شاعیر: هەردی کتێب: ڕازی تەنیایی سەرناو: تەپڵی بەتاڵ سەبارەت: ١٩٨٣ وەم زانی کە نامووس و حەیا نرخی کوڕانە ڕاستگۆیی، وڵات پەروەری ئەنجامی ژیانە نەمزانی براکەم، هەموو ئەم ناوە زلانە وەک تەپڵی بەتاڵ، گەرچی زل و گەورەیە دەنگیان دەسکردی خەیاڵن لە ژیانا نییە ڕەنگیان! نەمزانی ئەتیکێتی سەدەی تازە ڕیایە! ئادابی لە لایە ئەوی وەک لۆتی وەهایە فیزی ئەم و ئەو هەڵئەپەڕێنێ بە سەنایە کێ باوی هەبوو نۆکەرە ئەو، گوێ ئەلەقێنێ مەیموونە، تەشی ڕێسە، بە دڵ پیا هەڵئەخوێنێ! بەم جۆرە ئەڕۆیشت و لەبەر خۆیەوە ئەیووت: بڕوا کە نەکەیت یا کە نەبێ ئێستە کە دەمکوت فەرموو ئەوەگەل چۆنی ئەڵێم وایە کوت و مت گەورەی کە لەبەر پارە تەشی ڕستنە پیشەی بچکۆلەکەشی نۆکەرییە کاری هەمیشەی چەند ساڵە لە ڕێی ئەم گەلەدا، من کە ئەسووتێم کەس نرخی نەزانیم و هەتا تێنەگەیی لێم سا شەرتە کە میللەت ئەمە بێ، بیخەمە ژێر پێم هەرچەندە بەسەر زاری ئەبێ گەل مەبەسم بێ بۆ شوێنە ونی بەرزیی ئەو گورزی دەسم بێ ئاوا بە ڕق و کینەوە هەنگاوی ئەنا بۆی پیلانی ئەکێشا بە خەیاڵ و خەوی بێ شۆی تا گەییە تەلارێک و کەمێ هاتەوە سەر خۆی وەک دوو دڵی یەک قاچی ببەستێتەوە تاوێ وەستا و لە پاشا چووە ژوورێ بە شەقاوێ لەو ڕۆژەوە هەرچی کە ئەزانی و نەئەزانی لەو کۆشکە هەڵی ڕشت و فرۆشتی بە نیهانی کۆتایی بە ژینی لەوە پێشی بەوە هانی لەو ساوە قەڵەمبازی ئەدا پایە بە پایە بۆ هەڵمەتە کاسەی گەلەکەی بوبووە سایە ئینجا کە گەیی ئەو بە پلە و پایەیی ئەمڕۆی کۆبوونەوە لێی پایەپەرستانی وەکوو خۆی تاکوو بە تەشی ڕستن و بادانی درۆ بۆی سەودا لە پەنایا بکەن و جێ بفرۆشن پاڕوو بگلێنن بە شەو و بادە بنۆشن شەو مێزی شەرابی کە ئەڕازایەوە بۆ کۆڕ ڕووناکی ئەبەخشی لە شەوا ویسکیی سەر مۆر جا پێک و سەری گەرم و قسە و بابەتی سەد جۆر هەر پەخشی ستایش بوو بە سەر کاکی بەڕێزا هەر گوڵ ئەکرا جا بە یەخەی خاوەنی مێزا تەنیا کە ئەبوو یا خەفەتی کاری ئەکرد تێی ئەیدی کە قسەی هاودەمەکەی دێتەوە بەر گوێی بەم شێوەیە ئەیخوێندەوە ئەو نامەیە بۆ خۆی فەرمووتە ئەوەی خزمەتی ژێردەستی مەبەست بێ پێویستە وەکوو ئێوە مەزن بێت و بەدەست بێ پاکانە ئەکەیت بۆ هەوەسی نەوسن و برسیت؟ ! گوایا کە لەبەر خزمەتی گەل عاشقی کورسیت؟ کورسیت کە هەبێ دادی گەلی لێوە ئەپرسیت؟ قوربان! بە چ ڕەنگ پێت ئەکرێ خزمەتی کونجێ تا سوودی لەگەڵ سوودی سەری گەورە نەگونجێ خۆ گەر بیەوێ ئەو سەرە پیلانێ بتاشێ یا بۆ گەلەکەت سازی بکا کوورە و ئاشێ ئەیبینی کە لەم دامەیەدا ئەتکەنە داشێ! ئەوسا مەزنیت، دەرئەکەوێ خەون و خەیاڵە ئەو گەورەییەی ئێوە وەکوو تەپڵی بەتاڵە! هەرچی وتبوو هاودەمەکەی گشتی وەها بوو پیلان و گەل و ڕۆڵەیی گەل ئاگر و کا بوو بۆ سوودی کەسانێ، ملی چەند ڕۆڵە شکابوو! لەم نەقشەیەدا، کاکی مەزن، پیادەیی شا بوو لافی مەزنی و گەورەیی ئەو هەر وەکوو با بوو! *** ئەوسا قسەکەی هاتەوە گوێ زۆر بە زوڵاڵی تۆ دەنگی دەهۆڵێکی وە یا تەپڵی بەتاڵی ++++++++++++++++++++++