شاعیر: ڕازی کتێب: هۆنراوەکانی وەلی دێوانە (شەم و پەروانە) سەرناو: لە شەم جیام من لە «شەم» جیام من، لە «شەم» جیام من «پەروانە»ی پەشێو لە «شەم» جیام من مەجنونی وێڵی دەشت و سارام من مەئیوسم لە «شەم» چارە سیام من شێت و سەرگەردان لە خێڵ جێ‌ماوم وێڵ و دەربەدەر عەقڵ شێواوم بێ‌کەس و تەنیا، بێ‌هاودەم ماوم لە گێژی دەریای خەما خنکاوم ڕەش‌تر لە بەردی هەواران منم دەربەدەرماوی دیاران منم کەوتووی توناوتون توونی «تەبەس»م جەفای بەبێ‌سوود ڕەنج بە عەبەسم دەرد و ئێش وەک کێو بارە لە شانم بۆدیدەنی «شەم» هەر چاوەڕوانم هاودەمی وەحشی و جانەوەرانم ئەشکەنجە و ئازار بارە لە شانم چاوەڕوانی ڕێ‌ی یاری کوێستانم دڵ پڕ لە حەسرەت چاو بەگریانم بێگانەی قەوم و کەس و کارم من نائومید لە «شەم» پڕ ئازارم من تا کاتێ ئەمرم دڵ‌مەحزونم من گڕی عیشقی «شەم» لە دەرونم من ++++++++++++++++++++++