شاعیر: شاھۆ کتێب: دیوانی شاهۆ سەرناو: گوڵم توخوا ئەوەند بۆ چ بێ مەجاز و عەھد و پەیمانی گوڵم توخوا ئەوەند بۆ چ بێ مەجاز و عەھد و پەیمانی؟ لەگەڵ یارانی یەک دڵ ھەر بە کینە و عیجز و عینوانی ئەمن دادم لەدەست عینوان و حیلەی تۆ بوو ئێستاکەش لەسەر ڕای ئەم ھەموو عینوانە ھاوڕازی ڕەقیبانی بە شمشێری برۆت خۆت کرد بە جەللادی منی بێکەس مەگەر لات وایە بۆ چ ئەرمەنیم خۆیشت موسڵمانی؟ لەدەس ئەم بێ مەجازی تۆیە دائیم دڵ ئەناڵێنێ عەجەب یارێکی غەددار و غەریب و فێڵ فراوانی سفووفی لەشکری موژگانی خوێنڕێژی شەڕئەنگێزت ھوجومی کردە سەر ئەقلیمی دڵ گرتی بە تاڵانی لە کاتی عیشوەدا گاھێ تەماشام کەی بە گۆشەی چاو لەبۆ قەتڵی دڵ و گیانم خەریکی تیرە بارانی دڵت بۆ چ وا ڕەقە دەرحەق ئەوانەی عاشقی ڕووتن؟ لەلات وایە ئەگەر خۆت وا نەبی ناڵێن لە یارانی نەخۆشی دەردی عەشقی تۆم و وا دائیم ئەناڵێنم بە لوتفێ تۆ عیلاجم کەی کە خۆت لوقمانی دەورانی خوای ھێنایە حاجەت چاو بەڵەک شایق ھەتا ماوە بە شەھدی شەربەتی لێوت دەوا کەی قەلبی بوریانی ++++++++++++++++++++++