شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: کەرەی کرد بە زەنگ؟ سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٤٧ی هەتاوی - (لاپەڕە ٩٩ و ١٠٠ ی دیوانی چاپی جەعفەر و ٥١ و ٥٢ ی چاپی ئەنیسی) ئەمشەو لە بەزمی یاری شۆخ و شەنگ١ عالەم خرۆشا، تێکڕا بێ‌درەنگ چ بەزمێک؟ بەزمی کەی و کەیخوسرەو چ شۆخێک؟ شۆخی بێ‌عار و بێ‌نەنگ وا کۆڕ ڕازاوه بێ‌ئەغیار، ئەوچەل بۆم تێکه مەیگێڕ، شەرابی گوڵ‌ڕەنگ زڕه و خڕەی دڵ، ئاه‍ و ناڵەی نەی چریکەی تار و زرمه و گرمەی چەنگ گیانم سەودا کرد به پیاڵێک، ساقی ماچێکی باقی دامەوه، بێ‌دەنگ لەم سات‌وسەودا، لەم ساقی و باقی یاران دڵ‌خۆشن، دوژمنان دڵ‌تەنگ پەری چۆته باغ، گوڵ بێ‌برەو ما بێ‌شەوق و زەوق، بێ‌بۆن و بێ‌ڕەنگ باخەوان ڕووتەڵ، بۆی وەدەرکەوت وەک دەڵێن: بولبول مایەی بوو به سەنگ لەم گێره و کێشەی عیشق و دڵداری لەم هەرا و بەزمی یاری شۆخ و شەنگ داخۆ ئەویندار چی وه چەنگ کەوت؟ یا خۆ 'ئیمامی' کەرەی کرد به زەنگ؟ ١. چاپی جەعفەر: ئەوشۆ ++++++++++++++++++++++