شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: نامەی بانگهێشتن سەبارەت: (گوندی شێخ‌چۆپان، ١٣٣١ی هەتاوی) - لاپەڕە ٩٨ ی چاپی جەعفەر و ٦٧ ی چاپی ئەنیسی. قەدەم هەڵبێنە خۆش کە خاتری تەنگ! بەپێی خۆت بێنه شادی و کەیف و ئاهەنگ خەریکی ڕشتنی ڕەنگی عەرووسین بەبێ تۆ ڕیسی ئێمه ناگرێ ڕەنگ ئەتۆ سەرقافڵەی ڕێگەی مرادی منیش کوێستانه ڕێگەم، قافیەم تەنگ ئەوا چاوم لە سەر ڕێته بەبێ هەست ئەوا ڕۆحم لە بەر پێته، به‌بێ دەنگ دڵی بێ‌چاره بۆ تۆ وەک کەبابە نیه بێ‌تۆ، شەڕابی ناب و گوڵ‌ڕەنگ هەموو ئەسپابی شادی، گردوکۆیە کەچی بێ تۆ تەرازووی عەیشه لاسەنگ وەره، تۆ سەیقەلی بۆ قەلبی 'کامیل' به لوتفت لابەره گیانه له دڵ ژەنگ ++++++++++++++++++++++