شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: شین و پێکەنین سەبارەت: گەردیگلان، ١٣١٨ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٢٤ و ١٢٥ ی چاپی ئەنیسی و ٢٦٧ و ٢٦٨ ی چاپی جەعفەر) ئەو عالەمە چی لێهات جاران کە ئەمن دەمدین؟ سەرگەرمی ئەوین جارێ دڵ‌خۆش و دەمێ غەمگین گا پێدەکەنین وەک گوڵ، جارێکی دەیانکرد شین بۆ لەیلی و بۆ مەجنوون، بۆ خوسرەو و بۆ شیرین هەروەک چووه پێش چاوان کاکەمەم و خاتووزین هەرکەس به خەیاڵی خۆی سەرگەرم بە کارێ بوو گیرۆدەیی میهر و مەیل، ئاشوفتەیی یارێ بوو عاشق به سەری زولفی بێ‌تاب و قەرارێ بوو خاتر له سەری ڕێگای ئاهوویی تەتارێ بوو ئێستاش له فیراقی وان، من ڕۆح و دڵم دەگرین کوا بولبولی بێ‌چاره تا بێتەوه گوڵزاری؟ گوڵ پێبکەنێ بۆ وی، ئەو ناڵه بکا و زاری بولبول به سەناگۆیی، گوڵ هەر به جەفاکاری بۆچی؟ ئەوه بوو مایەی شەیداییی و دڵداری بۆیه لە گوڵ و گوڵزار باڵنده هەموو دەفڕین ئەو عاشقی بێ‌چاره وا بێ‌پەڕ و بێ‌باڵە یاڕەببی! چلۆن بفڕێ؟ پێ‌بەندی خەت و خاڵە مەجنوون‌سفەته و عاشق بەو لەیلی یه ڕەشتاڵە یا بۆ شەکەری لێوی عەینەن وەکوو منداڵە ڕۆژ و شەو و بێ‌وەختان ئەو ماڕزه دەگرێ قین دەرچوونی مەحاڵه دڵ، لەم گێژ و خول و چەرخە چون کۆزی ئەوه هێشتا، ساوایه، وەکوو بەرخە یاڕەب! بە کەرەم جارێ، لوتف و کەرەمت دەرخە لەم سەخت و چڕی چەرخه، ئەم عالەمه زوو سەرخە ئەی من بە فیدای خاکی بەردەرکی 'ئیمام'ی دین ++++++++++++++++++++++