شاعیر: شەوقی کتێب: دەفتەری شیعری شەوقی سەرناو: بۆچ دەناڵێنی لەسەر لێوت لە بۆچ بار کەوتووە سەبارەت: لەبۆ ھاواڵی ماتەمدار بۆچ دەناڵێنی، لەسەر لێوت لە بۆچ بار کەوتووە؟ لەشکری زولفت کە خاو و کاڵە بۆچ ڕووی گرتووە؟ ئاھی تۆ وەک بای سمووم وا ھات و قەلبی دادڕیم ئەی فەلەک کۆستت کەوێ! ئەوجارە بۆ وات کردووە؟ چەندە مەحبووبە لەسەر ئەندامی سەروت جلکی ڕەش! تۆ بە فرمێسکی خووێ، ئەو ڕەنگی ڕووت بۆ شوشتووە؟ ڕەنگی تۆ خۆ زەردە، زولفت کاڵە، قامەت مامەشی یا لەنێو پایتەختی ڕۆمێ سوێسنە پشکووتووە چاوەکانت کەیلی فرمێسکە لە تیژی ماتەمان میسلی شوعڕای ئەوجی ئاسمانی سەحەر دەرکەوتووە چارشێو و دەسماڵی تۆ، شەرحە لەبۆ تاریکی شەو من لە عومرم مانگ لەنێو تاریکەشەو نەمبیستووە دەست و پەنجەت چەندە نەرمە مەرھەمی دەردی دڵە لێم گەڕێ با ماچی کەم، بەختی جوانیم خەوتووە لێم گەڕێ ئەوڕۆ بە دەسماڵی حەریر بێم بستڕم دانەیی مرواری فرمێسکت ھەتیو ھەڵکەوتووە دابنێ سەر قەلبی زارم ئەو سەری پڕ جۆشی خۆت! ھەم بە لای لایی دڵم بنوە زەمانی ھاتووە قەلبی شەوقی چون حەریمی عیشقی جێی دیرینەتە بۆچ دەناڵێنی، لەسەر لێوت لە بۆچ بار کەوتووە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەبێ تۆ عالەمی دڵ غەرقی دەریای یەئس و حیرمانە سەبارەت: تەحەسوری جەوانی و تەرانەی وەتەن بەبێ تۆ عالەمی دڵ غەرقی دەریای یەئس و حیرمانە تەماشاکە شەپۆل ئەوڕۆ چلۆن سەرڕێژی چاوانە عەجەب تۆفان دەرە، حیسسی شەبابم ھەڵدەچێ دایم لە قەلبی پڕ خرۆش ئەسرینی چاوم لەعلی ڕوممانە دە (لە) ئافاقی ئەمەل ئەوڕۆ سەرابە وەسڵی تۆ دوورە لە بۆیە فەلسەفەی ژینێ لە بۆ من بۆتە ئەفسانە جوانی و نەشئە و شەوقی حەیاتم بێ تۆ بەربادە بەھار ڕابرد و ھاوین ھات و پاییز، وەقتی زستانە خولاسەی مەقسەدی من زولفی کاڵ بوو، بۆیە لێم گێژە سەراپا فیکر و حیسسم میسلی زولفی خاوی جانانە لە شەڕیان و وەریدی جیسمی فانی من وەکوو خوێنە مەلالی چاوی مەخموورت دەکا دەوران و سەیرانە بەڵێ ھەللاجم و ئەوڕۆ ئەسیری ڕەنگی بێ ڕەنگیم بە سەودای تۆوە مەستم، چونکە چاوت داویە پەیمانە ئەسیری حوسنی تۆ چون مەعکەسی ئەنواری لاھووتە لە تاریکی وجوودی کونجی ناسووت ڕۆژی تابانە چرای فکرم لەوێ دایم دەکاتن ئیقتیباسی نوور میسالی پیری مەیخۆران لە جامی لەعلی مەیخانە لە سەحران میرغوزاری عالەمی ئەرواحی عیللیین شەھەنشاھی و خەیاڵی فکری سەربازیمە تاقانە موحیتی من فەلەک بوو ئەوجی قودسییەت نیشانی دڵ موننەزەھ بووم لە پابەندی فسوونی جیسم و خومخانە کە تەقدیری ئەزەل وا ھات ئەسیری چاوی جادووت بم دە سیجنی تەبعی جوانان ڕوحی پاکم بەندی زیندانە چلۆن تەبعی بەشەر مەخلووقی خاکی پاکی تینەت بوو ھوبووتی کردووە فکرم ڕوحم ھاتۆتە ھێلانە لەنێو دنیایی خاڵی ھەڵبژاردی پاشی تەدقیقی لە جەرگەی ئاسیادا مەئمەن و مەئوایی شاھانە چەمەن شین و سەمەن خۆشبێن و دایم مەستی ئەزھارە بە شاخ و داخ و چۆم و کانیەکان سەرتاقی ئێرانە لەوێ دایم دەنۆشی بادەیی سەودا، سبەینان زوو بە پیاڵە چاوی نیرگس بولبولی ئاشفتە حەیرانە لەوێ تێرئاو دەبێ خولیای جوانی و ڕووحی غەمگینان ئوفوولی ئەرغەوانی ڕۆژووی پاش مانگی تابانە کە خاکی پاکی وی لانکە لە بۆ ئێسقانی باپیرمان لەسەر قەبری جەوانان دیدەیی شللێرە گریانە تەماشای ھەر قەدی دارێ مەکە ئەوڕۆ بە گیانسەختی کە ئەو شینایە یادگاری قەدیمی دایکی کوردانە لەوێ ئەوڕۆ بەبێ تۆ دەردەدارە دایکی سەرشێتت بەبێ تۆ دەزگیرانت فاتە چاوجوان دیدە گریانە ئەوێ موڵکی قەدیم و مەوتەنی ئەجدادی پێشووتە بە مەردی! مەیڕووخێنە چون حەریمی موڵکی بابانە بە عیلم و مەعریفەت تێرئاو بکە فکری جوانیت تا دەگەڵ شەوقی بە جووتە موفتەفیق بن مەرد و مەردانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەریاد سەبارەت: بە موناسەبەتی قەتڵعامی ڕووسان لە سابڵاغێ جەبین مینایی زێو، گەردن ھوما، خاڵ مشکی تاتاری شەدە شل، چاو بە کل، ڕوو سوورە گوڵ، تەڕڕار و عەییاری بە باڵا سەروی بوستانی، لەتافەت معجزاالسخا کە زارت حوققەیی بللور، ددانت دوڕی شاواری بە لەنجە و لارەکەت وا دیارە نەشئەی تۆ لە کوردانە وەئیللا چۆن دەبێتن پێکەوە زوڵم و وەفاداری کە ئاوی جۆگەلەی سابڵاغێ نەشئەی چاوی مەخموورت لە مێرگۆڵەی سەھەند و کێوی لاجانی بەفر بۆ عالەمێ باری تەماشای چاوی بادامیت و سەبرم مانع الجمعن شەڕابی تاڵی عیشق و ئەمر فەرموونت بە ھوشیاری جەفایی نووری دیدەی من، لەسەر دڵ گەورە کێوێکە خودای شەفقەت وەرە قوربان، دەسا جارێ بە غەمخواری وەرە تا شەرحی ئەحواڵی دڵی خۆمت لە بۆ بێژم وەرە تا من بە فرمێسکم بشۆم بۆت پەردەیی تاری عليم اللە لە پاش تەشریف و چوونی تۆ لە سابڵاغێ وەتەن وێران و ماڵ سووتاو دە کیژی لاوی خوێن باری دەنێو مێرگۆڵەکاندا سوێسنی زەرد و ھەڵاڵەی سوور لە باغ و باغچەکاندا بولبولی شەیدا و پاساری بە زوڵم و جەوری دوژمن، بوو بەھاریان زەردە پاییزێک لە بێ ڕوحمی و دڵ سەختی بە باریان بار لە لێو باری لە ئاغایان و ئەشراف و مەلایان کەس نەما ئەوڕۆ لەسەر ئەنقازی ماڵیان خۆ دەخوێنێ کوند بە بێعاری لەوەی پێش من کە دەمگوت ئەی براکان، غەفڵەتوو بەس بێ! جەفات فەرموو و تەعنەت دا کە شەوقی پووچە بازاڕی ئەوێ وەختێ ئەتۆ مەستی غوروور و حوسن و ئانت بووی ئەتۆ شا و من جووانێکی فەقیر بووم ڕوو بە شەڕ شاری لە تیژیی ئاگری عیشقی تۆ زیھنم ھێندە مودریک بوو کە ئەو ئەحواڵەکانم یەک بە یەک دیبوو بە بێداری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەمڵیوە لەسەر قەبری جەوانان گوڵ و لالە سەبارەت: حەسەبی حاڵ دەگەڵ وەتەن خەمڵیوە لەسەر قەبری جەوانان گوڵ و لالە یا سووریی خوێنە کە بڵێی ڕەنگەکەی ئاڵە پێش تابشی خورشیدی فەلەک وەختی بەھاران وەک چاوی لە فرمێسکی منە قەترەیی ژاڵە ئەی بادی سەبا ھەستە گوزەر کە بە وەتەندا پەخشان بکە سەر ئەرزی وەتەن بۆنی گوڵاڵە با بێت و بە تەئسیری فسوونی نەفەسی تۆ وەک خونچە بپشکوێ دەمی ئەو کوردە کە لاڵە با بێت و سبەینان ئەلەم و دەردی شەوی ھیجر بێژێ کە لەوەی پاش خەوی مە، مەحزی وەباڵە قەھری فەلەک و جەوری ڕەقیب و ستەمی دۆست سەر ناسیەیی پڕ شکەنی کرد بە قەباڵە چارەت نییە ئەوڕۆکە ئەتۆ دەستەشکاوی بەدمەستییی مەی بوو کە شکا جام و پیاڵە شەوقی وەرە لەو غوربەتە مایل بە وەتەن بە بێ خاکی وەتەن، عیززەتی تۆ مەحزی خەیاڵە بەو کاکۆڵی ڕەش ڕەنگە، کەوا بۆزی فیراقە با، ڕام بێ لەبۆت فەزڵ و ھونەر چونکە حەڵالە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیدای چاوت عەزیزم ئەوڕۆکە حاڵم پەرێشانە سەبارەت: وەرەقێک لە دەفتەری خاترات فیدای چاوت عەزیزم، ئەوڕۆکە حاڵم پەرێشانە لە دووری تۆ دوو دیدەم غەرقی خوێنە بەحری عوممانە عەجەب! کۆرپەی دڵم نادا ھەدا، شەوگاری تەنھایی نەباتی قەندی لێوی تۆی دەوێ بێچارە بێ زمانە بەناز ساتێ وەرە دەستێ بنێ سەر قەلبی مەجرووحم خەناوی بێ بە سووری پەنجەکانت ڕەنگی مەرجانە ئەگەرچی تۆ لە قەومی خۆش نیھادی پاکی بێباکی بەڵام جانم، لە ماڵەنگۆیە وا چەند ساڵە مێھمانە زبانت چونکە نازانێ، بە ئیما شەڕحی حاڵی کرد کەبابە جەرگی من بیبە، ھەناسەم بۆنی بریانە تەبەسسوم کە! وەدەرخە موعجیزێ بۆ عالەمێ ئەوڕۆ لە حوققەی شەکرەزارت، لێوی لەعلت کانی دەندانە نیقابی ڕووت دەبینی کون کونە وەک قەلبی خوێنینم بڵا خۆ شاھیدی سیدقە کە مەجرای تیری موژگانە درێژن ھەر وەکوو زولفی سیاھت ماشا بەربووینە کە قوببەی سینەیی سافت دوکان و باغی سێوانە لە سەیرانگاھی گوڵخانە کە ھاتی ڕۆژی پێنج شەنبە بوتی مەخمووری چاوت، شەققی کرد سەد تاق و کاشانە دڵت بەستم بە ئەفسوون، ئەی کچی ڕۆمی! چ فەتتانی! مەگەر دایکت ئەتۆی نێو نا لەبۆ تەلبیس و ئەفسانە؟ وەکوو ئاھوی خەتا گەرچی ئەتۆ ناڕۆی لە پێش عاشق خەتایی چاوی سەییادە، کە بولبول نایتە ھێلانە دەفکری شار لە ژێر دارە، گوڵی تەردە چەمەن ڕۆژێک دوو لێوم بادەیی لەعلی لەبی تۆی برد نە پەیمانە مەلاحەت خەتمە سەر تۆ گەرچی وەک نێوت لە چاو دوورە لە بۆ شەوقی دوو کوڵمی پڕ فسوونت تازە دیوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تەئسیری فسوونی ڕۆژی تابان عالەمێ شووری سەبارەت: ھاواری دایکێ سبەینییەکی زوو، ھەوا سارد و ڕۆژ تازە سەری ھێنابووە دەرێ، گوندێکی ڕووخاو لە دوورەوە، سەحرایەکی واسیع دەنێودا، شەقامەڕێیەک بۆ لای ڕۆژئاوای دەڕۆیی، لە قەراغ ڕێگایەکی چۆمی بە خوڕ دەھات. ڕووی سەحرا بە گیای شین، کراسێکی مەخمەری لە بەر کردبوو، لەوێ کوردێکی جوان ھەیکەل، بە خەواڵوویی ڕاکشابوو، لەسەر سەری بە سیمایەکی ماتەمداری و بە جەبینی ئەسیلی دەردەدار، ژنێکی کوردی پیر بە ئەو مەقامانە خەریک بوو لە خەوی ھەڵستێنێ: لە تەئسیری فسوونی ڕۆژی تابان عالەمێ شووری مەگەر تۆ چاوەکانم میری کوردی ھێشتە مەخمووری لە نازباڵنجی خەو ساتێ، ھەڵێنە سەر، تەماشا کە لە مێرگۆڵان دەخوێنن بولبولی شەیدا بە ڕەنجووری بەھار ھات و نەشەی بای وەعدەیە عومرم تەماشا کە! لەبەر ماڵی وەسیعی موڵکی بابت دەنگی سەمتووری! سەدای ھات و نەھات و دەنگی زەنگوڵ قۆری کاروانە کە بارت کۆچی کرد و دەستەداوێن ھێشتە مەھجووری چلۆن سەبرێ دەکەی، گەر یاری تۆ بدزن لە ماڵی تۆ لەنێو بێگانەکان تەشھیر بکەن، نێو بەندی بەرمووری ئەگەرچی سەبرێ سیس ھەروەک برایمۆکی وەبن ما بووی کڕێوەی بەفری زستانێ، تەواو عومری بە سەربووری وەکوو باپیرە گەورەت حیفزی نامووست لە سەر شەرتە کە دایکت پیر و خوشکت مردوو، ماڵت چۆڵ و خاپووری بە مسکینی مەڵێ دەستم بە زنجیری سەخت بەسترا کە ئەو زنجیرە وەھمە و دەیپسێنی چونکە پڕ زووری بەڵێ زنجیری دەستت جەھل و غەفڵەت بوو، ڕەقیبی تۆ بە ئەفسوون بەستی قۆڵت، چونکە زانی مەست و مەسحووری ئەوێستا تا لە بیخەی ڕۆژھەڵاتێ تاو ھەڵات ڕابە! بە ئازایی نەجات دە دەستی بەستراوت کە مەغدووری سەلاحی کاری تۆ سەعیە و عەمەل با بێ نیگەھبانت بە ڕووناکی چرای عەزمت بڕۆ بۆ شاری شاپووری دە ژینێ حەقی خۆت سابیت بکە بۆ یار و ئەغیاران! بە دەسرە بستڕە فرمێسکی شەوقیی و چاوی بێ نووری بەبێ تۆ کەلھوڕ و سۆران و موکری و موڵکی بابان زار کە کیژی بەختیاری، چونکە مەستی ئەوڕۆ لێت تۆری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە من بۆچ زیزی عەمرم چاوەکانم ماھی تابانم سەبارەت: مەگەر لێم عاجزی؟ لە من بۆچ زیزی عەمرم؟ چاوەکانم، ماھی تابانم تەوێڵت بۆچی گرژە یا چ قەوماوە، چ تاوانم لە پێشاپێشی تابووری موژەت، ھەر دوو برۆت کەچ بوو دەڵێ بۆ تیپی عاشق زولفەقارە تیغی بوڕڕانم کەمەندی زولفی خاوت چونکە بازووبەندی بازوومە چ حاجەت چاو کەژاڵێ تا بە ئەفسوون بەستی دەستانم؟ ئەگەر لەیل و نەھاران ئاھ و ناڵەم خەوڕەوێنوو بێ مەلامەت بەس بکەن چون من غەریب و خانەوێرانم تەلەسمی گەنجی حوسنی تۆ، موعەممای عالەمی کۆنە لە حەللی وی بەسەر چوو عومرم و ھێشتاکە ھەر جوانم کە نەرمین باوەشی تۆ، بێشکەیە بۆ قەلبی مەجرووحم، بە لەنجە لێی گەڕێ ساقی! ھەدادا توفلی گریانم بەڵێ شەوقی کە کوردە، چاو بە خوێنە، قەت ھەدا نادا بە خوێنی چاوەکانم سوور بووە چاکی گریبانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە موڵکی کوردەکان ئەوڕۆ تەپ و مژ ھێندە پەیدا بوو سەبارەت: لەبۆ کوردان لە موڵکی کوردەکان ئەوڕۆ تەپ و مژ ھێندە پەیدا بوو دەڵێی حەشری خەزانە یا لە ڕۆژئاوا، خۆرئاوا بوو کە پووری بێکەس و خوشکی ھەتیوت چاو بە فرمێسکن کە ماڵی باب و باپیرت سەراپا چۆل و ڕووخابوو تەماشای دەزگیرانت کە، بە کێردی دوشمنی نامەرد دڕابوو دامەنی پاکی و بە ھیجران قەلبی سووتابوو لەژێر زنجیری زوڵم و بەندی یەخسیری چ مەحزوونە تەماشای دایکی مەحبووبت بکە چۆن دەستی بەسرابوو کە موڵکی موکریان و شاری سابڵاغ بێ تۆ خاپوورە لەسەر قەبری جەوانان چاوی نێرگس غەرق دە خوێن دابوو سەراپا مەوتەنی ئەجدادی پێشووت جا تەماشا کە لە بۆچ ڕووخاوە؟ بۆچ سووتاوە؟ کاکت بۆچی خنکابوو؟ تەماشاکە کە کانی قوڵقوڵاغی سوور و سووراوە ئەوە گەرمەبرینی کاکتە چون لێرە کوژرابوو لە موڵکی خۆشەویستی تۆ دەخوێنێ کوند سبەینان زوو کە «ئەی کوردی فەقیر! تا کەی دەنووی ھەستە چ قەومابوو؟» لە بۆ چی تۆ دەنووی و خەڵکی بێگانە بە چالاکی، ببەستن دەستی پڕزوورت، مەگەر مەردانەگیت وا بوو؟ لەنێو کوردان کەسێک موڵکی نەبێ، خۆ نۆکەرە بێ شک لەسەر خەڵقی لەبەر موڵکە کە ئەمری ئێوە موجرا بوو بەبێ موڵکی وەتەن، ئەی قەومی کوردی لێت یەقین بێ تۆش، بە ئێخسیری و زەلیلی سەر دەبەی عومرێک کە بۆت مابوو دەگەڵ شەوقی وەرن ئەوڕۆ ھەتاکوو فرسەتوو ماوە بە عیلم و مەعریفەت تێرئاو بکەن مەوتەن، کە ڕووخابوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھەڵستاون جەوانانی وەتەن دیسان بە بێ باکی سەبارەت: بە موناسەبەتی زیندووبوونەوەی ھیوا ھەڵستاون جەوانانی وەتەن دیسان بە بێ باکی لە حەسرەت دەردی کۆنە مڵکی بابیان، ھاتنە چالاکی دە دڵ عەزم و لە سەر شۆری جەوانی ھاتوو دەخوازن کە بڕژێنن لەسەر خاکی وەتەن خوێنییان بە سەر پاکی بڵا تێرئاو ببێ بەو خوێنە سوورە گوڵ لە مێرگۆڵان بە شوعلەی نووری ئوممێدیان وەتەن با بێتە ڕووناکی وەتەن ئەی موڵکی باپیرم! لە بۆچ ئەوڕۆکە ڕووخاوی؟ لە بۆچ جێ و مەسکەنی وەحش و تیوورە خاکەکەی پاکی؟ لە بۆچ عەولادی تۆ یەعنی برازا و مام و جیرانم بەڵێ باپیرە گەورە و خوشک، پوور و باوکە خۆ داکی لە ژێر کابووسی جەھل و کۆت بە یەخسیری دەناڵێنن سەراپا پۆشەکی ڕەش، جلکی ماتەم بۆچ دەبەر ناکی؟ لە غوربەت لاوی کوردان بۆ نیگای وەسڵی تۆ مەحزوونن شەو و ڕۆژ ناسرەوێن بۆ شەھدی شیرین، ژەھری تریاکی لەسەر شاخی بڵیند و مێرگی شینی تۆ بڵا ڕابن بە شۆری دڵ بخوێنن بولبولان ئەوڕۆ بە غەمناکی وڵات و شاری مە خۆشە بڵا حەیفە کە وێرانە لە بۆ چاوی بە فرمێسکی جەوانان سورمەیە خاکی زمانی کوردی شیرینە و ھەواری ئێمە ڕەنگینە بڵا چونکە ھەموومان دوشمنین زۆر سەعبە ئیدراکی نیفاقی مە گوناھێکی عەزیمە، جا وەباڵی وی بە گەردنی شێخ و ئاغا و مەلا و دەست و میسواکی لەنێو دەستەی جەواناندا لە پێشدا شەوقی وێستاوە بە نووری حوببی مەوتین دڵفرووزە ھاتە ڕووناکی لە ڕێگای دەوری ھیوا یەعنی ئوممێد دەست بە دەست دەگرن بە عیلم و مەعریفەت تێرئاو بکەن جا خاکەکەی پاکی ++++++++++++++++++++++