شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ڕەنگاڵە / دەفتەری سۆز و سووتانی گیان سەرناو: دۆزەخ ئەو دۆزەخەی خۆشەویستیتبۆ ئەم دڵەی داخستووە تیایدا ئەژیم و گشت ساتێ سووتاندنم لە ئاوێنەی بڵێسەدا عەشقێکە: باڵی نوور ئەگرێ و خوا دێنێتە پێش چاوانی ژیانەوەی دوای مردنم! دۆزەخەکەت دەرگایەکی لەسەر ئەم ڕۆحە ڕەوەندەم کردۆتەوە بەهەشت لەوێوە دەستی سەوز درێژ ئەکا و ئەمفڕێنێ و ئەمباتە ناو هەڵهاتنی سۆزی تۆوە. «کە سۆزی تۆ ئەمگرێنێ هەر دوو گلێنەم هەتاویان تێ ئەکەوێ و توانەوەی من لەناو تۆدا ئەبێ بە گوڵ خەندەرانێ و پێ ئەکەنێ» ئاخ! لەبەر چی من بەبێ ئەو هەڵقرچان و سوتاندنەی لە یەک کاتدا ئەموەرێنێ و ئەمڕوێنێ! تاوێک چییە هەڵناکەم و قەت ناتوانم ئارام بکەم بە سەرینی ئا ئەم سەرە گێژەنەی خۆم؟ ! ئەی دۆزەخی خۆشەویستیم! واز لەم ئازارە مەهێنە ئەو وەرزەی تۆی تیا نەبینم خوایش نابینم! شیعری بێ خوا لەو چەمە مردوانە ئەچن کەئاو ڕوویان تێ ناکات و هەرگیز هەور بەسەریاندا ناگرمێنێ! ئەی دۆزەخی ژیانەوەم! واز لەم سەرەی من مەهێنە! هەڵیگرە و هەموو شەوێ فڕێی دەرە ناو خۆتەوە.. لەناو تۆدا پێغەمبەرە شاعیرەکان ئەڵقەی نەمریی بەدەوری فریشتە گیان سپیەکاندا ئەبەستن و فێرم ئەکەن چۆن لە کوانووی یەک وشەدا دەیان «مانا» داگیرسێنم! ڕامکێشە ناو لرفەی کڵپەی ئەوانەوە تابسوتێم ڕووناکترم هەتا ئازار تێم بئاڵێ عاشقێکی گەورەترم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سۆز - ١-دڵت هەرێمێکی ساردە و دوورگەیەکی تاریک و دوور بەم شەوە من: ڕێم کەوتۆتە ناو ئەم دارستانی بەفرە و بەرەو لای تۆ ئەم کوێستانی نامۆییەم گرتۆتە بەر. هەنگاو هەنگاو بەسەر لەشی ڕەش و سپی ڕمووزنی ئەم شەوەدا تێئەپەڕم. هیچ دیار نییە نەگڕی چاوانی ژوور و نە ترووسکەی چرای بەر ماڵ هیچ دیار نییە.. تەنها هەر خۆم پشکۆی سووری ناو ئەم بەفرو شەختەڵانەم بای هەڵکردووی گڤە تەزیو ئەمگەشێنێتەوە و.. ئەڕۆم. قیبلەنمام ئەو سۆزەیە کە لەکۆچی عەشقی تۆدا خوا پێی بەخشیم. «ئەی خوای ڕەوەندە نامۆکان ئەی کۆچەرە مەزنەکەی سەر قافڵەی خەمی یاران پەنجەی نوورت ئاماژە کە و بیخەرە سەر ناوچەوانی هەرێمی سارد. قژی ئەستێرە گرتووی خۆت بئاڵێنە لەم شەوەوە با هەڵگیرسێ دوورگەی تەریک و، چراخان ڕووناکی کا هەیوان و ژوور ماڵی تاریک». - ٢- بەدوای کۆچتا من شیعرێکی لانەوازی ڕەش و ڕووت بووم لەباوەشتا هەڵ ئەلەرزیم. ساوا بووم و دار بەدەستیش! بەدوای کۆچتا من شۆڕەبی غەمگینی سەر کەنارت بووم کە ئەگریام هاژەت لەگەڵما ئەگریا. ئەبووین بەیەک. هەموو گۆپکەکانم چاو بوون ئەوەی من دیم چاوی مەولانە دیوێتی و کەسی دی نا! گەڵاکانم هەمووی گوێ بوون ئەوەی بیستم هەر گوێی مەولانە بیستوێتی و کەسی دی نا! بەدوای کۆچتا هەر ئەستێرەی نیگا تەڕ بوو هۆن هۆن جریوەیان ئەڕشت! لەئاسماندا من جریوەی چاوم ئەسڕی و لەزەویشدا شوێن پێی هەتاوم هەڵئەگرت! ئەی کۆچەرە مەزنەکەی سەر قافڵەی خەمی یاران چاو هی خۆتە ناخ هی خۆتە لەناو تۆدا من ئیستاکە گوڵ خەندەرانی بەیانیم تۆ بڕوانە زەردەخەنەم بەڵام ئەگریم! - ٣- بە سۆزی تۆوە بانگ ئەدەم من تەنیام و کاروانیشم زیندانیم و ئازادیشم باڵدار نیم و لەناو هەورام تەنها ساتێ جێ نزرگەی خۆشەویستیی تۆم جێ نەهێشت کەچی دنیاش هەمووی گەڕام. - ٤- ئەی کۆچەرە مەزنەکەی سەرقافڵەی خەمی یاران تا ئەوینت ئابڵوقەی گیانی نەدابووم سەربەست نەبووم! تا لە چاوتا نوقم نەبووم باران لە دڵما دای نەکرد. تا نەچوومە مەشخەڵانی ناو ڕۆحتەوە نەبوومە تیشک تا بۆی هەناسەتم نەکرد نەبوومە با و هەڵم نەکرد! کە لێوم نا بە سەرچاوەی بنارتەوە بوومە شەپۆلی نەسرەوتی بن بێ قەرار. کە چریکەت ڕای چەنانم بوومەلەرزەم خستە پێش خۆم. لەو دەمەوە حاڵ گرتوومی و وەک ئاگری بەر زریانێ لە لووتکەتا پەل و پۆی کڵپە ئەهاوم بۆ دێ بەدێ بۆ شار بە شار. لەو دەمەوە من تەوێڵی ئەم گەردوونە ئەخوێنمەوە. لەو دەمەوە من بوومەتە شاری گەورەی عیشق و ئازار. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەقنەس دیدەنیم کەوام لەبەر ژووری دوا شیعرا ڕاوەستاوم. چڕە دووکەڵی پێچ خواردووی وەرزە نامۆی ئەم خەڵوەتەم پەپکە مارن لەژیلەمۆی ناو قەفەزی سنگما نەبێت ئۆقرە ناگرن! دیدەنیم کە! وەرەو سەرێ بکێشە ئەو تەمەی بێزار بوونم لەتەونی ئەم دووریەدا هەڵی ئەپێچێتە گیانم لوول، لوولم ئەدا و ئەمدا بەدەم ڕوبارێکی سەرکێشەوە «ڕووبارەکە جڵەوی خۆی بەدەس زەمانەوە پچڕان ئەو هەر ئەوەندە ئەزانێ کە ئیستەکە بخنکێنێ و دەربەس نییە» دیدەنیم کە شانی ڕازم داداوەتە سەر لێواری تاکە پەنجەرەی نیگای تۆ من لەوێوە بازی تەماشام ئەنێرمە سەر سەرەڕێی چاوەڕوانیت بەم ڕۆژگارە من ژانێکی کێویلەم و بەکەژی چاوەڕوانیتا ئەچمە سەرێ و دێمە خوارێ دێمە خوارێ و ئەچمە سەرێ بەم شەوگارە کەشتییەکم وەڕس بوونم ئەمپچڕێنێ و شەپۆلی وێڵ ئەمدا بەنووکی تەڵزمە تیژەکانی ڕۆخی ئازاری دنیادا. چاوەڕوانتم «باز ئەڕوات و کەدێتەوە چاوەکانی لم خواردونی تۆ ئەزانی لمی تینوو هەتا ئیستە چەند ئاسۆگەی خنکاندووە؟ ! چەند هەناسەی دڵدارانی وەک «مەولانە» ی کردووە بەژێر گردۆڵکەکانی خۆیەوە؟» مەولانە نیم بپرسە مەولانە دێت و ئەو شارەزای کون و قوژبنی ئازارو وڵاتانی خۆڵەمێش و هەڵوەرینە. باسنگی خۆیت نیشاندات جا ببینە: چ کیشوەرێ جێگەی لەناویا بۆتەوە! - چاوت ئەپەڕێتە پشتی سەرت - ئەو، لەگەشتیبێدەنگیی ناو هەڵقرچانیا خوا هاوڕێی ڕێ و بانی بوو ئەو، بازێ بوو دوو پرشنگی لەچاوی خوا کردبۆوەو پێ یان ئەفڕی. قەقنەسێ بوو بەرز ئەبۆوە و.. بەرز ئەبۆوەو هەتا لەشی لەئاتەشگەی دەروونی یەزدان بەر ئەدا. لەو سەرەوە لەگەڵ بەفری ڕۆحی ئەودا کلووی فریشتەی سپی بوو ئەهاتەوە بۆ سەر زەمین. ئەی من چیبکەم؟ ! مەولانە نیم فریشتە نیم و قەقنەس نیم. باڵەکانی من بەگڕی دۆزەخی لەشم ئەسووتێن. - گیانم ئەوێ- تەنیا دڵۆپی ئارامی مەولانە بکەیتە گەرووم بەسە بۆ ئەوەی کە بچمە کۆڵی غەریب و بەسە بۆ ئەوەی جڵەوی زریان کەم و کێشی کەم هەتا بەردەمت! مەولانە نیم و چاو لەخوا نەتروکێنم تا ئەسووتێم مەولانە نیم و بەکوێریی بچم دەسی چاو ساغەکان بگرم بیانبەمە بەر بارەگای نهێنییەکانی مردن و هەرگیز سڵیش نەکەمەوە ئەو بە بیابانی ئەوت: - وا ئەزانی تینووم ئەکەیت؟ ئەی نازانی من دەم ئەنێم بە پلووسکی نوورێکەوە، لەسەرچاوەی دڵی خواوە هەڵ ئەقوڵێ؟ وا ئەزانی کڵاوڕۆژنەی خەڵوەتەکەی هیندستانم لێ ئەگریت و نازانی من لەهەر کوێ بم، ڕۆژ لەوێیە! گوڵەبەڕۆژەیە عەشقم لەگەڵ چاوی پاکی یاردا پشکۆیە ئەسوڕێتەوە پێت ناگیرێ! دیدەنیم کە پزیزکێکی ئەو پشکۆیەم بۆ بهێنە. ئەی مەولانە! تۆ ئەوەندە لەبنی کانیی دڵی خوا ورد بوویتەوە هەتا چاوت لە کالانەی هاتنە دەرێ و بوون بە ماسیی تۆ ئەوەندە گوێت بۆ بانگی دەغڵی برسی و سۆزی هەژارانی ڕەوەند ڕاگرت، تا بیستنت بوون بەبینین! - کوا مەولانە؟ ! گۆمی لیخن دوورگەیەکی خۆی نوقم کرد کە ڕوون بۆوە لە داخاندا لێوی ڕۆخی خۆی بۆ کرۆشت. ئیستەش کە ئاو هاژە ئەکات گوێی لێ بگرە ئەوە گریانە بۆ دوورگەیەو باسی ئەکات! دیدەنیم کە! ئەم هاوارە بێدەنگەی من، چۆن ئەبیسی؟ ! کە وەڕس بوون ئەئاڵێتە دیدەکانم لێڵیان ئەکات! ئیتر سەرنج ماسییەکانی بنی ڕۆحی تۆ نابینێ خوام لێ دوور ئەکەوێتەوە! - بۆ ئەوەی لە خوا نزیک بیتەوە لە دووریتا سەودا سەری سووتانی بەر چراکەی بە.. بۆیە سامناکیی دارستان لەچڕیدا خۆی مات داوە. هەتا هەتاو بە برینداریی بیگاتێ. بۆیە بیابانیش ئاوی ئاوارە کردووە هەتا تینوو بە خنکاویی خۆی بیگاتێ.. دیدەنیم کە چاوەڕوانتم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کڵپە بۆ ئەوەی تاقە گەڵایەک بخوێنمەوەدارستانێک ئەنووسمەوە! خۆت ئەزانی نە ئەچوویتە ناو ئەستێرکی چاوی تاقە شیعرێکمەوە گەر گەرداوم نەناسیایە و، زێ و ڕوبارم بەسەر کێوی، خەمە سەخت و خزەکانما سەر نەخستایە سەر ملەی ڕووت و تینوو. چ سۆزێکە ئاڵاوەتە ئەم سەرە دەروێشەی من و «حاڵ»ە کانی وەکوو ناوم دوای مردنیش لێم نابنەوە. ئەم لرفەلرفی سووتانە حەیرانێکە کڵپە ئەکاو بانیژەی عەشقت جێیەتی کڵپەی هاوار چنگ لەچنگی ئەم زامانەم ناکاتەوە هەتا هەڵیان نەگیرسێنێ! تۆ بینیوتە چۆن سەری شەو لەناو کۆشی تاریکیدا وەک پشکۆ گەش ئەبێتەوە؟ ! من بینیومە، بەڵام بۆ دەمم گۆ ناکا بیگێڕمەوە؟ ! *** بۆیە توانیم ڕێگە دەرکەمئەو بەیانییەی چاوی تۆم ئەخوێندەوە من لەشەوی ڕابوردودا مراویەکانی –نهێنی- م لەبنی قووڵ وشەیەک دەرهێنا بوو هەستت نەکرد؟ ! کەبیناییم خوێندیتەوە چاوت تەڕ بوو! هەستت نەکرد کە لەناو گلێنەتەوە پۆلە وشە دێنە دەرێ و لەسەر کاغەزی بەردەمم ئەنیشنەوەو ئەبنە شیعرو کڵپە ئەکەن؟ ! بۆیە توانیم قسە لەگەڵ باوبۆراندا بکەم چونکە هەورە بروسکەم پێچابوو لەسەرمەوەو ناڵە و گرمەم خستبووە ناو هەناومەوە. ئەی نەهاتی و خۆت لەگۆمەکەی ناو سنگم هەڵنەکێشا؟ ئەی کەهاتیتە دەرەوە لەشت گوڵە ئەرخەوانی نەگرتبوو؟ *** بۆ ئەوەی گوڵ ئەرخەوانێ بخوێنمەوەڕەگەکانی ئەنووسمەوە. ئای چیم لێ دێ هەتا ئەگەمە لای ڕەگێ و نهێنی تاقە یەک گەڵای ناو سەریم بۆ ئەدرکێنێ ئای چیم لێ دێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گێژەنگ - سووتان کە دێیت گەرداو لەگەڵ خۆتدا ئەهێنیت ومنیش کەنارێکم کە شەو لەناو تەنیاییما ئەزێ - چۆن بتوانم شەپۆلەکان ئاگادار کەم؟ ! - داو- ئاسمانت لێ نەدزێ چیم لەدەست دێ؟ ! ئەم پەنجانە لەژیلەمۆی سەردەمێکدا کەوتوونە ڕێ ئازار ئەدەن بەکۆڵی وشەی سوتاواو وشەش وەکوو هەژارەکان نان و ئاویان لەمن ئەوێ. چۆن بتوانم بگەمە جێ! هەموو ڕێیەک ئەچێتەوە سەر «بانە» یەک پاسەوانی چاڵ بۆ ڕوناکی قوربانییە کۆچەرەکان هەڵ ئەکەنێ.. دامەچڵەکێ! کەدێیت نیگات پەڵە هەورێکە لەپاشکۆی ئەسپی شیعرێکی کوژراواو لەبەر دەمی تەرمی نیرۆدای سەدەدا دائەبەزێ دامەچڵەکێ! ئەی نازانی کێ ئەستێرە لەچیاکانت ئەدزێ؟ ! ئەی نازانی کێیە لەسەرمای ناو چاوی منداڵانتا هەڵ ئەلەرزێ؟ ! ئاخ بۆ دەسێ وێنەت لەسەر لیرەی سوڵتان نە نەخشێنێ! ئاخ بۆ ناخێ ئاوی شەرمی خۆشەویستیت لەتاجی شا نەپرژێنێ. ئاخ بۆ چاوم کەئەتبینێت و ناتبینێ ئاخ بۆ چاوم کە ئاخ بۆ.. ئاخ! *** گەر خۆشەویستیت ئەیەوێلەگەڵ ئاودا بەیەکترمان بناسێنێ لەکەناردا لێت ون ئەبم.. پێی بڵێ با بمخاتە ناو گێژەنگەوە سوڕانەوە لەگێژەنگدا ناموەستێنێ! گەر خۆشەویستیت ئەیەوێ بە مردنم بناسێنێ لەپێخەفدا لێت ون ئەبم پێی بڵێ با لە هەستاندا بمسوتێنێ ئەی نازانی سووتان هەستان ئەوروژێنێ؟ ! ئەی نازانی؟ ! ئەی! ++++++++++++++++++++++