شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: چوارینەکانی ٧ تا ١٠ (ئایینی / عیرفانی) سەبارەت: (بەشێک لە لاپەڕە ٢١٠ تا ٢١٧ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ تا ٣٥١ ی چاپی جەعفەر) ٧ ئێوه که لە خەودان و هەڵستانوو نییە دایم به گوناح دەڕۆن و وەستانوو نییە مەعشووقەیی ئێوه هەر گژ و گیا و دڕکە بێ‌هیممەتن و فکری گوڵستانوو نییە١ ٨ گەر ژیری، ئەگەر شێتی، نەمانت لەبەرە زانا بی وەیا نەزان، هەموو دەردی‌سەرە٢ هەرچەنده بژی به خۆشی یا ناخۆشی تێشوو بەره، زۆر حەستەمه، دوامین سەفەرە ٩ شەو هەسته که عاشقان به شەو ڕادەپەڕن چڵکی دەم‌وچاو به ئاوی دەسنوێژ دەسڕن ئەو تاقمه وا به شەو دەکەن ڕاز و نیاز مەعلوومه ئەوانه ڕەستگار بوون و کوڕن ١٠ ماوێکی لەمێژ ژیام، تەمەن دوایی هات٣ کاتی سەفەرم هاتووه، دەڕوا ئاوات جوان بووم و جحێڵ و ئێسته پیر و زورهان بەو حاڵەشەوه دەڕۆم و نیمه سەوقات ١. چاپی ئەنیسی هەر سێ لەتکە شیعرەکەی وەک هەڵستانو، وەستانو، گوڵستانو نووسیوە. دەبێ وریا بین درێژ کردنەوەی واوەکە زیان بە کێشی شیعرەکە نەگەیێنێت، ٢. چاپی ئەنیسی: هەمو ٣. چاپی ئەنیسی: ژییام ++++++++++++++++++++++