شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: بەفری بەران سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٥٠ی هەتاوی - (لاپەڕە ٦١ ی چاپی ئەنیسی و ٢٤١ ی چاپی جەعفەر) سەیری، چەندە سەخت و ناخۆشە بیساتی پایزی! ١ سەگ لە سەرمانا تەزی، شێریش لە حاند سەرما بەزی تەم لەگەڵ بەفری بەرانا وا سەری کوێستانی گرت سەر بەرەوژێر، کەم‌کەمه دێوی سپی بۆمان خزی هات گوڕەی پیاوی لەمێژینه و دڕا جلکی هەژار کار و مەڕ هەر کاڕەیانه، بزنه‌ڕووتەش هەڵبەزی پیر و لاو، شێخ و مەلا، هەر حەز له تەندوورێ دەکەن ملهوڕیش دەڕوا به ئەستۆی کز، به کووڕی و مل‌کزی٢ جاروباریش خۆزگه خۆ دەرخا له نێو هەور و هەڵا ڕۆژ به ترس و لەرزەوه، زەردە به چاوشارکێ و دزی٣ هات نەسیمێکی شەماڵ و تا وڵات ڕەش کاتەوە داوەشێ! بێ واده هات و وا ئەویش گیانی تەزی ١. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: پاییز ٢. چاپی ئەنیسی: کوڕی ٣. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: زۆر بە ترس ولەرزەوە... چاپی ئەنیسی: زەرد و بەچاوشارکێ و دزی بەحری عەرووزیی شیعرەکە: رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن ++++++++++++++++++++++