شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: کاتی بەهارە سەبارەت: بۆکان، ١٣٤٦ی هەتاوی - (لاپەڕە ٣٤ و ٣٥ ی چاپی ئەنیسی و ١٧٨ ی چاپی جەعفەر) کاتی بەهارە چاوەکەم! بێ بچینە باغی دووبەدوو گوڵ بچنین به هەردوو دەس، بێینه سەما و جوست‌وجوو ساقی به هەڵپەڕینەوه دێت و دەچێ لە نێو چەمەن خونچه به پێکەنینەوه دڵ دەڕفێنێ زوو به زوو بولبول و قومری هەر تەڕەف سازی تەڕەب دەکەن، کەچی له شاخی گوڵ، له داخی دڵ خۆ دەنوێنێ کوندەبوو عەڕعەڕ و سەرو و نارەوەن پاکی به دەم نەسیمەوە به ڕەقس و شەوق و زەوقەوه دێن و دەچن به ئارەزوو ئەدەب دڕا دەفی لەبەر تەرەب له باخ و گوڵشەنا له لای بەشەر لەبۆ دەوا نەما حەیا وو ئابڕوو خۆشییه، کەیفه، شادییه، بەزمه، هەرایه، چۆپییە به عەشقی بووکی بولبوله، خونچه که بووکه، دڵ خەسوو ڕاز و نیازی دڵ دەکەن بولبول و قومری پێکەوە هەردوو بە فکری بیکرەوه، خونچه به یەک دەدەن به شوو هەر به‌تەنێ 'ئیمامی'یه بێ‌بەش و بەهره مایەوە خەرمەنی خەم به با دەدا، دەنکی ئەسەف دەکا به توو١ ١. هەموو /واو/ ی کۆتایی سەرواکان لە چاپی ئەنیسیدا یەکن (جو، زو، بو، ڕو، ... تو) و لە چاپی جەعفەردا دوان (جوو، زوو، بوو، ڕوو، ... توو). ++++++++++++++++++++++