شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: باسی سەر! سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٥١ی هەتاوی - (لاپەڕە ٦٣ و ٦٤ ی چاپی ئەنیسی و ١٥٣ ی چاپی جەعفەر) مەمکی خڕ کردووه یارم، دوو هەناری ساوان بێ ئەوەی کەس دەسی لێ‌دا، گەیون١ بێ‌تاوان کەس نەڵێ دەس‌زەدەیه بۆیه وەها گەوره بووە ئەو وته لای کوڕ و کیژ باسی سەره، ئەی ئامان! سەروباڵان هەموو کیژانی وڵات و سەیرە بە‌و هەموو باری دڵانه که هەیانه نەچەمان! سەروه باڵای گوڵی من گەرچی هەناری پێوە مەڵێ پەیوەندە، تکەی ماچه لەوێدا، وا مان بۆ هەناوی منی پڕ مەینەت و خەم، دەرد و بەڵا بۆنی ئەو جووته هەنارانەیه بوونه دەرمان ساز و ئاماده، وەکوو نۆکەری گوێ‌ڕادێرم چاومه بەندی ئیشارەی ئەوه، گوێش بۆ فەرمان٢ چاو له چاوی دەبڕم بەڵکوو وەڵامم داتێ کەچی هەڵنایه ئەویش ئێسته له ترس و شەرمان گەرچی شەرمێونه، چاوی له 'ئیمامی' داگرت، کوتی هەڵنایه له حاند غەیره، له ترسی خزمان! ١. چاپی ئەنیسی: گەییون ٢. چاپی ئەنیسی: چاوومە ++++++++++++++++++++++