژمنان چی بۆ بکەی لە چاکە لە لای ئەو ڕیایییە شاھۆ بە ماڵ و ڕۆح و سەری تا ئەچێتە گۆڕ بۆ پاسی زێد و خزمەتی قەومی فیدایییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوژمنی خۆین مژ برا بڕیاڕی جێی بڕوا نییە دوژمنی خۆین مژ برا بڕیاڕی جێی بڕوا نییە چی بە دەم ئەیڵێ درۆیە، ناو دەروونی وا نییە دەستی بوو کاتێ وەھا چاو سوور ئەکا وەک گورگی ھار فەرقی جوان و ئافرەت و پیر و مناڵی لا نییە کاتی بێ دەستیش وەھایە خۆ بە مەڕ پیشان ئەدا کردەوەی شاھیدە ناڕاستە ھیچی وا نییە زۆر کەڕەت دەستمان چڵووزاوە بە پشکۆی دوژمنا بەسیە بەس! بڕوا بەمانە شێوەیی دانا نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوڵبەرێکم ھەیە وەک بەدری سەما تابانە دوڵبەرێکم ھەیە وەک بەدری سەما تابانە ئافەتی دین و دڵ و قاتڵی عوششاقانە ڕوومەتی جوانی سوبەینان کە تلووع کا وەکوو ڕۆژ سەدەی وەک شەمسی زوحا موحتەجیب و خەجلانە قیمەتی لەعلی یەمەن ئەشکێ بە یەک لەحزە ئەگەر بێ تەماشای لەبی یار کا کە ئەڵێی مەرجانە موژە و ئەبروویی وەک تیر و کەمانی ڕۆستەم قامەتی سەروی چەمەن، مەمکی ئەڵێی ڕوممانە وەختی لەب خەندە کە سەیری بریقەی سننی ئەکەم موتەحەییر ئەبم ئایا دوڕە یا ئەسنانە؟ ئاوی گۆشەی دەھەنی زەمزەمە یا کەوسەرە یا شەربەتی خولدی بەرین ڕاحەتی ڕۆح و گیانە کێ ھەیە ھەر وەکوو ئەو نازک و نایاب و نەجیب؟ مەلەکە، جیننە، پەری یاخۆ گوڵی ڕیزوانە؟ لە ھەموو جینسی بەشەردا بە جوانی و شۆخی نییە وەک ئەو، بە خوا گیانە وەک ئەو ئینسانە دڵی شایق ئەفڕێنێ بە نیگای چاوی خومار چی بکات بەختی دڵیش وایە کە جێی زیندانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ ئەوا سووتا بە دووریت دەرد و دەرمانم وەرە دڵ ئەوا سووتا بە دووریت دەرد و دەرمانم وەرە! وەختە قرچەم تێ کەوێ بۆت ماھی تابانم وەرە! بێ مەزەی عەننابی لێوت تاڵە و ئەوقاتم گەلێ مەرھەمی زەخمی دەروون و قەلبی بوریانم وەرە! ھێندە شێواوم بە مەرگت مەرگی خۆم جەژنە لە لام شۆخی چین، دوڕڕی سەمین، لەعلی بەدخشانم وەرە خواردنم خوێنا و زەھرە، بێ تۆ شادیم شیوەنە یاری گوڵ ڕوخساری من، سالاری جوانانم وەرە دڵ ئەوا بۆت کەوتە قەعری بەحری بێ پایانی خەم واسیتەی تەفریحی قەلبی پڕ لە فیراقم وەرە مەمکوژە توخوا بە ھیجران جوانە مەرگیشم مەکە دەرد و دەرمانم بە خۆتە زوو کە لوقمانم وەرە وەختە پەڕ دەر کەم لە دونیا دوور کەوم، بچمە سەما تا لەدەس نەچووم دە سا دەی ماھی کەنعانم وەرە ڕۆح و دڵ چاویان لە ڕێتە چاوەڕێی تەشریفی تۆن یاری شەھ ڕە فتارەکەم دەرمانی زامانم وەرە تەختەبەندی جێتە سینەم، بەردەبازی ڕێتە سەر خاکی ژێری پێتە دیدەم، شۆخی دەورانم وەرە گا و گەردوونت ئەکەم شیرین حەیاتی جاویدان بۆ بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە وەک سەماوەر سینەکەی بۆ تۆ ئە جۆشێ شایقت شەربەتی گیان! شۆخی چاو جوان! نووری ئیمانم وەرە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی زارم ھەمیسان چاوەکەم مەشغووڵی گریانە دڵی زارم ھەمیسان چاوەکەم مەشغووڵی گریانە وەکوو بوڵبووڵ لەبۆ غونچەی لەبی لەعلت غەزەل خوانە لەناو تەننووری سینەمدا بڵێسەی ئاگری دووریت شەرارەی دێتە دەر دائیم، دەڵێی تەننووری قیرانە لە دووریت خوێنی دڵ جۆشاو و چاوم ھەوری سووری کرد شەو و ڕۆژ خوێن دەبارێنێ ئەڵێی سەیلاو و بارانە چزە و قرچە و پڕووزەی جەرگ و دڵ وا عالەمی پڕ کرد بە چاوی تۆ قەسەم بەردیش بە حاڵم سینە ناڵانە عەزابارم، لیباسم ماتەم و شینە لە دووریی تۆ خوراکم خوێنە، شادیم شیوەن و فەریاد و ئەفغانە بە ڕەنگی زەرد و جەستەی خەستەیا مەعلوومە وا شاھۆ نەخۆشی دەردی عەشقی تۆیە وا حاڵی پەرێشانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی وەک ھوزاری حەزینی من لە فیراقی ڕووی نیگارەوە دڵی وەک ھوزاری حەزینی من لە فیراقی ڕووی نیگارەوە بە تەرەنومێکی گرینەوە بە مەقامی شۆر و قەتارە بە کزەی دەروونەوە شیعری تەڕ کە دەڵێ بە چاوی خوماری یار وەکوو بوڵبوڵێ کە دەخوێنێ زار بە قەفەس لە کونجی تەلارەوە بە ھەوا و سەدای فوغانی دڵ کە لە سازی سینە دێتە گوێ ھەر ئەڵێی نەوای عیراقییە بە کزەی کەمانچە و تارەوە بە ئومێدی دیتنی ماھی ڕووت، گوڵی نەوڕەسیدەیی موشک بۆ لە دوو دیدەمۆ دڵی من مودام، بە فوغان و ناڵە و زارەوە ملی ڕادەکێشێ نیگا ئەکا، لە خوا ئەخوازێ، دوعا ئەکا بە سەمیمی دڵ، نزا ئەکا کە تۆ بێی بە لەنجە و لارەوە وەرە سەیری چەشمەیی چاوەکەم لە فیراقی ئێوەوە چۆن تەقی لە سەرا کە دێ فەیزان ئەکا وەکوو سەیل بە شیوی بەھارەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان دڵەکەی پڕ کەدرم مات و حەزینە دیسان دڵەکەی پڕ کەدرم مات و حەزینە بۆ دیتنی دڵداری بە ئاھ و بە ئەنینە وەک بوڵبوڵی سەر چڵ لە فیراقی گوڵی گوڵزار شەیدایە خەریکی جەزەع و شین و گرینە کولرایەوە دیسان بە موژەت زامی دەروونم چی بکم لەدەس ئەم ئێشە ھەمووی کۆنە برینە ھەر ساتێ بە دەردێکۆ ئەناڵێ دڵی زارم ڕۆژێ نییە ساکن بێ لە ئەم ناڵە و شینە سەمتوورە مەگەر سینەیی پڕ جۆش و خرۆشم، وا دەنگی ئەوەند ماتەم و خەمبار و حەزینە؟ ئەشکم کە لەتاو عەشقی گوڵی کوڵمی نیگارم شایق دەڕژێ گشتی ئەڵێی قەترەیی خوێنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەروونی پڕ لە زووخاوم بە تیری تەعنە زامدارە دەروونی پڕ لە زووخاوم بە تیری تەعنە زامدارە خوایا سا نەجاتم دەی لەدەس ئەم خەڵقە غەددارە لە ھەر لایە ڕەقیبێ وەک سەگی ھار دامەنم ئەگرێ مەگەر باری بدا یاریم، خەلاس بم لەم ھەموو ھارە لە ھەر سووچێ کە دەمبینن بە ڕق حەملەم کە بۆ دێنن دەڵێی گشت سەگی برسین ئەچن بۆ لاشە مردارە لە لایە ئەم ھەموو خەڵقە ڕەقیبن سەیری یاریش کەن قوسوور ناکات لە بێ ڕەحمی لە حەق ئەم دڵ بریندارە گەھێ ڕووی خۆی ئە پۆشێ لێم و تا بمرم لە ھیجرانی گەھێ خۆی دەر دەخات وەک ڕۆژ و جەرگی من ئەکا پارە بە گۆشەی چاوی بیماری ئیمایەک ئەکا گەھ گەھ لە شاری سینەما ئیتر سەدای ناڵین و ھاوارە ئەڵێی سەروی خەرامانە کە دێتە عیشوە و لەنجە قەسەم بەخوا پەریش وەک ئەو نییە ھێندە بە ڕەفتارە ئەگەر حۆری ببینێ ڕوومەتی ئەو شۆخە بێ شوبھە لە ڕووی ھەڵنایە خۆی دەر خا لەبەر ئەم تازە مەھپارە ئیتر من چۆن ئەبێ بۆی شێت نەبم؟ ! مەنعم مەکەن یاران کە شێخیش شێت ئەکا عیشوەی دەروونی بۆ ئەکا پارە بە سیحری گۆشەیی چاوی دڵی خستوومە ناو داوی چ داوێ داوی دوو زوڵفی کە وەک دوو دانە ڕەشمارە بەڵێ شاھۆ ئەسیری بەندی دوو زنجیری گێسووتە دەسا تۆ بی و خوا ڕەحمێ کە بە ئەم مەحبووسە بێچارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەنگی کورد ھی کوردە باسی ورچ و چێڵی تیا نییە سەبارەت: بۆ گۆڤاری دەنگی کورد «دەنگی کورد» ھی کوردە، باسی ورچ و چێڵی تیا نییە باسی پاچ و پێمەرە و پێک و نوێڵی تیا نییە ھەوڵ ئەدات بۆ سەربەخۆیی بانگی ڕزگاری ئەکا ڕێگەکەی ڕاست و ڕەوانە حیزە فێڵی تیا نییە یەکیەتی گشتی ئەوێ، داوا ئەکا یەک بن ھەموو ڕێی نەجاتی گرتووە، چەوت و چەوێڵی تیا نییە مل کەچی نامەردی ناوێ پێی خراپە نۆکەری باسی بیر و باوەڕی خاوەن سمێڵی تیا نییە پیاوی دانا گەر موتاڵای کات، بە وردی تێ ئەگات ھێڵەکانی ورد و ڕێکن لارەھێڵی تیا نییە تەرجومانی کوردە شاھۆ! با بژی ھەر دەنگی کورد ڕاوە ماسی بۆگەنی ناو ئاوی لێڵی تیا نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زامی کۆنم ھاتە سۆ کۆسێکی تازەم کەوتەوە زامی کۆنم ھاتە سۆ، کۆسێکی تازەم کەوتەوە با بناڵێنم لەمەولا جا بە دەردی مەوتەوە گەر قەیاس کەن تالیعی شوومم بە خۆشبەختیی ڕەقیب ھەر وکوو ماھە بە نیسبەت چاڵی قیر و زەوتەوە من لە ڕۆژێکۆ گرفتارم بەدەس گەردوونەوە دایمەن گێڕاومی وەک عەوداڵ لە ڕێگەی چەوتەوە سینەکەی پڕ ئاگرم جانا لەتاو ھیجرانی ڕووت دەنگی کرپەی دێت وەکوو ئاگر بە چاوەی نەوتەوە لێو و خاڵ و زوڵف و ڕوو دیدە و موژە و ئەبرۆیی تۆ یەک بەیەک بۆ من عەزاب بوون داد بە دەس ھەر حەوتەوە! لەشکری موژگانی خوێنڕێژت بە گۆشەی نیو نیگا تیرە بارانم دەکا ھەردەم بە لەنجە و ڕەوتەوە دڵ بە دەوری شەمعی ڕووتا شەو ھەتا وەختی سەحەر ھەر وەکوو پەروانە، تا بێ باڵ نەما، نەسرەوتەوە ئارەزووی سەیرانی باخی حوسنی تۆی کرد دڵ کە چی بوو بە داوی زوڵفەکەی چینی سیای وەک شەوتەوە ئاسمان گریا بە ئەحواڵم کە دیی زار و زەلیل من گرفتارم بەدەس دوو نەرگسی پڕ خەوتەوە پێچ ئە خۆم وەک مار و ئەتلێمۆ بە ئاخ و داخەوە ناڵە ناڵم دێ بە دەنگێکی کزی بێ سەوتەوە نادرێ شەرحی پەشێوی حاڵی زاری شایقت ئەلویدای ئاخریە زاھیر وا بەسەر ڕێی فەوتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سقووتی دەوڵەتی ڕۆما کە ڕۆیە ئەوەڵی ناو سەبارەت: لە جەنگی جیھانی دووەمدا سقووتی دەوڵەتی ڕۆما کە ڕۆیە ئەوەڵی ناو نیشانەی وایە بونیادی گەلی میحوەر لە ڕووخانە بەد و بەدکردەوە و بەد وێژ و خوێن ڕێژ و شەڕ ئەنگێزن ژیانی ئەم گرووھە بۆ بەشەر ئیسباتە نە ژیانە کە بوڵفار سەر دڵی کوترا بە یولغار دەرپەڕی ڕۆیی ئیتر ئەمجارە نۆرەی کەوتنی ڕۆمان و یۆنانە قەڵای ھیتلەر لەمەولا زەحمەتە خۆی ڕاگرێ ھەرگیز لەبەر نیروویی ----- کە حامیی حەققی ئینسانە کەلی تێکەوت، شەق و پەق یەک بەشوێن یەکدا ھەمووی ڕووخا بینای زوڵم و زەلالەت ئاخری بێ شوبھە ڕووخانە بەڵێ محوەر ئەگەر کلکی بڕا مەحوە بە یەکجاری کە وا ئەمڕۆ بەشی ھەر شیوەن و ڕۆ ڕۆ و گریانە ئەوەی ھاو سوێندی ھیتلەر بوو لە بەڵتیک و ئورووپادا بەڕاستی گشتی سەرسامە و لە کردەی خۆی پەشیمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوبحی نەورۆزە و گولستان سەبز وخۆش و خوڕڕەمە سوبحی نەورۆزە و گولستان سەبز وخۆش و خوڕڕەمە ئاسمان بێ تۆز و گەرد و ساف و جوان و بێ تەمە سا لە خەو ھەستە دەسا دەی گوڵڕوخی خۆش خەت و خاڵ بێ تەجەللای ڕوویی میھر ئارات، جیھانێ ماتەمە سوبحی جەژنی وا موبارەک ڕۆژی عیدی وا سەعید بادەیی ڕەنگین حەڵاڵە، خۆشە ماچی ئەو دەمە دەردی عاشق سا دەوا کە! ئەی گوڵی سیمین عوزار! بۆ شیفای زامانی دڵ، عەننابی لێوت مەرھەمە شاری دڵ مەخرووب و موڵک و میللەت و مەوتین خراپ ھەرچی بۆ تەعمیری بکرێ چاوەکەم ھێشتا کەمە چاوی پڕ خاوت ھەڵێنە! نیم نیگای لوتفێ بکە! سەیری کوردستانی خۆت کە! چەند پەشێوە، پڕ خەمە وەختی دەوری ئینتخابی تازەیە دیسان لە نەو میللەت و مەوتین فرۆش کەوتوونە کار و جومجومە تا لەدەس نەچووە، عیلاجی عاشقی دڵدارە کەن! ئینتخابی یاری دڵسۆزێ بکەن تا نەبێتە ھەمھەمە ھەرچی تەعقیبی سەلاحی حاڵ و ماڵی خۆی نەکات، ئاخری ئیشی ئەبێتە مەسخەرە و گاڵتە و گەمە ھەر کەسێ کەس بێ، بەسە ئەم نیکتە بۆ ئەو تا ئەبەد گەر بەمەش حاڵی نەبێ، بێ سوودە بەستە و زەمزەمە دەردی دڵ زۆرە بەیان ناکرێ لەبەر تەنگی مەجال دیزە با دەرخوونە بێ، تا دوورە وا بێ ئەم دەمە بێ مودارا زەحمەتە بچیە مەقاماتی بوڵند شاھۆ ئەمڕۆ سەبرە بۆ بابی تەعالی سوللەمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرم پڕ شۆری نەشکوفتە گوڵێکی باخی ڕیزوانە سەرم پڕ شۆری نەشکوفتە گوڵێکی باخی ڕیزوانە کە باڵای نەونەمامی عادەتا وەک سەروی بوستانە عوموومی سەبر و ھۆشم مەحوی وادی حیرەتە ئەمڕۆ تەعالەڵڵا ئەمە باڵایە یا سەروی خەرامانە؟ ئەمە ڕۆژە لە شەودا دەر کەوتووە یا ڕوو لە ناو زوڵفا؟ جەمالە؟ یا لەناو کفرا بریقەی نووری ئیمانە؟ دڵی بردم کریشمەی چاوی مەخمووری بە تاڵانی کە چی ئێستاش خەریکی غارەتی دین و سەر و گیانە تەمەننای وەسڵی ھەرچەند لێ دەکەم وەک مووسایی عیمران بە غەیری لَن تَراني نابیسم لەو شۆخە چاو جوانە من و دەردی جیایی تا بە کەی ھامڕاز و ھاودەم بین؟ فیدای باڵای نەمامت بم بەسە ئەم ئێش و ھیجرانە ئەگەر ئەو لەعلی دوو لێوەت مەسیح ئاسا نەکات ساتێ، دەوای تای ڕۆح و دڵ ئەمڕۆ، ئیتر حاڵم پەرێشانە وڵاتی سینەکەم سووتا، نەما ئاساری عیمرانی تکەی قەترەی زوخاوی دێ، ئەڵێی سەیلی بەھارانە ئەلا ئەی شۆخی سیمین ساقی بێ میسلی لە دونیا تاک دڵی وەک بێژەنم بۆ تۆ ئەسیری چاھی زیندانە لە شۆری عەشقی تۆوە خۆ شعوورێکی نەما شایق بە دائیم ھەر وەکوو مەجنوونی لەیلا ئیشی گریانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شۆخە شیرین شێوەکەم بەسیە پەرێشانم مەکە شۆخە شیرین شێوەکەم بەسیە پەرێشانم مەکە دەردەدارت کردووم شێت و ھەراسانم مەکە تۆ بە گۆشەی چاوی مەخموورت منت دێوانە کرد ئیلتیماسم وایە ئیتر تیرە بارانم مەکە دەس بە سونگی و عەسکەری موژگانی شۆڕشگێڕی تۆ کوشتنی منیان مەرامە، گیانە! بێ گیانم مەکە! یۆسف ئاسا تۆ کە خۆت ئەقلیمی قەلبت گرتووم بەستە ئەی سوڵتانی جوانان دەخلی ئیمانم مەکە ڕۆح و خوێن و ئێسک و مۆخ پڕیە لە شۆری عەشقی تۆ توخوا گەر بێم و بگریم مەنعی گریانم مەکە! بۆ چی ھەر وەختێ کە دەمبینی پلارم بۆ ئەخەی عاشقی خۆتم بە قوربان بەردە بارانم مەکە بەش بە حاڵی خۆم بەشی خۆم ئێش و نێشم چەشتووە تۆیش بەبێ ڕەحمانە، گیانە! خوێ لە زامانم مەکە! ھەر سەعاتێکم بە ساڵێکە لەتاو ھیجرانی تۆ گیانەکەم ئیتر بە دووریت خانە وێرانم مەکە! وێڵ و مات و عاجزم دائیم ئەناڵێنم بە زار لەیلەکەم ئیتر بەسی بێ! وێڵی شارانم مەکە! مەرگی خۆم لا چاترە قوربان! لە دووریی ڕوویی تۆ خۆت بە خەنجەر بمکوژە! مەسموومی ھیجرانم مەکە! دەردەداری خۆتە شاھۆ قەت دەوای نایە بە کەس وەسڵی باڵای تۆیە دەرمانم لە دەرمانم مەکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرمەساری شێوەتە مانگ و پەناھی گرتووە شەرمەساری شێوەتە مانگ و پەناھی گرتووە داغداری خاڵتە و ڕەنگی سیاھی گرتووە پەرچەمی شێواوە ئەگریجەت لەگەڵ موژگانی چاو دەستە دەستە و سەف بە سەف شکڵی سوپاھی گرتووە دانەکەی خاڵت لە گۆشەی لەعلی لێوی ئاڵتا ڕەنگی شکڵی دووکەڵی تاریکی ئاھی گرتووە نیشی شومشێری برۆت بۆ کوشتنی بەندەی ھەژار عادەتی شیری جەللادی پادشاھی گرتووە چینی ئەگریجەت کە پەخشانە لەسەر ڕوخساری تۆ ھەر دەڵێی موشکی تەتارە دەوری ماھی گرتووە بۆ ئەوەی ڕوخساری شیرینت نەبینێ شایقت ماھی ڕووت شارایەوە پێچەی سیاھی گرتووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاشقی زارت ھەمیشە شۆری فەرھادی ھەیە عاشقی زارت ھەمیشە شۆری فەرھادی ھەیە ئارەزووی شیرین ئەکات و داد و فەریادی ھەیە دەنگی ناڵەی دڵ لە سینەمدا میسالی تار و عوود ڕۆژ و شەو بەزم و مەقامی داد و بێ دادی ھەیە ئاگری دووریت وەھا جەرگ و دڵی ھێناومە جۆش عادەتا تاوی بە تینی ناری حەددادی ھەیە چاوی بیمارت بە جارێ عالەمێک بیمار ئەکات نووکی موژگانت بە ئیما نێشی فۆلادی ھەیە قورسی ڕوخسارت قەمەر پەرچەم سەودای دەوری ماھ قەوسی ئەبرۆیشت نیشانەی شیری جەللادی ھەیە قامتە یاخۆ قیامەت؟ سەروە یا نەخلی ئیرەم؟ یا قەد و باڵاتە؟ شێوەی داری شەمشادی ھەیە کەی ھەنار و سێو لیمۆی گرتووە سەروی چەمەن؟ ئێستە باڵای تۆ کە وا لیمۆی خودادادی ھەیە بیکوژە تۆ بەو یەدی بەیزایەوە مووسا سیفەت ئەو ڕەقیبەت فیکری جێی فیرعەون و شەددادی ھەیە قەت نەبوو ڕەحمێ بە حاڵی شایقی کات کافرە شاھی من لە خوا نەترسە جەوری بێدادی ھەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من کە تۆ یارم نەبی ئیتر ژیانم بۆ چییە من کە تۆ یارم نەبی ئیتر ژیانم بۆ چییە؟ چی لە شەوق و زەوقی دونیا کەم؟ جیھانم بۆ چییە؟ دیدەیەک تۆی پێ نەبینم، کوێر بێ یا ڕەببی ئەبەد! ناوی غەیرێک گەر بەرێ، لاڵ بێ! زوبانم بۆ چییە؟ دڵ ئەگەر بۆ تۆ نەبێ یا ڕەب ئەبەر خەنجەر کەوێ با لەت و کوت داکەوێ بۆ خۆی، دڵانم بۆ چییە؟ بێ جەماڵت گوڵ ھەموو خاری موغەیلانن لەلام بێ تۆ ئەی شۆخی زەمان! سەیری گوڵانم بۆ چییە؟ گەر بەھشتیشم بە تەنیا پێ بدەن ڕۆژی جەزا نامەوێ تۆی تیا نەبێ، حاشا! جینانم بۆ چییە؟ دین و دونیای تۆیە شاھۆ! حۆر و غیلمانی ئەتۆی جا کە وەختێ تۆم نەبێ ھەر دوو جیھانم بۆ چییە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موژدە بێ یەعقووبی دڵ موژدە نیگارم ھاتووە موژدە بێ یەعقووبی دڵ، موژدە نیگارم ھاتووە مەرھەمی زامی دەرونی پڕ لە خارم ھاتووە شەمسی خاوەر وا ئەڵێن ئەمشەو تلووعی کردەوە گوڵ بەدەن، شیرین دەھەن، سیمین عوزارم ھاتووە سەرو باڵا، لالە ڕوو، زەنجیر گێسوو، موشک بۆ یاری ڕەند، سەروی بوڵەند، شۆخی دیارم ھاتووە شێری نەڕ، قەد نەیشەکەر، ئاھوویی بەڕ، شاھێنی حوڕ بۆ شکاری مورغی دڵ بازی تەوارم ھاتەووە موو کەمەر، ڕوومەت قەمەر، لێو لەعلی تەڕ، دوندان گوھەر شۆخی خاڵ شیرین، جوانی چاو خومارم ھاتووە نەوجەوان، ئەبرۆ کەمان، موژگان سینان، خونچە دەھان سەروی بوستانی ئێرەم، ئاھوی تەتارم ھاتووە ڕۆحی شیرین حازرە بۆ موژدە تەقدیمی دەکەم بۆ ئەوەی تەشریفی یاری عیشوەدارم ھاتووە ئاگرم تێ چوو، دەخیلەک ڕاستە ئایا تووخوا پەریەکەی حۆری نەژادی لەنجەدارم ھاتووە خۆم و ئەقلیمی ئورووپا و ئاسیای قوربان ئەکەم گەر بە ڕاستی پێم بڵێن غونچەی تەلارم ھاتووە گیانی خۆت حازر کە شاھۆ بۆ نیساری دوڵبەرت خاوەنی تیر و کەمان و زولفەقارم ھاتووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەوسمی جەژنە و دڵی من تەنگ و تار و ماتەمە مەوسمی جەژنە و دڵی من تەنگ و تار و ماتەمە خەڵقی پڕ کەیف و دەماخ و خاتری من پڕ غەمە ھەر کەسێ بۆ خۆی ڕەفیقی نەونەھالێکە و منیش یاوەرم لەم ڕۆژەدا ھەر ناڵە و دەرد و ھەمە ناوی یارم ویردمە ئەمڕۆ لەجێی تەکبیری عید ژەھری دووریم ئەلقەمە ناڵە و فوغانم ھەمدەمە زەڕڕەیەک ڕووناکی شک نابەم لەناو دڵما ببێ تا تەسەور کەی بیابانی دەروونم موزلیمە ھەوری بەدبەختی و خەفەت ئەقلیمی دڵمی گرتووە بێ تەماشا کە بزانە چەندە تاریک و تەمە! نم نمی بارانی چاوانم لەبەر ھیجرانی یار گەھ وەکوو باران ئەبارێ، گاھێ وێنەی شەونمە دایمەن بگری بە کوڵ شاھۆ ھەتا ماوی! کە تۆ بێ وەفایی یارەکەت مەشھوری عامی عالەمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووی دڵم دائیم لە قاپی ڕەحمەت و ئیحسانتە ڕووی دڵم دائیم لە قاپی ڕەحمەت و ئیحسانتە ھەرچی ھیوامە بە ڕەحمی عامی بێ پایانتە گەر لەژێر بادی گوناھا تێک شکاوە قامەتم خۆ ئومێدم ھەر بە عەفو و بەخشش و غوفرانتە ھەرچی بم عەبدێکی خۆتم، ئافەریدەی زاتی تۆم ئوممەتی ئەو شەھریارەم، خاوەنی قورئانتە سەروەری عالەم محەممەد، پێشەوای ئەنبیا خۆشەویستی خاسی زاتی ئەقدەسی سوبحانتە فەخری کول ھادی سوبل، خەتمی عوموومی مورسەلین شافیعی ڕۆژی جەزا بۆ گشت گونابارانتە بەندە عەبدێکی ھەژارم بێ دەس و بێ دەستەڵات دائیمەن چاوم لە خوانی نیعمەت و ئیحسانتە قەترەیەک لەو بەحری جوودەت ئیحتیاجم دەفع ئەکا زەڕڕەیەک عەفوت کەفافی ڕوو ڕەشی دیوانتە بەشقی ئەو پێغەمبەرە و ئەسراری ناوی ئەعزەمت بەشقی گشتی ئەنبیا و ھەرچی پیاو چاکانتە بەشقی ئەو نوورەت کە ئەو پێغەمبەرەی ھێنایە دی نوورەکەی ڕوونتر لە ڕۆژی چوارەمین ئاسمانتە سا بەزەیت بێ تۆ بە شاھۆی لانەواز و بێ کەسا چونکە دائیم ھەر بە ھیوای ڕەحمەتی ڕەحمانتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆح لە ھێلانەی وجوودا مەیلی پەروازی ھەیە ڕۆح لە ھێلانەی وجوودا مەیلی پەروازی ھەیە ئارەزووی تیری خەدەنگی نیم نیگای نازی ھەیە عاشقە چی بکا قەرار و سەبر و ئارامی نییە خەستەیە دەردی گرانە حاڵی ناسازی ھەیە ناڵە ناڵی دەنگی «یا لەیلا»ی لە سینەم دێتە گوێ وەرنە سەیری دڵ قەوانی شۆر و شەھنازی ھەیە ئاگری تیژی شەرارەی ئاھی عالەم سۆزی من دووکەڵی تاریک و کرپە و شوعلەیی غازی ھەیە خاتیمەی ھێنا بە ڕۆحم ناوکی موژگانی یار تا بڵێن ئەو شۆخە تیری چاوی غەممازی ھەیە ئەلفی خەتتی ئیستوای باڵایی لەیلاکەی ئەمن شۆخ و شەنگە ڕەنگ و شێوەی گوڵبونی نازی ھەیە نووکی نێشی زولفەقاری تیژی دوو ئەبرۆیی یار سەد ھەزاران عاشقی کوژراوی بێ نازی ھەیە چاوی مەخمووری ھەمیشە بۆ شکاری مورغی دڵ ھەڵمەتی شاھێنی ڕاوی و چابوکی بازی ھەیە داوی زوڵفی خاوی دانا بۆ دڵانی عاشقان شایقیشی پێوە بوو ناڵینی بێ نازی ھەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردی مەرد ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیلوە و جەولانتە کوردی مەرد! ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیلوە و جەولانتە دەست و پێ ئازادە وەختی ھاتنی میدانتە ڕاپەڕێ سا بێرە مەیدان! با بەسی بێ نۆکەری تووڕی دە ئەو بارە قورسە وا لەسەر دوو شانتە! کۆت و زنجیری ئەسارەت پاڕە کە وەک شێری نەڕ! دایکی داماوی وەتەن وا چاوەڕێی ھەستانتە دەس دەرە شێری زەمان و خەنجەری تیژی قەڵەم حەق تەلەب کە! حەق ھەمیشە پشت و پشتیوانتە ماڵ و میراتت بە ناحەق وا بەدەس بێگانەوە چۆن ڕەوات دیوە کە خەڵقی ھاوبەش و ھاوخوانتە؟ نیشتمانی باوک و باپیرت کە کانی گەوھەرە بۆ چی جێی سمکۆڵی ئەسپ و ھێستری جیرانتە؟ بێ ڕەزا و بێ حوکمی شەرع و مەحکەمەی ویجدانی پاک دا بزانم چۆن بڕا ماڵت بەوەی میوانتە؟ ! خەڵقی خوار و ژوور و دەورت چۆن وەھا بێ شەرم و ڕوو پێی درێژ کێشا بەسەرتا و ساحیبی، فەرمانتە یەک کەون یەکتر بناسن کوردە! با بەس پاش کەون یەک نەناسین و جیایی واسیتەی فەوتانتە بێ ئەوەی یەکتر بناسن مەبنە زیددی یەکتری! دوژمنی ناوخۆ بزانە خەیری ھاوسێکانتە ماڵی کورد ھی کوردە شاھۆ! مافی شەرعی خۆیەتی نادرێ ھەرگیز بەوانەی دوژمنی خێزانتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گاھ ماشەی دەستە پشکۆی پێ ھەڵ ئەگرن بۆ فەساد سەبارەت: مقاش و فوتبۆڵ گاھ ماشەی دەستە پشکۆی پێ ھەڵ ئەگرن بۆ فەساد گاھ فوتبۆڵە ئەوەی ھات تێر شەقی پیا داوە کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیرین ڕەوشە شۆخی پەری پەیکەری شایق شیرین ڕەوشە شۆخی پەری پەیکەری شایق عاشق کوژە لەیلا مەلەکی مەنزەری شایق نازدارە بە ڕەفتارە وەکوو حۆری بەھەشتی شەککەر دەھەنە دوڵبەری سیمین بەری شایق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەوانع بۆ شەرفیابیم چە بیزانم چە نەیزانم مەوانع بۆ شەرفیابیم، چ بیزانم، چ نەیزانم لەلام مەتڵەب نییە ئەمما ئەلا ئەی سەروی بوستانم! جوابی نەسر و نەزمم بێ وەرامی بوو لە خزمەتتا وەیا مەحوی خەیاڵم چاوەکەم، لەم نیکتە حەیرانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر لەژێر باری گوناھمدا چەمیوە قامەتم گەر لەژێر باری گوناھمدا چەمیوە قامەتم خۆ بەھیوای عەفو و ڕەحمی عامی بێ پایانتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆمەڵێکن بێ فەڕ و بێ مروەت و ئینساف و دین کۆمەڵێکن بێ فەڕ و بێ مروەت و ئینساف و دین سەیری ھەر کامیان ئەکەی چاکەی لەناو چاوا نییە ++++++++++++++++++++++