شاعیر: مارف ئاغایی کتێب: زەوی سەخت و ئاسمان دوور سەرناو: ئازادی کام ئازادترین: من یا باڵندەی قەفەس؟ بستێکە بەینی: ئەو ڕزگاری، پەت و گەردنم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوات ماسی، میوانی خەونی گۆمێک بوو. ڕێبوارێک بەردی هاویشتە نێو گۆم گۆم توند ڕاچەنی: خەونم هاتە دی؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاویلکە گۆڕستانی وڵاتی منسەدان گۆڕی چاوەڕوانی تەرمی لێیە. زیندوو بوونتان بسەلمێنن، دەنا لێرە وەنەوزیش هەر ئاویلکەیە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوێنە کە گرژ و تووڕەت دەبینم، دەڵێم بریا ئاوێنە بام: هەر جارێ کە چاوەکانت وێنەی تۆیان لە ڕوخسارما پێ دەنواندی، هێندە گرێ و خەمەکانتم دەخواردەوە تا لە ڕوخساری من دەنیشت پەژارە و گنجی نێوچاوان؛ تۆش دەبوویە ئاوێنەیەک: بێ گنج و جوان. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەزموون تەنیا یەک جارهەڵفڕین تەجرەبە دەکا گەڵا: لە پاییزدا لە لکەوە هەتا زەوی. ئەمنیش تەنیا یەک جار ژیان لە گریانی کاتی لە دایک بوونەوە تا فرمێسکی دەمی گیان دان. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوینی ئەفسانەیی گڵۆپێک و ئەو گوڵەی والە ژێریا پشکووتبوو، ڕاز و ڕەمزی ئەوینێکی ئەفسانەیی یان لە دڵدا بوو. هەموو شەوێ گڵۆپەکە لەنێو ڕۆحی تیشکەکانیا ئەتوایەوە و بەسەر باڵای گوڵا دەکشا. گوڵیش لە سۆزی ئەم عیشقە هەر بە سەما بۆ باوەشی گڵۆپەکە هەڵدەکشا. زۆری نەبرد گوڵ بە دەستی خەزان ژاکا. هەر ئەو شەوە گڵۆپەکەش لەنێو گڕی خەزانی ئەوینا سووتا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باران باران! ئەی ئەزموونی لە دایک بوونێکی ئاسمانی ومەرگێکی دەریایی؛ بۆ زەوی وادەی چی پێ دابووی، کە هەوری دڵدارت بە جێ هێشت؟ باران ئەی کۆچکردووی وڵاتی ئەستێرە و هەور و با کێ هەیە بۆو لاوکە ئاسمانییەت گوێ هەڵخا؟ باران تۆ خاچێکی سەرگەردان : سەرێکت لە ناخی سووڕانی زەویدا و سەرێکت لەنێوان گەڕانی هەوردا. باران! ئەی ڕێبواری ڕۆژانی بێ خۆر و شەوانی بێ مانگ و ئەستێرە! باران! ئەی پاکترین هاوڕەگەز بۆ گریان! منم من بۆ مەرگی تۆ گریام ئەی مرۆڤترینی دڵداران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بای بسکان هەتا شنەبات شێت نەکردووە ونەبووە بە تۆفان، لێچکەکەت لادە، بالە ڕەشماڵی بسکەکانتا بگیرسێتەوە. نەکەی جڵەوی بسکی ڕەش شل کەی، کە من زۆر ترسم لە ڕەشەبایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برووسکە شیرین! ئەی کیژی تەشی ڕێس ئێمڕۆ دەبێ، هەموو هەورە گەڕۆکەکان کۆ کەیەوە، برووسکەیەک دەستەمۆ کەی. زۆر لە مێژە ئەم وڵاتە بێ بەهارە بەرگی سەوز ناکاتە بەر. تەشی با دە، برووسکەکەت لە ڕانی ئاسمان بخشێنە و ڕیزڕیز باران –وەک داوە بەنی بادراو– لە کەڵافی ئەم هەورانە ببارێنە، با کیژی تۆریاوی سروشت بۆ بەهاری ساڵی تازە بەرگی سەوز بۆ بەژنی ئەم خاکە بچنێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ کۆچی باوکم بەر پەنجەرە، دەست بە ئەژنۆ، سەر لەسەر دەست، گوێم بۆ ئاهەنگی دیداری باران و خاک ڕاداشتووە. چەند دڵۆپێک بە گۆنام دا دەڕژێتە خوار؛ دڵۆپەی باران! ؟ نا بابە گیان، ئەوە یادی مەرگی تۆیە ئەمنیشی خستۆتە گریان. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ؟ دار نیم، لە هەر شوێنێک ڕوابام نەیانتوانیبا ڕام گوێزن؟ با نیم، بۆ هەر شوێنێک ڕۆیشتبام نەیانتوانیبا ڕام گرن؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیر دارتاش داری قەفەسێکی دادەتاشی، ڕاوچییەک داوی دەتەنی؛ شاعیرێکیش بە دەم بیری: شکانی شووڵی قەفەسێک، پسانی ڕایەڵی داوێک، هەڵفرینی باڵندەیەک دەتلایەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ تۆیی شەوەکانم پڕن لە تەنیایی من و بێ تۆیی تۆ. شەوێک دووریی لەگەڵدا بێ درێژترە لە سەختەڕێی لە دایک بوون هەتا مردن. ئەوە چرام کوژاندەوە، چاوم وێک نا، هەموو دونیام فەرامۆش کرد ئەوە خەوتم. بەڵام چ بکەم، خۆ هەر شەو نا، خەوەکانم پڕن لە تەنیایی من و بێ تۆیی تۆ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەر ئاگردان سوارچاکی «گەرما»سواری ئاگرە، کەمەندی دووکەڵ دەخاتە گەرووی دێوەزمەی سەرما. دەسکێشی سپیی بەفری سەر پەنجەم دەبێ بە ئاو و خوێنی گڕ بەنێو کۆڵانی ڕەگما هاتوچۆ دەکا. سووتان! لە مێژ بوو بە دواتدا وێڵ بووم. تۆش ئەی خۆڵەمێش! چ ڕۆژگارێکە شوێنت هەڵگرتووم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەفر مرۆڤ کە مردلەنێو کفنێکی سپیدا دەیپێچنەوە. سروشت کە مرد، لە بەفرێکی زستانیدا دەیشێرنەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڵێن ئەگەر ڕووبار، گەڵای تەرمم هەتاکوو نێو دەریا ببا، من ئامادەی هەڵوەرینم. ئەگەر ئاسمان، مەلی ڕۆحم تا ئەوپەڕی بێ کۆتایی ڕێگا بدا، من ئامادەی هەڵفڕینم. من ئامادەی توانەوەم، هەڵمی لەشم دە باوەشیدا ڕاگوێزێ ئەگەر هەور. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهار ئەی خونچەی دەمتتاقانە خونچە: لە پاییزیشا شکۆفە دەکا. ئەی گوڵی کوڵمت تاقانە گوڵێک: لە زستانیشا سووری شەڕابی. ئێستا چ وەرزە؟ لێم نادیارە؛ هەر کات کە خونچەی دەمی تۆ پشکووت بۆ من بەهارە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تراویلکە بە تینوایەتیی خۆم ڕادێم، ئەگەر سەمای بریقەداری تراویلکەکان لێم گەڕێن. لە تەنیاییمدا دەپشکوێم، ئەگەر هەناسەی پاییزیی ئەم ئاشنا نامۆیانەم لێ دوور کەوێ. هەر بە یادی تۆوە دەژیم ئەی ئازادی! ئەگەر یادە تاڵەکانی ڕۆژانی نێو زیندانەکان دەست لە ئازارم هەڵگرن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: توانەوە تۆ وەک گڕی شەمێک دەچیئەمنیش وەک بەژنی ئەم شەمەم. دڵنیا بە، هەر کاتێکی هەموو گیانم لە عیشقتا بتوێتەوە گڕی ژینت ئەکوژێتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تووڕە لە ئێوە تووڕەمچاوێ لە گنجی نێو چاوانم کەن: وەک هەوری پڕن. ها... کە تووڕەییم پەرە بستێنێ و برووسکەی هەور بتانسووتێنێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تینوو چۆن بەو شەپۆلە ویشکانەیڕۆحی ئاویان لێ دزراوە تینوایەتیمان بشکێنین؟ چۆن بەو ئاورە بێ گرفانەی کە گەرمایان پێ نەماوە لەم قالبە سەهۆڵینە بێینە دەرێ؟ ئەرێ دایە! بۆچی هەموو ئاوەکانی ئەم دنیایە بە قەد ماچێکی سەردەمی منداڵیی تۆ تینوایەتیم ناشکێنن؟ بۆچی ئاورەکانی ئیمڕۆ گەرمای دوێنێی دەستەکانی تۆیان نییە؟ دایە! دایە! سەر هەڵدەگرم مەڵێ بۆ کوێ؟ سەر هەڵگرتن شوێنێکی تایبەتی نییە. هەر دێمەوە؛ مەڵێ کەنگێ؟ گەڕانەوە کاتێکی تایبەتی نییە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەرزە لە مەرگەساتی نێوان دوو ڕووداوی لە دایک بوون و مردنداژیان کەپری ژێر تەرزەیەکی ناوەختە و منیش نەوەی بێ ئاگری زەرتەشتی پیر. هیچ کەس نییە بڕوا بکا ئەم مەشغەڵە بێ ئاگرە سەراوەژوو هەڵواسراوە، ڕۆژێک گڕکانی ئاگر و ئەم خۆڵەمێشە ڕەشپۆشەی وا خەریکە کفنی بەفر، غەمناکانە دایدەپۆشێ ڕۆژێک سەکۆی سەمای کچی ئاور بووە. لە تەنیایی بەربەرین و بێ بڕانەوەی ڕۆحی خۆمدا دەتلێمەوە، هیچکەس نییە خەونەکانم بڕوا بکا و من دەترسێم با و بۆران شانازیی سەر کێلەقەبری پێشینیانمان بسڕنەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەعبیر ئەمشەو بینیمبۆ هەمیشە لێک هەڵبڕاین: دەڵێن خەون بەپێچەوانەی ڕاستییە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنگەبەر بارانی مردنلە دەور و بەرم بەخوڕ دەبارێ بای زەمان بەلەز لە بەری هەڵدێ؛ «بە با و بە باران هەر عومری بەفر کەم دەبێتەوە.» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنیا چەند ڕۆژێکە کوڵی گریانێکی خەستم هەڵگرتووە و‌هیچ دڵپڕێک، چەند مانگێکە گەرووم پڕە لە ئاواز و هیچ بیسەرێک، چەند ساڵێکە دیوانم پڕە لە شێعر و هیچ خوێنەرێک، نادۆزمەوە کە فرمێسک و ئاواز و شێعرم جێ بێڵم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنیایی لەو دیوی پەنجەرەکەدا: چنارێکی گەڵاوەریو، هەڵدەلەرزێ و بایەکی سڕی پاییزی لەپێش چاوی، گەڵاکانی نوقمی گەردەلوولێ دەکا. لەم دیوەی پەنجەرەکەدا: کەسێ دیارە دوایین دەستەچیلەی یادی، بە ئاگردانی تەنیایی خۆی دەسپێرێ و وردە وردە خامی سپی بەسەر خۆی هەڵدەکێشێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە لەم سنوورانە قەڵسمگشت لایان لێ تەنیوم. خۆزگە توانیبام لەنێو جیهانی بێسنووری چاوانی تۆدا بژیم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆشم دەوێی، لێشت تووڕەم سەبارەت: بۆ دۆستی شاعیرم جەلالی مەلەکشا (١)دیسان دووکەڵێکی ڕەش و هەناسەی تۆ، دیسان کۆڵانی غەریبی و سێبەری تۆ، دیسان جانتای ئاوارەیی و سەرشانی تۆ، دیسان، دیسان زاری کراوەی کەلەبچە و دەستانی تۆ. تۆ چەندە بارێکی قورسی بەسەر لاشانی غەمەوە. چەمۆڵەیەکی چەند مۆنی بە نێوچاوانی تەمەوە. (٢) هەور وەک تۆ بە گریان ئاشنا نییە ژان وەکوو تۆ بە ناخی هیچ برینێکدا ڕۆنەچووە. هیچ بێشەیەک لە خەزانی تەمەنیدا نیو ‌هێندی تۆ گەڵا و لک و پۆی ئازاری نەوەریوە. تۆ چەندە بارێکی قورسی بە سەر لاشانی غەمەوە چەمۆڵەیەکی چەند مۆنی بە نێوچاوانی تەمەوە. (٣) ئاویەر نەیتوانی ‌‌‌غەمی تۆ لە کۆڵ بنێ، ناردی بۆ سەر شانی دمدم. زرێبار لە دەستی نەهات تۆزی غەمی سەر سیمای ون بووی تۆ بشوا لە نێو زەریاچەی ورمێی خست. لەو کاتەوە من ئاوارەم بە شوێن چیا و دەریایەکی ئەفسانەیی! (٤) چۆن کۆڵەکەی ساوای بەژنم ئەم ئاسمانەی غەمی تۆی پێ ڕادەگیرێ؟ کوا بە کانیاوی چاوانم دەریای فرمێسکی غەمی تۆ هەڵدەگیرێ؟ (٥) لەنێو لەتی ئاوێنەی چارەنووستدا خۆت لێ ون بووە، بیر و هەنگاوی تۆ، هەرگیز یەکتریان پێ نەدۆزراوە، ڕێگا لەگەڵ ڕێبواری ساڵانی پێشووی ئاشت نەکراوە. (٦) ناتوانم دەست لە دەستت نێم: پۆلوویەکی گەشاوەیە، دەمسووتێنێ. ناتوانم نا، نزیکت بم: ئەم هەناسەت تەنوورێکی قانگ دراوە دەمخنکێنێ. خۆشم دەوێی، لێشت تووڕەم. خۆشەویستیم دەریایەکە تووڕەییم: دڵۆپ. زۆرجار دڵۆپ، ئەم دەریایە هەڵدەلووشێ. خۆشەویستیم: ئاسمانێکە تووڕەییم: ئاسمانێکە تووڕەییم: پەڵەیەک هەور. زۆرجار هەور، ئەم ئاسمانە دادەپۆشێ. (٧) تا کەنگێ مێروولەی لەشت باری قورسی سەرت لە سەر شان دابنێ و لە ئاوارەیی بۆ زیندان لە زیندان بۆ ئاوارەیی بتلێتەوە؟ کەی چاوانی بێ تاوانی کۆرپەکانت دەرگای پێڵوو لەسەر نیگای باوکانەی تۆ بکەنەوە؟ ئیزن مەدە لەوە زیاتر ئاوری ڕۆژگار دووکەڵەکەی لە هەناوتا جێ کاتەوە. گۆشەی زیندان بۆشاییەکەی بە لەشی تۆ پڕ کاتەوە. (٨) ئەوە چەند جار خۆشەویستیم کرد بە هەتاو، دووکەڵێک بوو بە سێبەرت؟ با ئەو جارەی سێبەری خەستی تووڕەیی بەسەر باڵای تۆدا بکشێ! ڕەشەبای شێعرێکی سەرکێش بۆ نێو هەناسەی تۆ بخوشێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆشەویستی ئاسمان بە قەد منئەستێرەکانی خۆش ویستبایە، هیچ ئەستێرەیەک دانەدەڕژا. زەریا بە قەد من ماسییەکانی خۆش ویستبایە، هەرگیز دەنووکی ماسیگرەکان نەدەبووە تابووت. چیا بە قەد من بەفری خۆش ویستبا، یا هەر چوار وەرزان بەفری دەماوە، یا خۆیشی لەگەڵ ئەوا دەتواوە. بەڵام داخەکەم ئاواتم: ئاسمان، زەریا و چیایە خۆیشم : ئەستێرە و ماسی و بەفرم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەو ئەی چاوەکانم، من بێشەی سەرم تاکەی ڕاژێنم؟ سواری سەرباڵی کام خەیاڵتان کەم ئێوە بنوێنم؟ هەرچەند ئەزانم کە بای هەناسەم تۆزی خەرمانی خەمی دەروونم بۆ ئێوە دێنێ؛ بەڵام گوێ بدەنە ئاهەنگی دڵی ماندووم کە دەڵێ: «هەی لایەلایە، ڕۆڵە لای لایە دەبنوون درەنگە، بۆچ خەوتان نایە.» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەون لەم مێژووە پڕ دووکەڵەچۆن دووکەڵی ماڵ سووتان و تۆپباران و کیمیاباران لەنێو ئەم ڕووبارە لێڵە چلۆن ئاو و فرمێسک و خوێن لە یەک جیا دەکەیتەوە؟ تۆ لەنێو خەونی ژیاندا دەخولێیتەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داوا کاتێک شێعری خۆشەویستیی تۆ دەنووسم—دەست بە تکا— وشە دوای وشە چاوەڕێن، دە پێم بڵێ ئەمن کامیان هەڵبژێرم: خاک، نیشتمان، وڵات یا زێد؟ کاتێک فکری دووربوون لە باڵای تۆ دەکەم —دەست بە تکا— یەک بەدوای یەکدا چاوەڕێن، دەپێم بڵێ ئەمن کامیان بە جێ بێڵم: ژان و ئازار یا دەرد و ئێش؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڕدۆنگ هەورەکان بە یەکدا نادا: نەک برووسکە بیسووتێنێ. بێ بارانەش: تینوایەتی دەیخنکێنێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵنیایی چۆن دەتوانی لە نیشتمانی شێعردا سەر هەڵبدەی، گەر نەتوانی متمانە بە وشە بکەی؟ چۆن دەتوانی سەر بنێیە سەر سەرینی خۆشەویستی و نیگەرانی خەونی خیانەت نەبی، ئەگەر نیگا دڵنیاییت پێ نەبەخشێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیدار ژوورەکەی تۆلەنێو گەرووی پەنجەرەیەکی کراوە هەوای تازەی هەڵدەکێشا وە من تەق... تەق لە دەرگام دا. چاوڕەێ بووم دەستێک دەرگا بکاتەوە دەستێکم دی: پەنجەرەش دادەخاتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستی خەزان کە پاییز هاتهەموو شەوێ وەک گڵۆپێ بەسەر لکی دارەکانا شۆڕ دەبمەوە دەبمە چاوی ئەو گەڵایەی دەستی خەزان لە دەفتەری ئەم دارستانە دەیدڕێ، با کوێرانە بەرەو مردن ڕێگە نەبڕێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زیندان ئا لەو ڕۆژەوەچاوم لە بەند و زیندان ترساوە، دەرگای زیندانی ئەم ترسەم لەسەر گاڵە دراوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێ هەنگاو تا مەرگ خەونووچکە کایەی پێ دەکا: وەک چۆن ڕێبوار لکی داری بەرەو زەوی ڕادەکێشێ و لە ناکاوا بەری دەدا. شەو قاقا بەم پێدەکەنێ: وەک چۆن لمی قەراغ زەریا بە دوا پەلەقاژەی شەپۆل. مردن دەرگای دەکاتەوە: وەک چۆن گورگێکی چاوبرسی بۆ نێچیرێ زار لەبەریەک دەباتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرگەردان دیتنەوەت چ سەختە، تەنانەت ئەو دەمەی پێکەوەین. ونبوونت چ دژوار، تەنانەت ئەو دەمەی لێک دوورین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەفەری مەرگ و ژین بارانە و دەبارێ، سەرتاپای ڕۆحی من تەڕ بووگە ولە پەڵەی هەورێکی چڕ زیاتر هیچی تر شک نابەم کە بیکەم بە چەتر. تۆفانە و هەر تەنیا ژێر باڵی شەپۆلێکی یاخی، زریانە و سەرشانی قامچییەک، گریانە و هەر فرمێسک شک دەبەم کە پەنای بۆ ببەم. ئەم ڕێیە هێندە دوورە، وەک باڵای باران بێ لە زەوی ڕاخرابێ. ئەم ڕێیە بەستەڵەک، وەک باڵای تەرزە بێ. ئەم ڕێیە بەرتەسک، وەک پردی برووسکە. هەنگاوم هەر ئەڕۆن. وەک ئاوێک کە تازە لە دەستی بەنداوێک ڕزگاری هاتبێ. چرای چاو، گەش دایسێ وەک تازە چەخماخەی لێ درابێ. دەبێ تیژ وەک خەون، ڕێ ببڕم دەستانێک دەبینم خەریکن کە ئاسۆ ڕاگوێزن. ئەم ڕێگا درێژە تۆمارە و چیرۆکی شکانی لەسەر سینگ نووسراوە. لە ڕەگی لەش زیاتر چەمی خوێن بە نێویا گەڕاوە. ڕێگایە و هەر ڕێگا، هەر ڕێگا هەڵدێم و کەروێشکی بازرەی هەنگاوم سێبەری تفەنگی چەند ڕاوچی لەسەرە: –ناتوانن بتگرن، ئاو دەتکا بە ئاو و دار بە دار بەرد بە بەرد تۆ هی ئەم خاکەیت و لە تیرەی بەرد و ئاو و خاکیت– سەرمامە و کڕێوە لە بەژنم ئاڵاوە. برسیمە و سەهۆڵی کەشک‌ئاسا بۆ توێشووی ئەم ڕێیەم دانراوە. بێ پەنام، هەر ڕنوو مەنزڵمە. تەنیام و هەر تەمەن هاوڕێمە. ئەم سیما ماندووەم لە قابی ئاوێنەی سەهۆڵا دەبینم. بە ناچار جاروبار پێ لەسەر سەری خۆم دادەنێم. جارجارە وێنەکەم دەیبەستێ و ناتوانم کە دەری بهێنم، جاروبار سەهۆڵە دەشکێت و گنجێکی تازەتر، ڕێی پیری لە دەشتی نێوچاوان خۆش دەکا. بەرەو خۆر ڕێ دەبڕم، لە سەرمان کەم ماوە ڕەق هەڵێم. وەک کانیی ویشک کراو لە حەسرەت چەند دڵۆپ ئاودامە پێی بگریم! ئەم ڕووحە تینووەم بە ڕووباری ئاگر ئاو دەدەم. هەر تەنیا پێنووسی برووسکە دەتوانێ ئەم مێژووە پڕ هەڵس و کەوتانە بنووسێ. هەر هەور دەتوانێ ڕایگوێزێ. مێژوومان شێعرێکە: لە هەوەڵ بۆ ئاخر، لە ئاخر بۆ هەوەڵ، خوێندنەوەی هەر یەکە. مێژوومان دەستێکە دەیان جار، لە یەک کون مارپێیان وەداوە. ڕێبواری نێو مژێکی خەستە و دەیان جار هەر دەوری خۆی داوە. هەرێمی مەرگ و ژین دەپێوم ئەم دڵە تەنیایەم پێم دەڵێ: چلۆن گوڵ ناتوانێ بۆن بە «با» نەسپێرێ، چۆن سنوور ناتوانێ ڕێی خەون ببەستێ، چۆن تاڤگە ناتوانێ دەنگی خۆی بێدەنگ کا، منیش قەت ناتوانم کە هەنگاو بەم ڕێیە نەسپێرم. کە کێڵگەی ئارەزووم بە تیشکی خۆرەتاو نەدێرم. تەرزەیە و دەبارێ، هەر دەنکەی خەنجەرێک ئەم ڕۆحە زامدارەم دەجنێت. زریانە و خەرمانی خۆی بە سەر برینم دا دەکا. زیندوومە و تەمتومان خەڵاتم بۆ دەبڕێ. هەنگاوم بە دەریا دەسپێرم: دەریایەک بەرهەمی ڕووباری تراویلکە. چاوەکان بە ڕەنگی خۆڵەمێش ڕادێنم، چووک دەشتی سەر گۆنا بە فرمێسک. دەڕۆم و هەر دەڕۆم، دەبارێ و دەبارێ نازانم ئەم هەورە لە کێهە داپیرەی جەرگ سووتاو ئەم گریانە فێر بووە؟ ئەم چەمەی سروودی لای لایە بۆ کەنار دەخوێنێ لای لایەی دایکانەی بۆ خەوی کام هەتیو بیستووە؟ ئەم دۆڵەی کە گەرووی دەکاتە شمشاڵی شوانی با «لاوکی هەڵەبجە»ی لە دەنگی کام مناڵ بیستووە؟ کۆڵانم کۆڵانی شەوگارە و تاریکی شوورەیە. گەرووی شەو، ڕوانینم قووت دەدا کەند و قووڵک: هەنگاوم نیشتمان: ئەندێشەم. زریانە و شێت بووە داو بە داو مووی سپیی ئەم ئاسمانە پیرە دەردێنێ. زریانە و تاوانی سەر زەوی لە ئاسمان دەستێنێ. ڕێ دوور و ماوە کەم: کات بۆتە بەفرێکی بەر هەتاو هەر لەژێر سێبەری باڵاما ڕایدەگرم. ڕێ بۆتە هەرێمی بەستەڵەک هەر لەژێر هەتاوی ڕوخسارما گڕی تێ بەر دەدەم. دەڕۆم و دەپرسم: ڕیشەی ئاو هەتا کوێ لە ناخی خاکدایە کە دەستی هیچ شێتە شەماڵێ ناتوانێ لە خاکی هەڵبڕێ؟ ئاو چلۆن خۆی کردە خواوەندی نیشتمانی هەور؟ ئەی من چۆن دەتوانم ببمە ئاو؟ دەڕۆم و خەیاڵی داهاتوو هەنگاوم خۆش دەکا: هەتاکوو موعجزەت پێ شک بێ قەت مەحاڵ ناتوانێ بە چۆکتدا بێنێ. هەتاکوو سۆمایەک بۆ چاوانت مابێ، تاریکی ناتوانێ هەرەست پێ بێنێ. ئەگەرچی جارجارە ئاوازێک پێم دەڵێ: چۆن ڕێژنەی هاوینان تینوێتیی خاک و خۆڵ ناشکێنێ، وەک چۆن کارگ بە تاقە برووسکێک سەر وەدەر ناهێنێ، خۆ پۆلووی دڵی تۆش هەر بە نەرمە بایەک گەش نابێ! دەڕۆم و بە سەر تەمی زۆر خەونی سەوزا ڕێ دەبڕم، ڕەشەبا، پێنووسی گەردەلوول لەسەر ڕووی مێژوودا تاو دەدا. کارەسات بە ئەسرین، تەسبێحی پەژارە بۆ زکری داپیرەی مێژوومان ساز دەکا. دەڕۆم و دەبینم: برووسکە و داری هەور تەکاندن. تەرزەیە و: بەری دار وەراندان. دەڕۆم و دەبیسم: ئەم شوێنە، مەڵبەندی گومانە لە یەقین دەگەڕێی مەیدانت گیان دانە لە هەرمان دەگەڕێی! چەمیت و دەتەوێ دەریاکان بە دواتا ڕێ ببڕن. دەڕۆم و شەڕابی ڕابردوو ئێستاکە دەنۆشم، بۆ مەستیی داهاتوو. چاوەکان بەش دەکەم: چاوێک بۆ ڕابردوو چاوێک بۆ ئێستام و مەخابن، ئەی کوانێ چاوێک بۆ داهاتوو؟ دەڕۆم و دڵنیام چیرۆکی دڵداری قەت دوایی پێ نایە: ڕێبوارم، دڵدارم ڕێگایە. ڕێبوارم، هاودەنگم، گۆرانی: گەرمایە بۆ لەشم هاوارە بۆ گەروو ڕێگا بۆ هەنگاوم، گۆرانی. دەڕۆم و دەپرسم چ سەختە بە پردی سەهۆڵینی شەودا تێپەڕین. چ سەختە بێ چرا ڕێ بڕین! لەش ماندوو ئەندێشەم بەرزەفڕ. وەک «تیری تاریکی» نادیارە چارەنووس. پاش هەموو هەنگاوێک تابووتی بەفرێکی خۆڵ‌ئاسا دەبینم هەنگاوی پێشترم دەنێژێ. مژێکی سامناکیش بە سەرما تەپیوە، تاوێری سەهۆڵین لە چیای بەفرەوە دێنە خوار. پەنجەرەی بچووکی نێو گەرووم بەرەو ڕووی ئەم کۆچە دەخەمە سەر پشت و هەنگاوم بە گەرمای بەیت و باو، لاوک و حەیرانان دەسپێرم: «بڵێن بە سەری سەفینێ  دەگەڵ من گەلێک یار بێ سەری خۆم بۆ نەوی کا، کەلێنی دەربەندێ لە من ڕا دیار بێ» دەڕۆم و دەخوێنم: «ئازیز، ئەرێ ئازیز لە من ئازیز خانێ ئەمن ئاورێکم بەربۆتە دەروونێ ئەوی دیکەم بەربۆیە دەروونخانێ نە بە بایە دەکوژێتەوە نە بە بارانێ، نە بە پێمەڕەی نە بە گڵ وێهەڵدانێ، نە بە بەفرێ، نە بە کڕێوەی دە جستانێ، خۆ نە بە غەمی دە نیوەشەوانێ، نە بە فرمێسکی دە گریانێ» دەڕۆم و هەر دەگریم. هەر ئاسمان و بەفرە چاوم و بارانە. بارانە و دەبارێ، سەرتاپای ڕۆحی من تەڕ بووگە و لە پەڵەی هەورێکی چڕ زیاتر هیچی تر شک نابەم کە بیکەم بە چەتر. دەڕۆم و دەڕوانم: هەر بە قەد تابووتێک بۆ دیتن ڕێ هەیە، لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەر بە قەد بەرزاییی تابووتێک مەودایە، ڕۆ دەچم، هەر بە قەد تابووتێک تا ناشتن، دەڕۆم و چەند هەزار تابووتێک هەتاکوو کۆتایی ڕێ ماوە. دەڕوانمە شوێنی پێم زۆرتر وەک: چاوەڕێی هاتنەوەی کەسێک بێ، نەک هاتن! دەسبەسەر کردنم هەر تەنیا خەونێکە: هەوری ڕۆح گشت ڕۆژێ بە دەستی وەردیان زیندانی دەکرێت و پاش تاوێک چوارچێوە جێ دێڵێ. فڕینم عیشقێکە: هەوری ڕۆح گشت ڕۆژێ، هەناسەی ئازادی لە ژووری زیندانا هەڵنەمژێ، ناسرەوێ. دڵۆپی نێوچەمم، ڕۆژ نییە بە سەر چەند هەڵدێرا نەڕووخێم، شەو نییە خەو لە نێو وە خەبەر بوونمدا نەنێژم. لە داڵانی بێدەنگی شەودا شێتۆ کەی شێعرم و وڕێنە هاودەممە. چەند سەدە پشت سەرم: شۆقێکی ڕابردوو چەند هەنگاو پێش سەرم: سێبەرم خۆی بە گژ مەترسی دا دەکا هەر ئەوە پێشمەرگەم. لەم ناوە هەر منم و دەروونم: نەمزانی کۆڵانی دەروونم دوورترین کۆڵانی جیهانە و لە ناویا ون دەبم. نەمزانی زەمان، وەک زەمانی سەر پەردەی سینەما توند دەڕوا. زستانە و بەهاری دەبینم! سەهۆڵ: دار، قەندیل: لک، تەرزە: بەر، من پەیکی نەوبووکی پێکەنین بۆ زاوای گریانم. نامەوێ گشت خەونە تاڵەکان، دووپاتی دوێنێ بن گشت خەونە خوشەکان خەیاڵی سبەینێ. دەزانم ئاسمان سنوورە بۆ فڕین، کەناریش بۆ مەلە نە مەلە، نە فڕین، بە سەر خاک، ئەم خاکە پاکەدا ڕێ بڕین، دەڕۆم و دەمهەوێ بە ناخی ڕووداودا ڕەها بم: وەک باران لەنێوان ئاسمان و زەویدا دەڕۆم و دەمهەوێ کە لە نێو قامووسی مێژوودا هەرەس و خیانەت بدەمە دەستی با دەڕۆم و بانگ دەکەم: من هەموو تەمەنی خەوتنم دەفرۆشم بە ساتێک بێداری، بە خەیاڵ چەند زاری ئاوەڵا دەبینم. لە دوورڕا بڵیندگۆی هاوار و لە نزیک ئەشکەوتی باوێشکن. قیامەت لە دڵما ڕابووە: ڕەشەبا، دوو باڵی پەپوولە دەبڕێت و هەڵفڕین: ئەفسانە. ڕەشەبا هەنگاوی ڕێبواران دەدزێت و ڕۆیشتن: ئەفسانە. قیامەت لە دڵما ڕابووە لە جەرگەی وڵاتی گریانا فرمێسکم لەنێو خەڵک تەنیام و بە تەنیاش خەڵکێکم. زەمان وەک گۆڕکەنێک کاتەکان دەنێژێ چۆلەکەی بەفر دێ و لە ترسی باشووی با خۆی لە نێو باوەشمدا دەکا. بە خەیاڵ هەڵدەفڕم: لە چیندا دوو دەستم لە کورسی دەبەستن دوای تیرێک لە پشت سەر هەروەکوو پەیکەرەی پاشای دوای دەسەڵات بەعەردەم دا دەدەن لە وڵاتی عەرەبان تیژایی شمشیرێک، نەرمایی گەردنم شەق دەکا و گڕگانێک لە خوێنی چیای لەش لە سەری بێ سەروشوێنی من دەگەڕێ؛ فەڕانسە و گیۆتین، گۆی سەرم و پێی هەمووی ئەوانەی تۆپی‌پێی پێ دەکەن؛ ڕۆژئاوا و بێدەنگیی یەکجاری لەسەر ڕووی کورسیلەی کارەبا، وڵاتانی هاوسێ و ئازادی: لەنێوان سێدارە و تیرباران. بە خەیاڵ، سەرسووڕماو دێمەوە: ئەو هەموو شێوەیە بۆ مەرگی من هەیە و هەر تەنیا یەک شێوە بۆ ژینم؟ سەردەمی مناڵی! تۆ لە کوێی: کێلە شین: جل و بەرگ، لە بەفر پشتێندی، لە مژ و جامانەی لە هەور ئێستا کە گەورەم و کێلە شین: بێ بەفر و بێ مژ و بێ هەور! دەڕۆم و لە دەریای بەفردا ماسییەکم بێقەرار بەڵام نەک وەک ماسی، هەر تاوێک ڕووی هەنگاو لە لایەک. هەست دەکەم مژێکی نادیار بە سەر ڕووی ساوترین کاتەکان کێشراوە دەڕۆم و لە کلوە بەفرەکان دەڕوانم، ئاشنان؛ فرمێسکی سەرسپیی ڕابردوون؛ دەلەرزم، بە پۆلووی ئەو یادە گەرمانەی لە کوانووی مێشکما ڕامگرتوون؛ لەش گەرم دادێنم، دەپرسم ئەی دایە تۆ لە کوێی زللەیەک لەو کۆرپە لاسارەی خۆت بدەی کە لەنێو کۆڵانی زستانا ون بووە و هەورەکان دەکاتە نیشانە؟ ! بەفرەکان! خۆ هاڕەی ماشینی نێو شەقام نەیهێڵا لە ڕازتان حاڵی بم؛ دوندەکان! خۆ دووکەڵ نەیهێڵا باسکی چاو لە باڵای بەرزتان باڵێنم؛ ڕێگاکان! خۆ دیوار نەیهێڵا خۆم هەڵتانبژێرم. ئێستاکە دەزانم چەند تاڵە تەمەنێک تێفکرین لە یەک کات بڕیار دان چەند تاڵە تەمەنێک بڕیار دان بێ یەک کات تێفکرین؛ کون بە کون لە مەرگی هەڵاتوو لە ترسی بێ باکیم دەگەڕێم بەپڕتاو بە پشت سەر گوللەیەکدا دەڕۆم کە گیانی ئەنگاوتووم، مردنی ئەو شوێنەی کە هیچکەس لەوێ دا نەژیاوە چ خۆشە! ژیانی ئەو شوێنەی کە هیچ کەس لەوێدا نەمردووە چ شیرین! چ سەیرە لەم شوێنە سەفەری مەرگ و ژین! نازانم کە چاڵی تەنیایی چەندقووڵە بەڵام تا زێدەتر ڕۆدەچم هەڵچوونم زیاترە، خوایە تۆ تەنیاکەی ئاسمان و من تەنیای سەر زەوی، لە کوێدا بتبینم؟ دڵم بۆ خەونەکان دەسووتێ: خەونەکان دەریان و هیچ کەسێک تێیان دا ناخنکێ؛ خاکن و هیچ کەسێک پێی داگیر ناکرێن؛ هەورن و ناتوانن لی هیچ کوێ بسرەون؛ ڕێگان و بێ هەنگاو دەپێورێن. بەڵام من داهاتوو دەبینم کە مرۆڤ بە خاتری خەونەکان دادگایی دەکرێت و ناتوانێ حاشایان لێ بکات؛ داهاتوو دەبینم: خەونەکان وەک شاهید دێنە نێو دادگاکان؛ گوڵ وەکوو دایناسۆر دەبێتە ئەفسانە و ئازادی دەخزێتە نێو زیندان. دەمهەوێ ڕێگەیەک بە تاقی کەمەوە نە هیچ کەس لەم لاوە پاڵم دا نە هیچ کەس لەو سەری بانگم کا. دەگەڕێم تا تەمەن ئێزنم دا لە شتێکی ونبوو نا: لەو شتەی کە دەبێ کەشفی کەم بۆ توێشووی ئەم ڕێیە یا دەبێ لە دەستی چارەنووس هەڵێم و یا دەبێ چارەنووس لە دوندی بەرزترین کێوەوە وەک تاڤگە هەڵدێرم. دەزانم، ڕۆیشتن، تاقانە یارێکە دەتوانێ لە ‌غوربەت دەرمخا؛ دەزانم؛ تا لە نێو ڕووداو بم دووکەڵی ئاگرەکەی ناهێڵێ بیبینم؛ دەڕۆم و لە وڵام دەگەڕێم، ئەوەیە فەلسەفەی ئەوانەی پرێسکەی ئەندیشەم دەگەڕێن! دەمەوێ تازەتر بڕوانم ئەوەیە فەلسفەی ئەوانەی خەریکن کوێرم کەن! بەڵام ئەی ڕێگای پیر ناهێڵم منی گەنج بکەیتە گاڵتەی خۆت؛ دەزانم تابووتێک بە سەرتا دەرباز بێ سەد تابووت سیبەرت لێ دەکەن؛ دەزانم یەکەم جار تۆ بە پێی پەپوولە لێ دراوی، ڕێبوارێک هەر تەنیا: ئەسپی با و بۆنی گوڵ. بەڵام من هەڵوەدای عیشقێکم کە مێژوو نەتوانێ بیسوێنێ وەک عیشقی نێوان زەوی و تاو؛ شێتی ئەو ئاوێنەم نەتوانێ نیشان دا زۆرتر وەک هیتلێری دەچم تا ماندێللا دەڕۆم و دەزانم ئاوردوو بۆ گەرما شەم لە بەر ڕووناکی و ئەمنیش بۆ «نەوەستان» دەسووتێین. دەڕۆم و دەزانم، لە ئاسۆ ئەم ڕێیە لەم زەوییە لە چەرە هەڵدەبڕێ و دەتوانم لە ئاسمان باران و بەفر و نوور دابەش کەم؛ دەتوانم لە ئاسمان باران و بەفر و نووردابەش کەم. بەڵام ڕێ، ڕێگای پیر جارجارە دەترسێم کە زەوی، پاش عومرێک هەڵسووڕان گێژ ببێ و بکەوێ دەترسێم لە ڕۆژی جێژنێکدا ئەندیشە قوربانی بکەن و هەر بەشەی بەڕێ کەن بۆ شوێنێک، دەترسێم لە حیلەی ئەو ئەسپەی پێم دەڵێ: بوولەرزە لە ڕێیە. دەترسێم لە چرکەی سەعاتێک کە دەڵێ: سێ میلەی نێو سەفحەم بە وێنەی سێدارە دەوەستن دەترسێم لەو چاوەی پێم دەڵێ: ڕوانینم دەبێتە ئامرازی جاسووسی. دەترسێم ناچار بم (بۆ تاوێک) لە شوێن و لە زەمان هەڵبڕێم تا بەڵکوو بزانم کێمە! کێم؟ ڕێگای پیر! تۆ بڵێی فەوارە هەر هەتا بەرزترین شوێنێکی بتوانێ هەڵکشێ جوان بێت و هەناسە، هەر هەتا ئەو کاتەی بتوانێ لە فەزای ئازادا بیکێشێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شۆڕەبی ڕووبارێک بوو... ساڵیانی ساڵ... لە ئاوێنەیڕووخساریدا بسکی شۆڕەبییەکی دەشوشت. ڕۆژێک ڕووبار... لە شۆڕەبی بە ڕقدا چوو... تووڕەییەکەی بوو بە لێڵاوێکی سوور و ڕەنگی سەوزی بسکەکانی لە خۆی هاڵاند. کە شۆڕەبی پرسیاری کرد: بۆ لێم تووڕەی؟ ! وتی کاتێ قەمچییەکەی ڕەشەبای دڕ لە بەژنی دارستان هاڵا تۆ لە ترسا بە سەر شۆڕی دۆش دامابووی. کە ئەمەی وت... گەردەلوولێک هەڵیکرد و شۆڕەبییەکە خۆی وێک هێنا لە ناکاوا وەک دەروێشێکی جەزم بوو پرچی بەسەر شانیدا دا ڕووبارەکە کەوتە لەرزە: کاتێ دیتی کە نێودڵی شۆڕەبییەکە لانی شێرێکی سەربەرزە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەپۆل بەستێنێک بووی و تەمەنێکچاوەڕوانی ئاوی زەریا. لە نێوەڕێی ژیانتدا شەپۆلێک هات تۆی کردە ژێر ئای کە نەتزانی بەستێنی زەریایەک بووی ئەوەندە سوێر! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهید گەڵایەک وەری. خەستە بارانێک تەرمی شوشتەوە. قەڵەشێکی زەوی: مەرقەدێکی ون، شەهید دەنێژرێ: بێ کفن و دفن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەریب ناتناسم نا، هەرچەند وەکوو هەناسەی و دە ڕۆح و گیانم خزیوی. بە تۆ نامۆم هەرچەند وەک خۆم لە ئاوێنەی ڕووبەڕوومدا ڕاوەستاوی. بۆ تۆ دەگریم، –ئەی شاعیرە غەمبارەکە– بۆ بە چارەنووسی منا گرێ دراوی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەم غەمی خۆم وەکووشوولێکی ساوا بە چەند دڵۆپێ فرمێسکی بەسۆز خاو دەبێتەوە و هەڵدەکێشرێ. غەمی تۆ بەڵام: داربەڕوویەکە ڕیشەی پشتێندە و چەند قەد لە دەوری زەوی ئاڵاوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قوربانی ئاو شایەرە وئاوازێکی شاد دەخوێنێ. با بۆ شاباش دەست دەباتە نێو بسکی دار. لەم نێوەدا گەڵایەک قوربانی دەبێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قۆناخ شین، زەرد و سپیڕەنگی تەمەنی یەکساڵەی سروشت. مناڵ، لاو و پیر ڕەنگی تەمەنی یەکجارەی مرۆڤ ئا... ی لە کوێی، لە کوێ تازە بوونەوە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەفەس بەر لەوەی زەینی ئاسمانلە بیرەوەریی هەڵفڕین بەتەواوی پاک بێتەوە، دەرگای قەفەسم کردەوە هەڵفڕینی لە بیر چووبۆوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مان شووشەی پەنجەرەی ژوورەکەمبۆغ گرتبووی، ئەمنیش وێنە ی ڕوخساری تۆم لێ کێشاوە. ئێستە ئیتر هەرچی ڕۆژە ئەم پەنجەرە هەڵم دەگرێ و وەک قابێکی کە تابڵۆکەی لێ دزرابێ بۆ وێنەی ڕووی تۆ مان دەگرێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مانەوە ئەم خۆشەویستە دڵڕەقە عیشق پەروەرەینە دەتوانم وەکوو کیژێک بیخەمە پاشتەرکی ئەسپ و لەژێر سایەی زێڕەوشانی تریفەی مانگەشەوێکدا هەڵیگرم، نە دەشتوانم هەرگیز دڵی لێ بەردەم و خۆم گیرۆدەی کۆلکەزێڕینەی شوێنێکی دیکە بکەم ناوی: خاکە ئەم دەریایەی نە دەتوانم لە جامی چاوەکانمدا ڕایگوێزم و نە دەشتوانم لە دووریی ئەو لە ئوقیانووسی هیچ شوێنێکی دیکەدا قومە ئاوێک بخۆمەوە، ناوی: خەڵکە من دەزانم دارستانی هەموو شوێنێک جریوەی گەرمی چۆلەکە و ڕووباری هەموو وڵاتێک دەنگی تاڤگە و ڕەنگی کەف و پێچ و پەنای ڕێگەی بەرەو دەریای هەیە بەڵام چ بکەم، لێرە نەبێ نە گوێم چاکیان دەبیسێت و نە چاوم چاکیان دەبینێ و نە گیانم چاکیان هەست دەکا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماچ گۆناکانم: گەڵای زەردن پاییزانێ لە داری ژیان وەریون. لێوەکانت: دوو شکۆفەی شللێرەن و بە سەر گەڵای پاییزانا ناچەمنەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مزگێنی کە بای شوانمێگەلی هەوری هەڵپێچا، دە بلوێری برووسکی تووڕاند. بێریی سروشت سەتڵی زەوی تەژی کرد لە شیری هەور. وە من قاسپەقاسپی کەوم لە داوێنی هەواری دڵم، گوێ لێ بوو. پڕ بە گەرووم هاوارم کرد: بە خێر بێیەوە ئەی بەهار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و تۆ زەوی سەرسەوز و ئاسمان سافوە تۆ سەرخۆش لەنێوان ئەرز و ئاسماندا. «زەوی سەخت، ئاسمانیش دوور» وە من ماندوو لەنێوان بەرد و باراندا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موعجزە فاڵگیر: ڕۆژێک دێ دنیا دەگۆڕێ، ئاگر لە سەرمان دەیبەستێ، ئاگربەندان! سەهۆڵ وەک ئاگر گڕ دەگرێ سەهۆڵ سووتان! چارەنووس هەر وا تاڵ نابێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەودا بۆ شکۆفەی گەشی بەهارباسی خەزان: لە باوەشی گەرمی ژینا توانەوەیە. بۆ گەڵای زەردی پاییزی باسی بەهار: ئەفسانەیە. ئا... ی سروشت، دەس بە داوێنتم! مەودای وەرزەکانت کورتە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناسنامە ڕەشترین قولەی ئافریقام. بۆچی بە من پێدەکەنی؟ خۆ ڕەنگم نا: باسی بەختم دەکەم، بەختم. تەنیاترین مرۆڤی نێو قەرەباڵغی ئەم دونیایەم: باسی ڕۆحم دەکەم، ڕۆحم. بێکەسترین لەدایکبووی سەر ئەم خاکەم دە بەس قاقام بۆ بکێشە: باسی شێعرم دەکەم، شێعرم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامۆ مەلەی زەریاژیانی نێو دارستان و هەڵگەڕانی قەدی چیا چەندە سەختە: زەریا، دڵۆپ دارستان، دار چیا، گاشە دەبوغزێنێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناو کە بووم بە باوک وهاوسەرم ناوی کۆرپەکەمانی «شەونم» دیاری کرد، لەنێو دەفتەری شێعرەکانما من ناوی شێعری «شەونم»م گۆڕی. ئاخر چۆن دەبێ: هەر دووک مناڵم یەک ناویان هەبێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ون بوو خەونەکانم ونیان کردووم. ڕۆحێکی سەرگەردانم و چاوەڕوانم کە یا خنکان و یا سووتان، بە بڵێسە یا بە شەپۆلم بسپێرن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێنە هەور: کامێرابرووسکە: فلاش نم نمەی باران: بۆ شوشتنەوە و دڵی منیش: قاپ. ئا... ی نیشتمانم! هەتا یەک چرکە، بۆ لێوەکانت بزە قەرز کە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەسیەت شاعیرێکیان، بە تاوانی 'شێعر وتن' لە دار دەداوتیان: وەسیەت بۆ دوایین جار شاعێر لێوی لێک هەڵبڕی دوا باڵندەی شێعری تازە... لە شەققەی باڵی دا و، فڕی... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسیار ئەوە کێ بووبەردی گرتە ئاوێنەی نێو چاوانی من چڕژی تێ خست؟ ئەوە کەنگێ وەرز گۆڕا تووکی سەرم لە داری بەژنم هەڵوەری گەڵا، گەڵا؟ ئەوە لە کوێ زەریا دڵی وە کوڵ هات و لێرە هەور بەسەر باڵای منا گریا؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسە هەور دەگریبەسەر ڕەشپۆشیی بێشەدا چەمەری با، دەخزێتە نێو گەرووی ژەنگ گرتووی ئەم دۆڵە. لەسەر پاشوو دەحیلێنێ: ئەسپی سەرکێشی شەپۆلێک، بۆ مەرگی سوار چاکی دەریا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پۆڵا پۆڵایە پۆڵا–بەرز و یەکپارچە– ئەم دارە ناسک و کورت و ڕاڕایە لەپێش چاوانی بێ گۆناهی تۆ: مەلی نێو قەفەس! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنج کۆپلە شێعری یاغی (١)تا چاو بڕ دەکا ئاڵقەی پرسیارم بە هەودای ڕێدا هەڵپەساردووە. بەڵام ئاڵقەکان تەنافی دارن، تەرمی وەڵامم پێ نیشان دەدەن. ئەرێ ئەمن کێم؟ تا زیاتر لە خۆم نزیک دەبمەوە زیاتر لە بوونم، دڵسارد... ناهومێد. بڵێی ڕۆژێک بێ بەو ڕاستیە بگەم: من تراویلکەم! (٢) هەر تەنیا من نیم. زەمانیش کاتێک سەرەڕۆیی کرد لە نێو چوارچێوەی «سەعات»یان خست و وەک کەڵی گێرە خولیان پێ لێ دا هەر تەنیا من نیم! (٣) ئاوێنەی ڕۆحم قوڕ و چڵپاوی ڕێگەی دژواری پێدا پڕژاوە. ترپەی دڵیشم دەنگی دەفێکە لەنێو چەمەریی ناشتنی تەرمێک. (٤) دەزانن خوێنم دەگەڵ چ ئاوێ، تێکەڵ کردووە؟ ئاوی ئەو بەفرەی لە لەپی دەستما گیانی بەخت کرد تا تێراوم کا. چاوم بە دەشتی قاقڕ هەڵنایە، خوێنم پێشکەشتان، ساڵی داهاتوو ڕۆحم دەنێرم بۆ باغەوانیی گوڵزاری لالە. (٥) لە ڕۆژی ڕوونیش چرای دڵ هەڵکەن –بە گڕی برووسکە– ئەو دەم تێدەگەن کە ئەو هەتاوە چەندە بێ تیشکە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێچەوانە هەتا ئێستائینسان دونیای –بۆ باڵندە– لە قەفەسێکی بچووکدا دەبڕیەوە. بەڵام تۆ ئەی پەڕەسێلکەم، باڵندەی و لە قەفەسی چاوەکانتا من زیندانی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەنا ئەو دەمانەی هەوری هەستێکلە دەروونما دەگرمێنێ و بە ڕێژنە بارانی وشە دەبارێنێ، پەنا دەبەم بۆ ژێر چەتری ئاوریشمینی شێعرێکی نوێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیام هەوا نییە، دوا هەناسەی سوورە گوڵە. باران نییە، ئەوە فرمێسکی تێکەڵی مناڵی سەرپشتی لانک و پیری سەر لێواری گۆڕە. بەفر نییە ئەوە باڵی پەپوولەیە هەڵدەوەرێ. تەرزە نییە، ئەوە سەری سپیی کۆترە وڵاتی لەشی جێ هێشتووە شێعر نییە، ئەوە ڕۆح و ئەوە گیان و ئەوە کەشی شاعیرێکە تک تک، تک تک دەتوێتەوە و هیچ کەسێک هەستی پێ ناکا. *** لای مرۆڤ هیچلای باڵندەش ئابڕوومان چوو کاتێک حاجیلەی میوانی پەنا قەڵای هەولێرمان کوشت لای زیندوو هیچ، لای کۆچکردووش ئابڕوومان چوو کاتێک پەیکەری «حاجی»مان دا بەر گوللە. لای خەڵک هیچ لەلای خۆشمان ئابڕوومان چوو؛ کاتێک بە دەستی خوێناوی، خۆمان پێشانی یەکەمین ئاوێنە دا. لای ئەمڕۆ هیچ، لای سبەینێش ئابڕوومان چوو کاتێک نیشانمان دا شەهید قەدری ژیانی نەزانی و خۆی بە کوشت دا. *** ئەم ئاسمانە بۆ هێندە بێ باڵندەیە! ؟ نەکا فڕین لەم وڵاتە کۆچی کردبێ! ئەم باغە بۆ هیچ گوڵێکی لێ ناپشکوێ! ؟ نەکا بەهار ئەو وڵاتەی جێ هێشتبێ! ئەوە چەند ساڵە ئەم شارە لە جێی باران خۆڵی بەسەردا باریوە، ئەی ئەم شآرە بۆ ئەوەندە تۆزاوییە؟ ئەم شەقامە چەند لە مێژە بریندارە ئەم کۆڵانە چەند لە مێژە گوێی بۆ سرتەی کوڕ و کیژە دڵدارەکان هەڵنەخستووە، ئێمە بۆ هێندە پێک نامۆین؟ ئەگەر ڕۆژێک ئاشتی بێ و بمانپشکنێ بڵێین بۆ چی؟ *** چاومان پڕە لە کەلاک و دەستمان پڕە لە تاوان ودڵمان پڕە لە کەمین و گوێمان پڕە لە ڕەمزی شەڕ هەر کەس لە دەروونی خۆیدا ڕووخاو، سەیرترین کەلاوەی سەر ئەم جیهانەین. حاکمی یەک دەست و یەک لاق، دوژمنی دەست و قاچێکی دیکەمانین. ئێمە سەیرترین حاکم، سەیرترین دوژمنی سەر ئەم دونیایەین. هەر کەس لە تابووتە لەشی خۆیدا نێژراو، ئێمە سەیرترین مردووی ئەم جیهانەین. فیفتی هابیل، فیفتی قابیل ئێمە دوژمنترین برای ئەم دونیایەین. ئێمە بێکەس و بێ‌پەناین، تازە بادی خۆش مرووریش بە شارەزووردا ڕانابڕێ تا «نالی» خۆی بە قوربانی تۆزی پێی کا؛ تازە «شێخ»یش ناچێتە نێو خەونی موریدەکانیەوە و چاپخانەکەی«پیرەمێرد»یش لە ڕووی نایە تاقە یەک وشە بنووسێ. *** بمبوورە ئەمشەو برینت دەکولێنمەوە هەڵەبجە گیان! ئەرێ زامی پێنج هەزار شەهیدی یازدەی ئازار پڕئێشتر بوو یا یەک کەسی براکوژی؟ ئەرێ دووکەڵی کیمیاوی هەڵمژین ناخۆشتر بوو یا هەوای ئێستای شارەزوور؟ هەڵوەرینی هەموو چرۆی «باغی میر» و دار هەناری ئەو سەردەمی ناخۆشتر بوو یا ژاکانی تاقە یەک گوڵی ئێستاکە؟ من لەمڕۆوە گوێ بۆ ڕادیۆکان هەڵناخەم با هەواڵی شەڕ نەبیسم؛ هیچ ڕۆژنامەیەک وەرناگرم با باسی شەڕ نەخوێنمەوە؛ چاو لە تەلەویزیون ناکەم با مەیدانی شەڕ نەبینم؛ من لەمڕۆوە دەڕۆمەوە بۆ چەند سەدەی بەر لە ئێستام؛ بۆچی نەڕۆم؟ هەرچی گوڵ و پەپوولە و کیژ و جوانییە دونیا بردی بۆ شێعری خۆی، تەنیا خوێن و شەڕ و مەرگ و گریان ماوە بۆ شێعری من *** هەور هەموو بارانی ئاسمانی هێنا، گوڵێک نەبوو پێشکەشی کەین؛ تازە چۆن هەور باران بۆم وڵاتە دێنێ؟ شنە هەموو بۆنی خۆشی دونیای هێنا، پەنجەرێکمان نەکردەوە تاوێک تیا بحەسێتەوە؛ تازە چۆن شنە بۆنی خۆش بۆ ئێمە بە دیاری دێنێ؟ ئێمە نەبووین لە جێی گەنم، فیشەکمان چاند؟ ! لە جێی کێڵان، تۆپمان لێ دا بە جێگای ئاو، خوێنمان پێ دا؟ ئێستا مناڵانی ئێمە هیچیان نانی گەنم ناخۆن، دەبێ هەویری باڕووتیان بۆ بشێلین. *** ئێمە مەلین: بە قەفەسەوە هەڵدەفڕین، مرۆڤین و بە زەنجیرەوە ڕێ دەبڕین، شاعیرین و بە چەکەوە گوڵ دەنووسین. شەڕ نەیهێشتووە بە لاوی دڵداری بکەین، ڕەنگە لە سەردەمی پیری لە پیرێژنێکی جیرانمان، ماچێکی حەرام بفڕێنین؛ گوللە نەیهێشتووە چریکەی بولبولێکمان گوێ لێ ببێ، ڕەنگە لە ئاگربەسێکدا بۆ نەواری دەنگی بولبولێک گوێ هەڵخەین؛ دووکەڵ نەیهێشتووە گوڵ بۆن کەین ڕەنگە بەناچاری، عەتر بەسەر گوڵە نایلۆنییەکاندا بپژێنین. *** من ڕاگەیەنراوێکم دی لێی نووسرابوو: ئێمە کۆمەڵێک ڕووناکبیر، بڕیارمان دا حیزبێکی نوێ دامەزرێنین، بەڵام تا ئێستا نەکراوە هیچ ڕەنگێ بدۆزینەوە، کە پێش ئێمە حیزبێک نەیکردبێتە ئاڵا، داوا لە خەڵکی کورد دەکەین، ئەگەر کەسێ ڕەنگێکی تازەی پێ شک دێ پێوەندیمان پێوە بگرێ! *** ڕەش ڕەش، ڕەش ڕەش، ئەوە ڕەنگێکی لە بیرچووی ئاڵایەکی هەڵنەدراوە. سوور سوور، سوور سوور، ئەوە چۆمێکی نەسرەوتووی لە کێوی لەش هەڵبڕاوە. *** من لەتەنیشت گۆلی ورمێهەست ڕادەگرم، لە جیاتی گوێ هەموو جارێ کە گوللەیەک پێک وەدەنێن، ڕادەچەنم، کە لەشی یەکترتان پێکا ترپە لە گیانم هەڵدەستێ؛ کە دڵۆپێک خوێنیان ڕژا «دڵ وەختە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور.» *** خوایە تۆ لە گشت شوێنێک هەی، بمانبوورە؛ ئێمە میوانداری چاک نین. فریشتەکان! بمانبوورن؛ بمانبوورن مناڵانی نوتفەبەستووی شەوانی پڕ ترس و شەهوەت؛ بمانبوورن مناڵانی لە منداڵدانی دایکدا باوک کوژراو؛ بمانبوورن مناڵانی پاکی ئەمڕۆ و براکوژانی سبەینێ؛ ماچی ئەمڕۆ و تفی سبەی؛ بمانبوورن دڵۆپ دڵۆپ خوێنی ڕژاو؛ مسقاڵ مسقاڵ گۆشتی لە ئێسقان جیاوە بووی لەشی شەهیدی نەناسراو! *** خۆ ئێوە دوو وەرزی ساڵ نینکە زەرد و سەوز، هەرگیز بە یەکتری نەگەن ڕۆژ و شەو نین نوور و تاریکی نەتوانن پێک هەڵبکەن مار و پنگ نین نەتوانن جیرانی یەک بن. نا ببورن، کورد و کوردن کە ناتوانن، بە بێ مەرگی یەکتر بژین! هەر کێلە و کێلە و کێل دەڕوێ -لە جیاتی گوڵ- من دەترسێم کە گۆڕستان هەموو خاکمان لێ داگیر کا هەر خوێنە و خوێنە و خوێن دەڕژێ –لە جیاتی ئاو- من دەترسێم خوێن ڕووبارمان لێ داگیر کا هەر ڕۆحە و ڕۆحە و ڕۆح دەفڕێ -لە جیاتی مەل- من دەترسێم کە باڵی ڕۆح سێبەر لەسەر ژینمان بکا *** ئەم ئێوارە پەپوولە سولەیمانەیەک دەیخوێند: بۆ ئاگاداری: حاجیلەیەکی نێو شاری هەولێر شەهید کراوە، کۆڕێکی پرسەی بۆ دانراوە. تکایە هەموو مەلانی گەرمێن بەشداری بکەن. هەر مەلەش، ئاگای لە گیانی خۆی بێ. بولبول بێ چریکە، کۆتر بێ تەقڵە و کەو بێ قاسپە بێ. شوێن: هێلانەکەی حاجیلەی شەهید کات: دوای خەوتنی هەموو خەڵکی شار. *** ئێمە هێندەمان ئەم خاکە ئازار داوەتازە خەڵکی وڵاتی دیش وەرمان ناگرن Where are you from? I’m from Kurdistan تۆ کوێندەرێی؟ کوردستانیم. من لە چاویدا هەست دەکەم یەکدابەدوو دەنگ و باسی ڕادیۆکانی بیر دێتەوە، ئەو دەبێتە کاریلەیەکی سەر زەرد و ئەمن دەبمە گورگی سەر ڕەش؛ خۆی لە نیگام دەدزێتەوە! *** ئێمە بەتەمای ژیان بووینگەرچی تووشی مەرگێکی بەسپایی هاتین: –ئەوەندەش بەختەوەر نەبووین لە کورتە کاتێکدا بمرین. من دەترسێم ڕۆژێک پیرەمەگروونەکان سیروان و تانجەڕۆ بکەن بە دوو باڵ و وەک سیمورغ بە جێمان بێڵن؛ ئەودەم ئێمە بۆ پەناگا و بۆ ئەشکەوت و بۆ لێقەومان ڕوو لە کوێ کەین؟ دەترسێم ڕۆژێک دارستان پەنجە دە پەنجەی هەورەکان بهاڵێنێ و ئێرە چۆل کا؛ ئەو دەم دەبێ، بۆ میوە و بۆ ژوان و سێبەر دڵ بە چ شوێنێک خۆش بکەین؟ دەترسێم ڕۆژێک خوداوەند فریشتەکانی ڕابگوێزێ و فەرمان بدا: نابێ هیچتان لە مەداری ٣٦ دەرەجە نزیک بن ئەودەم ئێمە بەبێ خودا و بێ فریشتە چۆن بوێرین بچینەوە بەر ئاوێنە؟ *** ها خاڵۆ سپی‌پۆشەکەم! تۆ چت دەوێ ئەمشەو لە خەونەکانی من؟ سڵاو ڕۆڵە شاعیرەکەم، –من ئەو کەسەم بۆ یەکەم جار وشەی پێشمەرگەم بۆ چەکدار پێشنیار کرد. هاتووم، هەتا وشەکەم وەرنەگرمەوە ناڕۆمەوە. ها دایکە پرچ کوێستانییەکەم! تۆ بۆ ئاوا غەریبانە لە بەردەرگای خەونەکانی من وێستاوی؟ –من ئەو کەسەم کە یەکەم جار، وشەی شەهید لەسەر ڕۆڵە کوژراوەکەی من دانرا هاتووم هەتاکوو ئەم ناوە لەسەر ڕۆڵەم نەسڕمەوە، ناڕۆمەوە. ئەی ئێوە بۆ چی وێستاون هاوڕێیانم؟ ! –کۆڕی زکری دەروێشانە ئەمشەو، بەڵام مانگ هەر تەنیا یەک دەفەیە و بەشمان ناکا. هاتووین بچینە سەر سیروان تا هەر دەروێشەی دەفی خۆی لێ وەربگرێ. ئەی ئێوە بۆ کۆبوونەوە مناڵەکان؟ ! –ئەمشەو مەیلی پاکبوونەوەی ژێر بارانمان هەیە بەڵام دڵۆپ دڵۆپەی بارانە تەڕمان ناکا هاتووین بچینە ژێر تاڤگە گوناهەکان بشۆینەوە. جارانی زوو لە سەر گردی مامەیارە دارێک هەبوو کە پاییزان گەڵاکانی هەڵدەوەری، پۆل پۆل چۆڵەکەی لێ دەڕوا؛ لەسەر کێوی پیرەمەگروون دوندێک هەبوو کە هاوینان کچی بەفری، ڕەدووی ڕووبارێک دەکەوت، پۆل پۆل کەوی لەسەر دەنیشت؛ لە داوێنی شنروێشدا شاعیرێک بوو گەر مناڵێکی پێخواسی چاو پێ کەوتبا شێعرێکی بۆ دەکرد بە کەوش؛ گەر دایکێکی ڕۆڵە کوژراوی دیتبا شێعرێکی بۆ دەکرد بە کوڕ؛ گەر وەنەوشە لەژێر تووتڕکا خامۆش با شێعرێکی بۆ دەکرد بە دەنگ؛ بەڵام ئێستا لە گشت شوێنێک هەر شیوەنە و هەر واوەیلا منی شاعیر، یەک شێعریشم بۆ نانووسرێ دەزانی بۆ؟ «مەزاجی کوردەواریم تێک چووە، دەروێش عەبدوڵڵا» ئێمە لەنێو تابڵۆیەکی پیکاسۆئاسادا دەژین: سەرمان بۆتە لاقی کەسێکی نەناسراو، هەر بە شەق تێمان هەڵدەدا. دەستمان بۆتە دارەدەستی کەسێکی تر، هەر کۆترێک بە لایدا بڕوا تێی هەڵدەکا؛ دڵ بۆتە زەبتی جاسووسی، هەر خەیاڵێ بە دەروونماندا تێپەرێ بۆ نەیارانی باس دەکا. ئێمە لەنێو تابڵۆیەکی پیکاسۆئاسادا دەژین: مەمکی دایکان وشک بووە و مناڵ گوانی مانگا دەمژن. سفرەی ماڵان بەتاڵ بووە و مناڵ لەگەڵ باڵندەکان چینە دەکەن؛ شەو بەشی خەویان ناکات و بۆخەوی دووری زستانی تەمرین دەکەن. مناڵەکان! کە بەیانان لە خەو هەستان، هەتاو بۆ نێو دەروونتان بانگێشتن بکەن کە خەوتان هات، سەر بنێنە سەر کەروێشکەی گەنمەکان و مانگ بێننە نێو خەونەکانتان؛ ئەگەر بۆ شوێنێک ڕۆیشتن، پێ لە ڕووبار قەرز بکەن، دەنگ لە تاڤگە، ڕەنگ لە بەهار. ئەگەر لە شوێنێک دا ون بوون، لە پەپوولە پرسیار بکەن. مناڵەکان ئێوە هەر زوو ڕەنگ لە ئاڵا وەرگرنەوە و بیدەنەوە بە وەرزەکان. دەنگ لە تفەنگ وەرگرنەوە و بیدەنەوە باڵندەکان. هەر لە پێش چاوی ئاسمان هەموو چەترەکان بشکێنن؛ بەڵکوو هەور ئاشت بێتەوە و تینوایەتیمان بشکێنێ. هەر کەسێکتان چاو پێ کەوت نیگایەکی مناڵانەی پێ ببەخشن، خۆی لەبەر گەرم دابێنێ. کۆڵان بە کۆڵان ڕاکەن و لە دەرگای هەموو ماڵێک دەن بڵێن فەرموون: وشەی ون بووی برایەتیمان دۆزییەوە تکایە چاک بیپارێزن، با ئەمجار لێتان ون نەبێ! بە شەقامەکاندا ڕاکەن، هەر کیژێکتان چاو پێ کەوت چەپکێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگی لە کراسە ڕەنگ مردووەکەی دەن. مناڵەکان! ئەمشەو بۆ ئێوە دڵپرم. *** نا، نامەوێ ئەمشەو بگریم، بەڵام چ بکەم؟ خۆ فرمێسک پرسم پێ ناکا! نامەوێ شێعر بنووسم، وشە تەگبیرم پێ ناکا! شێعر بۆ هەتاو دەنووسم، سێبەر وڵام دەداتەوە، شێعر بۆ ئاگر دەنووسم، دووکەڵ وڵام دەداتەوە؛ شێعر بۆ باران دەنووسم، تفەنگ وڵام دەداتەوە. خۆ من ناڵێم، شێعر دەڵێ: چەکی نێو دەستی پێشمەرگە ئێستا ئیتر تفەنگ نییە، بابۆڵەیە گەر داینێ لە برسان دەمرێ. خۆ من ناڵیم، شێعر دەڵێ: فیشەکی نێو خەشابەکەی، فیشەک نییە -کاکڵە گوێزە- فڕێی دا، بێ پێخۆر دەبێ. خۆ من تاوانێکم نییە شێعر پرسیارم لێ دەکا: ماڵ، زیندانی تاکەکەسی، نیشتمان، زیندانی گشتی، ڕۆژئاوا، تاراوگەیەکی هەمیشەیی ئەتۆ کامیان هەڵدەبژێری؟ ئێمە گەڵاین هەر بە سەوزی هەڵدەوەرین؛ مناڵین و هەر لە لاویدا پیر دەبین. جاران خەڵکی وڵاتێک بووم پاشان بووم بە خەڵکی شارێک، دواتر گوندێک، پاشان ئەشکەوت ئێستا خەڵکی قوژبنێکم کە لەشم بشارێتەوە. جاران عاشقی فێعلێک بووم بە ناو «بارین» کاتێ دەمبیست بەتاو هەڵدەهاتمە شەقام، یا بەفر بوو یانیش باران بەڵام ئێستا کە بارینم گوێ لێ دەبێ سام دەمگرێ، چونکە نازانم گوللەیە یا تۆپباران! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چارەنووس بە ڕواڵەت: گەنجی گەنج، بە دەروون: پیری پیر دەترسێم زۆر زووتر ناچار بم دەروونم، لەو دیوی ڕواڵەتم بنێژم. بە ڕواڵەت: گەنجی گەنج، بە دەروون پیری پیر. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەڕوانی دەرگاکەتان لێم تووڕەیە: ئەوەندەی بێم بە تیشکی چاو لێی بدەم و تۆ نەییە دەر. ئەمجارە دێم با دەرگاکە بە نیگاکەی ئەوەندەم بەردەباران کا هەتا بە هاوارم دەگەی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەمەر بەژن و باڵادارستانێکە پاییزی؛ ڕۆخسارەکان، زەردە گەڵا. بای کارەسات: پڕ گەرووی قووڵی گورگی شەو دەلوورێنێ. وەری. وەری. یەک دوو سێ چوار، گەڵا وەری. شینگێڕییەک لە جەنگەڵ دەنگ دەداتەوە: لە شەڕی نێوان دار و با لک، زۆرترین زیان دەبا! وەی ڕۆ وەی ڕۆ گەڵا گەڵا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند کۆپلە شێعری سەربەخۆ (١)لێوم پەنجەی باغەوانێکە، چاوەڕوانە: بەری ماچێ لە داری بەژنی تۆ بچنێ. (٢) هەوری یادت بەسەر داربە ڕووی باڵاما ڕادەبوورێ. ناتوانم دەست لە دەستت نێم؛ بریا هەور دەستی بوایە! (٣) من بەروبووی داری گریان، تۆ ڕێبواری نێو باغی سەوزی پێکەنین. چەند زەحمەتە بە یەک گەیین! (٤) سینگی هەور کاغەزی زۆر نامەی من بوو. بۆ پەژارەم: هەور گریا، کاغەز بە دەستت نەگەیی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەواشە ڕێگایەکتپێوا، پێوا گەیشتیە بەردەم تابڵۆیەک: بن بەست. بە کۆتایی گەیشتووی و بەڵام چەندە ڕێیەکی دوورە تا بگەیتەوە سەرەتا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووداو بەردی سروشتمەلی گەڵا لە لانەی لک هەڵدەفڕێنێ. سێبەری شەو تا سەر سینگی ڕۆژ دادەکشێ. پەنجەی سەرما دەمی پەنجەرە دادەخا. لەسەر تەختی وەرزێکی زەرد دادەنیشێ: میری پاییز. ئا... ی چ پاییزێکی ناوەخت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێگا زین و لغاوی ئەسپی با فڕێ دەدەم. بە کۆڵانی خۆڵەپۆتینەی زەمانا چوارناڵ دەڕۆم. لەپشت سەرم بارانی تۆزە دەبارێ. لە کانیاوی تراویلکە دەڕوانمە خۆم: تراویلکە، ئاوێنەیەکی تێکچڕژاو. کەمەندی دەست ڕەیاڵ دەکەم، لە قەدی ئاسۆی باڵێنم: ئاسۆیە و ئاسکێکی ڕەوەک. دە ئەسپی هەنگاوم دەخوڕم : ئاسۆیە و قەڵای سەهۆڵین. توند باوەشی پێ دا دەگرم: ئاسۆ، چیایێکی هەورین! ئەرێ ئاسۆ ڕووبارێکە، هەرماسی سەربەستیی خەون دەتوانێ مەلەی تیابکا؟ ! ئاسۆ گەواڵە هەورێکە، هەر بای خەیاڵ دەکرێ باوەشی پیا بکا؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژوان لە سەر کانی دانیشتوومچاولە چاوی تۆ دەکەم. ئەم ئاسمانی شینە ئاوێنەیەکە گەورە، لە بەرامبەری زەریای چاوانت ڕاگیراوە. لە سەر کانی دانیشتووم: چاو لە چاوی تۆ دەکەم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆچ خاک، توانای کۆچی نییە. ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەی من لەم وڵاتەدا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆچ (٢) مانگی چاردە–تا نیوە شەو– چاوەڕوانی تەرمی تۆ بوو. من ترسی دواڕۆژم هەبوو، گەورەیی تۆ کوا بە هیلال هەڵدەگیرێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گومان دار ڕەنگە بتوانێ بڵێچەندە فرمێسکی زەردی گەڵا لە چاوانی هەڵوەریون. هەور ڕەنگە بتوانێ بڵێ چەند پەپوولەی سپیی بەفر لە چاوەکانی فڕیون. نا، نا، تۆ ناتوانی بڵێی کە چەندە داری ئاواتت گەڵایان لێ هەڵوەریوە. چەندە هەوری چاوەڕوانیت فرمێسکیان لێ باریوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گڵکۆ مەرگی شەهیدوەکوو مەرگی خۆرەتاوە. دەمەو ئێوارێکی درەنگ پەنجەی چڵکنی هەور خوێنی هەتاوی لێ دەتکێ، تەرمی لە خوێن گەوزاوی خۆر بۆ باوەشی گڵکۆ دەخوشێ. بەربەیانی لەسەر کێلی ڕۆژهەڵاتی ئەم گڵکۆیە هەر دڵۆپێک دەبێتە پەیکی گزینگ و تاریکایی دەشواتەوە. مەرگی شەهید وەکوو مەرگی خۆرەتاوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڕان لەنێو هەورا خۆت وەشێری، دەیبارێنم. لە گەردەلوولدا لوول بخۆی، دەیوەستێنم. لەژێر باڵای شەپۆلێکدا، ماسی‌ئاسا پەنا بگری دەیڕووخێنم. تەنیا ئەگەر لە ئاوێنەی دڵێکی تردا بتبینم، ناتوانم نا، بیشکێنم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاوار ئەنگوستم لەسەرماشەی تفەنگی هاوار داناوە، هەتا لە گەرووی ئەم بێدەنگییەدا بیتەقێنمەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاودەردی کە دەستی داریەک یەک، گەڵاکانی وەری، کە ئاسمان کلوو کلوو، بەفرلە چاوی هەڵوەری منیش لێرە لە تەنیاییی ژوورەکەما تار تار مووی سەرم هەڵوەری. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیوا چرایەک کوا، کە با نەتوانێ فووی لێ بکا؟ شکۆفەیەک، خەزان هەرگیز نەیژاکێنێ؟ وە مرۆڤێک، کە چارەنووس نەتوانێ بیتوێنێتەوە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەرمان فریشتەی بەفرلەپاش سەفەری دوور و درێژی باوەشی ئاسمان، لەسەر سوور گوڵی گۆنای تۆ نیشت و زوو توایەوە. سەرپەنجەی نەرمی بۆنی ڕێحانە دوای شەوی زولفت، دەنێو بێستانی سینەی تۆ گەڕا و قەت نەبڕایەوە. زەردە گەڵایەک لەنێو کۆڵانی پڕبیرەوەریی دەنگی خوسپەی پێت خۆی کردە پێخوست، بە لکی سەوزی درەختێکدا نەلکایەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەواڵ  من قورساییی غەمێکی بێ بڕانەوەم لە سیمای داربەڕوودا دی، وە لوورەی با، چیرۆکی سەختە پاییزیش. چ غەمبارە، لە چاوانی داربەڕوودا هەڵوەرینی فرمێسکی زێڕینی گەڵا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاد گەر بارانی بیرەوەریی ڕابردووی دوورلە پێدەشتی ویشکەڵانی دڵی تینووما نەبارێ، ڕەگی داری خەو سیس دەبێ و بەری خەون ناگرێتە خۆی. تۆ ئەو هەورە خەیاڵینەی، شووشەی تیژی هیچ سنوورێ ناتوانێ زامدارت بکا. من مرۆڤم و ناشتوانم لەم سنوورە لۆکەییەش دەرباز ببم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ... ؟ سەبارەت: چیرۆک هەر کەس خۆی لە شوێنێک دۆزیوەتەوە، ئەویش خۆی لە ئاوێنەیەکدا دۆزیبۆوە. ئەگەر کەسێک لێی پرسیبا چەند ساڵە دەو ئاوێنەیەدا دەژی؟ بێ شک دەیکوت چەند هەزار ساڵە. ئەگەر لێیان پرسیبا چۆن یەک کەس دەتوانێ چەند هەزار ساڵ بژی، خێرا دەیکوت کە باب و باپیرەکانم مردوون، تەمەنی ئەوانیش بە من گەیشتووە. ئەو ئاوێنەیە گەورەترین شانازیی ئەو بوو. کاتێک لە بەرابەری ڕادەوەستا، نە برسیایەتیی لە بیر دەما و نە تینوایەتی. تەواوی فکر و زکری ئەوە بوو کە بتوانێ ئەو ئاوێنەیە بپارێزێ. ئەگەر هەستی کردبا شوێنێکی ئاوێنەکە ژەنگی هەڵێناوە، هەتا پاک پاکی دەکردەوە، ئارام و قەراری لێ هەڵدەگیرا. نەیدەهێشت تەنانەت هەڵمیش لە ڕوخساری ئاوێنەکە بنیشێ. ئەو پێی وابوو هەر خۆیەتی و ئاوێنەکەی. نەیدەزانی کە لە شوێنێکی نادیارەوە چاویان تێ بڕیوە و سێرەی لەسەر هەڵناگرن. هەرچەند هیچ زیانی بۆ ئەوان نەبوو، بەڵام ئەوان پێیان خۆش بوو ئەو ‌‌غروورەی بڕووخێنن. دەیانزانی تەواوی هیوا و هومێدی، ئاوێنەکەیەتی. *** ئاگای لە هیچ شتێک نەبوو. خەریکی خاوێن کردنەوەی ئاوێنەکەی بوو؛ لە نەکاو دەنگێکی یەکجار توند ڕای چڵەکاند. دەتکوت بە چەند دەستان بەردێکی گەورەیان بە ئاوێنەکەدا داوە. دوای نیشتنەوەی ترس و لەرزەکەی، چاوی هەڵێنا؛ وەک شێتانی لێ هات، ئاوێنەکە ببوو بە چەند پارچە. چاوی لە ئاوێنەیەکدا بوو، دەستی لە ئاوێنەیەک، پێی لە ئاوێنەیەک و... خۆی نەدەناسیەوە. دەتکوت بەردەکە وە خۆی کەوتووە و لەت و پەتی کردووە. ئەو خۆی هەمیشە وەک کەسایەتییەکی پتەو دیبوو، بەڵام ئێستا، کە چاوی لە خۆی دەکرد، ترس دایدەگرت. وەک جاران ویستی لەپێش ئاوێنەکە قەدەم لێدا. هەنگاوێکی هەڵێنا، بەڵام دەستی لە لایەکی دیکە دەبزووت و چاوی دەیڕوانییە شوێنێکی دیکە و هیچ بەشێکی لەشی، بەشەکەی دیکەی نەدەگرتەوە. خێرا لە ئاوێنەکە نزیکتر بۆوە. بەشێکی شکاوی هەڵگرتەوە و لەسەر جێگای خۆی داناوە. کەیفی ساز بوو. پێی وا بوو بە ئاسانی دەتوانێ پێکیانەوە نێتەوە. بەڵام لەگەڵ کورتترین جووڵە، سەر لە نوێ ئەو بەشە کەوتە سەر زەوی. هیچ چارەی نەما. دەستی کرد بە گریان. هەرچەند هیچ کەس ئاگای لە گریانەکەی نەبوو، بەڵام ئەگەر چاویشیان پێ کەوتبا، لە جیاتی ئەوەی ڕوحمیان پێدا بێ، پێکەنینیان پێ دەهات. چونکە لەو ئاوێنە شکاوانەدا ببوو بە شتێکی سەیروسەمەرە. کە لە گریانەکەی بۆوە، پڕی دا بەردێکی گەورە و هەڕای کردە ئەو لا و ئەو لای. هیچ کەسی بۆ نەدۆزراوە. نەیزانی کێ بوون بەردەکەیان هاویشت. ئەوەندە بە شارەزایی خۆیان شاردبۆوە، دەتکوت بەشێک بوون لەو تەمەنە چەند هەزار ساڵەی خۆی. ئاخرەکەی زانی گەڕان بێ فایدەیە. ئەوان هەر کە ئاوێنەکەیان شکاندبوو، ڕۆیشتبوون. زانیبوویان کە تازە ناتوانێ بە خۆی بنازێ. گەڕاوە لای ئاوێنەکەی. بڕیاری دا بیپارێزێ. دەسماڵەکەی جارانی هەڵگرت. ویستی ژەنگی گۆشەیەک بسڕێتەوە؛ بەڵام هێشتا تەواو نەببوو کە چاوی بە ژەنگی ئاوێنەکەی دیکە کەوت. بۆ لای ئەمیان چوو، بەڵام ئەوی دیکە و ئەوی دیکە. ئیتر لەو ڕۆژەوە کار و پیشەی هەر ئەوەیە. بەڵام هەرچی دەکا، ناتوانێ پێش بەو ژەنگە بگرێ و دەترسێ ڕۆژێک بێ و خۆشی لەنێو ئەو ژەنگەدا ون بێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ... ؟ سەبارەت: چیرۆک -تۆ بڵێی هیچ کەس بە قەد ئێمە دڵخۆش بێ؟ -نا، هیچ کەس، هیچ کەس بەڵام... -بەڵام چی؟ -بریا ئەمنیش لەو ڕۆژە ڕەشە دەرهاتبام. -نا، قەد باسی شتی وا مەکە. با هەر ئاوا بی، کە هەی. من قەد بیر لە چاکبوونەوەی تۆ ناکەمەوە -بۆ؟ -دەترسێم. -لە چی؟ -لە زۆر شت. نازانی چەند ساڵ بوو لە کەسێک دەگەڕام کە منی خۆش بوێ. -پێم وا بوو هەر من وام! -تۆش وەک من بووی؟ ! -هەتا ماوەیەک پێش. -دۆزیتەوە؟ -بەڵێ. -کێیە؟ -تۆ. -ئاخ ئەگەر وشەی «تۆ»ت لە دەم دەرنەهاتبا، شێت دەبووم. -من لە تەواوی تەمەنمدا چاوەڕوان بووم. دەترسام یەک کەسیش نەبێ بمدۆزێتەوە. -سەیرە. منیش پێم وا بوو ناتوانم هیچ بدۆزمەوە. -تۆ هیچ کەست نەدۆزیبۆوە؟ -ئاخر... -ئاخری ناوێ. پێم خۆش نییە لێم بشاریەوە. -تەنیا یەک کەس. ئەویش دەیزانی کە من خۆشم دەوێ. وە سەر خۆی نەدەهێنا. تەنانەت نیگاشی لە من دەدزییەوە. -بە کوێ گەیشت؟ -ڕۆژێک لە کۆڵان تووشم بوو. بێ ئەوەی چاوم لێ بکا، بەستەیەکی بچووکی وە دەستی دام. خەنی بووم. کردمەوە. ئاوێنە بوو. ئاخ نازانی چەند ناخۆش بوو. -بۆ ناخۆش؟ - لە ئاوێنە زیزم. ئاوێنەکەی ئەویشم فڕێ دا. پڕ بوو لە بێزاری. -بۆ؟ -لە ئاوێنەدا جوان نیم. زۆر ناحەزم دەکا. وەک ژنێکی گڕوێم نیشان دەدا. تەمەنم دەباتە سەر. دەمکاتە کچێکی قەیرە. هەر ئاوێنە لە من ناوەشێتەوە نا. -پێم سەیرە. دەنا ئەمن هەمیشە بە ئاواتم ئاوێنەیەک ببینم. -نا... نا... قەد ئەو ئاواتە مەخوازە. -بۆ؟ -دەترسێم. -لە چێ؟ -لە زۆر شت. -باشە لە چی؟ -نەکا چاوت چاک بێتەوە و تۆش ئاوێنەیەکم پێ بدەی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرەی داهاتوو سەبارەت: چیرۆک توند وەکوو با، بەسەر زەویدا دەخوشی و بیری دەکردەوە. (بەشی زۆرتری ژیانی بە بیر کردنەوە تێپەر کردبوو. زۆرتر لەنێو خەیاڵدا دەژیا). سروشتی خۆش دەویست. حەزی لە با دەکرد، (حەرەکەتی تێدا دەدی). بەڵام هەمیشە هەستی دەکرد کە مرۆڤ بە باشی ناناسێ. (نە دەیتوانی بڕوای پێ بکا و نە دەیتوانی لێی بێ بڕوا بێ). ئەم مەبەستە لە ڕۆمانەکەشیدا ڕەنگی دابۆوە. (دونیای خەیاڵیشی داگیر کردبوو. زۆرتر لەنێو کتێبدا دەژیا، بەڵام کەمتر دەینووسی). لە بیری بوو کە سووژەی ئەم ڕۆمانە لەگەڵ یەکەمین مناڵی لە دایک بوو. (ئێستا کە مناڵەکەی بیست ساڵ بوو، ڕۆمانەکەی ئەمیش تازە بە کۆتایی گەیشتبوو). ئەمجارە دروست بیستەمین جار بوو کە بە ڕۆمانەکەوە بەرەو چاپخانە وەڕێ دەکەوت، بەڵام هەموو جارێ لە نزیک وێ پەشیمان دەبۆوە و دەگەڕاوە. کاتێک بەرهەمێکی لاوازی دەخوێندەوە، (لە جیاتی ئەوەی ڕێز بۆ خۆ ماندوو کردنی خاوەنەکە دانێ)، بێزی لە خاوەنەکەی هەڵدەستا. هەموو جارێ کە دڵنیا دەبوو بەرهەمەکەی خۆی بەهێزە، وەڕێ دەکەوت. لە ڕێگادا ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی بەسەر دەکردەوە. کەم کەم لێیان سارد دەبۆوە. کە دەگەیشتە نزیک چاپخانە، بێزی لە خۆشی هەڵدەستا و دەگەڕاوە. ئەمجارەیان نەیدەویست پەشیمان بێتەوە، بۆیە هەم توند دەڕۆیی –توندتر لە هەمیشە– و هەم هەوڵی دەدا بیر لە ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی نەکاتەوە. ئەم ڕۆمانە بەرهەمی نۆزدە جار سووتان بوو. هەموو جارێ کە بەسەریدا دەچۆوە، ئاداری بە سەر پاداریەوە نەدەهێشت و نوسخەیەکی تازەی لە ڕوو دەنووسیەوە. پاشان نوسخە کۆنەکەی ئاگر دەدا و چاوی دە ئاورەکە دەبڕی. ئەو ئاورەی زۆر پێ جوان بوو. لەنێو ئاگرەکەدا وشەکانی خۆی دەناسیەوە. دەیزانی ئێستا کام وشەیە دەسووتێ یا کامەیانە بە دووکەڵی ئاگرەکە دەخنکێ. پاش سووتاندن، خۆڵەمێشەکەی بە با دەسپارد و چاوی لێ دەکرد هەتا با، سووتووی دوایین وشەی لەبەر چاوی ون دەکرد. ئەمجارەیان لە هەموو جارێک دڵنیاتر بوو. خاترجەم و پشت گەرم. هەستی دەکرد کە ئیتر پەشیمان نابێتەوە، بەڵام فکرێک ئازاری دەدا. تەنیا یەک نوسخەی لە ڕۆمانەکەی هەبوو. دەترسا کە نەکا کارەساتێک بقەومێ، هەم خۆی تێدا بچێ هەم ڕۆمانەکەی. ئەڵبەت ڕەنگە ئەگەر ئەو ڕۆمانە نەبا، ژیانی خۆی بە لاوە گرینگ نەبا، لە خۆی نەدەترسا. هەرگیز ژیانی خۆی بە لاوە گرینگ نەبوو. بەڵام نەیدەویست، ڕۆمانەکەی لەنێو بچێ. ڕۆمانەکەی خۆش دەویست، نوسخە سووتاوەکانیشی هەمیشە لەبەر چاوی بوو. هەر لە سەرەتاوە بە یەک شەمچە هەموو ڕۆمانەکانی سووتاندبوو. کاتێک کە نۆزدەهەمین نوسخەی ئاور تێبەردا، بۆی دەرکەوت کە دەنکی تێدا نەماوە. شەمچەکەی فڕێ دا و بە خۆی کوت: ئەوە ئاخرین ئاورێکە کە بە وشەێ خۆم دەیکەمەوە. پێی خۆش بوو بۆ خۆی بمرێ، بەڵام دوا نوسخەی ڕۆمانەکەی بمێنێتەوە. چونکە زۆر لەوەی دەترسا چاوی بە چاوی کەسێک بکەوێ کە ڕۆمانەکەی خوێندۆتەوە. زۆر جاران بڕیاری دابوو دوای چاپی ئەم بەرهەمە، خۆی لە ژوورێک دا زیندانی بکا، یا بچێ بۆ شوێنێک کە کەس نەیناسێ. نەیدەزانی ئەو ترسەی لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ: لەوەی کە ناوبانگ دەربکا و خەڵک بیناسن و سێرەی لەسەر هەڵنەگرن؟ لەوەی کە خەڵک لەپاش خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بێزیان لێی هەستێ؟ لەوەی کە پێیان وا بێ خاوەنی ئەم ئەندێشەیە لە دونیای واقیعیشدا دەبێ شێت بێ؟ لەوەی کە... ؟ ئەو تەنیا ئەوەی دەزانی کە لە چاوی خەڵک دەترسێ، بۆیە هەرگیز سەیری سیما و ڕواڵەتی کەسی نەدەکرد. هەوڵی دەدا چاو لە دەروونیان بکا. بیریان بناسێ، بەڵام تا زیاتر دەروونی خەڵکی دەناسی، لەجیاتی ئەوەی ترسەکەی کەم بێتەوە، زیاتر ترس دای دەگرت. ئەم جارە، تەنیا جارێک بوو کە نەترسانە وە ڕێ کەوتبوو، بەڵام ئەم جارەش ترسی تەسادوف خستیەوە یادی ژن و مناڵەکانی: لەم تەسادوفەدا دەمرم. ڕۆمانەکەم لە تەنیشتم دەکەوێ. ژن و مناڵەکانم دەگەنە سەرم. وریا، یەکەمین مناڵم، دەفتەرەکەم هەڵ دەگرێتەوە. ئەویان ئەدەب دۆستە. دەزانێ کە من ئەم ڕۆمانە دەنووسم. پاشان دار و نەدارەکەم دابەش دەکەن. وریا هیچی ناوێ جگە لە ڕۆمانەکە. هەموو گاڵتەی پێ دەکەن، بەڵام ئەو، ڕۆمانەکە چاپ دەکا. تیراژی ڕۆمانەکە بە سورعەتی با دەچێتە سەر. من دەبمە بەناوبانگترین نووسەر و ئەویش دەبێتە دەوڵەمەندترین میراتگر. زۆری نەمابوو بگاتە چاپخانە. پازدە کیلۆمیتر. لاقی بە گازیەوە نا. توندتر و توندتر. دە کیلۆمیتر. پێنج کیلۆمیتر لە دوور چاوی بە کامیۆنێک کەوت. کامیۆنی چاپخانە بوو. پڕ لە کتێب. لە خۆشییان گەشکە بوو. هەستی کرد کە کتێبەکەی ئەویش ئاوا لە چاپ دێتە دەرێ. هەموو ئازای لەشی سەمای دەکرد. خەریک بوو باڵی دەگرت ڕۆحی دەیەویست بفڕێ و لە دونیا هەڵکەنرێ. حاڵێکی سەیری بە سەردا هات. لە هیچ شتێک نەدەترسا. هیچ شتێکی نەدەدیت جگە لە ماشێنی کتێبەکان لێی نزیک و نزیکتر بۆوە و لە پر تەقەیەک هات، وەک دونیا خەراب بووبێ. وەک مەرگ و ژیان وێک کەوتبن. چووە ژێر کامیۆنەکە. ئەو هەواڵە بە گویێ بنەماڵەکەی گەیشت. خێرا هاتنە سەری. شین و گابۆڕ ساز بوو. سەعات و پووڵ و ئەنگوستیلەیان هەڵگرت. جەنازە گوێزراوە. لە دوایین کاتدا وریا چاوی بە دەفتەرێک کەوت. هەستی کرد دەیناسێتەوە. بیری بۆ لای ڕۆمانەکەی باوکی چوو. بێت و ئەو بێ، چی لێ بکەم. ئەگەر دڵنیا بوایەم هیچ کەس نایخوێنێتەوە چاپم دەکرد، بەڵام ئاخ لەبەر چاوی خەڵک. ڕۆمانەکە لەسەر زەوی بەجێ ما، هەر تاو نا تاوێک، با لاپەڕەیەکی هەڵدەداوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەماوەند سەبارەت: چیرۆک زاوا، تارای لە سەر بووک هەڵگرت، بزەیەک لەسەر لێوی نیشت. دەنکێک شیرنییان لەگەڵ یەک گۆڕییەوە. هەرچەند یەکتریان باش دەناسی، بەڵام شەرمیان دەکرد پێکەوە قسە بکەن. هەر دووبەدوو مابوونەوە. لە ئاوێنەکەدا چاویان لە یەکتر دەکرد. ماوەیەک تێپەڕی. زاوا تینووی نەبوو، بەڵام بە دەنگێک کە دیار بوو دەیهەوێ لاسایی پیاوان بکاتەوە دەستووری بە بووک دا لیوانێکی ئاو بۆ بێنێ. بووک ئیشتیای لە هێنانی ئاو نەبوو، بەڵام لە کاتێک دا بە بێوازی نیوە لیوانێکی ئاو بۆ زاوا دێنا، دە دڵی خۆیدا بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن ئەویش فەرمانێک بە زاوا بدا. بووک کە هێشتا لەم فکرەدا بوو بە زاوای کوت ئەو ئاوێنەیەی لێرە هەڵگرە با نەشکێ. زاوا ویستی بە قسەی بکا، بەڵام وەک ئەوەی لە نەکاو وە بیری هاتبێتەوە کە پیاو نابێ بە قسەی ژن بکا، دەستی کێشاوە و کوتی: بۆخۆت هەڵیگرە. بووک کوتی: دەبێ ئەتۆ هەڵیگری و زاوا کوتی: نا. قسەیان لێک چەپ هات. زاوا دەستی دە قژی بووک نا و بووک گەرووی زاوای گرت و بێ ئەوەی ئاگایان لێ بێ، خۆیان لە ئاوێنەکە دا و شکاندیان. بەو دەنگە وە خۆ هاتنەوە، پێش ئەوەی شەڕەکەیان قورستر بێ بووک بە زاوای کوت: -هەتا دایە و بابە نەهاتوونەوە، وەرە با کایەیەکی دیکە بکەین. ئەم کایەیە هیچ خۆش نەبوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماڵ ئاوا سەبارەت: چیرۆک (١) چەند ڕۆژە کە دوای تەواوبوونی کاتی ئیدارە، بەم گەرمای نیوەڕۆیە لێرە دێیتە خوارێ و نزیک بە سەعاتێک لە دەوری ئەم مەیدانە خۆت دەخافڵێنی. دەتەوێ تا کەی وا بکەی؟ کوا ئەوە ڕێگایەتی؟ بەڵکوو ماڵەکەی لێرە گوێستبێتەوە، بەڵکوو لەسەر سەفەر بێ. هەر نەبێ بچۆ بەر سێبەرەکە. سووتام ئەوەندەی لەبەر ئەم خۆرەتاوە لەگەڵت ڕاوەستام. لەوێشەوە سەری کۆڵانەکەیان دیارە. مەترسێ، ئەو تۆ نابینێ. ئاخ من دەبێ نووسەرێکی چەند کڵۆڵ بم کە تووشی قارەمانێکی وەک تۆ هاتووم. تۆ پێت وایە ئەوە کڵۆڵی نییە کە من تا ئێستا تەنانەت یەک قارەمانیشم نەبووە، کە کۆک و پۆشتە و تێر و تەسەل بێ؟ ! نووسەرە دەر و دراوسێکان، هەموو قارەمانەکانیان لە کابارە و مەیخانە و پارک و گوڵزارەکاندا خەریکی کەیف و نەهەنگن، بەڵام ئەمن ڕۆژ هەتا ئێوارێ دەبێ یا لەژێر سێدارە دەرتانبێنم، یا لە زیندان، فکری هەڵاتنتان بۆ بکەم، یا لە نەخۆشخانە بتانلاوێنمەوە، یا ئەوەتا دە ڕۆژان لەبەر ئەو سوورەتاوەی بە زگی برسی لە گەڵتان ڕاوەستم. چی؟ خەتای منە؟ من ئێوەم تووشی ئەم چارەنووسە کردووە؟ هەقتە وام پێ بڵێی. ئەگەر من نەبوایەم، ئێوە پەناتان بۆ کێ دەبرد؟ ! من ڕۆژێ سەدان کەسی وەک ئێوە دەبینم کە برسی و بێ پەنا بە کۆڵانەکاندا دەخولێنەوە و خەریکن خۆیان دەخۆنەوە. چی بکەم؟ ناتوانم خۆمیان لێ نەبان کەم. باشە با لەو قسانە گەڕێین، بۆ لە جیاتی ئەو چاوەڕوانییە ڕاستەوڕاست ناچی پێی بڵێی پارەکەت بداتەوە؟ ! خۆ دەزانی لە کوێی بدۆزیەوە. شەرمێ دەکەی؟ دەتەوێ کاتێک سەعات سێی دوای نیوەڕۆ دەچیتەوە ماڵێ، بە شێویەک لە دەوری مەیدان خۆتی نیشان بدەی، کە ئەو پێی وا بێ بە ڕێکەوت تووشی هاتووی، جا ئەودەم، ئەو قەرزەکەی وە بیر بێتەوە و بتداتەوە؟ ! چەند کارێکی مناڵانەیە. ڕەنگە ئێستا خوێنەر پێی وابێ ئەم پارەیە چەندە کە تۆی ئاوا هەڵوەدا کردووە. بە کەس نەڵێم؟ من زگم عەمباری کەس نییە. دەیڵێم و چی دیکەشیان لە چاوەڕوانیدا ناهێڵمەوە. هەمووی چوار هەزار تمەنە کاکی خوێنەر! ئەگەر تۆ پێت وابوو ڕووداوێکی چەند میلیۆن تمەنی دەخوێنیەوە، هەر لێرەوە لە خۆت حاڵی بە. دەتەوێ لێی بپرسی کە بەوەندە پارەیە دەیەوێ چی بکا؟ باشە تۆ پرسیارەکەی خۆت لە بیر نەچێ، ڕەنگە بە وڵامێک بگەی. بە قسەم بکە. ئێوارێ بچۆ بەر دەرگای ماڵەکەی. ئەمنیش لەگەڵت بێم؟ جا تۆ چیت لە من داوە؟ با ئەمنیش لە ڕووم هەڵنەیە تۆ بۆ خۆت بچۆ. دوایی کە هاتیەوە بۆم بگێڕەوە چیت کردووە. تۆ نابێ بە ئاوری منەوە بسووتێی. من هەر لە سەرەتاوە مردەلۆخە و شەرمێون بووم. هێشتا تۆ لە من باشتری. حەوتووی پێشوو توانیت سێ هەزار تمەن قەرز بکەی. با، با ئاگام لێت بوو کە چۆن لە شەرمان ئارەقەت دەردەدا. لەلای خێزانت باسی ئەو قەرزەت هەر نەکردووە. هیچ لە بیرتە کە دەبێ بەیانی پارەکەی بدەیەوە. من بیدەمەوە؟ ئەگەر تۆ نەتبێ، من لە کوێی بێنم؟ تۆ لە هەر شوێنێک پێت خۆشە پەیدای بکە، دانەوەکەی لە ئەستۆی من. هەر کەس لە فکری خۆیدایە. تۆ دەتەوێ بە هەر شێوەیەک بێ، من قەرزەکەت بدەمەوە، هەزار ڕەخنەم لێ دەگرن. دەزانم تۆ چارەیەکت نییە بەڵام نابێ چاوەڕوانیی کاری ئاواشت لە من هەبێ. ئەوە دامنا قەرزەکەشت داوە، ئەدی پرتەوبۆڵەی خێزانت چ لێ دەکەی؟ ! هاواریەتی و دەڵێ هیچمان لە ماڵێدا نییە؟ باشە مەگری. گریان هیچ دەردێک دەرمان ناکا. ها ئەو دەسرەیەم لێ وەرگرە و فرمێسکەکانت پاک کەوە، من چی دیکە دڵم بەرەدایە نادا لە لات بمێنمەوە. تازە نیوەڕۆیان لەگەڵت دانابەزم. تۆش وەرە با بڕۆین. نایەی؟ لێرە دەمێنییەوە؟ باشە. من قسەیەکم نییە. لێرە بە. ڕۆیشتم ماڵ ئاوا. (٢) تۆ بۆچی خۆت لەو پەنایە مات کردووە. تاکەی دەتەوێ خۆتی لێ بشاریەوە. ئەو ڕۆژەی مناڵەکەت نەخۆش بوو، ئەگەر ئەو، پارەکەی نەدابایەی، بە چی نوسخەکەت دەکڕی؟ لە بیرتە کاتێک نوسخەپێچەکە پێی کوتی دەکاتە چوارهەزار و چوارسەد تمەن، چۆن لەجێوە ویشک بووی. تا ئەو کاتە دەستی چەپت بە نایلۆنی دەرمانەکانەوە و دەستی ڕاستیشت لە نێو گیرفانتدا خەریکی دەرهێنانی پارە بوو. کاتێک ئەوەت بیست، دەستی چەپت شل بۆوە و نوسخەکەت لەسەر میزەکە دانا. دەستەکەی دیکەشت بە بەتاڵی دەرهێنا. دڵنیا بووی کە لە شەش سەد تمەن زیاترت پێ نییە. بە داماوی کەوتیە شەقام پێوان و چاو گێڕان. بۆ چارەڕەشی، ئەم کەسەی لەبەر ئەو سوورەتاوەی دەوری مەیدانەکە ڕاوەستاوە، تووشت بوو. یەکترتان باش دەناسی. ڕووداوەکەت بۆ گێڕاوە. دەستی برد بۆ باغەڵی و بە جوامێرییەکی پڕ لە دڕدۆنگییەوە پارەکەی بۆ ژماردی. تۆ هیچ دەزانی ئەو پارەیەی بۆ چی پێ بوو. پێت ناڵێم، با چی دیکە برینت نەکولێتەوە. ئێستا هەرچی بووە تەواو بوو. زووکە بڕۆ لای. خەریکە لەو گەرمایە دا دەپیشێ. بڕۆ هەر نەبێ لەو چاوەڕوانییە تاڵەی دەربخە. بڵێ نیمە و هەر کاتێک هەمبوو دەتدەمەوە، چ دەڵێی؟ من بیدەمەوە؟ من ئەگەر پارەیەکم شک بردبا، قەرزەکەی ئەوم پێ دەداوە. بەڵام تۆ بڵێ ئەدی ئەو پارەیەی سەری مانگ وەرتگرت، چت لێ کرد؟ بەشی زۆریت دا بە کرێی ماڵ؟ من کرێ ماڵەکەت بۆ کەم کەمەوە؟ باشە ئەوە من بۆ تۆم کەم کردەوە، ئەی چ لەو هەزاران کەسە بێ داهاتەی دیکە بکەم؟ مەگری. گریان هیچ دەردێک دەرمان ناکا. ها ئەو دەسرەیەم لێ وەرگرە. فرمێسکەکانت پاک کەوە. ئەگەر ناچی بۆ لای، کەیفی خۆتە. تۆ هەر لێرە دەمێنییەوە؟ باشە. من قسەیەکم نییە. لێرە بە. من ڕۆیشتم. ماڵ ئاوا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسە سەبارەت: چیرۆک رَحِمَ الله لِمَن قرا الفاتِحَه ئەوە قسەی سەر زاری فەقێیەک بوو کە لەسەر کورسیلەیەک دانیشتبوو، بۆ هەر کەس کە وە ژوور کەوتبا و لە شوێنێک دانیشتبا، دووپاتی دەکردەوە و خەڵکەکەش لەگەڵ ئەو کەسەی تازە هاتبوو، فاتحایان دەخوێند. لە سەرەوەی هەمووان، ڕۆحی پاک و پەپوولەئاسای خوالێخۆشبووەکە، لەنێو مێحرابدا بوو. لە نەکاو کەسێک وە ژوور کەوت. سڵاوی کرد. بە سڵاوەکەی نیشانی دا کە لاڵە. بە خوار و خێچی بە ڕێگادا ڕۆیشت. خەڵک پێیان وا بوو شێتە. فەقێ چاوی پێ کەوت. بەسەر خۆیدا ڕووخا. خۆی لێ ون بوو. حەجمینی لێ هەڵگیرا. مزگەوتەکە بێدەنگ بوو. هەستی کرد تەواوی خەڵکەکە چاوەکانیان بەش کردوون. بە چاوێک لە کابرا دەڕوانن و بە چاوێکیش لە ئەم. لەو چاوانە ترسا. خۆف دایگرت. نیگای شۆڕ کردەوە. چاوی بە هەنگاوەکانی کابرا کەوت. پاش چەند هەنگاوی دیکە دادەنیشت. نەیدەزانی چ بکا. فاتیحای بۆ دادا یا نا؟ بڵێی خەڵک پێی پێکەنن؟ بڵێی خۆی بتوانێ بێدەنگ بێ؟ بڵێی... بلێی... ؟ کتێبێکی فەقێیانەی بە دەستەوە بوو. لە پڕ لێکی کردەوە. سەری دەنێو کتێبەکەدا شاردەوە و وای نیشان دا کە خەریکی خوێندنەوەیە و بەم شێوەیە نەیهێشت کە هیچ کەس فرمێسکەکانی ببینێ. لاڵە جێگایەکی بەتاڵی دیتەوە و دانیشت. بە سیلەی چاوی سەیری زار و لێوی دانیشتووانی کرد. هیچ کەس لێوی نەدەبزووت. زانی کە هیچ کەس فاتیحای لەگەڵ ناخوێنێ. بە تەنیایی بێدەنگییەکەی شکاند فاتیحایەکی لاڵانەی خوێند: وە وە وە وە... بە بە بە بە... . فاتیحای تەواو کرد. هەستا سەر پێ. دەستی بۆ خاوەن پرسەکان بڵیند کرد و دانیشتەوە. ڕۆحەکە گوێی بۆ فاتیحاکە ڕاداشت. لێی حاڵی بوو. ئەوە تەنیا فاتیحایەک بوو کە دەیبیست. ماوەیەک بە سەر چوو. مزگەوت ئارام بۆوە. لە نەکاو مەلایەکی کوێر وە ژوور کەوت. چاوساغێک دەستی گرتبوو. بە دەنگێکی بەرز- بەرزتر لە مامۆستایانی پێشوو-سڵاوی کرد. تەنیا چەند کەسێک وەڵامیان داوە. هیچ کەسیش لە پێشی هەڵنەستا. فەقێ دیسان لە سەر کورسیلە ویشک هەڵگەڕا. نەیدەزانی لە بەری هەستێ یا نا؟ چاوێکی بەنێو خەڵکەکەدا گێڕا. لە خۆی پرسی: ئەی بۆ لە پێش مامۆستاکانی دیکە هەستان؟ دیسان پرسیار دەرزی‌ئاژەنی کرد. دوودڵی ڕۆحی ئەنجنی، پەژارە دایگرت، دڵی پڕ بوو، گریان هەڵیپێچا، نیگای شۆڕ کردەوە، چاوی بە هەنگاوەکانی کەوت، تا چەند هەنگاوی دیکە دەگەیشتە لای، سێ هەنگاو، دوو هەنگاو، یەک هەنگاو، گەیشتە لای. یەک پێ لە پێشی هەستا. خەڵک جۆرێکیان چاو لێ کرد. لە داخان دانەنیشتەوە و یەکڕاست وە دەر کەوت... مامۆستایان لە گۆشەیەک دانا. ڕۆحەکە چاوی پێی کەوت. ئەوە تەنیا کەسێک بوو کە دەیدیت. سەرەخۆشی تەواوبوو. ڕۆحەکە گەڕاوە، بەڵام پێی سەیر بوو کە تەنیا دوو کەس لە پرسەکەیدا بەشدارییان کردبوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پووکانەوە سەبارەت: چیرۆک جنێوی بە هەتاو دەدا. بەردی تێ هەڵدەکرد. گوڵی دەشێلا. گوڵپەڕی هەڵدەوەراند. لە مناڵ تووڕە دەبوو. لێی هەڵدەقورینجاند. کانیاوی قوڕاو دەکرد. بەردی تێ داویشت. بە بۆنی گوڵاو قەڵس بوو. خۆی لێ دەبوارد. بۆگەنی پێ خۆش بوو. پڕ بە سییەکانی هەڵیدەمشت. بە هەر کردەوەیەک نەختێک بچووک دەبۆوە. تەمەنی بەرەو ژوور دەچوو. پیرتر و چکۆڵەتر. جاران بەتەواوی خۆی لە ئاوێنەدا دەدی، وردەوردە بەشێک لە ڕوخساری بزر بوو. دوای بەینێک نەدەگەیشتە ئاوێنەکە. خۆی لێ ون بوو. بەسەر کانیاوێکدا کەوت، پێشتر قوڕاویی کردبوو. چاوی لێ کرد. لە خۆی ترسا. سیمایەکی گڵاو. بێزی لە خۆی هەستا. ڕووی وەرسووڕاند. تازە هەرگیز ڕووی دە هیچ ئاو و ئاوێنەیەک نەکردەوە. تاقەتی قاچی کەم بوو. خۆی لەسەر لاق پێ ڕانەگیرا. پێویستی بە گۆچان هەبوو. وەگیری نەکەوت. کەم کەم داهاتەوە. بەری دەستی نیشتە سەر زەوی. چوار دەست و پێ ڕێگای بڕی. برسیەتی تەنگی پێ هەڵچنی. تاقەتی لێ بڕی. تفی لە زاریدا ویشک بوو. قسەی بۆ نەکرا. ناچار بوو بوەڕێ. دەنگی نووسا. نووزەی لێ دەهات. چکۆڵە و چکۆڵەتر بۆوە. وردەوردە تواوە و بێ ئەوەی بمرێ لەبەر چاوان ون بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پووڵدان سەبارەت: چیرۆک - سروەی ژمارە ١٥ (١٩٨٧) ڕێبوارەکان بەلەز بەلامدا تێدەپەڕین. هێندێکیان بارستی کۆڵەباری خەم و پەژارە پشتی چەماندبوونەوە و زامی ئاواتە خنکاوەکانیان جەرگی بریندار کردبوون. بە نێوچاوانی پڕ گنجەوە کە وێنەیەک بوو لە ژیانی سەخڵەتیان، بە بەرچاومدا ڕادەبردن. نۆرەی دەستەیەکی دیکە دەهات. ئەوانەی کە تامی خەمیان نەچێشتووە و ئێش و زامیان نەدیوە. لەو لای شەقامەکە پیرەپیاوێکی ماندووی داماو، دەستی لە ئەژنو وەرێنابوو و لە نیزیک کتێبە تۆزاوی و پەڕپووتەکانی دانیشتبوو و بیری دەکردەوە و بەو تاسەیەوە کە بۆ کوتاڵ فرۆشێکی بە تێرو نەبووە، جەرگی جەرگی دەخواردەوە. پێم لە ڕۆیین و چاوم لە ڕوانین نەدەوەستان. هەکە وا دەڕۆیشتم وە بیرم هاتەوە دەبێ بچم ماشێن بە کرێ بگرم و برا چکۆڵە نەخۆشەکەم بەرمە لای دوکتۆر لە شاری ورمێ. بۆ وەرگرتنەوەی پووڵ بەرەو بانگ وەڕێ کەوتم. سەردەمی گۆڕینی کۆپین بوو، خەڵک بە نۆبە دەچوون بۆ ژوور. چوومە ناو سەفەکە، منداڵێک هەشت ساڵانە لە پێش من ڕاوەستابوو، پووڵدانێکی سوور و جوانی بە دەستەوە بوو، هەڵی دەخولاند، تێی ڕادەما، لێی ورد دەبۆوە. دەتکوت چاوەڕوانە پووڵدانەکە قسە بکا. هەرکە شەقەی پووڵەکانی گوێ لێ دەبوو، بزەیەکی دەهاتە سەر لێو. ئەو جار لە کەلێنی پووڵدانەکەوە دەیڕوانییە پووڵەکانی. ئەو پووڵانەی کە تمەن تمەن کۆی کردبوونەوە. تافی منداڵیم دەهاتەوە بیر و ئێرەییم بەو منداڵە دەبرد. چون پێم وابوو دەتوانێ بەو پووڵدانە پڕ لە پووڵە بە ئاواتی منداڵانەی خۆی بگا. جار جار هەناسەیەکی ساردی هەڵدەکێشا و خونچەی پشکووتووی لێوی دەژاکا. دەمێک بە بزە و دەمێک بە کەسەر و کزەی دڵ سەرنجی دەدا، هەستم بەوە کرد کە ئەوەندە پووڵە ناتوانێ ئاواتەکەی بەدی بێنێ و بیر کردنەوە لە ئەو مەسەلەیە دڵی ساوا و ناسکی دەشکێنێ. لە لای دانیشتم و کوتم: –کوڕی چاک ناوت چییە؟ کوتی: –ئارام کوتم: -ئەی بۆ دایکت یا باوکت لەگەڵت نەهاتوون؟ کوتی: –باوکم کارگەرە و دایکم... دایکیشم مردووە. وشەی «دایکیشم مردووە» وەکوو ئاگرێک، پۆلووی دامرکاو و لەگڕکەوتووی دڵی پڕ کوڵی گەشاندەوە و فرمێسکی پێ هەڵوەراند. لە پرسیارەکەم پەژیوان بوومەوە و بۆ لاواندنەوەی دڵی زامداری، دەستم کرد بە قسە: –قەیدی نییە ئارام گیان، هەزاران کەس وەکوو تۆ دایکیان نەماوە، بەڵام پیاوانە ڕاوەستاون و گەرچی خەمی دایکیانە، بەڵام فرمێسکی بۆ ناڕێژن. تۆ چەند ساڵی دیکە دەبی بە پیاو. دەزانی پیاو بە کێ دەڵێن؟ بەو کەسە بتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و جگە لە خودا پاڵ وە کەس نەدا. ئەگەر ئەوڕۆ ئەتۆ لەگەڵ دایکت هاتبایە ئێرە، منداڵ بووی کە چی ئێستا تەنیا هاتووی. ئەتۆ ئەوڕۆ پیاوێکی، چونکە کاری پیاوێک دەکەی بەڵام ئەگەر دەگەڵ دایکت هاتبای منداڵێک بووی. گەورەیی و پیاوەتی بە قەڵافەت نییە. ئارام چاوە پڕ ئاوەکانی لە چاوم بڕی و بە هێمنی کوتی: مامە، منداڵەکانی مەدرەسە هەموو دایکیان هەیە، بێجگە لە من، هەر ئەمن بێ دایکم. ئەوێ ڕۆژێ، ڕۆژی دایک بوو. هەموو مناڵەکان دیارییان بۆ دایکیان کڕیبوو و دەیانبردەوە ماڵ کەچی ئەمن نەمدەزانی چ بکەم. ئاخری چەپکەگوڵێکم کڕی و چوومە سەر قەبری دایکم و کوتم: –دایە گیان بریا زیندوو بای لێچکەیەکی جوانم بۆ دەکڕی. نەڵێی ئارام ئەتۆی لە بیر چۆتەوە، نا، دایە گیان ئەتۆ قەت لە بیر ناکەم. شەو نییە خەونت پێوە نەبینم. دایە گیان ئەوشۆ زۆر زوو دەنووم هەتاکوو زووتر تۆ ببینم. تۆ خوا لە بیرت نەچێ دایە گیان بێیە کنم. ئەگەر ئارام لەوە زیاتر درێژەی بە قسەکانی دابا، خۆم پێ ڕانەدەگیرا، بۆیە قسەکانیم بڕی و کوتم: –باشە دایکت بۆ مرد؟ کوتی: سێ مانگ لەوە پێش بوو دایکم دووگیان بوو ڕۆژێکی زۆر ناڕەحەت بوو، بابم چوو مامانی هێنا، بەڵام دایک تاولەتاوێ خەراتر دەبوو، مامانەکەش دەیکوت: هیچ نییە. ئاخرەکەی زۆر ناڕەحەت بوو، بردمان بۆ دوکتور. دوکتور پاش چەند سەعات ڕاگرتن کوتی: لێرە چارەی نایە، چونکە دەبێ عەمەل بکرێ و لێرەش نەخۆشخانە نییە. دایکمیان دە ماشێنێ نا هەتا بیبەن بۆ شارێکی گەورە. منیش بە زۆر خۆم ڕەگەڵ خست، لە نێو ڕێگا دایکم منداڵەکەی بوو، بەڵام خۆی مرد. دەستی لە نێو دەستمدا بوو ئەگەر تەواو بوو. قەت ئەو ڕۆژەم لەبیر ناچێ، لەو ڕۆژەوە من بێ دایکم، ئەو پووڵدانەش یادگاری دایکمە و بە بۆنی وی لێ دێ. ئەودەمی بۆی کڕیبووم قەرار بوو ئەگەر پڕ بوو دووچەرخەی پێ بکڕم. چونکە دەیزانی من دووچەرخەم زۆر خۆش دەوێ. لەو ڕۆژەوە، کە پووڵدانەم داناوە پووڵم خەرج نەکردووە و هەموو پووڵەکەم کۆ کردۆتەوە... ڕەفیقەکانم هەموو دەزانن من پووڵم بۆ دووچەرخە کۆ کردۆتەوە، دەڵێن خۆزگەم بە خۆت و پێیان خۆشە دەگەڵم ببن بە ئاواڵ. ئاخە، قەرار بوو من سبەینێ چەرخی بکڕم، ئەویش ئەوڕۆ گوێم لێ بوو دەوڵەت دەیەوێ نەخۆشخانە لە شار ساز بکا. منیش پوولدانەکەم هەڵگرت و هێنام نەخۆشخانەی پێ ساز بکەن. دەزانی بۆ مامە؟ دەزانی بۆ؟ بۆ ئەوەی کەسی دیکە دایکی نەمرێ. دایک مردن زۆر ناخۆشە مامە. ئیتر هێزم نەمابوو. فرمێسک لە چاوانیدا پەنگی خواردبۆوە و هێدی هێدی دەڕژانە سەر کوڵمە گەش و جوانەکانی. بە دەنگی لەرزۆکی ئارام وەخۆ هاتمەوە کە دەیکوت: –ئەرێ مامە ڕاستە دەڵێن ئەمن هەتیوم؟ گوتم: –نا نا، ڕۆڵە؛ تۆ هەتیو نی. هەتیو ئەو کەسەیە باوکی نەبێ. ئەگەر ئەو جارەی منداڵان وایان پێ کوتی ناڕەحەت مەبە. چونکە تۆ نابێ لە بیرت بچێ کە پیاوی. پیاو بە قسەی منداڵان پەرۆش و تووڕە نابێ. نابێ قەت بۆ دایکت فرمێسک بڕێژی. کوتی: –نا، مامە ئەمن بۆ دایکم ناگریم، چونکە بوومەتە پیاو. بۆیە دەگریم دەڵێم: بریا چەند ساڵ پێشتر نەخۆشخانەیان ساز کردبا... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاوچی سەبارەت: چیرۆک ڕاوچییەک لە بۆسەدایە. بەفر وڵاتی داپۆشیوە. زۆر برسییە. بە خەیاڵی خۆی دەبێتە باڵندە. هەڵدەفڕێ. لە ئاسمان برسیەتی تەنگی پێ هەڵدەچنێ. چاوی بە ڕەشایییەک دەکەوێ. لێی نزیک دەبێتەوە. ڕاوچییەک سێرەی لێ دەگرێ. لە نەکاو ڕاوچییەکە دەبینێ. دەیەوێ بگەڕێتەوە. دڵی وەک چۆلەکە لێ دەدا. تەقە لە تفەنگی ڕاوچییەکە دێ و ترپە لە لەشی باڵندەکە دێ. ئەم وە خۆ دێتەوە. تفەنگەکەی فڕێ دەدا. ئەوە ئاخرین جاری بوو کە ڕاوی دەکرد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیان سەبارەت: چیرۆک لەسەر دارەمەیت درێژیان کرد. کفنیان دەبەر کرد. فرمێسکیان بەسەردا باراند. لەنێو ئامبوڵانسیان نا. دەرگایان لەسەر پێوەدا. ئامبوڵانس، ئاژیری کێشا و وەڕێ کەوت. پاش ماوەیەک، ماشێن ڕاگیرا. دەرگا کراوە. کفنی لەسەر لادرا. دەنگێک پێی کوت: هەستە، تەواو بوو! ئەوە یەکەم جار بوو کە دەمرد. ئەم مەرگەشی بۆ خۆی هەڵنەبژارد. برسی و بێ‌پەنا و دەستەوەستان بە نێو کۆڵانەکانی شاردا دەخولاوە. سەری وەک کێوێک بە سەر لەشیدا ڕووخابوو. بیری لە هەمووشتێک دەکردەوە، تەنانەت خۆ کوشتن! بۆخۆی ئازایەتیی ئەوەی نەبوو خۆی بکووژێ، بەڵام بێ‌شک ئەگەر کەسێکی دیکە کوشتبای هیچی نەدەکوت. غەرقی ئەم خیاڵاتە بوو. لەسەر پێچی کۆڵانێک، تووشی دەستەیەک هونەرمەندی سینەما هات. کارگێڕی فیلمەکە لێی هاتە پێش. «پیویستمان بە کەسێک هەیە بۆ ماوەیەکی کورت لەم فیلمەدا بمرێ پارەیەکی باشیشی دەدەینێ». ئەم بێ‌یەک‌ودوو خۆی بە دەستەوە دا. لەسەر دارەمەیت درێژیان کرد. کفنیان دەبەر کرد... هەستە، تەواو بوو! پارەکەی بژارد و وەڕێ کەوت. حەوتوویەک بەباشی ژیا، بەڵام دیسان برسی و بێ‌پەنا و دەستەوەستان کەوتەوە نێو کۆڵانەکان. ئێستا لە هەر شوێنێک قەرەباڵغی ببینێ، لێیان دەچێتە پێشێ: -کاکە ببورن، کەستان ناوێ بۆتان بمرێ؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردستان سەبارەت: چیرۆک توند هەڵدێ. وەک ئاسکێک کە ڕاوچی شوێنی هەڵگرتبێ. توندتر، دەڵێی دەیەوێ بفڕێ و بەر لە فڕین دەور هەڵدەگرێ. دڵۆپێک ئارەقە بەسەر گنجەکانی نێوچاوانیدا دەدا. هێندەی نەماوە بتکێتە خوار. سووکە ئاوڕێک دەداتەوە. دەوەندەیەک لێی نزیک دەبێتەوە... نزیکتر... هەتا پشتی گەرم کردەوە ئێستا ئیتر سێبەری خەنیمەکەی وە پێشی کەوتووە. شەرم لە خۆی دەکا. لە شەرمان کەم دەمێنێ ببێتە دڵۆپێک ئاو. دڵۆپە ئارەقەکەی نێوچاوانی دەتکێتە خوار. بەناچاری چاوی دە سێبەرەکە بڕیوە. ئەو سێبەرە لەبەر چاوی دەڵێی جندۆکەیە و سەما دەکا. خۆ دەکوتێ هەتا بیگاتێ. بە هەموو هێزیەوە هەڵدێ. وەک باڵندە باڵ لێ دەدا بەڵکوو بتوانێ بفڕێ. ئای چەند خۆش دەبوو توانیبای... دڵ خۆشیی خۆی دەداتەوە: «با باڵیشم نەبێ، ڕەنگە پیاو بتوانێ بە لاقەکانیشی بفڕێ. تا دەتوانم، دەبێ هێندە توند هەڵێم، لاقێکم نەگاتەوە سەر زەوی ئەوی دیکەیان هەڵگرم. دەبێ لە حەوای لاق لێ دەم». هەر وا چاوی دە سێبەرەکە بڕیوە کە دەوەندەکە بە دوای خۆیدا دەیکێشێ. وە دوا کەوتووە. تووڕەیە. چاوەکانی ئاوریان لێ دەبارێ و چیڕەچیڕی ددانەکان دێ. دەڵێی لە داخان ئێسک و پەراسووی «غیرەت»ی تێک دەقرمێنێ. سەر هەڵدێنێ. نیگاکانی بەرەو خەتی کۆتایی دەڕۆن و... لە خەتەکەش تێدەپەڕن. ئای بریا هەنگاوەکانی وەکوو تیشکی چاوەکانی، تیژ ڕۆیشتبان. ڕایەڵی نیگا کۆ دەکاتەوە و تا پێش دەمی خۆی دێنێتەوە. هەر دووسەد میترێکی ماوە. ئەگەر هەر وا بچێتە پێش دۆڕاوە. لە خەیاڵیا زەوی زار لە بەر یەک دەباتەوە و هەڵیدەلووشێ. هەست بە نامۆیییەکی سەیر دەکا. تەنیا لە وڵاتێکی نامۆ. ناهۆمێدی سەری پێ دادەخا. لە نەکاو چاوی بە نووسراوەکەی سەر کراسە وەرزشیەکەی دەکەوێ: پارێزگەی کوردستان. ورەیەکی تازە پەیدا دەکا. دەڵێی منداڵێکی لە دایک هەڵبڕاوە و لەپڕ تووشی دایکی دەبێتەوە. وەخۆ دێتەوە. پەنجەکانی بۆ لای لەپی دەست خوار دەکاتەوە. گەرووی ناهومێدی دەکوشێ... دەکوشێ... دەیخنکێنێ... کاتی ماڵاواییی دێتەوە بیر: دایکی چاوەکانی بە چەند دڵۆپ فرمێسکی دڕدۆنگی شوشت و باوەشی بۆ کردەوە. خۆی هاویشتە نێو باوەشی. دایکی پێی گوت: ڕۆڵە گیان، هیوادارم هاتیشیەوە، بە سەربڵیندی باوەشت بۆ ئاوەڵا کەم. دەنگی بڵیندگۆ وەک نەشتەر لە هەموو ئازای بەدەنی ڕۆچوو، وەخۆی هێناوە: «چی وای نەماوە بۆ هێڵی کۆتایی، تاوێکی دیکە...» ئیتر ئارەقەی لەشی بە دڵۆپ نەدەژمێردرا. کراسەکەی تەڕ ببوو. تەڕاییی کراسەکەی ناوی کوردستانی بەسەر قەلبیەوە نووساندبوو. دڵی زۆر بەتوندی لێی دەدا. گوێی بۆ شل کرد. دەنگی دڵی وەک جاران نەبوو. دەنگێک نەبوو. دەتکوت ملیۆنەها دڵە. ڕاچەنی، کاتێک زانی دڵی هەموو کوردستانە لەنێو دڵیدا لێ دەدا، وردە وردە هەنگاوەکانی بەهێز بوون. ئیتر هەنگاوی دوو کەس، سێ کەس، دەیان کەس نەبوو... هەنگاوی هەموو کوردستان بوو بەرەو پێشیان دەبرد. لە خەتی کۆتایی نزیک دەبۆوە. مەودای دەگەڵ دەوەندەی پێش خۆی کەم بۆوە و هانکەهانکی هەناسەکەی گوێ لێ دەبوو. توندتر هەڵدەهات. ئەوەندە توند کە ئیتر هەستی دەکرد وردە وردە لە زەوی جوێ دەبێتەوە و بە لاقەکانی دەفڕێ. لە حەوای لاق لێ دەدا. دەگەڵ خەنیمەکەی لە یەک خەتدا بوون و دەگەڵ خەتی کۆتایی هەنگاویان مەودا بوو. دایکی وەبیر هاتەوە و باوەشە ئاوەڵاکەی. باوەشی ئاوەڵای هەموو نیشتمان. دوو هەنگاوەکەش هاوێژران... کێبەرکێ کۆتایی هات. دەوەندە کوردەکە لە خۆ چوو. ئاگای لە خۆی بڕا. بڵیندگۆ کە کەوتە هاوار... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵبژاردن سەبارەت: چیرۆک - بۆ هەڵبژاردنەکەی ئەودیو کزەبایەکی ساردی بەیانی هەر دووک دەستی پێ دە گیرفانی نابوو؛ تەنیایی ڕێگای بیرکردنەوەی بۆ خۆش کردبوو. بە لانی کەمەوە ئەوە هەزارەمین جار بوو کە بە شەقامەکەدا شۆڕ دەبۆوە. خشپەیەک لە پشت سەری هات، وەک خشپەیەکی دیکە و ئەمجارەیان کاغەزێک بە سەما کردن نیشتە سەر شەقامەکە. پێش ئەوەی پێی لەسەر دانێ، چاوی بە وێنەی سەر کاغەزەکە کەوت. لە نەکاو وەبیری هاتەوە کە ئیمڕۆ یەکەمین ڕۆژی هەڵڵاوبگری کاندیداکانە. درێژەی بە ڕێگاکەی دا، بەڵام نەیزانی کە پێی لە وێنەکە نابوو یا نا؟ چەند هەنگاوێک خوارتر چاوی بە لاوێکی چاردە پازدە ساڵە کەوت کە بە تفەنگێکی بادی، سێرەی لە چڵووکی دارێک گرتبوو. ترس وەک باران بەسەر باڵایدا باری. کەوتەوە بیری سەردەمی مناڵی؛ کە کوڕی ژاندەرمێکی جیرانیان بە قۆچەقانی لە سینگی سێروویەکی ڕاکێشا و سێرووەکە بە باڵەفڕکێ مەودای نێوان ئاسمان و زەویی پێوا. لە لای خۆی، فڕینی سەربەرەوژێری سێرووەی ناو نابوو سەمای مەرگ. ئەو بیرەوەرییە نەیهێشت لەوە زیاتر خۆ ڕاگرێ، خێرا خۆی گەیاندە کوڕەکە، لوولەی تفەنگەکەی گرت و بە سەریدا گوڕاندی: ئەوە چ دەکەی؟ ترس وەک تەرزە بەسەر باڵای کوڕەکەدا باری. پێی وابوو لایەنگری لە... دەکا. کابرا بۆ ئەوەی دڵنیا بێ کە باڵندەکە هەڵفڕیوە سەری بەرز کردەوە، بەڵام چاوی بە وێنەی کاندیدایەک کەوت کە بە سەر لکی دارێکەوە هەڵیان واسیبوو. پێکەنی. پێکەنین وەک کۆلکەزێڕینە لە دەموچاویدا کەمانەی بەست. تفەنگەکەی بەردا و وەڕێ کەوت. کابرا هێشتا چەند هەنگاوێک دوور نەکەوتبۆوە کە گوێی لە دەنگی تفەنگەکە بوو، بەڵام ئاوڕی لێ نەداوە. چاوی لە دەوروبەری خۆی کرد. دەیان کەس لەوبەر ئەوبەری شەقام چاویان تێ بڕیبوو. دەتکوت دەیان ساڵە دەیناسن. نیگاکانیان پڕ بوو لە پاڕانەوە. وەک ئەوەی شتێکیان لێی بوێ. کەمێک هەنگاوەکانی توندتر کرد. دەیەویست خۆی لە ئەو نیگایانە بدزێتەوە. تەنانەت بڕیاری دا چاو لە هیچ لایەک نەکا و تەنیا بڕوانێتە ڕێگای خۆی، بەڵام ئەوەشی بۆ نەچووە سەر. کاتێک لە پێچی شەقامەکە بای دەداوە، چاوی بە کۆمەڵێک وێنەی دیکە کەوت. لە جێگای خۆی ویشک هەڵگەڕا. لە نێو ئەو وێنانەدا وێنەی کەسێک هەبوو کە لە مێژ بوو دەیناسی. کەسێکی زانا، کە بە دڵ خۆشی دەویست و متمانەی پێی هەبوو. وێنەکەی وەک ئەوانی دیکە نەبوو. کەمێک بچووکتر بوو. وردی و زۆریی نووسراوەی ژێر وێنەکە ناچاری کرد لێی نزیک بێتەوە. مەودای ئەوەندە کەم کردەوە کە وشەکان لەپێش چاوی ساغ بوونەوە. لە تاوان هەردووک ئەژنۆی شکانەوە. کەمێک داما و پاشان بە زۆری خۆی بەسەر قاچەکانیدا سەپاند و درێژەی بە ڕێگاکەی دا. لە ڕێگادا نووسراوەکەی وڕێنە دەکردەوە: بە بۆنەی کۆچی دوایی... مەجلیسی پرسەیەک بەڕێوە دەچێ... هەرگیز مەودای نێوان ماڵ و ئیدارە ئەوەندە لە بەر یەک نەچووبۆوە. کاتێک دەرگای ئیدارەکەیانی وە بەرچاو کەوت، هێزێکی هاتەوە بەر. هێشتا لە دەرگاکە زۆر نزیک نەببۆوە کە تارمایی وێنەیەکی دیکە لە پێش چاوی کەوتە ڕێشکە و پێشکە. نزیکتر بۆوە. ئیتر ئەم جارەیان بڕوای بە چاوەکانی خۆشی نەمابوو. خاوەنی ئەم وێنەیەی دەناسی. هەر نە تەنیا ئەو، ئاشنای هەموو خەڵکی شار بوو. بە «حەمە شێت» ناوبانگی دەر کردبوو. لە هەر شوێنێک چەند کەسێک کۆ ببانەوە. حەمە شێت قسەی بۆ دەکردن. قسەی وا کە ئەگەر عاقڵێکیش کردبای شێتیان دەکرد. چاوێکی دیکەی لە وێنەکە کرد. لە خۆوە دوودڵ بوو. بە خۆی کوت نەکا ئەوە کەسێکی دیکە بێ کە زۆر وەک حەمە شێت دەچێ. بە تایبەت کاتێک چاوی بە ناوەکەی کەوت کە بە خەتێکی درشت نووسرابوو: «محەممەدی عالم»، ئەم دوودڵییەی زیاتر بوو. بە هەر شێوەیەک بوو خۆی گەیاندە بەرپرسی ئیدارە، بە بیانووی نەخۆشیی مناڵەکانی، حەوتوویەکی ئیزن وەرگرت. یەکڕاست گەڕاوە ماڵێ و بڕیاری دا کە لەو ماوەیەدا خۆی لە شار و شەقام و وێنە و کاندید و... بدزێتەوە. ڕووی لە سروشت و گوندە دوورکەوتووەکان کرد و لە دوایین ڕۆژدا گەڕاوە. هەرچەند لە ماوەی هەڵبژاردندا خۆی شاردبۆوە. بەڵام سەیر دڵەکوتەی بوو بۆ ئەوەی بزانێ کێ هەڵبژێردراوە. کاتێک دەرگای ماڵە خۆیانی کردەوە، پێش ئەوەی پرسیار بکا، وڵامەکەی لە دەم خێزانی وەرگرت: کاک محەممەدی عالم بە زۆرترین دەنگەوە دەرچوو. ئەو وڵامە هەستێکی سەیری پێ بەخشی. هەستێک کە نەیدەزانی نیشانەی خۆشییە یا ناخۆشی و لە حاڵێکدا کە هەوڵی دەدا تازە بیر لەو مەسەلەیە نەکاتەوە، ئەو پرسیارە دەستی لە بەرۆک نەدەکردەوە: کە ئایا ئەوە حەمە شێت بوو، یا زۆر وەک ئەو دەچوو؟ ++++++++++++++++++++++