شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: شاری دڵ سەبارەت: لاپەڕە ١٣ ی دیوانی چاپی ئەنیسی من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە، کەچی! عەقڵ ئەڵێ نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە، نەچی! من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ئیمانە، دەچم! ئەو دەڵێ نا، ڕەشە جێ ڕاوگەیی شەیتانە، نەچی! من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە، دەچم! ئەو دەڵێ سەربەسەری تێکچووە، وێرانە، نەچی! من دەڵێم جێگەیی هەر شێت و جنوونانە، دەچم! ئەو دەڵێ نا، زەدەیی پەنجەیی پەریانە، نەچی! من دەڵێم مەرکەزی ئەسڕاڕی حەریفانە، دەچم! ئەو دەڵێ جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە، نەچی! من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵگانە، دەچم! ئەو دەڵێ کونکونە، جێگەی سەرەپەیکانە، نەچی! لەو هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕ ما 'کامیل' من دەڵێم جوانە دەچم، ئەو دەڵێ واجوانە نەچی ++++++++++++++++++++++