شاعیر: ڕازی کتێب: هۆنراوەکانی وەلی دێوانە (شەم و پەروانە) سەرناو: فەڵەک هەتاکەی فەڵەک هەتاکەی، فەڵەک هەتاکەی... فەڵەک لە دەرگات سزام هەتاکەی... تاکەی پەشێوحاڵ ڕەنگم زەرد، وەک بەی تاکەی ناڵەناڵ بناڵم چون نەی تاکەی لەش بەبار لە خاکا کەوتوو تاکەی دەرد و ئێش بم کا بە مردوو تاکەی فریشتەم چاوی لە خەو بێ تاکەی ڕۆژی ڕوون لەلای من، شەو بێ تاکەی بڵێسەی گیانم، لە تاو بێ تاکەی خۆراکم خوێن و زوخاو بێ تاکەی ئاگری دەروونم گەش بێ تاکەی لە شادی دڵم بێ بەش بێ تاکەی سکاڵام لە ڕۆژگاربێ تاکەی دەربەدەر جێگەم (کۆسار) بێ تاکەی ژیانم لە یاران جیا بێ تاکەی ڕووم لەکەی ڕەشیی تیا بێ تاکەی مەینەت کێش دەردم کاری بێ تاکەی ژیانم بێ قەراری بێ تاکەی بە حەسرەت دڵم تاسا بێ تاکەی شەش دەرم ڕێگەی گیرا بێ تاکەی (دێوانە)ت لە کۆساران بێ تاکەی فرمێسکم تاوی باران بێ تاکەی بێ مروەت، بزانە حاڵم... تاکەی بە جەفای تۆوە بناڵم یا لەم بەندەدا تۆ ڕزگارم کە یا بە یەکجاری شێت و هارم کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر من خەم بارم سەبارەت: ڕازی: لەم شیعرەوە من بە هی (وەلی) تێ ناگەم، بەڵام تێکەڵ بە شیعرەکانی (وەلی) بوەو بە هی (وەلی) ناسراوە منیش ناچار وەرم گێراوەو وەکو خۆی نوسیمەوە. یاران خەم بارم، یاران خەم بارم هەرمن سەرشێواو، هەرمن خەم بارم هەرمن چاوەڕوان، نیە قەرارم هەرمن ناساز و چەوتە ڕۆژگارم هەرمن دڵ بەخوێن دیدە پڕ ئاووم هەرمن لە خوێنی زامان تلاوم هەرمن بە شیری خەم گۆش کراوم هەرمن خاوەن دەرد هەم دڵ شکاوم هەرمن هیجران بار من کەم دەماخم هەرمن خانەخوێی پەژارە و داخم هەرمن ئاوارەی کوچەی شارانم هەرمن بەدبەختی ڕۆژگارانم هەرمن دڵتەنگم لێوم بەبارە هەرمن بە خەدەنگ جەرگم بوو پارە هەرمن پەرێشان، هەرمن زوێرم هەرمن بریندار پێکراوی تیرم هەرمن چارەشوم ڕەشە ئیقباڵم هەرمن لە جەوری گەردون ئەناڵم هەرمن ناو جەرگم بە گڕ بریانە هەرمن ناڵینم دەردی هیجرانە هەرمن خەم بە خەم ئۆگری کردوم هەرمن سەر تا پێم خەم وونی کردوم هەر خاکی منە بە خەم شێلراوە هەرمن بەرانم ئاواتوسراوە هەرمن (دێوانە)ی دوور کەوتووی (شەم)م هەرمن ڕەنجەڕۆ من هاوڕێ کەمم (خەمە خۆراکم، خەمە بۆ بەرگم خەمە نەشتەری داوە لە جەرگم ئاخ و داخ و ئێش، هاوار و ڕۆڕۆ ئەمانە هەموی لای من بوونە کۆ شوکرم بە کردەت کارسازی کاران ئەی ئاگاداری دڵەی بیماران بە فەرمانی تۆ دروست کراوم بۆچی لەقاپی تۆ دەرکراوم بێ لە خەم و دەرد هیچت نەدا پێم ڕوویەکی خێرت نەکردەوە لێم دڵم لەت لەتە بە دەرد و مەینەت نەخۆشیم بینی نەچەشتم لەززەت ئەوەندەم خەفەت کۆکرد لەناو دڵ وەختە گیان دەرچێ بمنێنە ناو گڵ) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاران لە جەرگم یاران لە جەرگم، یاران لە جەرگم (شەم) شێوەی تیری داوە لە جەرگم کەوتمە گیانەڵڵا دواکاتی مەرگم مەمشۆن و کفن مەکەن بە بەرگم تکایە مەیشۆن جێی برینی لەش با لە زام بتکێ تکەی خوێنی گەش شەهید بێ کفن و بێ شتن چاکە هەرکەس شەهیدبێ بێ گەرد و پاکە بەڵام وەسیەتم ئەمەیە یاران دوور لە ووڵاتم وام لە دیاران تۆخوا با گۆڕم لە ڕێی خێڵان بێ لەسەر ڕێگای (شەم) شاخی گێڵان بێ کێلێکی بەرز بەقەد باڵای (شەم) لەسەر گڵکۆم بێ بەبێ زیاد و کەم تاقی بەوێنەی تاقی برۆی ئەو سوژدەگاهی دڵ بێ بە ڕۆژ و بە شەو لە ڕوی بنوسن هۆنراوەکانم کە بە تیری (شەم) دەرچووە گیانم تا هەرکەسێ دی کێل و مەزارم بزانێ کوشتەی دەستی دڵدارم چونکە (شەم) گۆنا تاتاری چینە لە دەشت بێزارە چیا نشینە ڕۆژێ هەڵ کەوێ لە ڕێ گوزارێ ڕێگەی بنێتە سەر گۆڕم جارێ بزانێ کوشتەی ئاخ و داخی دڵ ئێش و ئازاری بردەوە تۆی گڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ بریانێ بێ دڵ بریانێ بێ، دڵ بریانێ بێ دەروون پڕ دەرد بێ، با حاڵ زانێ بێ تۆ مەینەت کێش بی، ئەویش بە خەم بێ تۆ وەک (پەروانە)، ئەو وێنەی (شەم) بێ بۆ کەسێ دڵت لە خەم کەیل بێ تۆ (مەجنون)ی وێڵ، ئەویش (لەیل) بێ داخت بۆ یەکێ ئەویش داخ دار بێ خەم خۆر و دڵسۆز هەتاسەر یار بێ خۆشە دڵداری لە هەردوسەر بێ نەک تۆ بسوتێی ئەو بێ خەبەر بێ نەک بەوێنەی (شەم) ترسی خوای نەبێ لە پەروانەکەی هیچ ئاگای نەبێ دەربەستی ئێش و ئازاری نەبێ ئاگای لە ناڵە و هاواری نەبێ دڵە، دەخیلە دەستم بە دامان بێ سوود مەکێشە جەفای بێ سامان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی نائومێدی ئەی نائومێدی، ئەی نائومێدی ئەی ڕەنجەڕۆیی، ئەی نائومێدی یاران ڕۆژڕەشی وەک من کوا؟ کێ دی؟ دەردی مەجنونم هێناوەتە دی شاخ و هەرد و چۆڵ گەڕام سەرانسەر لە توناوتونی (بابا) چوومەدەر هەردی (نجد) گەڕام جێی (قەیس)ی داماو وێنەی (پەروانە)ی پەڕوباڵ سوتاو هاتمە ئەو شوێنەی ماوام قیبلەم بوو ئەو جێگەی کە زوو! جێ و ڕێی (شەم) بوو چیم دی؟ هەواری چۆڵ و وێرانە بایەقوش تیایا کردبوی لانە نەمابو دەنگی هەیاهوی جاران بێ خشپەو سامناک وێنەی موغاران پرسیم بایەقوش هاودەردی دەردم دۆستی هاوڕاز و هەناسەی سەردم من (پەروانە)کەی وێڵ و (دێوانە)م جێ گیری (قەیس)ی ڕیسوای زەمانەم پەڕوپۆ سوتاو لەخێڵ جێ ماوم تیری عەشقی (شەم) لە جەرگی داوم بایەقوش وتی شێتی سەوداسەر ڕیسوای زەمانە، وێڵی دەشت و دەر خێڵ پێچایەوە چووۆ بۆ (لەیلاخ) بۆ من جێی چۆڵ ما، بۆ تۆش ئاخ و داخ لە شومی چارەم من واماومەوە بە نائومێدی بەسەودامەوە ئاخ! چی بکەم لەدەس چەوتی زەمانە ڕوو لە هەرکوێ کەم بۆتە وێرانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوناکیم لەسەر ڕوناکیم لەسەر، ڕوناکیم لەسەر هەرمن نیم سەودای عەشقی تۆم لەسەر وێنەی من زۆرە، لەت و پەت جگەر لە عەشقی باڵات وێڵن، دەربەدەر هەرلایەک ئەچم هەرباسی تۆیە هەرکەس ئەبینم هەراسی تۆیە لەناو جواناندا جوانیی تۆ تاکە! شاهان حەسرەت مەند گەدا خەم ناکە چەند موسوڵمانت تۆ بە (نارت) کوشت بە نیگات خوێنی چەن دڵدارت ڕشت چەند موڕشید شێت بوون، چەند سۆفیان وێڵ دڵ بەستەی عەشقت لاوانی گشت خێڵ (فەقێ)ت ڕیسوا کرد، (مەلا) سەرگەردان (شێخ) دەربەدەر بوو، (دەروێش) لە هەردان وێنەی پەروانە و بولبول شەیداتن دڵانی پڕدەرد هەر لە سەوداتن تۆ وێنەی (تەرسا) جوان و نازەنین پیری (سەنعان)یی لائەدەی لە دین ئەوڕۆژە جوانیت خوا کردی پەیدا سۆفی و دەروێش و موڕشید، بوون شەیدا لە چاووت هەی داد لە باڵات هەی ڕۆ! سەرسام! سەرگەردان! عالەم لە تاو تۆ لە شاران هاوار، لە خێڵان غەوغا هەرکەس ئەبینم خەم ناکەو شەیدا گەر (فەرهاد) و (قەیس) بزانن خەبەر دووبارە لە خاک سەردێننەدەر دێن بە هەیاهووی قیامەتەوە ببینن جوانی لەم قامەتەوە! هەتا زیندووبم شای (شەم) جەبینم شێت و خەم بارم دڵ ماتەمینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوناکی باوان ڕوناکی باوان، ڕوناکی باوان سەرزەمین بە شەوق ڕوناکیت! ئاوان! باڵات نەمامی نەوتوڵی ساڵان سارای گوڵستان (جنةالمأوی)ن پرچت پارێزەی پەخشانی کاوان ئەگریجەت باڵی (مراوی) ئاوان یا وەک چنورەن لە سەرکڵاوان هەردێن و ئەچن لە دەوری چاوان چاوت وەک چاوی (ئاسک)ی سەرئاوان گۆنات (گوڵ خونچە)ی تازە کراوان سینەت بە (لیمۆ)ی گوڵ بەدەم ئاوان بۆن خۆشن بە بۆی (شەوبۆ)ی شەتاوان خاڵت (سۆسەن)ی بەر خۆرەتاوان من بۆ ئەوخاڵە (تەرە)م لە باوان نەمامی هەڵچوو نازداری عەشرەت دیدە بەخومار جوانی گوڵ ڕومەت کەس نیە وەک من بکێشێ نازت منم هەڵگری ڕاز و نیازت وێڵم، ئەگەڕێم لە دووت ڕۆژ و شەو حەرامم کردوە لە دووچاوم، خەو لەوساوە تیرت لە دڵم داوە چۆڵ و وێرانەت بە من کرد ئاوە شەو و ڕۆژ لەگەڵ بەختم دەعوایە بۆیە جێم لەسەر لوتکەی (چیا)یە فیدای چاووت بم چاوڕەشی چاوگەش! بەزەیی یەکت بێ بە منی چارەڕەش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاخ بۆ خەسرەو خان ئاخ بۆ خەسرەوخان، ئاخ بۆ خەسرەوخان ئاخ بۆ (خەسرەوخان) خانی خانەدان دارای گەنج و ماڵ خاوەن سپا و سان ئازا و چاونەترس شێری ڕووی مەیدان دەست و دڵ خاوێن بەڕەحم و ویژدان ئەو بەخشەندەیە بە دڵی نەرمی بەشەوق و زەوق و بە هەستی گەرمی بۆ ڕاوو شکار بێ بۆ ئەم کێوە ئەم (کێوە)ی منی (دێوانە)ی پێوە بەچاو ببینێ جەستەی پەشێوم وەک جانەوەری ناو دەشت و کێوم بەزەیی یەکی بێ بە دیدەی نمناک بە ئێشی زامم، بە لاشەی سەرخاک بە ڕوت و قوتیم، تەنیایی، چۆڵم!!! بە سەرینی بەرد، گیانی ناو خۆڵم بە بێ کەسی یو سەرگەردانیم دا بە زامی سەختی بێ ئامانیم دا بە ئاه و ناڵەی نیوەشەوم دا بە ڕاپەڕینی شیرین خەوم دا بە نامورادی و ڕەشی بەختم دا بە ناڵەی گەرم و زامی سەختم دا بە شێواوی بەخت، شوومی چارەم دا بە تکەی خوێنی جەرگی پارەم دا بە کڵپەی گڕی ئاگری جەستەم بە گیانی کفتی پڕ ئێش و خەستەم دڵی بێتە جۆش کە دی ئەحواڵم بپرسێ کوشتەی کام نەونەهاڵم تێ بگا کە من لێرە چی ئەکەم بووم بە (پەروانە)ی گڕی گۆنای (شەم) سەرمایەی شادیم کێ زەوتی کرد لێم (پەری)ی کام جێ بوو هیچی نەهێشت پێم (وەلی) بە خەیاڵ (نۆفەل) یاد ئەکا خۆی بە ڕوناکی (شەم)ی شاد ئەکا خۆزگە خەیاڵم بە ڕاست ئەگەڕێ دەلیلێکی وام بهاتایە ڕێ یا بە گەنج و ماڵ یا بە زۆری چەنگ شادی کردایە (پەروانە)ی دڵ تەنگ بەخشەندە بایە بەوێنەی (حاتەم) (شەم) بستێنێ بۆم، من شادکا بە (شەم) بەڵام، ئاخ! چی بکەم لە ڕۆژگارم دڵسۆزێ نیە بێ بە هاوارم مەگەر (یەزدان)ی خاوەن دەسەڵات لەم بەندە سەختە ڕزگارم بکات ئەینا ئەو (بەند)ەی وابە پێمەوە هەتاکو مردن پێی ئەتلێمەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخ هاتە سەر داخ داخ هاتە سەر داخ، داخ هاتە سەر داخ ئێش هاتە سەر ئێش داخ هاتە سەر داخ لە داخی دووری شای بوڵەند دەماخ من گەرمای (گەرمێن) ئەو فێنکی (لەیلاخ) ئاخ و داخ و دەرد لە لام مایەوە ماڵی باوانی نەگەڕایەوە ئەم ساڵ نەوبەهار لای من (دەیجور)ە چونکە چاوانی لە چاوم دورە ئەوا لە کوێستان لەوپەڕی خۆشی من مام لە (گەرمیان) بۆ زوخاو نۆشی ئەترسم بازی بازاڕی گەردوون لە گەردولولی چەرخی دونیای دوون (مەجنون) بە ئازار سەری نایەوە خەم بۆ (فەرهاد)ی هەژار مایەوە یەک یەک یارانی لە ژین بێزار کرد ڕۆژی ڕوناک یان بەشەوی تار کرد بە جۆرێ عەشقی (مەجنون) تاوی سەند بناغەی ژینی لەبێخا هەڵ کەند ئەترسم بەختی ناپوختم وابێ میراتی ئەوان بۆ من جێ مابێ (شەم)م بە هاودەم (ابن سلام) بێ منیش تا ماوم ئازار سزام بێ خوایە ئەو بارە نەنێیتە شانم گەر هاتوو ڕوی دا زوو دەرچێ گیانم مەرگ چاکترە بۆ من لەو ژیانە گۆڕ زۆر خۆشترە بۆم لەو زیندانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەی شەمی شەوان سەبارەت: دیوانی وەلی دێوانە، چاپی انتشارات کردستان ١٣٨٥ کـ. هـ، لاپەڕە ٦٢و٦٣. - لە لایەن بەڕێزێکەوە بە 'ئای پی': ٨٣.١٢٠.٤. ٥٥ هەی شەمی شەوان هەی شەمی شەوان ھەی شەمی بەشەوق چل چرای شەوان ھەی ژیانی من ھەی ڕۆحی ڕەوان ھەی گلێنەیی دیدەی بێ‌خەوان هەی ئاسکی سەرکەل لە سێبەر سڵ کەر هەی هەوای سازی کوێستانان لە سەر ھەی عەنبەرین خاڵ سۆسەنی کڵاف ھەی ڕووناکایی ڕەشماڵانی جاف ھەی من پەروانەی پەڕ سوتاوی تۆ ھەی من گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆ تۆ جارێ نایەی بۆ سەر وەختی من گوێ نادەی بە ئاە، زامی سەختی من ناپرسیت ئاخۆ من بۆ تۆ چۆنم بێ‌باکی لە تین قرچەی دەروونم ھەوای کوێستانت وا بۆ بووەوە حەیفت کرد منت لەبیر چووەوە بێ مروەتیت کرد ھەی شەم دەربارەم من بۆ تۆ قەیسی سیا ستارەم وادەی من و تۆ دیوانی خوا بێ مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێ (شەم)ی ڕوومەت شەم تۆ بە سەلامەت سکاڵای دڵم کەوتە قیامەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕیسوای زەمانەم ڕیسوای زەمانەم، ڕیسوای زەمانەم «قەیسی» سەر شێواو سەحرای وێرانەم «پەروانە»ی پەشێو ڕیسوای زەمانەم بێزار لە ماڵم، شێت و «دێوانە»م وێنەی بایەقوش شەو لە وێرانەم جەرگ‌بڕاوی تەشەر و تانەم بێزار لە بینین دیدەی یارانم پاسەوانی دێر سەر دیارانم لە کەس تەوەللا لە دۆست بێزارم بە شەوو بە ڕۆژ لە یادی یارم عەسای خەم لەدەس مەی، خەم ئەنۆشم سەرگەردانی خەم شڕەی خەم پۆشم سزاو ستەم‌کێش بەختی ڕەش بینم «فەرهاد»ی کۆکەن موغار نشینم شەش‌دەری بەختم ڕێی لێ گیراوە خەم‌بار و دڵ‌تەنگ جەرگم بڕاوە چەوت و لار و گێژ چەرخی چەپ‌گەردم دەردم گرانە دوور لە هاودەردم وەک سەربزوتی قەراخ ئاگرم بە سروەی شەماڵ زیاتر گڕ ئەگرم دڵ پڕ ئازاری زەمانەی دوونم پشتم شکاوە کۆم و زەبوونم شەو دیدە بێ‌خەو ڕۆژ بێ‌قەرارم گیراوی جەوری چەوتی ڕۆژگارم بێزار لە ژینم ڕازیم بە مەرگم بە نەشتەری خەم کون‌کونە جەرگم چاو لەڕێی خێڵان ڕیسوای هۆزانم بە ئاگری عەشق سوتاوە گیانم هاوڕێی جانەوەر لە بیابانم «قەیس»ی تانەکێش، چاو بە گریانم «پەروانە»ی شەوقی «شەم»ڕوخسارێکم پێکراوی تیری موژەی یارێکم «حاتەم»ێکی «تایی» قاتە لە بەختم بەزەیی‌یەکی بێ بە دەردی سەختم وەک «نۆفل» کێ‌یە بێ بۆ ئەم جێ‌یە ببینێ «قەیس»ی دووهەمی لێ‌یە خەیاڵ چەندخۆشە بۆ نەوەی ئادەم خوا بی‌ناردایە یەکێ وەک حاتەم شادی کردایە دڵەی خەمبارم بە ئاواتی خۆم بە وەسڵی یارم خوایە مەگەر تۆ بگەیتە فریام ئەینا تا مردن ئاوارە و تەنیام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەستێرەی بەیان ئەستێرەی بەیان، ئەستێرەی بەیان ئەستێرەکەی‌ڕۆژ هەڵ دێ‌ی دەم‌بەیان جوان و پرشنگ‌دار پێش لە خۆرهەڵات توخوا نەت‌دیوە قیبلەی دوورووڵات خۆ تۆ لە زومڕەی بەخت‌دارانی جێگای تەماشای گشت نازدارانی تۆ زۆر ئەوەستی ڕوبەڕوی پاکان تەماشات ئەکەن گشت شەرەف‌ناکان هەمو ڕۆژێ ڕوی پاکیان ئەبینی بەهرە لە شێوەی چاکیان ئەستێنی چاوت وا لە ڕوی «تەتار»انەوە١ لە شەوق و جوانی نازدارانەوە هەتا ڕۆژ لە «کەل» سەردێنێتەدەر تۆ باخەوانی لە باخی دوڵبەر توخوا ئەبینی نووری چاوی من «شەم»؟ ، شادی دڵەی پڕ زوخاوی من ئەو کە لە زومڕەی جەبین سافانە «شەم»م شەوچرای عێلی «جافانە» گەردی سەرڕێت‌بم ئەستێرەی بەیان ئەو وەک تۆ شیرین، تۆ وێنەی ئەو جوان چۆن نەت‌کرد سەیری ئەو فریشتەیە سەیری ئەو شۆخە لەلات عەیبەیە ١. «تەتار» واتە: ئاسکی تەتار، کە ئەو ئاسکە زۆر ناسراوە بە چاوجوانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێڵی دەشت‌و‌دەر وێڵی دەشت‌و‌دەر، وێڵی دەشت‌و‌دەر ئەی هەوای خۆشی کوێستانان لەسەر ئاسکی سرک و جوان پێش‌پۆلی ئاسکان گورج و عاشق‌کوژ، ئەبرۆ وەک کەوان بە عەتری پەرچەم «چیا»ت پڕ کردوون بە نیگا و لەنجەت دنیات سڕ کردوون نازانم ڕاوچی؟ یا نێچیری؟ تۆ چەندەها ڕاوچی کەوتنە گێژی تۆ بەرزە ئەستێرەی گەشی بەختی تۆ کار ئاسکی گورجی هەردی سەختی تۆ ڕوو ئەستێرەی گەش برۆ وەک کەوان برژانگت تیری جەرگی عاشقان بە لەنجە و لاری دڵ فڕێنەوە بە ڕەوت و نیگای گیان ئەستێنەوە بە پرچی قەف‌قەف گرژ و لولەوە بە باڵای هەڵچووی وەک نەوتوڵەوە بەو کرێشمە و ناز، لەنجە و ڕەوتەوە بە ڕووی وەک ڕۆژ و زوڵفی شەوتەوە بە لێوی ئاڵی وەک یاقوتەوە بە ڕیزەخاڵی تاک و جوتەووە بە گەردنی بەرز شوشەی سافەوە بە زوڵفی بۆن‌خۆش میسک‌ی نافەوە بە کرژ و توند و ڕق و قینەوە بە ڕەوتی نەرم و سڵەمینەوە قیبلەم کێت نەکرد تۆ بە «دێوانە»؟ کێ بۆتۆ نەبووە ڕیسوای زەمانە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەردی هەواران بەردی هەواران، بەردی هەواران١ ڕەش داگیرساوی کۆچی هەواران مەلول و دڵ‌تەنگ جێ‌ماوی یاران وەک من هاوبەشی دەرد و پەژاران تۆ بەردی کوێ‌بووی؟ لە کام هەواران بۆ کێ ڕەش‌پۆشی؟ وێڵی دیاران خەم‌باری عەشقی کام نەونەهاڵی؟ بێ‌ڕەنگ و ماتی کام ڕوومەت ئاڵی؟ تۆ بەداخی کێ ڕەش بووی سووتاوی؟ لە کام هەوار و هۆزێ جێ‌ماوی؟ ڕاستم پێ بڵێ بۆ کێ داخ‌داری؟ ئازیزیت کێ‌یە؟ وابۆی خەم‌باری!!! ؟ «بەرد» ووتی: بەدبەخت کوێلەی دەرد و خەم «پەروانە»ی پەشێو دوورکەوتوولە «شەم» مەگەر نازانی بیناییت لێڵە ئێرە جێ و شوێنی گوزەرگای خێڵە!!! ؟ ئێرە شین‌گەکەی خێڵی جافان بوو جێ‌ی ناز و عیشوەی گەردن سافان بوو هەوارگەی ڕەوگەی عێڵی «مورادی» شوێنیان ئێرەبوو پڕشەوق و شادی من شوێنی «شەم»ی شای پەروانان بووم پێشەنگی جوانی ناو ڕەش‌ماڵان بووم پاییز کۆچی خێڵ دێنە خوارەوە تەشریف دێننەوە شوێنی پارەوە منیش بە شەوقی «شەم»ە سوتاوم گەشی گۆنای ئەو دوورە لە چاوم هەروای ووت «بەرد»ی ڕەشی هەواران من لەو خراپتر بێ‌دەنگ بووم یاران زانیم بۆ «شەم»ە ئەویش داخ‌دارە داخ و خەم‌ناکی بۆ دووری یارە منیش لە ئێشی شای «شەم» ڕوخساران ئاوا چوومە ڕەنگ «بەرد»ی هەواران «بەرد»ی جێ‌ماوی هەواران منم خەم خۆری هەموو خەم‌باران منم ١. مەبەست لەم بەردە ڕەشە بەردی سێ گوچکەیە(کوانوو)، کە مەنجەڵی ئەخەنەسەر، جا کە خێڵ کۆچی کرد ئەو بەردانە بەجێ ئەهێڵن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوبێدارانم شەوبێدارانم شەوبێدارانم هاودەمی ناڵەی شەوبێدارانم بومی وێرانەی گشت دیارانم ئاخ و ئۆف‌کێشی ڕۆژگارانم «پەروانە»ی سووتاو پەشێوحاڵ منم وەک قەقنەس سووتاو کۆی زوخاڵ منم ڕاوچی بێ نەچیر لە هەردان منم پێ‌شێل‌کراوی دڵ‌بەردان منم گیرۆدەی مەینەت پڕجەفا منم تاساوی چەرخی بێ‌وەفا منم سەرکردەی پۆلی مەینەت‌بار منم سەرلێ شێواوو گەستەی مار منم مەئیوسی بینین دیدەی یار منم مەجنونی وێڵی سەرکۆسار منم بێ دۆست و هاوەڵ بێ خەم‌خوار منم بێ ئەحواڵ‌پرس و بێ دڵدار منم کەسێ دیار نیە خزم و یارانم ببینێ کڵپەی ئاگری گیانم دەردێ دای بەمن چەوتی ڕۆژگار مەگەر دابێتیە مەجنونی هەژار بۆ ئێشی جەرگم لەت لەت و چاکم چاوەڕوانی لوتف «یەزدان»ی پاکم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەری ڕەش‌ماڵان پەری ڕەش‌ماڵان، پەری ڕەش‌ماڵان دەلیل بچۆ لای پەری ڕەش‌ماڵان لای «شەم»ی بەزمی شەوی پەروانان پێش‌ڕەوی پۆلی دیدە قەترانان ئاسکی چۆڵ و هەرد لە «چیا» پەروەردە چەن دڵی وەک من بۆت پڕ لە دەردە ئەڵێت گوێت‌داوە بە قسەی ئەغیار من بەو پەیمانە کە کردم ئیقرار سەر هەر لە سەودای عەشق‌بازی‌یە دڵ هەر نیشانەی تیرئەندازی‌یە پێم بە «داو»ەوە شەتەک دراوە دڵ پڕ لە ئێشە جەرگم بڕاوە هەتا ئەم‌نێنە دووتۆی گۆڕی تەنگ شەرتە لە ئێشت هەرگیز نەکەم دەنگ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیدای ناووت بم فیدای ناووت بم، فیدای ناووت بم تۆ ناووت چیە؟ فیدای ناووت بم باڵاگەردانی هەردوو چاووت بم شانەی داهێنەر زوڵفی خاوت بم من «پەروانە»ی وێڵ هەردی وێرانەم «قەیس»ی سەرشێواو ڕیسوای زەمانەم شەوان هەتا ڕۆژ هاوڕازم خەمە گیان‌لەبەرانی کێوم هاودەمە دەربەدەر ماووم بێ خۆراک و جێم پەژارە و مەینەت بوونەتە هاوڕێم لەش بە ئازار و گڕ لە دەرونم لە هەردی لەبەس ئاوارەی توونم لەوکاتەوە من لە «شەم» دوورکەوتووم دڵ پڕ لە پشکۆم ساتێ نەسرەوتووم هەر گیان‌لەبەرێ لە شێوەی یارە هاوڕازی دڵەو دەوای ئازارە من زەوقم لەگەڵ دەنگی ئاسکانە سوکناییم سەیری چاوی ئەوانە دوور لە چاوی یار بەوان دڵ‌شادم تا ڕۆژی گەردون ئەدا مورادم توخوا ئەو ئاسکە گرتوتە بە داو... شێوەی ئازیزم ئەنوێنێ تەواو تیری نیگای ئەو لە دڵ کار ئەکا چاوێ لە چاوی چاوبەخومار ئەکا فیدات بم سەدجار ڕاوچی دەشت و دەر بی‌بەخشە، «داو»ی لە مل بێنەدەر ئازادی بکە توخوا لە «داو»ت یاخوا هەتا هەی بەرزبێ ناوت ئەو ئاسکە جوانە ئازادکەی لە «داو» لە ژینا نەنگی نابینی بە چاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانی پێچاوە جوانی پێچاوە، جوانی پێچاوە جوانی سەرپێچی سەری پێچاوە زوڵف و ئەگریجەی ڕێک داهێناوە بەسەر ڕوومەتا پەخشان کراوە سینەی دەرکەووت یەخەی کراوە لیمۆی وەک توڕەی تەیمور نەخشاوە پەرچەمی چین‌چین تازە قرتاوە خۆر هاتوەتەدەر لە ڕۆژئاواوە ئەبرۆی شمشێری تازە سوراوە بە چاوی وێنەی ئاسکی خەتاوە برژانگەکانی تیژە وەک نێزە هەر ئەڵێی سوپای شاهی «پەروێز»ە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆچی زویر بێ... ؟ بۆچی زویر بێ، بۆچی زویر بێ... دڵ لە ئازار و ئێشت زویر بێ... دڵم گەردانەی یاقووتی ئاڵ بێ.. لەتۆ زویر بێ بە کۆی زوخاڵ‌بێ چاوێ هەمودەم باڵات نەبینێ... بە فرمێسک خۆڵی ژێر پێت نەڕشێنێ... ئەوچاوە چاوی ئاسکی «چیا» بێ.. لە «خوا»م داوایە کە نابینابێ سەرێ شەووڕۆژ ئاگای نەبێ لێت... نێوچاوان نەخا لە خاکی ژێر پێت... ئەگەر ئەو سەرە سەری «قاڕون» بێ.. لە «خوا»م داوایە سەرەونگون بێ دەستێ لە داوای دۆعا نەبێ بۆت... لەسەر سنگ نەبێ کاتی هات و چۆت... ئەگەر ئەودەستە دەستی «ڕۆستەم» بێ.. لە «خوا»م داوایە ئیفلیج و کەم بێ پێ‌یەک هاتوچۆی ڕێگای تۆ نەکا... لەبەر ماڵتانا نەیەت و نەڕوا... ئەو پێ‌یە گەر پێ‌ی پاشا و ئەمیر بێ.. لە «خوا»م داوایە بەستەی زەنجیر بێ گیانە دەستی من بەدامانی تۆ گیانی شیرینم، بەقوربانی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یارم لە خەودا یارم لە خەودا، یارم لە خەودا ئەمشەو پەشێو دیم، یارم لە خەودا ڕەنگ‌زەرد و بێ‌دەنگ پڕ خەم لە خەودا کز و لێوبەبار دیم «شەم» لە خەودا کە بە زەلیل‌ی دیم «شەم» لە خەودا کەوتمە ناڵە لە شیرین خەودا جۆرێ شێواو بوو دیم بە خەو ئەمشەو بە سەرگەردانی ڕاپەڕیم لە خەو کاتێ ڕاپەڕیم، کە زانیم خەوە مەستی (ئەلەست) بووم لەو نیوە شەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵدارم شەم بێ دڵدارم «شەم» بێ، دڵدارم«شەم» بێ بۆ هەرکەس وەک تۆ کە ناوی «شەم» بێ سەرگۆنای وێنەی مانگی چواردەم بێ ناسک و نازدار لە چەشنی کەم بێ پرچی ڕەش‌مار و عەتر پەرچەم بێ دڵی «پەروانە»ی بۆ پڕ لە خەم بێ *** بۆ هەرکەس باڵای وەک «سەوڵ»ی ساف بێ پەرچەم پڕگوڵاو یا موشکناف بێ پێش‌ڕەوەی جوانی گشت عێڵی جاف بێ ئەبێ تۆئاسا وا بێ‌ئینساف بێ وەک تۆ لێو شیرین یا خونچەدەم بێ دڵی «پەروانە»ی بۆ پڕلەخەم بێ *** بۆ هەرکەس وەک تۆ ئەبرۆ کەوان بێ زوڵف و خاڵ سێوەنگ برۆ قەتران بێ وا بێ‌فرسەت و دادە و ئامان بێ وەکو تۆ فیتنەی ئاخرزەمان بێ بێ‌شەرت و بەڵێن، ئارەزو کەم بێ دڵی «پەروانە»ی بۆ پڕ لەخەم بێ *** بۆ هەرکەس وەک تۆ ڕوی پڕ لە نوور بێ سینە و گەردنی وێنەی بلوور بێ فریشتەی ئاسمان نەسڵی لە حوور بێ بێ‌ترس و بێ‌باک لەڕێی خوا دوور بێ وەک تۆ دەلیلی دوری ڕێگەم بێ دڵی «پەروانە»ی بۆ پڕ لەخەم بێ *** بۆ هەرکەس وەک تۆ لیمۆی کاڵی بێ سینگی «سەدەف» و لێوی ئاڵی بێ گەردنی بەرزی وەک «غەزاڵ»ی بێ ناسک و نازدار و چواردە ساڵی بێ وەک تۆ دڵداری لەناو دڵ کەم بێ دڵی «پەروانە»ی بۆ پڕ لەخەم بێ *** بۆ هەرکەس وەک تۆ بەجوانی «شاز» بێ چاو پڕ لەسورمە بە عیشوە و ناز بێ هەزاران دڵی ئاواتەخواز بێ ناشی و نەزان‌حاڵ وا بێ‌مەجاز بێ شەوقی پڕنووری بەوێنەی «شەم» بێ دڵی «پەروانە»ی بۆ پڕ لەخەم بێ *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاتی مردنم کاتی مردنم، کاتی مردنم ئەمانەت فەرزە وادەی مردنم گەیشتە وادەی وەسیەت کردنم لەکاتی سەختی گیان‌سپاردنم توخوا بڵێنە شای «شەم» جەبینم کاتی ڕۆح‌کێشان بێتە سەرینم بەبێ ترس و باک شەرم نەکا لەکەس پەردەی ڕووپۆشی دادڕێ بەدەس نەپۆشێ تیشکی گۆنای خاوەری بابزانن ئاسمان دای‌بەزاند پەری دانیشێ لەپاڵ سەرینم بە ناز بخوێنێ سورەی «یاسین» بە ئاواز بە زوبانی شیرین شەکرڕازەوە بە دەنگ و سەدای خۆش‌ئاوازەوە ڕوو بە ئاوەنگی پڕ گوڵاوەوە بە گۆنای ئاڵ و زوڵفی خاوەوە فرمێسک لە چاوی ئەو نازدارەوە بتکێتە سەر ڕووی ئەم بێ‌چارەوە با تێر سەیربکەم لە چاوی جوانی گیانم دەربچێ بێتە قوربانی با تێر گوێ‌بگرم لە دەنگی سازی لە سورەی شەریف!!، خۆشی ئاوازی گیان‌کێش بێت بە سەد ئێش و ژانەوە هەرگیز نیم بەتەنگ گیان‌کێشانەوە گەر بەم‌جۆرەبێ ئارامی گیانم بەخوا بە ئاسان دەردێ ڕەوانم ئای کەچەند خۆشە ژیان و عومرم لە خاک‌وپای تۆ گیان دەرچێ، بمرم گەر بەقەد کێوێ گوناهم هەبێ بەهەشت جێگامە، «خوا» ئەم‌بەخشێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانە خەوم‌بێ گیانە خەوم‌بێ، گیانە خەوم‌بێ ئەگەر بەبێ‌تۆ یەک ئان خەوم‌بێ ناڵەی بێ‌ئەمان کاری شەوم بێ... قەت ئۆقرە نەگرم دایم ڕەوم بێ... بێ‌دیدەنی تۆ گەر پەژارەم بێ... پەژارەو ترسی بەرقەنارەم بێ... گەر ساتێ یادت لە دڵم دەربێ... دڵم لەت و پەت نوکی خەنجەر بێ... ئەگەر بێ‌تۆ کەس، بکەم بە یارم... سرەوتم نەبێ لەبەر ئازارم... گەر ساتێ یادت دەرچێ لە یادم... نوقمی یادنەبێ دڵی ناشادم... دەروونم لەتی تێخی ئەڵماس بێ... زوبانم لەت‌لەت وێنەی پەڵاس بێ... قەسەم بە دیدە و بە باڵای شەنگت... ئەگەر بۆ ساتێ نەبیسم دەنگت... مەلی ڕەوانم لە «تەن» بێزارە دونیا لە چاوم تاریک و تارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە کۆی زوخاڵ بێ بە کۆی زوخاڵ بێ، بە کۆی زوخاڵ بێ ماڵی باوانت بە کۆی زوخاڵ بێ دایکت نابینا زوبانی لاڵ بێ باوک مردووبی خۆشیت لێ تاڵ بێ سوێندم بەو خوایە ماڵ بێ تەنافە گەر لەگەڵ مندا مەیلت خیلافە... دوور لە باڵای خۆت باوانت چۆڵ بێ خزمانت سەرشێت کەڵپۆس لە کۆڵ بێ باوان وێران بی، کەست نەمێنێ بایەقوش لەسەر ماڵتان بخوێنێ خێڵی خوێشانت توشی تاڵان بن بە پەند و عیبرەت کورد و گۆڕان بن ئەوەش بزانی کە دۆعای منە... سەرلێ‌شێواوی و خۆشیت لێ وونە تۆ جێگەت سازە کوێستان نشینی کەی دەربەستی ئێش منی خەمینی لە کوێستانی خۆش بەدەماخەوە لە چاوگەی سازگار لای «لەیلاخ»ەوە لە کوێ ئەبینی «دێوانە»ی ناشاد لەو جێ‌یە منت کوا؟ دێتەوە یاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاتی مەرگمە کاتی مەرگمە، کاتی مەرگمە وادەم بەسەرچوو، کاتی مەرگمە بەو ئێشە سەختەی لەناو جەرگمە خاک و گڵ و گۆڕ، جل و بەرگمە لە گیان کێشانا هەر چاوەڕوانم... کە تەشریف بێنێ کاتی نەمانم! کاتێ کە گیان‌کێش دێ بۆ ڕەوانم... مۆڵەتم نادا، دەستێنێ گیانم «شەم»ی ڕومەت شەم بێتە سەرینم... ئەوکاتە دەرچێ ڕۆحی شیرینم بڕژێتە سەرم فرمێسکی چاوی کفنەکەم بدروێ بەزوڵفی خاوی بڵێم بە «شەم»ی شاهی چاومەستان لەگەڵ تەرمم‌دا بێتە گۆڕستان بەدەستی ناسک شۆخی دوڵبەرم... بەردی «ئەلحەد»م بنێ سەر سەرم کە بەردت دانا خاکی مەزارم... بکە بەسەرما، شۆخی نازدارم گیانەکەم هات‌و ئەوەت بۆ کردم بەوێنەی دڵدار تۆ بەڕێت کردم شەرتە هەتاکوو ڕۆژەکەی «ئەلەست» من دۆعاگۆی تۆم شۆخی دیدە مەست ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەگی دەرگای یار سەگی دەرگای یار، سەگی دەرگای یار سەگی پاسەوان پێش‌قاپی دڵدار هاوڕێ و هاوڕازی گشت کاتی نازدار خاکی پێت دەرمان چاوی پڕ ئازار خۆ تۆ لە زومڕەی وەفادارانی دڵسۆز و خەم‌خۆر دەردەدارانی سەگی خانەزای باوانی یاری ئارامی دڵی دەوای ئازاری ئەزانم قیبلەم بەدەستی جوانی... پەروەردەی کردوی بۆ پاسەوانی خۆ ئەگەر هات و قەستی سەرت کا... ئازارت بدا، دەربەدەرت کا... قەت بڕوام نیە تۆیی وەفادار لە ئاستانەی یار ببی دەس‌بەردار هۆی چیە ئێستا هاودەردی دەردان دورکەوتوی «شەم»ی کەوتویتە هەردان ئێستا دورکەوتوی لە قاپی دڵدار پێم‌بڵێ بەدبەخت، چۆن ئەگری قەرار وەک من هەردەمە وای لە هەردێکا هەرشەو میوانی لە بن بەردێکا سەگ وتی: کەوتەی زەمانەی بێ‌بار «پەروانە»ی «شەم»ی ڕومەت پرشنگ‌دار بۆ لێڵاویتە بیناییت کوێرە بە حەزی‌خۆمە؟ یا دەستی زۆرە؟ بۆ شاری «بەغدا» چووە باوکی «شەم» من پارێزگاری ماڵاتتان ئەکەم هاتومە ئێرە بە حۆسن و ڕەزا تا «گورگ» مێگەل، پاک نەکا غەزا بۆ مەڕ فرۆشتن چووە باوکی «شەم» «پەروانە»ی خەم‌گین وایە بەبێ کەم ئەگینا بەبێ سووچ و بەهانە بۆچی ئەگەڕێم ئەم بیابانە «وەلی» بەقوربان مەڕوماڵتان بێ باڵاگەردانی ماڵ و حاڵتان بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نازداری جافان نازداری جافان، نازداری جافان نازداری بێ‌عەیب تایەفەی جافان پێش‌ڕەوەی پۆلی ئاسکی سەرشاخان گوڵی سەرکردەی گوڵی ناو باخان ئاسکی کەژاڵ، چاو لە دەشت و دەر توند و سرک و گورج لە سێبەر سڵ‌کەر لە تیرەی تەتار شۆخی شیرین‌خاڵ خاوەن خەت و خاڵ خەتا و خوتەن ماڵ جێگەت سازگار لە بەرزی کوێستان ڕاوچیانت وێڵ دڵیان پڕلە ژان ئەبرۆ وەک کەوان چالاک و چاوڕەش لە دەست و تیرت ئەتکێ خوێنی گەش گۆنە و لاجانگت هەتاوی قەدپاڵ باڵندەی توندڕەو شمقاڕی تیژباڵ چرای ڕووناکی هەموو ڕەش‌ماڵان ناوت ویردی لێو خاوەن ئیقباڵان بە کوڵمی گەشی پڕ لە نوورەوە... کێت نەدابەدەم ئاگری سوورەوە؟ بەو برۆ ڕەشە تۆخ و قەترانە... خانەی چەن دڵت کردە وێرانە بەو چاوەگەشەی سورمە تێ‌کراوە... موژەت لە خوێنی کێ وەرنەداوە؟ بەو نیونیگای ناز، بەو لەنجەولارە... ئاخر جەرگی کێت نەکردووە پارە؟ بە ڕەوتی نەرم و لەنجەو هاتووچوو... بڵێ کێت نەکرد بە باوک مردوو؟ بە گەردەنی بەرز شوشەتەزەوە... بە پرچی لول و باڵای بەرزەوە... توخوا دڵی کێت تۆ نەستاندەوە؟ خانەی ژیانت نەڕوخاندەوە؟ من لە داخی تۆ جەرگم بوو توێ‌توێ هەر داخە دێتە سەر داخانی نوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شەم جیام من لە «شەم» جیام من، لە «شەم» جیام من «پەروانە»ی پەشێو لە «شەم» جیام من مەجنونی وێڵی دەشت و سارام من مەئیوسم لە «شەم» چارە سیام من شێت و سەرگەردان لە خێڵ جێ‌ماوم وێڵ و دەربەدەر عەقڵ شێواوم بێ‌کەس و تەنیا، بێ‌هاودەم ماوم لە گێژی دەریای خەما خنکاوم ڕەش‌تر لە بەردی هەواران منم دەربەدەرماوی دیاران منم کەوتووی توناوتون توونی «تەبەس»م جەفای بەبێ‌سوود ڕەنج بە عەبەسم دەرد و ئێش وەک کێو بارە لە شانم بۆدیدەنی «شەم» هەر چاوەڕوانم هاودەمی وەحشی و جانەوەرانم ئەشکەنجە و ئازار بارە لە شانم چاوەڕوانی ڕێ‌ی یاری کوێستانم دڵ پڕ لە حەسرەت چاو بەگریانم بێگانەی قەوم و کەس و کارم من نائومید لە «شەم» پڕ ئازارم من تا کاتێ ئەمرم دڵ‌مەحزونم من گڕی عیشقی «شەم» لە دەرونم من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناسک، نازی «شەم» ناسک، نازی «شەم»، ناسک، نازی «شەم» ناسک، لەنجە و لار غەمزە و نازی «شەم» ناسک، برۆی‌ڕەش قودرەت‌سازی «شەم» ناسک، باڵای بەرز چاوی بازی «شەم» ناسک، دو لێوی بە هەنگوێنی «شەم» ناسک و شیرین پێکەنینی «شەم» ناسک، گەردنی شوشەی بەرزی «شەم» ناسک، سەرسینگی سەدەف‌تەرزی «شەم» ناسک، پەرچەم و زوڵفی خاوی «شەم» ناسک، گوفت و گۆی پڕگوڵاوی «شەم» ناسک، ددانی گەوهەردانەی «شەم» ناسک، نەخشی خاڵ لوتەوانەی «شەم» ناسک، مەچەکی بێ‌وێنەیی «شەم» ناسک، سەرپەنجەی بێ‌خەنەیی «شەم» ناسک، سرکەیێ جوان‌پێچراوی «شەم» ناسک و نازدار برۆ و چاوی «شەم» ناسک، چەناکەی چاڵ و جوانی «شەم» ناسک، دووپرچی بانی‌شانی «شەم» ناسک، دووتیشکی خوابەندی «شەم» ناسک، ناسکی‌ی کەمەربەندی «شەم» ناسک، دیدەی مەست، بەخوماری «شەم» ناسک، باڵای بەرز، وەک چناری «شەم» ناسک، لاملی وێنەی بەفری «شەم» ناسک، ئەگریجەی پڕ لە عەتری «شەم» ناسک، بەرامی عەنبەرباری «شەم» ناسک، پۆزی‌ساف شوشەکاری «شەم» ناسک، سەرکوڵمی گوڵی سووری «شەم» ناسک، ناوچاوی پڕ لە نووری «شەم» ناسک، قامەتی خەرامانی «شەم» ناسک، ناسکی بێ‌ئامانی «شەم» ئەمە هەر «شەم»بوو بەم‌ناووداوە هەزار «پەروانە»ی بە گڕ سووتاوە لە پەنای نوری شای نەجەف ماڵ بێ ناحەزی باڵای زوبانی لاڵ بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە خاڵی تۆوە بە خاڵی تۆوە، بە خاڵی تۆوە نوری لیقای حەق بە خاڵی تۆوە تیشک‌ی «شەم» بە شەوق جەماڵی تۆوە دارایان بەداخ کەماڵی تۆوە «لەیلا» کەنیزەک «شیرین» کارەکەر «زڵێخا» کڕیار بە زێڕ سەربەسەر «هومەیلا»ی پەری «بەڵقیسا»ی باڵدار «گوڵشاد» «گوڵ‌ئەندان» «عوزرا گوڵ‌عوزار» یەک بە یەک شێتی بەژن و باڵاتن باڵای نەونەمام سەوڵی ئاڵاتن دڵارامی دڵ «سەمەن» بۆی پەری «مەنیجە»ی «بیژەن» «زوهرە» و «موشتەری» «خەرامان» شێتی شێوەی جوانتە بانووان خەریک سەنا و خوانتە حۆری بەهەشتی فریشتەی ڕوگەش سەناخوانی تۆن لە زەمین تا عەرش گوڵ لە گوڵزاران بە داخی تۆوەن داخ‌داران بەداخ دەماخی تۆوەن چەند پەروانە هەن بە شاخ و کۆوە هەموو حەیرانن بە شەوقی تۆوە منی «پەروانە»ش داخ لە دڵی تۆم شێواوی گۆنای وێنەی گوڵی تۆم بەسەرگەردت‌بم «شەم»ی سپی شەم سەرگەردانی‌تۆم دەرون پڕ لە خەم بە باخی لیمۆی کاڵت شادم کە یا خۆ بم‌کۆژە یا ئازادم کە ئەگەر لەسەر لێو وون‌نەکەی خەندە هیچێ کەم‌ناوێ لەو خوداوەندە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوری ڕەشی خەم هەوری ڕەشی خەم، هەوری ڕەشی خەم تۆ ڕەشت پۆشی منیش باری خەم دەبا هەردوکمان بە دڵی پڕ ماتەم من لە زەمین «ئاه»، تۆ ئاسمان «تەم» تۆ بارانی‌ڕوون من فرمێسکی گەش با دا چڵەکێ گەردونی سەرکەش تۆ ئاوی‌چاوت بە شین و زاری بڕێژەرەخوار تاوی بەهاری من بە ناڵەناڵ لە ئێشی دەردم بێتەدەر کزەی هەناسەی سەردم با توفانی خۆر زەمین بماڵێ هەڵ‌کێشی لەبن سنگی ڕەش‌ماڵێ خێڵان لە تەمی ئاهی هەردوکمان داگەڕێنەوە بێنەوە گەرمیان تا کۆچی خێڵی جافی مورادی پەیدابن لەگەڵ «شەم»م بە شادی با هەردی گەرمیان بەوان بەفەڕ بێ وەک بەهاری نوێ پاراوو تەڕبێ توخوا هەوری ڕەش با هەردو وەک یەک من لەسەر زەمین تۆ لەڕوی فەلەک هەردوکمان بە جووت با بگرین بەتاو پەیدا کەین تەم و هەیەجانی ئاو ئەگەر بەم جۆرە لافاو هەڵ‌بستێ خێڵ کوێستانان ئیتر ناوەستێ کۆچی ڕەش‌ماڵان دێنەوە دامان شاد ئەبین بەسەیر نەوتوڵ نەمامان منیش شادئەبم بەسەیری «شەم»م دڵم خۆش ئەبێ نامێنێ غەمم هاتوو بە باڵای نەمامی بووم شاد... جەوری گەردونم نامێنێ لە یاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هامسەران ناوم هامسەران ناوم، هامسەران ناوم من بە «دێوانە» نراوە ناوم ڕیسوای زەمانە کەیلی زوخاوم ساتێ نەوەستا فرمێسکی چاوم کاتێ لە داوێن دایکم بووم پەیدا ناوم لێ‌نرا «دێوانە» و شەیدا چاو بە فرمێسک و دەرون پڕ داخ بوم خەم‌ناک دڵ‌شکاو هەم بێ‌دەماخ بوم ئەبینم ئەی «شەم» رەقیب لە گەڵتا گیانم وەک ئاگر ئەچزێ بە نەوتا هەرچەند سزاکێش باری مەینەت بم بەم جۆرەش ڕازیم سەت ناڕەحەت بم هەرکە ئەبینم لە ڕاگوزەردا «شەم» شێوە، ئاگر لە دڵ بەرئەدا کزەی بڵێسەی بۆ گەردون ئەبا ئەبم بە خەڵوز یا تۆزی دەم با «پەروانە» ئاسا ئەبم بە زوخاڵ ئەسوتێم بە شەوق «شەم»ی گۆنا ئاڵ ئاگری گیانم ئاوا ئەسوتێ تا قرچەی جەرگم ئەگاتە بەر گوێ لەپێشا «قەیس»ی دەشت و کێوان بووم شێت و دەربەدەر بار لە لێوان بووم ئێستا «دێوانە»م پەڕ و باڵ سووتاو وێڵ و دەربەدەر کۆست کەوتوو داماو یاران بەگڕی ڕوی «شەم» سووتاوم چۆن ئەکەن عیلاج جەرگی قرچاووم شێت ئەوکەسەیە دڵ‌دا بە خەیاڵ بسووتێ ببێ بە مشتێ زوخاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاران بۆ تارە... ؟ یاران بۆ تارە؟ یاران بۆ تارە؟ ئەمساڵ نەوبەهار لە چاوم تارە ژیان و خۆشیم وەک ژەهری مارە دونیا لە چاوم (وادی‌القهار)ە هەمووکەس لە کات جوانی نەوبەهار شادە بە بۆنی گوڵان لە گوڵزار من نەبێ، ئەمساڵ شادیم ناشاد بوو نائومید دڵ‌تەنگ ڕەنگم بەرباد بوو «بوڵبوڵ» شاد بە گوڵ، من دڵ توێ‌توێ بوم ڕەنجەڕۆی جوانی بەهاری نوێ بووم ئەمساڵ نەوبەهار خۆشتر لە ساڵان بووژاوەتەوە سەوزە و گوڵاڵان دەشت و قەتپاڵ و سارا و هەواران گوڵ دای‌پۆشیوە جوان‌تر لە جاران گوڵزار لە چاوی من دڕک و داڵە سەوزە و گوڵ و گیا لام بێ جەماڵە سەیری جوانی کەم ئاخم زیادکا «لالە» لە دەرون داخم زیادکا شکۆفەی تازە شێوەی «شەم» دێنێ لە ناخا دڵم دائەچڵەکێنێ بەهاری ئاوا... ، دۆستم لێ دووربێ چاوم بە گریەی جیایی سوور بێ خۆزگە سەت خۆزگە بە بەهاری پار! هەموو بەیانیان ئەم‌دی باڵای یار بەهاری ئەمساڵ گیری ئازارم ئاواتەخوازی دیدەنی یارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر من خەم‌بارم هەرمن خەم‌بارم، هەرمن خەم‌بارم هەرمن خەمگینم، هەرمن خەم‌بارم هەرمن «پەروانە»ی «شەم»ی گڕدارم هەرمن ئاوارەی ڕێی ڕەش و تارم هەرمن ئەستێرەی بەختم گیراوە هەرمن لە شەش‌لا ڕێگەم تەنراوە هەرمن وەک «مریخ» جیام لە ڕوناکی هەرمن بەدناویم پچڕی بە تاکی هەرمن پەرێشان ئێش و ئازارم هەرمن گیرۆدەی دەس ڕۆژگارم هەرمن ئاڵۆز و شێواوە بەختم هەرمن سزاکێش ئازاری سەختم هەرمن لە گێژی خەما خنکاوم هەرمن وەک «مەجنون» دەربەدەر ماوم هەرمن لە بەختم ڕاستی نەماوە هەرمن وەک «فەرهاد» جەرگم بڕاوە هەرمن فریشتەی شادیم نوستووە هەرمن وێنەی «قەیس» «سارا»م گرتووە هەرمن لە پێنج فەرز وەستاوم ببێزار هەرمن وەک «سەنعان» بەستومە «زنار» هەرمن بە تانە جەرگم بڕاوە هەرمن لە دونیا خۆشیم نەماوە هەرمن «پەروانە»ی پەرێشان‌حاڵم هەرمن دەرناچێ «شەم» لە خەیاڵم هەرمن لە ئاسمان ئەستێرە وون‌بوم هەرمن شەم‌ئاین لە «شەم» دور کەوتوم هەرمن سەرزەوی گەڕام لە دوای «شەم» هەرمن بەدناویم زڕا لە عالەم هەرمن بۆ «شەم»م دڵ پڕئازارم هەی یاران عیلاج، بێن بە هاوارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئۆف، بریندارە ئۆف بریندارە، ئوف بریندارە دوو تۆی جەرگی من او بریندارە هەر دیدەی منە لە خەو بێزارە هەر زووخی دڵە، دێ وەک فوارە دووکەڵی ئاهم دونیای گرتەبەر بە سۆزی منە سووتا دەشت و دەر هەر ئاهی منە دەنگی دایەوە... لە گوێ‌ی عالەم‌دا زرنگایەوە گریانی منە بەرد بەدەنگ دێنێ بێ‌ئاگا لە خەو ڕائەچڵەکێنێ هەر شینی منە بە ڕۆژ و بە شەو... هەر «هۆلەیل»مە وەک مەجنون بێ‌خەو هەر منم بە ڕۆژ هەتا ئێوارە دوورکەوتوی یار، یانەم کۆسارە هەر داخی منە دەردێ لە دووی ئاخ ڕەشی‌کرد «لالە» لە هەردی ئێڵاخ یاران تەدبیرێ نزیکە مەرگم بە خوێنی دیدەم ڕەنگینە بەرگم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاران سافێکم سەبارەت: دیوانی وەلی دێوانە، وەرگێڕاوی: ڕازی، بڵاوکەرەوەی کوردستان، چاپی سێهەم ١٣٨٥هەتاوی، لاپەڕە ٦٤ـ٦٦. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی یاران سافێکم، یاران سافێکم شێت و ئاوارەی گەردن سافێکم شەیدای جوانی بەرگ شەفافێکم کوشتەی نیگای ناز کیژە جافێکم گیری دڵداری ناز تەتارێکم کوژراوی موژەی پڕ لە ژارێکم بێ هۆش و مەستی پەری تارێکم دڵ پڕ لە زوخ و بێ‌قەرارێکم لەرزەی لەرزانەی ئەحواڵ تافێکم کوشتەی نیگای ناز کیژە جافێکم ئاوارە و وێڵی جام جەبینێکم غەمباری غەمی دڵ غەمگینێکم زاماری دەستی زوڵف چین‌چینێکم موبتەلای قیبلەی دونیا و دینێکم مایل بە جوانێ بێ‌ئینسافێکم کوشتەی نیگای ناز کیژە جافێکم دڵ پڕ برینی دەمی شەستێکم زار زەلیلی تیغ بە دەستێکم عەقڵ بڕاوی چاوان مەستێکم جێی تانەی هەموو خاوەن هەستێکم ئەی لەیل من 'قەیس'ی بێ خیلافێکم کوشتەی نیگای ناز کیژە جافێکم 'فەرهاد'ی 'شیرین' شەکرڕازێکم نازداری نازی ناز ئەندامێکم دڵ‌بەستەی داوی نوێ پەروازێکم جەرگ و دڵ پارەی چنگی بازێکم 'پەروانە'ی پێ‌بەست پرچ‌کڵافێکم کوشتەی نیگای ناز کیژە جافێکم دڵ پڕ لە کڵپەی شەوقی نورێکم شێواوی شێوەی 'شەم' دەستورێکم هەراسانی ئێش زامی دوورێکم 'قەیس'ی ناودار قاف تا قافێکم کوشتەی نیگای ناز کیژە جافێکم دەربەدەر ماو و هەراسانێکم گیرۆدەی تیشکی خورشید سانێکم وێڵ و قەلەندەر 'خوم' لە شانێکم ووتەی گێر و وێر بێ‌زوبانێکم ئاوارەی ئاهووی موشکین نافێکم کوشتەی نیگای ناز کیژە جافێکم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ بەداخەوە سەبارەت: دیوانی وەلی دێوانە، انتشارات کردستان، چاپی سێهەم ١٣٨٥ هەتاوی، لاپەڕە ٦٨و٦٩. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی دڵ بەداخەوە، دڵ بەداخەوە ئەمشەو خەریک مام، دڵ بەداخەوە بە داخی 'شەم'ی شەوچراخەوە هەتا نەسیم هات لە لەیلاخەوە کزەی نەسیمی ڕەوزەی ڕیزوانی هێزبەخشی گیانی سەت‌ساڵەی فانی کزەی هەناسەی 'مەسیح' ئاسایی ئاسوودەی ئێشی زامی جیایی شارەزایی ڕێی شایی شەم جەبین دۆستی 'دێوانە'ی تەوەللا لە ژین عەتری زوڵفانی بۆ هێنام ئەمشەو تەسکین بوو بۆ ئێش، دەرمانیش بۆ خەو پرسیم نەسیمی دەمی بەیانی ئەم بۆنە خۆشەت لە لای 'شەم' هانی؟ ! باڵندەی تیژ باڵ لە دەشت و سەحرا تۆی ئاگاداری ئاوارە و تەنیا چۆن زانیت ئەمشەو من وا هیلاکم؟ گیرۆدەی داخم تەنیاو و تاکم ئەم بۆنە خۆشە 'شەم' پێتی داوە پێم بڵێ نەسیم، چۆنت هێناوە؟ وەڵامی داوە نەسیمی بەیان وتی: دێوانەی هەرد و بیابان هەرکاتێ کە 'شەم' زوڵف دادێنێ هەناسەم بۆنی بۆ لای تۆ دێنێ کەم ئەکا سزا و ئێشی تەنیایی کز ئەکا کڵپەی ئاگری جیایی منیش ڕابەری ڕێگەی دڵانم مەحرەمی ڕازی ڕوومەت گوڵانم هەر کە وەرم گرت بۆم هێنای ئەمشەو زانیم بە سوودە بۆ چاوی بێ‌خەو دەک بە فیدات بم سروەی بەیانی لە کاتی پێویست دەرمانت هانی گەر نەگەیشتایە دەرمانی دەردم بێ کەس و تەنیا ئەمشەو ئەمردم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاخ بریندارە سەبارەت: وەلی دێوانەیوانی وەلی دێوانە، انتشارات کردستان، چاپی سێهەم ١٣٨٥ هەتاوی، لاپەڕە ٧٠. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئاخ! بریندارە! ، ئاخ بریندارە! دڵم بە تیری 'شەم' بریندارە گیانم پڕ لە ئێش، دەرد و ئازارە دیدەم نابینا تاریک و تارە بە گلەیی نیم، من لە ئازارم سكاڵا ناكەم لەدەس هاوارم سەرێ هەموو كات لە سەودات نەبێ... لە ڕاگوزەردا گەردی پات نەبێ... سەری وام ناوێ با لە مل جیابێ خەڵتانی خوێن و تاک و تەنیا بێ پێ‌یەک پێی نەكەم هات‌وچۆ بۆ لات گێانێ نەكێشێ شەو و ڕۆژ جەفات ئەو پێیە ماری حەو سەر بی‌گەزێ ئەو گیانە بە زام توێ توێ داڕزێ زمانێ مەدح و سەنای تۆ نەكا نەپاڕێتەوە دوعای بۆ نەكا ووشک و بێ‌دەنگ بێ وێنەی پەڵاس بێ ئەنجن ئەنجنی تێخی ئەڵماس بێ ئاخ لە دووری تۆ 'شەم'ی ڕووناک ڕوو پەروانەكەی ڕووت هاكا لە دەس چوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانی ژێر ڕەش‌ماڵ سەبارەت: دیوانی وەلی دێوانە، لاپەڕە ٧١و٧٢. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی فریشتەی بەهەشت، جوانی ژێر ڕەش‌ماڵ کەوی سەر چینە، خاوەن خەت و خاڵ 'شەم'ی شەفابەخش، شادی پەروانان سەرکردەی پۆلی دیدەقەترانان ئاسکی سەرکەل، لە تیرەی تەتار سرک و دیدەمەست، سبەینان دیار گفت‌وگۆ شیرین، پێشڕەوی جوانان نازداری خێڵان، شای نەونەمامان ئاسکی خۆش ڕەو، لە هەردی ئێڵاخ چەند ڕاوچیانت ڕاو کردن بە داخ ئای چۆن تیرێکت داوە لە جەرگم زامی بە ئێشە تا ڕۆژی مەرگم من ڕاوچی ناشی، تۆ نەچیری چاک دەرچووی لە چەنگم ئازانە بێ‌باک مەگەر بەزەیی خواوەند بێتە کوڵ بولبولی دڵم شاد بکا بە گوڵ ئەینا من ڕاوچی دەشتی مەینەتم هەتاکوو مردن کەیلی خەفەتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر من ناشادم سەبارەت: دیوانی وەلی دێوانە، لاپەڕە ٧٢و٧٣. هەر من ناشادم، هەر من ناشادم هەموو کەس شادە، هەر من ناشادم هەر من ناگاتە لای خوا دادم هەر من بێ‌بەشی قاپی مرادم هەر من ڕێی مۆری نەردم گیراوە هەر من شەش‌دەری بەختم تەنراوە هەر من ناسازە فەلەک لە بەختم هەر من گیرۆدەی ئازاری سەختم هەر من چەرخی چەپ لێم چوو بە قینا هەر من ڕۆژڕەشم لە ڕووی زەمینا هەر من ئەستێرەی شادیم گیراوە هەر من فریشتەم دەربەدەر ماوە هەر من ئیقباڵ و بەختم نوستووە هەر من رێیگەیی ڕاستم ون بووە هەر من چەوساوی دەستی گەردوونم هەر من بادەنۆش جامی مەجنوونم هەر من پەروانەی غەمناک و خەستەم هەر من گڕی عەشق بەربۆتە جەستەم هەر من وەک بولبول یەک فەسڵم وەسڵە هەر من سێ فەسڵی عومرم بێ ئەسڵە هەر من ڕۆژی ڕوون لە چاوم تارە هەر من ژیانم وەک ژەهری مارە هەر من گیرۆدەی ئێش و ئازارم هەر من بە پاییز گۆڕا بەهارم هەر من سزاکێش داخ لەسەر داخم هەر من چاوەڕێی ڕێگەی لەیلاخم هەر من بۆ دۆستی ئێلاخ نشینم وەختە بێتەدەر گیانی شیرینم تا ئەو ڕۆژە خێڵ ئەگەرێتەوە من بەداخەوە سوێم ئەبێتەوە مەگەر خوداوەند بێتە فریادم ئەینا تا مردن خاتر ناشادم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەلیل شەم‌ت دی سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی دەلیل 'شەم'ت دی، دەلیل 'شەم'ت دی لە کوێستان هاتووی جوانە 'شەم'ت دی؟ ئاسکی پێشڕەوی ئاسکانت دی نووری بینایی دوو چاوانت دی ناسک و شل و مل بێ ئەندازت دی؟ شۆخی شیرین‌دەنگ شەکرڕازت دی کۆچی خێڵ‌خانەی ئێڵی 'جاف'ت دی پێشەنگی جوانان سەوڵی سافت دی 'شەم'ی سوتێنەر پەروانانت دی خانی خانەدان گشت خانانت دی ئاسکی مل‌بەخاڵ لە هەردانت دی دەرمانی ئێشی پاک دەردانت دی شێوە خەواڵوو خاڵ‌کوتراوت دی هەوێنی عەتر و هەم گوڵاوت دی نەمامی ساوای ناو باخانت دی تاکە جوانەکەی ئێڵاخانت دی دەوای پەژارە و غەمی دڵت دی؟ پەری‌زادەکەی سرک و سڵت دی ئێڵ و ڕەش‌ماڵی کوێستانانت دی؟ جێگەی پیرۆزی 'شەم'ی جوانت دی 'شەم'ی نەدیوە لە جێگەی پەنهان؟ بپرسێت ئەحواڵ پەروانەی بێ‌گیان نەمزانی کە 'شەم' پەیمان‌شکێن بوو لەو شەرتەی بەستمان ئەو بێ‌بەڵێن بوو ساردی کوێستانان مەیلی کردوە سارد لە باتی وەفا جەفای بۆ من نارد کەیفی زۆر خۆشە دونیای بە کامە دیارە مەیلی لای (ئیبنوسەلام)ە کوا عەشقی ڕاستی دەلیلی دیاری؟ ئەگەر تۆ ڕاستی بۆچی بێزاری؟ ڕاستم پێ بڵێ با دڵنیا بم 'قەیس' ئاسا وێڵی دەشت و چیا بم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەر ئەنێمەوە سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی شەرتە لە داخت سەرئەنێمەوە ڕۆینێ ئەڕۆم ناگەڕێمەوە سەرتاپێم ڕەش‌کەم تەرکی دونیا کەم پشت لە قەوم خوێش، ڕوو لە سەحرا کەم دڵەی پڕ دەردم پارە پارە کەم ڕیشەی جەرگی خۆم بە قەنارە کەم شەو تا بەیانی ناڵە و هاوار کەم ناحەزی بەدگۆ لە بەینا تار کەم مەگەر ئەو ساتە دڵم بێ‌خەم بێ گیانم بە قوربان دوو چاوی'شەم' بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاوار لە ئێشی سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی هاوار لە ئێشی زامانم ئەمشەو ڕەنگینە بە خوێن دامانم ئەمشەو کوا حەکیم بکا دەرمانم ئەمشەو؟ وەک ئەیووب دیدە گریانم ئەمشەو زامم بە ئێش و کارییە ئەمشەو پیشەم ناڵین و زاریە ئەمشەو یاران لەدەس‌چوو حەیاتم ئەمشەو وەک 'خضر' توشی زوڵماتم ئەمشەو بێن بە فریای گریانم ئەمشەو زیندانی تارە ژیانم ئەمشەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەو نووری «شەم»ە سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی لەو نووری «شەم»ە، لەو نووری «شەم»ە هەزار ماشەڵڵا لەو نووری «شەم»ە لەو نوورە پاکەی چەرخی چوارەمە لە شەوق و پرشنگ مانگی چواردەمە لە پێچی هاتووی ئەبرۆی کەوانی لە ڕێک وەستانی برژانگی جوانی لە قەد و باڵای ڕێک ڕاوەستاوی لە گۆنای ئاڵی، بۆنی گوڵاوی لەو تا پەرچەمەی دڵی پێ گیرە لەو پرچە لوولە وێنەی زنجیرە لە لێوی ئاڵی یاقوت نوێنی لە گفت‌وگۆی خۆش شەکرشکێنی لە چەناگەی خڕ خڕیل و چاڵی لە ژێر گەردنی ئاڵتوونی خاڵی لەو گەردنەبەرزە شووشەی بادەیە لەو سینە سپی و ساف و سادەیە لەو نیو نیگایەی سەد نازی پێیە لەو لێوە ئاڵە، لەو گوارەی گوێیە لەو دوو چاوانەی کە پڕ لە نوورە لەو سینگە سپیە وێنەی کافوورە لەو نەزاکەت و ڕەوشت سەنگینە لەو قۆڵە پڕە، پەنجە نەخشینە لەو ڕێ ڕۆیشتن و ڕەوتە ناسکە لەو سرک و سڵیەی چەشنی ئاسکە لەو توڕە بوونە لەو شیرین ڕووە لەو گەردنەبەرزە و لەو ئاسک خووە جوانیت «سەنعان»ێ لائەدا لە دین بە کەنیزت بێ گوڵئەندامی «چین» چەند سەردارانت بۆ سەرگەردانن وەک من داخ لە دڵ وا پەرێشانن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باڵندەی تیژباڵ سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی باڵندەی تیژباڵ، باڵندەی تیژباڵ قازان، قوڵەنگان، مەلانی تیژباڵ بۆم بکەونە ڕێ سا بە هەر ئەحواڵ بچن بۆ ئێڵاخ شوێنی دیدەکاڵ بگەڕێن لوتکەی چیای لەیلاخان هەوارگەی خۆشی بڵند دەماخان ئەبینن ڕەشماڵ چەند هەڵدراوە جوانان لەناویا شانیان داداوە پۆل پۆل وەک پەری نازدارانی جاف جوان و نازەنین گەردن شووشەی ساف هەموو خان‌ومان کۆڵوانە لە کۆڵ ئاڵا و واڵا پۆش، جوان و گورج و گۆڵ یەک یەک شۆخانی ئێڵی مورادی لەکوێستان لەگەڵ قیبلەم بە شادی بگەڕێن بەسەر گشت ڕەشماڵاندا سووڕ بخۆن بە لای سۆسەن‌خاڵاندا خەبەرکەنەوە خەوتووان لە خەو با ئاگاداربن ڕۆیی تاری شەو جوانان لەگەڵ شەم ڕوومەت وەک هەتاو لەوێ هەموویان ئەبینن بە چاو خۆزگە وەک ئێوە منیش مەل ئەبووم بە باڵ ئەفڕیم، بۆ جێیە ئەچووم بەهێزی باڵم ئەچووم بۆو جێیە ئەو شوێنه ئێستا ون‌بوومی لێیە تا ( شەم )م لەگەڵ پۆلی جوانان تێر بەچاو ئەدی کە دێ بۆناو ڕان ئەمە یەکێکە لەهۆنراوەکانی شاعیری مەزنی هۆزی جاف و تیرەی کەماڵەیی، وەلیدی کوڕی کوێخا محەممەد ناسراو بە (وەلی دێوانە) بۆ مەعشوقەکەی شەمسەی کوێخا قادری کەماڵەیی ناسراو بە ( شەم )، دوای ئەوەی کە وەلی شەم مارەدەکات لە (هۆبەتوو)ی ناوچەی (دیواندەرە )، باوکی شەم بە باوکی وەلی ئەڵێ کوێخا محەممەد با ئەمساڵ بە دەزگیرانی بیان هێڵینەوە تا لە کوێستان بگەڕێنەوە بۆ گەرمیان. هەر دوو لا بەچاکیان زانی، بەڵام کەس نازانێ چارەنووس چی دیاری دەکات و چی ڕێک دەخات، تا ڕۆژێ قەدەر کڵپەی بە ئاگری ناکۆکی کردوو لەسەر لەوەڕگە و پووشی دەشت ناخۆشی کەوتە نێوان هەردوو خانەوادەکە، بووبە لێکدان و یەکتری دانە بەرتەقە، هەتا شەوێک هاتنە سەر دەواری ماڵی باوکی وەلید و تەقەیان کرد لە دەوارەکانی کوێخا حەمەسوور، کوڕێکی تری دەبێت لە وەلی مناڵ تر دەبێت ئەکەوێتە بەرتەقە و ئەکوژرێ، بەمە کۆستی وەلیدی قوربەسەر دەکەوێ، دیسان کوێخا محەممەد لە تۆڵەی کوڕەکەی دوو پیاو لە بنەماڵەی کوێخا قادر دەکوژێ، ئیتر بەتەواوی ئاگری شەڕ و ئاگری دڵی وەلی کڵپە ئەکات و پەرە دەسێنێ، وەلیدی داماو ئیتر تەنانەت ناشتوانێ لەدووریشەوە شەمسە ببینێ. ئیتر لەوپەڕی نائومێدی و دوورەپەرێزی دا ئەم شیعرەی گوتووە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی چرای ڕووناک سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەی چرای ڕووناک، ئەی چرای ڕووناک فەلەک بێ مەیلە، باوانت بێ‌باک تۆ «لەیل»ی دێرین، من «قەیس»ی‌ خەمناک چۆن بگەینەیەک خوای تەنیا و تاک گەر بەسەر ڕازین پێشکەشتان بێ سەر گەر گیانتان ئەوێ گیانم بێتەدەر گەر ماڵتان ئەوێ بێ ماڵ و حاڵم شێت و سەوداسەر وێڵ و عەوداڵم هەموو هەوڵێکم گەیشتن بە تۆیە بەتەمای هیچ نیم لەم کرد و کۆیە گەر بۆ دادگا بەرم من هاوار دیارە باوکتە زاڵم و تاوانبار ئاخ بۆ «نۆفڵ»ێ کارم مەیسەر کا من بە تۆ شاد کا ناحەز بێ‌سەر کا ئەمجا بگەڕێن لە کوچە و خێڵ دا بە شوێن «پەروانە»ی ئاوارە و وێڵ دا منیش ڕووبەڕووت بە دڵ و بە گیان کەژاوەت بگرم بتهێنمە دیوان هەرگیز مەترسە کە ناوت نەنگ بێ باوکت لەم کاتە زوبانی لەنگ بێ قەوم و خوێشانت پاکی بەدناو بێ ئەم کارە بۆ من کارێ تەواو بێ من بێ سامانم بێ پارە و بێ پووڵ کرداری ئاوا قەت ناکەم قەبووڵ هەتا زیندوو بم لەسەر ڕووی زەمین من بە مەیلی تۆ ڕائەبورم ژین خۆ ئەگەر ڕۆژێ دونیات بە کام بێ هاودەمی شەوت «ئیبنوسەلام» بێ ئەوسا ئەو دەردەش با لەبان دەرد بێ تۆ خۆش بی با من هەر جێگەم هەرد بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاوار لە بەختم سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی هاوار لە بەختم، هاوار لە بەختم هاوار لە ڕەشی و ناپوختی بەختم هاوار لە ئێشی زامانی سەختم هاوار، دڵسۆزێ بێتە سەروەختم هاوار کۆست‌کەوتووی زەمانە منم هاوار بێکەس و دێوانە منم هاوار نوقمی گێژی دەرد منم هاوار ئاوارەی کێو و هەرد منم چاو بە فرمێسک و بە ئازار منم بێ‌یار و بێ‌دڵ، بێ‌خەمخوار منم ڕۆژ بێ مودارا، شەو بێ‌خەو منم فریشتەگیراو، بەخت‌شەو منم ئاوارە و وێڵی ناو شاران منم غوولی بەرەڵڵای کۆساران منم دەروون هەڵقرچاو، ڕەفێق‌کەم منم پەروانەی دەوری گۆنای شەم منم یاران تەگبیرێ، چارەیەک، کارێ دەرمانی دەردم وا لە کام شارە؟ بۆ کەسێ نییە بێتە هانای من دەرمان کا دڵی ناتەوانای من مەگەر هەر یەزدان فریام بکەوێ ئەینا هەناسەم ئەگیرێ شەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەڵامی نامەکەی ڕەنجووری لە لایان وەلی دێوانەوە سەبارەت: دیوانی وەلی دێوانە، چاپی انتشارات کردستان ١٣٨٥ کـ. هـ، لاپەڕە ٩٢ـ٩٥. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی زانای دوڕشناس، زانای دوڕشناس مەلای 'ڕەنجووری'، دانای دوڕشناس 'هەیاس'ی زانا ئەسڵ و نەسەب خاس نەتەوەی خاسان 'نیزامی' قیاس 'فیردەوسی' تووسی جامی مڵک جام 'خاقانی' خەیاڵ، 'ئەنوەری' ئەیام 'سەعدی' قسەزان دەریای مەعانی 'حافز'ی شیراز، 'سائب'ی سانی بە تاکی خوای گەورە و بێ هاوتا هاوتای تۆ ناکەن لەسەر ڕووی دونیا 'شەوکەت' نوقمی دەریای مەعناتە 'عیسمەت' لە وەسفی سیفاتت ماتە مەولانای 'زەهیر فاریابی' دەوران 'فەزڵوڵڵا'ی فازڵ 'نادر'ی خۆشخوان چەند شاعیر هەبێ بەو ناونیشانە عیلمت ئەخوێنن لە قوتابخانە غەواسی دەریای قوڵی علوومی شیعرت 'مەسنەوی' یا 'مەلامی ڕوومی' تۆ شوکر کە هەیت سایەت بێ زیاد من چیم بەم جۆرە منت هاتە یاد بێ لە پیاوەتی و گەورەیی کردن چییە هەژاری وەک من یاد کردن هەڵبەت زانیوتە هەناسەساردم لە ڕووی بەزەیی نامەت بۆ ناردم ئەوا بۆم دەرکەوت زانای دروو کەیل تۆ خاوەن لووتفی یانێ من بێ مەیل من سوێندم بەزات پاکی یەزدانە هەموو کات ناوت ویردی زوبانە هەرچەند بە خزمەت تۆ ئاشنا نیم بەڵام لە یادت ساتێ جیا نیم شەو و ڕۆژ دڵی گەرمی پەروانە ئارەزووی جارێ دیدنتە گیانە قەت وا تێ‌نەگەی گیانی شیرینم نیشانەی مەردی لە تۆ ئەبینم چیت لەناو دڵە هەر لە نەدیدە قەت لە یاد ناچێ ڕووناکی دیدە وتەت پێشڕەوی نوسراوی منە نامەت ڕووناکی دوو چاوی منە 'وەیس' چەند پێی خۆش بوو نەبی ببینێ من زیاتر هەستم بۆ لای تۆ دێنێ قەت خەیاڵ نەکەی کە لە تۆ دوورم 'دێوانە'م بەندەی مەلای 'ڕەنجوور'م ١. کاتێ ئەم هۆنراوەت خوێندەوە، ئەتوانی بڵێی کە وەلی خوێندەوار نییە؟ ! یان وەلی شوان بووە لەبەر مێگەل؟ جا تکایە بە وردی سەرنج بدە و خۆت وەڵامی خۆت بدەوە. [ڕازی] ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیوەنى ڕەنجوورى بۆ مەرگى وەلى دێوانە سەبارەت: دیوانی وەلی دێوانە، چاپی انتشارات کردستان ١٣٨٥ کـ. هـ، لاپەڕە ٩٥ـ٩٧. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی یاران بێ‌هەستم، یاران بێ‌هەستم ياران لە داخى دڵم بێ‌هەستم حاڵ پەڕێشان و دڵ ماران‌گەستم ژيان و شادى دەرچوو لە دەستم پەنگی خواردەوە هۆنراوەى جوانم خەفەت وەكوو كێو بارە لە شانم بە ڵێڵی ئەسرين لە چاو دێتەخوار ديدەى بينينم تاریک بوو یەک‌جار ئاگر لە دڵ و دەروون بەربووە دووكەڵى ئاهم چیاى گرتووە بۆ كۆچى دواکۆچ! وەلى دێوانە ناودارى عەشق، ميرزاى زەمانە خاوەنى شيعرى ئاودار و بەتام ميرزا وەلى بوو دێوانەى پڕفام خاوەن بەیت و فەرد کانگای کەماڵ بوو بەزم و نەزم تەڕ، خاوەن خەیاڵ بوو دانا وو زانا، ساحێب ئاسار بوو لە هەڵبەستى جوان پێشكەوتوو ديار بوو ویردى سەرلێوى خاوەن وەزیر بوو بەيتى پڕمانا زۆر ڕۆشنبیر بوو چراى ڕووناكى ئێڵى جافان بوو شانەى لەت‌لەتى پرچ‌كڵافان بوو دەنگى دابوەوە لە هەموو شاران بەرزى كردبوەوە ناوى ناوداران هەرچەند كەم دوێ بوو شيعرى خۆش‌تەرزە لە سایەى شيعرى تیرەى سەربەرزە 'زەند' و 'زەنگەنە'، 'جاف' و 'پاڵانی' هەموو سەربەرزن بە 'قەیس'ى سانى لە شیعرى شیرین تەواو مەشهوور بوو لە هەڵبەستى جوان 'سەعدى' دەستوور بوو نازدار و جوانى 'بن‌كوڕە' و 'زەهاو' خانەدانانى ئێرە و ئەوبەرئاو هەميشة دڵشاد بە شيعرى خۆشى عەشقیان گەرم كا عەشقى لە جۆشی سينگى سەدەفى گەنجينەى دوڕ بوو دڵ و دەروونى لە زانين پڕ بوو زوبانی ڕەوان 'زەنگەنە' وو 'زەند' بۆی بەجێ هێشتین ئامۆژگاری و پەند حەیفە حەیف چەرخی چەواشەی چەپگەرد میرزای هەڵکەوتووی ئەمڕۆی ئێمەی برد بادەی مردنت بە زۆر پێ نۆش کرد ڕووی لە جیهانی کپ و خامۆش کرد کێ بێ لە دوای ئەو ئاوا بتوانێ؟ کێ ڕەسم و قانوون 'مەجنوون' بزانێ؟ کێ مەدح و سەنای باڵای جوانان کا؟ کێ نووری چاوی پێشکەش چاوان کا؟ کێ پەروانە بێ بۆ شەم جەبینان؟ کێ بێ سەناخوان پەرچەم‌موشکینان؟ کێ لە بای شەماڵ بپاڕێتەوە؟ کێ بەرد بە ئاهی بتاوێتەوە؟ دوای مەڕگی بەڕێز میرزای پڕمایە خۆزگە ئەم چەرخە هەڵبگیرایە خوایە ڕووی ڕەحمی لێ بدەرەوە لە بەهەشتی خۆت جێی بکەرەوە ڕەنجووری بۆ مەرگ میرزای دێوانە ئاخ و داخییە لەدەس زەمانە ++++++++++++++++++++++