شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: دووریی یاران سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٤٦ ی هەتاوی - (لاپەڕە ٨١ ی چاپی ئەنیسی و ١١٦ ی چاپی جەعفەر) ڕووڕەشی دەرگای خودا و ئەحمەدی موختار خۆم هەر به تەنیا موونسی ناڵەی دڵی پڕزار خۆم پیاوی چاک دڵیان له شوێنه و من بە دووی دڵ‌دا دەچم شێت و ماخولیا و سەرگەردان و بەدکردار خۆم١ دڵ له سەد جێگه منی بەرداوه، ڕەببی بەروەبێ پێچ و جینگڵمه، کوژاوی زەخم و ژەهری مار خۆم یارەکانی لێ وەدوور خستووم و ئێستا پڕ به دڵ دێم دەگەڵ دوژمن کەوم، بێ‌هاودەم و بێ‌یار خۆم هەر تەریقێکی تەریقەت نایەوێ دەمباتە وێ ئەو وەبەر خەنجەر کەوێ یاڕەب، منیش بیمار خۆم ١. چاپی جەعفەر: ماخوولیا وو سەرگەردان؛ چاپی ئەنیسی: ماخولیا وو سەرگەردان ++++++++++++++++++++++