شاعیر: شاھۆ کتێب: دیوانی شاهۆ سەرناو: ڕۆح لە ھێلانەی وجوودا مەیلی پەروازی ھەیە ڕۆح لە ھێلانەی وجوودا مەیلی پەروازی ھەیە ئارەزووی تیری خەدەنگی نیم نیگای نازی ھەیە عاشقە چی بکا قەرار و سەبر و ئارامی نییە خەستەیە دەردی گرانە حاڵی ناسازی ھەیە ناڵە ناڵی دەنگی «یا لەیلا»ی لە سینەم دێتە گوێ وەرنە سەیری دڵ قەوانی شۆر و شەھنازی ھەیە ئاگری تیژی شەرارەی ئاھی عالەم سۆزی من دووکەڵی تاریک و کرپە و شوعلەیی غازی ھەیە خاتیمەی ھێنا بە ڕۆحم ناوکی موژگانی یار تا بڵێن ئەو شۆخە تیری چاوی غەممازی ھەیە ئەلفی خەتتی ئیستوای باڵایی لەیلاکەی ئەمن شۆخ و شەنگە ڕەنگ و شێوەی گوڵبونی نازی ھەیە نووکی نێشی زولفەقاری تیژی دوو ئەبرۆیی یار سەد ھەزاران عاشقی کوژراوی بێ نازی ھەیە چاوی مەخمووری ھەمیشە بۆ شکاری مورغی دڵ ھەڵمەتی شاھێنی ڕاوی و چابوکی بازی ھەیە داوی زوڵفی خاوی دانا بۆ دڵانی عاشقان شایقیشی پێوە بوو ناڵینی بێ نازی ھەیە ++++++++++++++++++++++