شاعیر: مارف ئاغایی کتێب: زەوی سەخت و ئاسمان دوور سەرناو: باران باران! ئەی ئەزموونی لە دایک بوونێکی ئاسمانی ومەرگێکی دەریایی؛ بۆ زەوی وادەی چی پێ دابووی، کە هەوری دڵدارت بە جێ هێشت؟ باران ئەی کۆچکردووی وڵاتی ئەستێرە و هەور و با کێ هەیە بۆو لاوکە ئاسمانییەت گوێ هەڵخا؟ باران تۆ خاچێکی سەرگەردان : سەرێکت لە ناخی سووڕانی زەویدا و سەرێکت لەنێوان گەڕانی هەوردا. باران! ئەی ڕێبواری ڕۆژانی بێ خۆر و شەوانی بێ مانگ و ئەستێرە! باران! ئەی پاکترین هاوڕەگەز بۆ گریان! منم من بۆ مەرگی تۆ گریام ئەی مرۆڤترینی دڵداران ++++++++++++++++++++++