شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ئاسک سەرناو: زانیارییەکان کەلەپوور بناغەی ئەم شانۆگەرییەی داوەتەوە و لە کڵاوڕۆژنەی بەیتە میللی فۆلکلۆرییەکانیەوە تیشکی وەرگرتووە لە کوورەی ئەواندا قاڵ کراوەتەوە. ئاوڕدانەوەیەکە لە سەردەمە تاریکەکانی ڕابردووی دوور. ئەو کارەسات و بەسەرھاتانەی لە واقیعی تاڵی ڕۆژانەی ژیانی ئەوسای دڵداراندا لەنێوان خێر و شەڕدا لە چنگاوشبوونی یەکتر و زۆرانبازییەکی سەختدا بوون. ڕووداوەکان لە سنووری کات و وەختی ئەو سەردەمانەدا ماونەتەوە و بە لای ڕابردووی نزیک و ئێستەماندا نەھاتوون. کەسەکانی ئەم شانۆگەرییە: پیرۆت: شوانەی گوند مام وسوو: ڕەزەوان بایز: کوێخا سوارە: ھاوڕێی پیرۆت خاوەر: کچی کوێخا و دڵخوازی پیرۆت ھەمین: ژنی کوێخا بایز پیرباڵ: ئاشەوان باپیر: بەتەمەنترین پیاوی گوند مەمەند: کوڕەزای باپیرە، مناڵی یەکەم زۆراب: کوڕەزای باپیرە، مناڵی دووەم حەمە: قەتارچی لەگەڵ: • کۆرسی سەرەکی • کۆرسی مناڵان • حیکایەتخوان • دەرھێنەر ھەر وەھا: • کۆمەڵە خەڵکێ • ڕێبوارێ • چەند دەنگێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی یەکەم دەرھێنەری شانۆگەرییەکە: 'لەگەڵ دەست پێکردندا، باڕژنی ئاسکێ ئەبیسترێ، بێدەنگی، پەردە بەئاستەم ئەکرێتەوە و دەرھێنەر دێتە پێشدەمی شانۆکە و ڕوو ئەکاتە بینەران: میوانە خۆشەویستەکان، شەوتان ڕووناک چاوتان ڕووناک.. بەخێر ھاتن بۆ بینینی ئەو چیرۆکەی لەم ساتەوە وشەکانی ئەبزوێن و ئەبنە تابلۆ و ئەبنە ئەکتەر.. تا تەماشای وردی ئێوە لە سەرەڕێی، بەسەرھات و.. ناوگێژەنی کارەساتا، ڕاگرێت و.. بیکا بە سەرپشک و ڕابەر *** میوانە خۆشەویستەکان من تەنیا بۆ ئەوە ھاتم.. دیدەنیتان لە ماڵی ئەم شانۆیەدا وەک ماڵانی کوردەواری بخەمە سەر دیدەکانمان من پێش بینینتان ناکەوم «ئاسک» چییە و چۆنە و بۆچی؟ ! ئەتانەوێ و ناتانەوێ؟ ! ڕقتان لێ بێ و خۆشتان بوێ من نادوێم و شانۆکەمان: با خۆی بدوێ میوانە خۆشەویستەکان من ئەڕۆم لەگەڵ «ئاسک» جێتان دێڵم دیسانەوە.. شەوتان ڕووناک دڵتان ڕووناک. «ئەڕوات» «پەردەکە بەتەواوی ئەکرێتەوە حیکایەتخوان، لە جێگەی بۆ تەرخانکراوی خۆیدا ئەبینرێ، لەم دیمەنەدا، دیوی ناوە و بنەبانی شانۆکە و ڕووناکی بەتەنیا لە بەژنی حیکایەتخوان ئەدرێ و بەپێی ھەموو بزووتنەوەیەکیشی چەپکە تیشکەکە لەگەڵیا ئەڕوات». حیکایەتخوان: ھەبوو.. نەبوو.. دێرزەمانێ کاتێ باپیرە گەورەمان تین و تاوی بازۆکانی ئەچوون بە گژ تاوێرەبەردی چیادا کاتێ ھێشتا خوێنی لاوی ئاگرێ بوو لە لەشیاندا و چۆکی بە تۆف و وەیشوومەی گەوەی شاخەکان دائەدا سەردەمێ بوو.. ژیان ئاوا بەرپێکانی ڕۆشن نەبوون پەنجەرەی بیر.. لەسەر وشە داخراو بوو نسێی زانین.. بەستەڵەکی بێ ھەتاو بوو لەو رۆژەدا.. ھۆشیش وەکوو قوتیلەکان کز ئەسووتا نەیئەتوانی تاریکایی ناو دارستان ڕووناک بکا ھەژارەکان لەناو گەرووی، مەرگ و ژاندا پارووی گریاویان قووت ئەدا تا گزنگیان ئەخستە ناو: دوای ئێوارەی ئەموستەچاو ڕەنجیان ئەدا و.. ڕەنجیان ئەدا *** لەو دەمەدا.. پەندی پیران.. ڕاڕەوێ بوو یاسا لەناو ئەودا ئەزا گرێ کوێرەی گیروگرفت ئەدرایە دەس خۆشەویستی، بیکاتەوە تاکوو گفتار.. لە ئاوێنەی ڕۆژگاردا.. شەوقی چاکە بداتەوە.. ڕۆشنی کات بەپێی کردار *** ھەبوو.. نەبوو لەو دەمەدا گوندێ ھەبوو پێیان ئەوت: گوندی «خەزان» لە بناری چیایەکدا.. ڕاکشابوو سەری لەناو نزارێکدا و، قاچەکانی لەناو شەپۆلی تووڕەبووی، چەمێکدا بوو.. چیا ھەزار بە ھەزار و سەخت و سەرکەش گەلیی تەنگی پلەی خزی ملەی بەرزی ئەشکەوتی قووڵ و زەبەندی جەنگەڵی و.. دار و دەوەندی مووچڕکی ترس و سامیان، تیا: نشیمەن بوو *** پایزێ ھات.. سەرمای چیا داروباری ڕووت کردەوە چەم.. ھەڵلەرزی شوانەی گوندی مل نوقم بووی ناو فەرەنجی.. دەستی سەر گاڵۆکی تەزی خەڵکی خەزان.. بەر لە ھێرشی ناکاوی تووشی زستان کەوتنە خۆیان «تاریکی، ئەڕوات» «شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، دیمەن گوندەکەیە و شوانی گوند (پیرۆت)ە و بەقەد پاڵی چیاوەیە و پاڵی داوە بە گابەردێکەوە و خەریکی شمشاڵ لێدانە، ھەر دوای چەند ساتێ، بەبێزارییەوە، شمشاڵەکەی ئەکاتەوە بە بەرپشتێنەکەیدا و ھەڵئەستێتە سەر پێ و ئەکەوێتە ھاتووچۆ کردن، ئینجا لەبەر خۆیەوە ئەڵێ»: پیرۆت: چوار ساڵ.. چوار ساڵ.. چۆن تەواو بێ؟ ! ئەی کێ ئەڵێ تەواویش بێ.. ئەو.. ئەمداتێ ئەی کێ ناڵێ ھەموو ڕەنجم بە با نادا ئەی کێ ناڵێ؟ ! - وچان - وەک دڵی.. ئەم دێیە دڵم لەو کرمێیە - وچان - خوێنی ئەکەمە کاسەوە چۆنی نادا؟ ! واجارێ سێ ساڵیم پسان خوا گەورەیە.. خوا.. خوا - وچان - نەء.. ناتوانێ.. گوندی خەزان گەورە و بچووک.. لەو بەڵێنە ئاگادارن ئاشنا و ڕۆشنا.. لەگەڵ مندان نەء.. ناتوانێ! - وچان - ئاخ شوانکاری.. ئاخ تەنیایی ھەر خۆم، بێکەس، خوایە.. خوایە بۆ نەتدامێ تەنیا خوشکێ گەر وا بوایە.. ئێستە من وا کوێرەوەریم ئەم شاخ و ئەوشاخ ئەگێڕا؟ - وچان - ماڵم ئەبێ؟ ! ئەبمە خاوەن چەند سەر مەڕێ؟ ! خۆم بۆ خۆم شوانێتی ئەکەم؟ تەم لەسەر چاوم لائەبەم؟ «بێدەنگی، زەردەخەنەیەک ئەیگرێ، گوڕ و تینێکی دێتەوە بە بەردا». بەڵام لەبەر چاوە جوانەکانی خاوەر چۆن دەربەست بێم؟ چۆن بھێڵم.. کە بێزاری دڵ کوێرم کا و ترس لە گیانم بنیشێ دەربەست نایەم.. ئەھێنێ گەر چاوەڕوانیم.. دە ساڵی تر توول بکێشێ دەربەست نایەم، دەربەست نایەم! - وچان - مەلای دێ ئەو دنیادیدەیە ڕاست ئەکا.. پێم ئەڵێ: کوڕم ئارام ئارامی ئەیوبت ھەبێ. - وچان - مەلام دی پێی ئەڵێم قوربان تۆ.. ھەر ئەڵێی.. ئارامی ئەیوب و.. پێم ناڵێی.. کام ئەیوب؟ ! لە کوێ؟ ! پێی ئەڵێم: حەز ئەکەم بزانم ئەو.. چەند ساڵ.. ئارامی گرتبوو ئەویش ھەر وەکوو من حەزی لە: خاوەرێ کردبوو - وچان - «مام وسووی ڕەزەوان دێتە ژوورەوە، ئەگاتە لای پیرۆت، سڵاو دەکا و لە تەکیەوە دائەنیشێ» پیرۆت: وەی سەرچاو مام وسوو ونی.. ون.. ناتبینم قسەتم ئەوەندە پێ خۆشە وەک تینوو وەھام بۆی پێم ناڵێی.. تۆ لە کوێی؟ وسوو: پیرۆت گیان.. نازانی ئیش و کار ھێندە زۆرە لە بن دێ؟ ! خوا ئاگای لێیەتی سرەوتم ھەر نییە! پیرۆت: ڕاست ئەکەیت.. ئەزانم خۆت تەنیا و ڕەزەکەش.. وسوو: «قسەکەی پێ ئەبڕێ» مەپرسە.. ئەوەتەی ھەستاوم من ھەر داو دائەنێم بۆ ڕێوی ئەزانی.. چی ئەکەن بەو ڕەزەم مەپرسە.. ئەم سەرەم چەند قاڵە وەڵڵاھی نازانم چی ئەکەم! پیرۆت: پێم بڵێ.. ئەمڕۆکە.. ھیچت گرت؟ ! پێوە بوون؟ ! مام وسوو.. گوێ بگرە ئەمجارە چەندت گرت.. ھی منن وتت چی؟ ! وسوو: دوێنێ چوار پێوە بوون چاویان وەک پشکۆی ناو.. ئاگردان زیتە زیت بریسک و ھۆڕیان بوو پێش وەخت.. من قەولم پێ دابوو ناردمن بۆ کوێخا «بەپێکەنینەوە» دیارییەک بۆ ماڵی کوێخا بێ ئەی دیاریی تۆش نییە؟ ! پیرۆت: «مام وسوو دێتە پێشەوە» مام وسوو.. گوێ بگرە تو خوا گەر گوێ نەگری.. گێژاوی ناو سەرم.. ھەتا بێ تووڕەتر.. دەروونم لوول ئەدا.. وسوو: گوێم لێتە.. گوێم لێتە ئەزانم چی ئەڵێی باس.. باسی خاوەرە.. وا نییە؟ ! سەیر ئەبێ.. نەیزانم.. گێژاوی ئەو سەرە لە کوێدا.. ئەبێتە.. تەنوورە! پیرۆت: مام وسوو.. پێش پێی تۆ لە دڵما وام ئەوت: تۆ بڵێی کە کوێخا.. دوای ئەوەی چوار ساڵەم تەواو کرد بەڵێنی بشکێنێ و.. خاوەرم نەداتێ تۆ بڵێی ئەوەندە ناپیاو بێ! ئەڵێی چی.. مام وسوو.. ئەڵێی چی؟ ! وسوو: تۆ قسەی سەیر ئەکەیت چۆن نایدا؟ ! ھەرچەندە.. نەگریسە و.. چاوچنۆک شتی وا.. چۆن ئەکا ئەی دەستی لە بەردەم مەلادا.. نەخستە سەر قورئان پەڕ و باڵ دەرئەکا ڕوو ڕەشی بەر دەرگای خوا ئەبێ چۆن شتی وا ئەکا تۆش نەڵێی بێکەسم.. ئێمە چین؟ ! پیرۆت گیان با دڵت ختوورەی وا نەکا! ماڵ خراپ.. ئای کە تۆش.. وەسواسی پیرۆت: ئەڵێم.. ئێ.. دنیایە.. دنیای واش.. تا ئێستە.. سووڕانی بە دڵی وەک پیاوی کوێخایە وسوو: لەسەر خوا.. تۆ جارێ ھێشتاکە.. لەکوێتە! سێ ساڵیت بڕیوە و.. چواری تر.. ھەر ڕێتە بڵێی: چی ناچاری ئارامت بڕوێنی ناوچەوان وای ھێنا خوا نەیکرد خوشکێکت بداتێ و تا وەکوو ئەم خەڵکە تۆش بیدەی بە ژنێ - وچان - ئەزانم: شوانکاری و شاخ نشین گرانە و.. نانەکەی ھەتاکوو دێتە چنگ ئازاری.. وەک ھەویر ئەتشێلێ بەڵام تۆش ھێشتاکە ھەڕەتی لاویتە و خۆ مادەم خاوەریش دڵی خۆی بەپاکی پێ داوی.. کێی ترە.. گاسنی بتوانێ.. دڵی ئەو بکێڵێ! - وچان - پیرۆت: مام وسوو.. ئەی تو خوا.. خاوەر چۆن، کچێکە.. تۆ بیڵێ ھەر وەکوو ئاسکە موبارەک وا نییە؟ ! بۆ پاکی و بۆ جوانیش لەو ناکات؟ نازانم.. مام وسوو.. ئەڵێی چی.. دڵی من بێ ھیچیان ھەڵناکات! وسوو: ئۆباڵی.. قسەی خۆم بە گەردن کچی وا.. ڕووسوور و، داوێنی وەھا پاک، دەگمەنە.. وتەمە.. تا مردن دەی ڕۆڵە.. ئاسکە موبارەک پیرۆز بێ خۆی بدا بە بەختی ھەردووکتان ھۆ پیرۆت نیزای من گیرایە ئاسکە موبارەک.. پشت ھەڵکا.. لە ھەر کەس خوا بەڵای لێ ئەدا ئەوەتەی ئەو ھەیە و ئەم دێیە خێر بەسەر پیاو چاکا.. ئەبارێ و دەروونمان بێ قۆرت و گرێیە! پیرۆت: مام وسوو.. دەی تو خوا بەو دەنگە شیرینەت.. شتێکم لە بەیتی ئاسکە موبارەک بۆ ناڵێی نازانم.. لەو بەیتە تێر نابم تا مابم! وسوو: بەیتێکی درێژە.. ئەو جارەش پێم وتی چەند جارێ ئەم گوندەی خەزانە و ئەم خەڵکەی.. پاراست لە فەوتان و مردن و نغرۆ بوون.. چی بڵێم؟ ! پیرۆت: دەی تو خوا، با دڵم ھێندەی تر بسووتێ و بڵێسەی باوەش کا بەو دەنگە خۆشەتا.. دەی تو خوا وسوو: «وسوو دەست دەخاتە پەناگوێی و تێ ئەچریکێنێ» بۆ بەیتی ئاسک، ئاسکە موبارەک.. گوێ بکەن بە دڵ دڵ بکەن بەگوێ، ئاسک فریشتەی لای خواوەندە لە ئاسمانەوە ھاتۆتە ناو دێ. ھەور سەرێتی، ھەتاو ڕەنگێتی، ئەستێرە چاوی، ھاژە دەنگێتی، ھەژاران خوێنی، بەفر سەرینی، لە کوێ گوڵ بڕوێ، لەوێ ئەیبینی، بۆ بەیتی ئاسک، عاشقان با بێن وەکوو خۆر ھەڵبێن، سەودایە و سەودا، سۆزی ئەم بەیتە، پەنجەی گزنگە و گڕ لە تاریکیی خەزان، بەرئەدا، خەزان ئەزانێ چۆن لە باوەشی درەختی خۆیدا ئەو ھەڵئەگرێت و لە کام ڕووباری ئەوینی پاکیا دەم ئەنێتە دەم، ئاسۆی برینی.. «بێدەنگ ئەبێ ڕوو ئەکاتەوە پیرۆت» پیرۆت گیان.. ئەوەندەی بۆ ئەمڕۆ درەنگمە و ڕەزەکەم تەنیایە «ھەڵئەستێتە سەر پێ» پیرۆت: مام وسوو.. پێم وتی: تینوێتیم لەو بەیتە قەت ناشکێ بەر لەوەی کە بڕۆی.. پرسیارێ ئاسکە موبارەک.. پێش وەخت، ھەست ئەکا؟ ! وسوو: ھەست ئەکا.. پێش وەخت.. ھەست ئەکا کە چی دێ و ڕووئەدا: دێتە ناو گوندەوە ماڵەو ماڵ ئەکات و، باڕەباڕ.. بە چوار پەل وەک لەسەر ژیلەمۆ وەستا بێ جێ ناگرێ بە خۆی و باز ئەدا و ڕائەکا ئیتر گوند ئەزانێ بەڵایەک بەڕێوە، مل ئەنێ.. بۆ خەزان. پیرۆت: ژیانی ئەم دێیە.. مام وسوو لە چاوی ئەودایە بڕواکە.. مام وسوو.. ئەو نەبێ کوێراییی خەڵک دایە! «زۆراب بەپڕتاو بەرەو لای ھەردووکیان دێت و لە دوورەوە ھاوار ئەکات» زۆراب: ھۆ.. مام وسوو.. ھۆ مام وسوو تەڵەکانت تەقین و دوو، ڕێوی چاو زیتیان گرتووە یەکێکیانیش ھەژگێکی بە کلکی خۆیەوە بەستووە پیرۆت: خۆ ئەم جارە.. دیارین بۆ من نەیانبەخشی وسوو: «بەپەلە ئەڕوات و بەدەم ڕێوە ئەڵێ» ئای مام ڕێوی خۆی نەئەچوو.. بەکونەوە کەچی ھەژگێکی بە کلکی فێڵی خۆیەوە بەستبوو ئای مام ڕێوی! وای مام ڕێوی! - تاریکایی - ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی دووەم «شانۆ ڕووناک ئەکرێتەوە، کۆرس بە گۆرانییەوە، ئەم شیعرە ئەڵێن، پێ بە پێی ئەو ئاوازەی دانراوە، دەرھێنەر ھەڵسوکەوتیان ڕێک ئەخات، شوێنەکانیان دیاری ئەکات» کۆرس: ڕۆژ ئەڕۆی.. شەو ئەڕۆی پیرۆتی ھەڵقرچاو لە کونی شمشاڵدا ئاوازی عەشقێکی لە زامدا باڵگرتووی، بۆ خاوەر لێ ئەدا. تاک لەناو کۆرسەوە: ئاسکی پیرۆزیش ئەیزانی ئەو عەشقەی کوڕە شوان ھەتا بێ لە ڕەزی ناو دڵی خاوەردا ھێشووی گڕ بە پەلکی خوێنەوە جێ دێڵێ کۆرس: کوڕە شوان بە ڕێگەی بریندا ڕەنجی خۆی کێش ئەکرد بۆ کوێخا بەو مەرجەی قڕانێ وەرنەگرێ و دوای حەوت ساڵ خاوەری پێ بدا. تاک لەناو کۆرسەوە: ڕۆژ ئەڕۆی.. شەو ئەڕۆی ئاسکی ئەوینی ناو گیانی کوڕە شوان ھەناسەی ڕۆژگاری ئەژمارد و، فرمێسکی لە ڕووی شەو ئەپژان. - تاریکی - «ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ» حیکایەتخوان: «لەناو چەپکە تیشکێکدا» پایز ھەر لە قژی درەختی ئەڕنی و ئەیدایە.. دەستی چەم چەم ئەڕۆی.. دەسکەنەی ئەو قژەی بە زەریا دوورەکان ئەگەیان پایز ھەر لە گوندی خەزاندا دەواری کزەبای بەفرینی ھەڵئەدا و کزەباش.. ھەناسەی ئاسک و شوانەکەی سەر چیای بە دەستی ڕەشەبا سوورەکان ئەگەیان. - وچان - ھەواڵی.. ئاسکە موبارەک گەیشتە خوار پێدەشت ھەواڵی ئەوینی خاوەر و کوڕە شوان تا ئەھات.. پەل و پۆی بە دەوری ئاوایی و گشت لادا ئەھاویشت مام وسووی ڕەزەوان چەند ڕۆژێ پێش ئێستە.. لەسەر ڕێی ڕاو کردن بە کوێخا.. گەیشت پیرۆتی دڵداری ھاتەوە بە بیردا بەڵێنی خستەوە بیر کوێخا وای پێ وت: «ئەڕوات» «ھەموو شانۆکە ڕووناک ئەکرێتەوە، دیمەن سەرە ڕێیە، مام وسوو بە کوێخا ئەگات» وسوو: ماندوو نەبی.. کوێخا بایز.. ماندوو نەبی دەس ڕەنگین بی و.. نێچیرت قەڵەو بێ.. کوێخا: ئەی بەرخوردار بی.. مام وسوو ئەی تۆ چۆنی؟ ڕێوییەکانت لە چیدان؟ وسوو: نابڕێنەوە.. کوێخا بایز.. نابڕێنەوە بەڵام منیش چاک قڕم تێ خستوون گەر وا نەکەم.. بڕوا بکە وێرانی ئەکەن ڕەزەکەم. کوێخا: بیرم نەبوو: ئەمساڵ چەندت کردووە بۆ حەیوانەکان؟ وسوو: وەڵڵا کوێخا.. دوو «دێم» لە پار زیاترە و ھێشتا ھەر دڵم دانامرکێ! کوێخا: بۆ مام وسوو بۆ؟ ! وسوو: کوێخا بایز.. ئەترسم زستانی ئەمساڵ سەختتر و دژوارتر بێ لە ھی پار کوێخا: نا.. مام وسوو.. مەقڕێنە! وسوو: کوێخا گوێ بەینێ باشترە زستان وەک مار بێ‌ئامانە کوێخا: تۆ واز بێنە لەم قسانە من دوو رۆژە چاو ئەگێڕم بۆ ئاسکەکە و.. نایبینمەوە دیار نەماوە! وسوو: کوێخا بایز: خوا نەکا.. خوا نەکا دیار نەبێ من بەردەوام ھەر ئەیبینم بەڵام ئەوە چەند ڕۆژێکە خووی داوەتە بەر ئەشکەوتی میری میران لەوەڕگەی ئەو ناوە بژوێنە «کەمێک بێدەنگ ئەبێت و لائەداتە سەر باسێکی تر» کوێخا بایز.. وابزانم.. لەو کاتەوە کە پیرۆتت کردۆتە شوان گورگ پارێزی لە ڕانەمەڕ لێ تێک چووە و ئەمساڵ لە کوێ لەگەڵ ساڵان کوێخا: ڕاستە وایە: بەڵام پیرۆت ماوەیەکە زیاد لە جاران.. خووی داوەتە شمشاڵ لێدان ئەترسم غافڵ بێ و مەڕەکان زیانیان لێ کەوێ. وسوو: نەئیشەڵڵا.. پیرۆت زیتە و ئاگام لێیە سەر بە سەر وەک چاوی خۆی ئەیپارێزێ ڕانەمەڕ کوێخا بایز جگە لەوەش، ئەو بەڵێنی بە تۆ داوە و تۆش بەڵێن بەو کوێخا: لە بەڵێنم پەشیمان نیم بەڵام من ھەر زوو وتوومە ئەبێ ئەویش شوانکارییەکەی وەھا بکا من ڕازی کا جارێ ھێشتا ئەویش چوار ساڵ ڕێی لە بەرە و.. خوا ئەزانێ چیمان لێ دێ! «بەدەنگێکی نزم» من حەز ناکەم.. وا حەز ئەکەم تۆ پێی بڵێ.. خۆ ھەرچەندە ھیچ نەبووە بەڵام ئەویش با ئەوەندە لەم لا و لەو لا بەڵای قسەمان لێ لادا خۆت ئەزانی دنیادیدەی ھێشتا پیرۆت لە کوێیەتی و چی کردووە! «پیرباڵی ئاشەوان لەو بەرەوە ئەڕوات، کوێخا بانگی ئەکات» کوێخا: ھۆ.. ھۆ.. پیرباڵ لادە ئێرە پیرباڵ: «دوایی ئەگاتە لایان» فەرموو کوێخا منت بانگ کرد؟ ! مام وسوو گیان.. حاڵ و ئەحواڵ شوکر باشی.. «لائەکاتەوە» وسوو: خوا دەس بە باڵتەوە بگرێ کوێخا: ئەوە بۆ کوێ وا بەپەلە خۆ ئاشەکە باش ئەگەڕێ؟ پیرباڵ: وەڵڵا کوێخا.. سا ئیتر وا بەلەقەلەق ئێمەش لەگەڵ پیرە ئاشدا کوتاومانە ئەوە وتیان کاروان لە شار ھاتۆتەوە ئەچم حەمەی سەرقەتارچی ببینم.. تا.. کوێخا: «قسەکەی پێ ئەبڕێت» حەمە؟ ! حەمە بۆچی پیرباڵ: بە خوا.. ئاوا بەر لە مانگێک پارەم دایە.. ئەگەر ھات و ڕێی کەوتە شار مت و موورووم بۆ بھێنێ وسوو: «بە سەر سوڕمانەوە» متو مووروو؟ ! کوێخا: مت و مووروو؟ تۆ مت و موورووت بۆ چییە؟ ! کچت ھەیە! بۆ پیرێژن؟ ! ئەی خۆ ناشێ تازە سمێڵ قیت کەیتەوە و.. خۆتمان لێ کەیت بە کوڕێکی چواردە ساڵ مرخ لە ژن خۆش کەیتەوە پیرباڵ: نەوەڵڵا.. بابە.. من و ژن مەیموون خۆی لە خۆیدا جوان نەبوو بەڵام ئاوڵەشی دەردا نە بابە.. نە.. پیرێژنیش تازە لە ڕێی چیدا ماوە! «بیر ئەکاتەوە» وسوو: ئەی کەواتە مت و مووروو ئا.. ئا.. زانیم.. زانیم «بیر ئەکاتەوە» کوێخا: چیت زانی.. ھا؟ ! پیرباڵ: ڕاستێکەی ئەوەیە.. من نەزرم لەسەر بوو مت و مووروو بھۆنمەوە و.. بیکەمە مل ئاسکە موبارەک.. ئێستاکە زانیتان؟ ! وسوو: من وتم ئەیزانم تا بڵێی نەزرێکی پیرۆز و پەسەندە کوێخا: بێقەزا بی.. وتم ئاخۆ ڕاسپاردەی چیت کردووە مت و مووروو لە گەردنی ئاسک بکرێ و نەکرێ ئەبێ جێگەی کام شتت بۆ بگرێ ھەی ماڵ شێواو.. ڕاسپاردەی پووشێ خورمات بکردایە.. چاکتر نەبوو ئێمەش یەک دوو دەنکمان بەرکەوتایە چاکتر نەبوو.. ھەی ماڵ شێواو! وسوو: نەء! کوێخا.. نهء! چۆن وا ئەڵێی ئەو دیارییەی بۆ ئاسکە موبارەک بێ موفەڕکێکە ئەبێ لەسەر سەر ڕاگیرێ و، ماچیش بکرێ تۆزێ وەفا.. کوێخا بایز.. تۆزێ وەفا کوێخا: دیسانەوە ھاتینەوە سەر ئاسکەکە چەند نەگبەتین.. بەسە.. بەسە وا باشترە ئەم باسە بگۆڕین ماڵتان شێوێ لە بیرتان بردمەوە من ویستم چی بڵێم پیرباڵ: کوێخا دەی.. ئێ.. فەرموو ھیچ کارت بوو؟ کوێخا: سبەی شەوێ.. نۆبە دەستاڕ بۆ ماڵی ئێمەیە و ھەموو شت ئامادە و چاوەڕێین کچگەل و کوڕگەلی ئاوایی بگەنە لامان و دەس پێ بکا دەستاڕ ھێڕی تۆ.. مام وسوو.. مەنیج گورجە و تۆش پیرباڵ گیان.. ھەر لە ڕێوە حەمەی دارکەن ئاگادار کە بیری نەچێ.. خۆی بێ یاخود سوارەی ئەولامان بۆ بنێرێ لەدوای ئێمەش نۆبە دەستاڕ لە کوێی تر بێ بانگ ھەڵدێرین ماڵ لەدوای ماڵ ئەیڕەخسێنین چاوەکەمن.. بیرتان نەچێ پیرباڵ: کوێخا بایز.. ھەموو ساڵێ وا نەبووە؟ ! بیرمان ناچێ وسوو: منیش مەنیج و گوڵچینتان بۆ ئەنێرم - تاریکی - ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی سێیەم «ڕووناکیی کۆرس» کۆرس: پایزە و لێواری دێی خەزان وەک کوڵمی خاوەری گوڵ گرتووی بەر سەرما ئەلەرزن قژی ڕەش شۆڕەبیی ناو چەمی شەوانە کوڕێکیان: جووتە مەم.. دوو بێچوە کەروێشکی، سپیلکەی ڕەزەکەی مام وسوون لە خشپەی سەرپەنجەی کێویلەی کوڕە شوان ئەترسن کۆرس: پایزە و ئاسکەکەی سەر چیا چیرۆکی میوانیی ناو ھەموو ژوورێکی ماڵانە کووژەکەی گۆشەدار لە ملیا ئەستێرەی ناو خەوی دێرینی ئاسمانە پایزە و وەک گشت ساڵ وا ئەمشەو کچ و کوڕ، دڵداران لە ماڵی کوێخادا دوو بەدوو قسەی دڵ لە ترسی پێ زانین ون ئەکەن لە ھاڕەی دەستاڕدا کوڕێکیان: ئای ئەمشەو بۆ گیانی کوڕە شوان ئەبێ چۆن لە عەشقی خاوەردا گڕ بگرێ تا.. ھەڵسان کچێکیان: ئای ئەمشەو بۆ خاوەر ئەبێ چۆن ئارەزووی چاو ببڕێ لە سنگی تووکنی کوڕە شوان کۆرس: دڵداران ئەزانن کە ئەمشەو لای کوێخا و کوێخا ژن.. ھەر ھاڕین مەبەستە نازانن کە دەستی دڵداران شل نابێ و جێژوان بۆ ئەوین ھەر کوێ بێ بەھەشتە. - تاریکی - «شوێن بە شەوقی قوتیلکەیەک ڕووناک بۆتەوە، دیمەن ژوورێکی ماڵی کوێخایە، نۆبە دەستاڕھێڕی ئەوانە، پیرۆت و خاوەریش ئەم شەوەیان بۆ ڕەخساوە و لەسەر یەک دەستاڕن و بەرامبەری یەک دانیشتوون، لەم دیمەنەدا، ئەتوانرێ، پیرۆت و خاوەر دوو دەستاڕھێڕی تر نیشان بدرێ و ئەوانی تریشیان لەڕێگەی دەنگەوە بناسرێن». دەنگی کوێخا: کوڕینە.. قوربانی ئەو دەست و مەچەکەی، ئێوە بم.. بھاڕن بھاڕن.. مەسرەون ھەتاکوو دوا دەنکی ناو جەواڵ ورد ئەبێ کوڕینە قوربانی بازووتان بھاڕن دەرفەتە کوا ئەمشەو بۆ خەوە! با دڵی کوێخاتان ڕازی کەن ساڵێکە و ئەم شەوە دەرفەتە پیرۆت: «ھەر بەدەم ھاڕینەوە» دەرفەتە.. خاوەر گیان.. دەرفەتە ئەو چاوە ڕەشانەت ھەڵبڕە و بڕوانە.. سووتانی ناو دڵم.. بمدوێنە.. خاوەرگیان.. بمدوێنە ھۆ گیانم.. ھۆ ژینم.. ھۆ گوڵم دەنگی کوێخاژن: کچینە.. قوربانی ئەو شان و باڵەتان شان و باڵ نەڕزێ گوڵینە.. قوربانی ئەو پەلکە ناسکەی پەنجەتان، کە ئەمشەو وا لەگەڵ ھاڕیندا ئەلەرزێ کچینە.. دەی دڵی کوێخاژن ڕازی کەن کچینە مرادتان حاسڵ بێ و، بە ھیوای خۆ بگەن خاوەر: ئاخ خۆزگە ھەموو کەس بە مراد ئەگەیی ئاخ خۆزگە ھیچ گوڵێ ژاکانی نەئەدی پیرۆت: خاوەر گیان.. بە ھیوای خوا.. ھیوام ڕۆشنە شوانکاریم ئازاری چەند زۆر بێ لەبەر تۆ خاوەر گیان.. لەبەر تۆ لە لای من وەک خۆشاو چێشتنە.. پشت بە خوا ھەر ئەبێ ساڵانی بەردەمم تەخت کەم ئاکامیش خاوەر گیان.. پێت بگەم.. پێت بگەم خاوەر: ئای پیرۆت کە چوار ساڵ ڕێگەکەی درێژە و ھەر شەوەی چقڵێکە و.. لە ئارام ئەچەقن ئای پیرۆت.. چۆن بڕوا و بەسەر چێ چۆن پیرۆت؟ ! پیرۆت: خاوەر گیان.. قەت نەکەی تو خوا گەر بھێڵی.. دڵی خۆت تاریک کەی.. «ئاوڕێک ئەداتەوە و دەس ئەخاتە سەر دەستی» خاوەر: وامەکە.. ئەترسم نەک چاویان لێمان بێ «پیرۆت کە دەنگی کوێخا ئەبیستێ دەستی لەسەر دەستی خاوەر لائەبا» دەنگی کوێخا: قوربانی چاوتانم ھۆ کوڕگەل.. سست نەبن.. بھاڕن بەتەمای مەچەک و قۆڵتانم پیرۆت: بەتەمای ھاتنت.. خاوەر گیان دوێنێکە لەناو ڕەز ھەتاکوو درەنگان تا «مشتاغ» ھەڵگرتن چاوانم لەسەر ڕێ نەترووکان ئەی بۆچی خاوەر گیان دیار نەبووی خۆ باوکت لە ڕاو بوو؟ ! خاوەر: لە دوورە.. دەشتەوە میوانمان ھاتبوو بەڵام من.. ھەر دڵم.. لە لات بوو دەنگی کوێخا ژن: ئەی دەستە کچانی ڕووسوور و پاکی دێ کوێخا ژن لە دەوری ئەو شان و قۆڵەتان بگەڕێ.. سست مەبن.. بھاڕن کوێخاژن زەنگیانە و موورووتان بۆ بەینی مێخەکبەند ئەداتێ پیرۆت: ئەمجارە.. خاوەر گیان.. ئەمجارە ھەر بچمە کاروان و بگەمە قەیسەری من موورووی مەرجانتان بۆ دێنم! کام گوارەی شۆڕابە و موستیلەی بەورشەی، جوان ھەیە من ئەوەت بۆ دێنم خاوەر: «بەسەر سووڕمانەوە، دەس لە دەستاڕەکە بەرئەدا» وتت چی؟ ! من موورووی مەرجانتان بۆ دێنم.. من چەندم.. ھەر خۆم نیم؟ ! پیرۆت: «بەپێکەنینەوە» خاوەر گیان ھەردووکتان! خاوەر: ھەردووکمان؟ ! ئای پیرۆت ئەڵێی چی؟ ! پیرۆت: «بەپێکەنینەوە» خاوەر گیان.. تۆ ئەوی و ئەویش تۆ ھەردووکتان بۆ دڵی کوڕە شوان خوێنێکن، خاوەر گیان! خاوەر: نازانم.. نازانم ئەڵێی چی.. نازانم تۆ گاڵتەم پێ ئەکەیت؟ ! پیرۆت: نە بە خوا.. بەو چاوە جوانانە ڕاست ئەکەم ھەردووکتان! خاوەر: «بەتووڕە بوونەوە» سا بە خوا لێرەوە ھەڵئەستم پێم نەڵێی؟ ! پیرۆت: پەست مەبە.. گیانی من.. پەست مەبە کچانی ناو خەزان لە لایەک خاوەریش بەتەنھا لە لایەک لای ئەوان دەروونی براییم داناوە لە لای تۆش ھەناوی ئەوینم داناوە تۆ نەبی چیم داوە.. لەو ژینەی، ھەموو ڕۆژ تاڵاوی بەقوڕگما کراوە.. «بەپێکەنینەوە» پەست مەبە.. کە وتم ھەردوکتان ئەوی تر ئاسکەکەی پیرۆزی چیایە ئەی تو خوا خاوەر گیان، ملوانکەش وەکوو تۆ.. لەو نایە؟ ! خاوەر: «دوای دڵنیابوون» دە پیرۆت وا بڵێ.. وا بڵێ ئەو ئاسکە پیرۆزە نەوەک ھەر بە مووروو ھەق وایە ملوانکەی بۆ بکرێ ھەق وایە خەڵکی دێ - سەرکەلەی – زێڕینی بۆ بکڕێ پیرۆت: من ناڵێم.. خاوەر گیان.. من ناڵێم ھەر بچمە کاروان و بگەمە قەیسەری.. «قسەکەی تەواو ناکات کە کوێخا بانگ ئەکات» دەنگی کوێخا: کوڕینە.. کچینە.. بھاڕن ھێشتاکە جەواڵمان ھەر پڕن ھۆ سوارە.. ھۆ مەنیج چەند «کۆتک» ھاڕڕاوە؟ ! دەنگی سوارە: کوێخا گیان.. وچانمان نەداوە ھێند نەبێ.. ئارەقمان سڕیوە ئەوەندەی حەز ئەکەی ئەوەندەش کۆتکمان ھاڕیوە دەنگی کوێخا: با بازووی دەستاڕھێڕ ھەر خۆش بێ قوربانی چاوتان بم بھاڕن سست مەبن، سست مەبن وا من و کوێخاژن خەریکی ترێی ناو، قوڵینە و بەرچنەین ھەر دەستمان بەتاڵ بێ سەرێکتان لێ ئەدەین - وچان - پیرۆت: خەو.. سەیرە.. ئەزانی خاوەر گیان.. دوێشەو لەخەوما چیم بینی؟ ! خاوەر: خوا بەخێری بگێڕێ پیرۆت: لە شوێنێ وەک لەوبەر سیروان بم ئاوەھا تۆ بووک بوویت بەسواری ھاتیت و، دامگرتی کە تارام لەسەر سەر لابردی خاوەر گیان! خاڵەکەی سەرگۆنەت لەپڕ بوو بە ھەنگ و ھەڵفڕی خەو سەیرە.. خاڵ بفڕێ.. خەو سەیرە دوای ئەوە خاوەر گیان.. خاوەر: «قسەی پێ ئەبڕێ» خەبەرت.. بووەوە؟ ! پیرۆت: نا.. نا.. نا لە خەوما ئینجا ھەر ئەوەندەی پێ نەچوو ئاسمانی سەر سەرمان ئەیگرمان ڕەنگی زەرد ھەڵگەڕاو، بەفرێکی.. سوور باری خەو سەیرە.. بەفری سوور.. خەو سەیرە دوای ئەوەش خاوەر گیان.. خاوەر: ئەمیشیان لەخەودا؟ ! پیرۆت: ئا.. ئا.. ئا.. دوای ئەوەش لە خەوما تووتڕکێ ئاڵابوو لە سنگم چەندم کرد کە بە دەس ڕایکێشم تووتڕک بەرنەبوو لە سنگم لەپڕدا داچڵەکیم. کە ھەستام ئەزانی چیم بینی.. ئەزانی «قاقا دەست ئەکا بەپێکەنین» ئەبینم.. بە ڕاستی وا مشکێ ھاتۆتە سەرسنگم «پێکەوە دەست ئەکەن بەپێکەنین» - وچان - خاوەر: تۆ مەلاش ببینە.. خەونامەی مەلای ڕەش ھەر نییە.. ئەوەندە پیرۆزە.. خێر ئەبێ لە خەوا.. خاڵ بفڕێ و، بەفری سوور ببارێ - وچان - دەنگی کوێخا: ھۆ.. پیرۆت پیرۆت: «وەک داچڵەکێ» ھۆ بەڵێ.. ھۆبەڵێ دەنگی کوێخا: ئەوە بۆ.. بێ دەنگی، دەستاڕھێڕ با تاقەت پەیدا کەن با نەڵێن لە نۆبەی ئەواندا کۆڕ سارد بوو.. حەیرانێ.. دەی پیرۆت.. حەیرانێ دەنگێ: بەساقەی چاوت بم ئا.. ئا.. دەی حەیرانێ پیرۆت: بە چاوان کوێخا گیان بە چاوان ھەر ئێستە، تۆ و حەیران؟ ! خاوەر: «بەدەم زەردەخەنەوە» بەدڵی.. خۆت بیڵێ ئەوە بێ.. جارەکە.. لەناو ڕەز بۆت وتم! پیرۆت: «ئامادە ئەبێ و دەست ئەکا بە وتنی ئەم حەیرانە، کە کوت و مت وتەکانی لە حەیرانی ئەسڵییەوە وەرگیراوە» 'حەیران.. حەیرانە.. حەیرانی لێ دێ بەژنی نازدار حەیرانێم.. چەندە بڵندە، کەمەرەی لێ دێ دەستی من دامێنی ئەوان وەستاو وەستاکاران بێ کەمەرەیەکی درووست بکەن بۆ نازدار حەیرانێ نەگرن بە گازێ لێ نەدەن بەچەکوچێ لەسەر دەستی خۆیان دابنێن لەمابەینی عەرد و عاسمانان بەڵکە باری تەعالا.. بە قودرەتی خۆی دادەڕژێنێ کەمەرێ، ئەوجا نازدار حەیرانەکەی من شلک.. شلک.. تەنک.. تەنک بیبەستێ و پێی بێتەوە جێ ژوانێ کچ وتی: گەلی دەستە خوشکان ئەنگۆ خەبەرێکی لۆ من بدەنە کوڕەتیم.. حەیرانێ.. بمگاتێ داخوازیکەری من ھاتینە بابێکی گەلێ بێدینم ھەیە زۆر دەترسم بمداتن کوڕەتیم حەیرانێ دڵێ: ئەنگۆ جوابێکی بدەنە نازدار حەیرانێ، سەبرێکم لێ بگرێ شەرت بێ لەو بەندەی دەربێنم یان بە ماڵی دنیایە یان بە زەبری خەنجەرێ' «ھەر کە کوڕە شوان لەوتنی حەیرانەکە ئەبێتەوە یەک دوو دەنگ لەم لا و لەو لاوە بەرز دەبنەوە». دەنگی یەکەم: ئەی دەنگت نەڕزێ.. کوڕەشوان بۆ خۆت و حەیرانت.. بەھیوای خۆت بگەیت کوێر نەبێ چاوانت دەنگی دووەم: ئەی دەم خۆش ئەی ھەزار ڕەحمەتیش لە گۆڕی مردووت بێ وەک ئاوا دەمارت بزواندین دەنگی کوێخا: ھەی دەم خۆش.. ھەی دەم خۆش ئاوەھا.. با تینی ماسوولکەی دەستاڕھێڕ گوڕ بدا.. بە جەستە و سست نەبێ خاوەر: «بە دڵێکی خۆشەوە» قەت دەنگت نەڕزێ ھەمووی ھەر بۆ من بوو وانییە؟ ! پیرۆت: خاوەر گیان.. تا چاوتان.. دیار بێ لێم تۆ و ئاسکە موبارەک من دەنگم وەک سەرم بڵندە تۆ بڵێ و ھەر بڵێ ئەوینمان نەڕزێ.. خاوەر گیان ئەوینمان - وچان - «پیرۆت.. بەوردی ئەڕوانێتە چاو و گەردن و سنگ و مەمکی خاوەر و دەست ئەخاتە سەر دەستی». خاوەر: بۆ وەھا ئەڕوانی ئەڵێی قەت نەتدیتووم پیرۆت: ئاخ خۆزگە ئێستاکە ناو باخ و ڕەز بووایە ئەوساکە ئەمزانی! خاوەر: لەبەرچی؟ ! پیرۆت: تێر.. تێر.. تێر ئەو خاڵ و گەردنەم ئەمژی خاوەر: «بە شەرم کردنەوە» سووک.. سووک.. سووک بدوێ نەء.. نەء.. نەء.. ئەڵێی چی؟ ! - وچان - پیرۆت: «بەدەنگێکی بەرز بانگ ئەکات» ھۆ.. سوارە.. سوارە گیان دەنگی سوارە: پیرۆت گیان.. ئەڵێی چی؟ ! پیرۆت: خۆ بیرت نەچووە.. وەختێتی چارێکی ئەو ئێسک گرانەم بۆ ناکەی ھەتا کەی؟ ! وەختێتی دەنگی سوارە: لە منت نەکەوێ.. لە بیر چوون! ڕاوەستە بزانە ھەناسەی لێ نابڕم بۆ ھەر تۆی پەرێشان؟ ! تۆ ئاگات لێم نییە.. پارچەیەک ئاگرم پیرۆت: چووزانم؟ ! وتم نەک لە بیری کردبێ دەنگی سوارە: دەرفەتە و.. دەرفەتیش زۆر تەنگە دەست و برد.. پیرۆت: کەیە.. کەی؟ ! دەنگی سوارە: دوای چوار پێنج مشت ھاڕین ئەڵێی چی؟ ! پیرۆت: زۆر چاکە.. زۆر چاکە چاوەڕێم.. خێرا کە.. خاوەر: «تێ ناگات» چیتانە تۆ و سوارە ئەڵێن چی؟ ! ئەو ئێسک گرانە.. کێیە.. کێ؟ ! پیرۆت: «بەدەنگێکی نزم و سەر ئەباتە پێشترەوە» خاوەرگیان.. ئەڵێین چی! حەز ئەکەین ھەر قەیرێ تاریکی دەرفەت با.. «لەم کاتەدا، شتێک ئەگیرێتە قوتیلکەکە و ئەکوژێتەوە و شانۆ تاریک ئەبێ» دەنگی خاوەر لەتاریکیدا: ئەمەندەش فێڵبازی؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی چوارەم «شانۆ ڕووناک ئەکرێتەوە، کۆرس ئامادەیە» کۆرس: ئەو تۆزە دەرفەتەی تاریکی دای بە ژوور بۆ دڵدار نەیداوە ھەزاران قوتیلکە و نەیداوە، ھەتاوی زۆر ڕۆژگار لە ماڵی کوێخادا ھەتاکوو بەربەیان پرچی خۆی شانە کرد کچ و کوڕ نیگایان وەکوو مۆم لەبەر دڵ ڕائەگرت تاک لەناو کۆرسەوە: ئەو شەوە شەوێ بوو بۆ دڵخواز ئەبێتە خەیاڵێ کە زۆر جار پێش مردن بە سەردان بیکاتە ھەوارێ بۆ ئاخی یادگار کۆرس: ئەی شەوی کۆتاییی پایزی گرمۆڵەی بەر سەرما با گڕی عەشقەکەی پیرۆت و خاوەرت پیا بدەین بەر لەوەی کە بمری - تاریکی - «ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ» حیکایەتخوان: خەریکە بەسەر چێ عومری وەرز درەختی تێک ڕژاو وا دەستیان لێک بەردا بارانە پایزەی کەم دەوام بە بۆنی خۆڵەوە.. دڵۆپی درشتی وەک گوڵاو ھەڵپرژا باڵندەی کێویلە.. لە کونی شاخەوە گوێی ترسی.. بۆ ھاژەی چەمی خوڕ ھەڵئەخا دوو چاوی بچکۆلەی لە ئاستی با و بژا ئەتروکێ و ئەنووقێ و.. سەری خۆی لە پەڕی ناو باڵدا ون ئەکا - وچان - ئێستاکە.. جێ کۆڕی ھەرەوەز خاڵییە، چۆڵە وەک سەر سەکۆی بەر ماڵان گەڵاکان.. سەمایان لەسەر ئاو سڵاوی دوا کۆچە کە ئەیکا لە خەڵکی دێی خەزان - وچان - ئاسکەکەی خەزانیش بە بازی ئەم بەرد و بەردی سەر چیای، ڕاوکەری وێڵ ئەکرد بە لەرەی ناو باڕەی ھەتاکوو ئێستەکەش.. ئەو بانگی ئازیز و دڵداری خێڵ ئەکا ملوانکەی بەرسنگی زۆرترن لەدوێنێ ماچکەری خاڵی سەر تەوێڵی.. تاکوو بێ لە ڕیزی چڕتردا ئەڕۆن و ئەچنە پێش بۆ ئەوەی خوێن بەن و، ماچێکیان بەر کەوێ - وچان - تا دوێنێ وا ئەڕۆی.. ئاسایی ژیانی دێی خەزان وا ئەمڕۆش ھەواڵێ وەک بوومەلەرزەیەک ئەم گوندەی لەبەر یەک ھەڵتەکان ھەواڵێ.. دەروونی خەڵکی دێی لە بنج و بێخەوە.. ڕاچەنان.. - تاریکی - «شانۆ ڕووناک ئەکرێتەوە، دیمەن ناو ئاواییە، پیرۆت بەپڕتاو و شپرزەییەکی زۆرەوە خۆی ئەکا بەناو گوندا و، ھاوار ئەکات». پیرۆت: ھۆ.. ھۆ.. ھۆ.. ئاوایی ھۆ کوێخا.. مام وسوو پیا بگەن.. پیا بگەن زوو.. زوو.. زوو «لەبەر خۆیەوە و بە دەنگێکی نزمی پڕ لە داخ و گریاناوی». ستەمە.. ستەمە و جەخاریش چۆن وا بوو؟ ! سەرەتای زستانێ دیاری دا ئەو دڵەی گوڵێکی تیا ڕوابێ بەبێ ئەو ناتوانێ ھەڵبکا ستەمە و.. نازانم چۆن چۆنی گەیشتە ئەو جێیە؟ ! نازانم.. نازانم - وچان - گەلێ جار.. چاوی ئەو.. مەڕانەم بینیوە کە چەقۆ ئەبینن، قەت بە قەد چاوی ئەم.. کڵپەم وا تیا نەدین خوایە گیان.. قودرەتت.. بخە کار.. قودرەتت ناتوانێ.. ناتوانێ.. ناتوانێ - وچان، ھاوار ئەکاتەوە - ھۆ کوێخا.. مام وسوو ھۆ سوارە.. وان لە کوێ وان لە کوێ؟ ! «کوێخا و مام وسوو کۆمەڵە خەڵکێ بەپەلە دێن و ئەگەنە لای» کوێخا: «بەپەشۆکاوییەوە» خێرە.. خێر! چی بووە؟ ! چی بووە؟ ! چی ڕوویدا؟ ! مام وسوو: «بەشپرزەییەکی زۆرەوە» خوا ھاوار.. خێر بێ خێر.. چی بووە پیرۆت: «بەنائومێدییەوە» چی نەبێ! وسوو: بۆ.. بۆ؟ ! پیرۆت: فریای کەوین.. فریای ئاسکە موبارەک فریای کەوین.. فریا.. ھەموویان بە یەک دەنگ: بۆچی.. بۆ؟ ! پیرۆت: وا لەسەر ترۆپکی ڕەوەزدا عاسییە و.. گیر.. گیری خواردووە ئەی گوێتان لەباڕە و ناڵینی ئەو نییە؟ ! چۆن گوێتان لێ نییە؟ ! کوێخا: ترۆپکی کام ڕەوەز؟ ! کام ڕەوەز؟ ! پیرۆت: ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش ھەموویان بە یەک دەنگ: ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش «کۆمەڵە خەڵکەکە بڵاو ئەبنەوە بۆ ھەواڵ گەیاندن» وسوو: دەک کوێر بم! لەویانە؟ ! لە ھەر جێ گیربوایە و، ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش نەبووایە، ھەر ئەوێ نەبووایە کوێخا: ھەر ئەوێ نەبووایە قسەی ھەر لێ ئەکرا ھەوڵێکی بۆ ئەدرا.. ھەر ئەوێ نەبووایە پیرۆت: ستەمە.. ستەمە و جەخاریش دوور بە دوور ھەتاکوو درەنگان ھەر چاوم تێ بڕی و نیزام کرد باڕژنی بەرد ئەکا بە ئاو و چاوانی بوونەتە دوو کڵپە ئەسووتێن ئا.. ئا.. ئا.. ئەسووتێن لە تاوا خەریکە باڵ بگرێ بەڵام چۆن باڵ ئەگرێ.. بێ باڵە.. بێ باڵە وسوو: دەک کوێر بم بەتەنیا باڵندە ئەتوانێ لەو جێیە قوتار بێ بەتەنیا باڵندە.. ئەی داخی گرانم کوێخا: «بێ بایەخانە و بە ساردییەکەوە» پێش سێ ساڵ بزنێکم ڕێی کەوتە ھەمان شوێن.. ڕەوەزی قەلەڕەش پیرۆت: «قسەکەی پێ ئەبڕێ» ئێ.. ئێ.. ئەی.. ئەنجامی.. ئەی دوایی؟ ! کوێخا: چی ئەکەیت؟ دەسەڵات کە نەبێ ھەڵدێرە و بۆ خەرەند کەوتە خوار پیرۆت: ستەمە.. ستەمە.. مام وسوو بەڵام ئەم ئاسکە و ئاسکە موبارەک ئەم بەڵا لادەری گشت دێیە وسوو: ئەو نەبێ.. ئاوایی چۆن بژی؟ ! کوێخا: تۆ نەتوت.. چۆنت دی؟ چۆن زانیت؟ ! پیرۆت: چۆن زانیم؟ ! من لەپاڵ گابەردە شینەدا کە دوایین بژوێنی ئەمساڵە ترووشکەم کردبوو، ڕانەمەڕ لەو لاوە لەوەڕگەی.. بۆ خۆش بوو مڕ بووبوون لە ناکاو.. باڕژنی ئاسکەکە.. ھاتە گوێم داچڵەکیم.. باڕژنێ.. لەباڕەی جارانی نەئەچوو باڕژنێ.. لە قیژە و زریکەی ژن ئەچوو کە چووم و دوور بە دوور سەیرم کرد زانیم چی قەوماوە.. مامەوە.. مامەوە بێھوودە.. ئەویش ھەر زریکەی لێ ئەدا «سوارە بە شڵەژاوییەوە دێتە ژوورەوە» سوارە: داخ.. داخ.. داخ چۆن ڕاستە؟ ! ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش؟ ! لە کوێی تر گیربوایە و ھەر ئەوێ نەبووایە ھەواڵی وەھا شووم قەت خەزان بیستوێتی؟ ! کوێخا: ئەو وەھای لە چارە نووسراوە دەسەڵات کە نەبوو.. وسوو: «قسەکەی پێ ئەبڕێ» ئەو نەبێ چۆن بژین بیناییم خەریکە لێڵ ئەبێ بەر پێی خۆم نابینم مەرگی خۆم ئەوێت و، مەرگی ئەو نەبینم! سوارە: «وەک شتێکی بیر بکەوێتەوە» بۆ لێرە ئەبڵەق بووین؟ با بچین بیبینین با بچین بزانین کوێخا: ئارەزووی خۆتانە! وسوو: نەء.. ئەچین پیرۆت: ئا.. سوارە ڕاست ئەکات با بڕۆین.. با بڕۆین بیبینین. - ئەچنە دەرەوە، تاریکی - «ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ» حیکایەتخوان: بینیتان و گوێتان لێ بوو ھەواڵەکە نەک وەک بەردێ وەک کەندەڵانێ بڕوخێ و، بکەوێتە.. گۆمی ناخی خەزانەوە ئاوەھا بوو.. کارەساتی ئەم ھەواڵە.. ماڵ بە ماڵی ناو خەزانی ھەژان و، دێ دایگرت.. تەمێ - وچان - بۆ ئەوەی بزانن.. ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش چەند تووشە و.. کام ترسی چارەنووس چاوەڕێی ئاسکی پیرۆزی.. گیرخواردووی.. ئەوێیە کارەسات.. چەند گەورە و دژوارە با گوێمان لە قسەی پیرترین مرۆڤی خەزان بێ چی ئەڵێ.. چۆن ئەدوێ دەربارەی ئەو خەم و ئازارە - ئەڕوات، تاریکی - «شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، جێگە ژوورێکی گوندی ئەو سەردەمەیە، - باپیر - ە کە پیرە مێردێکی ئێجگار بەساڵاچووە لەگەڵ ھەردوو کوڕەزاکەیدا دانیشتوون، خەمبارن» مەمەند، مناڵی یەکەم: باپیرە.. تۆ دیوتە؟ تۆ چوویتە سەر لووتکەی ڕەوەزی قەلەڕەش؟ ! باپیر: مەمەند.. باوکەکەم دوور بە دوور.. من دیوومە بەڵام چون.. کوڕەکەم.. ھیچ کەسێ ناتوانێ بچێتە سەر لووتکەی زۆر گران.. بشگەنە.. نزیکی ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش ھەر باڵدار ئەتوانێ ھەر باڵدار.. زۆراب، مناڵی دووەم: «قسەکەی پێ ئەبڕێ» باپیرە.. ئەی ئاسکە موبارەک چۆن چووە؟ ! باپیر: زۆرابە.. کوڕەکەم باڵندە.. ئەچێت و دێشتەوە ھاتنەوە.. گرنگە.. ھاتنەوە بەرانە کێوییەکان.. ئاسکەکان کام ڕێگە باریکە پیا ئەڕۆن ئەتوانن بگەنە سەر ھەموو ترۆپکێ بەڵام.. کە.. «کۆکەیەک ئەیگرێ» مەمەند: باپیرە.. بەڵام چی؟ ! باپیر: بەرخەکەم.. مەمەند گیان ڕەوەزیش تا ڕەوەز کەوتووە ترۆپکی ڕەوەزی وا ھەیە وەک سەری قەلەڕەش ئەیگەنێ.. بەڵام بۆ ھاتنەوە ناتوانن بێنەوە گیر ئەخۆن وەک ئاسکە موبارەک گیر ئەخۆن.. داخەکەم. زۆراب: ئاخر بۆ باپیرە؟ ! باپیر: کوڕەکەم. باوکەکەم، لەم سەریان کە ئەچن بە قەدەر یەک جێ سم ڕێ ھەیە پیا ئەڕۆن - حاڵی بووی بەرخەکەم - لەو سەریان گەر ڕەوەز تەواو بوو بواری تیا نەما وەرچەرخێن، بسووڕێن ئەوساکە.. گیر ئەخۆن وەرچەرخان.. بۆ جێ سم.. لەو سەریان ئەی نابێ ھیچ نەبێ لە سمێک بواری زیاتر بات، ھەتاکوو بسووڕێ و بێشتەوە وا نییە باوکەکەم؟ ! مەمەند: باپیرە.. دوای ئەوەی نەیتوانی وەرچەرخێ دوای ئەوە؟ ! باپیر: دوای ئەوە لە ھەڵدێرەوە بۆ خوارێ بۆ خەرەند ھەتا چاو بیبینێ قووڵ قووڵ و تاریکە بیرێکە.. لەنێوان دوو شاخا گەر بڕۆن ئەکەونە خوارەوە! وەرچەرخێن.. دیسان ھەر ئەکەونە خوارەوە! زۆراب: ئەی چی بکەن؟ ! باپیرە ئەی چی بکەن؟ ! باپیر: لە جێگەی خۆیاندا.. ئەوەستن.. نابزوێن تەنیا ھەر باڕەباڕ ئەکەن و ھیچی تر حاڵی بوون؟ ! مەمەند: حاڵی بووین.. باپیرە.. حاڵی بووین بەڵام بۆ باپیرە ئەچنە سەر لووتکەی وا.. ھەموو جار ھەر ئەچن؟ ! زۆراب: لەبەرچی باپیرە؟ ! خۆ ئاسکە موبارەک لەوەو پێش نەچۆتە شوێنێکی وا عاسی ئەی ئێستە بۆ چووە؟ ! باپیر: باوانم، ھەموو جار ھەر ناچن تووش ئەبن.. تووش ئەبن ھەردووکیان بەیەک دەنگ: لەبەر چی؟ باپیر: کە کاتێ پایزان دار و بار ڕووت ئەبن بەردی شاخ و داخ ئەکەونە بەر چاوان سەر تا بن پەرژینی سروشتی حەشار و لانەکان بە جارێ ئەوەرێن جانەوەر.. دەعباکان.. زۆر ئەبن بۆ نێچیر ئەگەڕێن ئەو کاتە کە ئاسکێ کەوتە بەر تەماشای دڕندە دڕندە بۆی ئەچێ و ئەو ھەڵدێ ناچارە و ھەر ھەڵدێ ئەوساکە لە تاوا ڕێیەکی وا ئەگرێ کە تا سەر دڕندە نەتوانێ دووی کەوێ. حاڵی بوون؟ - وچان - مەمەند: ئەی باشە باپیرە لە ترسا وا ئەدا لە باڕژن ئەترسێ؟ باپیر: ئا کوڕم ئەترسێ و ھاوارمان بۆ دێنێ زۆراب: چی ئەڵێ؟ باپیر: بانگ ئەکا لەم جێیەم قوتار کەن لەم جێیە خەڵکینە. - وچان، تاریکی - «شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، شوێن ناو ئاواییە، کوێخا و مام سوو و پیرۆت و سوارە ھەموویان بەکۆمەڵ دەگەڕێنەوە و ئەمجارەیان پیرباڵیشیان لەگەڵە» سوارە: ھەر ئەبێ دڕندە.. سا ئیتر چۆن بووە دیارە ھەر.. ویستوێتی.. کە بیخوا بەم دەردەی بردووە جا ئیتر گیانی خۆی لێ بۆتە تەوقێک و، خستوێتییە سەر ڕەوەز ئاخ ئاسکە موبارەک داخی تۆ چەند گەورە و گرانە کوێخا: «بە سارد و سڕییەوە» قودرەتی تەنیا خوا ئەتوانێ ئەو ئاسکە قوتار کا ئەگینا مەحاڵە.. بینیتان لە کوێیە! پیرۆت: کە باڕژن لێ ئەدا.. وەختە من لە جێی خۆم گڕ بگرم ڕوانیتان چاوی چۆن بڕیبووە نێو چاومان لە تاوا.. زمانی گرتووە پیرباڵ: چۆن سەری.. ئاوەھا.. لێ تێک چوو؟ ! پرسێکە وەک چەقۆ چەقیوە لە دڵم وسوو: مام پیرباڵ.. تۆ دنیادیدەیت و ئەزانی کە دەعبای ئەم وەختە چەند برسین چەند دڕبن.. ھێندەی تر.. دڕئەبن نەجێگەی لەوەڕە و.. نەجێگەی ھیچ شتێ بەتەنیا ھەر جێگەی ترس و بیم ناچاری و بێکەسی.. پیرباڵ گیان سوارە: ڕۆژێکە ئێجگار شووم ئاخ خۆزگە کوێرێتیم ئەبینی و نەمدیایە ئەم وەختە نەمدیایە کە ئاسکە موبارەک وای لێ دێ نەتوانێ ببزوێ کوێخا: «بە گومانەوە» مام وسوو.. ھەر ئەبێ دڕندە بەم دەردەی بردبێ؟ ! وسوو: قسەی سەیر چ ملە و ڕێگەیەک.. تەنانەت ھیچ بەردێ نییە ئەو شارەزای نەبووبێ.. قسەی وا.. ھەر نەکرێ باشترە پیرۆت: بزنەکان ئەزانن ڕێی ڕەوەز، کامەیە و نایگرن.. ئەی چۆن.. چۆن ئاسکە موبارەک ئەیگرێ.. ئەو کاتە قسەی وا ڕاست ئەبوو بە چیا نوێ بووایە و.. ئەو کاتە ئەمان وت ڕەنگ وایە.. کە سەری لە ڕێگە دەرکردن شێوابێ سوارە: کارەکە ھەر کاری دەعبایە و ھیچی تر ئێستاکەش بە ئێمە چی ئەکرێ؟ ! وسوو: ئەزانن.. ھەمووتان.. ئەزانن کە ئاسکە موبارەک دێرینە و، دەمێکە لە سای ئەوەوە.. خەڵک و خوای ئەم دێیە ھەر خێریان بەسەرا باریوە لە چاوی ئەوەوە.. دەروونیان بە خەڵکی دوای خەزان ناسیووە کێ ھەیە نکوولیی لێ بکا؟ پیرباڵ: کێ ھەیە؟ ! ئاشکرا وەکوو خۆر.. شتێکە لەبەرچاو پیرۆت: کە ئاسکە موبارەک.. دڵتەنگ بوو دێکەمان دڵتەنگە تەنگانەی کە تووش ھات تەنگانە ئەبینین کوێخا: شتەکە ھەر لە دەس خوادایە بە ئێمە چی ئەکرێ! وسوو: کارەسات ئەوەیە.. کە ئاسکە موبارەک نەمێنێ ھیچ شتێ نامێنێ ئەو تەنیا یەکێکە و.. قەت نابێ بە دوو لەدوای ئەو خەزان و ئەم خەڵکە وەک نەبن وەھایە ھەر تەنیا بار کردن ئەمێنێ و ھیچی تر بار کردن.. لە خەزان یان.. شەیتان داڵدەدان پیرباڵ: مەلای دێ.. ئەڵێ چی! دیار نەبوو.. نایبینم کوێخا: لە لای بووم.. کەوتووە و نەخۆشە ئەفەرموێ.. شتەکە ھەر لە دەس خوادایە لێ گەڕێن باشترە! پیرۆت: چۆن چۆنی لێی گەڕێین؟ ! وسوو: ھەر تەنیا بار کردن ئەمێنێ و ھیچی تر پیرۆت: ئەی چی بکەین؟ ! سوارە: ئەی ھەر وا.. بوەستین ھیچ نەکەین باڕژنی نابیسن وا کێوی کرد بەئاو کوێخا: چی ئەکەیت؟ ! ئەتەوێ چی بکەیت باڵ ئەگری یان ئەفڕی! پیرۆت: شتێ بێ ھەر شتێ کە بکرێ پیرباڵ: ھیچ ئەکرێ؟ ! وسوو: چۆن ناکرێ! وا بارە و ھاتووە و لەم ڕۆژە تەنگانەی تاریکتر کوا بووە ئێستاکەش ھەمووتان وا لێرەن زانیمان کە ئاسکە موبارەک عاسییە، ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش جێیەتی زانیشمان ھەر ئەبێ دڕندە بەم دەردەی بردبێ بەڵام ئەی نەجووڵێین! کوێخا: مام وسوو.. لە ڕێی خوا بەرەو کوێ ئەجوڵێی.. باڵندە ئەگاتە ئەو جێیە باڵندەی؟ ! چی ئەکەی چار نییە پیرۆت: بمرم و نەبینم بار ئەکەم لە خەزان ئەو مەرگە و.. نەک ڕۆشتن پیرباڵ: بار کردن.. ستەمە وسوو: زۆر ڕاستە.. ھەموو شت لە دەستی خوادایە بەڵام خواش تا ئیستە دڵتەنگە کە ئاسکە موبارەک عاسییە تا ئەویش دڵتەنگە - وچان - (-باپیر-ی خەمە)شم بینیوە.. پرس و ڕام بەویش کرد ئەویش ھەر تاووتووی بە کێشەی گران کرد گوێ بگرن: دڵنیام کەس نییە.. بگاتە ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش گوێ بگرن، شاخەوان، چاونەترس ئەوانەی کە ڕۆحیان ئەخەنە ناو مشت و سەر دەستیان ئەتوانن بە قۆناغ.. دوای ئەوەی قولاپە لە کاڵە و پێتاوی تایبەتی گیر ئەکەن دوای ئەوەی کە دەستیان بە ئەڵقەی گوریس بۆ ھاویشتن ڕام ئەکەن سووک سووکە ئەتوانن بچنە پێش بگەنە نزیکی لەوێوە ئەڵقەکە بھاون بیخەنە ناو ملی ئەو شوێنەی من ئەیڵێم شاخەوان بیگاتێ گەر بگات.. ھەر گوریس ھاوێژێ دوورە لێی ئەمەشیان ھەر وەھا ئاسان و سووک نییە.. گرانە و زۆر گران - وچان - «ھەموو مات ئەبن» کوێخا: لە ڕێی خوا.. مام وسوو.. چی ئەڵێی بۆ خەڵک بە کوشت چێ ئەمەی تۆ باست کرد لە وزەی کێدایە ھەر پێیەک بترازێ مەرگە.. مەرگ کێئەوەی پێ ئەکرێ ئەم خەتەی تۆ کێشات مەگەر شێت ڕووی تێ کات یان ئەوەی بە دەوری مردندا گڕ ئەخوات وسوو: ئا.. کوێخا، ئا.. ئەبێ.. بۆ ئاسکە موبارەک ئەوانە بێنە پێش بە دەوری مردندا گڕ ئەخۆن پیرباڵ: ئەمەشیان.. ستەمە پیرۆت: ستەمە.. بەڵام ئەی نازانن کە ژیان دوای ئاسک ئەویشیان مردنە. سوارە: بە ڕاستی مردنە پیرباڵ: مام وسوو.. ئەو پیاوە لە کوێوە بھێنین بۆ ئەوەی ئەمەی تۆ ئەفەرمووی بیکات و ھەناسەی ڕەحەتی ھەڵکێشین وسوو: کەس نایە.. پیرباڵ گیان.. کەس نایە ئەو.. پیاوە ھەر ئێمەین کردمان وا ئەیکەین و نەشمانکرد چاوەڕێی کەس مەکەن کەس نایە - وچان، لەسەر قسەکردن بەردەوامە - مەگەڕێن بۆ ڕێی تر.. ڕێگەکە تەنیا ھەر یەک ڕێیە جێگەکەش یەک جێیە وا ئێمە لێرەین و ئەویشە لەوێیە نە ئێمە باڵ ئەگرین.. نە ئەویش ھەتا زووش بە فریای بکەوین درەنگە.. چی ئەڵێن؟ - وچان - «ھەموو بێدەنگ ئەبن، لەم کاتەدا، یەکێک خۆی ئەکا بە ژووردا و ڕوو ئەکاتە ھەموویان» وا دیارە ئاگاتان لێ نییە پێش تۆزێ مەلای دێ ئێوە خۆش. «ھەموو تەماشای یەکتری ئەکەن، تاریکی». ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی پێنجەم «ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ». حیکایەتخوان: ھەواڵی مردنی مەلای دێ خەمێ بوو.. ھەر زۆر زوو لە خەمە گەورەکەی ئاسکدا توایەوە و ونیش بوو خەڵکی دێ کێشەی ناو دەرامەت خۆیانیان بیر چۆوە کەم و زۆر ئاڵان لە: پەژارەی ئەمڕۆوە کەوتنە ناو گێژەنی ڕووباری سەرکێش و کارەسات خستنیە بەردەمی مەترسیی بەسەرھات. بۆ ئاسک نەجات دان تەنیا ڕێی شک بردوو ئەو ڕێگە تووشەیە، دیاریی کرد مام وسوو چۆن ڕێیەک؟ ! لەھەموو بستێکا مەرگ وەک پاسەوان وەستاوە و چاوەڕێی نێچیرە بۆ قووت دان وا ئیستەش کوڕە شوان لەنێوان دوو دەمی بەرداشدا بۆ ئاسک و بۆ خاوەر زامێکە فوارەی خوێن ھەڵئەدا «ئەڕوات» «ڕووناکی، قەدپاڵی چیایە، کوڕە شوان تەنیایە و شپرزەیی بە ڕوخسار و ھەموو بزووتنەوەیەکیەوە دیارە، بیر ئەکاتەوە و پەشێوە، کۆمەڵێ مناڵی گوندیش دێن و ئەم گۆرانییەی بۆ ئەڵێن، ئەویش وەک لەناو ئەو وڕی و کاسێتی و شپرزەییەی خۆیدا ئەم دیمەنە وەک خەوێ ببینێ وەھایە». کۆرسی کوڕ و کچی مناڵان: ھۆ پیرۆت ئەی شوانەی بەرچاو ڕوون وا چیا بەرد بەرد و دار داری، ھاواری تۆ ئەکا. وا نیگای ھەژاران وەک تەیری ھەڵکورماو، تەماشای تۆ ئەکەن. بەیتی دڵ بە بازوو و جەرگی نەترسا ھەڵئەدەن کچێکیان: کچانی سەر کانییە لێڵەکەی ئیستای دێ ئاوێنە و شانەیان خستۆتە کەنار و ژاکاوە بریقەی ئەو قژە ڕەشەیان کوڕێکیان: جێ ژوان گوارەی گوێ و موستیلەی ناو پەنجەی یارانی تیا وەری جرجەکان بەکۆمەڵ خاکی سەر گڵکۆیان ھەڵدڕی ھەموویان: ھۆ پیرۆت ئەی شوانەی دەروون پاک ئاسکەکەی سەر چیا پێش ھەموو عەشقێک تۆی ناسی و وا ئێستە ئەو بانگی تۆ ئەکا ھۆ پیرۆت مناڵان دیلانێی جۆلانەی ناو لقی دار گوێزیان لێت ئەوێ ھۆ پیرۆت مناڵان ئاسکەکەی ئازیزی خەزانیان لێت ئەوێ کچێکیان: کچانی دێ ئەڵێن: بەھارێ بێتەوە لەگەڵ کوڕ ناچینە ڕێواسان ھەتاکوو نەزانین وا پیرۆت ئاسکەکەی داگرت و خستیە سەر: نەڕەی شان کوڕێکیان: باپیرەی دەس لەرزیو سنگ لەسەر گۆچانی بە ھەر حاڵ ڕاوەستاو ئەڵێ: کەی کوڕە شوان ئەڕوات و پێش مردن بیبینم بە دوو چاو ھەموویان: ھۆ پیرۆت ئەی کوڕی بەفر و با دڵداری کارێز و، مانگی ئاڵ لە سینەی دایکانا کەی مژدە ئەڕوێنی تا بمرێ دڕک و داڵ ھۆ پیرۆت ئەی شوانەی عاشق و بەرچاو ڕوون وا چیا بەرد بەرد و دار داری ھاواری ئەوینی تۆ ئەکا «ئەچنە دەرەوە» پیرۆت: «وڕ و کاس و ماندووە، داھێزراوانە ھەڵئەستێتە سەر پێ، بەپەشۆکاویەوە» ئاخ خاوەر چاوانت ئاخ خاوەر ئاخ ئاسک چاوانت ئاخ ئاسک «بێ دەنگ ئەبێ، ئەم دەنگانەی دێتە گوێ» دەنگی یەکەم: گێژەنی مردنە.. ڕاپێچت ئەکات و بەرەو بن.. لەمیاندا ھاتنەوە ھەر نییە خۆ ڕوانیت لە کوێیە! ترۆپکێ ھەر باڵدار ئەیگاتێ و دێشتەوە وەکوو قەل قەلەڕەش ناوی خۆی وا بەسەر خۆیەوە بە قسەی مام وسوو مەکەوە داوەوە ئەو فێرە ھەر تەڵە دابنێ ئاسکێکە بوو نەبوو بە تۆ چی؟ ! ئەی خاوەر لە بیرت چۆتەوە ئەی خاوەر ئەی ڕەنجی تا ئیستەت؟ ئازاری شوانکاریت لە بیرت چۆتەوە؟ ! چەند ساڵێ ئارام و.. خاوەر ھەر.. بۆ خۆتە بیھێنە پێش چاوت ئەو سنگ و ئەو مەمک و گەردنە بیھێنە پێش چاوت ئەو ڕان و ئەو پووزە گۆشتنە.. ئەو لێوە گەرمانە.. مژینی دوو بە دوو کە ئاگر بەر ئەدەن لە پووشوی ئارەزوو. ئەی ماچی لاملی سپی و سۆڵ، ژێر چەنەی خرپنی. چی ھەیە بگاتە ئەو تامەی ئەداتێ لە باوەش گرتنی. بەڵێنە و کوێخا قەت.. بەڵێنی ناشکێنێ واز لە تۆ چۆن دێنێ! ڕێگەکەت ھەر ڕێگەی نەھاتە ڕێیەکە ھەر بەحاڵ پێت لەسەر بترازێ ئەزانی چیت لێ دێ؟ ! خۆ تۆزی بەرەودوای کاروانت بینیوە ئەبیتە ئەو تۆزە و با ئەتبا.. با.. با.. با بیزانە پیرۆت: «بەشپرزەییەوە» ئەزانم.. ئەزانم.. ئەزانم ئاخ خاوەر چاوانت ئاخ خاوەر ئاخ ئاسک چاوانت، ئاخ ئاسک لەنێوان شەپۆلی دوو چاوی ئێوەدا وەک پووش و پەڵاشی ئیستەکەی سەر چەمم - وچان - دەنگی دووەم: لە چاوی خاوەردا بەتەنیا کوڕە شوان ئەسووتێ لە چاوی ئاسکدا خاوەر و شوانیش و ھەموو دێ، ھۆ پیرۆت کە ئاسک نەمێنێ تۆ و خاوەر لە کوێدا دایئەنێن دڵداری و سەودای سەر؟ ! کە ئاسک ھەڵدێررا بۆ خەرەند چۆن پەنجە ئەتوانێ شمشاڵت بۆ بگرێ و کڵاوت چۆن قنجە؟ ! دەنگی یەکەم: تۆز قاڵێ پێت لەسەر، ملەی بەرز.. بترازێ ھۆ پیرۆت ئەزانی ئەزانی چیت لێ دێ؟ ! دەنگی دووەم: ئەزانی.. ھۆ پیرۆت ئەزانی دوای ئاسک تەنانەت ژیانیش نامێنێ بۆ بنچک! - وچان - پیرۆت: ئاخ ئاسک چاوانت ئاخ ئاسک ئاخ خاوەر چاوانت ئاخ خاوەر!! - وچان - دەنگی یەکەم: ئەڵێی چی؟ ! نەھێڵی مام وسوو.. تەڵەکەی لە دڵتا بتەقێ پێت ئەڵێم ھۆ شوانە قەت نەکەی بەو فێڵە بڕوا کەی! دەنگی دووەم: ئەو کاتە چاوانت ڕۆشنە و بێ گێژاو ناو سەرت کە ئاسک دابگری و بیخەیتە باوەشی خاوەرت دەنگی یەکەم: ھەر بەحاڵ پێت لەسەر پلەی خز بترازێ دەنگی دووەم: لە چاوی ئاسکدا خاوەر و شوانیش و ھەموو دێ دەنگی یەکەم: ھەر بەحاڵ پێت لەسەر پلەی خز.. دەنگی دووەم: لە چاوی ئاسکدا خاوەر و شوانیش و… دەنگی یەکەم: ھەر بەحاڵ پێت لەسەر… دەنگی دووەم: لە چاوی ئاسکدا… دەنگی یەکەم: ھەر بەحاڵ… دەنگی دووەم: لە چاوی… - وچان - «پیرۆت لە پۆپەی ھەڵچوون و پەشۆکاوی و شپرزەییدایە، دەنگەکان وایان لێکردووە، خستوویانەتە گێژاوی زۆرانبازییەکی دەروونیی گران و دژوارەوە». پیرۆت: «کاسە و لەبەر خۆیەوە» ھەر بەحاڵ پێت لەسەر پلەی خز بترازێ - وچان - «لەم کاتەدا سوارە دێتە ژوورەوە و لەپشت پیرۆتەوە ئەوەستێ» پیرۆت: «ھەر لەبەر خۆیەوە» لە چاوی خاوەردا… بەتەنیا کوڕە شوان ئەسووتێ لە چاوی ئاسکدا خاوەر و شوانیش و ھەموو دێ - وچان - سوارە: ئەوە چیتە پیرۆت گیان! پیرۆت: «لە دەنگی سوارە دائەچڵەکێ و ڕووی تێ ئەکا و وەک بەو بڵێ». کە ئاسک ھەڵدێررا بۆ خەرەند چۆن پەنجە، ئەتوانێ شمشاڵت بۆ بگرێ و، کڵاوت چۆن قنجە؟ ! سوارە: ئەڵێی چی؟ ! چیتە پیرۆت؟ پیرۆت: «بەدڵنیایی و بڕواوە» سوارە گیان من ئەڕۆم ناتوانم دانیشم و ئاسکی دێ ئاوەھا عاسی بێ و لە زامی دێرینما باڕەی بێ - ئەچنە دەرەوە، تاریکی - «ڕووناکی، کۆرس دێتەوە سەر شانۆ» کۆرس: کوڕە شوان پیرۆتی شارەزای یەک بە یەک بن دار و بن بەردی سەر چیا بەرەو ڕووی ھەڵەمووت کەوتە ڕێ و گوریسی لە ناوقەد شەتەک دا گەرداوی دوودڵی لە سەریا نیشتەوە و ساماڵی سەوداکەی پرشنگی ڕژانە شەبەقی ڕێی ئاڵی تاک لەناو کۆرسەوە: ئەوینی خاوەریش لە گیانیا وەک چرای بەر ھەنگاو ئەڕۆشت و لە کۆچی مەترسی و سامداریا داگیرساو. کۆرس: ئەڕوات و ئەزانێ کە ڕەنگە دوا جار بێ خاوەری ببینێ ئەڕوات و ئەزانێ کە ڕەنگە دوا جار بێ چاوانی ببینێ. تاک لە ناو کۆرسەوە: کوڕە شوان چۆن بانگی مناڵان کپ ئەکا و لە دڵیا بێ وەرام ئەینێژێ ئەو ئارام چۆن ئەگرێ ببینێ وا تەوری «کوێخا»ی ڕق داربەڕووی چیاکەی ئەکوژێ کۆرس: چۆن ئەگات؟ ! چی ئەکات؟ ! ئەی خاوەر؟ ! چوونە سەر، ھاتنە خوار؟ لە دێدا.. ڕۆشتنی کوڕە شوان بوو بە ویرد لەسەر زار - تاریکی - «ھەر دوابەدوای چوونە دەرەوەی کۆرسی سەرەکی، ئەم دیمەنانە یەک لە دوای یەک و بێ ڕەوینەوە نیشان ئەدرێن» دیمەنی یەکەم: «جێگە سەرە ڕێی کاروانە» حەمەی قەتارچی: «بانگی ڕێبوارێ ئەکات» ھۆ برا.. ھۆ برا.. بێ زەحمەت تۆ مەڕۆ.. پرسیارێ! ڕێبوارەکە: «دوای ئەوەی ئەگاتە لای» فەرموو.. کاکە.. فەرموو حەمەی قەتارچی: کاکە گیان.. لە کوێوە ھاتوویت و بەرەو کوێ؟ ! ڕێبوار: لە گوندی خەزان و چیاوە.. ھاتووم و بەرەو شار مل ئەنێم برا.. بۆ؟ ! حەمە: تکایە.. ھەواڵی خەزانمان پێ ناڵێی مانگێکە لێی دوورین وەک ئەڵێن شێواوە.. نازانین.. ڕاستە.. یان؟ ! ڕێبوار: تا بڵێی شێواوە.. ئەوەتا نامبینی ئەمەوێ لە گێچەڵ قوتار بم حەمە: چاک ئەکەی! کە واتە دەنگوباس.. وەک چۆنم بیستبوو.. وەھایە ئەی باشە کوێخا ھەر: لەوێیە؟ ! ڕێبوار: تا ئیستە لەوێیە ئەگەر چی دڵنیام.. بار ئەکا! حەمە: ماڵ زۆرن.. کۆچ بکەن جێ بێڵن.. دێی خەزان؟ ! ڕێبوار: ئەیانوت.. چەند ماڵێ چاوەڕێی کاروانن تا خەزان جێ بێڵن.. حەمە: «بە پێکەنینەوە». زۆر باشە.. خوات لەگەڵ کاکە گیان.. خوات لەگەڵ «ڕێبوارەکە تێ ئەپەڕێ» حەمە: «ئەکەوێتە پێش کاروانەکە و لەبەر خۆیەوە ئەڵێت». دەرفەتە و.. ڕێکەوتی وەھا چاک دەگمەنە، پەلە کەم باشترە ھیچ نەبێ بۆ ئەو سەر چەند ماڵێ بار ئەکەم. ناوەختە ھەر چەندێ داوا کەم ئەمدەنێ، لە ڕۆژی وەھادا کێ سەری مامەڵەی ئەپەرژێ پەلە کەم باشترە.. دەرفەتە.. لێ خوڕن.. دەرفەتە - ئەڕۆن، تاریکی - دیمەنی دووەم: «ماڵی کوێخایە، کوێخا و کوێخاژن بەرامبەری یەک دانیشتوون، خاوەریش کز و غەمبارە لە گۆشەیەکدا ھەڵترووشکاوە» کوێخا: خوا غەزەب لە بەندەی خۆی بگرێ وای لێ دێ.. شێت بووە.. ئەگینا کەس بووە شاڵاو بۆ ترۆپکی ڕەوەزی وا بەرێ! بە ڕێگەی مردنیا مل بنێ تۆ دیوتە ھیچ کەسێ ئەوەندە نەگبەت بێ و چارەڕەش! کوێخاژن: ئەوەتەی.. ئەم ئاسکە گیر بووە ئەم خەڵکە.. نە، نووستن.. نە، خواردن.. نە.. پشوو ھەر ھیچی نەماوە… کوێ ئەچی باس باسی ئەمەیە دواییشی نایەت و بسرەوین. کوێخا: دە بڵێ ئاخر تۆ چیت دابوو لەم بەزمە ئەوا خوا نانێکی شوانێتیی دابوویتێ ئەتخوارد و سەری خۆت کز ئەگرت نەگبەتی ڕووی کردە ھەر کەسێ وای لێ دێ.. کوێخاژن: پیاوەکە! شوانی چی تا شمشاڵ لێدانی ھەبوایە مەڕی چی و بزنی چی! تۆ بڕۆ و بڕوانە.. پەراسووی یەک یەکیان بژمێرە شوانی چی؟ ! کوێخا: ئەم ئاسکە بوو بە چی نان ئەدا.. ئاو ئەدا نەگبەتی.. نەگبەتی کوێخاژن: بە سەری خۆیان و باوکیشیان تا ماون نایبینن ئەو ئاسکە بێتەوە کوڕە شوان دایئەگرێ.. کوێخا: پێم وتن.. ئەڵێی چی.. پێم وتن فیت فیتی وسووە کە یەکێ خوا عەقڵی نەدایە ھەر.. وایە! کوێخا ژن: «بە دەنگێکی نزم» سەرباقیی گشت داخێ ناوی ئەم کچەشمان.. وا زڕا.. بەوەوە ئەمەشیان داخێکە.. سەرباقیی گشت داخێ کوێخا: خەم مەخۆ.. بێشتەوە.. تەگبیرم کردووە چیم داوە لە گێچەڵ لێرە نا.. لەو لای تر.. کوێخاژن: ئەی چییە؟ ! بۆچی خوا ھەر ئێرەی داناوە خەزان نا.. جێگەی تر «لەپڕێکدا، خاوەر بە تووڕە بوونەوە ھەڵئەسێتە سەر پێ و ڕوویان تێ ئەکا و بەقوڕگێکی پڕ لە گریانەوە ئەڵێ»: خاوەر: کێ ئەڕوا.. با بڕوا.. بشمرم ھەر خەزان جێگەمە. «کوێخا بۆی ھەڵئەسێ و، شانۆ تاریک ئەبێ» دیمەنی سێیەم: «لەپاڵ درەختی باخێکدا مام وسوو و سوارە ئەدوێن و مەمەندیش خۆی لەپەنا بەردێکا شاردۆتەوە و بەدزییەوە گوێیان لێ ئەگرێ» سوارە: ھەر ئەڵێی وام لەسەر ئاگرێ - دانیشتووم - مام وسوو بڕوانە کە.. دڵم ھەر وا لە لای ئەوەتەی ڕۆیشتووە بە شەویش نەنووستوم ھەر پێیەک دائەنێ ھەست ئەکەم لەگەڵیام وسوو: ھەتا بن دار «باوی» ئەو پەڕی کەژەسوور لەگەڵیا ڕۆشتم و.. خۆی زۆری لێ کردم کە چیتر لەگەڵیا ڕێ نەکەم.. نیازم بوو ھەتاکوو «کروسکی» بەر گردە چۆلەکە.. ھەر بڕۆم خۆی نەی ھێشت بە ڕاستیش ھەناسەم سوار بووبوو سوارە: گلەییت لێ ناکرێ، پیرێتی و ئەو ڕێیە! وسوو: بڵێم چی ئەو تین و تەوژمەی جارانم نەماوە.. داخەکەم.. بۆ گوڕی لاوێتیم سوارە: مام وسوو.. چۆنت دی؟ ! بەپێ بوو؟ ! ئەی ورەی ناو دڵی؟ ئەی زاتی؟ ھەر وا بوو وەک من دیم، پێش ڕۆیشتن؟ ! وسوو: ھەر ئەتوت: بەرانە کێوییە.. بۆ زاتیش کون نەبوو لە جەرگیا سوارە: تۆ بڵێی بێتەوە و.. چاوانی خەزانیش ڕۆشن کا ئەم خەڵکە لە چنگی ئەم خەمە دەربێنێ؟ وسوو: لە سەر خوا.. ڕێگەیە و لەبەرە ھاتەوە شاییی دڵ بۆ گوندی خەزانە گەر مردیش وەک عاشق ئەمرێت و، بۆ ئاسکە موبارەک گشت مەرگێ ئەبێتە چراوگێ و ھەڵئەکرێ لە دڵی ئاسماندا، بۆ خاوەر.. بۆ ئاسکە موبارەک ڕێگەیە و لە بەرە، ئەو نەگات بەدوایدا.. ناھێڵین.. کە جێ پێی بزر بێ یەکێ تر.. دووانی تر.. ڕێگەیە و لە بەرە سوارە: مام وسوو.. یەکێکم لەوانە منیش وەک کوڕە شوان عاشقم! لە دڵمان.. ئەو جووتە چاوانە وسوو: بۆ ئاسکە موبارەک.. بۆ یەزدان من نا.. تۆ.. تۆ نا.. من سوارە: مام وسوو ئەوەندەی بۆ پیرۆت خەیاڵم پەشێوە.. ئەوەندە و زیاتریش بۆ خاوەر ئەزانی پلووسکی گریانی.. وەک «فاتە»پێی وتم لە چۆڕە ناکەوێ مام وسوو.. سەودای سەر سەودای سەر!! وسوو: ھەقێتی سەفەری وا گران بۆ دڵی دەزگیران.. ھەر مایەی ئەندێشە و جەخارە کوڕی خۆم.. دڵداری خەندەشە و ئازارە سوارە: چ کاتێ ھەواڵی ئەزانین؟ وسوو: دامناوە.. سبەینێ لەسەری «ھەڵۆ»وە بەوردی سەرنج بەم بزانم کوڕە شوان ھەتا کوێی بڕیوە - وچان، مەمەند ئەڕوات - سوارە: پێکەوە، منیش دێم. - وچان - «لەم کاتەدا،»پیرباڵ«بەپەلە خۆی ئەکا بە ژووردا و بە پەشۆکاوییەوە ڕوویان تێ ئەکا» پیرباڵ: کوێخا خاوەری زامدار کرد! «بەپەلە ئەچنە دەرەوە، تاریکی» دیمەنی چوارەم: «بەر دەرگای ماڵی باپیرە، زۆراب یاری ئەکات، مەمەند بە ڕاکردن ئەگاتە لای و ھەناسەی سوار بووە» مەمەند: ئەزانی.. ئەزانی.. مام وسوو پێش تۆزێ.. چی ئەوت.. چی ئەوت بە سوارە.. ئەزانی زۆراب: درۆزن.. لە کوێوە گوێت لێ بوو دە باشە.. چییان وت! مەمەند: بۆ ئەڵێی درۆزن بەو خوایە.. گوێم لێ بوو لەپەنای بەردێکا.. من خۆمم مات دابوو ئەوانیش ئەزانی لە کوێدا ھەر لە لای باخەکەی «ڕێحانە» ڕەشەوە وەڵڵاھی.. ھەر لەو لای.. زۆراب: «قسەکەی پێ ئەبڕێت» دەی باشە.. دەی باشە مام وسوو.. چی ئەوت.. مەمەند: پێی ئەوت.. پیرۆتی بینیوە پێی ئەوت.. ھەر وەکوو بەرانە کێوییەک ڕێی ئەکرد.. پێی ئەوت.. ھەر ھیچ.. ھیچ.. ناترسێ زۆراب: لە دەعباش.. لەخێویش؟ مەمەند: لە ھیچ شت.. لە ھیچ شت زۆراب: ئەی باشە.. ئەیان وت کەی پیرۆت دێتەوە؟ مەمەند: نە و، بەڵام گوێم لێبوو.. مام وسوو پێی ئەوت بەیانی ئەچمە سەر ھەڵەمووت لەوێوە تەماشای ڕێ ئەکەم بزانم.. بزانم.. کە پیرۆت ھەتا کوێی بڕیوە، ئا.. ئا.. بیریشم کەوتەوە پێی ئەوت.. با پیرۆت بشمرێ چونکێکم ئەمرێ بۆ.. ئاسکە موبارەک بۆ دوایی ڕۆحەکەی ئەبێ بە ئەستێرە وای ئەوت.. مام وسوو.. وای ئەوت زۆراب: ئێ.. ئێ.. ئێ مەمەند: تەواو بوو، ھەر ئەوەم گوێ لێ بوو. - وچان - زۆراب: شتێکت پێ بڵێم بە قسەی من ئەکەیت؟ مەمەند: چۆن چۆنی؟ دەی بیڵێ زۆراب: سبەینێ.. باپیرە نەزانێ پێش ئەوەی مام وسوو ھەڵبستێ ئەچینە سەر ڕێگای ھەر کە ھات پێی ئەڵێین: مام وسوو ئێمەیش دێین لەگەڵتا ئێمەیش دێین مەمەند: ئای لەوە! ئینجا چۆن ئەتوانین بە شاخا ھەڵگەڕێین خۆ ئێمەش مناڵین! زۆراب: کەرە شین ئەبەین و ھەتا چەند توانیمان ھەر ئەڕۆین.. ھەر ئەڕۆین دوایی کە ھیلاک بووین سوار ئەبین.. باشە.. ھا؟ مەمەند: ئا.. باشە.. بەڵام با باپیرە نەزانێ بزانێ ناھێڵێ.. منیش زۆر.. زۆر زۆریش حەز ئەکەم دووریش بێ.. تەماشای پیرۆت کەم. زۆراب: دە.. باشە بەیانی.. ھەر زۆر زوو من ھەڵتئەستێنم. من نانووم. - تاریکی - دیمەنی پێنجەم: «شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، بێ ئەوەی دەسکاری ھیچ دیکۆرێکی دیمەنی لەوەوبەر کرابێ، ھەرچی ئەکتەرەکانی ناو ئەم شانۆ گەرییەشە ڕیز بوون، دەرھێنەر وەک یەکەم جار لە دەست پێکردنی یەکەم تابلۆدا دیمان، دێتەوە بەردەمی شانۆکە و ڕوو ئەکاتەوە بینەران» دەرھێنەر: میوانە خۆشەویستەکانم ئا بەم جۆرە.. شانۆگەریی «ئاسک» تان دی و، ئا بەو جۆرەش کۆتاییی ھات.. گەر ئەپرسن منیش وەک ئێوە نازانم پیرۆت ئاسکە موبارەکی.. بۆ داگیرا؟ گەڕایەوە؟ چی بەسەر ھات؟ لەگەڵ خاوەر بە یەکتری شاد بوونەوە؟ یاخود لە ملەی بەرزەوە بەرەو خەرەند، ھەڵدێررا و کەوتە خوارەوە؟ منیش وەک ئێوە نازانم! ئەمجارەشیان تەنیا من بۆ ئەوە ھاتم لەبەر دەرگای ماڵی ئا ئەم شانۆیەدا.. ڕاوەستام و، ماڵ ئاواییتان لێ بکەم بەڵام بەر لەوەی بڕۆن و بەڕێتان کەم ماوەم بەنێ یەک یەک ناوی ڕاستەقینە و، ئەکتەرەکانی «ئاسک»تان پێشکەش بکەم… «یەکە یەکە دەست ئەکا بە پێشکەش کردنی ھەموو ئەکتەرەکان» بێ دەنگی - «باڕژنی ئاسکەکە ئەبیسرێتەوە، تاریکی» - کۆتایی - ++++++++++++++++++++++