شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ڕەنگاڵە / دەفتەری گەشت و خۆشەویستی سەرناو: برووسکەیەک بۆ ئیسپانیا –مەدرید–شەقامی بیکاسۆ گارسیا لۆرکا نیشتمانم کە شیعرەکانتی خستە ناو کازیوەی چاو* دڵی ئیسپانیائیسپانیای بینی وەک یاقووتێکی بەر هەتاو *  لەپەنجەتا ئەجریوێنێ * لەجریوەش چەپکە بزە ئەچنێت و بەسەر لێوی منداڵانی ناو دنیادا ئەیبارێنی* هاوڕێم لۆرکا ! کوردستانم لە پەڵە خوێنی ڤیزاردا * سواڵەی ناو خوێنی زێڕینی کرد بە دیاری و خستیە باوەش ژانەکانم هاوڕێم لۆرکا! * لەم ساتەدا کوردستانم  لەجیاتیی ماچی دیدەنی و سەردانی خۆی * شیعری منت پێشکەش ئەکا. کوردستان سلێمانی شەقامی کەنەفانی هاوڕێت : گۆران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهارە شیعرێک وەکوو درەختێکی تەنیایبەر زەردەپەڕ لەپاڵ دەوەنی گردێکدا ڕاوەستاوم سەر و مل و تا ناوقەدم لەبەر هەتاو قاچ و قول و تا ژوور ئەژنۆ نوقمی سێبەر. بەرامبەرم: کێوی بەردینی گەردن لووس وەک دیواری شووشەی شین باو ڕێک هەڵکشاو کە گلێنەم ئەفڕێ بۆ لای وەک سەرنجم هەڵبخلیسکێ چاو ئەتروکێ و کزەبایەک کالانە پڕ ئەکا لە ئاو. لەم لاشەوە تەم ومژێ وەک قژی خاو  بەدەم «با»وە دێت و ئەچێ و جارێک ئەچێتە سەر لەشی بەفری نووستوو دایئەپۆشێ و جارێکی تر وەکوو هەڵبێ بەرەو دواوە بەرەو دۆڵی ئەودیوی شاخ مل ئەنێت و بەهێواشی دائەگەڕێ. لەو لایشەوە لووتکەی تیژی شێوە خەنجەر. پەڵە هەورێکی سمیوە و چەتری سپی هەڵداوە لەسەر تەوقە سەر. لە بناردا و لەسەر ڕووبار کە شەوقی ئاوێنەی ئاوی چەپکە پرشنگ ئەدا لە پەڵکە گیای دەشتی ڕاکشاوی تەختی کەنار. پۆلە ماسیگرەی سپی سپی وەکوو گوڵی چوالە باڵ وەرئەدەن لە تەنکاو و تنۆکی سارد ئەپرژێنن لە دەم وچاوی هەڵاڵە. بە لای ڕاستدا پەڵە چنار لە جۆگەدا قاچی تەزیو لەرەلەر و خشەخشی گەڵای گوارەی وەک ختووکەی لامل بدا دائەچڵەکێ و پێئەکەنێ و لەنجە ئەکا چڵی بەرزی گەردانە زیو. بەلای چەپدا: ڕێگەی نسرمی ناو دەربەند ئەم بەر.. ئەو بەر هەتا ئێستەش دەست و پەنجەی دارستانی شین هەڵگەڕاو.. لە گۆ کەوتوو بنچک لەژێر بەفرا خەوتوو کەسەرنجی زیاد لێ بگرم من لێرەوە لە سەرماندا وەک شۆڕەبی هەڵئەلەرزیم. ئێوارەیە و خۆرنشینە و هەر وەستاوم لەو ساکەوە پەیکەرێکی بلووز شینم هەر دوو دەستم لە گیرفاندا و نەجووڵاوم. ئەوا ئێستەیش لە دامێنی زەرد و سووری ئەم گردەدا تۆ ئەبینم ئەی کچی جوان! کراس و کەوای پوولەکەت، نێرگزی قژ، بریسک و هوڕ بریق و باق وەک گزنگ و دەنکە تەرزە وەک پوولەکەی پشتی ماسی گۆمی زۆر ڕوون، وەک پزیزکی ئاگری شوانی بە قەدپاڵەوە سووتاوم، وەک دڵۆپی هەڵپرژاوی سەر قەڵبەزە هەزار تیشکی ڕەنگاوڕەنگ ئەدەن لەچاوم. گەرای سەدان شیعری بچووک لەناو ناخی مندا ئەخەن. بەئەسپایی و بە ژێی دڵم زۆر مۆسیقای دەنگ سیحراوی نەبیستراوم بۆ لێ ئەدەن. ئەی شۆڕە کچ! ئەبێ چی جوانتر بێ لە تۆ؟ مەگەر تۆزێکی تر وەختێ کە تاریکی بەپەلەپەل بۆ ئێرە دێ من ئەڕۆم و ئەو لەجێگەم دائەنیشێ. وەختێ لەگەڵ دەنگی سەوزی «خالقی» دا سوار ئەبم و بەرەو شار ئەگەڕێمەوە وەختێ لەپڕ لەسەر ملەی تاسڵوجەوە لەودیو جامی تاکسییەوە «سلێمانی» م دەرئەکەوێ مەگەر هەر ئەو لەم شەوەدا لەو دوورەوە شەپۆلی درەوشانەوەی چاوەکانی تیشکی مرواری بەردەمی هەڵڕێژراوی وەک کراس و کەوای بەرت پوولەکە چن.. مەگەر هەر ئەو وەک تۆ جوان بێ و بگاتە تۆ و بەهەر دووکتان شیعری جوانیش بدەن بە من. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو دەنگ 1-فریشتەی دەنگی سپیبیڵێ و با ڕوخساری گڕەی هاتووم بەسەر ئەم ژیلەمۆی سەفەرەدا بخەمە بەر ئەو پڕووشە و کزەبایەی کە لە کوێستانی دەنگتەوە ورد ورد ورد ورد دێنە خوارێ. بیڵێ و با گوێم پڕ بە بیستن بۆنی ئەو باخانە بکات کە لە تاڤگەی گەرووتەوە ئاواز پڕژێنی من ئەکەن. بیڵێ و با تاوڵی تاسەم لەم کۆچەدا لەبەر کارێزی فێنکی دەنگتا بخەم. ماندووم ئەی دەنگی سپی فریشتەی لەلای بەفری کاوانەوە هاتوو ماندووم.. ماندووم توخوا ئەگەر لەسەر دەستی خۆرنشینی ئاخەکانت هەڵم نەگری! توخوا ئەگەر لە کەژاوەی پێڵووی هەوری نیگاکانتا هەڵم نەگری! ماندووم.. ماندووم، ئەزانی چۆن؟ ماندووم وەک هەناسەی سواری ئەو چڵانەی کە «با» لە کەناری چەمدا سەریان ئەکا بەناو ئاودا و دەریان دێنێ و دیسانەوە ئەیانکاتەوە بە ئاودا! ماندووم، وەک ئەو شەقامانەی کە ڕێبواری سوارە و پیادەیان لەسەر ناڕەوێتەوە. ئەی فریشتەی دەنگی سپی! لەسەر باڵی ئاوریشمینی، لەسەر باڵی هەناسەکەت هەڵمئەگری؟ ئەوا ئیستە، خۆم ئەبینم لە دوورترین ئەستێرەدا ئەجریوێنم! لە دوورترین ئەستێرەدا گوڵی ناو خەو ئەکەمەوە و ئەیدەم لە قژی لەیلاکەم خۆم ئەبینم هێواش هێواش لەسەر شانۆی سپی و بەرزی هەوری خەیاڵ سەما لەگەڵ گیانتا ئەکەم. «بایرۆن! تەنیام و تەنیایی هەر گەڕیدەی ناو سرووشتە و، پەنابەری دارستانە کپەکانە. پوشکین ! تەنیام و تەنیایی تۆش هاتووە و ئیستە بەجووت لەسەر درەختی گریانی من ئەخوێنن » ئەی فریشتەی دەنگی سپی! بیڵێ و با ڕوخساری گڕەی هاتووم بەسەر ئەم ژیلەمۆی سەفەرەدا بخەمە بەر ئەو پڕووشە و کزە بایەی کە لە کوێستانی دەنگتەوە ورد ورد ورد ورد دێنە خوارێ و ئینجا منیش لەگەڵیاندا ئەتوێ مەوە ئەت و ێ م ە و ە. 2- کوڕژنی ئەسپی برووسکە نێرودا وای بە شیللی وت: لەبەر ئەوەی جێ ژوانی دڵداریم و سێبەری بن ئەو سەروانەی کە سەرت تیا ئەنێمەوە.. لەبەر ئەوەی تۆ ڕنووی قژی تاریکی و لقی دەستی لاواز و لەرزۆکی دایکمی و لەبەر ئەوەی تۆ چۆلەکەی باڵکراوی سانتیاگۆیت و نافڕی! لەبەر ئەوەی لەناو نیگای   کتێبی ماندووی هەژار و برسییەکاندا تۆ فرمێسکێکی قەدەغە و دەرکراوی! نیشتمانم! بۆیە کاتێ بانگم ئەکەی ئەبم بە ئەسپی برووسکە و لە تاریکیتا تاو ئەدەم بۆیە کاتێ بانگم ئەکەی ئەبم بە نان بە ئاو ئەبم بە باڵ و بە هەتاو نیشتمانم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاخ بەناو مێژووی تەما، ئاوڕ: سەرنجی خۆیسواری ئەسپی چەخماخەیەکی تیژ ئەکات، ئەسپی چاوێ کە وەرزە جوانەمەرگەکان جڵەو بۆ –تاوی – شل ئەکەن! زۆر دەمێکە ئائەم ئەسپە ڕێی مەرگ ئەبڕێ تا ناوچەوان خۆرێکی سووری تیا هەڵبێ. هەتا بفڕێ دائەگیرسێ و تیشک ئەهاوێ. ڕامەوەستە تا ماندووبوون هەناسەی ڕێگە سوار ئەکات - ئەم کێوانە ئەیانەوێ بوومەلەرزە ڕایانژەنێ. ئەیانەوێ خۆشەویستی و مەرگ بە گەردوونیان بناسێنن پشکۆ لە شەختەی سنگیانا دەربهێنن. ئەیانەوێ لووتکە نەگری و دنیا بە بارانێ تەڕ بێ کە ئەستێرە کوژراوەکان جێ پێی بەهاری هەڵگرن. ئەم کێوانە ئەیانەوێ پرشنگ لە ئاسۆدا بگرن - نیشانەیە: گوللە سوارە و برین: مەڵبەندێکە ئاگر لەچوار دەوری ئەم نەخشەیە ئەکاتەوە. نیشانەیە: ئەم نەخشەیە سەری جەنگەڵە داوێکە توناوتوونە - بیرتان نایە! مانگی کوژراو کە هەڵنەهات چ کۆتەڵێ ئەگێڕدرا بۆ ئاسمانەکەم؟ ئەم نەخشەیە گوندەکانی لە شەوەزەنگا ڕزیون لەناو ئۆردووگای دووکەڵا ئاگردانی چاوی ئێوەی شاردۆتەوە. نیشانەیە: ئەم نەخشەیە سەری جەنگەڵە داوێکە هەزار داوی خستۆتەوە. - بەئاگا بن نەخشەکەتان کەنیزەکێ بە ماچێکی دوای نیوەشەو لەسەر مەمکی تاپۆی نەکات! بەئاگا بن نەخشەکەتان لە پێشوازیی خەلیفەدا خۆی ڕانەخات! - نیشانەیە: هەموو بڕینەوەی دارێک باڵندەکان فێر ئەکات چۆن هێلانەکان بگوێزنەوە و لەگەڵ ئازاردا کۆچ بکەن. بێ دەنگییان ئەچەقانە چاوی یادمان. بیرتان نایە! یەکێ نەبوو لەژوور سەری تەرمی پەیمانی «سیڤەر» دا ڕمی دەنگی داچەقێنێ بیرتان نایە؟ - نیشانەیە هەموو هەڵکەندنی دارێ باڵندەکان فێر ئەکات چۆن بە باڵ بێچوو بگوێزنەوە بۆ کونە شاخ فێریان ئەکات کە نیشتنەوە چاوی ڕاوچی لەتان و پۆی پیلانەکاندا ببینن! - کە هەڵفڕین ئاوڕ لەو لقە بەنەوە. نیشانەیە لق شکاوە لق پوازی چوارەمینی داتاشراوە! - ئەم شاخانە «گەزنەفون »ی کۆن و نوێیان خستۆتە ناو ئەشکەوتەوە و دەمی ئەشکەوتیان بە تەرمی شەهیدەکانم بەستووە! پشوو نادا چەک زمانی کێڵگەی ئەو جوتیارانە ئەزانێ کە هەوار و دیوەخانی بەگ تێی ناگا. بارووتی گڕ لە زەمینی گیانا ئەڕوێ. چەک لەگەڵ مردندا ئەدوێ. چیتان ئەوێ؟ ! کە گوێتان نا، کەگوێمان نا بە دەلاقەی دەرگای برینی شارەوە چیمان ئەبیست؟ - لە کێلانی خەمەکانی ئەم شارەدا وشە ئەبێتە خەنجەر و ئەکرێن بە قەدی شیعرەوە. وشە ئەڕوا وئەگاتە شاخ وشە ئەبێ بە با و بۆران ئەبێ بە شەوبۆ بۆ قژی مانگی کوژراوی دەزگیران. چی ئەبیستن؟ ! چی ئەبینن؟ ! - لەناو گەڕەکی گریانی هەژارانا ئاخێکمان دی سەریان ئەبڕی ئاخ بوو بە گوڵ لە شاخ ڕووا ئاخ بوو بە کەو بۆ لای بەفری یار هەڵفڕی. چیتان ئەوێ؟ ! - کەو نەخرێتە ناو قەفەزی پایتەختەوە گوڵ نەڕنرێ و نەبرێ بۆ میر. - ئەم کێوانە لەسەر پشتیان کاسە سەری دێوی ڕەشی چاخەکانیان هەڵچنیوە. پشوو نادا ئەسپی خوێنی ئەم شاخانە لەو ڕۆژەوە ئەحیلێنن کە هۆگری غار کردنن لە دۆزەخدا لەو ڕۆژەوە ئەحیلێنن، پشوو نادەن تەماشاکەن تیشکی زامدار ئەوا بە شانی ئاسۆدا بەرەو ژوورە. شەقاوی دەنگ بنکەی بیستن لە گوێی ساڵدا ئەکاتەوە و، لە ژوورەکانی کۆشکی «ڕەشید » دا ئەگرمێنن. بارانی دەنگ پەڵە لە سنگی سەنگەری دە ساڵەدا ئەدا و بەتاو دائەکاتە سەر شانۆی خوێن - ئەزانن بۆ هەوری ئێمە قەت بارانی لەبار ناچێ؟ - هەژارەکان ڕەنگیان تێکەڵ بە هەوری تینوو کردووە. هەژارەکان ناونیشانی شاخەکانیان لەسەر روومەتی برسێتی هەڵکەندووە. هەژارەکان ئاڵای دڵی ئایندەیان لە ئێستەوە هەڵکردووە. پشوو نادا ئەمە ڕێگەی ئەو چاوانەن گلێنەیان لە قۆناغی مەرگا تۆو کرد بە ئەژنۆ مۆری بەردەمی ترسیان نەکرد. پشوو نادا ئەسپی خوێنی ئەم شاخانە لەو ڕۆژەوە ئەحیلێنێ کە ئەستێرەی قوربانیی خۆی لە گۆمی سەنگەردا دیوە. لەو ڕۆژەوە هەوری حیلەی ئەگرمێنێ کە خۆی بەتۆفانی سەدەی، مردن بەپێوە ناسیوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەقام بیرم ناچێ ئەو شەقامەیئێوارەیەک بانگی کردین داوای پیاسەی چەند سەعاتێکی لێ کردین بیرم ناچێ. لەو سەرەوە کەتەنیا خۆم گەڕامەوە سەرنجم دا: شەقام بوو بوو بەهەردووکمان. لەشوێن چرپەت چرۆ سەری دەرئەهێنا. لەشوێن تاسەم شەوقی گڵۆپ ڕێژنەی قژی بارانێکی زۆر لەسەرخۆ دائەهێنا. لەو جێیەدا کە پێکەنیت زنەی ئاوازێکی ڕووناک هەڵئەقوڵا! لەو جێیەشدا دەستم گرتی بینیم لاولاوێ بە باڵای فوارەیەکدا هەڵ ئەزنا! لەو جێیەشدا لەو جێیەشدا ماچم کردی بینیم هەرچی دەم ولێوی دڵدارانە بوونەتە هەنگ بۆ مژینی ئەو «شانە» یەی کەماچەکەی من و تۆی کرد بە هەنگوینی ئەم جیهانە! بیرم ناچێ ئەو شەقامەی ئێوارەیەک بانگی کردین داوای پیاسەی چەند سەعاتێکی لێ کردین بیرم ناچێ چۆن بیرم چێ؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بۆدابست دا - 1-لەدوای شەوێک، خەوی پچڕپچڕی زڕاو لوورە لووری شەمەندەفەر، بەنووزەی درێژ. زیکە زیکی پێچکە و فیشکەی لەپڕ و ناکاو. شەقە شەقی دەرگایەکی دووری دانەخراو. دوای شەوێکی دەم بە باوێشک تۆزێ گێژ و وێژ.. وەختێ تازە هەتاو: کراسی ئەرخەوانیی ئەکردە بەر : «بودابست » ی دەمە و بەیانی. لەناو ئیستگەی پوورە هەنگدا منیش دابەزیم.. شوێن: گوڵجاڕی ئەو خەونە بوو پێش چەند ساڵێ دیم. * * سەرنجی لووس وەکوو ماسی لە دەست دەرپەڕی و خۆی هەڵدایە «دانووب »ەوە ناو ڕووباری زیو. باڵای شیعرم هەر لە ڕێوە خۆی تیا نوقم کرد. خەیاڵ تۆڕ بوو هەزار تیشکی ڕەنگاوڕەنگی گرت. لەسەر پردی مەڕمەڕ ڕەش بووی دێرینەی تاق تاق بریسکەی دێ پایتەختەکەی قژ گوڵە مێلاق. * * - 2- بۆ کوێ بڕۆم نامۆیی کورد ئەڵێی سێبەرمە نیگاکانی پێڵووی تەڕی پەڕەی دەفتەرمە. بۆ کوێ بڕۆم کوردستانم هەر لەگەڵدایە لێرەیش –سیروان – لە هاواری ناو - دانووب – دایە! . دانووب! هاتم لە کەنارتا برین بسرەوێ لە جۆلانەی ناو شەپۆلتا خەوی لێکەوێ. هاتم خەمی دارستانم تۆزێ بە با دەم بەسەر سنگتا باز بدەم و وەک مناڵ ڕاکەم. کەچی خۆشیت تا بە لووزەو بێتە گیانمەوە ئاو سەر ئەکا لە پەنجەرەی هەر دوو چاومەوە. چونکە دانووب، شاییت بۆ من عومری دوو ڕۆژە بەڵام عومری شەونخوونیم.. ئێجگار درێژە. * * ئەی «جولیتا »! کچی دانووب! بەرگی بەر ساکار پێست تەنکی، توێکڵ ناسک هەناری ئاودار. سپێنە ڕوون لاسکی پرچ، وەک پەڵکی چنوور ئاسکی ماڵیی، سڵ نەکردووی ناو هۆڵ و ناو ژوور. سەرسام مەبە! مەلی نامۆی ئەم دەم و چاوە باڵی ئەویش وەک وڵاتم توند توند بەستراوە. با لاملیش لە شەپۆلی گەردنت هەڵسوێ بەڵام چی بکەم خەم گرتوێتی و بزە نایگرێ، من ئەزانم تۆ و بۆدابست لە دانووبەوە زۆر پەنجەرەی شیعری جوانتان بۆ من کردەوە لەبەر تاوی بارانتانا درەختی بەژنم بەو چەند ڕۆژە گەڵای تازەی وشەی بۆ گرتم. ئەی پاساری! جریوەی تۆ! زمانی ئەوین کوێرەکانی بەهرەی وشکی خستمە هەڵقوڵین بەڵام جوانێ کچی دانووب ڕێگەی سبەینێ ئەمباتەوە بۆ وڵاتی خەم تیا نشینێ ئەمباتەوە بۆ ئەو شوێنەی گوڵ تیا ئەکوژرێ کچ لە نسێی هەژاریدا سیس ئەبێ ئەمرێ. ئەڕۆمەوە و یادگارتان ئەکەم بە سەرین بۆ شەوانی تەنیاییم و دنیای خەو بینین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سۆفیادا ١ئەوا ئێستەیش گەیشتینە بەردەمی سۆفیای سەوز کە هەر وەکوو سنەوبەری تیتک تەڕی دوای باران خاوێن.. خاوێن، لەش برۆنزی، بریقەی دێ و لەو دوورەوە زەردەی بزە ئەدا لە دەم وچاومان. *** لە پەنجەرەی واگۆنەوە سەر و ملی دەرهاتوومئەڵێی هێشووی بەردەمی ڕەشەبایە هەر دوو چاوم نیوە نووقاو ئاو تێزاو دنیا ئەفڕێ و کەم خایەنە ئەم پەلەی تەماشایە. *** لە جۆلانەی ناو بالقۆنی سەر نهۆمی بەرزەوەوەکوو لەشم خەیاڵم ڕائەژەنم.. بۆ بەرەو خوار، بۆ بەرەو ژوور ڕوانینم دێت و ئەچێ و ئەوەی خەڵکی نایبینێ من ئەیبینم. *** کچ بە چەپک زەرد و سوورشەقامەکان گوڵدانن ئەوە بۆیە ئەمجارەیان شیعری سپی هاوینەم بۆن خۆشترین عەتری وشەی گوڵزاری ناو دیوانن! *** ئەی کچانی لەش کەروێشکیی نەرم و نۆڵ! لەبەر هەتاو پێستی شان و لامل تانیوەی قۆڵ وەکوو ڕەنگی قەیسی گەییو لێ هاتوو من ئەمزانی ئێوە کوشتەی تیشکی خۆری بەتاون، بۆیە منیش هەتاوی سووری هەڵبەستی خۆرهەڵاتیم لە چاودا بۆ هێناون. ئەی کچانی پۆشاک سادەی نێو باخچە! من بۆ پووزی خڕ و قەڵەو، لەرەی مەمک وگوڵمە گۆشتی بەرچەنە بۆ پیرۆزەی چاوی شین و زەردەخەنەی بەشنە بۆ پل و پێی پچکۆلانە و سەری پەنجەی وەک گێلاس بۆ گەردنی یەک قولانجی و لووتی قنجی یۆنانی شاعیرێکم شیعری کێویی بۆنکەرم بۆ کوێ بڕۆن من لەو شوێنە ئامادە و جارێ سێبەر، جارێ سروە و هەندێ جاریش پەیکەرم. *** ئەی سۆفیای قشتیلانەی هەمیشە ڕەنگ حەمامیپەساپۆرتم پۆلیسەکەی بەرباخەڵ ئەڵێ ئەبێ بەجێت بێڵم، بڕۆم بۆ ڕۆژی دوایی. ئەوا ئێستەیش ئەی سۆفیای ڕۆح شیرین با پێش ئەوەی هەر دوو دەستی دۆعا خوازیم هەڵبڕم ڕوو بکەمە ئارامگاکەی «دیمترۆف» تا لەوێدا منیش وەکوو هەزاران خەڵکی دنیای ئازادیخواز ڕیز بگرم. ٢ وەک کشتەکی هەزار موورووی ڕەنگاوڕەنگ چەتری سەر سەر لەبەر هەتاو ڕیز بەستووە و کشاوە ڕوەو دواماڵ، جێ نزرگەی دیمترۆف هەنگاو وردە، بەوچانە و وەستان زۆر مەگەر کۆکە یان پژمینێکی ناوەخت بیشڵەقێنێ گۆمی مەکسی ئاپوورەی خەڵکی بەر خۆر! *** پاسەوانی قۆزی بەردەم ئارامگادەس لەسەر چەک هەر ئەڵێی بووە بە بەرد ترووکەی چاو، بزاوتنێکی نیگا مشەمشێ، هەناسەیەک، لەرزینێ نابیسی و بەدی ناکەی چەند بوەستێ و چەند بڕوانی و سەیرکەی! گۆشت و خوێنە؟ یان مۆمیای بێ گیانە دوا ڕۆیشتنیش ئەم دوو شتە لە لات جێگەی گومانە! *** کە سەر ئەکەی بە ڕاڕەوینیوە ڕووناکی نزما وەکوو خەو بێ ترسێک گیانت دائەگرێ ڕیزی باریک هەتاکوو زیاتر بتبا هەیبەتی شوێن، قوببەی بەسام، ڕێی مەڕمەڕ مەشخەڵی سەر گاردی وەستاو لە سووچدا خورپە خورپی سەعاتی دڵ خێرا تر، گورجتر ئەکا! *** هەر خولێک و بە لای چەپا سەر سووڕالەسەر چرپای ناو شووشەبەند «دیمترۆف» لەسەر پشت ڕاکشاوە چەپکە گوڵ لەژوور سەرا هەتا سەرسنگ داپۆشراو دەستێکی دەرهێناوە ئەڵێی بۆ سەر خەوێکە و ئێستە چاوی لێک ناوە! *** ئەی پڵنگی سوور و سپی ڕاکشاو! بە پەیژەی دەنگی تۆدا بولگاریا سەرکەوتە سەر دوا پلە و دەستیشی گەییە مانگی ئازادی ئەی گۆرانیی هەژاران! هەر بە ڕاکشانەوە تۆی ڕووباری بەهاژە ڕۆژ نییە لێرەو لەوێ هەزاران هەزار شەپۆل هەڵنەسێنیتە سەر پێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە یەکەم سەفەردا ١وەختێ خۆم و جانتای سەوزی مارکەی سەر پشتێن «موسڵاوی»  لە ئەستەمووڵ کە دابەزین و ڕاوەستاین لە درەخت و بنچکێکی لاڕێ ئەچووین هەردووکمان هەر: قژ خۆڵاوی شان و مل تەپ و تۆزاوی. *** وادوو ڕۆژەلەلای ئەم شارە چاوشینە لامان داوە کە هەر ئەڵێی شۆڕەژنێکە کراس سەوز ڕاکشاوە. بالیفی ژێر سەری کەژە و قاچی سپیش لە بسفۆڕدا وەک مەڕمەڕی بەر هەتاوە. ئەم شارە برۆی پەیوەستی سەرچاوانی شین و ڕەشی هەر دوو شۆخی ئەوروپایە و ئاسیایە کە ئەیبینی و تێئەپەڕێ: جارێک قۆڵ ڕووت و کراس کورت جارێکی دی کراسێکی ئاودامانی لەبەردایە. *** وا دوو ڕۆژە چاوی نامۆمهەر وەکوو دوو کۆترە شینکە هەتا ئێستا باڵ بەسترابن. گرێی باڵیانم کردەوە و ئەوەتا وا دەمێ بۆ سەر گومەزی شین وخلیسکی بریقەدار هەڵئەفڕن و دەمێکی تر قژ و بسکی «منەوەر»ی ئەستەمووڵی ئەکەن بە هێلانەی شیعر و ئارامێکی تێدا ئەگرن. *** کە بە لای دیواری کۆنی مەڕمەڕینیمزگەوتێکی کڵاو قووچدا گوزەر ئەکەم بۆنی کەوا و سەڵتە و، بۆنی پشتێنەکە و کڵاوەکەی نالی ئەکەم. کە دەس ئەدەم لە مۆردی پەرژینی باخێ دەسم بۆنی ڕیشی ئەگرێ. کە شەپۆلی سەر هەڵگرتوو، پەڕەی گوڵی هەڵپچورکاو، دووکەڵی هەر دووکەڵکێشێ، کە منداڵانی هەژاری وەک کارژۆڵەی پەرەوازە خەوتوو لەبن سێبەری پرد چەتری پاسدا بەدی ئەکەم من بۆن ئەکەم بۆنی بۆکڕووزی شیعری ئاوارە بووی «نالی» ئەکەم!! *** ئیستە بەناو گۆڕستانی «ئوسکۆدار» دائەگەڕێم و چاوم وەکوو هەڵاڵەی سیس چڵی مل کەوتوو بەلادا هەڵهێناوەی هەنگاوی خاوی پەستم، بەناو دارستانی سپیی بەردە کێلدا، ورد ورد ئەمبا. گەورەم نالی! ئەی «نارەوەنە» تەنیاکەی هەڵکەنراوی خانەقاکەی سلێمانی! تۆ لە کوێدا چڵ و چێوی ڕاکشاوی؟ ! موریدێکی شیعری خۆتم  هۆرەیەکی «خاک وخۆڵ »تم هاتووم بۆ لات. گەورەم نالی ! ئەی «تانجەرۆ»ی سەرگەردان و «سیروان » ی وێڵ شارێک گۆڕ و بێشەیەک کێل لە کام گۆڕدا تۆ ئێسقانی ڕاکشاوی؟ ! گۆڕت بزر بزر وەکوو ساڵ و ڕۆژی لە دایک بوونی هەزاران منداڵانی نیشتمانم بزر وەکوو زۆر قەڵەمی فڕێنراوی ناو گیرفانی شارەکانم بزر.. بزر وەک گۆرانی و دەنگی خۆش و چریکەکەی «ئەحەی ناسر» گەورەم نالی! نەک گۆڕی تۆ هەتا ئیستەش ئەم دنیایە زۆری تیایە زۆری تیایە کە نازانن کوردستان خۆی زامی گەورەی لە کوێدایە؟ ! ٢ لە گوێ بسفۆڕ هەر دوو دەستم خستۆتە بەر پشتێنەکەم خۆم بەتەنیا وەک دار لیمۆیەکی زەردبووی سەر پەڕ گرتوو ڕاوەستاوم «با» یەک بزێو خێرا خێرا دێ و هێشتاکە دەستی تەڕە بۆینباخم ڕائەکێشێ و قژیش ئەخاتە سەرچاوم. ئەم بایە گەلێ لاسارە واز ناهێنێ و ناڕواتەوە، دێ و دەستی وشک بۆتەوە دێ و بە بەر چاوی خۆرەوە توند باڵام ڕائەوەشێنێ و لیمۆی خەمم دائەڕنێ و ئەیدا بەدەم بسفۆڕەوە. *** تاکوێ بڕ کات«نەورەسە» کەی نزم فڕی عاشقی ئاو پیا هەڵپرژاو تاکوێ بڕوات بەقەڵەمباز، بەنەرمەغار ئەسپی شەپۆل: یاڵ سپی و بژ، کەفەڵ شینی جڵەو بەربووی سەربەرەو خوار. بەدوایاندا یەکە یەکە من خەیاڵم وەکوو هەتاو ئەیانگاتێ وجێشیان دێڵێ. یان هەر وەکوو پەڵە هەورێ ژان بە بارانەوە بگرێ بەسەریاندا دێت وئەڕوا ئەڕوات و دێ تا ئەو ئەزێ و تا ئەوان تاقەتیان ئەچێ. یان ناو بە ناو هەر سێبەریان بۆ ئەکات و وەڕس نابێ و بەدیاریانەوە ئەوەستێ. وەکوو شاعیر بە دیار وشەوە زەوی بە دیار پرووشەوە چرا بە دیار عاشقێکی بێدارەوە هەژاران بەدیار کارەوە منیش ئیستا هەنگێکم و شیلەی لێوی ئەم بسفۆڕە باڵی گرتووم هەرچەند ئەمەوێ هەڵفڕم هەڵنافڕم و هەتا ئیستە لە جێگەی خۆم هیچ نەبزووتووم ! *** لەگوێ بسفۆڕ دانیشتووم وقۆڵی کراس هەتا ئانیشک پانتۆڵ تا ئەژنۆ هەڵکراو هەردوو قاچم خستۆتە ناو ئاوی تەنکاو ئیستە لە «تیترواسک» ئەچم! تیترواسکێ نامۆ و بێجووت چەند ڕۆژێکە هەرخۆی و خۆی بە سێبەری کەنارێکی دەس تەزیوا بە هەتاوی بەستێنێکی ئارەقی لاجانگ نەسڕیوا هەرخۆی وخۆی نامۆو بێجووت بەسەر ڕۆخی داوێن تەڕا نزم.. نزم، بەقەد باڵای خەمی نەمام هەڵئەفڕێت و ئینجا بەرز لەناو تەمی نیوە داپۆشیوی شاخا ون ئەبێت و لە دواییدا هەرخۆی و خۆی نامۆ و بێجووت ئەگاتە لای بەفری نووستووی سەر هەڵەمووت... *** لەگوێ بسفۆڕ ڕاکشاومهەردوو دەستم لەژێر سەردا ئیستە ئەڵێی هێرۆیەکی سەرلق سپیم لە دوورەوە ئاو هێناومی و ئاو لایداوم. وەکوو هێلکە شەیتانۆکەی سەر لم چاوم نووقاو. وەک شۆڕەبی دانەویی گوێ گرتوو لەگۆرانیی ئاو گوێم گرتووە: ئەڵێی هاژە ناوم دێنێ کەنار لایلایەم بۆ ئەکا گەرداوی دوور بانگم ئەکا. سەر هەڵئەبڕم تۆزێکی تر هەڵئەسم و بەم ڕۆخەدا ڕێگەی ئاونگاویی ئەگرم. ئەڕۆم هەورازی سەر بەگوڵ دەشتی قژ زەرد گردۆڵکەی هەردی ڕووت و قووت هەمووی ئەبڕم ئەڕۆم.. ئەچم لە کۆڵکێشی پاپۆڕەکان لە بێکاری بەندەرەکان پرسیار ئەکەم. ئەڕۆم «شەفیقی تۆڕنەچی » ئەبینمەوە لێی ئەپرسم، تا بەلەمە سەوڵ سوورە چاوشینەکەی «نازم حیکمەت» ئەدۆزمەوە وسواری ئەبم. ئەوسا ئیتر هەردوو سەوڵم ئەبن بە دوو باڵی درێژ ئەمبەنە لای شەپۆلی دوور ئەمبەنە لای ئەو گەرداوەی بانگی کردم ئەمبەنە لای ماسیگرێ کە هەر وەکوو خۆم تەنیایە بەڵام ئاواتی چاو سەوزی وەکوو بسفۆڕ لە دڵیایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پایزە نامەیەک وەرەوە با بەجووت بڕۆینخۆرنشینە و شەقامی چۆڵ خەمێکی زەردی کشاوە چاوەڕێی پیاسەی ئێمەیە، ئێوارەی ڕەنگ.. هەڵبزڕکاو لەئاوێنەی ئەم پایزە درەنگەدا ئەڵێی دەم و چاوی خۆمە دەم و چاوی پێش حەوت ساڵم ئەو ساتانەی کە جێت هێشتم: «دەم وچاوم کانییەکی ساف و ڕوون بوو کەتووڕەبوونت هەڵیکرد بووی بەگەرداو لێڵت کردم!» ئەی شیعرە هەڵفریوەکەم وەرەوە با یەکە یەکە شەقامەکان تەی کەینەوە ئەوشەقامە درێژانەی وەک بێداری و شەونخوونیی ئێمە وان و تەواو نابن. وەرەوە با سەر کەینەوە بە باوەشی باخچەکاندا ئەو باخانەی گەڵای داریان وەک ڕازەکانی دڵی من چڕ و پڕن ناژمێررێن و تەواو نابن. وەرەوە با بەجووت بڕۆین بێدەنگ وەکوو ئاونگی سەر پەڕەی چاوم. وەرەوە با بەجووت بڕۆین گلەییمان زۆر لە سەرە گلەییی ئەو ڕووبارانەی بەلایاندا تێپەڕین و سەرمان لە شەپۆلیان نەدا. گلەییی ئەو درەختانەی بەلایاندا تێپەڕین و سەرمان لە سێبەریان نەدا. گلەییمان زۆر لە سەرە وەرەوە با بەجووت بڕۆین خۆر ماویەتی هەورازێکی تریش ببڕێ! * * خۆر نشین ئیستە تارایە تارای پەنجەرەی ماڵان و سەر گومەز و درەختەکان. وا ئێستە خۆر لە ئەستێرک و گۆمەکاندا ئەڵێی تاوسێکی خڕی داگیرساوە، پەلکە ڕەنگینەی ئاگری سەر ڕووی ئاوە. وەرەوە با بەجووت بڕۆین من ئەمەوێ ئەو تارایە لە پەنجەرە وسەرگومەز و درەختەکان بکەمەوەو بیدەم بەسەر سەری تۆدا من ئەمەوێ تۆ شاژنی ئەرخەوانیی خۆرنشین بی و منیش وشەی گڕ تێ بەربووی ئەم دیدارە. * * وەرەوە با بەجووت بڕۆین دیوانێکی تازەم هەیە بەدەم ڕێوە بۆڵە وشەی شیرینی ئەکەم بە دەمتا حەرفی زەرد و سوور سەوزی ئەدەم لە قژ و بەرۆکت ڕستەی شینت ئەکەمە مل. وەرەوە با بەجووت بڕۆین ئەوەتا خۆر گەیشتۆتە سەر دوا هەوراز هاکا لەپڕ بازێکی داو خۆی هەڵدایە باوەشی شەو. نەهاتی تا بەجووت بڕۆین شیعرم شەوی بەسەردا هات. نەهاتی تا بەجووت بڕۆین نەهاتی تا بەجووت. نەهاتی تا. نەهاتی. نە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پڵنگ و پەیکەر لە گیانەڵاوی ئێوارەی ڕۆژێکتا بووگەیشتمە لات. برینەکانم هەر لەبەر دەرگاتەوە خۆیان هاویشتە باوەشی ڕووبارەکەت ئەویش هێواش گرتنیەوە و بەدەم ماچی ئازارەوە بردنیە شار: ئەمە تۆی من لەناو خەوی چەند ساڵەما هەموو شەوێ ئەمبینیت و دەستم ئەخستە کەمەرت بەیەکەوە سەمامان بۆ باران، لووتکە، هەتاو ئەکرد! ئەمە منم «گۆیژە» م بۆ تۆ هێناوەتە پاڵ «زاوا –بووک» کە شەو داهات بە دوو قۆڵی سەر ئەخەنە سەر شانمان و ئێمەش ورد ورد لەبەر خۆوە ئەو سروودەیان بۆ ئەڵێین کە یەکەم جار لێرە پشکووت. بمگەڕێنە! نەشارەزای گەلێ شاری چاوی خۆمم لە دڵی خۆمدا ون ئەبم! - کوا چوارچرا؟ ! ترسێ نیگای ترووکانی پەنجەی ئاوڕت خستە سەر بێدەنگییەک.. وەکوو کلووی بەفرێکی مات لە باپێچی ڕوخسارماندا ترووشکەی کرد! کە ڕاوەستاین مێژوومان دی پاشەو پاش ئەگەڕایەوە، ڕۆژمێرێکی داینە دەست لە خۆرنشین هەڵکێشرابوو! - کە واتە من حەوت ساڵان بووم کەتۆ «بوویت » و لێرەدا بوو خۆرت هێنا و ئەتدا لە بەرۆکی «سابڵاخ» لێرەدا بوو شانۆیەکت لەگوڵاڵە دروست کرد و ئەستێرەت پیا هەڵئەواسی. شایی نێرگز لەناو بەفرا ئەیخایاند و چراخانی مۆمی پەنجەی داگیرساوی درەختەکان ئۆپەرێتی ڕووناکی بوون. - کەواتە من حەوت ساڵان بووم. بەستەڵەکی بێدەنگیمان وەختێ شکان کەچەند زەڕنەقووتەی ئاخێ سەریان لەناو سنگمانەوە هێنایە دەر بەبێ ئەوەی پێ بزانین لە دڵۆپی ئاونگی ناو ئەستێرکەکانی پێڵوویان ئەخواردەوە! وتت: بەڵام ئیستە لەژێر هەردوو قاچی پەیکەردا شار پڵنگێکە ئەژنۆ شکاو. تۆ بڕوانە! چۆن لەنێوان هەر دە پەنجەی پەیکەرەوە هەتا ئەمڕۆش خوێنی هەڵۆ کوژراوەکان دێنە خوارێ و لە چەقی گشت ڕێگەیەکدا وەرزێکی نوێ ناو نووس ئەکەن! تۆ بڕوانە! «محەمەد» چۆن لەناو نەڕەی شێرەکانی هەرچوار گۆشەی باخچەکەوە دێتە دەرێ و هەتا ئیستەیش پەیکەرەکە ئەتۆقێنێ! گەڕاین.. گەڕاین لە پێچی هەر شەقامێکت و کۆڵانێکتا گەڵا.. گەڵا سەرنجەکانم ئەوەرین. ناسیاوم و نەناسیاوم : جلەکانم، جامانەکەم، هەندێ وشەم پێناسێ بوون ئەیانکردمە کۆڵی دایکی خۆشەویستیت. ئەیانبینیم کوێرە کانیم لەناو کاولاشی دڵیاندا سەر لە نوێ ئەتەقاندەوە - قوربانت بین سەرنویشتمان وا لە دەستی ئێوەدایە توخوا باشین؟ ! قوربانت بین ! گەڕاین.. گەڕاین کچەکانت پۆلە گوڵ بوون لە چارشێوی ڕەنگاوڕەنگدا هەڵئەفڕین و لەسەر لقی هەردوو دەستی هەڵلەرزیوم ئەنیشتنەوە.. چرای مەمکیان ئەدا لە شەختەی ڕوخساری وەریوی من - توخوا خەڵکی سلێمانیت؟ ! بریا.. بریا سلێمانیم بدیتایە ! ئەی کچی جوان لەبەر بریا و خۆزگەی تۆیە سەرم داوە بەو شاخانە و لەبەر بۆ کڕووزی جەرگی تۆیە کە من گیانم کردۆتە چراوگی دارستان و ئەشکەوتەکان لەبەر ئەو ئێسکە سووکەتە ڕەنگم پەڕیوی ناو تەمی سەر ماڵانی سلێمانی و سەر ئێرەیە ئەی کچی جوان ! لە گیانەڵاوی ئێوارەی ڕۆژێکتا بوو گەیشتمە لات برینەکانم هەر لەبەر دەرگاتەوە خۆیان هاویشتە باوەشی ڕووبارەکەت ئەویش هێواش گرتنیەوە و بەدەم ماچی ئازارەوە بردنیە شار  ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەشەبا - 1-بە «کەنفانی»م وت : وشەی باڵندەت لە بێشەی چڕی ئەندێشەتەوە هاتۆتە دەرێ و ئەوا ئێستاکە هەموو ئاسمان و دەنگی هەتاوی تازە هەڵهاتووی وڵاتی خۆری بەستۆتە باڵی و لە چاوی خۆیدا هەرچی سەرنجی شەپۆلەکانە کۆی کردۆتەوە. جێگایەک نییە کە جێی قەوارەی کۆچی وشەی تۆی تێدا بێتەوە زەمانێک نییە کە خۆشەویستیی وشەی شەهیدتی لە بیر چێتەوە! وشەی باڵندەت لەسەر درەختی نامۆییی هەژار هێلانە ئەکا و لەسەر چڵی گڕ ئەنیشێتەوە. کاتێکیش وشەی باڵندەت ئەفڕێ سنورێک نییە لە هەڵفڕینیا نەیسڕێتەوە! ئەویش پێی وتم: وشەی باڵندەم ئاوا بێ ئیتر چۆن ماڵی ئەکرێ و ئەگیرێتەوە. چۆن ماڵی ئەکرێ و ئەگیرێتەوە! - 2- لەناو شریخەی چەخماخەدا بوو کە تۆوی دەنگم کرد بەسەر کێڵگەی تەمی وشەوە کاتێکیش وەرزی سەرهەڵدانی ئەو هات بەپیرمەوە بینیم پەڵە دەنگ لە تەماشاتا سەوز ئەکاتەوە. لەتەماشاتا جۆگەلەی ڕستەم ئاوێنەیەکە لەبنی ڕوونیا ئەتخوێنێتەوە. لە تەماشاتا هەر برژانگێکت ئەبێتە نووکی خامەی شاعیرێ و لەسەر لاپەڕەی پێڵووی چاوانت وەک هەزار هەڵبەست ئەمنووسێتەوە و ئەمنووسێتەوە. - 3- بەربەیان گریا کاتێ گوێی لێ بوو وا ڕەشەبایەک لە لەپی دەستی زبر و تووڕەیا گوڵی وشەیەک هەڵئەوەرێنێ و بەرەو گۆڕیچکەی باپێچی ئەبا. گریان پێکەنی کاتێ کە بینی فرمێسکی وشەی بەدڵی بەردا ئەچێتە خوارێ و چرای ژوور سەری چیا هەڵ ئەکا ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاڵێ لە بیرمە زۆر جار کە بەفروەک میوانی درەنگ وەخت ئەهات و سووک ئەیدا لە شووشەی پەنجەرەی شیعرەکانم بانگی ئەکرد : «بیکەرەوە ! لە دوورڕا هاتووم و دیاریم بەرچنە وشەی نەوازەی ڕەزێکن قەت دەنووکی کەو لێی نەداون!» لە بیرمە کە بەرچنەکەم وەرئەگرت و ئەمخستە سەر ڕەفەی چاوم ئەویش ئەیوت : «ئەمێنمەوە لەبەر دەمتا ڕائەوەستم هەتا نیگام ئەخەمە ناو نیگاتەوە» - ئەی کاڵێ گیان! هەرگیز لە بەفری میوانیی درەنگ وەختی نازداری تۆ من تێر نابم! ئەی کاڵێ گیان! وەرە و لەگەڵ دەستی خۆتا بەفر بێنە من حەز ئەکەم گەر تواشمەوە لەگەڵ بەفرا بتوێمەوە ئەی کاڵێ گیان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کفن دز – ئەکتەر هەناسەدان لەناو سنگی وڵاتێکداکە سییەکانی بە بارووت داگرنەوە! چی بەسەر دێ؟ ! - ئەمە ڕاهێنانی مەرگە، کاتێ کە خاک ژان بە دووانەی شەوی بوومەلەرزە و بورکانەوە ئەگرێ! - هەناسەی تۆم کە هەڵمژی نمەی بارانی بینینم ڕژانە سەر گۆنەی پایزێ و سەوز بووم. هەناسەدان لەناو سنگی وڵاتێکدا کە سییەکانی بەبارووت داگرنەوە ڕاهێنانی مەرگە ودەستەمۆکردنی بەوری ترسە لە بێشەڵانی ئاگردا. هەناسەدان لە نیشتمانی دووکەڵدا گەش کردنەوەی پشکۆکانی ژێر ئێسکێکە هەڵقرچانی: بانگ کردنە لە باڕەشێ چنگی لوورەی بخاتە ناو بەستەڵەکی مێژووەوە لافاوی نووستوو هەستێنێ! - هەناسەتم کە هەڵمژی ڕەنگم بوو بە دەنگی هەڵۆ و  لەناو هەوارا دایچەقانم ڕەنگم لە دەنگتا گرتەوە بیرکەرەوە: لەو گەشتانەی، لەو سەفەرە درێژانەی کردمان و نەگەڕاینەوە.. ماڵ ئاوا بێ! گریان لەناو دەربەندەکاندا بەستوێتی! ماڵ ئاوا بێ! دایکم ئەڕوانێتە مەرگم بەر لەوەی هێشتا مردبم ماڵ ئاوابێ! هاتی و برسێتیت هێناوە بەپیرمەوە ماچم کردی و ماچت کردم - لەم ناوەدا دۆزەخ لە بەهەشت چووز ئەکرێ! لەم ناوەدا پرۆژەکان لە - خوێن - ەوە وزەی ڕووناکی وەرئەگرن. کامە شەهید پرسیوێتی ئەو چەقۆیە سەرم ئەبڕێ؟ ! کام قوربانی هات و وتی: مەرجی مردنم بۆ دانێن! لەم ناوەدا، هۆزی مەرگ هەڵبژاردن، جێنیشتەیە. لەم ناوەدا تەنها بەفر فریشتەیە. هەناسەدان لەناو سنگی وڵاتێکدا کە سییەکانی بە بارووت داگرنەوە خۆر چی لێدێ؟ ئەمە وەرزی پەڕینەوەی تیشکە بەسەر شوورەی هەموو نێزەکاندا و گرتنە باوەشی لووتکەیە. پەڕینەوەی برسێتییە. گوێ بگرن! نان لەناو خەوا هاوار ئەکا و هەژارەکان هەڵئەسێنێ. مەیگۆڕنەوە! ئێوە هاتوون دەم و چاوتان لە کفن دزە کۆنەکان بسەننەوە مەیگۆڕنەوە! ئێوە هاتوون گۆڕی دنیای تاوانەکان یەکە.. یەکە هەڵبەنەوە. - 2- لە«بیافرا » ی ناو «سینا »دا کە دەسکەنەی قژیان کردی هەرچی دڵداری دنیایە بێ قژ بینیم. ئەی دڵدارە بێ قژەکان قژی خۆتان ئەوێتەوە؟ ! یان بارۆکەی دەڵالەکان لەسەر ئەکەن؟ ! یان سەرتاشخانەی سۆزانیی ژێردەواری سفر تاشی «101»ی ئەم جیهانە لەبیرئەکەن؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆرانییەکی ڕەنگاوڕەنگ مناڵینە! شەوێک گوێم لێ بوو بە چرپە، بەفر بەتریفەی ئەوت : گیانە چرای چاوەکانت زیاتر هەڵکە! گەر تۆ نەبی هەور ئەمهێنێتە گریان هەور دەرکە کراسی پوولەکەی کلووی من لەبەر کە با ئەستێرەی نیگاکانی «خاتوو زین»ی بەر پەنجەرە لێم زیز نەبێ خەوی ڕەنگاو ڕەنگ لەباخی خەیاڵەکەی «کاکە مەم» دا بەهەناسەی هەڵوەرینی پایز نەبێ! *** مناڵینە! بەیانییەک بینیم گوڵێ قژی لەبەر ئاوێنەی وردە شەپۆلی جۆگەیەکدا دائەهێنێ گوێم گرت ئەڵێ : ئاوی ژینم! گۆنەم ئاڵ کە گەردنم پڕ خەت و خاڵ کە گەڵای پرچم بهۆنەوە ئەزانی بۆ؟ تا پەڕەم شەوق باتەوە. با پەپوولەی یار نەتۆرێ و بەناکامی بڕواتەوە! گەر تۆ نەبی دڕک زۆرم بۆ ئەهێنێ بەپەنجەی ڕق ئەموەرێنێ! *** مناڵینە! نیوەڕۆیەک سەرنجم دا وا کێڵگەیەک بەدەنگی بەرز «تۆو» بانگ ئەکا ئەڵێ وەرە و لەناو دڵی شەقار شەقارما سەوز بە ئەڵێ وەرەو لە برینما سەردەربێنە بەڵام هەر بە مەرجێ: دوایی لەباوەشتا کامەرانیم بۆ بهێنە! *** مناڵینە! ئێوارە بوو، بەفر و تریفە پێکەوە گەیشتنە لام ئێوارە بوو گوڵ و شەپۆل و پەپوولە تۆو و کێڵگە هاتنە قسە وتیان ئێمە وا دووبەدوو کەوتینە ڕوو تۆ ئەڵێی چی؟ ! وتم : بۆ ئەوەی کە بەفر جوانتر بێ لەوەی کە هەیە تریفە زۆر دڵگیرتر بێ پەپوولە زۆر ئێسک سووکتر تۆوی کێڵگە زیاد بەپیتتر بۆ ئەوەی من یەکە یەکە زیاتر.. زیاتر زۆرتر.. زۆرتر خۆشم بوێن و لە ژووری شیعرەکانما بتانکەم بە میوانی خۆم بتاندەم لە بەرۆکی وشەی نازداری ژیانی خۆم بەئێجگاری پەسەندتان کەم هەر کاتێ بێ منداڵانی ئەم دنیایە و منداڵانی وڵاتەکەم هەرگیز چاویان لە شەقەی باڵی کۆترەکەی ئاشتی نەبڕێ، سەربەست بن و پێکەنینیان درەختێ بێ هێشوی چاوی بێ گریان و میوەی ڕەزی خۆزگە بگرێ. مناڵینە! نەکەن بڕۆن! لەگەڵما بن هەرکاتێ ئێوە دێن بۆلام منیش شیعری ڕەنگاوڕەنگی وەکوو خەوی ئێوەم بۆ دێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەشتێک یەکشەممەیە..جادەکانی ڕوو لە باخی «هیرۆ سترۆ » جووت جووت دڵدار هەڵئەفڕێنن بۆ ئاهەنگی دوای نیوەڕۆ. «هیرۆ سترۆ»ی شاژنی گشت باخچەکانی نێو «بۆخارست» لە چوار لاوە دەرگای سەوزی میوانداری وا لەسەر پشت. دارستانی سنەوبەری نیوە هەتاو نیوە سێبەر. شەوقانەوەی فوارەی ئاوی بەر تیشکی خۆر چیمەنی تەڕ. دەنگی باندی مۆسیقایەک شەپۆلی «با» ڕایئەژەنێ، جارێک وەکوو بگری وایە و جارێکی تر پێئەکەنێ، تەزووی فێنک بە دەروون و گیاندا دێنن ئەتدەنە دەم خۆزگەی فڕین باڵ پێ گرتن. بەسەر شەقامی بەردڕێژدا جێ.. جێ.. تەڕی باراناویی هێدی.. هێدی وا ئەڕۆم و ڕووم کردۆتە گۆمی چاوی. هەڵڕوانینی ڕۆژهەڵاتیم بۆ دەور و پشت هەنگاوی خاو ئاوڕی زۆر، حەپەسان و شان لە شان دان ئێستی ناکاو! - ئەی فریشتەی بوخارستی ببوورە لێم یەکەم جارە کەوی عومرم خۆی لە قەفەز دەرباز بکا و ئازاد بفڕم. لەم گەشتەدا چاوی برسیم لە چەند شۆخی نازدار ببڕم؟ ! بە کامێرام لێرە و لەوێ چەند دیمەنی شیرین بگرم؟ ! هەر ئەڕۆم و «هیرۆ سترۆ» قۆڵی شیعری لە قۆڵمایە هەر ئەڕۆم و بۆنی کچ و شەقامی گوڵ دوایی نایە. لەم پێچەدا پەیکەرەکەی سەری «گۆرکی » ئەموەستێنێ وا شەماڵێک بۆنی بزەی سمێڵی ئەو بۆ من دێنێ. لەو پێچەیشدا «مایکۆفسکی» تەوێڵ پانی، قژ ئاڵۆزکاو لەسەر سەکۆی کۆنکرێتیی ڕاوەستاوە ڕوو لە هەتاو. لە ناوەندا «ئیمنیسکی» دەستی چەپی بۆ هەوارێ ڕاکێشاوە کە سەربەستیی ڕەشماڵی خۆی تیا هەڵداوە. ئیمینیسکی! ئەی لووتکەکەی مانگی شیعر لە سەر کردوو. ئەی بە خۆڵی ڕۆمانیا چاوی وشە و بەهرە ڕشتوو. با بەر لەوەی تێپەڕم و «هیرۆ سترۆ » بەجێ بێڵم سەری شیعری بچووکی خۆم لەبەر دەمتا دانەوێنم. ++++++++++++++++++++++