شاعیر: ڕازی کتێب: هۆنراوەکانی وەلی دێوانە (شەم و پەروانە) سەرناو: جوانی ژێر ڕەش‌ماڵ سەبارەت: دیوانی وەلی دێوانە، لاپەڕە ٧١و٧٢. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی فریشتەی بەهەشت، جوانی ژێر ڕەش‌ماڵ کەوی سەر چینە، خاوەن خەت و خاڵ 'شەم'ی شەفابەخش، شادی پەروانان سەرکردەی پۆلی دیدەقەترانان ئاسکی سەرکەل، لە تیرەی تەتار سرک و دیدەمەست، سبەینان دیار گفت‌وگۆ شیرین، پێشڕەوی جوانان نازداری خێڵان، شای نەونەمامان ئاسکی خۆش ڕەو، لە هەردی ئێڵاخ چەند ڕاوچیانت ڕاو کردن بە داخ ئای چۆن تیرێکت داوە لە جەرگم زامی بە ئێشە تا ڕۆژی مەرگم من ڕاوچی ناشی، تۆ نەچیری چاک دەرچووی لە چەنگم ئازانە بێ‌باک مەگەر بەزەیی خواوەند بێتە کوڵ بولبولی دڵم شاد بکا بە گوڵ ئەینا من ڕاوچی دەشتی مەینەتم هەتاکوو مردن کەیلی خەفەتم ++++++++++++++++++++++