شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: خوداناسی سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٤٥ی هەتاوی - (لاپەڕە ٣ و ٤ ی دیوانی چاپی ئەنیسی و ١١٦ و ١١٧ ی چاپی جەعفەر) ڕەحمێ به دڵی شێتم، بێ‌تاقەت و خەمبارم١ هەر ڕەعیەتی بەرپێتم، بێ‌کارم و پاکارم مالیک نییه غەیری تۆ، مڵکیش هەموو هەر هی تۆن ڕێگەم بده یا ڕەببی! بێ‌مەلجەء و ناچارم٢ ئەی خالیقی ڕۆژ و شەو! ڕۆژم ڕەشه هەروەک شەو دوورکەوتوو له یارانم، هەمسایەیی ئەغیارم جاران وەکوو شا وا بووم، شای دوورەخەم و دڵ‌خۆش ئێستا کز و سیسی خەم، بەر تانە و پللارم٣ ئەو دوژمنی ئەمڕۆکه، دوێنێکه ڕەفیقم بوون٤ وا مامەوه تەنیا من، بێ‌هەمدەم و بێ‌یارم جاران وەکوو بولبول بووم بۆ مەدحی گوڵستانم ئێستا له قەڵەم کەوتووم، بێ‌سەوزه و گوڵزارم شێواو و پەرێشانم، بێ‌دەنگم و دەشناڵم گریانم و خەندانم، خۆشنوودم و بێزارم تۆ مالیک و من مەملووک، تۆ خالیق و من مەخلووق موستەوجبی ڕەحمی تۆم، یا ڕەببی گونەهـ‌بارم! مەخدووشه لەف و نەشرم، مەغشووشه هەموو فکرم تێک‌چوون به غەم و غوسسه، ئەفکارم و ئەشعارم ئەمما بە خوداوەندیت، ئەم عەبده زەلیلەی خۆت ئەم‌جاره نەجاتی دەی، هەرچەنده گرانبارم باری گونەه‍ و عیسیان، وا پشتی جدەو کردم ڕەوتم هەموو لێ‌تێک‌چوو، وا هێنده بەئازارم 'کامیل' وەره سەیری دڵ! خۆش‌نەغمەیه وەک بولبول خۆش‌ڕەنگ و جوان وەک گوڵ، هەرچەند بە مەسەل خارم٥ ١. عینوانی شیعرەکە لە دیوانی چاپی جەعفەردا بۆتە 'لەقەڵەم کەوتووم'. من بە حیسابی ناوەرۆک، عینوانەکەی چاپی ئەنیسیم هەڵبژارد. ٢. چاپی ئەنیسی: بێ مەلجەئو ناچارم ٣. هەردوو چاپی ئەنیسی و جەعفەر: بەر تانە وو پللارم ٤. چاپی ئەنیسی: ئەمڕۆکەم ٥. دیوانی چاپی ئەنیسی: جووان ++++++++++++++++++++++