شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: بەخشین سەبارەت: گەردیگلان، ١٣٢١ی هەتاوی - (لاپەڕە ٢٠١ ی چاپی ئەنیسی و ٣٣١ و ٣٣٢ ی چاپی جەعفەر) هەی هاوار هاواڵ! بارم گرانە پشتم جدەو بوو، ماڵم وێرانە١ هەرچەن که لوتفی خودا یارم بێ گوناهم وەک کێو زل بێ و بارم بێ، ناترسم، گەرچی دەرد بێ‌دەرمانە بەخشین، خودایه! هەر له تۆ جوانە لێبوردن، لوتف و مەرحەمەت، کەرەم٢ بەخشین، چاوپۆشین، «یا مولی‌النعم» خاوەن شەو و ڕۆژ، تاریکی و ڕوونی ئاگادار، زانای ڕازی دەروونی ڕۆژم هەروەک ڕووم ڕەش و تاریکە ڕێگەی نەجاتم دوور و باریکە ئەگەر تێی‌کەوتم، قەت نایەمه دەر پردی سیڕاته و ڕۆژەکەی مەحشەر بۆخۆت فەرمووته خاوەن شفاعەت٣ ئەحمەده، ئێمەش کرمان ئیتاعەت هاتووین تا لە ژێر چەتری نەجاتی ڕزگار بین هەموو، ڕۆژی نەهاتی هەوراز و لێژه، ڕژد و هەڵدێرە چاڵ و چۆڵ، ناڕێک، گۆل و ئەستێرە ١. چاپی ئەنیسی: جدە (دەبێ هەڵەی تایپ بێت). ٢. چاپی ئەنیسی: کەڕەم ٣. چاپی جەعفەر: شەفاعەت ++++++++++++++++++++++