شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: وەکوو فەرهاد سەبارەت: کانی‌بەن، ١٣٣١ی هەتاوی - (لاپەڕە ٧٥ ی چاپی ئەنیسی و ١١٣ ی چاپی جەعفەر) به وتاری وەکوو قەند، تووتیی شەککەرشکەنم به چپەی خۆش و ورنگ، بولبولی باغ و چەمەنم بێ‌موحابانه‌ و پەروا١ دەگەڕێم و دەگریم شەمی هەر کۆڕم و پەروانەیی هەر ئەنجومەنم گەنجی تەبعم که لە نێو کونجی دڵا دیوەتەوە هەمه سەرمایه، شوکور خاوەنی بەیتولحەزەنم له ژیان گەر نییه بەند دەستی شکاوم، چاوم چاوەڕێی خوێندنی یاسین و بڕینی کەفەنم وەکوو فەرهادی بە با چوو هەموو ڕەنج و کارم بێستوونی خەمی دڵ هەر به موژان هەڵدەقەنم سەری خۆی ناوه 'ئیمامی' وەکوو مەجنوونی هەژار هەر دەڵێ شێتم و ئاوبردەیی دار و دەوەنم ١. چاپی ئەنیسی: بی موحابانەوە و پەروا (دەبێ هەلەی تایپ بێت). ++++++++++++++++++++++