شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: غەوغای مەحشەر سەبارەت: (گەردیگلان، ١٣٣٢ ی هەتاوی) - لاپەڕە ٢٦ ی دیوانی چاپی ئەنیسی نە تەنیا بەندەیی باڵایی مەوزوونت سنەوبەر بوو عەلەم بوو، سەرو بوو، هەم نەیشەکەر بوو، نەخلی نەوبەر بوو نە تەنیا گوڵ خەجاڵەت ما لە ڕووی وا جوانی تۆ، چاوم کەتان بوو، پەڕنیان بوو، گیانەکەم دیبایی ئەخزەر بوو نە تەنیا شۆر و غەوغا بوو کە دوێ تەشریفی تۆ ڕۆیی بەڵا بوو، فیتنە بوو، ئاشۆب بوو غەوغایی مەحشەر بوو نە تەنیا یاسەمەن بوو مەسخەرەی سیمین بناگوێی تۆ سەمەن بوو، نەستەرەن بوو، لالە بوو، نەسرین و شەشپەڕ بوو نە تەنیا هەر ڕەقیب بوو کامران لەو زولفە پڕچینەت سەبا بوو، شانە بوو، مەششاتە بوو، عەنبەرچەیی زەڕ بوو نە تەنیا هەر 'ئیمامی' مات و مەبهووتی جەمالت بوو فوغان بوو، ناڵە بوو، خوێنی جگەر بوو، دیدەیی تەڕ بوو ++++++++++++++++++++++