شاعیر: هەردی کتێب: ڕازی تەنیایی سەرناو: شۆڕشی نائومێدی سەبارەت: سلێمانی - ١٩٤٤ بناغە و چینی دیواری تەلاری بەرزی دڵداری بە سەر لانەی دڵا ڕووخا، تەپوتۆزی خەمی هێنا بەدووی باڵداری ئاواتی، فڕیوی بێ سەر و شوێنا دەسا ئەی پاییزی ماتەم، ئەوەندەم تاسە پێ ماوە هەموو ئەو یادگارەی لەو ژیانی عەشقە جێ ماوە بەجارێ وەک گەڵا سروەی خەزانت گشتی ڕاماڵێ بەوردی هەر گەڵایێکی، ببا بۆ قوژبن و چاڵێ *** دەبا باڕەش لە دواییدا لە بیابانی.. لماویدا تەپوتۆزێکی وا بێنێ، هەوا یەکجاری بخرۆشێ سەری ئەو قوژبن و چاڵە، وەکوو گۆڕیچکە داپۆشێ لەپاشانا بە بای وەشتا، لەسەردا هەوری ڕەش بێنێ بە گۆڕی یادگارا، با بەخوڕ تاوێ ببارێنێ دە با بمرێ بەیەکجاری لە گۆڕی تەنگ و تەنیادا نیشانە و ناوی هەڵگیرێ لەناو بازاڕی دنیادا *** بەڵێ با گەردەلوولێ بێ ئەوی بۆنێکی تۆی لێ بێ وەکوو ئەو پووشە ڕاپێچی بکا بۆ گۆڕی تەنیایی بە گوێیا با بچرپێنێ نقامی عومری کۆتایی پەپوو هاوڕازی وێرانە و نیشانەی مەرگی ڕووناکی بە دەنگی شوومی با شیوەن بکا بۆ گیانی ناپاکی لەسەر ئەو دەنگ و ئاوازە، دە با شەیتانی ڕاڕایی سەمای پڕ تەوسی بێ شەرمی بکا بۆ عەشقی کۆتایی *** دەبا دەستی ستەمکاری ژیانی پڕ لە زۆرداری لە یادا بیسڕێ شێوەت لە یادی ژین و گەردوونا بەبێ ڕەحمانە غەرقی کا، لە بەحری قووڵی ونبوونا ونی کا با لە بەر چاوم، نیگای چاوانی فێڵاویت گوڵی بێ بۆنی جوانیت و بزەی سەر لێوی ژەهراویت بە تاپۆی یادگاری تێکشکاوی بێ سەر و پێوە بە دڵداری عومری کورت و شەوانی جوانەمەرگێوە ++++++++++++++++++++++