شاعیر: ڕازی کتێب: هۆنراوەکانی وەلی دێوانە (شەم و پەروانە) سەرناو: نازداری جافان نازداری جافان، نازداری جافان نازداری بێ‌عەیب تایەفەی جافان پێش‌ڕەوەی پۆلی ئاسکی سەرشاخان گوڵی سەرکردەی گوڵی ناو باخان ئاسکی کەژاڵ، چاو لە دەشت و دەر توند و سرک و گورج لە سێبەر سڵ‌کەر لە تیرەی تەتار شۆخی شیرین‌خاڵ خاوەن خەت و خاڵ خەتا و خوتەن ماڵ جێگەت سازگار لە بەرزی کوێستان ڕاوچیانت وێڵ دڵیان پڕلە ژان ئەبرۆ وەک کەوان چالاک و چاوڕەش لە دەست و تیرت ئەتکێ خوێنی گەش گۆنە و لاجانگت هەتاوی قەدپاڵ باڵندەی توندڕەو شمقاڕی تیژباڵ چرای ڕووناکی هەموو ڕەش‌ماڵان ناوت ویردی لێو خاوەن ئیقباڵان بە کوڵمی گەشی پڕ لە نوورەوە... کێت نەدابەدەم ئاگری سوورەوە؟ بەو برۆ ڕەشە تۆخ و قەترانە... خانەی چەن دڵت کردە وێرانە بەو چاوەگەشەی سورمە تێ‌کراوە... موژەت لە خوێنی کێ وەرنەداوە؟ بەو نیونیگای ناز، بەو لەنجەولارە... ئاخر جەرگی کێت نەکردووە پارە؟ بە ڕەوتی نەرم و لەنجەو هاتووچوو... بڵێ کێت نەکرد بە باوک مردوو؟ بە گەردەنی بەرز شوشەتەزەوە... بە پرچی لول و باڵای بەرزەوە... توخوا دڵی کێت تۆ نەستاندەوە؟ خانەی ژیانت نەڕوخاندەوە؟ من لە داخی تۆ جەرگم بوو توێ‌توێ هەر داخە دێتە سەر داخانی نوێ ++++++++++++++++++++++