شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: ئیمامیش دێتن سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٥٢ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٥٥ ی دیوانی چاپی جەعفەر، لە دیوانی چاپی ئەنیسیدا نییە) وەرە نێو باغ و نێو گوڵزار و چیمەن وا لە سەر ڕێتن هەڵاڵە و نێرگس و شەوبۆ و سوێسنە خاکی بەر پێتن هەواخوای بەژن و باڵات هەر بە تەنیا من نەبووم تەنیا گەلێ لاوانی تازە پێگەیشتوو وەک ئەمن شێتن هەزاران شێخ و شاب و شێت و ژیر، چاک و خراپ، ڕێکی هەموویان کوشتەیی لەرزانەکان و گوارەیی گوێتن دەلەرزن هەروەکوو لەرزانە، بەندن هەروەکوو گوارە بە بۆنەی بەژن و باڵات، دیارە هاواڵی بەڕێ‌وجێتن هەموو هاتوونە سەیری قیت‌وقۆزیت، پیر و لاو، ئەوڕۆ بە قەولی سابڵاغی: وا 'ئیمامی'ش حازرە و دێتن ++++++++++++++++++++++