شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: هەویری ئەوین سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٣٧ی هەتاوی - (لاپەڕە ٨٥ ی چاپی ئەنیسی و ١٢٤ ی چاپی جەعفەر) ئەوینم خۆش دەوێ چونکی به هۆی تۆ هاته ئامێزم وەکوو تاقانه کۆرپەی خۆشەویست باشی دەپارێزم ئەوه ڕۆژ و شەوی تەنیایی هاواڵی دڵی زارم به یادی تۆ، ئەوه مایەی ژیان١ و تینم و هێزم هەموو گۆشت و ڕەگ و پێستم ئەوین شێلای به مل یەک‌دا هەویری خۆتم و بمشێله شل‌شل، گەرچی بێ‌پێزم٢ خەیاڵی خاوه گەر من زولفی شێت‌وپێتی تۆ بێنم بڵێم ڕامی دەکەم بۆ گەردنم، نایێته٣ پارێزم 'ئیمامی' خۆ له ڕیزی دڵبەران باڵای به باڵات٤ گرت بەڵام بەرز و نەوی کەوتووین و هەرگیز نایه‌ته ڕێزم٥ ١. چاپی ئەنیسی: ژییان ٢. چاپی ئەنیسی: بێ هێزم ٣. چاپی ئەنیسی: نایێنە پارێزم (بە هەڵەی چاپ، نووسراوە: پازێزم) ٤. چاپی جەعفەر: بەباڵا گرت ٥. چاپی ئەنیسی: نایە پارێزم ++++++++++++++++++++++