شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: کاوەی ئاسنگەر سەرناو: زانیارییەکان کەسانی ناو ئەم داستانە: ئەژدەھاک: شا گۆتۆ: سەرکردەی لەشکری ئەژدەھاک لۆلۆ: وەزیری ئەژدەھاک لاسیراب: جاڕچی کۆشکی ئەژدەھاک مۆدۆن: جادووگەر کاوە: ئاسنگەر گوردۆ: کوڕی کاوە سارا: ژنی کاوە پشتکۆ: ھاوڕێی گوردۆ زێمری: گۆڕھەڵکەن زاماوە: گۆڕھەڵکەن کاردا: جوتیار مادیا: جوتیار کارون: شوانی ئاژەڵەکان کاردوخ: ئاشەوان لەگەڵ • خەزنەداری ئەژدەھاک • کۆمەڵانی خەڵک • تارمایی مردن • دەنگی سێ کاسە سەر • سێ تارمایی مردوو • سێ ڕێبوار • پاسەوانەکانی ژووری ئەژدەھاک • سەربازێک • میللەت. جێگا و کات کوردستان، ٦٠٠ ساڵ پێش میلاد. تێبینی ١. ناوی زۆربەی پاڵەوانەکانی ئەم داستانە، لە ناو ئەو ناوانەدا ھەڵبژێرراون کە لە کۆندا… لە نەتەوەی کورد و ناوچەکانی نراون. ٢. کێشی ھەموو ھۆنراوەکانی ئەم داستانە تێکڕا (کێشی پەنجە)ی «٤+٤»ن و بڕگەکانی بەم جۆرە ئەژمێررێن: «- - - - - - - -» یان نیوەی «- - - -» ٣. چۆنیەتی پەیوەندی بە سەرھاتەکانی ناو ئەم داستانە لە ڕووی مێژوییەوە، تەنھا پەیوەندی خۆ بەستنەوەیە بە ئەفسانەکەیەوە بەو شێوەیەی لە ناو کوردەواریدا بڵاوە، ئەگینا وەکی تر ھەمووی لە زادەی بیری ھونەر خۆیەتی و جۆری لێکدانەوە و زمانی قسەکردن تێکڕا لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەتوانین بڵێین «لێکدانەوە و زمانی» ئەم سەدەیەیە. ٤. ئەم بەرھەمە لە بەر دەستی خوێنەری خۆشەویستایە، سەرەتای دەسپێکردنی ئەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٩ و تەواوکردنی لەکۆتایی ھەمان ساڵا، نەک ١٩٧١، ئەمە جگە لەوەی شوێنی ھەندێ تابلۆکانی ئەم داستانە و لە نێوان گفتوگۆی پاڵەوانەکانا… دەربڕینی ساکار و سادە ھەن… کە زیاتر خۆم ویستومن بەم جۆرە بمێننەوە، بە تایبەتی کە بەرھەمەکە بۆ سەر شانۆ ئامادە کراوە، لە لایەکی تریشەوە ھەر بەو جۆرەی لە کاتی خۆیدا نووسیبووم، ھێشتمەوە و ھیچ دەستکاریەکم تیا نەکرد… ویستم ئەم بەرھەمە بخەمە بەرچاو. ٥. ئەم بەرھەمە، نیاز وایە، لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا لە لایەن تیپی تەمسیلی کۆمەڵەی ھونەر و وێژەی کوردییەوە، لە شانۆ بخرێتە سەر شانۆ، دوای ئەوەی کە دەرھێنەر «مخرج»، چاو بە سەرتاپای تابلۆکان ھەموویدا ئەگێڕێتەوە. ٦. ئەبێ لێرەشدا، لەدڵەوە سوپاسی گەرم و گوڕی، ھاوڕێیانی خۆشەویست وئەدیب کاک «جلال میرزا کریم» فەرمانبەر لە وەزارەتی ڕاگەیاندن و کاک «کمال ڕۆوف محەمەد» بکەم کەلە جێ بەجێ کردنی یاریدەدان و یارمەتیدا بۆ چاپ کردنی ئەم داستانە لەلایەن وەزارەتی ناوبراوەوە، دڵسۆزانە کۆششیان بۆ کردم. —ش. بێکەس خوا و فریشتەکان ئەو خوا و فریشتانەی لەم داستانەدا ناویان ھاتووە، سەرچاوەکانیان داستانەکانی کۆنی ڕۆژھەڵات و بە تایبەتی ئەفسانەکانی دەوری سۆمەرییەکانە. (داستانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتی ڕافدەین نووسینی زانای بەناوبانگی ئینگلیزی «سموئیل ھنری ھووک» (Samuel Henry Hooke) مامۆستای خوێندنی داستانە کۆنەکان لە زانکۆی لەندەندا، گۆڕینی بۆ عەرەبی: یوسف داود عبدالقادر، چاپخانەی دار الجمھوریە، ١٩٦٨. ) ئەھرەمەن: خوای شەڕ ئانانا: فریشتەی ئاسمان نانا: خوای مانگ لە ئوور نیتی: پاسەوانی جیھانی تاریکی ژێر زەمین ئینکی: خوای جادووگەریو حیکمت و دروستکەری دنیا ئۆتۆ: خوای ڕۆژ نامۆ: خوای دەریا ئانلیل: لە ھەموو فریشتەکان گەورەترو خوای خۆشی و فەڕووپییت ئاشنان: خوای کشت و کاڵ و دەغڵ و دان لەھار: خوای ئاژەڵ سمکان: خوای شاخ و کێو و خاوەن دەسەڵات ماشۆ: ئەو ڕیزە شاخانەن کە ئاوی مردنیان لێیە زوو: کوشندەترین باڵندە، بەپێی ئەفسانەکانی ئەو سەردەمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی یەکەم «جێگا گۆڕستانێکە و مانگە شەوێکی خۆش، زێمری و زاماوا خەریکی گۆڕ ھەڵکەندنن». زێمری: «دوای ئەوەی پشویەک ئەدات و ماوەیەک لەمانگ ورد ئەبێتەوە». تریفەی مانگ، زەردەخەنەی، لێوی وشکی پڕ لە تەوسە پێڵوی قورسی پڕ وەنەوزە تەماشای کەی… ھەر بەڕەنگی زەردیا دیارە ئەڵێی مردووی سەد ساڵەیە! زاماوا: سەیر نییە، ئەویش پارچەی دەروونی ئەم وڵاتەیە… بە دوای خەما ئاوارەیە… چرای کزی، شەوە زەنگی، ئەم خاکەیە. - پشوویەک - زێمری: باشە تاکەی ئەم بەڵایە مۆتەکەی ڕەشی سەر سنگ بێ؟ زاماوا: لە مانگ پرسە! بۆ بێ دەنگ بێ لە بەرچی نایەتە قسە؟ … زێمری: ئەویش وەک ئێمە وەڕسە! زاماوا: ئەی قوربانیمان نەدایە… ورد و درشت نەمان پەرست تا ڕزگار بین لەم بەڵایە! زێمری: ئارامی گشت فریشتەکان توول ئەکێشی.. خوا ھەر وایە! تۆڵەی درەنگ ئەکاتەوە… زاماوا: «بەتەوسەوە» جارێ ھەر پیش ئەخواتەوە «بە ڕقەوە» بڕوام بە ئاسمان نەماوە بڕوام بە «سمکان» نەماوە لە کوێن؟ … لە کوێن؟ … زێمری: قاو بڵاوە خەڵکی ئەڵێن کوێر بووە چاوی ئەھرەمەن زاماوا: درۆ ئەکەن، درۆ ئەکەن چاو… زیندووە نەمردوە… ئەی نابینی ھەموو ڕۆژێ چەند ئەکوژێ، چەند ئەنێژێ! زێمری: وام بیست، دوێنێ شەو لە خەوا «زوو» فرسەتی لێ ھێناوە لە ناکاوا… بە دەنووک چاوی کۆڵیوە بە چنگ جەرگی ھەڵ دڕیوە لە پاشانا ھەڵ فڕیوە تا لای «سمکان» نەوەستاوە زاماوا: تۆ بێ ئاگای «زوو» کوژراوە من پێم وتی بڕوام بە سمکان نەماوە ھیچی نەکرد ئێمە خۆمان تەفرە داوە! - پشوویەکی کورت - بۆ وا خاوی، دەی ھەڵکەنە دەس بزوێنە بەس بێ چەنە زێمری: تۆش نۆرەت دێ ئەھرەمەن قورتومت بگرێ زاماوا: ئەمترسێنی دەبا بیگرێ - پشوویەک - «لەدوای لێدانی مۆسیقایەکی ترسناک، سێ کاسە سەر لە ژێرەوە بەرز ئەبنەوە، زێمری و زاماوا ڕا ئەچڵەکن و ئەشڵەژێن» کاسە سەری یەکەم: بەس چەنە بەن، دەی ھەڵکەنن. کاسە سەری دووھەم: ئێوە دۆستن یان دوژمنن؟ کاسە سەری سێھەم: گۆڕ ھەڵکەنی ئەھرەمەنن. «ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە ھەڵ ئەسنە سەر پێ و نزیکی کاسە سەرەکان ئەکەونەوە» زاماوا: مەڕۆن، مەڕۆن، چەند پرسیارێ ئەم پێم ئەڵێ… سمکان تۆڵە ئەکاتەوە لە دەروونی پیس و ناپاک لەماری شانی ئەژدەھاک زێمری: من وا ئەڵێم، بەڵێ وایە ھەر ئەو تۆڵە ئەکاتەوە ھەر ئەو لە سەرمان لا ئەبا، ئەم بەڵایە… کاسە سەری یەکەم: پرسیارتان کرد لە ڕەشەبا؟ لە مانگ، لە ئەستێرە، دەریا؟ زاماوا: نەما پرسیاری لێ نەکەین داڵدەی خۆمانی بۆ نەبەین! کاسە سەری دووھەم: ئەی لە پاشدا، لە ئەنجاما؟ کاسە سەری سێھەم: چارەنووسی ئێوە چی بوو؟ زاماوا: وەرام نەبوو! زێمری: وەرام نەبوو! - پشوویەک - کاسە سەری یەکەم: خۆتان زیندوون پرسیار لە مردوو بۆ ئەکەن! کاسە سەری دووھەم: پشت لە یەکتری ھەڵ مەکەن خەرمانی یەک مەسووتێنن! کاسە سەری سێھەم: بە وەرامی ئەنجام ئەگەن! «ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە بە گوێی یەکدا ئەچرپێنن، زاماوا ڕوو ئەکاتە کاسەسەری یەکەم»: زاماوا: شێوەت ئەکەم.. بەڵام تەواو ناتناسمەوە.. تۆ… کاسە سەری یەکەم: من ئەتناسم ھەموو جارێ یادت ئەکەم! ئێستا بیرت ئەخەمەوە.. من دراوسێیەکی خۆتانم کوڕە گەورەکەی «ئانانم».. مێشکم دەرخواردی مارەکەی نەوسنی ئەژدەھاک درا وام لێ کرا! چەند تاوان بوو! وام لێ کرا! زاماوا: ئا.. ڕاست ئەکەی پار زستان بوو.. زێمری: ئەمیش وەکو ھەزارەھا، بێ تاوان بوو - پشوویەک - «زێمری ڕوو ئەکاتە کاسەسەری دووھەم وسێھەم ولێیان ئەچێتە پێشەوە» ئەی ئێوە کێن؟ کاسە سەری یەکەم و دووھەم: «بە یەک دەنگ»: کوڕی کاوەین حەوت برا بووین پێکەوە زنجیر کرا بووین شەشمان بۆ مار بووین بە خۆراک تا چاک بێتەوە ئەژدەھاک بەڵام بێ سوود، مار تا ئەھات نەوسن و برسی تر ئەبوو بۆ مێشکی تر ھارتر ئەبوو ئێستاش ئێمە: تەنھا یەک برامان ماوە زاماوا: کاوەی باوکیشتان ھەر ماوە؟ ! زێمری: ڕاستە جارێ ئەویش ماوە! - پشوویەک - «زاماوا ڕوو ئەکاتە کاسە سەرەکان» زاماوا: خەڵکی مێشکی سەریان بردووم ھێندە پرسیاریان لێکردووم ئەبێ وەرام لای ئێوە بێ بەڵام ڕوو شکێنم مەکەن لە پرسیارەکەم ڕامەکەن «ھەر سێ کاسەسەرەکە: «بە یەک دەنگ»: فەرموو بڵێ.. ئەگەر وەرام لای ئێمە نەبێ ڕاست پێت ئەڵێین چونکە دوژمنی خوێنەخوێی ڕیا و درۆین.. زاماوا: لەدوای مردن.. زیندوو بونەوەمان ھەیە؟ جارێکی تر.. ھاتنەوەمان ئیتر ھەیە؟ یان قسەیە!! «ھەر سێ کاسەسەرەکە: «بە یەک دەنگ»: بە خەڵک بڵێن ژیانەوە.. ھەستانەوە.. جارێکی تر.. ڕاستە ھەیە.. بەڵام تەنھا ئەو کاتەیە.. کە ئەژدەھاک ئەنێنە خاک! «ھەر سێ کاسە سەرەکە ون ئەبن» - پشوویەک و سەرسام بوونێک - زاماوا: نیوە شەوە.. چەندمان ھەڵ کەن؟ زێمری: ھەر تەنھا دەن! زاماوا: ھێزم بڕا… ھێزم بڕا.. زێمری: بەس چەنە بە، ھەر ھەڵکەنە! ئەمە خواستی ئەھرەمەنە… - پشوویەک لەگەڵ ھەڵکەندندا - «سێ ڕێبوار دێنە ژوورەوە و، دیارە لە ڕێگایەکی دورەوە ھاتوون، بە لای گۆڕ ھەڵکەنەکاندا تێ ئەپەڕن، پێش تێپەڕ بوون، کاتێ ئەگەنە لایان»: ڕێبواری یەکەم: سمکان ھێز و تینتان باتێ.. ڕێبواری دووھەم: ئینکی چاوی دڵتان باتێ ڕێبواری سێھەم: ئانلیل فەڕ و پیتتان باتێ. زاماوا و زێمری: «بە یەک دەنگ» ماری نەوسن نەتان گاتێ! زێمری: لە کوێ ھاتوون بۆ کوێ ئەچن؟ ! ڕێبوارێکیان: لە لای پیرە مەگروونەوە.. بۆ لای پیری ڕاو تەدبیری گەورەی ئێرە کەوتووینە ڕێ زاماوا: «ماشۆ» ڕێگەتان پێنەگرێ! «تێ ئەپەڕن، یەکێکیان ئەگەڕێتەوە، بە دەنگێکی نزم ڕوو ئەکاتە ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە»: ڕێبوار: ماری سەر شان ھەر زیندووە؟ ئەژدەھاک ئەڵێن ھیلاکە؟ ئەھرەمەن لە پێ کەوتووە؟ زێمری: «بە گاڵتە پێکردنەوە» درۆی گەورەیان کردووە.. ئەژدەھاک زرپ و زیندوە! مار چوار سەری زیاد کردووە..! «ڕێبوارەکە بە پەلە ئەچێتە دەرەوە» - پشوویەک - «ھەردوو گۆڕ ھەڵکەنەکە دەست لە ئیش ھەڵ ئەگرن، چاو ئەبڕنە ئاسمان». زاماوا: تۆ بڕوانە چۆن.. ئەستێرە چاویان بڕیوەتە ئێرە! زێمری: نەھێنی ئێرە ئەزانن.. زاماوا: «نانا» ماتە.. ھەر بێ دەنگە بەڵام ئێجگار شۆخ و شەنگە.. چاوی پڕ تیشکی ئاواتە… زێمری: ئەی «ئەنانی» ئەستێرە و مانگ ئەی خواوەندی ھەموو ئاسمان کوا مژدە و بانگ؟ وەرە خوارێ، لەم نزیکەوە ببینە… لەم خاکەدا خوێن ئەبارێ خۆت ببینە کە ئەھرەمەن چۆن لە دۆڵی کینە و ڕقا.. دڵ ئەھاڕێ، گوڵ ئەھاڕێ وەرە خوارێ، خۆت ببینە… زاماوا: من پێم وتی: ھەتا ئەناناش کەڕ بووە.. زێمری: تۆ تێ ناگەی.. ئەویش دڵی پڕ برینە.. شین ئەگێڕێ.. بۆ ئەفسانەی ئەم زەمینە! - پشوویەک - زاماوا: «بە گۆرانیەوە بە ئاوازێکی ماتەمین» پەپوو ئەڵێ. ! ئەم وڵاتە لە ژێر باڵما، کش و ماتە.. ئەم وڵاتە سەر تا خواری چیاو پێ دەشت و ڕووباری کەلاوەی وەیشومەی منە.. ھەمووی تاپۆی خەمی منە.. ئەھرەمەن دۆستی دێرینمە - پشوویەک - ئەژدەھاک ئاوازی منە مێشک بۆ ماری سەرشانی ھیوا و خۆزگە و نیازی منە شوێنم، ماشۆی لای مردنە ئەم وڵاتە تاپۆی منە تاپۆی منە، تاپۆی منە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی دووھەم «ھەر ھەمان گۆڕستانە، گۆڕھەڵکەنەکان ڕۆیشتوون، شانۆ تاریکتر ئەبێت، لەگەڵ مۆسیقایەکی ترسناکا، سێ مردوو ھەڵ ئەسن ماوەیەک بە بێ دەنگی ھات و چۆ ئەکەن، بە سێ کوچکەیی دائەنیشن یەکێکیان ڕوو ئەکاتە دووانەکەی تر»: یەکەم: ئەمشەو نۆرەی گێڕانەوەی بەسەرھات و ژیانەوەی چیرۆکی ڕابووردوی منە! دووھەم: سەر گروشتەی پێش مردنە! سێھەم: ناخۆش نییە باس کردنی، ئەو ڕۆژانەی لەکیس چووە، دووھەم: بەڵام ھەتاکو خۆر.. نەکەوتووە! سێھەم: تا گۆڕ ھەڵکەن، نەھاتووە ئادەی بڵێ بڵێ.. بڵێ «لێی ئەچنە پێشەوە و دەست ئەکا بە گێڕانەوە» یەکەم: پێش کوشتنم من جوتیار بووم زەوی ڕەقم، ئەکرد بە ئاو بازووم ئەستوور، ھەرزەکار بووم تا ئێوارە زەردە ھەتاو.. تا تاریکیی…. جووتم ئەکرد، ھەتا ژیان بە پیتتر کەم تا برسێتی قات و قڕ کەم! نەمرێ ئینسان تاکوو «ئاشنان» دڵ خۆشتر کەم ئارەقی ڕەنج، توانای شان تێکەڵ بە زەویی وشک بوو بێ پشوودان ھەتا زەمینم سەوز کرد… تۆو بوو بە نان گوێتان لێیە دووھەم: بڵێ.. بڵێ.. گوێمان لێیە.. «لەم کاتەدا مردوویەکی تر لەولاوە ئەڕوات، بێ ئەوەی تەماشای ئەمان بکات» سێھەم: ئەوە کێیە؟ مردووی ڕێبوار: خۆمانین پێرێ شەو ھاتووم تازە مردووم! یەکەم: بەخێر ھاتی.. دنیا چۆنە؟ مردووی ڕێبوار: دنیا چۆن بێ قڕووقاتی… «ئەڕواتە دەرەوە» - پشوویەک - دووھەم: ئێ دەی بڵێ گوێمان لێیە! سێھەم: «لەگەڵ ھەناسە یەکا» دنیا چییە؟ یەکەم: کچێک بوو، دراوسێمان بوو حەزم لێ کرد… دووھەم: ئێ.. ئێ.. جوان بوو؟ یەکەم: وەکوو فریشتەی ئاسمان بوو…ئانانا بوو… سێھەم: داوات نەکرد؟ لە دوای ئەوەی حەزت لێکرد؟ یەکەم: تۆ… ڕاوەستە: لە قسەما ھەڵ مەدەرێ… لە سەر خۆبە… «دەست ڕادەکێشێ» ئەو بەڕووەی لەوبەر دیارە شوێن بینینی من و یار بوو لە ژێر سایەی لق و پۆپیا دائەنیشتین.. زستان لە لامان بەھار بوو… دوور… لە چاوی کەسانی بەدوو… بەدکاربووین ئا لەوێدا… خەممان ئەکوشت جار بەجاریش… سکاڵا و ڕازمان ھەڵ ئەڕشت.. لە ئەنجام دا… گەنمم دانێ.. کچیان دامێ دووھەم: ئێ… ئێ… پیرۆزیش بێ! پیرۆزیش بێ! یەکەم: قسە مەکەن گوێتان لێبێ! بەڵام ئەھرەمەن پێم شاد بوو نەگەیشتم.. بە یارەکەم! دووھەم: ئای داخەکەم! سێھەم: ئای داخەکەم! یەکەم: لە پڕ شەوێ قۆڵیان بەستم چاویان بەستم لە زیندانێکی… تاریکا… تونگیان کردم لە پاش دوو ڕۆژ، بە خۆراکی ئەژدەھاکی… شەڕیان کردم سەریان بڕیم ھەرچەند ھاواری ئاشنانوو، ئانانم.. کرد.. بێ ھودە بوو دڵی خوای شەڕ نەرم نەبوو.. دووھەم: ڕۆی لە دەست چوو.. سێھەم: ئەو ژیانە… ڕۆی لە دەست چوو.. «یەکەمیان ھەڵئەسێتە سەر پێ و تۆزێ بە بێدەنگی ڕائەوەستێ و ئەڵێت»: یەکەم: بەڵام ئەوساش کە زیندوو بووین! وەکوو ئێستا ھەر مردوو بووین! دووھەم: چۆن… چۆن.. ئادەی بیڵێرەوە. یەکەم: لە دەس دەرچوو… من شاخی بەردم کون ئەکرد.. لە زەوی ڕەق.. کانی ڕوونم ھەڵ ئەقوڵان بە پشت تاشە بەردی گەورەم ئەگواستەوە.. بنی دار بەڕووم ئەجووڵان چنگم ئەنایە بینی گورگ تا ئەمخنکان… تا بەم دەستە.. پۆشتەم ئەکردەوە.. ژیان سێھەم: ئینجا باشە چیت مەبەست؟ ! یەکەم: خواکان ھیچیان دەنگیان نەکرد.. ئەژدەھاک وەک خۆی مایەوە تاکوو ئەشھات ماری زۆردار ئەژیایەوە! «ھەردووکیان بە یەکەوە» پێمان بڵێ چیت مەبەستە! یەکەم: نەمتوانی ئەژدەھاک بگرم لە باتی ئەو سەرم ببڕێ سەری ببڕم.. دووھەم: قسەی بێ جێ و بێ ڕێ مەکە! ئەمە ھەر کاری خواکانە… ئەژدەھاک لای ئەھرەمەنە کوا ئەمە ئیشی ئینسانە؟ سێھەم: «تەماشایەکی ئەملا و ئەولا ئەکات، بە ترسێکەوە ئەڵێت»: کات درەنگ بوو.. وەختی ھەڵھاتنی خۆرە ھاوڕێمان شەوە زەنگ بوو.. کات درەنگ بوو… ھاکا دنیا ڕۆشن بووەوە دۆست و دوژمن لێک جوێ بووەوە… چاکتر وایە… بڵاوەکەین جارێکی تر بەیەک ئەگەین تا لە شەوی داھاتوودا… «ھەرسێکیان ون ئەبن، شانۆکە ڕووناک ئەکرێتەوە» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی سێھەم «جێگا سەرەڕێگایەکی قەڵەباڵغە، خەڵک لە ھات و چۆکردندا، جاڕچیی کۆشکی ئەژدەھاک دێتە ژوورەوە و لە سەر شوێنێکی بەرز ڕائەوەستێ چەند کەسێکی لە دەور کۆ ئەبێتەوە» جاڕچی: مژدە و بانگە… بانگی ئەمڕۆ بۆ ئاھەنگە بۆ ھەڵپەڕکێ و زەماوەنگە کۆڕ گەرم کەن بۆ گۆرانی بەفووی شمشاڵ، بەسەمای خۆش دەروونی کێو بھێننە جۆش مەست بن، شەراب بخۆنەوە بخۆنەوە بە خۆڕایی.. ڕازاوەیە خوانی شاھی خۆ پۆشتە کەن.. ئەمڕۆ جلی جوان لە بەر کەن گوێ گرێک: «بە تەوسەوە ڕوو ئەکاتە کۆمەڵەکە».. بە قسەی بکەن… خۆتان مەست کەن… جاڕچی: - بەتوڕەییەوە - لە قسەما... قسە مەکەن! کەس نابێ گرژ، ڕوو ناخۆش بێ گوێ گرێک: «بە تەوس و گاڵتەوە» قەلیش ئەبێ دەنگی خۆش بێ! … جاڕچی: «بە توڕەییەوە» ھەڵ مەدەنێ، گوێ ڕاگرن! - پشوویەک - ھەر ئاھەنگ بێ دەنگی زوڕنا یان دەھۆڵ بێ بخۆنەوە بە خۆڕایی ڕازاوەیە خوانی شایی مژدە و بانگە بۆ سەمایە، بۆ گۆرانی ھەموو بڵێن… پایەدار بێ تەختی شاھی «کەس وەرام ناداتەوە» ئەمجارە بەتووڕەییەوە: ھەموو بڵێن پایەدار بێ تەختی شاھی «کۆمەڵەکە بە کزییەوە» پایەدار بێ تەختی شاھی جاڕچی: ئەوەی وتم ئەمرە.. ئەمری پادشایی پاشای گەورەمان ئەژدەھاک بۆ سێھەم جار ژنی ھانی مژدە و بانگە… خواستی گەورەی ئەژدەھاکە ئەمڕۆ سەری کەسی ناوێ ئەمڕۆ قوربانی بەخشیوە بەرگی بووردنی پۆشیوە کۆڕی سەیران، ڕازاوەکەن نزای درێژ بوونی تەمەن بۆ پاشا کەن! بخۆنەوە… گوێ گرێک: تا ئەتوانن جاڕچی: بەستە بڵێن گوێ گرێک: تا بزانن! جاڕچی: سەما بکەن، سەما بکەن ڕوو گرژ مەکەن ئەژدەھاک سێبەری خوایە گوێ گرێک: پێتان ئەڵێ بیپەرستن!! جاڕچی: ھەتا مردن لە سوجدەدا گوێ گرێک: بۆی بۆستن! جاڕچی: بلیتی بەھەشت لای ئەوە! گوێ گرێک: فریشتەکان، کەنیزەکی کۆشکی ئەون! گوێ گرێکی تر: لەبەر پێی ئەودا ئەخەون! جاڕچی: ئەوەی وتی، ئەوەی ویستی نا گەڕێتەوە دێتە دی باران… بەکۆمەڵ: باران جاڕچی: ساماڵ بە کۆمەڵ: ساماڵ جاڕچی: ژیان بە کۆمەڵ: ژیان گوێ گرێک: مردن جاڕچی: مردن!! - پشوویەک - چەنە بازی بەس بێ دەنگ بن… - پشوویەک - مژدە و بانگە، مژدە و بانگە ھەموو شتێ پێ ئەکەنێ بروسکە ھەور ڕاو ئەنێ ساماڵ پشتی ھەور ئەشکێنێ خوڕەی ڕووبار… خوڕە و ھاڕەی پێکەنینە گوێ گرێک: ئەمڕۆ ھەتا تامی ژاڵە شیرینە وەکوو ھەنگوینە! جاڕچی: چونکە پاشا، پاشای گەورەی ئەم زەمینە! ژن ئەھێنێ… گوێ گرێک: ھەتا مردووش پێ ئەکەنێ بخۆنەوە… جاڕچی: بخۆنەوە بە خۆڕایی شەرابی خەست، بخۆنەوە سەرخۆش مەست بن گوێ گرێک: پێتان ئەڵێ بێدەربەست بن! بخۆنەوە! «دێتە خوارەوە بە دەم چوونە دەرەوەوە» با ھەر درێژ بێ تەمەنی شا…ئەژدەھاک پایەدار بێ، پایەدار بێ تەختی بزورگی ئەژدەھاک «کۆمەڵەکە بڵاوەی لێ ئەکەن، شانۆ چۆڵ ئەبێ». ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی چوارھەم «جێگا لە ھەمان شوێنی ڕابردوو ئەچێ وچەپەکترە، کاردا و میدیا و کارون ھەریەکەیان بەشێوەیەکی جیاواز جیاوازلە یەکتر پاڵکەوتوون و دانیشتوون»- کارون ھەڵئەسێتە سەر پێو بەکزییەکەوە ئەپاڕێتەوە ئەڵێت: کارون: ئەی «لە ھاری»بە چنگ و دەس فریای ئاژەڵی خەڵک کەوە… خەڵکی بێکەس خۆت نیشان بە، دەربکەوە! ئاھەنگی چی! لە ناو شاخا، لە پێدەشتا لە پارەوە ھەتا ئێستا ئاژەڵی لەڕی سک برسی بۆ لەوەڕی سەوز ئەگەڕێ نەک تامی کرد تا نەشی دی! - پشوویەک - مادیا: ئاھەنگی چی! کاردا: ئاھەنگی چی! کارون: کۆڕی ناو زەماوەنگی چی دەمی قڵیشی سەر زەوی وەکوو دەمی…ئێمە وشکە… گیانی تینوو… درەخت مردوو… لە جێگەی بەر، لق و پۆپی، وشکەوە بوو… تینوێتی و برسێتی ئەگرێ ئاھەنگی چی… مادیا: کۆڕی ناو زەماوەنگی چی… کارون: ئەی لە ھاری…خێر و بێری پڕ لە شادی ئەمساڵ بارانمان ھەر نەدی باران… باران کاردا: چاوەڕوانین ھەر نەباری! باران… باران… مادیا: با داکاتە سەرمان…بە تاو با دڵ… با گیان… بیخواتەوە… کارون: با ژیان تازە کاتەوە! «کاوە دێتە ژوورەوە، چەند ھەنگاوێک دوور لێیان ئەوەستێ، گوێ ئەگرێ» - پشوویەک - کارون: باران بۆ کێڵگە و دەغڵ و دان! بۆ لەوەڕگەی سەوزی کوێستان باران… بۆ نان کاردا: چاوەڕوانین ھەر نابارێ! بۆ نابارێ؟ … کارون: ئەی لە ھاری بە دەسەڵات دەنگت نەبو، دەنگت نەھات فریای ئاژەڵ فریای مێگەل فریای شوان و جوتیار کەوە فریای سکی ھەژار کەوە! مادیا: «ڕوو ئەکاتە کارون» پەنا بەرن بۆ لای «ئانلیل» دروست کەری دنیا ئەوە مایەی فەڕو و پیتی ژیان تەنیا ئەوە! چرای ڕووناکی ژین ئەوە! باران… بارین بەدەس ئەوە… کاردا: قڕە و بڕە و چەنەی ناوێ ژیان خەوە… ئەنجام تاریکایی شەوە باران ببارێ و نەبارێ مردن ڕێگەمان پێ ئەگرێ «نیتی» بۆ خوانی ئەژدەھاک سەرمان ئەبڕێ…. - پشوویەک - پێتان ئەڵێم… سەرتان سووک کەن کۆڵ بە دنیاوە ھەڵ مەگرن ئەمڕۆ و سبەی، زوو بێ و درەنگ ئەبێ بمرن کارون: نامرین ئەگەر ماری سەرشان ماری دەم خوێناوی تاوان بەڵای ژیان تێر بخوا داوای دڵ نەکا… لە خواردنەوەی خوێن بێزار بێ - پشوویەک - دوژمنی گەورەمان مارە کە مار نەما… یان تێری خوارد… ھەموو کەسێ بەختیارە! مادیا: دیارە.. شێتی ئەگینا کەی ماری برسی ماری زۆردار… تێر لەمێشک و لە دڵ ئەخوا؟ ! - پشوویەک - قرچەی گەرما، ڕۆژانی سارد ھاتن و چون… ھەزار بەھار خڵتانی خوێنی خۆیان بوون… بەڵام ماری نەوسن و ھار… تێری نەخوارد! کاردا: قڕەی ناوێ چەنەی خۆتان بۆ شل ئەکەن؟ تووشمان مەکەن! خواستی فریشتەکان وایە قڕەی ناوێ «تەماشای کاوە ئەکات» کاوە بەردە دەنگی نایە. کارون: وای تێ مەگەن، لە دڵا زیت و وریایە! کاردا: ئاسنگەرە… ئەم لە دەروونا ئەسووتێ وەکوو ئێوە ئاسنی سارد بە قسەی بێ جێ ناکوتێ! کارون: بە قسەی تۆ… گوێی دڵی خۆیمان.. ناداتێ مادیا: بێ دەربەستە: ماتە.. پەستە کارون: لە پارەوە ھەتا ئێستە شەش قوربانی ڕێکی داوە ناھەقی نییە کە پەستە! مادیا: ناھەقی نییە کە پەستە! کاردا: قڕەی ناوێ، وا باشترە ھەر بێدەنگ بێ ئەم ئاگرە… بە من و ئەو دانامرکێ! ئەو چاک ئەکا… قسە… ناکا… مادیا: وتم بەردە دەنگی نایە! کارون: «لە دوور دەنگی دەھۆڵ و زوڕنایە، کارون گوێی بۆ شل ئەکات»… دەنگی دەھۆڵ و زوڕنایە کاوە: «پاش ئەوەی لێیان دێتە پێشەوە» دەنگی ڕسوایی ئێوەیە.. زوڕنای مەرایی ئێوەیە کارون: ھی ئێمەیە؟ !! کاردا: ئەو ڕسواییە.. کامەیە؟ مادیا: «بەتەوسەوە» دەنگ و باسی لای کاوەیە! کاوە: ئەوەی ئەیڵێم بۆ کەسێکە بۆ یەکێکە… مێشکی دیلی زۆردار نەبێ دڵی لە ناو داوی شەوا وەک مردوو گرفتار نەبێ ئەوەی ئەیڵێم بۆ کەسێکە کوێلەی خەم و ئازار نە بێ پێ شێلی ڕۆژگار نە بێ! «پشوویەک، ھەموویان لێی دێنە پێشەوە» قسەی دڵم بۆ یەکێکە کڵپەی ئاگری ھەردوو چاوی تاریکی ڕووناک ناکاتەوە ترسنۆکی بسووتێنێ نەنگی ناوچەوانی پێشووی بە خوێنی خۆی بشواتەوە نرکەی گەرووی ڕاپەرینی شێرو پڵنگ بتۆقێنێ - پشوویەک - قسەی مێشکم بۆ کەسێکە بتی بێ گیان ورد و خاش کا سەری تەفرە بپەڕێنێ چۆک بە ژێر دەستی دابدا پشتی قەدەر بنەوێنێ ئەگەر ئاسمان ئەگەر زەوی گەر ڕەشەبا ئەگەر دەریا بەربەستی بن، ئەو کۆڵ نەدا دامێنی سکاڵا نەگرێ ھەرگیز بەدەستی زەبوونیی فرمێسکی تەنگانە نەسڕێ! - پشوویەک - کارون: ئەم قسانە دەستی مژدەن باوەش بەژیانما ئەکەن کاردا: تاریکیی بڕوام ڕائەدەن مادیا: دڵ و دەروونم تێی ئەگەن - پشوویەک - کاوە: «لەسەر قسە کردن ئەڕوات» قسەی گیانم بۆ کەسێکە بەھار لە ناو دەروونیا بێ خۆر لە دڵیا ھەڵ ھاتبێ لە جێی گریان، ھیوای تیابێ ئەوەی وتی: وەک بروسکە وەک تیشکی ڕۆژ… ھەوری ڕەشی دیلی کون کا شەبەقی سوورو دڵ یەک خا ھەر ھەنگاوێ ھەڵی دێنێ، بۆ دنیایەک تازە تر بێ بۆ ئامانجێک، لەوەی پێشوی زۆر گەشتر بێ ھەر ھەڵمەتێ بۆ سەر مردن! لە ھەڵمەتی ڕابردووی تر، گەرم تر بێ، ئەوەی مەبەستمە، گوێ بگرێ ئەو کەسەیە… ئەچێ بە گژی مردنا… ئەم لە پێشا یەخەی ئەگرێ - پشوویەک - ڕێگای ئازار ئەگرێ و ئەبڕێ ئەو کەسەیە، خڵتەی درۆی ئەفسانەکان ڕائەماڵێ بیری تاریکی دەسخەڕۆی فریشتەکان.. ڕائەماڵێ کارون: ئەمە مەڵێ!! مادیا: پەلە… مەکە! کاردا: تەواوی کە! کارون: مەبەست زیاتر، ڕۆشنترکە! کاوە: ھەر زوو وتم قسەی دڵم، بۆ کەسێکە بیر… ڕوناک بێ نەک بیر دیلی ئەژدەھاک بێ نانا، ئانلیل، لە ھار، سمکان فریشتەکان… نیشانم بەن.. ڕێگەو شوێنیان دڵیان، چاویان، گیانیان، دەستیان نیشانم بەن! ئەژدەھاکیش.. ھاوار ئەکا ئەڵێ سمکان ئەڵێ لەھار ئەڵێ ئاشنان ئەڵێ.. ئۆتۆ چاک بزانن، قەت یەک نابێ قەت یەک ناگرێ.. خوای من و تۆ و ھینی زۆردار. فریشتەیەک کە ئەژدەھاک بیپەرستێ… ئەینێمە خاک!! کارون: تۆ وا بڵێ کاردا: تۆ بێ دەنگ بە، با ئەو بڵێ مادیا: با ئەو بڵێ کاوە: داوا ئەکەن، باران داکات داوائەکەن، ئاوەدانیی ژیان خۆش کات زۆر دەمێکە، ئەم داوایە بەری خۆزگەی بەرەڵایە نەتان پرسی، کوانێ ئەنجام؟ چی بۆ کردن فریشتەکان؟ چی کرد ئانلیل چی کرد سمکان؟ تەنھا باران… تینویەتی ئێمە ناشکێنێ بەتەنیا نان… برسێتی ئێمە ناشکێنێ کارون: گوایە… چیە؟ ! کاردا: چیتر.. نییە! مادیا: ئاو تینوێتیمان ئەشکێنێ نان برسێتیمان ئەشکێنێ چیتر ھەیە..! «کاردوخ دێتە ژوورەوە» «کاوە لە سەر قسەکردن ئەڕوات» دەمتان قفڵی لێ دراوە دەمێ کە ژەنگ ڕزانوێتی! مێشکتان زنجیر کراوە… مێشکی دوژمن خەسانوێتی دڵتان ھەستی تیا نەماوە وشەی قسەتان سواوە لە کاری ڕۆشتن کەوتووە دەروونتان کرم تێی داوە پیاوەتیتان تیا مردوە! بە دەستی یەک، خۆشەویستیی…و برایەتیتان ناشتووە! - پشوویەک - خۆ سەردەمێ باران ھەبوو نانی زۆری ھەرزان ھەبوو بەڵام ئەوەی کە من ئەیڵێم… ئەوساش نەبوو! کاردوخ: بەرداش نەبوو؟ !! کارون: «ڕوو ئەکاتە کاردوخ» تۆ بێ دەنگ بە، ئێستە ھاتی… کاردا: پێمان بڵێ چی تر نەبوو! مادیا: تەواوی کە، … چی تر نەبوو! کاوە: ئەوەتەی ھەین… ھەر ژێر دەست بووین ئەوەی ئەیڵێم سەربەستی یە ڕێگای ڕۆیشتنی ڕاستی یە خۆری بەتینی بڕوایە بەھاری سەوزی ھیوایە… سەرفرازی دڵ و چاوە… خەرمانی ڕۆژی شادی یە گەردن بەرزیی، ئازادیە - پشوویەک - ژیان تەنیا سەربەستی یە کارون: وەک تۆ ئەڵێی بڕوا بەفریشتە نەکەین بایەخ بە ھیچ خوایەک نەدەین ئەی ئەو بەھەشتەی، تۆ ئەیڵێی چۆن پێی بگەین؟ ! کاردوخ: پشتمان کێیە؟ مادیا: چیمان پێیە؟ کاردا: قۆناخ کوێیە؟ کاوە: ھەموو ڕۆژێ من ئاسنی، ڕەق و پتەو ئەشکێنمەوە ئەیکەم بە ئاو ئەیتوێنمەوە «ڕوو ئەکاتە کارداو مادیا» ئێوەش جەرگی عەرد ھەڵ ئەدڕن تاشە بەردی ئەم کێوانە بەشانی ڕەنج ئەگوێزنەوە ھەڵی ئەگرن. «ڕوئەکاتە کارون» تۆش شەڕ لەگەڵ گورگا ئەکەی بەشوێن مردنا ڕائەکەی «ڕوو ئەکاتە کاردوخ» تۆش بەرداشی ئاش ئەگێڕی ئارەق تێکەڵ بە جۆ ئەکەی بە ماندوێتی ژین ئەوێری - پشوویەک - ئیتر ئێمە چۆن ناتوانین تەختی زۆردار سەر نگون کەین: ئێمە وا بین چۆن ناتوانین دیلی و ژێر دەستیی زەبوون کەین - پشوویەک - «ڕوو ئەکاتە کاردوخ»: تۆ پێم ئەڵێی… پشتمان کێیە؟ ! فریشتەکان؟ خوا زۆرەکان! نە و…خۆمانین خۆمان پشتین خۆمان خاوەن بازو و مشتین ھەر خۆشمانین… چارەنووسین! ئەم بازووانە… بازووی ھێزە کەللە پژێنی.. دوژمنە بەزێنەری، .. دێوو درنجی مردنە! ئەم بازوانە.. ھاوڕێی کۆنی سەرکەوتنە! «ڕوو ئەکاتە مادیا» تۆش پێم ئەڵێی…چیمان پێیە… ئەوەی لەلای من و تۆیە! لای ئەژدەھاک دەس ناکەوێ چیمان پێیە؟ … بڕوای گیان و بیرمان…پێیە خۆرمان.. پێیە… ھێزی شاخ و کێومان پێیە ھەقمان.. پێیە «ڕوو ئەکاتە کاردا» تۆش پێم ئەڵێی قۆناغ کوێیە؟ قۆناغ قەڵای ئەژدەھاکە ھاڕینی سەری ناپاکە «بەسەر سوڕمانەوە ھەمویان بەیەک جار» مەبەست سەری ئەژدەھاکە؟ ! - پشوویەک - کاوە: بەڵێ ئەژدەھاکە سەری… زۆردار سەری بەڵا، سەری خوێنخوار! تا ئەو سەرە لە ناوا بێ پرسەی ژیان تەواو نابێ قەت نای بینن سەر فرازیی وەرزی بەھار «ھەموویان پێکەوە:» ئەی سەری مار؟ ! کاوە: ئەفسانەیە وەکوو لە ھار وەکوو ئۆتۆ وەکوو سمکان بیانووی…زۆردار، بۆ چاو بەستە، ماری سەر شان! کامتان شانی ئەژدەھاکتان بینیوە ھەتا بزانن! ڕاستە ماری چوار سەری شان؟ - پشوویەک - ئەژدەھاک…مار مار…خۆیەتی سەری بەڵا سەری ئازار ھەر خۆیەتی… ژەھری مردن ھەر خۆیەتی کفنی مردن ھەر خۆیەتی ھەتا ئەھرەمەن خۆیەتی! - پشوویەک - کارون: بەڵام ڕێی سەرکەوتن سەختە! مادیا: قسەی کاوە نەخشی بەردە! قسەی دەروونێکی ڕاستە. کاردا: ئەوەی ئێمە ئەی دۆڕێنین تەنھا ھەر کۆت و پێوەندە کاردوخ: با تۆوی ئەم گفت و پەندە لەناخی دڵابچێنین کارون: منیش ھاتوم… لەگەڵتانا ڕێگە گرتووم «گوردۆ بە ھەنسکە بڕکێ دێتە ژوورەوە»: - بابە…ھاتوم…پێتان بڵێم خوێنمژەکانی ئەژدەھاک پاشای زۆردار… ورووژاون… ھەر چاوێکیان کردووە بە چوار! ڕق ھەستان! ئەپشکنن…بۆ ئەوانە، چاو ھەڵ ئەخەن نەچوون بۆ کۆڕی زەماوەنگ دوورن لە ھەڵپەڕکێ و ئاھەنگ کاوە: «ڕوو ئەکاتە کاردا و مادیا و کاردۆخ و کارون» ئێوە بڕۆن خۆتان دەرکەن بەڵام بەڵێنی سبەینێ لە یاد نەکەن.. «کاوە و گوردۆ، دێنە پێش شانۆوە» گوردۆ: بابە زوو کە تا نەھاتوون تا گورگەکان…پەیدا نەبوون. بابە…زووکە کاوە: «بە توڕەیی و توندو تیژییەوە» بەڵێن بێ بتی ئەفسانەی دیلی و ڕسوایی بشکێنم تەخت و تاراجی ژێر دەستیی لەبنەوە ھەڵ تەکێنم قەڵاو زیندانی ئەژدەھاک بڕوخێنم… بەڵێن بێ کۆشکی تاوانی.. لەگەڵ خۆیدا بسووتێنم! سەری ئەم تاریکە شەوە بنەوێنم… خۆری سەربەستی و ئازادیی بە دەستی خەبات ھەڵ بێنم! گوردۆ: بابە…زووکە! کاوە: ڕزگاریی بە خوێن گوڵ ڕەنگ کەم سەر شۆڕی تا سەر بە پەنگ کەم لە زەنگ بدەم من زراوی مردن بەرم من ڕاوی نێم ئەم وڵاتە پڕ لە دەنگ کەم… بە دەستی خۆم کفنی مردن! لەبەر خۆم کەم. ھەتا ئاڵای سەرفرازیی ئەم میللەتە، … لەسەر لووتکەی بەرز ھەڵ ئەکەم «لەگەڵ چوونە دەرەوەدا» لەسەر لووتکەی بەرز ھەڵ ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی پێنجەم «جێگا ژووری ڕازاوەی شاھانەی ئەژدەھاکە، لەسەر تەختەکەی دانیشتووە، گەلێ جۆر میوە و بابەتی خواردەمەنی جیاوازی لەبەردەما دانراوە» ئەژدەھاک: بەتەنیا لەبەر خۆیەوە… ئەم دنیایە، وەک کەنیزەک لەبەر پێما… ڕاکشاوە! ئەم زەمینە… پان و پۆڕەی!! لەبەردەمما ڕاخراوە! ئەم ھەموو مەردوومە زۆرەی، وەک مێروولە، لەبەر چاوم دێن و ئەچن ھەتا ئەمرن… دەست لەسەرسنگی کڕنووشی بۆم ئەوەستن! ئەڵێم ئەم ژیانە ھەمووی… وائەزانم… ھەر بۆ خۆم دروست کراوە! بۆ من… تەنیا بۆ من دانراوە - پشوویەک - ئەڵێین بەھەشتی ئەستێرە قەشەنگترە لە ھی ئێرە بڕوا ناکەم! ئەڵێن چیت ویست لەوێ ھەیە! چیت داوا کرد! لە بەر دەمتا ئامادەیە! وەکوو ئەڵێن: ئەوە بەھەشتی ئەوێیە! ئەگەر واش بێ ئینجا چییە! سەیر نییە! لێرەش ھەیە، لای من ھەیە ئەڵێی خواردن لە بەر کردن! ئەوە ھەزار جۆرە چەشن… ئەڵێی ئافرەت، بۆ ڕابواردن ھەڵبژێرە! نەشمیلە بێت، یان کەڵەگەت جرپن بێ، یان ھێمن بێ دەنگ سوور و سپی، یان گەنم ڕەنگ ھەڵ بژێرە! بڕوا ناکەم بە ھەشتی… دووری ئەستێرە بگاتە بە ھەشتی ئێرە!! بڕوا ناکەم! - پشوویەک - شەراب، سەما، کانی ئاڵتوون ھەر لێرە ھەن، ھەر لێرەش بوون - پشوویەک - «لە دوای قەیرێ بیرکردنەوە و دەست بە دەستا دان» بەڵام… بەڵام… ئەم مردنە تێکی داوە… ئەم مردنە ئێسک قورسە تارمایی ھەر لە بەر چاوە… بە تەنیا ئەو… لەبەر دەمما ڕەپ وەستاوە… ھەر تەنیا ئەو: داوای بووردن لە من ناکا… ھەر تەنیا ئەو، کڕنووش نابا… - پشوویەک - «زۆرتر بیر ئەکاتەوە و زیاتر ئەشڵەژێت» مردن… مردن… واتە چاوم ئەنووقێ و ئیتر نابینێ… ڕووناکی ئیتر… نابینێ کەس نابینێ، ڕەنگ نابینێ ژنی شۆخ و شەنگ نابینێ ھیچ نابینێ! ھەموو شتێ تاریک ئەبێ تاریک وەک شەوە زەنگ ئەبێ! ھیچ نابینێ، ھیچ نابینێ - پشوویەک - دڵم لە لێدان ئەکەوێ… گوێم کپ ئەبێ… ھیچ نابیسم نە قسەی خۆش، نە سۆز و ساز.. نە گۆرانیی کچی دەنگ خۆش نە دەنگ و باس! نە خوڕەی ئاو، نە خوێندنی باڵندەی چیا و دارستان.. نە پێکەنینی.. شۆخی جوان ھیچ نابیسم… ھیچ نابیسم… کاتێ… مردم.. ئەڵێم ئەگەر ھات و مردم!! ڕووتەیەک.. یان ھەژارێکی.. پیس و چڵکن ھەڵم ئەگرێ وەک پەڕۆیەک… فڕێم… ئەدەن.. ئینجا… ئینجا.. خۆڵ بەسەر لاشەما ئەکەن! پاش چەند ڕۆژێ… مار لە گەردنم ئەئاڵێ ورد… ورد ئەمخۆن! - پشوویەک - ستەمە… چۆن… ئەم ئەنجامە؟ ھەزار ساڵیش تەمەنم بێ… ھێشتا کەمە… ئەم ئەنجامە؟ … زۆر ستەمە.. زۆر ستەمە!! - پشوویەک - «لەگەڵ قاقای پێکەنیندا» بەڵام بۆچی ئەبێ بمرم بە ھێز.. بە زۆر، مردن ئەگرم! لە زیندانا تونگی ئەکەم من چۆن ئەمرم! نەخۆش… ئەمرێ ھەژار… ئەمرێ لاواز و دەردەدار ئەمرێ برسیی ئەمرێ بێ دەرەتان، بێکەس ئەمرێ من چۆن ئەمرم - پشوویەک - «مۆسیقایەکی ترسێنەر لێ ئەدرێ و تارمایی مردن دێتە ژوورەوە، لەپاش ئەوەی ئەژدەھاک چاوی پێی ئەکەوێ ئەشڵەژێ و لە بەر خۆیەوە»: ڕاستی نییە… خەو ئەبینم با ڕۆژیش بێ… لە تارمایی شەو ئەبینم… با ڕاستیش بێ… ئەژدەھاک لە چی ترساوە! کێ لە بەریا نە لەرزاوە! ئەم جانەوەرە «نیتی» یە پاسەوانی مەینەتیە… با ئەویش بێ! ئەژدەھاک لە کێ ترساوە! «دەنگ ھەڵئەبڕێ.. دەست بۆ تارماییەکە درێژ ئەکات» کێیە؟ کێیە؟ بۆ ئەژدەھاک کڕنووش نابا وا بێ دەربەست ڕاوەستاوە؟ ! کێیە؟ کێیە؟ تارمایی مردن: دۆستم… دۆستم ھانێ… دەستم «دەست بۆ ئەژدەھاک درێژ ئەکات» ئەژدەھاک: دەست بۆ یەکێ درێژ ناکەم تا نەی ناسم تا تێی نەگەم! تارمایی مردن: چاک ئەمناسی من نەناسی! کێ ئەناسی؟ ئەژدەھاک: تۆم نەدیوە! تارمایی مردن: لە ژیانا، لە دنیادا کێ بەتەنیا کڕنووش بۆ ئەژدەھاک نابا لە بەردەمیا نە لەرزیوە من ئەو کەسەم! من ئەنجام و چارە نووسم! ھەر ئەم بینی… ئەژدەھاک: وتت دۆستم! تارمایی مردن: دۆستیشم و خۆشەویستم! ئەژدەھاک: «ئانلیل» لە خەوا پێی وتووم ئەوەی بۆ تۆ کڕنووش نابا… تێی گەیشتووم! ھەر مردنە… تۆ مردنی؟ ! بەڵام… بزانە… ئەژدەھاک ناترسێنی… تارمایی مردن: من میوانی دۆستی خۆمم دڵگیر نابم! ھەر سەرێ تۆ سەری ئەبڕی بە دیاری بۆمی ئەنێری ھەر ئاواتێ تۆ ئەی کوژی ھەر بەھارێ تۆ ئەی نێژی ھەر خوێنێ تازە بیڕێژی خواستی منە ڕاگرتنی دڵی منە! ئەژدەھاک: تێ گەیشتم بۆچی دۆستی لە کڕنوشا بۆم ناوەستی! بەڵام ناتوانی زمانی… من ببەستی! لە گوێ بخەی! تۆ مردنی! ناوت ھەیە! بەڵام دەنگ و ڕەنگت نییە! وەک من ژیانت تیا نییە! تارمایی مردن: لەگەڵ تۆدا… شەڕ کردن لای من نەنگییە!! من میوانی دۆستی خۆمم ئەژدەھاک: وتت ئەنجام چارە نووسم بۆ منیشە… گەر… دۆستتم؟ ! تارمایی مردن: ئادەمیزاد لە دایک ئەبێ وردە… وردە بۆ گەورە بوون ھەنگاو ئەنێ! دێتە کۆڕی ژیانەوە… ئەرک ئەکێشێ! ئارەق و ڕەنج و تەقەلای زۆر ئەڕێژێ… چاو ئەبڕێتە… بەرزی ھیوا دەست… ئەکوتێ قاچ… ئەکوتێ شان… ئەکوتێ دێت و ئەچێ بە بێ سرەوتن، ئەڕەتێ! بۆ نان، بۆ مناڵ، بۆ ژیان.. ئەکەوێتە گەرمەو کێشە… بۆ تەمەنێ… کەمی خۆشە، زۆری ئێشە! لە ئەنجاما… دێ بۆ لای من… منی مردن! ئەژدەھاک: چارەنووسی منیش وایە! یاخود جیایە…؟ تارمایی مردن: من پێم وتی… تۆ تارمایی گیانی منی… دۆستی گەورەی…. ئەھرەمەنی خۆت مردنی بەڵام ئەمری! ئەژدەھاک: «بە شپرزەییەوە» نابێ بمرم… ئەژدەھاکم نابێ بمرم… نابێ بمرم! وەک ئەم خەڵکە، تێی گەیشتووە زەننەقیان بۆ لە من چوە؟ چیم کردوە! تارمایی مردن: ئەوەی ئەیکەم… سووک کردنی باری ئازاری سەر شانە! لە بێخەوە ھەڵکەندنی… داری کرمۆڵی ژیانە! ڕزگار کردنی ئینسانە… ئەوەی ئەیکەم… لە سەر.. داوای… سکاڵای دەمی خۆیانە!! ئەژدەھاک: «بە مەراییەوە» ھەر چۆنێک بێ، ئێمە دۆستین پشت بە یەکتری ئەبەستین چاکتر وایە ڕێک بکەوین! با ناحەز پێمان خۆش نەبێ! لێک نەکەوین… تۆ بۆ من و من بۆ تۆ بم چیت ویست ئەیکەم… بەڵام نەمرم! تارمایی مردن: بەڵێن نادەم خواستی وا لە ئەستۆ ناگرم! ئەژدەھاک: ھەر چیم ھەیە بۆ تۆو نەمرم! تارمایی مردن: خواستی وا لە ئەستۆ ناگرم! ئەژدەھاک: ئەوە قەڵام، ئەوە کۆشکم تەنھا نەمرم! تارمایی مردن: خواستی وا لە ئەستۆ ناگرم! ئەژدەھاک: «تاجەکەی لە سەری دائەگرێ» ئەوە تاجم، ئەوە تەختم ئەوە خەزنەی زێڕ و بەختم ھەموی بۆ تۆو… تەنھا نەمرم تارمایی مردن: تۆش ھەر ئەمریت! ئەژدەھاک: ئەوە ژنی تازە و جوانم بەخشی بە تۆ و تەنھا نەمرم تارمایی مردن: تۆش ھەر ئەمریت! «ئەژدەھاک دەست ئەکات بە ھاوار کردن و تارمایی مردن ون ئەبێت». ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی شەشەم «جێگا ژوورێکی ماڵی کاوەیە، کاوە لەچاوەڕوانیکردندایە، بە ژوورەکەدا ھات و چۆ ئەکات» گوردۆ دێتە ژوورەوە: گوردۆ: زۆر ڕاوەستام کەسیان دیارنین کەسیان نەھات… کاوە: ئاخۆ بزانە گیری چین کوڕم… ھەردێن نای شکێنن… گفت و بەڵێن پاسەوانی بەر دەرگابە بە ئاگابە… ئەبێ ھەر بێن «گوردۆ ئەچێتە دەرەوە» کاوە: کاسە پڕ بوو لێی ئەڕژێ کاسەی ڕق و داخمان پڕە بائەم ڕقە، بائەم ئاگرە لە داگیرکەر ھەڵبپرژێ بە گژ زۆردارانا بچێ دەستی خوێناویان بگرێ لەشیان بگرێ کۆشکی پڕ تاوانیان بگرێ - پشوویەک - زۆر دەمێکە ئێسکی ڕەنجمان مێشکی ڕۆڵە و جوان و گەنجمان خۆراکی خوانی دوژمنە زۆر دەمێکە ئەم وڵاتە وەک گۆڕستان… دایکی نەگبەتی و مردنە… زۆر دەمێکە ئەم وڵاتە چیا و کەژی وەک خەڵکەکەی، پەست و ماتە زۆر دەمێکە چاوەڕوانی بەھارێکی فەڕو و ھاتە - پشوویەک - پاڕانەوەی ڕوو لە ئاسمان پاڕانەوەی دەستە و ئەژنۆ سکاڵا بۆ فریشتەکان تەفرەی ژیانی دەسخەڕۆ فرمێسکی چاو، ھەناسەی سارد ھەموو بەشێ بوون لەدرۆ بێسوود، بێداد ھەر ماینەوە ژێر دەستە بووین نەک جار و دوو… ھەزار جار ماران گەستە بووین - پشوویەک - بۆ گەیشتن... بەئازادی، بەسەرکەوتن! ئەبێ باجی خوێنی دڵ بەین دەست بکەینە ملی مردن! دنیای خەم و نائومێدی پڕ لە ھیوای چەپکە گوڵ کەین! ئاڵای سپی خۆشەویستی لە ناو گیانا، بۆ یەک ھەڵکەین بۆ سەر کۆشکی ئەژدەھاکیش… ڕەشەبا بین گەردەلوول بین، ھەموو ھەڵ کەین - پشوویەک - «گوردۆ دێتە ژوورەوە»... گوردۆ: بابە… ئەوا یەکە یەکە دیارن… ھاتن کاوە: بەخێر ھاتن. «ڕوو ئەکاتە گوردۆ» ئادەی ئەو لبادەش داخە… «لبادێک دائەخات» گوردۆ: چاوەڕوانی… فەرمایشتم! لەگەڵتانا من دانیشم یاخود بڕۆم؟ کاوە: چاوی بەدی پەناو پاسار نەھێن گرن… بۆ ئەژدەھاک ئێشکی پارێزی پێوەدان لە ناکاوا لە پیاو… ئەگرن! واچاکترە! بەر دەرگای پاراستن بگرە پاسەوانی سەربەستی بە! گوردۆ: سەر لە پێناوا، ئامادەم چیت وت بیکەم «بەرەو دەرەوە ئەڕوات کاوە بانگی ئەکاتەوە» کاوە: بیرم نەبوو… دایکت کوانێ لە ماڵ نییە؟ گوردۆ: بەیانی زوو.. ھێشتا ھەتاو نەکەوتبوو ئاگام لێ بوو ئامادە بوو، بچێ بۆ سەر گڵکۆ و گۆڕی براکانم «گوردۆ ئەچێتە دەرەوە» - پشوویەک - «کاردا و مادیا و کاردوخ یەک لە دوای یەک یەنە ژوورەوە» - سڵاو - سڵاو - سڵاو کاوە: بەخێرھاتن سەر ھەردوو چاو… دڵتان ڕوو کرد.. گیانتان خۆش کرد… ماڵی منتان ئاوەدان کرد! «دائەنیشن» - پشوویەک - کاوە: سەگەکانی کۆشکی زۆردار وەک شێت و ھار… دوێنێ کەوتوونەتە بازاڕ دەست نە پارێز… دروێنەی لەشیان کردووە! بە ڕم کاسەی سەری زۆریان، ھەڵ گرتووە! مادیا: چ ھەواڵێکتان بیستووە؟ کاردۆخ: ھەر پاشایەک، وەک ئەژدەھاک وڵات وڵاتی خۆی نەبێ تاجی دزراو بکاتە سەر کاردا: تەخت… فڕێنەر ئەبێ وابێ کاوە: لەوەش زیاتر، بۆیە کینەو ڕقی زۆرە، شمڵی شوومی ھەرا و شەڕە! خوێناو خۆرە، چونکە زڕە وەجاخ کوێرە! مادیا: کاوە پێکای، سەرنج وردە کاردۆخ: فەرمایشتەکەی پەسەندە کاردا: داری زڕ و بێبەر ناژی ئەبێ بمرێ بە لادابێ زوو بێ و درەنگ «گوردۆ دێتە ژوورەوە» گوردۆ: بابە.. دایکم گەڕایەوە… لە سەر قەبران لە دوای گریان لە پاش شیوەن و لە خۆدان مادیا: بە تەنیا دایکی تۆ نییە سک سووتاو بێ کوڕ کوژراو بێ جەرگی لە سەر، پشکۆی خەفەت ھەڵ قرچاو بێ بە تەنیا دایکی تۆ نییە کاوە: «ڕوو ئەکاتە گوردۆ» کوڕم بڕۆ پاسەوانی بەر دەرگابە بە ئاگا بە گوردۆ: بەڵێ… بابە «ئەچێتە دەرەوە» «سارا، دایکی گوردۆ، دێتە ژورەوە، میوانەکان لە بەری ھەڵئەستن» سارا: ھەموو لایەک بەخێرھاتن سەر ڕۆح، سەر دڵ، سەر چاو ھاتن ھەموو لایەک بە خێرھاتن مادیا: گوردۆت نەمرێ سەر فراز بی ئیتر ناسۆر یێخەت نەگرێ شیوەن بەس بێ! ئاسمان سەبووریت باتەوە! کاردا: چاکان… ئەجرت بداتەوە نەترس، تۆڵەت بکاتەوە کاردۆخ: ھەموو ئەمرین ئەم ڕێگایە ئەبێ ببڕین ئاسمان، سەبووریت باتەوە! سارا: فەرموون… فەرموون دابنیشن «دا ئەنیشنەوە» «لە سەر قسە کردن ئەڕوات» کوڕتان نەمرێ لە ماری سەر شان بە دوور بن! فریشتەکان… دەست بە باڵتانەوە بگرێ ھی ھەمووان! کاوە: برسیمانە، نیوەڕۆیە ھیچمان ھەیە… سارا: ئەوەی ھەیە، نانو دۆیە! کاوە: بۆمان بێنە! «دایکی گوردۆ ڕووئەکاتە میوانەکان» بەخێرھاتن، سەر چاو ھاتن «ئەچێتە دەرەوە» کاوە: «بە تەوسەوە، مەبەستی لە قسەکانی سارایە» فریشتەکان… ڕزگارمان کەن ڕزگار نابین ئەفسانەکان، ڕابەرمان بن خراپتر بین چاکتر نابین - پشوویەک - مادیا: دووانمان ماون، ئامادە بن بۆ نەھاتن کاردۆخ: نایەن وتیان: گەشتێ بۆ ناو چیا ئەکەن گەر سەریش بەن ئەبن بە سییان کاوە: مانای چی سییان؟ کاردا: گاڵتەیە… یان… کاردۆخ: گاڵتە نییە، پێتان ئەڵێم چۆن بوون بە سییان! کاوە: ئەوە… دووانیان گۆڕ ھەڵکەنی ئەژدەھاکن! دڵ نیاین لێیان کە پاکن بەڵام سێھەم! ئەبێ کێ بێ من نایناسم؟ کاردۆخ: من ئەیناسم! پاسەوانی کۆشک و قەڵای پڕ لە بەڵای ئەژدەھاکە! کاوە: ئەژدەھاکە؟ ! مادیا: ئەژدەھاکە؟ ! کاردا: پاسەوانی کۆشکی زۆردار و ناپاکە؟ ! کاردوخ: پەلە مەکەن، پەلە مەکەن لە سەر خۆ بن لە خۆتانەوە ھەڵ مەچن بەڵێ… بەڵێ قەڵا و کۆشکی ئەژدەھاکە! بەڵام… مەردە دروست… ڕاستە کوڕی چاکە کاوە: کوڕی چاکە؟ ئامادەیە. بێت بۆ مردن کاردوخ: چاوەڕوانی ئەو ھەلەیە! کاوە: مادام وایە… ئەو ئەگەر بێت سەر چاومان بێت ماڵ بە ھاتنی ئاوایە! مادیا: ئەمە وایە! کاردا: خۆشەویستی ھەمووانی پێ ڕەوایە! مادام وایە… - پشوویەک - «سارا دێتە ژوورەوە، کاسە دۆیەکی گەورەی بە دەستەوەیە لەگەڵ دەستەوارەیەک ناندا، کاوە لێی وەرئەگرێو لەبەر دەمی میوانەکاندا دای ئەنێت» سارا: ئێوە میوانی ناوەخت بوون گلەیی لە سەر خۆتانە، کە بێ بەخت بوون کاوە: فەرموون… فەرموون «دەست ئەکەن بە خواردن، پشوویەک ئەخایەنێت» «گوردۆ بە پەلە دێتە ژوورەوە ڕوو ئەکاتە ھەمووان» گوردۆ: ڕێبوارێکی ناسیاوم دی بەرەو گردی سەروو ئەچوو، شپرزە بوو، شڵەژا بوو، کە لێم پرسی چرپانی بە گوێما وتی: لە بەندەکانی ناو زیندان بەیانی زوو… شەش حەوتێکیان، ھەڵواسیوە… یەکێکیان کوڕی ئەو بووە! لەگەڵ قسەدا فرمێسکی، بۆم ھەڵ ئەڕشت بەدەم گریانەوە و ڕۆیشت کاوە: کوڕو ئەم شەوە ھەر ئەبێ بەسەر بچێ… درەنگ بێ و زوو… تۆ ئێشکی بەر دەرگا بگرە! پاسەوان بە… بە ئاگابە… گوردۆ: بەڵێ… بابە نەک پاسەوان بڵێ… بمرە «ئەیەوێ بچێتە دەرەوە کاوە بانگی ئەکاتەوە» کاوە: کوڕم… گوردۆ ئەم بەردەستانەش… ھەڵگرە «گوردۆ بەردەستەکان ھەڵ ئەگرێ و لەگەڵ خۆیدا ئەیانباتە دەرەوە» - پشوویەک - «تابلۆی بێ دەنگ ھەموویان لە یەکتر نزیک ئەبنەوە، بە بێ دەنگی لە ناو خۆیانا دەست ئەکەن بە گفتو گۆ، لە ڕێی بزوتنەوەوە جووڵانەوەی دەست و دەم و چاویانەوە ئەوە دەر ئەکەوێ کە خەریکی دانانی پیلانی ڕاپەڕینن. ئەم ھەڵوێستی بێ دەنگییە، تابلۆیەکی تایبەتییە و نیشانەی ئیش کردنی نھێنی و وریا بوونەوەیە، ماوەیەک ئەخایێنێت» کاوە قۆناغی بێ دەنگی ئەشکێنێ و ھەڵ ئەسێتە سەر پێ و ئەڵێت: کاوە: «بە دڵنیایی و بڕوایەکی بە ھێزەوە» ئینجا، ئیتر قسەی زمان لەگەڵ قسەی دڵا یەک کەوت ئینجا ئیتر، دڵنیایی خۆری بڕوای تەواو بەرکەوت لە ئێستاوە، ڕۆژی ھەستان بەسەر دیلێتیا سەر کەوت لە ئێستاوە، پاشە ڕۆژی ڕووناکیمان ھات و دەرکەوت - پشوویەک - خڵتەی درۆی ئەفسانەکان تا دوێنێ مێشکی گرتبووین نیزای ڕوو لە فریشتەکان دەستی کردەوەی بەستبووین! تا دوێنێ بوو لە کەژاوەی جادووی دوژمنا نووستبوین! - پشوویەک - کاردوخ: وا ھەستاوین گیانمان لەسەر لەپی دەستا سەریش تا سەر لە پێناوین! مادیا: بڕیارمان تێکەڵ بە خوێنە خوێنمان ئاوێتەی بڕوایە بڕوامان وەک خۆر ڕووناکە بەھاری ئاواتی تیایە، ئەنجام سەری ئەژدەھاکە کاردا: ئەنجام… پاکە ئەمرین بۆ ئەوەی دەغڵ و دان! بە پیت تر بێ شیری ناو دنکی پڕ تر بێ ئەمرین بۆ ئەوەی کە ژیان بۆ نەوەی ھاتوو خۆشتر بێ ئەمرین… بۆ ئەوەی کە مناڵ بزەی لێوی بژی و نەمرێ لە کۆشی گەرمی دایکێتی ئیتر نەکرێ! کاوە: ئەگەر مردین بەلەش ئەمرین بۆیە ماڵ ئاوایی ناکەین بۆیە ناگرین… بۆیە فرمێسکی زەبوونی ھەرگیز ناسڕین… ئەگەر مردین ئەگەر لەم ڕێیەدا کوژراین… لە پاش خۆمان…ئەمان بینن بە گیان دەست لە ملتان ئەکەین ئەژین لە ناو دەروونتانا لە ناو بیلبیلەی چاوتانا لە دەنگتانا… لە ھەڵبەست و وتارتانا… لە پایزو بەھارتانا ئێمە ئەژین لەگەڵتانا! کاردوخ: لە زەنگ ئەدەین دەماری سڕ ئەبزوێنین لە سەر لووتکەی بەرز، بانگ ئەدەین گەل لە زۆردار ئەوروژێنین! کوورەی ژیان ئەجۆشێنین ئەم دنیایە ئەخرۆشێنین لە زەنگ ئەدەین ئەبین بە با و تۆف و باران! بە برووسکە، بە چەخماخەی تیژی ئاسمان! بۆ داگیرکەر، ئەبین بە ژان ژانی مردن! ژانی تەفر و تونا کردن! مادیا: پێشمان وتن، پشتمان کێیە؟ پشتمان کێوی ئاگرینە بڕوای زیندووی ڕاپەڕینە مەچەکی گشت ھەژارێکی، ترسناکە! کاردا: پشتمان ھەموودوژمنێکی ئەژدەھاکە! گوردۆ: «گوردۆ دێتە ژوورەوە» بابە شوانی ئاژەڵەکان بەڕێوەیە ھات بۆ لاتان! کاوە: ھەر خۆیەتی؟ گوردۆ: بە تاقی تەنیا، خۆیەتی «گوردۆ ئەچێتە دەرێ» «کارون دێتە ژوورەوە» کارون: درەنگ… ھاتووم خۆم ئەزانم کە دوا کەوتووم بەڵام، بێ دەنگ دەستەوەستان، دانەنیشتووم! کاوە: چیت کردووە؟ مەردۆخ: چیت بیستووە؟ کارون: ئەو دیوی شاخ ھەموو پڕن لە سەر تێزی ڕاپەڕینن داخ لە دڵن چاوەڕوانی دەرفەتێکن چاوەڕوانی فەرمایشتی، ڕابەرێکن! مادیا: ئارام بگرن! کاردا: ئارام بگرن! کارون: ئارام ناگرن! لەمە زیاتر خۆڕاناگرن! ئێجگار پڕن… کاوە: بڕیارمان دا! کارون: چی بوو… بڕیار؟ ! کاوە: ھەڵمەت بۆسەر قەڵای زۆردار مادیا: ھاتنەدیی بڕیار نزیکە؟ ! کارون: چ ڕۆژێکە، چ کاتێکە! کاردا: زۆر نزیکە! کاروخ: زۆر نزیکە! کارون: مژدەم بەنێ چ کاتێکە؟ کاوە: لەگەڵ مردنی زستانا کاتێ پشتی سەرما ئەشکێ لە کوێستانا… کاتێ گۆپکەی درەختەکان! سەر دەرئەکەن! کاتێ ھەردو دەشت و نزار بەرگی مژدەی، سەوزی ژیان لەبەر ئەکەن! کاتێ ھوزار… لە ئاسۆیەکی بەرینا، لە شەقەی باڵی بەرز ئەدەن… بۆ سەرەتای دیاری بەھار! بەستە ئەڵێن… کاوە: چەندی ماوە بەری ئازار؟ چەند ڕۆژی تر… پێ ئەنێینە وەرزی بەھار؟ کاردوخ: ھەر تەنھا چوار چوار ڕۆژی تر! مادیا: یا ئەوەتا ئەمساڵ بەھار بەھاری سەرکەوتن ئەبێ کاردا: یان ئەوەتا مردن ئەبێ! کارون: مەبەست ژیانە یان مردن! - پشوویەک - کاری ڕاپەڕینتان بەش کرد! ئەی من چیبکەم؟ ! کاوە: چمکی ئازایی و پیاوەتی بە لادا کە! بچۆرەوە بۆ شاخ و کێو خەڵک ھۆشیار کە نووستو ھەمووی، خەبەردار کە! کارون: جێگای یەکگرتنەوە کوێیە؟ کاوە: کاردۆخ پێت ئەڵێ کە کوێیە کاردوخ: پێش ڕۆشتنت، خۆم ئەتبینم! کارون: وا من ئەڕۆم لە زەنگ ئەدەم لە سەر لووتکەکان بانگ ئەدەم بانگی ئازادی و جەنگ ئەدەم کاوە: بە سەرکەوتن! کاردوخ: بەسەرکەوتن! مادیا: بە سەرکەوتن! کاردا: تا کاتی بە یەک گەیشتن! «کارون ئەچێتە دەرەوە» - پشوویەک - مادیا: ڕۆژ درەنگ بوو ئێمەش بڕۆین کاردا: وا… چاکترە کاوە: پەلە مەکەن! ھێشتا زوو بوو… کاردا: کات درەنگ بوو… مەردوخ: ھەستن بڕۆین… یەک لە دوای یەک «ھەڵ ئەسن و یەک لە دوای یەک ئەچنە دەرەوە» «کاوە ماوەیەک بە بێ دەنگ ھات و چۆ ئەکات» لە دواییدا لە بەر خۆیەوە: کاوە: ڕاستە… ڕاستە ڕێگەی ئەم ھەڵمەتە سەختە بەڵام ئەوەی ئەیدۆڕێنین… ھەر پێوەندە، ھەر زنجیرە! ھەر کۆتی قاچ و گەردنە! بە تەنیا تەوقی مردنە! - پشوویەک - «پشتکۆی ھاوڕێی گوردۆ بە پرتاو خۆی ئەکات بە ژوورا» پشتکۆ: ئاگام لێ بوو سێ چوار سەربازی ئەژدەھاک گوردۆیان گرت پێوەندیان کرد بۆ زیندانی تاریکیان برد! کاوە: «ئەشڵەژێ و لە پشتکۆ ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێت» کەی… کەی چۆن بوو… گوردۆ تا ئیستە لێرە بوو پشتکۆ: وەکو وتم چاوم لێ بوو لە پاش ئەوەی دەست بەستیان کرد لە پاش ئەوەی تێریان لێدا پێوەندیان کرد! کاوە: خۆ نەیان کوشت…؟ !! خوێنت نەدی؟ ! پشتکۆ: ئەوەی کە دیم ھەر ئەوە بوو کە پێم وتی! «کاوە لە تاوا ئەکەوێتە لێو کرۆشتن، تەواو شپرزە ئەبێت، پشتکۆ قەیرێک ئەوەستێ و ئەچێتە دەرەوە» «کاوە دێتە پێشی شانۆوە». کاوە: ئەمە حەوت کوڕ حەوت کارەساتی جەرگ بڕ ئەمە حەوت کوڕ! ئارام ئیتر چۆن ئەتوانێ… لەمە زیاتر خۆی ڕابگرێ تۆڵە، دان بەخۆیدا بگرێ لەمە زیاتر، چۆن ئەتوانێ… - پشوویەک - لە پاش دوا کوڕ لە پاش گوردۆ چیم ما ئیتر «ڕوو ئەکاتە دانیشتوان» ئێوە بڵێن… چیم ما ئیتر؟ ! - پشوویەک - بۆ ساڕێژی حەوت برینم بۆ ساڕێژی ھەزار زامی دەم بە ھاواری دێرینم ھێرش ئەبەم… لەگەڵ «گەل»ا ڕائەچڵەکم… ئەچمە گەرووی نەھەنگەوە… تەنھا… چەکم چەکی بڕوای نەبەزینە تەنھا… ڕێگە… ڕاپەڕینە ئامانج… سەری ئەژدەھاکە بەم مستانە ئەیپژێنم ئامانج… کۆتی دیلێتییە دای ئەماڵم.. ئەیپچڕێنم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی حەوتەم «جێگا ژووری ئەژدەھاکەو لە سەر تەختەکەی دانیشتووەو دوو پاسەوان لە پشتیەوە ڕاوەستاون وجادووگەریش لە بەردەمیا نووشتاوەتەوە» «مۆدۆن»ی جادووگەر: گەورەم ھاتووم، سەر لە ڕێتم قوربانی خۆڵی بەرپێتم… فەرمایشتت لە سەر سەرم فەرموو بڵێ و من نۆکەرم ئەژدەھاک: ئەوەی ئەیڵێم، ڕاست پێم بڵێ! مۆدۆن: بەڵێ گەورەم، فەرموو بڵێ ئەژدەھاک: درۆ کردن، لەگەڵ منا، واتە مردن، مل ھەڵکێشان، سەر پەڕاندن تێ گەیشتی! مۆدۆن: تۆ بمێنی و پایەدار بی بۆ ئێمە گەورەو و سەردار بی ھیچمان ناوێ… سەرمان ناوێ، ماڵمان ناوێ تەنھا ھەر تۆ شکۆدار بی… ئەژدەھاک: خەوم دیوە! مۆدۆن: خەو ھی تۆ بێ، فریشتەکان ئینکی… سمکان دڵنیام چۆنیان نووسیوە فەرموو… قوربان «ئەژدەھاک ھەڵ ئەسێت و دەس ئەکا بە گێڕانەوە» ئەژدەھاک: لە خەوما بوو، نەک بە ڕاستی لە جێگەی گوڵ، دڕکم ئەچنی دەست و پەنجەم، خوێناوی بوو بەری دنیا تەماوی بوو… دارم ئەدی، ھەر بە سەوزی وشکی ئەکرد! قەڵام، کۆشکم، چۆڵ و ھۆڵ بوو گڕی ئەگرت ئەمویست ھاوار بکەم…بڵێم… بەڵام دەنگم دەر نەئەھات ڕەوەگورگ ئەھاتنە سەر ڕێم… خۆر گیرابوو ھەڵ نەئەھات لە ناکاوا شتێکی ڕەش، جانەوەرێ، ھاتە خوارێ دەستی دامێ… فڕانمی توونگ گرتمی… تا ئاسمانی سەر بردمی! - پشوویەک - بەڵام خەو بوو کاتێ چاوم کردەوە، کات: نیوە شەو بوو… - پشوویەک - تۆ ئەڵێی چی… بۆ ئەم خەوە؟ ! ڕاست پێم بڵێ «جادووگەر پاش بیرکردنەوە» مۆدۆن: گەورەی دنیا، پاشای جیھان سێبەری گشت فریشتەکان خەوتان مایەی خۆش بەختییە نیشانەی بەرزی سەرتانە دوور لە تەنگانەو سەختییە لێک دانەوەی بە دڵتانە… ئەژدەھاک: چۆن بە دڵمە؟ … مۆدۆن: گوڵ لە خەودا ئەبێ بە دڕک دڕکیش بە گوڵ! خوێن ئاشتیە! ئاشتی ناو دڵ! تەم: ڕووناکی و ئاوەدانی گڕ: قوربانی گورگ: ھێزە بۆ سەرکەوتن یان نەمردن!! خۆر لە خەوتا کە ھەڵ نەھات مژدەیەکە بۆ ژیانێکی پڕ فەڕوو ھات!! ئەژدەھاک: باشە… باشە ئەی ئەو جانەوەرە ڕەشە بۆ باس ناکەی فڕانمی تونگ گرتمی… ھەڵی گرتم، تا ئاسمانی، سەر بردمی؟ !! جادووگەری چاو پڕ لە فێڵ… ڕاست پێم بڵێ… ڕاست پێم بڵێ… مۆدۆن: بەڵێ… بەڵێ گەورەم… بەڵێ ئەو جانەوەرە ڕەنگ ڕەشە فریشتەی ھەموو ئاسمانە! ھەر چەند ڕەشە! بەڵام لە دەروون و دڵا ڕووناک…گەشە! ھەرچەند بە ڕوو ترسناکە بەڵام مژدەی ئاسایشە ئاسایش بۆ، ژیانی تۆ، بۆ تاجی تۆ بۆ تەختی تۆ! - پشوویەک - فڕاندنیش… بەرەو ئاسمان مانای ئاواتە بۆ ژیان وەرگرتنی مژدەیەکە یان ھاتنە دی خۆزگەیەکە زۆر دەمێکە شای گەورەمان، پەرۆشێتی خولیای دەروون و ھۆشێتی! ئەژدەھاک: «بە پەلە» زوو پێم بڵێ کام مژدەیە؟ کام خۆزگەیە؟ زوو پێم بڵێ… مۆدۆن: داری زڕت ئەژێتەوە پەل ئەھاوێ، ئەڕوێتەوە! بەری ھیوا و ئاوات ئەگرێ پاشای گەورەمان ئەژدەھاک کوڕی ئەبێ!! ئەژدەھاک: «بەسەر سوڕمان و خۆشیەوە» کوڕم ئەبێ؟ کوڕم ئەبێ؟ مۆدۆن: «بە دڵنیاییەوە» بەڵێ گەورەم ھەرگیز ساڵێ وەرناگەڕێ کوڕت ئەبێ ئەژدەھاک: «بە پێکەنینەوە… ڕوو ئەکاتە یەکێک لە پاسەوانەکان» بڕۆ بڵێن … با خەزنەدار لە بەردەمما ئامادە بێ ھەر ئێستە بێ «پاسەوانەکە بە پەلە ئەچێتە دەرەوە» - پشوویەک - «خەزنەدار و پاسەوانەکە دێنە ژوورەوە، خەزنەدار ئەنووشتێتەوە»… خەزنەدار: قوربان… ھاتووم سەر لە ڕێتم… ئەژدەھاک: گوێ بگرە لێم: لەگەڵ خۆتا… جادووگەری ڕاستگۆ بەرە ڕێزی بگرە بە پارسەنگی قورسایی خۆی زێڕی بەرێ… ھەر ئیستاکە، دوا نەکەوێ! خەزنەدار: بەڵێ گەورەم… بەڵێ گەورەم… «لەگەڵ جادووگەرا ئەچێتە دەرەوە» ئەژدەھاک: «لەبەر خۆیەوە» کوڕم… ئەبێ ئەژدەھاکی بچووک ئەبێ کوڕم ئەبێ گڕێی دڵی دەیان ساڵم ئەکرێتەوە… داری زڕم ئەژێتەوە کوڕم ئەبێ ئەژدەھاکی بچووک ئەبێ! «پاسەوانێک دێتە ژوورەوە و ئە نوشتێتەوە» پاسەوان: گەورەم، گۆتۆی سەر لە شکری ئازا و نەبەرد، گەیشتە جێ ئامادەیە و ئەو ئەیەوێ بێتە بەر تەختی بزورگتان بێتە لاتان… ئەژدەھاک: با خێرا بێ «پاسەوانەکە ئەچێتە دەرەوە گۆتۆی سەرکردە دێتە ژوورەوە» «ئەنووشتێتەوە» گۆتۆ: دەست لە سەر سنگ، کڕنووش بردوو ئامادە بو… لە بەر دەمی شای گەورەدا… ڕاوەستام… تا فەرمانی بنێمە سەر ھەر دوو چاوم خۆمی بۆ بکەم بە قووربانی ئەژدەھاک: گۆتۆی ئازا خۆشیت ھانی! تۆ بڕبڕەی پشتی منی، گەورەی گشت سەرکردەکانی تۆ جێی بڕوای ئەژدەھاکی پشتیوانی قەڵا و کۆشکی گۆتۆ: گیان لە سەر دەست چاوەڕوانم سەر بەردە بازی فەرمانم… فەرمانێ بۆ مردنیش بێ من بە ئاھەنگی ئەزانم! ئەژدەھاک: لەلای گۆتۆ، دەنگ و باسی چەتە و یاخی، ناو شاخەکان چۆن چۆنییە؟ ھەواڵ چییە! گۆتۆ: ھەواڵ مژدەی سەرکەوتنە ڕێ لە یاخی بوو گرتنە.. تیرەکانمان… پەیکانی سەر ڕمەکانمان! نە خواری کرد، نە سەری کرد یەک یەک نیشانەی تەواوی، خۆیانیان گرت لە یاخی بوو زۆریان کوژران بە دەست بەستەش گەلێ گیران ئەژدەھاک: ھێناوتانن… لەگەڵ خۆتان؟ ! گۆتۆ: لە زیندانان! ئەژدەھاک: لە چەتەکان… ھیچیان ماون، ھیچیان دەرچوون؟ گۆتۆ: ھەر ئەوەندەی پەنجەی دەستن ئەو کەمەشیان تەفروو توونان! پشت بە یەکتر نابەستن لە دوای گەڕانەوەم، داومان ناوەتەوە… بیان گرن ئەژدەھاک: لە ئەنجاما چی ترتان کرد؟ ! گۆتۆ: دڵنیا بووین.. گەڕاینەوە خۆمان سەرکەوتوو ماینەوە! ئەژدەھاک: ئەی ژمارەی کوژراوی تۆ؟ گیراوی تۆ؟ گۆتۆ: کوژراوی من، تەنھا دە بوون گیراو… نەبوون! «ئەژدەھاک ھەڵ ئەسێتە سەر پێ، کەمێ ھات و چۆ ئەکات، دوایی بە تووڕەییەوە ئەڵێت:» ئەژدەھاک: دڵم خەریکە لە گۆتۆش، کرمێ ئەبێ… من وام نەویست، من وام ناوێ ھەموو… ھەموو… ترسنۆک بون! سەرکردەی ئازا پێم ئەڵێ!! لە یاخی بوو ھەندێ دەرچوون لێشیان کووشتوون!! واتە… ماون… نەفەوتاون! کەچی پێم ئەڵێ… سەرکەوتوون! چۆن سەرکەوتوون؟ ! چەند سەگێکی خوێڕی کێوان گۆتۆی سەرکردەمیان بەزان! چاک سەرکەوتوون!! گۆتۆ: گەورەم، نەبەزیوین، بەڵام… ئەژدەھاک: بەڵێ… بەزین من وا ئەڵێم… ئێوە بەزین ئێوە ھەموو… ترسنۆکن! ئێوە ڕێوین! - بەڵام - ی چی! لە شکرێکی ھەزار کەسی! لەش زرێ پۆش، تێر و پۆشتە… ھەندێ برسی! لێی بکوژێ! واتە… بەزی! گۆتۆ: گەورەم، وتم، ئەوەی ماون بە ڕێگەوەن ڕوو لە داون ھەر ئەوەندەی پەنجەی دەستن! ھاکا… کەوتن ھاکا… لەبرسانا مردن! ئەژدەھاک: ھەر وا ئەبێ درۆ کردن! گۆتۆ: بەڵێن ئەدەم بە شای گەورە گەورەی لەشکر بەڵێنی پیاو تەنھا ماوەی دە ڕۆژی تر! مۆڵەتم با… ڕێگەی گەشتێکی ترم با… برینی کۆن ساڕێژ ئەکەم لە یاخی بوو… ئەوەی ماوە یەک… یەک وەک… سەگ لە بەرپێتا… ڕایان ئەگرم پەتیان ئەکەم… پاشای گەورەم، داوا ئەکەم مۆڵەتم بە… ئەژدەھاک: دە ڕۆژ زۆرە… مۆڵەتی من ھەفتەیەکە! - پشوویەک - «لە سەر قسە کردن ئەڕوات» بەڵام بەزەیی پێشێل کە! ڕق… بڕوێنە… خۆشەویستی دروێنەکە! دەغڵ و دانیان… خۆیان و ماڵ و منداڵیان… بەیەکەوە… بسووتێنە… من وام ئەوێ! گۆتۆ: بەڵێن ئەدەم شای گەورەمان چۆنی ئەوێ من وا بکەم! ئەژدەھاک: سبەی بەر لەوەی خۆر ھەڵبێ… بارەگای شەڕ ئامادە بێ بۆ کەوتنە ڕێ… دوای ھەفتەیەک، تاقە یەکێ، لەو یاخی بووانە…نەمێنێ… من وام ئەوێ گۆتۆ: بەڵێن ئەدەم بە شای گەورە یان وا ئەبێ، یان ئەم سەرە بۆ خاک ئەبێ ئەژدەھاک: من وام ئەوێ! گۆتۆ: «لە دوای قەیرێ ڕاوەستان بە ترسەوە» بەڵام شای گەورە ئەزانێ کلک…ناتوانێ بێ سەری مار لە ناوا بێ! سەر تیا بچێ! ھەموو شتێ دا ئەمرکێ! ھیچ نامێنێ! ئەژدەھاک: ئا بەو شێوەیە ڕسوا بوون… دەر بە دەر بوون خۆی کوشتنە… تازە ژیانی فەرەیدوون ھەر مردنە… لەگەڵ ئەوەشدا گەڕانمان بۆ شوێنی ئەو… بۆ خوێنی ئەو! ھەر لە دووی سۆراخ کردنە دەس ھەڵ ناگرین! گۆتۆ: جێگەی ونە…ڕێگەی ونە ئەژدەھاک: چارەنووسی ھەر مردنە - پشوویەک - بەڵام نیازی ئەبێ چی بێ بە ھیوای چی… ئەخوا و ئەژی… من تێ ناگەم… تۆ ئەڵێی چی؟ ! گۆتۆ: ئەیەوێ کڵاوی با بردووی بگرێتەوە؟ ئەیەوێ خەوی ڕابردووی دوێنێی مردووی تاجی ون بووی تەخت و بەختی لە دەست دەرچووی بۆ بێتەوە… لە پاش ڕزین… داری ھیوای بەرگرێ و بشنێتەوە… جارێکی تر بژێتەوە ئەژدەھاک: مەحاڵە… بیبینێتەوە… ئەبێ تا ماوە فەرەیدوون بەو داخەوە بتلێتەوە! - پشوویەک - «لە سەر قسە کردن ئەڕوات» دوا ھەواڵی… نھێنی زان وای ڕاگەیان… کە فەرەیدوون… وا لە ناوچەی پیرەمەگروون… چاوەڕوانین… دڵنیا بین ئەوسا خۆمان ئامادە کەین لە ناکاوا… بە سەریا بەین - پشوویەک - بەڵام کە گرتم، نای کوژم! ئەیکەم بە پەنگ… بە دنیادا ئەیگەڕێنم… ئا لێرەدا… لەم شوێنەدا… شا فەرەیدوون… وەکوو مەیموون… بۆ گاڵتە… ھەڵ ئەپەڕێنم! گۆتۆ: ڕسوا بوونی پیلانێکە ھەر ساتێکی مردنێکە - پشوویەک - سەرم بەرز و گەورەم ئەکەی ئەگەر گۆتۆی جگەر سۆزتان بۆ گرتنی بە ڕێ بکەی! مایەی شانازی ژیانمە! کاری وەھا بە من بکەی… ئەژدەھاک: پەلە ناکەین… بە ھێمنی داو ئەچنین بۆ گرتنی تۆ… بەیانی بۆ گەشتی تەمێ کردنی دوا جاری یاخی بوو… بڕۆ من ھەر ئەوەم ئەوێ لە تۆ! گۆتۆ: پاشای گەورە… دڵنیابێ بەڵێنی ئەمجارەی گۆتۆ ڕوو ڕەش… نابێ ئەژدەھاک: من ھەر ئەوەم ئەوێ لە تۆ - پشوویەک - تۆش بزانە چارەنووسی ڕەش یان سپی! بۆ من و تۆ… وەک یەک وایە… بە تەنیا نین لە یەک جیا نین گۆتۆ: چارەنووسی ڕەش گۆڕ ئەکەین بە دەستی ھێز! دەرگای نووشوستیمۆر ئەکەین دوژمنی تەختی ئەژدەھاک سەرشۆڕ ئەکەین! ئەژدەھاک: گەر وا نەکەین گوناە ئەکەین - پشوویەک - «پاسەوانی بەر دەرگا دێتە ژوورەوەو ئەنووشتێتەوە» پاسەوان: لۆلۆی وەزیری دەستە ڕاست! لۆلۆی خزم و جگەر سۆزتان داوا ئەکات بێتە بەر تەختی بزورگتان بێتە لاتان.. ئەژدەھاک: با ئێستا بێ با خێرا بێ! «پاسەوان ئەچێتە دەرەوە» «لە سەر قسە کردن ئەڕوات» سەری ماری سڕ بوویبێ تین لە گیانەڵاوی مەرگ دایە… ھەرگیز ناگاتەوە ھاوین! گۆتۆ: زستانی سەختی بێ ئامان بەستەڵەکی چیا و کوێستان ڕەحم ناکەن! ڕێگەی پیاوی کەوتوو نادەن! «لۆلۆی وەزیر دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە» لۆلۆ: ڕۆژی… ڕووناک… دڵی… ڕووناک شا ئەژدەھاک… لۆلۆ لە بەر تەختی ئەوا! دەست لەسەر سنگ ڕاوەستاوە کڕنووش ئەبا! چاوەڕوانی فەرمایشتی! گەورەی ئەکا… ئەژدەھاک: «ڕوو ئەکاتە گۆتۆ» خۆشیم داوایە بۆ لۆلۆ گۆتۆ: پشت و ھێزی کۆشکە لۆلۆ! «ڕوو ئەکاتە لۆلۆ» ئەژدەھاک: دەنگ و باسی لای تۆ چییە؟ لۆلۆ: ئەوەی ھەشبێ! شایەنی باس کردن نییە! بێ بایەخن! ئەژدەھاک: ئەگەر بایەخیشی نەبێ… تۆ ھەر بیڵێ… لۆلۆ: ناحەزانی کۆشکی پاشا چەند برسی و گێرەشێوێنێ ڕۆژی… دوێنێ… لە ناو خەڵکا… کەوتبوونە قاو داخستن قسەی بێ جێ و بێ ڕێ کردن… دوای پشکنین… ھەشت نۆ دەیەکمان لێ گرتن ئێستا لە زیندانا بەندن! ئەژدەھاک: نەتان کوشتن؟ ! لۆلۆ: پەلە ناکەین… ھەتا ئازار ھەتا زەبری قامچی و دار نھێنیان ئەخاتە ڕوو… ئەوساش… کووشتن! خەڵاتیانە بۆ زوو مردن! ئەژدەھاک: زۆر بەدڵمە… زۆر بە جێیە! گۆتۆ: پیلانێکی ورد و نوێیە… گەورەم… لۆلۆ… عەقڵی دانای کۆشکی تۆیە… ئەژدەھاک: «ڕوو ئەکاتە لۆلۆ» وتت قسەی بێ جێ و بێ ڕێ ئەکەن قاو دا ئەخەن… خەڵک ھان ئەدەن… قاو… وەکوو چی؟ ! چیان ئەوێ؟ ! لۆلۆ: «لە پاش دوو دڵی و سڵەمینەوەیەک» گەورەم ئەڵێن وەکوو… ئەڵێن! نانیان… ئەوێ لابردنی باجیان ئەوێ ئەژدەھاک: «بە گاڵتەوە» تاجیان ناوێ؟ !! - پشوویەک - گۆتۆ: زیندان و مردنیان ئەوێ ئەژدەھاک: «بەڕقەوە» ئەیان… ناسم! ماڵ بە ماڵ ئەیان سووتێنم یەک بە یەک ھەڵیان ئەواسم! چیم لێ کردوون؟ دەستم گرتوون؟ ! برسییانە… پێیان بڵێ کێ تا ئەمڕۆ لە برسا مرد؟ ! - پشوویەک - گۆتۆ: گەورەم تا خۆم ھەتا لەشکری سبەینێم ئامادەکەم، ڕێم کە، بڕۆم! ئەژدەھاک: تۆ… سەربەستی… ئەڕۆی… بڕۆ… بەڵام بە دڵ چاوەڕوانین مژدەی سەرکەوتنی گۆتۆ زوو وەرگرین… لۆلۆ: ھەتا ئێمەش ئامادە بین پاش ھاتنەوە، پاش سەرکەوتن ئاھەنگی خۆشی بگێڕین چاوەڕوانین… گۆتۆ: پاشای گەورە، لۆلۆی دانا لە ئێستاوە، دڵنیا بن کە سەر کەوتن وا لە دەست و ھێزی منا! «گۆتۆ ئەنووشتێتەوە و ئەچێتە دەرەوە» - پشوویەک - «ئەژدەھاک ماوەیەک بە بێ دەنگی ھات و چۆ ئەکات» ئەژدەھاک: کێن ئەوانەی گرتووتانن؟ ! لۆلۆ: چەند… کەسێکی دۆست بە کوشتن و تاوانن! ئەژدەھاک: ناوم… ئەوێ! ناو… نازانن؟ ! لۆلۆ: «پاش تۆزێ بیرکردنەوە» ئەوەی بیرمە! یەکێکیان ناوی گوردۆیە کوڕی کاوەی ئاسنگەرە! ئەژدەھاک: گوردۆ… گوردۆ وەچەی شەڕە! لە نەژادی خێزانێکیدەربەدەرە! لۆلۆ: لە پارەوە ھەتا ئەمڕۆ لە کوڕانی کاوە… شەشیان گیران… کوژران بەڵام دیارە… عاریان نەنا، وەک خۆیان وان! ئەژدەھاک: تەنیا… کوشتن! ڕێگایە بۆ تەمێ کردن! دوا وەچەی شەڕ ئەمشەو ئەبێ لە ناو بەرن کاوەش بگرن! لۆلۆ: گەورەم ئەگەر کاوەش بگرین ئەبێ ئیتر دۆش دامێنین! ئەژدەھاک: «بەسەرسوڕمانەوە» دۆش دامێنین؟ !! لۆلۆ: بەڵێ… گەورەم تەنیا ئاسنگەر بزانێ یان بتوانێ کە تیر و ڕم دروست بکا… ھەر کاوەیە ئەو ئاسنگەری شارەزای! ئەم ناوەیە! چۆنی بگرین؟ ! ئەژدەھاک: «پاش قەیرێ ڕاوەستان» گەر ئەو نەما پەک ئەکەوێ؟ ! لۆلۆ: ھۆمان ھەر ئەبێ تێی کەوێ! بەڵێ…گەورەم گەر ئەو نەبێ… دڵنیام لەوەی پەکمان ئەکەوێ… دا ئەمێنین! ئەژدەھاک: کەواتە جارێ ناچارین چاو بپۆشین لۆلۆ: بەڵێ… گەورەم… پێویست ئەکا… کاوە نەگرین چاکتر وایە…. ئارام بگرین وەکوو فەرمووت، چاو بپۆشین! ئەژدەھاک: «لە پاش قەیرێ بیر کردنەوە» مادام وایە… جارێ گوردۆش ھەر مەکوژن! با ھەر بەندی ناو زیندان بێ! لەشی خۆراکی لێدان بێ لە ناو بردنی… ھەڵگرن… بۆ ئەوکاتەی پێتان ئەڵێم… ھەتاکوو خۆم قسە ئەکەم! لۆلۆ: بەڵێ گەورەم! تۆ چۆن ئەڵێیت من وا ئەکەم! - پشوویەک - «پاسەوانی بەر دەرگا دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە» پاسەوان: گەورەم… پاشا شاژن پیاوێکی ناردووە بە پەلە ڕای سپاردووە! داوات ئەکا… ئەژدەھاک: «ھەڵ ئەسێت و بە شپرزەییەوە» بە پەلە داوای من ئەکا؟ ! پاسەوان: بەڵێ… گەورەم… داوات ئەکا «بە شڵەژاوییەوە ئەژدەھاک و لە دوایەوە لۆلۆ و پاسەوان ئەچنە دەرەوە» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی ھەشتەم «جێگا دوکانەکەی کاوەی ئاسنگەرە، کات بەیانییەکی زووە، «پشتکۆ»ی ھاوڕێی گوردۆ، لە دوای گرتنی گوردۆ بۆتە شاگردی کاوە، تازە دوکانەکەی کردۆتەوە و خەریکی ڕێکخستنی کەرەسەی ئیشە، پاش ماوەیەک بێ دەنگی، بە دەنگی بەرز لە بەر خۆیەوە ئەڵێت:» لەگەڵ دڵی شێت و وێڵما ھەردە و دۆڵ و لووتکە نەما نەیپێوم و پیا نەگەڕێم تا دەوەن و دارێ نەما نەمناسن و نەزانن کێم! ھەتا ئەژنۆ شل بوو گەڕام تا سنوورێک، خەیاڵ ئەیدی گەڕام…ڕۆشتم بەڵام ئەنجام… نەگەیشتم… بەو دنیایەی کە من ویستم - پشوویەک - سەردەمێکی تر ھات و چوو ھەر ئاوارە، ھیلاک.. وێڵ بووم بە دووی ئاراما.. شەوکێڵ بووم سەر ھەڵگرتوو.. لە ناو باوەشی سروشتا ئەگەڕام بە شوێن بەھەشتا بە ڵام ئەنجام تێگەیشتم کە لەوێشدا خۆمم نەدی.. خۆم نەناسی! - پشوویەک - سەردەمێکی تری تەمەن بۆ خوای دادپەروەری گەڕام تا لەدیلی ڕزگارم کەن.. تا بگەمە ڕۆژی ئەنجام کڕنووشم برد! مانگم پەرست، خۆرم پەرست دەریام پەرست، گڕم پەرست بەڵام ئەنجام ھەر وێڵیی بوو ھەر تاریکی، ھەر دیلی بوو - پشوویەک - سەردەمێکی تر چاوی یار باڵای شۆخ و شەنگی نازدار ئاواتم بوون، خولیای گیان بوون ھەوێنی ھەموو ژیان بوون بەڵام ئەنجام… نەگەیشتم بەو ھیوایەی کە من ویستم - پشوویەک - بەڵام لە گەڕان نەکەوتم ورەی ئاواتم بەر نەدا! ھەتا بە ئارام گەیشتم تاکوو کۆڵم بە دیلی دا تا وێڵ بوونم بە قۆناغی ئاوەدانیی ڕێگە گەیاند! ھەتا نا ئومێدی و ئاخی.. سەر گەردانیم لە دڵا مرد! - پشوویەک - بیری ئازادیم دۆزییەوە.. خۆم پێ ناسی.. خۆی پێ ناسیم! ڕوناکترین ڕێم بینییەوە.. سەرکەوتنی ژینم تیا دی.. زانی من کێم! لە کوورەیا خۆم توانەوە تا لەگەڵیا ژیامەوە… - پشوویەک - لە ئینسانی دەور و پشتما لە چوار دەورما! لە چاوی برسی و ھەژارا! خۆمم بینی.. لە گەردەلوولی ئازارا… لەگەڵیانا شەوم بڕی لە خۆشەویستی ئەوانا… بە ھەشتم دی کاوەم ناسی، گوردۆم ناسی! کوردم ناسی! - پشوویەک - «کاوە بە جلی کارەوە دێتە ژوورەوە» کاوە: جێگەی گوردۆم… قەت ون نابێ… ھەتا پشتکۆم… لەگەڵا بێ! ھەتا لەم چیا و کەژەدا! تاقە کوردێ سەر بەرز مابێ ڕێم ڕووناکە… ئەو… گوردۆیە… خاکیش دایک و بڕواش باوکە پشتی ڕاپەڕینم ئەگرن! پشتکۆ: نەک ھەر تەنھا بۆ ئیش کردن وەک شاگردی ئاسنگەرێ وەکوو شاگردی باوەڕێ… لەگەڵ تۆدام ھەتا مردن کاوە: شاگردانی ڕێی سەربەستی، ئەو لەشکرەن! چۆک بە ژێردەستی، دا ئەدەن بۆ سبەینێی بەختیاریش بەھاری ئاوات و مژدەن - پشوویەک - پشتکۆ: گشت… شاگردان… ھەموو… مەردان! تینووین… تینووی… ڕۆژی ھەستان چاوەڕوانی.. بانگێ… ئەکەین ھەتا بە خوێن… گڕی سەرفرازی خۆش کەین کاوە: «پاش قەیرێ بیرکردنەوە» ناگاتەوە… ڕۆژێکی تر یان ئەوەتا… کڵپەی ئاگر بۆ سەرکەوتن… بەسەر شەوا ئەکەینەوە… یان ئەوەتا… ئەبێ ئیتر! نەڵێین پیاوین… پشتکۆ: «بە خۆشییەکەوە، نزیکی کاوە ئەکەوێتەوە» ئەی من… وەستا! منیش خوێنم… گیانم… دڵم وا لەبەر و لەپی دەستما منیش ئامادەم بجەنگم، لەگەڵ تاریکی و مردنا… ئەی من… وەستا! ئەی من چی بکەم… لەگەڵتانا کاوە: گوێم… لێ بگرە: ھەر ساتێ من کەوتمە ڕۆشتن! شوێن پێی ھەنگاوم ھەڵگرە یان پێکەوە دەست ئەکەینە، ملی مردن… یان سەرکەوتن - پشوویەک - پشتکۆ: بە دوای وەستای خۆشەویستا بە دوای تیشکی سەربەستییا بە شوێن پێی ئازادی ویستا چەندن ژمارەی ئەوانەی، سووتەمەنی ئاگری جەژنن؟ ! کاوە: ھەزارانن! پشتکۆ: تەنھا، خەڵکی پێدەشت، شارن؟ ! کاوە: لە شارەوە ھەتا لووتکەی، ھەتا پلەی سەختی کێوان تا نزاری چڕ و بێشەی ساردی کوێستان! پشتکۆ: «لە دوای بێ دەنگییەک» بەڵام… وەستا! ئەمڕۆ ژیان سارد و سڕە جووڵە کەمە… دنیا کڕە… دەنگ نابیسم… لە ھیچ لایەک تا شەقەی باڵی… باڵندە! ھەتا جووڵە و شنەی بایەک کاوە: لە پێش گەرداو ھەڵکردنا… لە پێش شەپۆلی مردنا! دەریا ماتە، ئاسمان شینە ئەوەی بێ خەم بێ زەمینە! لە بێ دەنگی وا بترسە! لە پێش گەرداو ھەڵکردنا! پشتکۆ: «لە دوای کەمێ بیر کردنەوە» ئەوەی ویستم… ئێستا بە دڵ تێگەیشتم… - پشوویەک - «لە سەر قسە کردن ئەڕوات» باشە… بازاڕی ئیش کردن ئەمڕۆ بۆ کێ؟ ئەکەوێتە قۆڵ کوتاندن کوورە بۆ کێ ئەدەمێنین؟ ئارەق بۆ… چی… ئەڕژێنین؟ بۆ داس.. یان بۆ تیر و کەوان؟ بۆ بێڵ… بۆ پاچ؟ یان بۆ نووکی تیژی پەیکان؟ ! کاوە: ھیچ… کامێکیان! پشتکۆ: چی تر ماوە! کاوە: چەکوش ماوە! ھێزی دەستی ھێرش ماوە پشتکۆ: کەواتە ئێستە ئیش ئەکەین؟ ! کاوە: ھەتاکوو مردن ئیش ئەکەین… ئیستاش ئەبێ، چەکوش فریای دەستی بڕوای ڕاپەڕینی ھەڵمەت بخەین! پەلە… بکەین پێش چێشت ھەنگاو ئاسن لە بووتەی کوورەدا، ئەکەین بە ئاو… ھەتا چەکوش دێتە بەرھەم دەست ھەڵ ناگرین! پشتکۆ: ئارەقی ماندوێتی ناسڕین دەست ھەڵ ناگرین ھەتا چەکوش دێتە بەرھەم وچان نادەین چەکوش فریای دەستی بڕوای ھەڵمەت ئەخەین! وەستا… لەگەڵتا… ئامادەم! بەڵێن ئەدەم… بەڵێنی پیاو کە نەسرەوم! ھەتا چەکوش دێتە بەرھەم… من ئەوەندە تێگەیشتووم! بۆ ئامانجی گەل ئیش ئەکەم… لە خۆبوردووم! کاوە: ئەم چەکوشە! یان چەکوشێک ئەبێت ناوی ئەچێتە ناو، ناوی زیندوو پشت لە دوای پشت بۆ شانازی باسی ئەکەن نەوەی ھاتوو یان ئەوەتا ئەمیش ناوی، کوێرەوە بووی مێژوو… ئەبێ، وون و مردوو! - پشوویەک - «لە تابلۆیەکی بێ دەنگیدا کە ماوەیەک ئەخایێنێت دەست ئەکەن بە ئیش کردنێکی بێ وچان و ئارەق ڕشتنێکی سەختی ماندوو بون بۆ دروست کردنی چەکوشی ئازادی و ڕاپەڕین» «دوای لێبوونەوە و دروست کردنی چەکوشەکە، بەدەم ھەناسەسواربوونی ماندوێتییەوە «کاوە» چەکوشەکە ئەگرێت بە دەستەوە و لێی ورد ئەبێتەوە و «پشتکۆ»ش لە کاوە نزیک ئەبێتەوە و چاوەڕوانی ئەوە ئەکات کە چی ئەڵێت» کاوە: «لەگەڵ چەکوشەکەیەتی» مایەی ڕەنجی بێ پشوودان تۆم بۆ ئەم دەستانە خوڵقان ئەم دەستانە، کە قڵیشیان دەمیان بۆ تۆ کردۆتەوە… تا تۆڵەیان… لە زۆرداران… بکەیتەوە… مایەی ژیانی تێکۆشان تۆم بۆ ئەم دەستانە خوڵقان: تینیان بەرێ، گوڕیان بەرێ ھێزی شاخ و داخیان بەرێ تا بتوانن ھەڵت گرن بۆ ئامانجی ڕووناکە ڕێ، ھەڵت بڕن - پشوویەک - مایەی تەقەللای بێ وچان مایەی ڕەنجی بێ پشوودان تۆ لە کوورەی ئاگری سوورا ژیانت کرا بە بەرا دوای توانەوە لە ئازارا، لە دایک بووی ئێمەش وەک تۆ… ئەوە گوردۆ… ئەوە پشتکۆ… وەکوو ھەموو ڕەنجدەرانێ ئازار چاوی کردووینەوە دەی ئەی دۆستی چەوسانەوە با پێکەوە بگەینە جێ… جێگە لووتکەی ژیانەوە… - پشوویەک - ئەی چەکوشی ھێز و بڕوا نیشانەی ڕەنج و توانا… دۆستت زۆرە، جێگەت سەر گلێنەی چاوە… بەڵام ھێشتا، تینوێتی زاخاوت ماوە، تینوێتی زاخاوی دوایی ئەبێ ھەر بە خوێن بشکێنی خوێنی… ناپاک خوێنی تاوانی ئەژدەھاک - پشوویەک - پشتکۆ: وەستا… ئارام، لە ناو گیانا گەردی وەڕس بوونی لێ نیشت چاوەڕوانی دوور و درێژ… وا ئۆقرەی کوشت کەچی ھیچ دەنگێکم نەبیست! کاوە: من پێم ووتی یان ئەوەتا شەوەزەنگی ئەمشەو ئەبێ بە چراخان یان ئەوەتا ھەر تاریکیی مردن ئەبێ وەک گۆڕستان! - پشوویەک - «کاوە لە سەر قسە کردن ئەڕوات، دوای کەمێ بیرکردنەوە ڕوو ئەکاتە پشتکۆ»… گوێم لێ بگرە ھەر ئێستاکە پێ ھەڵگرە بڕۆ ھەتا دووڕیانی ئەو دیوی گرد، چاو ھەڵ بخە، چاوێکی ورد ھەر کاروانێکت بەدی کرد پێشەنگەکەی «سوور» چووەوە بێ ڕاوەستان وەرامەکەم بۆ بێنەوە… زوو وەرەوە پشتکۆ: سەر لە پێناوا ئامادەم چیت وت بیکەم «بە پەلە ئەچێتە دەرەوە» «کاوە بە دەم ھات و چۆ کردنەوە»: دوژمن ستەمە بتوانێ ڕیشەی بڕوا دەربکێشێ تەنیا پواز… پواز نەبێ داری ئەمجارە ناقڵیشێ من دڵنیام کاروان پاکە دوور لە کەسانی ناپاکە… بەڵام گومان ئالەم کاتە ھەبێ باشە، ھەبێ چاکە - پشوویەک - «ڕوو ئەکاتە دانیشتوان» گەر سەرکەوتین… تاج بۆ کێ بێ؟ لە بیرتان بێ - بەڵام قسەی خۆمان بێ - ھەموو ئەڵێین بۆ فەرەیدوون ھەر من ناڵێم با بۆ ئەو بێ… دیارە لێم ئەپرسن بۆچی! ئەی بۆ کێ بێ؟ بیر و بڕوای من وا ئەڵێ - بۆ کوردێ بێ - خوێن بڕێژن، کورد قوربانی مەردانە بێ، بۆچی ئەنجام بۆ «پارسێکی»، بێگانە بێ… با ھەڵوێستیش دۆستانە بێ من وائەڵێم لە بیرتان بێ! «کاردای جوتیار بە ماتیەوە دێتە ژوورەوە و پێش ئەوەی قسە بکات، کاوە بەرەو ڕووی ئەچێت و ئەڵێت»: کاوە: ھیچتان نەبیست؟ چی ترتان کرد؟ پێت نەوتن کەی ئەجووڵێین، بەرەو جێگەی گفت و بەڵێن «کاردا ماتی دایگرتووەو وەرام ناداتەوە، کاوە لە سەر قسە کردن ئەڕوات»: بێ وەرامی، وەکو شتێ… گرفتاری وا ئەتبینم… بە ڕەنگ و ڕووتا پەست دیاری چی ڕووی داوە؟ چی پێم بڵێ! ڕاست پێم بڵێ! «کاردا ئەم جارەش ھەر وەرام ناداتەوە» کاوە: وا… تەقم…کرد… وا… شەقم… برد چی ڕووی داوە…مەیشارەوە چی… پێم بڵێ؟ کاردا: «بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە» چیت پێ بڵێم… دەنگ و باسی جەرگ و دڵ بڕ؟ ھەواڵی کۆستی کوت و پڕ؟ چیت پێ بڵێم… کاوە: «بە شڵەژاوییەوە بەرۆکی کاردا ئەگرێ و ڕای ئەوەشێنێ» ھەواڵی مەرگە؟ ! کۆستی کێ؟ زوو پێم بڵێ وا شەقم برد کاردا: کاروون… کاروون کارونمان… مرد!! کاوە: «دەستی بەر ئەبێتەوە و تەواو سست ئەبێت و ئەچێتە ئەو لاوە بە دەنگێکی پڕ لە تاسەوە ئەڵێت»: کارونمان مرد! کارونمان مرد؟ بانگدەری شاخ و کێومان مرد؟ «پاش تۆزیک بیر کردنەوە، لە پڕێکا… بە خێراییەوە بە دەنگێکی بەرزەوە لە کاردا ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێت»: بەڵام نەت وت کارون چۆن مرد؟ کوژرا؟ گیرا؟ نەخۆشی گرت؟ کارون چۆن مرد؟ کاردا: دوێنێ… دوێنێ لەو پەڕی زێ، زێی گەورەدێ. کات دەمەو… نیوەڕۆ ئەبێ… لەگەڵ سییانی ترا ئەبێ لە ناکاوا… تووشی… بۆسەی، زوو نراوەی..«گۆتۆ» ئەبێ لە دوا شەڕێکی بێ پشوو، کارون و دوانیان ئەکوژرێ… تەنیا یەکێکیان دەر ئەچێ! بە دزەڕێ… ئەویش ھەڵدێ! پێش قەیرێ بوو… گەیشتە جێ! ئەو ھەواڵە شوومەی دامێ! کاوە: خەم لە دەروونەوە ئاڵا! کۆستی کارون… داخی گەورەی نا بە دڵا بەڵام پێم مەڵێ کارون مرد! مردن.. واتە بیرچوونەوە ئاوا بوون و لێبوونەوە! بەڵام ھەرگیز ئازادیخواز لە بیری گەل نەچوونەوە! مردنی وا: - ژیانەوە، ڕاپەڕین و ھەستانەوە دروست ئەکا! کۆستی وەھا: «سەربەستی خۆشەویست… ئەکا» - پشوویەک - کاردای بە جەرگ… با دەستی خەم نەخەینە ژێر چەنەی دامان نە زۆر نە کەم ھەڵی نەدەین بە دوژمنان، پێمان شاد بن با ئەم کۆستە ڕەشەی مردن بۆ ڕووناکی سبەی ھاتن تینمان باتێ… بۆ پێشەوە، بۆ سەرکەوتن… کاردا: «دوای ئەوەی پشوویەک ئەدات و تۆزێ دێتەوە ھۆش خۆ و قسەکانی کاوە کاری تێ ئەکەن ئەڵێت»: چی بڕیار بوو… بە جێ ھێنرا قسەی بەڵێن… بە کردەوە! بە ڕێ کرا! گفتی زمان و گفتی دڵ، مەردانە ھەمووی یەک خرا! کاوە: گشت ئامادەن؟ کاردا: چاوەڕوانی تەقینەوەن! کاوە: ئەی چاوی پیس… چاوی دوژمن؟ ! کاردا: ھەموو ونن! گشت لە شکری بووک بردنن! کاوە: بووک بردنن؟ ! کاردا: لە دوێنێوە… کۆشک… ژاوەی دێ لۆلۆ خەریکە بۆ «مزداک» ژن ئەھێنێ! کاوە: ئەم ڕێکەوتە… بۆ تۆڵەی داخ لە دڵ بەختە! ئەم ھەڵکەوتە! زێڕی وەختە! کاردا: ئەبێ… بڕۆم… چاوی دوایی بە ناو ڕیزا… بگێڕمەوە… تا وەرامی دڵنیایی بە تەواوی ئەھێنمەوە! کاوە: چاوەڕوانم…ئەمێنمەوە! «کاردا ئەچێتە دەرەوە» - پشوویەک - «پشتکۆ بەپەلە خۆی ئەکات بەژوورا، پێش ئەوەی قسە بکات کاوە ئەڵێت»: کاوە: ئادەی… بڵێ… ھەواڵ چی بوو؟ مژدەم بەرێ! پشتکۆ: وا کاروانێ… لە دوورەوە…لە دوورە ڕێ دیارە بۆ ئێرە مل ئەنێ! بریسکەی سووری پێشەنگی! درەوشەی دێ… دەنگی…زەنگی… ئەگاتە گوێ! کاوە: ھەر ئەوەندەی پێشەنگی سوور! کاروانی ماندووی دوورە ڕێ بگاتە… جێ! ئەوسا ئەزانیت…چی ئەبێ! چی ئەقەومێ! پشتکۆ: ئەبێ کاروان نیشانە بێ… نەھێنی ئەم…ھەستانە بێ!! - پشوویەک - «تابلۆی بێ دەنگ: - مادیا دێتە ژوورەوە، ئەچێتە پاڵ کاوەوە و دەست ئەکات بەچرپە چرپ لەگەڵیا، ئەڕواتە دەرەوە، دوای ئەو کاردۆخ دێتە ژوورەوە، دیسانەوە ئەمیش ئەچرپێنێ بە گوێی کاوەدا، ئەچێتە دەرەوە، ئنجا دوا بەدوای ئەمیش زێمریو زاماوا دێنە ژوورەوە ئەمانیش ھەمان جووڵانەوەی ڕابردوودووبارە ئەکەنەوەو ئەچنە دەرەوە. لەم تابلۆیەدا شانۆ وەک پورەھەنگی بزوتنەوەی لێ دێ، مەبەست لەم تابلۆیەش نیشانەی دوا ئامادە بوونە بۆ ڕاپەڕین». «قاوغی بێ دەنگی تابلۆی ڕابردوو، بە دەنگ و ھەراو غەڵبەی خرۆشاو و ڕاپەڕینی میللەت ئەشکێت، تا بێت وردە وردە دەنگەکە نزیکتر ئەبێتەوەو گەورەتر ئەبیسترێت، لەم کاتەدا ئەوەی لەسەر شانۆیە «کاوە و پشتکۆ»ن… پشتکۆ بەخوێن گەرمیەوە ڕوو ئەکاتە کاوەی وەستاییو ئەڵێت»: پشتکۆ: «گوێ ھەڵ ئەخات» دەنگ ئەبیسم…وەستا…دەنگە دەنگی خرۆشاوی خەڵکە؟ گرمەی ھەورە؟ یان چەخماخەی، ئاسمان سوتێنی برووسکە؟ وژە وژی ڕەشەبایە؟ یان گەرداوی ناو دەریایە؟ دەنگ… ئەبیسم… دەنگە کاوە: کوڕم منیش چاک گوێم لێیە ئەوە گرمە و ناڵەی ھەوری، دەنگی خەڵکە ئەوە چەخماخە و بروسکەی! ھاوبیرانی من و تۆیە کوڕم منیش چاک گوێم لێیە! پشتکۆ: وەستا… دەنگێکی…بەسامە کوانێ دەنگی خەڵک وایە؟ ! کاوە: کوڕم…میللەت… کە برسی بوو تینووی ڕۆژی سەربەستی بوو داخ لە دڵی ژێر دەستی بوو دەنگی وایە! پشتکۆ: وەستا…ئەم دەنگە…تاکوو بێ بۆ نزیکی لای ئێمە دێ… کاوە: گیانمان بە پیریەوە ئەچێ! پشتکۆ: کەواتە بۆچی ناجووڵێین؟ دەستەوەستان ڕاوەستاوین؟ کاوە: کوڕم… بە بەڵێنی… ئەوان… ئێمە چاوەڕوان کراوین! نەوەستاوین پشتکۆ: وەستا… ئەی چەک: شمشێر…قەڵغان تیر و کەوان چی ھەڵگرین؟ … بە دەستی ڕووت! بچینە وێزەی دوژمنان؟ کاوە: لە زەخیرەی چەکی دوژمن کە ھەر خۆم دروستم کردن! ساڵ زیاترە…لە بەرەوە! بە نەھێنی ئەدزمەوە!! ھەر بەو ڕم و تیرەی خۆیان، خۆیان ئەبێ بکوژمەوە! پشتکۆ: ئەی ئەوانەی وان بەڕێوە، چیان پێیە؟ … کاوە: چی بە دەستەوە ھاتبێ! ئەگەر بەرد بێ، ئەگەر دار بێ ھەڵ گیراوە! پشتکۆ: ئەی من…وەستا… چی ھەڵ گرم؟ ڕمێ… شمشێرێ… ھیچ ماوە؟ کاوە: ئامادەیە… ھەڵپەسێرراوە! پشتکۆ: لە کوێ؟ لە کوێ دانراوە؟ ! کاوە: لە گەنجینەی ژێر دوکانا لە جێی دوژمن پێ نەزانا، دانراوە! پشتکۆ: وەستا…دەبا… دەریان بێنم بە سنگمەوە… بە دڵمەوە وەک کۆرپە… بیان نووسێنم… یەک لە سەر یەک ماچیان بکەم! کاوە: دەریان بێنە! … بە شێنەیی بیان ھێنە… ئا… لێرەوە… بچۆ خوارێ! بن میچ نزمە، سەرت نەشکێ! دای نەوێنە! … «پشتکۆ لەو جێگایەوە ئەچێتە خوارەوە کە کاوە بۆی دەست نیشان ئەکات، دەنگی خەڵکەکە زیاتر نزیک ئەکەوێتەوە… کاوە لە بەر خۆیەوە»: کاوە: ئەم تۆفانەی کەھەستاوە چی خۆی لە بەر دەما ئەگرێ! ئەم… لێشاوە کام تاریکی… ڕاناماڵێ؟ ئەم تۆفانە… مردن لووشە چ زۆردارێ ھەڵ نالووشێ! ئەم لافاوە… ترسناکە! چۆن قەڵای ڕەش داناپۆشێ! - پشوویەک - «پشتکۆ» بە باوەشێ ڕم و تیر و شمشێر و کەرەسەی ئەوسای جەنگەوە سەرئەکەوێتەوە، دایان ئەنێت و ڕوو ئەکاتە کاوە و ئەڵێت: پشتکۆ: وا ھێنامن نامنە سەر دڵ وەستا… بڵێ… چی ھەڵگرم؟ چیم ئەدەنێ؟ کاوە: ھەرکامێکیان دەستیان بەیتێ بەرامبەر دوژمن وەک یەکن دەمی شمشێر… تیر و کەوان سەری چەکوش… یان نووکی ڕم… پشتکۆ: ڕم… ھەڵ ئەگرم «ڕمێک ھەڵ ئەگرێ» «دەنگی خرۆشاوی خەڵکەکە ھەر لەنزیک بوونەوەدایە، کارداو مادیا دێنە ژوورەوە» کاردا: دۆزەخی… گەلی… خرۆشاو کوورەی غەزەبی داخراو! کەوتوونە ڕێ… بەرەو کۆشکی، شای حەپەساو. مادیا: ھەزارانن… لە سەر دەستیان گیانیان، دڵیان، ھەڵ گرتووە، یان سەربەستی یان مردنیان بۆ ئەنجام… ھەڵ بژاردووە «کاوە دەست ئەکات بەخۆکۆکردنەوە، بەرکۆشەکەی ئەکات بە سەری ڕمێکەوە، چەکوشەکەی ھەڵ ئەگرێت، کاردا و مادیاش لەو چەکانەی دانراون ھەر یەکەیان بابەتێک ھەڵ ئەگرێت» پشتکۆ: ئەی پاسەوانانی کۆشکی، زیندە بە زۆر بەچاڵ کردن دەور و بەریان نەگرتووە؟ ! کاردا: چواردەوری کۆشکیان تەنیوە لە سەر ئاگری ترس ئەژین!! کاوە: «ڕوو ئەکاتە ھەموویان» وا ئەم بەر کۆشە لە سەر ڕم، ڕمی تۆڵە سێن.. ھەڵ ئەگرم… یان ئەبێتە ئاڵای ژیان یان بە کفنی سووری گۆڕم «کاردوخ و زێمری و زاماوا ھەرسێکیان بە پەلە دێنە ژوورەوە» کاردۆخ: کاتی قسە نەما… ھیوا، چاوەڕوانی کردەوەیە خوێن لە ئێمە داوا ئەکا! زێمری: پەلە ئەکا، بانگمان ئەکا زاماوا: داوای یەکێتیمان ئەکا… کاوە: وا سوێند ئەخۆین… دوای سوێند ئەڕۆین!! «ھەموویان لەیەکتر نزیک ئەبنەوە. دەستیان بەچەکەکانیانەوە بەرز ئەکەنەوەو لەیەکیەوە ئەئاڵێنن، دەنگی خرۆشاوی خەڵکیش ھەر لەزیاد بووندایە. «کاوە» سوێندەکان ئەخواو ئەوانیش بەکۆمەڵ ئەیسێننەوە…» سوێندە، سوێندی کورد پەرستی سوێندی سەرشۆڕی نەویستی سوێندی بڕوا و خۆشەویستی… سوێندی لە خۆ… داماڵینی، بەرگی نۆکەری و ژێر دەستی سوێندە، سوێندی کورد پەرستی سوێندە بۆ خۆری سەربەستی *** سوێندە ھەموو ئەیڵێینەوە سوێندە کە ناگەڕێینەوە *** سوێندە بەو خوێنانەی ڕژان بوون بە چراوکی ڕێی ژیان سوێندە بەو سکانەی سووتان سوێندە بە فرمێسکی دایکان سوێندە بەو زەردەخەنانەی، لە سەر لێوی کۆرپە کوژران. *** سوێندە ھەموو ئەیڵێینەوە سوێندە کە ناگەڕێینەوە *** سوێندە ئەیخۆین بەو زمانەی بوونی کوردی پێ پژاوە سوێندە ئەیخۆین بەو وڵاتەی کوردستانی دایکی ناوە: بە شاخ و داخ و ڕووباری بە بێشەی چڕ و نزاری بە ھەموو مشتە خۆڵێکی… بە ئاو و بەرد و داری *** سوێندە ھەموو ئەیڵێینەوە سوێندە کە ناگەڕێینەوە *** سوێندە بە ڕم بە تیر… چەکوش بە مەچەکی ھەڵگرانی سوێندە بە مەشخەڵی شۆڕش بە کڵپە و گڕی سووتانی سوێندە ھەموو ئەیڵێینەوە سوێندە کە ناگەڕێینەوە «بەدەم وتنەوەی ئەم بەیتەی دواییەوە لەگەڵ پەردە داکشاندا ئەچنە دەرەوەو لەھەمان کاتا دەنگی خرۆشاوی خەڵکەکە تەواو شانۆ پڕ ئەکاتەوە» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی نۆھەم «جێگا کۆشکی ئەژدەھاکەو ژووری شاھانەی، کات دەمە و ئێوارە، ئەژدەھاک خۆیو لۆلۆ و خەزنەدارو ھەموو دەست و پێوەندەکانیو پاسەوانەکانی کۆبوونەتەوە، شڵەژاون و شپرزەن، دەنگ و ھەرای خرۆشاو و ڕاپەڕیوی میللەت ئەبیسن، لەو پەنجەرەیەوە کە بەسەر ڕووکاری دەرەوەدا ئەڕوانێ، ئەژدەھاک تەماشا ئەکات و پشتی لە دانیشتوانە، وەزیرو دەست و پەیوەندیش لە شپرزەییدا ھەر بە یەکا دێن.»… ئەژدەھاک: «لە دوای وەرچەرخانەوە و ماوەیەک بە پەلە ھاتوچۆ کردن» گاگەل برسین، گاگەل زۆرن سەر بە قۆچی تووڕە و مۆرن گاگەل مل لە چەقۆ ئەسوون! ئاگری ئەجەل ھەڵی گرتوون: وا بەرەو کۆشکی من ھاتوون - پشوویەک - دەنگی سەگەل، بەزم و ڕەزمی ئاھەنگی ئەمشەوی کۆشکی لێ شێواندم! تا خەیاڵی مەست بوونیشی، لێ تەراندم! … «پاسەوانێک دێتە ژوورەوە و ئەنوشتێتەوە» پاسەوان: گەورەم… مژدە! ئەوا لاکی دەیان ڕووتە لە ناو چەقی ڕێدا کەوتوون خڵتانی خوێنی خۆیان بوون ئەژدەھاک: «بە تووڕەییەوە» دەیان، دەیان، بڵێ سەدان یان ھەزاران… سەگ ڕاناگرم، بۆ قوروسکان! «پاسەوانەکە ئەچێتە دەرەوە» «پاش تۆزێ بیرکردنەوە» - پشوویەک - بەڵام ھەزاریش بەڵایە ھەندێ ناخۆشیی لە دوایە «ڕوو ئەکاتە ھەموویان» ئەزانن بۆ؟ ! «ڕوو ئەکاتە لۆلۆ» تۆ پێم بڵێ.. تۆ…تۆ…لۆلۆ! لۆلۆ: «بە شڵەژاوییەوە» گەورەم… چونکە… چونکە «ئۆتۆ» ئەیان بەخشێ بە تەختی تۆ! ئەژدەھاک: «بە گاڵتە پێ کردنەوە» بە عەقڵی تۆ! «پشوویەک لە سەر قسە کردن ئەڕوات» ئەی تۆ چی ئەڵێیت خەزنەدار بۆچی بە بەڵای بزانم لاکی ھەزار؟ ! خەزنەدار: «بە شڵەژاوییەوە» چونکە… چونکە…بەزەیی شا ئەجووڵێ بۆ دەردو سزا! ئەژدەھاک: نە و…نە و… ھەموو ئەبزڕکێنن ھەموو قسە ئەدۆڕێنن! «پشوویەک و دوای قەیرێ ھاتوچۆ کردن ڕوو ئەکاتە ھەموویان» ئەزانن بۆ؟ . لاکی ھەزارانم ناوێ! چونکە سبەی کە ڕۆژ ھەڵھات دنیا تۆزێ گەرم داھات بۆگەن ئەکەن!! دەروو ناوی کۆشکی جوانم! لەو بۆنە پیسە پڕ ئەکەن - سەرداری کۆشک بێ سەر ئەکەن - - پشوویەک - ئەزانن من چۆنم ئەوێ! من وام ئەوێ: کەم.. بکوژرێ بەڵام.. پاشماوە.. دەست بەستە! گشت بگیرێ لە دواییدا… کۆمەڵ…کۆمەڵ! بۆ ناو دەریا فڕێیان دەن بە خۆراکی ماسییان کەن! من وام ئەوێ لۆلۆ: پاشای گەورە…چ…خواستی بێ خوا و فریشتەش ئەوەی ئەوێ!! خەزنەدار: فەرمایشتە… قسەی بەجێ، پیلانی ڕاست ھەر وا ئەبێ؟ - پشوویەک - ئەژدەھاک: ئادەی… ئێستا! ئا بزانن… گاگەل… ھێشتا! قۆچ لێ ئەدەن! یان ماندوو بوون و برسێتیی! کۆڵی شکستی پێ داون! «دوو پاسەوان بە پەلە ئەچنە دەرەوە بۆ تاقیب کردن» «لە دوای پشوویەک، ئەژدەھاک لە سەر قسە کردن ئەڕوات» کۆیلە… کۆیلە… کێ بیستوویەتی کێ دیوێتی… ھەتا ئەمڕۆ! زمانی قسەی بێتە گۆ! کۆیلە… کۆیلە… کێ بیستووێتی! : سەربەست… بڕوا سەربەست… بخوا کۆیلە… دیلە… کۆیلە… بەندە کۆیلە تاکوو مردن عەبدە! «دوو پاسەوانەکە دێنە ژوورەوە و ئەنووشتێنەوە» یەکەمیان: گەورەم…ڕەش و ڕووتی… برسیی وەک گەڵای دار لێ کوژراون بەڵام ئەوانەی کە ماون بەسەر لاکا، لاکی یەکا… ھەنگاو ئەنێن… دێنە پێشێ! دووەمیان: گەورەم…زۆرن…بێ شومارن وەک شێت ھاری پەلامارن سڵ ناکەنەوە… لە مردن! ئەژدەھاک: «بە تووڕەییەوە» مادام وایە… پێیان بڵێ تا لافاوی خوێن ھەڵ ئەسێ ھەتا بە کۆمەڵ غەرق ئەبن با بکوژن… ھەر بکوژن! دەست نەپارێز.. دەست ھەڵنەگرن وەک دروێنە، دروێنە کەن داڵ برسێتی.. چاوەڕوانی، لاکی کۆیلەی مردوو ئەکەن «پاسەوانەکان ئەچنە دەرەوە» - پشوویەک - ئەژدەھاک ئەچێتەوە لای ئەو پەنجەرەیەی بەسەر ڕووکاری دەرەوەدا ئەڕوانێت پاش قەیرێ تەماشاکردن ئەڵێت: ژیان پەندە… پەند وەر ئەگرم پەند لە ڕۆژانی ڕابردوو… بڵێن… چی کەم؟ ! .. بۆ ئەمجارە بۆ داھاتوو زمان ھەمووی ئەسووتێنم لاڵم ئەوێ! ژیانیان ڕیشەکێش ئەکەم! بڵێن: چی کەم؟ .. وەک وڵاخ ئەیانخەسێنم پیاوم ناوێ! دیلم ئەوێ.. دیلم ئەوێ!! لۆلۆ: گەورەم ھەر تۆ دڵتەنگ مەبە چیت بوێ ئێمە وا ئەکەین بۆ ئەم جارە.. کەس دەرناکەین! ھەتا دوا یەک ڕسوا نەکەین خەزنەدار: ھەر تەنیا.. شا.. دەربەست نەبێ چۆن بڵێ ئێمە وا ئەکەین - پشوویەک - «لە پاش کەمێ ھاتوچۆ کردن بەتووڕەییەوە ئەژدەھاک وەرئەگەڕێتەوەو ئەڵێت»: ئەژدەھاک: چیم بۆ ئەکەن.. چیم پێ ئەڵێن قسەی زلی ژووری گەرم درۆی زەقی نەبووی بەڵێن.. کۆشکم پیاوی وەک ئێوەی بوو، بۆیە عەبد ھاتنە سەرم! - پشوویەک - کە ئەمپرسی، چۆنە ھەواڵ؟ ھەور بوایە، تۆفان بووایە لە منتان ئەکرد بە ساماڵ! دەستی «وایە»! بە ڕۆژ ھەفتە و مانگ و ساڵ لە سەر سنگتان ڕاوەستا بوو ھەموو شتێ ھەر تەواو بوو! لۆلۆ: گەورەم.. ھەرچەند…سەرزەنشتی ئێوەی سەردار.. وەکوو بەرد بێ لای من گوڵێکە تێم ئەگری.. بەرزییم زیاتر پێ ئەبەخشێ خەزنەدار: توانج و سەرزەنشتی شا چاوی ھۆشمان ئەکاتەوە! ڕوومان زیاتر سپی ئەکا! لۆلۆ: پاشای پایەدار بزانێ لە کۆمەڵی ڕەش و ڕووتا لە ناو دنیای ڕووت و قووتا! گەلێ ویژدانمان کڕیوە! بە نھێنی… زۆر پوازی ناکۆکیمان داتاشیوە! ئەژدەھاک: باشە.. ئەنجام؟ من ئەنجامم ئەوێ ئەنجام؟ .. لۆلۆ: کرمی پواز.. کە داری خوارد لە ناوەوە پووتی ئەکا! بە چاو ئەڵێی قەت ناکەوێ، کە خۆی نواند.. بەڵام لە پڕ کاتێ بینیت بەلادا ھات! خەزنەدار: کاتێ بەلادا ھات.. ئەمرێ ئیتر ئەنجامی سەرکەوتن! داوێن لە تەختی شا ئەسوێ! ئەژدەھاک: «ئەچێتەوە لای پەنجەرەکە و گوێ ھەڵئەخات و ئەگەڕێتەوە ئەڵێت:» وشەی سەربەستیم.. دێتە گوێ سەربەستی بۆ ژیانیکێ؟ ! بۆ ئەوانەی خۆم کڕیومن؟ ھەر بە دیلی بوون و دیومن؟ بۆ کۆیلە؟ .. یان بۆ سەپان؟ - پشوویەک - «ئەو پاسەوانەی لەوەوبەر چووە دەرەوە، بە پەلە دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە و ئەڵێت»: پاسەوان: گەورەم وەکوو شەستەباران تیر ئەبارێ.. بۆ سەر سەری، بۆ سەر دڵی گوناھکاران! بەڵام گەورەم دەریای ئاگر تا بێ شەپۆلی گەورەتر ئەکا بە گژ کۆشکی بەرزا لەم کاتەشا.. ھەواڵێکیش، ھات و بەسەر، سەر گلێنەی.. چاوی ھەموومانا چزا! ئەژدەھاک: ئەی چاو کوندەپەپوو.. دیارە ئەو ھەواڵەی کە بە تۆ بێ زریکەی ئێش و ئازارە.. بەڵام.. بیڵێ!! پاسەوان: بەزامەوە.. زامی خوێنی لەبەر ئەڕوا گۆتۆی سەرکردە ھاتەوە بەڵام.. ھیوا.. لە چاویا کوژاوەتەوە!! ئەژدەھاک: چۆن ئەبێ چۆن؟ کوا لە کوێیە؟ ئەوەی ھەمبێ ھەر گۆتۆیە.. ھەر گۆتۆیە، ھەر گۆتۆیە!! پاسەوان: لەبەر دەستی حەکیمانا لەبەینی مان و نەمانا لاشەی خوێناویی کەوتووە! لەش بێ جووڵە.. چاو نووستووە! .. ئەپاڕێینەوە.. لە «ئۆتۆ» ھەڵسێتەوە سەرپێ گۆتۆ لۆلۆ: ھەواڵێکە.. بۆکوڕووزی جەرگی ھەڵقرچاوی ھانیی ھەواڵێکە.. گەڵاڕێزی بەھاری تاساوی ھانیی خەزنەدار: ھەواڵی.. ژاکاوی ھانیی تەمی بەری چاوی ھانیی ئەپاڕێینەوە لە «ئۆتۆ» لە «ئانانا»، «ئینکی»، «نامۆ» ھەڵسێتەوە، چاک بێتەوە سەرکردەی پاڵەوان.. گۆتۆ ئەژدەھاک: «بە تاسەیەکی بە کوڵ و پڕ لە ناسۆرەوە» کاری پێچەوانەی ژیان دەستووری ئاوەژووی دنیا! وا ئەسوڕێ ژان لە دوای ژان لە ناوەختا، ھەمووی یەکخا، ڕێکەوت، بەخت، چی پێ ئەڵێن، ناو لێ ئەنێن! کاتێ ھاتن بۆ ناخۆشیی، یا خود خۆشیی، بە کۆمەڵ دێن! لۆلۆ: پاشای گەورە… بە دوای ژانا ژانی کڕێوەی زستانا! گوڵی بەھار لە دایک ئەبێ لە باخچەی کۆشکی شاھانا!! ئەژدەھاک: «ڕوو ئەکاتە ئەو پاسەوانەی ھەواڵی بریندار کردنی گۆتۆی ھێناوە» بڕۆ ھەواڵم بۆ بێنە سۆراخ زوو زوو بە ئەنجام دە! تا بزانم گۆتۆ چۆنە؟ «خەریکە بڕواتە دەرەوە بانگی ئەکاتەوە» ڕاسپێرە.. با.. لاسیراب لە بەردەمما ئامادە بێ ھەر ئێستە بێ… دوا نەکەوێ پاسەوان: بەڵێ گەورەم ھەر ئێستە دێ! «ئەچێتە دەرەوە» ئەژدەھاک: «لە دوای ماوەیەک بێ دەنگی و ھات و چۆ کردن و بیر کردنەوە ئەڵێت»: دەربەدەری، داڵدە نەبوون زۆران لەگەڵ مەرگا ئەگرێ.. کەواتە ئێستە فەرەیدوون وەک سەگ بە کۆشکم ئەوەڕێ سەرچۆپی کێشی ناو گاگەل! ئەبێ ئەو بێ! مەرگ ھێنایەوە ئێرە! با بەخێر بێ! لۆلۆ: گەورەم.. کێ ناڵێ… ئا ئێستا لە خوێنی خۆیدا ناگەوزێ لە مەیدانی بەر کۆشکتا خەزنەدار: وەکوو چەقەڵی ترسنۆک بۆ مریشکی ناو ئاوایی چۆن بە دزە دێتە سەر چۆک بە فێڵ… فێرە! وایش فەرەیدوون بە نھێنی مەرگ ھێنایەوە ئێرە.. ئەژدەھاک: ئەوا.. ڕۆژێک.. نە و…ھەفتەیەک بە برسێتی وا مانەوە، بەرگەیان گرت.. ئەی دوای ئەوە؟ ئەبێ چی بکەن؟ بۆ کوێ ئەڕۆن؟ ئەبێ لاکی یەکتر بخۆن ئەی دوای ئەوە؟ . ئەبێ بمرن.. یا ئەوەتا کۆیلە بن.. وەکوو جاران.. ھەتا مردن! کڕنوش بردن! ««لاسیراب»ی جاڕچی کۆشک دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە» لاسیراب: پاشای گەورە.. ئەوا ھاتووم لە بەر تەختی بزورگتانا! کڕنوش بردووم! سەرم وا لە پێناوتانا! ئەژدەھاک: دەنگ زل، لاسیرابی جاڕچی باش بوو ھاتی ئەزانی چی؟ لاسیراب: فەرموو.. قوربان.. ھەرچی بڵێی ژیانیشمی.. ئەخەمە.. ڕێی! ئەژدەھاک: ئا.. کەواتە.. گوێم لێ بگرە زۆر لە جاران وریاتر بە خۆت ئەزانی ھەندێ برسی ئەمشەو تۆزێ دڵیان گرتووم چاکتر وایە جاڕێ بدەی.. کە قەیناکا لێیان بووردووم تا بڵاوەیان پێ بکەی.. خۆت ئەزانی.. زەوی تێر بوو، خوێن ناچێژێ پێیان بڵێ.. با لەمە زیاتر نەڕێژرێ!! لۆلۆ: قسەی شای گەورە پەسەندە. خەزنەدار: گەوھەر و یاقووتی پەندە. لاسیراب: «بە ترسەوە» بەڵام گەورەم پاشای مەزن برسی زۆرن! یەک دوو ھەزار زیاتر ئەبن گوێم لێ ناگرن.. با دەنگیشم گڕوو زل بێ.. لە چاویاندا… وەکوو فوویەک وایە تەنیا بیکەی بەناو ڕەشەبادا! ئەژدەھاک: «بە تووڕەییەوە لە لاسیراب ئەچێتە پێشەوە» وا دیارە بەر لەوەی بچیت زۆر حەز ئەکەیت لێرە بمریت!! لاسیراب: «بە ترسەوە» بەڵێ.. گەورەم.. ئەوا ئەڕۆم… پەشیمانم ئەوا ئەڕۆم «بە شڵەژاوییەوە ئەچێتە دەرەوە» ئەژدەھاک: «دوای کەمێ ھاتوچۆ کردن» ھەرکاتێ تەوقی عەبد شکا پێیان لە پێوەند ترازا کەوتنە ئەوەی شیر ھەڵکێشن مانای وایە زەنگ لێ درا زەنگێ پێم ئەڵێ: ئەژدەھاک وریابەرەوە ڕاچڵەکە! دەستی زەبروزەنگ شل مەکە! ھەناسەیەک لە دەست مەدە تەخت و بەختت بپارێزە! خوێن بڕێژە… ئەگینا.. ئەنجام.. ستەمە! زۆر ستەمە… زۆر ستەمە! لۆلۆ: بەڵام گەورەم، قەڵات سەختە کێ ئەتوانێ بگاتە.. ئەم، : تاج و تەختە! ؟ کێ ئەتوانێ دڕ بە شوورەی، کۆشکی بەرز و بەردین بدات؟ کێ ئەتوانێ؟ .. کێ شەڕ لەگەڵ، سێبەری خواکانا ئەکات؟ خەزنەدار: ھەتا ئەمڕۆ ژین وا ئەڵێ: تاج نانەوێ، شا ناکەوێ ئەژدەھاک: ئەمە ڕاستە، ئەبێ وابێ! بەڵام ھەر کاتێ دەستی دیل گەیشتە ڕم، گەیشتە تیر مانای وایە: زەنگ لێ درا - پشوویەک - «پاسەوانێک بە پەلە و شڵەژاو، دێتە ژوورەوە» گەورەم وا لافاوی ھەستاو لافاوی خەڵکی خرۆشاو! شوورای یەکەمینی ڕادا! لە جێی خۆی تلیسایەوە! ھەرچەند کرا، تەوژمی ڕق بەربەست نەکرا! ئەژدەھاک: «بە شپرزەییەوە ڕوو ئەکاتە ھەموویان» من پێم وتن.. زەنگ لێ درا.. فریا کەون… من پێم وتن.. لۆلۆ: «ڕوو ئەکاتە پاسەوانەکە» ئێوە جێتان قەڵای سەختە سەنگەری شەڕتان قایمە! ئێوەی پڕچەک تیرو و پۆشتە چۆن ئەبەزن؟ چۆن ئەھێڵن! کۆیلە شوورەی بەرزی کۆشک! داگیرکەن و بڕوخێنن.. خەزنەدار: یان ئەوەتا ئێوەش لەگەڵ… کۆیلەدا دەست تێکەڵن.. یان ئەوەتا ترسنۆکن.. سەنگەریان بۆ بەجێ دێڵن! ئەژدەھاک: ئەبێ وابێ، دەست تێکەڵن ئەم قسەیە ئەسەلمێنم.. لە ژێرەوە ھەبێ و نەبێ… دەست تێکەڵن.. ئەم قسەیە ئەسەلمێنم!! پاسەوان: گەورەکانم.. نمەکی.. شا کوێرمان ئەکا.. گۆجمان ئەکا! گەر بێت و پشتی لێ ھەڵکەین لەگەڵ عەبدا دەست تێکەڵ کەین بەڵام.. بەڵام.. گەورەکانم شتێک ھەیە دەستی بەستووین چاوی گرتووین.. ئێمە جێمان.. قەڵایەکە.. سەخت و کون بڕ.. ئێمە….. ئەژدەھاک: «قسەکانی پێ ئەبڕێت» ئەی چۆن ئیتر.. تۆ پێم ئەڵێی بەربەست ناکرێ! ئەی چۆن ئیتر! ..؟ .. پاسەوان: گەورەکانم.. شتێک ھەیە.. تێی نەگەشتووم.. ناوی چییە؟ .. جادووی گیانی نەھێنییە؟ .. یاخود چاوی تەلیسماوی.. فریشتەکانی ئاسمانە! .. یان ھێزی دەستی خواکانە لەناو دەروونی ئەوانا! .. دێت و ئەچێ.. تینی ئاگریان ئەداتێ ھێزی بڕوایان ئەداتێ ترسی مردنیان دەر ئەکا! شەڕیان لەگەڵدا پێ ئەکا! گەورەکانم.. شتێک ھەیە لە چاویانا… تیشک ئەھاوێ! لە گیانیانا.. گڕێک ھەیە.. ئەستێرەی پڕیشک ئەھاوێ! گەورەکانم: ئەو پڕیشکە.. گڕوو.. تیشکە! .. لە چاوی ئێمەدا نییە.. لە گیانی ئێمەدا نییە.. ئەژدەھاک: ئەم قسانە بۆ من مەکە.. ئەمە ڕێی خۆ تەفرەدانە.. قسەی پیاوی ترسنۆکە! «لە پاش ماوەیەک ھاتوچۆ کردن و بیر کردنەوە ڕوویان تێئەکا» بیھێننە بەرچاوی خۆتان: ماوەیەک بێ دووروو درێژ شێر برسییبێ پلێ گۆشت چییە.. نەیدیبێ! چاوی سووری.. لە تاوانا، دەرپەڕیو بێ، ئارام نەگرێ قەپاڵ لە شیشی ئاسنی، قەفەز بگرێ بیھێننە بەر چاوی خۆتان لەو شێرانە.. بەربنە ناو کۆمەڵی ڕووتەی خرۆشاو ئەبێ چی بکەن؟ .. ئەبێ لاشە چۆن ئەنجن کەن! ؟ چۆن بیپچڕن، چۆنی وردکەن..؟ بیھێننە بەر چاوی خۆتان! لۆلۆ: دیمەنێکە موچوڕکەی ترس دێنێ بەسەر تاپای لەشا دیمەنێکە لە خەویشا مایەی زەننەق چوونی عەبدە! پاشای گەورەم ئەم بیرە، بیرێکی وردە ھەلی چاکە، داوا ئەکەم شێری برسی.. ئێستا بەردە! خەزنەدار: ھەر شێری برسی ئەزانێ چۆن کۆیلە و عەبد بخوا! ھەر شاڵاوی ئەو ئەتوانێ.. دڕ بە دوژمنانی کۆشک بدا!! ھەلی چاکە، با خوانی وا پێشکەشی شێری برسی بێ با تێر بخوا!! ئەژدەھاک: «ڕوو ئەکاتە پاسەوانەکە» کەواتە تۆ.. بڕۆ ئێستا چاوەڕوانبە تا «لاسیراب» جاڕ بۆ تەمێی دوایی ئەدا.. ئەگەر ھاتوو.. لە دوای ئەوەش.. ئەو قسانە دادی نەدا! ئەوسا ئیتر.. ڕامەوەستە بیکەنەوە.. دەرگای ئاسن! با شێری برسیی دەرپەڕن! .. شاڵاو بەرن.. لەش ئەنجن کەن ئێسک و پروسک تێک بشکێنن دوایی بەم ژاوەیە بێنن!! پاسەوان: بەڵێ گەورەم… فەرماییشتتان لە سەرسەرمان! «ئەڕواتە دەرەوە» ئەژدەھاک: «دوای ھاتوچۆ کردن و بیرکردنەوە ڕوو ئەکاتە لۆلۆو خەزنەدار» زەردەواڵە، کە ورووژان بە دەست یەک یەک چزوو ناکرێن بۆت ناگیرێن.. بەڵام کە شا پڵیتەی سووتان خرایە ناو کونی شاریان ئیتر تەواو دا ئەمرکێن! - پشوویەک - جوتیار، ئاسنگەر، ئاشەوان زمانیان گرت.. بوون بە ئینسان! لە من ھەستان؟ ! .. «ئەو پاسەوانەی لەوەوبەر ھەواڵی بریندار بوونی گۆتۆی ھێنا بوو، دێتە ژوورەوە، بە شپرزەییەوە ئەڵێت»: پاسەوان: گەورەم.. پاشا.. کۆستی ناوەخت کۆستی جگەربڕمان وا کەوت! زام خوێنی نەگیرسایەوە دوا تروسکەی چاوی گۆتۆ.. بەتەواوی کوژایەوە! «دوای قەیرێ ڕاوەستان ئەنوشتێتەوە و ئەچێتە دەرێ» ئەژدەھاک: «لە دوای حەپەسان، بە نائومێدییەوە ئەڵێت» گۆتۆم! گۆتۆی سەرکردەم مرد؟ ! پارێزەری تاجەکەم مرد؟ .. گۆتۆم…گۆتۆم… گۆتۆم چۆن مرد؟ .. لۆلۆ: کۆستێکە زل، ڕۆژێکە شووم ھەواڵێکە گڕەی دۆزەخ… ئەدا لە ڕووم ئەنجامێکە کە دەسەڵات ناتوانێ قسەی تیا بکات! خەزنەدار: بۆ ئەم ھەواڵی ناسۆرە وەکوو گڕی دارستانێ چۆن بسووتێ.. خەمی گیانم ئا بەوجۆرە کڵپە ئەکا وا ئەسووتێ! ئەژدەھاک: ھەتاکوو گۆتۆ زیندوو بوو مردن لە کۆشکی من دوور بوو بەڵام ئێستا کە گۆتۆم مرد! تارمایی ترس پەیدا بوو ڕوو شاراوەی ئاشکرا بوو ھەست بە بوونی، دەنگ و ڕەنگی جووڵە و بزووتنەوەی ئەکەم.. - پشوویەک - بەڵام بواری ترس نادەم بێتە پێشێ.. من ئەبێ دەست دەستی تێ سرەواندن پێشخەم! لۆلۆ: ئەژدەھاکی گەورە ئەبێ بەسەر مردنا سەرکەوێ! خەزنەدار: ژین ھەتا ئێستا وا ئەڵێ شا ناکەوێ.. تاج ناکەوێ! ئەژدەھاک: «لە دوای ئەوەی دەنگی نەڕەی شێری برسی بەڕەڵا بوو بە ئاشکرا ئەبیسێت:» ئادەی.. ئادەی.. با شاڵاوی چنگی ڕقتان.. پڕ ئازار بێ ئادەی.. ئادەی.. با خوێناوی کۆیلەکان بە ڕووبار بێ ئادەی.. ئادەی.. با کەڵبەتان.. کەڵبەی لە ئەڵماس تیژترتان! کەڵبەی ناو دەمی برسیتان ئێسک و پروسک وەک خۆڵ ورد کا! ئادەی.. ئادەی.. با کەڵبەتان.. وەک کینەی ئەژدەھاک وابێ ئادەی.. ئادەی.. ئادەی.. ئادەی!! - پشوویەک - لۆلۆ: گەورەم ھەرچەند ئەمشەو ئازار بوو بە گرێی دڵی ھەزار بەڵام چاوەڕێین بەربەیان مژدە بێنێ وەکوو بەھار بڵێ: سەرکەوت ئەژدەھاکی، پاشای جیھان خەزنەدار: چاوەڕوانین تا خۆر ھەڵدێ تا ئەم شەوە کۆتایی دێ ئەژدەھاک: چاوەڕوانی، ئێشک گرتن کەی ئەنجامن! بۆ برینی، ئازاری شەو ساڕێژ کردن چاوەڕوانیی، چاوەڕوانیی کۆتایی بە کام شەو ھانی - پشوویەک - «پاسەوانێک بە شەڵەژاوی دێتە ژوورەوە» پاسەوان: گەورەم دۆزەخی داخراو دۆزەخی خەڵکی خرۆشاو قیامەتی.. دڵ پڕ لە قین نە شوورەی بەرد.. بەرگەی ئەگرێ نە قەڵای دەرگا ئاسنین ئەژدەھاک: ئەی شێری دڕ، شێری برسی قولاپی چنگی داماڵیین کەڵبەی ژەھرین؟ پاسەوان: دادیان نەدا، ھەر زوو بەزین! لۆلۆ: ئەی ئێوە چین؟ پاسەوان: گەورەکانم بێ ھودە بوو ھەرچی ڕەنجێ ئێمە دامان چاری نەبوو.. بەر بەست نەکران!! ئەژدەھاک: گەیشتنە کوێ؟ ئەنجام چی بوو؟ پاسەوان: شوورە لەدوای شوورە ڕما قوللەی قەڵا داگیرکرا! زیندان ڕووخا.. بەندی گیراو.. سەربەست کرا! گەورەکانم ھەر بەکۆمەڵ لێیان ئەخەین! لێ ئەکوژین بەڵام وەکوو ئاوی کانی، لە ھەموو بستە ئەرزێکا.. ھەڵئەقووڵێن! شتێک نییە چاریان بکات بڕوایان وەکوو ھەورازی، پلەی سەختی کێوی بەرزی وڵات وایە! داگیر ناکرێ! تیشکی چاویان! وەکوو تیشکی خۆر وایە بە دەست ناگیرێ - پشوویەک - ھاکا.. شەپۆلی.. ترسناک گەیشتە ژووری ئەژدەھاک گەورەم.. ئەنجام: نووتەک، تارە سەر دەرکەین ماڵ بێ پرسیارە؟ «ئەچێتە دەرەوە» ئەژدەھاک: من ڕاناکەم.. تا شیرەکەم لە پێش مردنا ماچ نەکەم! کوا شیرەکەم؟ «پاسەوانێک شیرەکەی بۆ ئەھێنێ» لۆلۆ: با بەر لەوەی دەستی برسی بمانگاتێ.. خۆ دەرباز کەین خۆزگەی ناحەز نەیەتە دی سەری پاشا سەرفراز کەین؟ .. چونکە گەورەم مانەوەی وا بەرەو شەوەزەنگمان ئەبا.. لەگەڵ مەرگا چۆن شەڕ ئەکرێ دەست چۆن پشکۆی ئاگر ئەگرێ؟ .. خەزنەدار: گەورەم.. پاشا.. خۆدەرکردن واتا بۆ ئێمە سەرکەوتن.. ئەژدەھاک: «بەتەوس و پێکەنینەوە» کاتێ ھێزم لە دەستا بێ من چی بڵێم.. ھەمووشتێ.. ئەڵێ ئەبێ.. ئەبێ وابێ ھەتا سروشت.. ئاسمان.. دەریا پرشنگی خۆر.. لووتکەی چیا کڕنووش ئەبەن سەر شۆڕ ئەکەن.. لە بەردەمما.. لە بەر پێما! - پشوویەک - بەڵام کاتێ کە دەسەڵات کەوتە سەر ڕێی ھات و نەھات ڕێکەوت کەوتە پشت ھەڵکردن ھەموو شت پشتم تێ ئەکات.. ھەتا ئێوەش.. ھەتا ئێوەش ڕووی نۆکەریی وەر ئەگێڕن ڕێم لێ ئەگرن! - پشوویەک - بەڵام ھەر وا بە ئاسانیی ڕێگەی مەترسیی دەرناکەن چۆن ئەیەڵم پەشیمانیی بە پەنجە گەستنێ دەرخەن چۆن ئەیەڵم دوای مردنم بژین وەکوو جاری جاران بۆ نوشوستی و ژێرکەوتنم ھەر من بکەن بە ناونیشان چۆن ئەیەڵم کەچڕنووکی ئێوەی بێ وەفای پشیلە! پێستی شاھانەم داڕنێ چۆن ئەیەڵم دڵی سپڵە دوای مردنم پێ بکەنێ - پشوویەک - وەک ژن خزاونەتە پاڵ من شایستەن بۆ ئەتک کردن.. ئەتانەوێ بەقسەی زل ترسنۆکیی ئارایشت کەن ڕێگە نادەم.. چۆن ئەیەڵم.. بە ئاسانی وا پشت ھەڵکەن - پشوویەک - «سەربازێکی لەش خوێناویی بە شپرزەییەوە خۆی ئەکا بە ژوورا» پاسەوان: ئومێد نەما.. وا قەڵا و کۆشک بۆ یاخی بوو ھاتنە سەر چۆک ئەو شوێنەی ڕووناکیی تیایە تەنیا ھەر ژووری پاشایە داگیرسێنی.. ئەم ئاگرە سەرکردەی ئەم ڕێی بەڵایە گەورەم.. کاوەی ئاسنگەرە «ئەچێتە دەرەوە» ئەژدەھاک: «ڕوو ئەکاتە لۆلۆ و خەزنەدار» دەست بە زاخا کردن وایە تەفرە و مل شکاندن وایە وتم کاوە وەچەی شەڕە سەر پەڕاندن بەو ڕەوایە وتیان: ئەمە پەلەی تیایە! دەستتان بڕیم.. کوێرتان کردم بە ڕێی مردنتانا بردم ئێستەش ئەتانەوێ ڕاکەن.. دڵنیابن قەت ڕا ناکەن «ئەژدەھاک شیرەکەی ھەڵ ئەکێشێ و بەدەم ئەم قسانەی خوارەوە لۆلۆ و خەزنەدار ئەکوژێت» با بیچێژن ئەو ژاراوەی خۆتان کردتانە کاسەوە با کڤەی بێ ئەو خوێناوەی خۆتان لێتان ئەخواردەوە! «ھەردووکیان ئەکەون و ئەمرن» «دوای لێدانی مۆسیقایەکی تایبەتی و پشوویەک کە ماوەیەک ئەخایەنێت، ئەژدەھاک لە بەر خۆیەوە:» ئەژدەھاک: تەنیام.. تەنیام.. مامەوە خۆم ئەی خۆم ئەبێ بۆ کوێ بڕۆم؟ ڕێی شەوی مەرگ ترسناکە ھەموو شتێ.. ھەردوژمنی ئەژدەھاکە! .. چاوم لێیە.. چەم.. چیا.. ھەرد چاوم لێیە تا دار و بەرد تا.. تاجەکەم.. تا.. تەختەکەم تا کەلوپەلی ژوورەکەم! منیان ناوێ لێم بێزارن بۆ مردنم.. چاوەنواڕن - پشوویەک - کوا دڵۆپێ فرمێسک ڕشتن کوا ئاخێکی گەرم ناشتن! کوا بەزەیی سەر ڕوخسارێ کوا.. تکایە؟ کوا ھاوارێ؟ کوانێ ئەو دەستانەی ئەڵێن بۆ تەنگانە درێژ ئەکرێن نایانبینم.. ھەموو ون بوون ھەموو وەک ئەمانە مردن «مەبەستی لۆلۆ و خەزنەدارە» - پشوویەک - «لەم کاتەدا و لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی خرۆشاوی میللەتدا کاوەی ئاسنگەر خۆی ئەکات بە ژوورا و پڕ بە دەنگ ئەڵێت»: کاوە: زاڵم.. وا شەو باری نەویی وا ڕووناکیی دنیای پڕ کرد وا کاروانی ئازادیی کورد بە، بەھاری ھیوای گەیی زاڵم.. تۆ بۆ کوێ دەرئەچی؟ ئەژدەھاک: «ڕوو ئەکاتە ھەردوو پاسەوانەکە» ئەنجن.. ئەنجن.. لەتلەتی کەن وەک سەگی خوێڕی پەتی کەن! «کاوە لەگەڵ ھەردوو پاسەوانەکەدا ئەکەوێتە شەڕەوەو بەدەم شەڕ کردنەوە»: کاوە: بۆ کێ ژیان..؟ بۆ کێ ئەمرن بۆ کێ؟ ڕێ بە میللەت ئەگرن؟ ئەی دیلەکانی تاریکیی؟ کوێرە ڕێگا ئەنجام بۆ ھەڵدێرتان ئەبا! «لە ئەنجامی شەڕدا کاوە ھەردوو پاسەوانەکە ئەکوژێت و لە ئەژدەھاک ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێت»: کاوە: ھەر.. ڕوو بەڕووی سڵ نەکردن شیری تۆڵە ھەڵ ئەکێشین لە پشتەوە دەستی کوشتن وەک ترسنۆک ناوەشێنین! ئەژدەھاک: کێیە بتوانێ ئەژدەھاک لە ناوبەرێ.. یان.. بیکوژێ کێ زات ئەکا.. کێ ئەوێرێ ڕێی لێ بگرێ؟ ! کاوە: منم ئەوکەسەی ئەژدەھاک ماری ناو دەروونی ناپاک لە ناو ئەبا منم خوێنی ئەڕژێنم منم مێشکی ئەپژێنم! «دەست ئەکەن بەشەڕ، کاوە بەدەم شەڕەوە لە سەر قسە کردن ئەڕوات»: ئەی جانەوەر ئەی تارمایی ئەھرەمەنی تاریکی و شەڕ داڵدەت نییە، چۆن دەرئەچی بۆ کوێ ئەچی؟ . چوار دەوری قەڵات ئاگرە مەبزوورەوە دەست ھەڵبڕە! ئەژدەھاک: ئەژدەھاک و دەس ھەڵبڕین ئەگەر ئاسمان ئەگەر زەمین لە یەک بدەن.. من نابینن دەست بەستە بم کڕنووش بۆ عەبدی خۆم بەرم «ئەکەونە شەڕێکی سەختەوە، چەند جارێک کاوە ئەکەوێتە مەترسیی لەناوچوونەوە، تا لەئەنجامدا ئەژدەھاک ماندوێتی تەنگی پێ ھەڵ ئەچنێ و ئەوسا کاوە بە چەکووشەکەی کە ھەر لەسەرەتاوە بە دەستی چەپ ھەڵی گرتووە، ھەڵ ئەکوتێتە سەر ئەژدەھاک و مێشکی ئەپژێنێ، لەم کاتەدا گوردۆی کوڕی بە پڕتاو دێت و باوەش ئەکات بەکاوەی باوکیا، دوای ماوەیەک ئینجا، پشتکۆ. کاردا. مادیا. کاردۆخ. زێمری. زاماو. یەک لەدوای یەک دێنە ژوورەوەو کاوە لەناوەڕاستیانا بەدەنگێکی زوڵاڵەوە ئەڵێت»: کاوە: بە لاشەی کوردی قوربانیی بە خۆری بییر، وا زستانی تەنگ و تارمان کرد بە بەھار بە خوێنی دڵ.. بە ئارەقی چەوسانەوەی ئێش و ئازار خۆمان لە دەست شەو ڕاپسکان.. کەوتینە ڕێ! تەوقی دیلێتیمان پسان.. ھەڵمەتمان برد! .. بە بازووی قاڵی تێکۆشان: پشتی تاوان، پشتی ئەژدەھاکمان شکان با ئەم ڕۆژە جەژنی گەل بێ.. جەژنی ژیان جەژنی کوردە چەوساوەکان با ئاگری ئەم نەورۆزە لە سەر لووتکەی بەرزی وڵات ھەتا ھەتایە بسووتێ بڵێسەکەی ھاوار بکات: بڵێ: نەوەی ئادەمیزاد.. کورد بوو یەکەم ڕاپەڕینی شۆڕشی سوور بەرپا بکات کۆتایی ++++++++++++++++++++++