شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ڕەنگاڵە / دەفتەری گۆرانییە غەمگینەکان سەرناو: فورات و چەند گۆرانییەکی غەمگین ١- ماسیگرە تەنیاکە لە ئاوی بەر زەردەپەڕدا بەلەمەکەی لە دوورەوە سینییەکی درێژکۆلەی لووت تیژی لێوار زێڕینە. لەناکاودا وەک بخلیسکێ وەک قووت بچێ لە لێژایی شەپۆلێکدا دائەچێت و لەپڕیشدا وەک هەڵیدەن سەر فورات ئەکەوێتەوە. ئەی ماسیگرە تەنیاکە! تۆ لەنێوان شەپۆلی تووڕە و هێمندا خەمێکی تەمەن درێژی منیش لێرە لە کەناردا دار خورمایەکی تەریکی کورتە باڵام. تۆزێکی تر کە تاریکی چڕتر بۆوە درەنگانێ کە تۆ نووستی ئەوسا خەمی تۆیش و فورات بەجووت ئەفڕن و دێن بۆ لام.    ٢- مامزی ماندوو پەنجەکانی «با»، بزێون قژی بۆ دواوە ئەفڕێنن پەنجەکانی «با»، نماوین ئاونگ لە چاوی ئەزێنن. لە فوراتەوە دێتەوە چاوم لێیە : بە پەڵە پەڵەی هەتاوی دارستانی دارخورمادا بە لارە لار، تێئەپەڕێ نیوەی لەشی لە سێبەردا و نیوەکەی تر تیشکی لەسەر هەڵئەپەڕێ. بەڕێوەیە، لارە.. لارە لە مامزی ماندوو ئەچێ هەر دوو دەستی سەتڵ گرتووی شل ئەبێت و بۆ چەند ساتێ وچان ئەگرێ. ئێستەکە ڕێک بەرامبەرم ڕاوەستاوە ئەڵێی گوڵە هێرۆی سووری دڵۆپ لە ڕوو هەڵپرژاوە. ئەی ژنە دڵ غەمگینەکەم! ئەوینی تۆ و ئاوی فورات نەبوونایە هەرگیز.. هەرگیز من ئەم شیعرەم بۆ نەئەهات.    ٣- هاوڕێی بچووک «حسون» منداڵێکە لاواز باریک، سەر خڕ وەک مارماسیی فورات وایە ڕەنگی وەک خورمای خەستەوی چاوی وەکوو ترێ ڕەشکە! «حسون» ئەی هاوڕێی بچووک! ڕووی خۆڵاویی خۆتم تێکە تەماشام کە تۆ لە چاوتا خەمی ئێجگار گەورە گەورەی تیایە!    ٤- شەوی حکایەت وەک ئافرەتێکی زراو چوو «با » ڕا ئەکا و ئەزریکێنێ قژی درەخت ئاڵۆزکاوە. شەپۆل چاوی ئەنوقێنێ. لە ئاسمانی خۆڵەمێشیی سەر فوراتا وەکوو لۆکە شی ئەبنەوە پەڵە هەور و وەکوو پەڕی کۆتری سپی باڵکراوی فڕکە کردوو بڵاو.. بڵاو دێنە بەر چاو ئێستە دڵم وەک هەنارێکی گوشراوە. ئەمشەو لەبەر تەنیا زۆپای ژوورەکەمدا، بەرامبەر دایکە پیرەکەم دائەنیشم، چاو ئەبڕمە چاوی کزی. ئەمشەو شەوی حکایەتە «لاس وخەزاڵ » میوانمانن گوێم بۆ دایکم ڕاگرتووە: کە«لاس » ئەدوێ کە «لاس » ئەڕوا دۆڵ بە دۆڵ و ڕەوەز.. ڕەوەز من لەگەڵیام. وەختێ وەنەوز لەناو چاوما ئەکەوێتە باڵەفڕێ هێشتا فورات ئەناڵێنێ و لەو لایشەوە «لاس » هەر ئەڕوا و ڕێگە ئەبڕێ.    ٥- دراوسێ «أم سعد » دراوسێمانە وەک دووکەڵکێش تەمەنی ئەو ڕەش داگەڕاو دەم و چاوی نانی سووتاو. باڵای لە لقە دار خورمای وشکەوە بووی پەنا تەندوورەکەی ئەچێ. ناسۆرێکە و ئازا ئەژی هەر یەک شتن دەست و پل و کۆڵەوژی. وەکوو ڕۆژگاری بیابان ئەمیش لەبەر کڵپە و گڕا سیمای داخە. وەکوو شەوگاری بیابان ئەمیش قسەی خۆش و فێنک وەکوو سروەی ڕەز و باخە. وەک ناعورەکەی ئەوبەرمان چۆن خول ئەخوا و قەت ناسرەوێ ئەم «أم سعد » ە یش ئازارێکە بەپێوەیە و کەس نازانێ چ وەخت ئەنوێ!     ٦- لە کەناردا لەناو پەنجەرەی هەورەوە مانگ وا سەری دەرهێناوە هێدی.. هێدی زیو پرژێنی فورات ئەکا تاڵە تیشکی هەڵلەرزیوی بنی ڕووبار وەک گەردانەن وەک پڵپڵەن گوڵ و گوارەن. وەک ژنەکەم، شەوێکە: مات. کز دانیشتووین لەسەر لمی هێشتا گەرمی گوێ کەناریش کچە گەورە چاو ڕەشەکەم دوانزە ساڵان تریفە ئەیدا لە قژی کڵاو زەڕی ئەکاتە سەر. بەچیچکانەوە خەریکە یەکە.. یەکە هێلکەی تەڕی شەیتانۆکە ئەچنێتەوە ئەوەتا وا کچە گەورە چاوڕەشەکەم لەبەر خۆوە وەکو چەپکە گوڵێ ژاکاو گۆرانییەک ئەدا بەدەم فوراتەوە: «هۆ کوردستان! .. هۆ ژیانم!» من و دایکی لە یەک کاتا بەیەکەوە سەر هەڵئەبڕین بەبێ ئەوەی پێ بزانین بێ دەنگ.. ئەگرین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پۆلە ئاوازێکی کۆچ کردوو سەبارەت: ئەم شیعرە لە چلەی چوار هونەرمەندە بچکۆلە گەورەکانی کوردستاندا و لە هۆڵی نەقابەی کرێکارانی سلێمانی لەلایەن شاعیرەوە خوێنرایەوە کە من هاتمئێوە کەستان لێرە نەبوون کەمانچەیەک ناسیمێوە زانیی ماتم هێواش هێواش لە جێگەی خۆیەوە هەستا هات لە تەنیشتی ڕاستمەوە هەڵترووشکا بێخشپە، سووک دەستی بە گیرفانی دیوانێکما گێڕا چوار سوێسکە شیعری غەمگینی لێ دەرهێنا. *** کە من هاتمئێوە کەستان لێرە نەبوون «ئۆکۆردوێن »ێ بەدیی کردم ناسیمێوە، زانیی منم ئەو ئاوازەی بۆ یەکەم جار فێرم کرد چۆن دەستی قاسپە و شەماڵ بگرێ و بچێت بۆ لای نێرگزە جار. هات لەلای چەپمەوە دانیشت دەستی بەگیرفانی «لاوک»ێکما گێڕا چوار نۆتەی قژ ڕەش و زەردی چاوگەش چاوگەشی دەرهێنا *** کە من هاتمئێوە کەستان لێرە نەبوون شمشاڵێکی لەڕ و لاواز هێدی.. هێدی بەدەم ڕێوە فووی بە زامەکانیا ئەکرد جارێک سەری بۆ ئەستێرە کشاوەکانی هەڵئەبڕی و جارێکی تر کڕنووشی بۆ خوڕە و هاژەی ڕووبار ئەبرد. گەیشتە لام، سووڕایەوە لەپشت سەرمەوە ڕاوەستا پەڕە پەڕە «حەیران » ێکی کۆچەریمی هەڵدایەوە.. بە ژێر ڕەشماڵی ئاخێکما چاوی گێڕا دەستی برد و چوار گمەی کۆترە باریکەی هەناوی «دەروێش عەبدوڵلا» ی لێ دەرهێنا! *** کە من هاتمئێوە کەستان لێرە نەبوون تەماشام کرد لەو بەرەوە -باڵەبانێ- لە جۆلانەی خاوکەرێکدا ئازاری کلووە بەفرەکان ڕایئەژەنێ! ئەویش هات و لەبەر دەمما تروشکەی کرد دەستی بە ناو سنگما گێڕا چوار هەناسەی سارد و بەسوێی گۆرانییەکانی «ماملێ»ی لێ دەرهێنا هەستان بڕۆن! چوار برژانگی تەڕم وتیان ئەو شیعر و نۆتە و ئاخانە بۆ کوێ ئەبەن؟ ! لەگەڵ کڕووزەی پەلکەگیا و وردەماسی و کارژۆلەدا هەر چواریان پێکەوە وتیان: ئەی شاعیرە خەمبارەکە! کە ئازیزان گرد بوونەوە و هەموو هاتن کە خەم لەسەر کورسی دانیشت کە بێدەنگیی سەر ڕوخساری ورد و درشت وەک سێبەری درەختێکی حەپەساوی دوای لق بڕینەوەی لێ هات! ئەوساکە تۆ لە زمانی گۆپکە و تەلی دڵمانەوە پێیان بڵێ : بۆ لەمەو دوا و هەتا نووزەمان لێوە بێ دەنگ و ڕەنگ و سیما و پەنجەی «کارزان، ڕێبوار، ئازاد، فەرمان» لەگەڵ لێدانی ئێمەدا هەموو جارێ ئەبن بە پۆلە ئاوازی سور و سپی و لەدەرونی ئەم شارەوە  دێنە دەرێ باڵ ئەگرن و بەرەو لووتکەی کێوەکانی گشت کوردستان ئەکەونە ڕێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەپگەرد سەبارەت: لە کۆستی جوانەمەرگ بوونی کەژاڵی کچی هاوڕێی شاعیرم حەسیب قەرەداغیدا وتراوە. ئەو ڕۆژەی تۆدڵت وەکوو کانیی گوندێکی چۆڵکراو.. یان پەل و پۆی درەختێکی بە پێوە گڕ تێبەردراو یان چۆلەکە باوکەیەکی، زەڕنەقووتە لە هێلانەدا سەر بڕاو.. یان وەک چاوانی باخانی «باوەمردە» و قلیاسانی ئەو ساتانەی لەسەرە ڕێدا بۆ نالی و کۆچی نالی وەک ژنانی سلێمانی وەکوو ئەرخەوانی سەیوان هەموو گەڵای قژیان ڕنی و وەک تانجەرۆ بەکوڵ گریان. ئەو ڕۆژە تۆ دڵت وابوو ئەو ڕۆژە تۆ باوکی هەموو خەمی شار بووی. هۆرەی گریانی قەرەداخ لانکەی ژانی قەت نەسرەوتی داروبەردی سەرچنار بووی. ئەی هاوڕێی فەرهەنگی خەم! لەناو پەرژینی تەمەوە تارماییم و چاوم لێ یە.. چ ڕۆژێکی وەیشوومەیە چەپگەردی کۆست ئائەمەیە! ئەی شاعیری گەورە کچی شیعری قژ زەرد جوانەمەرگ بوو! گەردەلوولی «وەی» ئەمەیە. ئەی هاوڕێی ئەژنۆ شکاو! شارۆچکەکەت زۆر بچووکە کەچی کراسی خوێناوی «کەژاڵ» ی تۆ لەم ساتەدا! بە بەری دنیاش گەورەیە! . ئەی شاعیری فەرهەنگی خەم! ئەو ڕۆژە تۆ دڵت وابوو هەر هەمان ڕۆژ منیش وێڵی دوای شیعرێ بووم بەژنی وەکوو بەژنی خەمت کەڵەگەت بێ وەکوو ژاڵەی بەر پەنجەرەی ژوری داخراوی کەژاڵ هەموو شەوێ چاوی گوڵیان بە فرمێسکی درشت مەست ئەبێ. شیعرێ.. شیعرێ وەک چاوەڕوانی ئاوێنە و شانەی قژی و جانتای دەستی وەک چاوەڕوانیی لاپەڕەی هێشتا سپی ناو دەفتەری. وەک تاسەی چاکەتی شینی. وەک تەنوورەی خۆڵەمێشیی بەرگی سێ ساڵی خوێندنی. شیعرێ.. شیعرێ وەک تاسەی قەڵەم بۆ پەنجەی وەک گوڵەباخ بۆ ئەگریجەی. وەک چرپاکەی بۆ خەوتنی وەک شەوقی هەیوان و ناو هۆڵ چاوەڕوانیی جادەی بەر ماڵ زەنگی دەرگا.. بۆ هاتنەوەی، دابەزین و گەیشتنی. شیعرێ، زریکەی تاڵە مووی قژ ڕاکێشان! ڕەنگی شین و ڕەنگی مۆری جێگە داری شان و قۆڵ و ڕانی تیابێ. ڕەنگی پەڕیوی وەک لیمۆی سیس و گوشراو. زەردەخەنەی کارتی دەرچوون. دوا پرتەی مۆمێ کوژاوە. دوا هەناسەی ئاسکێ سپی. شیعرێ ورشەو پرشەی سوورمەی سەر تەرمەکەی ئەوی تیابێ. بەڵام ببوورە هاوڕێم هاوڕێی سەیوان! ئەی هاوڕێ ی قۆڵ بە قۆڵی کۆستا کردوو! ئەی هاوڕێی لەسێ ڕۆژا ڕیش و سمێڵ کاکۆڵی قژ گوڵی سپی گریاو.. گرتوو. ئەی پەیژەی خەمی بانیژەی پلە شکاوی حوزەیران! ئەی ڕەشە ڕێحانەی وشەی سەرمەزاری گشت «کەژاڵ» و گشت دڵدارێکی کوردستان. ببوورە لێم بۆ ئەو شیعرە ئێجگار گەڕام بۆ هەر شوێنێ کەژاڵ چوو بوو هەر جێیە بۆنی گوڵە زەرد ئەو قژەی ئەوی گرتبوو. منیش بۆی چووم بۆ ئەو شیعرە گەلێ گەڕام: لەپاسی هەژدە نەفەری ڕێی هەولێردا سەر کورسییەکان ژێر کورسییەکان ورد ورد گەڕام. کۆگاکانی دەوری «قەڵا» ناو جامخانە، سەر ڕەفەکان ناو مشتی قوتوی ملوانکە ژێر نقێمی موستیلەکان هەمووی گەڕام بەرباخەڵ و کلۆری گیرفانی هەموو درەختێکی شەقامی خڕی «شەست مەتری» پۆل بە پۆل و هۆڵ بە هۆڵی زانکۆی زیزی هەمووی گەڕام کووچە بەکوچەی چیرۆک و باخ بە باخی ناو هۆنراوەی. کتێبخانەکەی حەیدەری هەمووی گەڕام.. لێرەش گەڕام ژێر چەتری پاسی سەرچنار - سلێمانی بست بە بستی کەناری ئاو ژێر پردەکەی، مۆڵگەی ماسی. دوور و نزیک ماڵ بە ماڵی دەستە خوشکی هەمووی گەڕام ناو ئۆرزدی، سەر شانۆکان شەقامەکان، کاوە، مەولەوی، تووی مەلیک پیادەڕەوی تەنگ و نزمی دڵ نسرمی ناو قەیسەری هەمووی گەڕام. بەڵام ببورە هاوڕێم هاوڕێی سەیوان! ئەی قەڵەمەکەی گوڵ بەدەم! . ئەی هەڵبەستە پشتێن ڕەشە ڕیش هاتووەکەی وڵاتی خەم! . ببوورە لێم هەرچەند گەڕام من ئەو شیعرەم نەدۆزێوە باڵای خەمی بەقەد باڵای ئەم کۆستەی تۆ کەڵەگەت بێ وەک «کەژاڵ»ی گڵ بردوشمان پەری یەکی شۆخ و شەنگ بێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆست و چرا ئەی گۆڕ هەڵکەن! ئێستەیش هەرئازاری ئەدەی؟ کە دوا تەلەبەردی دانا و یەکەم خاکەنازە گڵی هەڵدایە سەر چاوەکانی گوڵەگەنم فرمێسکی سپی هەڵڕشت و ئەو چنارەی دڵمان لەسەر هەڵکەنیبوو  پڕ بە دەمی هەزارەها گەڵای وەریو زریکانی. کە ناشتیانی لەژوور سەرت ڕاوەستابووم «با» لە لانکەی تەمێکی ئەرخەوانیدا بە هەر دوو دەست تەرمەکەتی ڕائەژەنی! ستوونێک بووم لەو دارستانی ئەوینەی دەوریان دابووی - با چراکە هەر داگیرسێ و نیشانە بێ بۆ گۆڕەکەی. باچراکە هەر داگیرسێ و فووی لێ نەکەین. ئەم چرایە لە دوورەوە ئەستێرەی هیوا پرژێنە و ئەمانبینێ. باچراکە هەر داگیرسێ و نیشانە بێ بۆ گۆڕەکەی! - باخەکەمان ناناسمەوە گوڵە هێرۆی ڕەش هەڵگەڕاو ملی کەچی خستۆتە سەر شانی دایکێ ئەگریجەکانی ئاڵاون لە تووتڕکێ و بەری نادەن. ئەگریجەکانی ئاڵاون لە چەند کێلێکی ناو دڵی و سەما ئەکات! - شانۆی خەڵووز چۆن بەژنی هەتاو ڕەش ئەکات؟ ! - تەنیا باڵندەیەک مابێت هەر قاژووە چاوتان لێیە ئەوەتا وا باڵەکانی لەو پەڵە هەورانە ئەسوێ هێشتا سپین! ئەوەتا وا دەنووک لەو پەنجانە ئەگرێ کە تا ئێستە نەبوونەتە کۆڵەوژی پیرێژنە دۆزەخێکە! - شانۆی خەڵووز چۆن بەژنی هەتاو ڕەش ئەکات؟ ! گەرووی دەربەند تا تەنگتر بێت «با» لە ناویا تیژتر ئەڕوات و هەڵئەکات! کە ناشتیانی لەژوور سەرتا ڕۆژمێری زەردەپەڕم ئەخوێندەوە چۆن لێم ون بووی؟ ! ئەوسا هاتی و دەستی پرسیارەکەت گرتم بە ڕێوبانی تەمی ئاڵدا ئەتبردمەوە دەنگی خۆمت ئەدایەوە بە گوێی خۆمدا ئەتبردمەوە! «ناتوانم لێت جیا ببمەوە، ئەمە عەشقە و سەر بە گیانی سووتاوی شیعرم هەڵئەگرێ. لەناو ئەودا ئەتوێمەوە لە توانەوەمدا پێت ئەگەم! ئەبارێم و پەڵە لەناو ڕۆحتا ئەدەم. ئەمە عەشقە و من ماچی خوا بەلێوی مەرگی خۆم ئەکەم ناتوانم لێت جیا بمەوە  » هەردەکانم خستە بن هەنگڵی ژانم، سەرکەوتم و درەختەکان، لەبەر دەمما گڕی عەشقیان لە خۆیان و چەم بەر ئەدا. «ئاو» بوو بە نوور و بەدیدەی «مەولەوی» یەکانما هەڵپژا. بانگی پۆلە ئەستێرەی کاروانی دوورم ئەکرد. ئەهاتن و یەک یەک ماچی، ئەو ڕووبارەیان ئەکردم، کە لە تەختی ناوچەوانما ڕێگەی گەرمێن و کوێستانی ئەگرتە بەر. ناتوانم لێت جیابمەوە داگیرساوم «داگیرسان»م بەستۆتە پشت بەهەر کوێ یەکدا ڕەت ئەبم ڕووناکی – دا ئەمەزرێنم –! - کە ڕووناکی و ڕەنگی زەردی هەژارەکان تێکەڵ ئەبن دوو ئاوانێ دروست ئەبێ نائومێدی تیا ئەخنکێ. - من بە سەردانێک نەهاتووم هەر گوڵاڵەت لە پەرچەمی کچی تابلۆکانم بدەم. هەر سەوزە گیاتم خۆش بوێ و بۆن بەهەناسەی مێخەکی کەنار گەردنتەوە بکەم! «سەرەتا بوو خۆم هەڵکێشا لە دوو ئاوانی عەشقی تۆ کە هاتمە دەر لەشم هێشووی سوورە گزنگی گرتبوو لە بەستێنی گۆمەکانتا شەپۆلم پێچایە سەر و بیرم لە کام شوێنتا قووڵ بوو شۆڕ ئەبۆوە و باوەشی ئەکرد بەترسی تووش هاتووتا » - ئەی گۆڕ هەڵکەن! ئێستەش هەر ئازاری ئەدەی؟ ! کە ناشتیانی   لەژوور سەرت ڕاوەستابووم باڵندەکانیش هێلانەی چەند ساڵەیان تێک دایەوە و لە چاو ون بوون، - من ئەمبینین گریان باڵی فڕینیان بوو - ئێمە کۆست ناوکی ژیانی بۆ بڕیوین نەZWو، لەشم، گیانم، هێشووی سوورە گزنگی گرتووە و چاو لە قاژوو زۆر زۆر بەرزتر ئەفڕێ و دیارە. شانۆی خەڵووز چۆن بەژنی هەتاو ڕەش ئەکات! گەرووی دەربەند تا تەنگتر بێت «با» لە ناویا تیژتر ئەڕوات و هەڵئەکات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاودەم ئێوارەت باش! ئەی فوراتیلە شاخەوە بەڕێ کەوتووی هەناسە سوار. ئەی دایکی ئەگریجە تەڕی. کۆڵوانە! تەم. ئەی پشتی دەست دەماراویی شین و دیاری هەردوو کەنار. ئەی هاوڕێی شڵەژاوی خوار و خێچ ڕۆی دەمێ تیژو دەمێ هێواش ئێوارەت باش! *** تۆ نەبی چۆن.. من ئەم ژەنگی بێزارییەکە سەعاتی ژینی گرتووم لێم بێتەوە؟ ! هەر تۆی تەنیا لەم مەڵبەندە تەریکەدا بێمە لات و گوێم لێ بگری و لە باوەشتا لەناو جۆلانەی شەپۆلی بێ سرەوتتا وەک کوڕی خۆت دەس بە قژی بژما بێنی و شپرزەییم ڕا بژەنی. منیش لە سەر خۆ و بە چرپە ئاخ و داخی شیعری خۆمت بۆ هەڵڕێژم لە قوڵایی و نسێی سنگتا گڕەی هەناسەم بنێژم. تۆ نەبی چۆن من ئەم ژەنگی بێزارییە کە سەعاتی ژینی گرتووم لێم بێتەوە؟ ! هەر تۆی تەنیا لەم بەستێنە خامۆشەدا ئەی هاودەمە شیرینەکەم! من دڵم پێت بکرێتەوە. *** لەبەر دەممای چاوم لێتەوەک لەسەر لا ڕاکشابی دەستێکت وا لەژێر سەرتا و ئانیشکت خستۆتە سەر لم. شەپۆلی نیگات پرشە پرش تیشکێکی زەرد ئەدەن لە من. منیش لەسێبەری کڕی دار هەنجیری گەڵا پانا کە هەتاوی تین تیا نەماو بە پێ دزکێ بە باڵایدا هەڵ ئەزنێ ئینجا وەک سەرەتاتکێ لەناو پەنجەرەی چڵانا ناوبەناوێ دەرئەکەوێ و دەرناکەوێ من لەوێدا بە چوارمشقی دانیشتووم و خەیاڵیشم وردە وردە وەک خۆری ئیستەی باکوورت پشکۆ ئاسا لەناو تۆدا نقوم ئەبێ. *** دوور لە یاراندوور لە وڵاتی گوڵ عومەر ڕۆژانی ڕەنگ خۆڵەمێشیم تێ ئەپەڕن پەرت پەرت وەکوو دووکەڵی سەر ماڵانی دێی لای ئێواران. پەستیی وەکوو قەوزەیەکی مەڵاسی لینج گیانی گرتووم. ئازارێکی گرنج.. گرنج وەک گرنجیی بەژنی ڕەقەڵەی دار خورما دڵنیاییم ئەڕوشێنێ و چرۆی هەستم زامدار ئەکا! گەلێ خەونم وەکوو ماسیی لە ئاو کراو هێشتا چاویان زەقەیان دێ و بەڵام خنکاو! ئەم ڕۆژانە وەکوو ژاڵە لەناو زاری عومری مندا تامیان تاڵە. بەڵام ئەی ئازیزانی دوور! ئەی هاوەڵە شیرینەکان لە هەر کوێ هەن یادتان وەکوو سێبەرەکەم لەگەڵمایە.. نامەو وێنەی ڕەنگاوڕەنگتان لەناو گیرفانی دڵمایە. خۆشەویستی و تاسەی دیداری ون بووتان دیوانی شیعری تازەمە و لەناو دەفتەری ناخمایە. *** شەو باش! شەو باش! تۆ شەو کوێر نیت ئەی دایکی نامۆیی و سەفەر. ئەی هاوڕێ ئەی فوراتی بەناو تاریکیا ڕاکەر. گەرچی ئیستاکە تەماشام وەکوو مەلێکی باڵ شکاو ناگاتە لات تا مل هەڵسوێ لەژێر چەنە و ماچت بکات. بەڵام هاژەت وەکوو دەنگی مێژووی بەسام وەکو دەنگدانەوەی دەربەندی کپی لەبەر شەوقی مانگەشەودا سەرسام زوڵاڵ.. زوڵاڵ ئەگاتە لام ئەی هاوڕێی قەت نەنووستوو! من خەوم دێ و ئەچمەوە لای ماڵی چۆڵ و ژووری تەنیای هەناسە سارد تا سبەینێ لەم ئاستەدا بە یەکتری ئەگەینەوە ئەی هاودەمی تاق و تەنیای غەریبیی من شەوێکی شاد! ++++++++++++++++++++++