شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: بەڵێن خاتوو چیللەر هەموو ساڵێ لە زستاندابەڵێن ئەدا بە بەفر و با ئەمجارەیان دەستەکانی دیاربەکر بکا بە کۆتەرە داروو کەرت کەرتیکا و بیهاوێتە کوورەی ئاگر! . خاتوو چیللەر هەموو ساڵێ لە بەهاردا بەڵێن ئەدا بە گژوگیا ئەمجارەیان سەری دەرسیم بکا بە تاجە گوڵینەی زرێپۆش و فڕێی باتە بەر پێی سوپا! خاتوو چیللەر هەموو ساڵێ لە هاویندا بەڵێن ئەدا بە دڕک و داڵ ئەمجارەیان (وان) کوێر بکا و خەج و سیامەند نەهێڵێ و لەبەر ماڵی ئەتاتورکا بیکا بە کەرنەڤاڵی ساڵ! ؟ خاتوو چیللەر هەموو ساڵێ لە پاییزدا بەڵێن ئەدا بە خەزان و گەڵا ڕێزان! سوێند بەسەرە ڕووتاوەکەی «وەتەن» ئەخوا.. سوێند بەسەرە بێ ملەکەی عەدالەت و حوڕییەت و سوێند بەسەرە خوێناوییەکەی ئەستێرە و مانگ.. ئەمجارەیان دوا بارەگای دەنگمان بگرێ و دوا مێژوومان بووەرێنێ و دوا ڕووبارمان بخنکێنێ و دوا دۆزەخیش بۆ شاخ داخا! خاتوو چیللەر.. تاقە ژنە سێ مانگ جارێ ساڵی چوار جار لە درۆ پیاوی عەسکەرتار کوڕ و کچی کەڕ و کوێر و ڵالی ببێ!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووکەڵی گوڵگرتوو مەگەر ڕۆح باڵندەی ئەفسانە و.. وڵاتی خەو نییە؟ ! بۆ ئەوەی پێت بگەم، بچمە ناو تەلیسمی چاوتەوە بۆ ئەوەی کاژی «شوێن» فڕێدەم وەک سەعات زەمانیش ورد و خاش بکەم و لەوپەڕی گەردووندا هەواری ڕەهایی هەڵبدەم.. هەنووکە وام لە پشت گەواڵە هەورێکی نارنجیی شیعرەوە وەستاوم، کاکۆڵم: گزنگە و تەوێڵم: ئاوێنەی داستان و بەژنم: تەم. من پەنجەی خواوەندی گومان و دوودڵی پەنجەمە و سیحری تۆ دەفتەرمە و بە نووری عەشقێکی دۆزەخیی و بە نووکی ئەستێرەی مەرگی خۆم ئەنووسم. ئەوەتا بمبینە: تێکەڵم لە گوڵ و خۆڵەمێش لە بەرد و لە دار و، شنەبا و، لە باهۆز ئاوێتەم: ئاوم و ئاگرم و خاک و خۆڵ شەختەم و ئەسووتێم. دووکەڵم و گوڵ ئەگرم. ڕقێکم نیان و خۆرێکم تاریک و شەوێکم سپی و سۆڵ. گوناهم و لە نوێژی ئەویندا ئەکوژرێم! . مەگەر ڕۆح باڵندەی ئەفسانە و.. وڵاتی خەونییە؟ ! مەگەر من دەروونم ئاسمانی مەحاڵ و کیشوەری ئازار و چاوانم دووباڵی فڕینی نەهێنیی شەو نییە؟ ! لێرەوە «زمان»ێ ئەڕوێنم یەک و سەد نوێ ببڕێ.. لەم کێڵگەی خەیاڵ و فەرهەنگە شینەدا، بەرد ڕاکا و باڵ بگرێ لە چاوما مانگ بنوێ لەسەرما بارانی ڕەنگاڵە داکات و لە ژوورما منداڵییم بە شانی ئیستەمدا هەڵگەڕێ مەگەر ڕۆح باڵندەی ئەفسانە و.. وڵاتی خەونییە؟ مەگەر تۆ رۆحم نیت؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ناو قەفەزێکەوە خەمم مەستە و خومارە چاوی تەنیاییملە گۆشەیەکی شین باوی، قەفەزینی تووڵ ئاوریشمی ئەم «باڕ»ەدا نیشتمانێکی ئاوارەم.. لەسەر کورسیی خۆرنشین و یاد دانیشتووم. «بادە»یەکی ڕەنگ کەلەپۆ بە پەرداخێ هێور.. هێور، گڕێکی سەوز، بەرئەداتە پووشووی هەستم. بادەیەکی ئەرخەوانیی: «سەر»ی کردووم بە دەریاچەی بەربارانی ڕەنگاوڕەنگ و بیرەوەریشم بە کەشتی. لە هەر کوێوە تێم بڕوانی: بەندەرێکی تەماویم و هەر تەنیایی لەسەر ڕۆخی تەڕی گیانم دائەبەزێ و هەر تەنیاییش لەگەڵ چارۆگەی خەیاڵما هەتا ئەودیو سنووری ئاو بەڕێ ئەکەم. لە گۆشەیەکی شین باوی، قەفەزینی تووڵ ئاوریشمی ئەم باڕەدا، هێشووی دارمێوێکی ژانم بەسەر حەوزی پڕ لە ماسیی زەرد و سووری خەونەکانما، شۆڕ بوومەوە.. لەولایشەوە، دەستە زەردەکانی پاییز پەنجەی ڕەقەڵە و درێژی، دەنک.. دەنک لە تەمەنم ئەکەنەوە. ئا لەم گۆشە شین باوەدا من گریانێکی گرمۆڵەی تاراوگەم و بادەی کڵپە ئەخۆمەوە! *** - ئێوارەت باش- ئێوارەت باش.. ئەی تاڤگە قژ زەردەکەی «ستۆکهۆڵم»! ئەی کیژۆڵەی: لە نۆبەرەی یەکەم ڕێواس ناسکتر و لە پوونگەی ناو گوڵەزەردی لێوار کانیش، بۆن خۆشترم! «سەر مێزەکەی پاککردەوە و پەرداخێکی تری دانا» وەک لە خەونێکی ڕابووردووی شیعرەکانما ئائەم فریشتە سپییەم، دیبێت وایە. وەکوو زووتر خۆم لە ئەستێرکی پرشنگی ئەفسووناویی ئەو چاوانە هەڵکێشابێ وایە، لە کوێ؟ ! لە کوێ؟ ! لەکوێ؟ ! .. لە «باڵەک» بووم، لەبەرچاوی دارستان و باڵندەکان دابوومە کێو گرفتاری عەشقی بەرد بووم. هەگبەیەکی نان و شیعرم بە کۆڵەوە هەورازێکی دڕم ئەبڕی ڕەشماڵێکی دوور ئۆخژنی تێزانە ناو چاوانمەوە. لەسەر ترۆپک. کزەبایەک دای لەسەر و ملی داغم خۆم بووم بە مێرگی کازیوە و حەرفەکانی ناو هەگبەیشم بوون بە شەونم من گەیشتمە بەر ڕەشماڵ و هەر ئەم پەرییە بوو دەرکەوت لەو وەختەدا درەختێکی تۆزاویی بووم ئەویش ئاوێنەی گۆمێکی مەکس و ڕوون و تیا حەپەسام! - دیارە ماندوویت؟ ! 'مێخێکی تری دەوار بووم.. بە عیشقەوە داکوترا بووم، شیعرێ بووم لاڵ.. چی ئەبینم؟ ! ' ویستم بۆ ئەو مانگەشەوە ببم بە ڕووباری وشە.. نەم ئەتوانی! ویستم دەنگم، گەرووم.. بکەم بە هێلانەی ئەو کۆترە شینکانەی چاوی.. نەم ئەتوانی! . زوبان وەکوو قەڵەمێ بێ و لێم ون بووبێ.. بۆی ئەگەڕام! من ڕەق بوو بووم بووبووم بەدار قەزوانێکی تری دەوری هۆبە و ڕەشماڵ. - دیارە ماندوویت.. گەلێ ماندوویت؟ - وەکوو ئەسپێکی زۆر شەکەت! «ئەو پێکەنی» ئەمە پێکەنینی بەفرە؟ ! یان کوردستان - تینووت نییە؟ ! .. ئەی دۆت ئەوێ؟ ! - هێندەی چەمی وشکی دامێنی ئەم شاخە من تینوومە! «جارێکی تر پێکەنییەوە» ئەمە تریقەی کانییە؟ ! یاخود قاقای دار سنەوبەر؟ ! -هۆ.. هۆکاڵێ.. کچێ کاڵێ! ئەوە مردوویت؟ ! وەرە بەلای ئەو بەرغەلە شێتانەوە! (دەنگی قرخی پیرەمێردێ لەودیو هۆبەو ڕەشماڵەوە مانگی قژ زەردی داچەڵەکان. کاسە دۆکەی دایە دەستم و ڕۆی تێپەڕی و وەکوو، هەورێکی سەرگەردان خۆم مامەوە! ) ئەمە هەر هەمان قەڵبەزە قژ زەردەکەی لای باڵەکە؟ ! جارێکی دی ئەڕژێتەوە نێو خەونی من؟ ! ئەمە هەر هەمان شەمامەی دار هۆنراوەی ئەو جارەیە.. لە ئازارما ئەڕوێتەوە جارێکی تر؟ ! ئەمە گمەی هەمان ئەوینی سپییە هاتۆتەوە و کونەشاخی غەریبیمی، کردۆتەوە بە هێلانە؟ ! ئەمە هەر هەمان کزەبای دەنگ و ڕەنگی ئەو جوانەیە لە دەربەندی ئەفسانەوە هاتۆتەوە و ئەداتەوە لە کەڵە پشکۆی ئەم «سەر»ەو ئەمکاتەوە بە بارانی گوڵاڵەی تر؟ ! ئەمە هەر هەمان شمشاڵە کە زامەکانم ئەیژەنی؟ ! هەمان هێرۆی سەر لق سپی بەر ڕەشماڵە؟ ! هەمان کوێستانی گۆرانیی؟ ! وا لە گۆشەی شین باوەوە لە نێوان تووڵی ئاوریشمی ئەم قەفەزە زیوینەوە کڵاو کوڕڕەیە قەڵەمم و.. سەیری ئەکەم. ئەو پێستە بەفرە ژیلکەیە و وەردی هۆنراوەی سپییە و منیش هەر چینەی تیائەکەم، سەیری ئەکەم وەکوو شەقامی بەرباران من تەماشام ئێستە تەڕە و زەردەخەنەی کراس زەردی «کاڵێ»ی ئێرەی پێدا ئەڕوا. من ڕەشماڵی خەیاڵێکی فێنکی ئەم گۆشە شینەم هەموو جارێ لە بوولێڵدا «کاڵێ»ی باڵەک ئەبینمەوە، بووە بە گوڵ ئەستێرەیەک بازن لە دەست، دێت و سەرێکم لێ ئەدا! . من ئەو باڵندە غەریبەم ئازادیم وا لەم قەفەزە شین باوەدا. هەموو ئاسۆی هەڵفڕینم لە دوو چاوی جوانێکدایە و هەرچی ڕووبار و زەریایشمە وان لە تاقە پەرداخێکدا! .. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماڵ ئەو پەنجەرەیە دامەخەن! نەبادا گەر لێرە نەبووم لە پڕێکدا ڕۆژێ.. شەوێ لە سەردانێکی ناوەختا «باد»ی خۆش مروری نالی بە کەنەفتی لەبەردەمی ژوورەکەمدا پەیدا بێت و دابمێنێ و چاو بگێڕێ و ڕێگەی نەبێت بێتە ژوورێ! . با ئەو قەڵەم و کاغەزە هەر لەسەر ئەم مێزە بن و لایان مەبەن! ئەمە دنیایە و نەبادا لێرە نەبووم لە ناکاودا، خەیاڵێکی ئاونگاویی «مەولەوی» بێتە ژوورەوە و بییەوێ لەبەر چراوگی گریاناویی مانگەشەوێ بۆ چاوەکانی هەڵەبجە شیعرێکی تازە بنووسێ! با ئەو شووشەی بادەیە هەر لە جێی خۆی بێ و هەڵنەگیرێ نەبادا گەر لێرە نەبووم ئێوارەیەک، لە ناکاودا (بێکەس) خۆی بکا بە ماڵدا. با هەر لەسەر ئەم کورسییە دابنیشێ و بەدەم خوێندنەوەی شیعرەوە قوم قوم خەمی سپی و خەستی بێکەسییەکەی خۆی بنۆشێ! . با ئەو گیتارەیش هەر لەسەر چرپاکەم بێ هیچ کەس دەستی تێوە نەدا نەبادا گەر لێرە نەبووم لە ناکاودا «ئازاد هەورامی» بێ بۆ لام با بیبینێ و هەڵی بگرێ و تا دێمەوە هەر خۆی تەنیا ئاوازە زۆر غەمبارەکەی «مراببوس»ی پێ لێدا! با ئەو کتێبەی «حەللاج»یش دیار بێ و هەروا لەسەر ئەم تاقە بێ نەبادا گەر لێرە نەبووم لە ناکاودا «عبدالخالق» بێتە ماڵێ با بیبینێ و تا دێمەوە تەماشایکا و چاوەکانی لە دێڕی خوێندا نوقوم کا! با وێنەی ئەو منداڵانەیش کەروێشکە بێ لانەکانی شاری کەرکووک لەم دیوارە نەکرێتەوە نەبادا من لێرە نەبم و لە بەغداوە لە پڕ «فەرەیدون عەلی ئەمین» بێتەوە و نەیانبینێ و چیرۆکێکی ئێسک سووکی منداڵانمان لە کیس بچێ! با ئەم دوو سێ ڕۆژەیش دەرگای حەوشەکەمان لەسەر پشت بێ نەبادا گەر لێرە نەبووین - لەم جەژنی ڕاپەڕینەدا- لە شەهیدانی نەناسراو لە شەهیدانی بێماڵ و بێ ناونیشان گەڕانەوە و ڕێیان کەوتە ئەم کۆڵانە با بیبینن و گیر نەخۆن و دەم بە خەندە و خوێن بە خەندە یەکە یەکە بێنە ژوورێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەو- بەغدا ئەمە باهۆزی مردنە؟ یاخود کۆستێکی باڵدارە بەم بەیانییە خەواڵووە لە دەربەندی بەهارێکی ترساوەوە بە نێو تان و پۆی هاوار و زریکەمدا ئەئاژوێت و تیژتر لە چاوی شەیتان و ڕەقتر لە تۆڵەی تەتەر و مۆنتر لە قاقای هۆلاکۆ بەرەو کاولاشی ڕووناکیم دائەگەڕێ! ئەمە باهۆزی مردنە؟ یان تەپاوتلی مێژوومە؟ یان خل بوونەوەی دۆزەخەو لە تەوقەسەری بەهەشتی وڵاتێکی بێخواوەند و کەساسەوە بەرەو ڕۆحم دائەگەڕێ! لەم مەرگە ساردەدا بە لووزە و بە لووزە و شارانم ئەڕژێنە ناو چیا و دۆڵەوە و وەک خوێنی باخانم کوت و پڕ ئەمەیێن! . لەم وەرزە وێڵەدا هەر بە پۆل هەر بە پۆل لە شەوی زەردە «با» و باوەشی بەفرێکی ڕەشپۆشدا وەک کۆتر منداڵ و کارژۆلە و پەلکە گیام هەڵاڵە و گۆرانیی و شیعریشم ڕەق هەڵدێن! . لەم مێژووە تاریک و قووڵەدا بە هێشوو بە هێشوو گۆی مەمک و گێلاس و تەماشا و هاوارم ئەوەرێن! ئەبینن؟ ! وا دیسان ڕابوردوو بە خۆی و گۆچانی تاریکیی دەستیەوە دێتەوە ناومان و فوو ئەکا لە چرای دیوارکۆی ڕۆحمان و سەعاتی هەتاوی دواڕۆژمان ئەدزێ! ئەبینن؟ ! بەغدا داوە و.. کەچی قاچم ئەچێ بۆ لای، بەغدا پەتی سێدارەیە و کەچی ملم ئەچێ بۆ لای. بەغدا پەرداخێ ژەهراوەو کەچی دەستم وا خەریکە هەڵیبگرێ. بەغدا درۆیەکی لووسە و کەچی دەمم وا خەریکە قووتی بدا بەغدا تاتەشۆری گوڵ و هەقە و کەچی منیش ئەیکەم بە ئاوێنە و بە ئینجانە! . بەغدا قفڵێکی ژەنگ گرتووی لە زاری عێراق دراوە و من ئەمەوێ بە ددانم بیکەمەوە. بەغدا تۆڕی ماف گرتنە و قولاپە بۆ زەردەخەنەی کانی و زنەم کەچی ماسییە سوورەی دڵم وا خەریکە پێوەی ببێ! . دە بڕوانن: سووڕانەوەی هەمان بازنەی چەقۆیە بە چواردەوری سەرو ملما. گەڕانەوەی تارمایی هەمان داڵاشی خەلیفەیە. هاتنەوەی هەمان دۆڵپایە گرتنەوەی هەمان پەتایە. دەبارە بوونەوەی هەمان عیشقی کوێر و فاقەی ڕێیە. بیست بارە بوونەوەی هەمان بەڵێنی: شیر و شمشێر و گەشتی «سمکۆ» و دوا شێوی سەرای «شنۆ»یە. چل بارە بوونەوەی هەمان لە بێژنگدا ئاوهێنانە شەست بارە بوونەوەی هەمان ماچی نێوان ژەهر و نانە سەد بارە بوونەوەی هەمان دیمەنی ئەو کورسییەیە کە پێکەنینی «قاسملو»ی لەسەر دانیشت! سەد بارە بوونەوەی هەمان دەمامکی جاری جارانە هەمان.. هەمان هەمان تەقینەوەی ئێوارەکەی «حاجی هۆمەران»ە!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆتاییی داستانێ سەبارەت: بۆ شەهید غەریب هەڵەدنی دژوار ژیا و سانا کوژرا. یەک لە دوای یەک بەناو زنجیرە دۆزەخ و گەلیی خوێن و مێژوویەکی بەردەڵان و کاروانسەرای ترس و بیمدا بەناو مردنێکی چڕدا ڕۆی تێپەڕی و لەو سەرەوە وەک هەتاوێکی کاکۆڵ سوور هاتە دەرێ. یەک لە دوای یەک چووە گەرووی مەحاڵەوە. چووە قوڕگی ئەژدیهاوە. چووە گێژەنی ژەهرەوە و چووە ناو سکی بەردەوە و لەو سەرەوە وەک گژوگیای دەم بەخەندە هاتە دەرێ. سەخت ژیا و ئاسان کوژرا. یەک لە دوای یەک خۆی کرد بەناو کونەدار و کونە گورگ و کونە مەرگا و توونی بابا و ئاوی ئاموونی ئەنفال و دوای ئەنفالی هەمووی بڕی و دیسانەوە لەو سەرەوە وەک گەرداوێکی تەوێڵ سەوز هاتە دەرێ. دژوار ژیا و سانا کوژرا! بەرد ئەزانێ.. پیرەمەگروون کۆڵی دابوو. «با» ئەزانێ.. ئەژنۆی چەرماوەند ئەلەرزی. خۆر ئەزانێ.. هەتاو لە ترسا خزابووە ئەشکەوتەوە. عەرد ئەزانێ.. هەر لە ترسان باران لێزمەی تەرک کرد. هەور چەخماخەی تەرک کرد. ڕەشەبا گڤەی تەرک کرد. کێوان دەستیان بە کڵاوی لوتکەوە گرت - هەتا بەعس نەیفڕێنێ - لەو دەمەدا و لەبەر باهۆزی ئەنفالدا کێ ڕای نەکرد؟ ! لەو دەمەدا منیش سەرم لە ئەوروپا و کلکی شیعرم لە ئێراندا تۆزی ئەکرد! لەو دەمەدا.. ئەو دەستانەی ساتە وەختێ لە دەستەکانی کوردستان نەبوونەوە لە عیشقی ئاوو منداڵ و لە عیشقی مەل و درەخت و لە عیشقی خاک و هەژاران چرکەیەک جوێ نەبوونەوە دەستەکانی «غەریبی هەڵەدنی» بوون! . دژوار ژیا و سانا کوژرا! . تۆڕی صەدام.. هەرچەندی کرد ئەم ورەیەی بۆ نەگیرا. ئاگری صەدام.. هەرچەندی کرد ئەم ئەوینەی پێ نەسووتا. ژەهری صەدام.. هەرچەندی کرد ئەم ڕووبارەی پێ نەخنکا گوللەی صەدام... هەرچەندی کرد ئەم پڵنگەی بۆ نەپێکرا. کەچی ڕۆژێ ڕۆژێکی هێمن و سادە ڕۆژێکی خۆش بێتەم، بێ ژەهر، بێ صەدام لە تەختایی ئازادیدا لە نەرمانیی ئازادیدا چەقۆیەکی دەستی خۆمان چەقۆیەکی ماڵی خۆمان بە سانایی سەری بڕی تف لە خۆمان!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرێ هەر ئەسووتێمهەتاکوو ئەم چرکە خوێناوییە بەدبەختەیش، هەر ئەسووتێم. لە ڕۆژی زاوزێی گوناه و تۆبەوە، زاوزێی تاوان و سزاوە، ئەسووتێم و هەڵئەقرچێم و ئەسووتێم. لە ئەوەڵ وەرزی کەوڵکردنی هەقەنازدار و جوانەکانەوە ئاه.. لەسەرەتای ئاهو و ناڵەی پەرییەکان و گرمەژنی، بەرەژانی، بارانەوە.. ئاه هەر ئەسووتێم و ئەسووتێم.. تا ئەم چرکەیە، تا ئەم نووزەیە. تا ئەم کڕووزەیە. لە ژێر ئەم ئاسمانە گرژەدا و لە ژێر ئەم گومەزی ترسەدا من و جەللادەکەم، هەردووکمان بێ وێنەین. لە وێنەمان نەبووەو نییەو نایشبێ من و جەللادەکەم، جەللادە هۆگرەکەم هۆگر بەسەرە ڕووتاوەکەم. هۆگر بە ئێسقانە سپییەکانم. هۆگر بە خوێنە ڕۆشنەکەم. لەم جوگرافیا خڕەدا لەم مێژووە درێژەدا لەم سیاسەتە بێشکڵەدا، من و جەللادەکەم کەسمان هاوڕێی وەک خۆمانمان بۆ نادۆزرێتەوە کەسمان نە ئەو بۆ شمشێرەکەی و نە من بۆ گەردنم. نە ئەو بۆ قولاپە بریسکەدارەکانی و نە من بۆ ماسییە ڕەشەکانم. نە ئەو بۆ ئاگرە شکۆدارەکانی و نە من بۆ بەهەشتە بێ ناونیشانەکەم نە ئەو بۆ دێوجامە ڕەنگینەکانی و نە من بۆ قەفەزە نەخشینەکانم نە ئەو بۆ دیوارە ئەستوورەکانی و نە من بۆ چاوە پەڕاگەندەکانم لە وێنەمان نەبووە و نییە و نایشبێ کەسمان لە وێنەی یەکتر بۆ نابینرێتەوە کەس کەس کەس! نە جەللادێکی مەزن و خوێن ساردی وەکوو ئەو هەیە و نە قوربانییەکی جوانی دەم بە پێکەنینی لەت و پەت کراوی وەکوو منیش. من و جەللادەکەم ئەم جیهانەمان وەکوو گایەکی لە خم خۆرکدا چەقیو سەرسام کردووە قیبلەنماکانی ڕامیاریمان چەواشە کردووە.. سەرمان: لە مێژوو، لە دایالێکتیکی مێژوو لە قانوونی دژەکان، لە یاساکانی گۆڕان و.. سەرمان لە کڵێسە و لە مزگەوت و لە کاتژمێری سەعات و لە بۆچوونەکانی مارکس و لە نزاکانی پاپایش تێکداوە! ئەوەتا جەللادەکەم، جەللادە هۆگرەکەم، لە ژێر زەمینە کۆنکرێتییەکانی خۆیدا، «ئەدۆڵف هیتلەر» پەلکێش ئەکاو هیتلەریش وەک پشیلەیەکی کێوی مۆمیاکراو لەبەردەم ئازارەکانما ئەوق بووە ئەوق. جەللادە شەیداکەم، کڵاوە قووچەکەی «جەنگیزخان»ی پڕ کردووە لە: داهێنانی نوێ و شانازییە تازەکانی مردن و جۆری مردن، لە دنیا نەبینراوەکانی دووکەڵ و خۆڵەمێش لە ئەشکەنجەی تەڕ و پاراو، لە فڕ و فێڵی دەم بە گوڵ، لە کوشتاری نەوازە، لە خاپوور کردنی بێ دەنگ، لە پرسەی سەوز و سوور، لە مەرگی موفاجاتی خێراتر لە ئەسپی بۆراق، ئەوەتا منیش: بە پارچەی پچڕ پچڕی ئاڵ و واڵای جەستەم. بەو ڕووبارە وەنەوشەییانەی کە ڕۆژانە لەبەرم ئەڕۆن. بە واق و ویقی برینە بچکۆلەکانم بە قیژە قیژی دار و پەردووی کارەساتەکانم بە گاشە بەردی سەرشانم و بە هەورازی بێ کۆتاییم بە لێکترازانی سەر و لەش و گۆشت و جومگەم ئازادییم وەک شینەشاهۆیەکی خوێن گرتوو حەپەساندووە! من و جەللادەکەم هەرچی پێشبینی، سیاسەتمەداران و ئابووریی ناسان و AIC و BGK ی و چەپەکان و ڕاستەکان و ڕۆژنامەنووسان و سەرخۆشی مەیخانەکان و هۆڵی کۆنگرەکانە هەر هەموویانمان بە درۆ خستنەوە، بەدرۆ! ئەو.. بەوەی تا ئەم چرکە خوێناوییە بەدبەختەیش ئەبوو.. ئەبوو: خۆڵ، کرم، ماروو، جانەوەرە گوناهەکان و شارە مێروولە ژەم بووردەکانی دوای هەشتی شوبات! . مشک و جرج و گۆڕهەڵکەنە هەژارەکان.. هەموو.. هەموو دەمیان تێبژەندایە و کەچی تا ئێستەیش تا ئەم چرکە خوێناوییە بەدبەختەیش.. ئاخ هەر.. ماوە، ئاخ! منیش بەوەی ئەبوو لەسەر شانی زیوینی (داد)ەوە ئەستێرەم دابگرتایە و بەژنی ئەم مێژووەم لە پشتکۆوە هەتا لەک لە پەلکە گیا و لە گوڵەباخ و لە گوڵە گەنم و لە کازیوەی بەیانەوە بپێچایە بەڵام تا ئەم چرکە خوێناوییە بەدبەختەیش هەر بەسەر: وەرین و هەر بەسەر: سووتان و هەر بەسەر: ژەهر و هەر بەسەر دووکەڵدا دابەش ئەبم! تۆ بڵێی جەللادەکەم «نوح» پێغەمبەر تەمەنی درێژی خۆی پێ بەخشیبێ؟ ! تۆ بڵێی منیش.. منی هەوێنی ئازاریش تا هەتایە هەر میراتگری خاچە جوانەکەی عیسا پێغەمبەر بم؟ ! ئێوەش! ئەی جێ نیشتەکانی پایتەختی تاعوون و شاری فەلاکەت! ئەی ئەوانەی بەردەوام لە کەرنەڤاڵی مردنی ڕەنگاو ڕەنگی خۆتان ورد ئەبنەوە و لەسەر لێواری خەرەندێکی قووڵیش دیلانێ ئەکەن تانە و تەشەر لە برینە سەرکەشەکانی من ئەدەن! گازندەیش لە خوێنی خەواڵووی خۆتان ئەکەن ئەی هاووڵاتیانی مەملەکەتی نانی گریا و و «کۆماری ترس»! من عومری درێژی جەللادەکەم لە ئەفسانەی وەنەوزی ئێوە و لە گۆڕستانی بێ دەنگیتاندا ئەبینم! ئۆباڵی ئەو تەمەنە لە ئەستۆی زەردی ترسنۆکی و لە ڕازی بوونی کۆت و زنجیری ڕۆژگارتاندایە. لە خەونی زڕ و نەزۆکتاندایە. لە قایلبوونی برسێتی و لە بەستەڵەکی ئارامتاندایە. ئێوەش! ئەی ئەفسەر و دەرەجەدارانی شان و مل و سەرسنگ پڕ لە: نیشانە و مەدالییا نەفرەتییەکانی کوردستان: پڕ لە: ئەستێرە کوێر و بەدبەختەکانی! ئێران و کوێت! ئەی کەڵەشێر ڕوکنەکان! ئەی سوپای -باسل-! بەرانبەر مریشکە جانەوەرەکانمان و بەرانبەر منداڵە دڕندەکانمان و بەرانبەر ژنە وەحشییەکانمان! بێ وێنەیی جەللادەکەم و تەمەنی درێژی شمشێرەکەی لەسەر چەپۆکان و حیلەی لە ناکاوی غیرەتە ئەسپی ئێوە وەستابوو بەڵام، ئۆه! «بەداخیشەوە نا» ئەو غیرەتە گوێ تەپانە هەرزوو لە کەلاوەکانی کوردستاندا و لەسەر نوێڵکی قەراغ زۆنگاوەکان سەگ خواردنی سەگ خواردنی سەگ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتاو سەبارەت: بۆ هاوڕێم کاک جەبار فەرمان لەو شەوەدائێوە بەوری.. باوبۆران بوون؟ یان ئەسپی گڕ؟ دارستانی زەنگ بەدەست بوون؟ یان چریکەی گەرووی چیا؟ کە کەوتنە ڕێ؟ لەو شەوەدا.. هەر لەیەکەم پەڵە هەوری سۆراخەوە هەر لە یەکەم بازرەقەوە: حیلەی شاخ و هاژەی مێژوو گڤەی زام و گرمە گرمی گۆڕستانی شەهیدان و بارانی شیعری ئێمەتان لەگەڵدا بوو! لەو شەوەدا.. کە کەوتنە ڕێ و ڕیز لە دوای ڕیز سەروملتان بوو بە چرا هەر لە یەکەم چەخماخەوە.. هەر لە یەکەم داڕژانی هەڵاڵەکانی جەستەوە تیرێژی چاوەکانمان و تیشکی خوێن و شەبەقی ڕۆحی ئێمەتان لەگەڵدا بوو! .. لەگەڵ باڵاتانا.. درەخت لەگەڵ پەنجەتانا.. قەڵەم لەگەڵ گوللەتانا.. وشە لەگەڵ باهۆزی قاچتانا سروودی دەغڵ و گۆرانی بەفرو ژنی ئەم وڵاتە سپییەتان لەگەڵدا بوو. لەو شەوەدا کە دار هەناری بەژنتان بەسەر پشتی ترس و بیم و بەردا سەرکەوت دوور و نزیک وەک گوڵ ئەستێرە و ئاگری شوان دڵۆپ دڵۆپ خوێنی «سوڵتان» ورشەو پرشەی ئەدا لە چاوی چەکتان و ڕەوەز، ڕەوەز پێشتان ئەکەوت. لەو شەوەدا دەستەکانی «عبدالخالق» وەک گوڵ ئەستێرە و ئاگری شوان دڵۆپ دڵۆپ خوێنی «سوڵتان» ورشەو پرشەی ئەدا لە چاوی چەکتان و ڕەوەز، ڕەوەز پێشتان ئەکەوت. لەو شەوەدا دەستەکانی «عبدالخالق» باسکی هەور و باڕێزە بوون نزیک و دوور وەکوو بریسکەی شەپۆلی بەر خۆرنشین یان پڕیشکێکی ئاگرین کۆترە سوورەی کتێبەکەی شەقژنی بوو دەشت لە دوای دەشت بەرد لە دوای بەرد پێشتان ئەکەوت لەو شەوەدا سەری «قاسملو» بۆ ئێوە مانگە شەوبوو سنگی «ڕانییە» ئەستێرکی گوڵەباخ و گۆمی پێنج مانگی خنکاو بوو بۆ سبەینێش لەو «سەر»ەوە و لەو سنگەوە و، لەو گۆمەوە گوێمان لێبوو وژەوژی مێژوویەکی تازە ئەهات «دووهەم بەهاری ڕاپەڕین» کازیوەی گوڵ و کانیی بوو هات و هەڵهات! . تاریکیی ڕیشی درێژی ئەئاڵاندە: ملی شیعرم. ملی گوڵم. ملی ژنم، سەدەی بەردیین بە تەورەوە گەڕبۆوە «سوڵتان سەلیم» هەر بەهەمان عەمامەوە «سوڵتان موراد» هەمان جبەی لەبەردا بوو هەمان فەتوا بۆ کوشتنی سەربەستیم و هەمان شمشێر بە دەستەوە و خوێنی منیش ئاوی سووری دەسنوێژی بوو! . تاریکیی ڕیشی درێژی بەردابۆوە سەر پەنجەرەم بە زامداریی هەتاوو ماچ و جریوە ئەگەیشتنە ناو ژوورەکەم. ڕیشی درێژیی تاریکیی.. جەندرمە بوو بەسەرسەری قەڵەممەوە ڕائەوەستا بەسەر سەری.. خەیاڵمەوە بەسەر سەری.. ڕەنگەکانی جل و بەرگ و پێڵاومەوە بەسەر سەری.. ئاوێنەوە، پەرداخەوە، شاییمەوە بەسەر سەری.. پێکەنین و جوانیمەوە بەسەر سەری.. سەماکانی جەژنی لە دایک بوونمەوە، ڕیشی درێژی تاریکیی جەندرمە بوو، پاسەوان بوو بەر باخەڵی وشەکانی ئەپشکنیم بۆ سووراوی لێوی شیعر و کلی چاوو، سەر ڕوومەت و بۆ گۆرەوی کورت و شانە و بۆ «ماسکارا» و بۆ «شانتۆڵ»ی دەزگیرانەکەم ئەگەڕا.. ڕیشی درێژی تاریکیی.. بە زۆر لەچکی بە گوڵاڵەی مێژووم ئەکرد. عەبای ئەدا بەسەر مانگدا. پاوپووزی شاری ئەبڕی. چاویلکەی (بێکەس)ی ئەشکاند. شیعری خەیامی ئەڕشت و بەستە و گۆرانیی ئەکوشت و سەد جەڵدەی ئەدا لە عەشق و هونەریش بۆ چینی دیوار! . تەوری ڕیشدار هاتنە ناوبێشەی ئێمەوە. هاتن دار بەڕووی هەتاوی دیرۆکی سەوز ببڕنەوە. هاتن سەر لەنوێ قەڵەمی «شەرەفکەندی» و جارێکی تر کتێبەکەی «عبدالخالق» بکوژنەوە. لە پڕ خوێنی شەهیدستانی هەژدە ساڵ بوو بە کێوێکی قرمزی و فوارە.. فوارە هەستایە پیان. لەو شەوەدا کێوی مێژوو گڕی گرت و دەوری بەرد و عەقڵی بەرد و شمشێری دەست نەیارانی ژن و شیعری کرد بە زوخاڵ! . هاوڕێیان! لەبیرتانە.. زەمانێ بوو دەوارێک بووین تاق و تەنیا لەناو زوقما وەک باڵامان خەم ئەیبەست و ڕۆژ ژمێرێ بووین بێکەس و قەڵەمێک بووین بێ کڵاو و تفەنگێک بووین بێ هەناو و تایپێک بووین دەست لەجێچوو! . چادرێ بووین وەک کوردستان تاق و تەنیا ئێمە گوڵێکی هەتاومان لە بەرۆکی دوا ڕۆژ ئەدا! . هاوڕێیان! نەهێنیی سەوزێتیی ئێمە لەوەدایە: نە ڕەگەکانی بەستەڵەک دەست و پێی تیشکمان ئەبەستێ و نە گوڵجاڕی لوتکەکانی سەرکەوتنیش ئەمانخاتە سەر دوو باڵی سیمرخێکی لەخۆبایی! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەناسە ساردەکانی گەرمیان -1-ئەگەر بەیانییەک ڕێکەوت ئا لەم دەشتەی گەرمیاندا کەڵێکتان بینی، سەرسنگ سوور، چوارپەل سپی، چاو ئاگرین. هیچ دەنگ مەکەن، دەسیش بگرن بە سنگەوە. ئەوە: «حەمەڕەشە» کەی خۆمانە و بەسەردانێ هاتۆتەوە بۆ لای «حەمرین»! . ئەگەر نیوەڕۆیەک ڕێکەوت ئا لەم دەشتەی گەرمیاندا بازێکتان بینی، گەردن سەوز، باڵ خوێناوی، پەڕ ئاڵۆزکاو.. بازێکی بێ ماڵ و هەوار هیچ دەنگ مەکەن.. ڕێگە بەردەن ئەوە «مەلا ئەحمەد»ی خۆمانە و بە سەردانێ هاتۆتەوە بۆ لای هەردوو جووتە خوشکی کفری و کەلار! ئەگەر ئێوارەیەک ڕێکەوت ئەسپێکتان بینی تەوێڵی کڵپەدار و یاڵ نارنجی و کەللە بچووک. هیچ دەنگ مەکەن، دڵتان خۆش بێ ئەوە «مامە ڕیشە»کەی خۆمانە و بەسەردانێ هاتۆتەوە بۆ لای کەرکووک! . -2- هەموو ساڵێ لە ناوەڕاستی شوباتدا لە ناوەڕاستی سەرمادا لە پانزەوە هەتا هەژدە بانگی شێوان، وەکوو دەربەندی باسەڕە و دڵی کێوان دەرگای حەوشەی ماڵەکانتان بکەنەوە. لە ژوورەوە تەدارەکی جەژنێ ڕێکخەن: چرا هەڵکەن، ئاگر خۆشکەن، چایی دەمکەن ئاڵای سەوز و سوور هەڵواسن، سەرینی پەڕ، جاجمی نوێ، پێخەفی تازە دەربێنن مۆم و بوغورد بسووتێنن. تاقە کەڵەباب سەر بڕن. بۆ میوانێ لەش خۆڵاویی و برسی برسی ئەگاتە جێ بۆ عاشقێ لە ئەشکەوتی «داری خلە»ی ئەنفالەوە کەوتۆتە ڕێ بۆ ئازیزێ وەکوو کلووی بەفر و پرشنگ وەکوو کزەی دەم سیروان و بۆنی گڵی باوە شاسوار لەم ناوەدا پەیدا ئەبێ هەموو ساڵێ لە ناوەڕاستی سەرمادا لە پانزەوە هەتا هەژدە دەرگاکانتان بکەنەوە و چاوەڕوان بن «مەلا ئەحمەد» ئەگاتە جێ! . -3- ئەی کیژانی ڕەنگ ڕێحانەیی ئەم مەڵبەندە ئەگەر چوون بۆ ڕێواسان و پیشۆکان و سێوی بن عەرد هەر بنەیەک لە شوێنێکدا ژمارەیان گەیشتە حەوت بۆ موفەڕکی سەبری ئەوین هەڵیان بگرن. ئەی کیژانی ڕەنگ ڕێحانە! ئەو «حەوت»انە: حەوت لەشەکەی حەوت براکەی ئەشکەوتەکەی «داری خلە»ی گەرمیانە! . -4- سەرم گردی شەهیدانە و قژم ئاپورەی ژنانی عەبا بەسەر سەرم گردی شەهیدانە و هەر شوێنێکی هەڵبەنەوە لەمپەڕەوە هەتا ئەوپەڕ: پەنجەی مانگێ یان دەم و لێوی کانییەک یان گەردنی قەسیدەیەک یان کاکۆڵی گوڵە گەنمی منداڵێکی گەرمیانی لێ دێتە دەر! . -5- ئەوە «مانگ»ە یاخود سەری «حەمە ڕەش»ە؟ لە بانێژەی ئەو هەورەوە ئەڕوانێتە خوێنی «حەمرین»؟ ! ئەوە ڕیشاڵ ڕیشاڵی ئازاری ناو کەرکووکە؟ یاخود ڕیشی مامە ڕیشە وەکوو لاولاو ئاڵاوەتە، دار فرمێسکێکی «خانەقین»؟ ! ئەوە حەوت پەڕەی گوڵێکی ناو ئەنفالە؟ وەکوو حەوت دەنکە گێلاسی چاوی کەلار لەسەر مێژوومان ڕووان؟ ! یان حەوت پەنجەی حەوت ئەستێرەی ئەشکەوتەکەی داری خلەی ژمارە چوار؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەژین بە باڵەبانی چ ژانێک بتژەنم؟ بتنێم بە لالێوی کام شوانی حەسرەت و گوناهمەوە؟ تا بیستنم بە بارانی ئەم دۆزەخە شیرینە گوڵ گوڵی و تەڕ و پاراو بێ؟ بە کام ڕەگی تێر ئاو بە ئازار، پژوپۆت شێت بکەم؟ بۆئەوەی لە خاچی ئەم باڵا سوورەی ئاسۆمەوە بئاڵێن؟ لە پێدەشتی ئەم گومانە زەرد و بەرینەدا کام ئەسپی یەقین بئاژوێم؟ بۆ ئەوەی بگەمە هەواری خۆڵەمێشت؟ ناتوانم بتژەنم و بتکەم بە باڵی ئەفسانەی ڕوانینم هەتا دڕ بە ئابڵۆقەی ئەم وەرزە نێزە بە دەستانە نەدەم، ئابڵوقەی: هەوەسە زێڕینەکان. ئابڵوقەی: دەمامک. ئابڵوقەی: کتێبە چەکمە لە پێکان. ئەم بەیانییە دەستی خۆم لە کۆتی شانی خۆم ئازاد کرد و پێم وت: بچۆ «با» لەسەر «ئاو» بنووسەرەوە گەردەلوول بخوێنەرەوە ساکاریی بکە بە تەم و مژ. شەوەزەنگ هەڵهێنجە بۆ هەڵتەکاندنی بورجی سیای فەرهەنگەکان بوومەلەرزە بە. سیحری شیعر بەو سرووشت تەوق کە. ڕێی نەهاتێ بگرە کە وتیان پیا مەڕۆ لە ڕواڵەتی بە بریق و باقی گەڵاکان گەڕێ و بەرەو بنج داگەڕێ. پێم وت: بڕۆ و گوێ مەدەرە «سەر»م. «سەر»م: ئەو سوڵتانەی تا ئەم چرکەیەش هەرخۆی لە کفنی تاریکستانەوە پێچاوە و بە دڵنیاییەکی گەوجانەوە هەتا ئێستەیش لە نێو تابووتی پەندە بوێرشەکاندا ڕاکشاوە. بڕیارم دا، ئەم بەیانییە، وا بتژەنم. بڕیارم دا: دەست بکەمە گەردنی مەحاڵی ئەو دیو سنوورەکان چوارچێوەکان فەرامۆش کەم گەردوون بێنمە نێو چاوانمەوە بە باڵی فڕینێکی بێکۆتایی ئەوینت بکەم بە ئاسمان. پەنجەکانم بەرەڵا کرد: بۆ ئەوەی شار و شارۆچکەی ئەم «زمانە» بهەژێنن ئەو دیوارە نەفرەتییانە بڕووخێنن کە قامووسی تاریکیی و وشەی نۆکەریی دەست لەسەر خەنجەر سەقامگیری کردوون. قەڵەم بە دەوری کاغەزدا کەوتە حیلە: دواتر بوومە یاوەری و بەجووتە ملی بن بیفە ترسناکەکانی ئەوینمان گرت. باڵە خوێناوییەکانی قەڵەمم داگیرساند ئەو باڵانەی وەک باسکی داستانەکان سرەوتیان بۆ نەبوو. لەو هاوارانە ئەچوون کە لە دووڕیانی نەمری و بزربووندا بە مەحاڵی بەخشندە، بە ترسی ئێسک سووک، بە مردنی بە شۆڕش ڕازاوە، ئەگەن و ماچیان ئەکەن. مێژووش خێڵی تۆڵە بوو. دەمی بڕندەی ئەو یاسا بەردینانە بوو کە هەموو ڕۆژێ لەسەر سەکۆی خوایەکی دڵڕەق وەکوو ئاسکێکی پەڕاگەندە و لانەواز، سەریان ئەبڕیم. بەڵام من دوای هەموو سەربڕینێ هەڵئەستامەوە سەرپێ دیسانەوە ڕووم ئەکردەوە: ڕووگەیەکی تازەی تۆ. گیانی نوێخوازم.. گیانی گەڕیدەی ڕەجم کراوم وەکوو «سەمەندەر» دیسانەوە بە خەون و گۆرانی و سەما هەڵئەگیرسایەوە، دائەمرکایەوە، هەڵئەگیرسایەوە، ڕێگەم ڕێگەی ئەوینی ڕووت و ڕەجاڵم: بۆ ئاوی تینوو، بۆ گوڵە گەنمی برسی، بۆ پرشنگی وێڵی بێ ئەنوا.. ئەکردەوە. هیوام رافزییەکی عاشقی بێپشت و پەنایە سۆزەکانی «حەللاج» ناوکیان بڕیوە. من سەرەتای ئەو یاخی بوونەی مەرگی خۆم.. سەرەتای ئەو شێت بوونەی دەستم لە بیرە: کاتێ پەنجەم لەسەر گردۆڵکەیەکی شەوەزەنگی زمان کەوتە قاسپە قاسپ و خوێندنی ڕەنگاو ڕەنگی بە گوێچکە نائاشنا و بە چاو نامۆ. لەوساوە ئیتر یەکەمین هێڵی کازیوە لە مناڵدانی «ڕستەیەکی نوێدا» سەری لە قەڵەم جوقاو بە نەفرەت کرا. ئەوسا منیش نەفرەتم لە یەکەمین لە دایکبوونی شێوێنراوی خۆم کرد. بەفری ڕوانینێکی نوا باریوم پێشکەشی بوونم کرد: کە لە گەرووی سێدارەکانمدا زابوون. ' ئەو سێدارانەی هەموو شەوێ لە ژوورەکەمدا ڕیز ئەبن' لە فرمێسکی ئەو گوڵە نامۆیانەدا «کە لە سەرمێزەکەم.. هەڵئەقووڵین» لەو نیشتمانە گرمۆڵەیەدا «کە سەری لە گوێ قەبری چرپاکەم ئەلەرزێ» جارێکی تریش گوڕم بەستەوە گوڕبەستنەوەی شەیتانێکی دڵنەرمی بازۆڵە ئەستوور. بێباک بووم، بێدەربەست.. لە چاوی ئەو وشە- جاسووسانەی شوێن پێی شەپۆلیان هەڵگرتبووم. بێباک بووم، بێدەربەست لە داوی ئەو «زاراوانەی» بۆ خەیاڵم نرابوونەوە. ئیتر ئەوسا «قەناعەت»م وەک بلیتی «یانسیب»ێکی دۆڕاو لەت و پەت کرد. زەمانم وەک سەعاتە ژەنگ گرتووەکەم شکاند. بە هەوێنی تیشکی ئەم بەیانییەیش نانم بۆ خۆشەویستییەکی هەژار و بێ داڵدە و نیشتمانێکی ئاوارە کردەوە. ئەو دەستەیش کە بەڵێنی هەژین و بوومەلەرزەی بە «زمان»داوە بارانی خەون، لە هەڕەتی تێکشکان و هەرەسدا لەسەر تەم توومان ئەنووسێتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادداشتی کۆترە کێوییەک لە ناو ڕیشی دەوەنێکدا خۆم شاردەوە وگوێم گرت لە بەردی ڕەوەزێ تاقە خەمی بەرد ئەوەبوو: ئێستە و دواڕۆژ لەو شاخەدا هیچ ڕەوەزە بەردێ نەبێ لە ئاست ئەودا سەر هەڵبڕێ و لەو بەرزتر! لە بەرۆکی ئێوارەدا خۆم شاردەوە و گوێم گرت لە جۆگەلە ئاوێ تاقە خەمی ئاو ئەوەبوو: ئەم کەی ئەبێ بە لافاوێ و لەم وەرزەدا ڕۆژێ زووتر جۆگەکانی تر قووت ئەدا! لەناو قژی تەم و مژدا خۆم شاردەوە و گوێم گرت لە ڕازی بولبولێ: تاقە خەمی ئەم بولبولەیش هەر ئەوەبوو لە وڵاتی ڕەنگاوڕەنگی گۆرانیدا ئێستە و دواتر هەرگیز دەنگێ پەیدا نەبێ لەخۆی خۆشتر! لە پشت ملی کەنتۆرێکدا خۆم شاردەوە و گوێم گرت لە ئاوێنەی جوانێ تاقە خەمی ئاوێنەکە هەر ئەوە بوو: کوێر بێ و بشکێ و ورد و خاش بێ و بەڵام ئەو ڕۆژە نەبینێ لەبەر ئەودا لە پەریخانی شاژنی ژنێکی تر هەبێ جوانتر! لە دواییدا، ویستم بچمە پاڵ سنووقە فیشەکێک و لە سێبەریا خۆم حەشاردەم.. گوێ لە خوێنی مێژووم بگرم کە هەر مێژووی خۆم کوشتووێتی و بۆتان باسکەم! گوێ لە گەردنی پەڕیوی خۆم ڕابگرم کە هەر دەستی خۆم پەڕاندی و بۆتان باسکەم! گوێ لە سێدارەی دەنگی خۆم.. کە هەر خۆم بووم بە سێدارەی.. گوێ لە زیندانی خەونی خۆم کە هەر خۆم بووم بە زیندانی و بۆتان باسکەم! بەڵام تفەنگ.. تفەنگ.. تفەنگ.. پێی زانیم و فریا نەکەوتم هەڵفڕم بە دوو باڵی شکاوەوە.. لە بەردەمی ئەودا کەوتم! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەکانە پرسەی زیندووانە و، عومری ژنە دیرۆکێکی نەزۆک! . ئەوەتا لەم گۆڕستانە بە بژوێن و جوانەدا تاک تاک و بە کۆمەڵ لەسەر گازی پشت پاڵکەوتووین و چاومان بڕیوەتە چاوی ئەستێرە بەدبەختەکان. ئەستێرە خۆڵەمێشییەکانی ئاسمان.. ڕەنگمان، دەنگمان، بوونمان: وەک پۆشاکمان تۆز و گەردی هەزار ساڵەی بەهەشتێکی ڕووخاو و تاڵانکراوی ئەبەدیی لێ نیشتووە! . لەم گۆڕستانە بە گوڵزار و جوانەدا کەس خەون نابینێ! . کەس لە پێستی بۆگەنکردووی هەڵناگەڕێتەوە.. کەس. کەس مێش و مەگەزی سەر برینەکانی خۆی دەرناکات.. کەس! . تەنانەت کەسیش وڕێنەیەک چییە بە ئایندەوە.. ناکات! . ئایندە نییە. نییە، نی! . قات و قڕیی خەون و، قات و قڕیی خۆشەویستییە! . حەسرەتمان.. ئاخ.. حەسرەتمان لە کوێرێکی زەلیلی دەروەزەکەر ئەچێ لە نابینایەکی بێ ماڵ، ئێمە لەگەڵ باپووسکەی «ڕێککەوت»دا پەیمانێکی تا هەتاییمان بەستووە! . چۆن هات و لە کوێوە؟ .. ئێمە لێرەین.. لە ڕۆژهەڵات یان لە ڕۆژئاواوە.. ئێمە هەر لێرەین! دێت و وەک پووش و پەڵاشی دەم گەردەلوولێکی شێت وەک تووکەسەری ئاوبردوو وەک لاپەڕەی ڕۆژنامەیەکی دڕاو وەک تاکە گۆرەوییەکی کۆن وەک دووکەڵی جگەرە ئەمانفڕێنێ و ئەمانبات و تێکەڵ بە بزربوونمان ئەکات. ئای لەم گەمە شێتانەیە ئێمە خۆمان بە لقی شکاوی مێژوویەکەوە هەڵواسیوە ئەوەتا لەرەلەرمانە و هەر ساتە ناساتێکیش لقەکە قرچەیەکی لێوە دێ! . وای لەم سەمای ئێسقانە قرچۆکانە وای لەم ژیلەمۆ سارد و وای لەم بەستەڵەکە گەرمانە! . من سەرلەبەری ئازارەکانی خۆم پشکنی. من سەرلەبەری شانازییەکانی خۆم هەڵدایەوە. من تەواوی مردنەکانی خۆم ژمارد. بەڵام لە هیچیاندا خۆمم نەدۆزییەوە لە هیچیاندا سێبەر و هەتاوێکی ڕاستەقینەم نەبوو قەت... قەت.. قەت نە سەرەڕمی شەڕی خۆم بووم و نە دەنووکی کۆتری خۆم. نە ئەسپ بووم و نە حیلە بووم و نە قریوە قریوی سوار من پاشبەندێکی بێ سەر بووم، پاشبەندێکی گرمۆڵەی بەر نووکەشەقی قەشەکانی ڕۆژئاوا و مەلاکانی ڕۆژهەڵات. من ئەو دەوەنەم ئەو دەوەنە گرگنە خۆهەڵکێشەی کە نەبووم بە دار و نەبووم بە دار و، نەبووم بە دار! . بڕواننە ئەم پێستە کەوڵکراوەم، ئاڵای شەق و پەق بووی شانازی و سەروەریم چارۆگەی شیتاڵشیتاڵی بەلەمە سەرگەردانەکەم ئەو گەمیەیەی کە وەکوو ئەستێرەیەکی خوێن لەبەر چۆڕاوی مەرگ. گەیشتە سەدان بەندەری تەماویی بە ترس داپۆشراوی، دوای شەڕوشۆڕی بێئامانی پادشاهان و سوڵتانان و دوای بە هەپروون بوونی خۆم. ئەو بەلەمەی گەیشتە چین و ماچین و گەیشتە دوا لێواری بە مردن ڕازاوەی سەرزەمین. ئەو گەمیەیەی بارکرا لە کەللەسەر و بارکرا لە خۆڵەمێشی لەشی عاشقان و بارکرا لە ئێسک و پروسکی سترانەکان و بارکرا لە زێڕ و لە گۆی مەمکی کچان و لە ئەڵماس و لە گەوهەر و بردمەوە بۆ ئاستانەکان، بۆ تاران و بۆ بابی عالی و.. ئەو بەلەمەی مێژووی چڕوپڕی شەپۆلە ڕووزەردە بە هەڵپەکانم ئەگێڕێتەوە. ناو و ناوبانگی گەورە و بریقەداری سەرکەوتنم بەسەر ژن و منداڵ و پیرەمێرددا پێئەبەخشێ! . ئاوڕ بدەنەوە ئاوڕ لە جوامێریم من شمشێری هەڵکێشراوی ڕیزی پێشی پێشەوەی بەهەشتییەکان بووم. لە ژێر ئاسمانی مسینی هەزاران شارو شارۆچکەدا، وەک یەکانە دڕەکان جەنگیم. من دەستێکم لەسەر شوورەی چین و قاچێکم لەسەر پاردەکانی ئیسپانیا جێمان. لەویانەوە: چەندین مشت، پڕ بە سکم، پڕ بە گیرفانە گەورە و پان و پۆڕەکانی شەڕواڵەکەم: دوڕ و یاقووت و گەوهەرم بردەوە بۆ خەلیفەی ئاخر زەمان. لەمیشیانەوە: پڕ بە ئاوەڵکراسی ژنەکەم: بۆنخۆشترین شووشە عەتر و، مرواری و مەرجان و زومردیش بۆ خەلیفەژن! . من هەمیشە کۆیلەی تاجە خوێناوییە پرشنگدارەکانی دراوسێ ئازیزەکانم بووم. لایەنگری چەقۆی سەرگەردنی شاخە ڕووتەڵەکانم.. من هەمیشە درێژترین باوێشک بووم لە زاری ئەم سەر زەمینەدا! . ئاخ! من تەنیایەکی بە نەعلەتکراوم لە ژێر ئەم قوببە سامناکەدا و لەبەر هەتاوی سووری سزای ئەبەدییم، بەردەوام و بەردەوام بە زمانی چون پەڵاسم زامەکانی خۆم ئەلێسمەوە. من کوت و مت لە قەلەباچکەیەکی ڕەشی شەل ئەچم. قەلەباچکەیەکی بەسزمان و تەمەڵ. هێزی قیڕاندنم تێدا نەماوە. هەموو جار ملم ئەکەم بە ژێر باڵە ڕووتاوەکانمەوە و بۆ سەدەیەک و دووان و سیان ئەنووم. من تەلیسمی بێهودەیی، جادووی بێ هۆش و گۆشیی، ڕێ نوماییم ئەکەن! . من ئاوەزم لەسەر مەشقکردنێکی سەختی بیرنەکردنەوەی درێژخایەن ڕاهێناوە. بە سەبری تەوەزەللی. بە چاوەڕوانیی بێکۆتایی. بە پێشوازیی کوتوپڕی مردنی هەمەچەشن هەمەڕەنگ.. ڕاهاتووم. خوویەکی نەگۆڕم بە دروونی کفن و، داتاشینی تاتەشۆر و، هەڵکەندنی گۆڕی خۆمەوە گرتووە! . خوویەکی نەگۆڕم بە لەسەر پشت پاڵکەوتن و ئەبڵەق بوون و تێڕامانی هیچەوە گرتووە. من ئەتوانم ئەو چاوەی دامخست سەدەیەک هەڵینەبڕم! . ئەو قوڕوقەپەی کردم تا دوو سەدەیش دەم نەکەمەوە.. ئاخ من تاکە کەسم گوێم لە پرخە پرخی تاسەنەی خۆمە و خەبەریشم نابێتەوە! من ئەم هەموو داب و نەریتە پیرۆزانەیشم لە باپیرە هەرە گەورەکانمەوە بۆ ماوەتەوە لە و باو و باپیرە سمێڵ بابڕ و کەللەشەکەکانەوە کەللە بەرانانەوە، .. کە جگەرەی دەم باسقەنە درێژەکانیان بە ئاگری ماڵە سووتاوەکانیان دائەگیرساند و هەرگیزاو هەرگیزیش چاویان نەئەکزایەوە! من بێباکێکی مەزنم! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاخێک هەراسانم مەکە.. زریان! با نەتدەمە دەست هەڵبەستێکی هەللاجی شێت و تووڕەم بێتە سەرت و شیتکاتەوە و بتکاتەوە: بە لۆکەی شنەبایەکی ترساوی پاڵ گردۆڵکەکان! هەراسانم مەکە.. باران! با نەتدەمە دەست دۆزەخێکی ئەوینی غەریبیم و بێتە سەرت و ئاگر پرژێنت بکات و بتکاتەوە بە پۆپەشمینی هەڵمێکی شیتاڵ شیتاڵی گوێ سیروان! تۆیش ئازاری نا ئومێدی و لێک دابڕان! ئەمشەو هەراسانم مەکە با زریان و با بارانت بۆ نەهێنمەوە و نەتدەمە دەست هەڵبەستێکی سوورە هەتاوی ڕۆحم و نەتکەمەوە: بە ئاخێکی زۆر بچکۆلەی قژ زەردی تەمەن پێنج ساڵەی بە جێماوی.. ئەنفالەکان! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئافیش لەسەر ئەم کورسی پاییزەخەریکە چاوم هەڵوەرێ بەرامبەریش هەر وەکوو خۆم کۆنە ئافیشێکی دیوار لاشان بەربوو بەدەم (با) وە هەڵ ئەلەرزێ و وا خەریکە وردە.. وردە ئەخزێتە خوار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوی شیعر من هەندێ جارکە ئاو لە وشەم ئەبڕدرێ و ئەبمە کاغەزێکی قاقڕ. کارێزکەنێکی خەیاڵم دائەهێڵمە ناو قووڵایی مێژوومەوە: خەم هەڵکەنێ و خەم هەڵکەنێ تا ئەگاتە ئاوی شیعر! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارەیەک هەزار ڕێکەوت، بوون بە هەزارشەوی مقەست باڵیان کردم. هەزار ڕێکەوت، بوون بە هەزار دەستی کۆست و قفڵیان کردم هەزار ڕێکەوت، بوون بە هەزار دارە مەیت و هەڵیان گرتم. بەڵام تاقە ڕێکەوتەکەی تۆ بوو ئێوارەیەک بوو بە ئاسمان بوو بە کلیل بوو بە لانکە و بووم بە شیعرێکی نوێ تر و دەم بە گۆرانیی هاتمەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسپ و چرا و مانگ -بابە بۆچی ئەسپەکەی «شێخ»لە بناردا کەوت و گلا و نەبوو بە «با» و بە بروسکەو سەرنەکەوتە سەر ترۆپکی پاشەڕۆژ و شاخی هەتا و؟ ! - کوڕم.. ئینگلیز.. داوی ئینگلیز ئینگلیز.. خستی ئینگلیز.. گرتی ئینگلیز.. کوشتی! - ئەی بابە بۆ چرای ئاڵای ناو بەفرانباری مەهاباد لە تەمەنێکی زۆر کورتدا کورتتر لە گوڵی دار چوالە و کورتتر لە خەونی پەپوولە پرشنگەکانی هەڵوەری و دڵی وەستا؟ ! - کوڕم! فووی ڕووس فووی «ستالین» و «سەڵتەنە» و گۆڕینەوەی خوێنی کوردستان بە نەوت و مەزاتە گەورەکەی دنیا! - ئەی بابە ئەم «مانگ»ەی ئێستا کە لە ئاسۆی خوێنمانەوە بوو بە خەونی گۆیژە و مەتین وسەفین و لە ناو سەری مێژوویەکی شەهیدەوە خەرمانەی دا؟ ! بابە.. بابە ئەی ئەمەیان ئەم مانگەیان کێ ئەی کوژێ؟ ! - کوڕم.. کورد خۆی.. هەر خۆی و خۆی کەسی تر نا ئەمجارەیان خۆی ئەیکوژێ خۆی ئەیکوژێ خۆی!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوینی سپی من وامزانی تەوقەیەکە ڕاگوزاری وئیتر دەستم دەستەکانت بەجێ دێڵێ. من وامزانی سەرنجێکە ڕێبوارانە و ئیتر چاوت چاوەکانم بەجێ دیڵێ. من نەمزانی و بەختەوەر بووم کە نەمزانی. ئەوا ئێستەیش دەستەکانت بوونە هێلانەی هۆنراوەم. من نەمزانی و بەختەوەر بووم کە نەمزانی. ئەوائێستەیش چاوەکانت بوونە پرشنگی سەرچاوم ئاه.. گیانەکەم! لە ڕێ و بانی ئەم ئەوینە سپییەدا ئێمە ئێستە بووین بە دەستێک ئێمە ئێستە بووین بە چاوێک ئێمە ئێستە بووین بە دڵێک ئاه.. گیانەکەم! دووکەس بووین و لە جیهانی ئەم عەشقەدا بووین بە کەسێک! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باران کە ئەگریایتلەو ساتەدا هەورێ بووم و لە چاوتا بووم کە داڕژای، گەرم.. گەرم دڵۆپێ بووم لەخەمەکانی ئاسمانت وەختێ گەیشتمە سەر لێوت جارێکی تر هەڵم بووم و هەناسەی ساردت لێی دام و دیسانەوە من بوومەوە بە بارانی نیگاکانت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بازنەی ئاگر بۆتان بێ عشقی «مەم و زین» ئەبێ چی بێ؟ ! مەم و زین بێ شیعری خانی ئەبێ چی بێ؟ ! خانی بێ شەوقی زمانی کوردی چییە؟ ! کورد کە کوردستانی نەبوو ئەبێ چی بێ؟ ! کوردستانیش بێ ئاگرەکەی شاری کەرکووک ئەبێ چی بێ و ئەبێ چی بێ و ئەبێ چی؟ !! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ دوو میوان لەسەر بەردێبەیان پرچی بارانێکی ئەهۆنیەوە. لە دەفتەری مێرگێکیشدا بارانیش جۆگە شیعرێکی ئەنووسیەوە. لە جۆلانەی شەپۆلیشدا شیعریش بەدەم سەمای وشە و درەختەوە بۆ دوو دڵداری میوانی دیوانی باران و کەژ و خەونی بەرد و ئاسمانێکی ئەخوێندەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرد لەسەر تەوقە سەری ئەزمڕوەختێ زەردە. لەو ئاستەدا کە شار وەکوو باخی نارنج یان ئەستێرکی کەڵە پشکۆ، دەرئەکەوێ! . لەو ئاستەدا بەردێک هەیە وەکوو مێژووم تاق و تەنیا. وەک مەزاری (نەجم الدین)ی کەشتییەکەی نووح تاقو تەنیا. بەردێ جێ پەنجەی حەزرەتی نالی و سیمای ئەوی لەسەر نەخشە بەردێ وەکو جەستەی شیعری (فایەق بێکەس) هەمووی ڕێ ڕێ. بەردێ تەنها چەند مانگێکە دوا تەڵزمی کۆستێکی نوێ لە دەستەکانی بۆتەوە و ئێستە مەرگ و ئێستە شەوو ئێستە خوێنی لەسەر ئەڕوێ. بەردێ، بەردێ کە بینیتان لائەدەن و دەوری ئەگرن یەکە یەکە یان بە کۆمەڵ ئەچنە سەری و بۆ یادگار لەگەڵ شاخ و لەگەڵ هەور و لەگەڵ خەم و لەگەڵ یەکدا وێنە ئەگرن! .. بەردێ.. بەردێ ئازیزینە! خۆم گۆڕیوە خۆ دەرناخەم من لەسەر دەم پاڵ کەوتووم و سەرم دێشێ و پشتم دێشێ و دەنگیش ناکەم ئەو بەردە منم من! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەردەوام خۆشەویستی بە پەلکە گیایەک ئەنووسم ودارستانێک ئەخوێنمەوە. دڵۆپێ باران ئەبینم گوێم لە هاژەی زەریایەکە. دەنکە گەنمێ لەسەر دەستمە و خەرمانێ وا لە گیانمایە! تاڵێ قژی یارم پێیە و خۆشەویستیم لە پاڵدایە. من ئێستاکە یەک دێڕ شیعری نالیم لایە و کوردستانم لەگەڵدایە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەندەر سەدو پێنج کورسیی ڕەنگاوڕەنگپەنجای سەوز و پەنجای زەرد و پێنجی مۆر و ڕووبە ڕوویشمان: هەزار و یەک.. کێشەی ڕەش و ترسی تەڵخ و گێژی پرسیار! . بەڵام هەموو لە ناو ئەم کەشتیی هۆڵەدا لەگەڵ سەوڵی زیوینی دەس بیست و پێنج ملیۆن دار بەڕوو ڕوومان کردۆتە بەندەری ئایندەیەک وەکوو گەنم پرچ زێڕین و وەکوو ئاشتیش بەژن سپی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڵام من ئەزانم ئەگەر ئێستەگوڵە گەنم بێتە قسە.. بێتە دووان بە خەرمان داخ هەڵ ئەڕێژێ لە دەست ئێمەی گەورە کورسی و گەورە چەک و گەورە گیرفان.. من ئەزانم لەتاو هاربوونی نان و ئاو لەتاو دزی دەست و پەنجە لەتاو بەرازی سیاسی و لەتاو قرژاڵی قاچاغچی و لەتاو ڕووخساری «موزەوەر» ئەگەر شەقام ببزوێت و دەستکاتەوە و هەڵسێتە پێیان ڕەنگە درەختمان تێبگرێ ڕەنگە عەموودمان تێبگرێ ڕەنگە پەیکەر و پێپلیکە و چەتری پاس و ڕەنگە شۆستەمان تێبگرێ بەڵام من ئەوەیش ئەزانم ئێستە.. ئێستە کە بێ دەنگیی گوڵەگەنم و کە بێ دەنگیی شەقامەکان بە تەنها هەر لەبەر چاوانی ئازادی و نەهاتنەوەی ئەژدیهاکە و کوللەی بەغدا و قاچی بەعسە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاقەجار ئەو سەرنجەی گرتتە چاومهێندەی نەبرد، وا هەستم کرد: چاوانم بوون بە دوو زنەی گوڵ و شیعر و لە بناری نێو چاوانما هەڵ ئەقوڵێن. ئەو دەستەی خستتە دەستمەوە هێندەی نەبرد وا هەستم کرد دەستەکانم بوون بە شەقامی تریفە و مەم و زینی پێدا ئەڕۆن. بۆ تاقە ماچی خوداییش من چی بڵێم؟ ! هەتا ئێستەیش وا هەست ئەکەم هەر ئەوجارە تاقە جار بوو لە توانەوەی ئەو ماچەدا من کێوی توور و من مووسا و خودام دیوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: توانەوە کە تۆ ڕۆیشتی.. کورسیەکەت وتەڵێ گوڵ و پەرداخەکەت لام مانەوە یەکەمیانم کرد بە تەختی شاشیعرێکم. دووەمیانم لە کەنار ڕۆحما ڕووانەوە سێهەمیشیم پڕکرد لە ماچی ئەو دەمە و هەڵم بڕی بیخۆمەوە کەچی من خۆم تیا توامەوە! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ تۆ ئەگەر درەخت بوویتایەدار هەرمێی گوڵ سپی ئەبووی. تۆ ئەگەر کانی بوویتایە لە بناری کەکۆن ئەبووی. تۆ ئەگەر چرا بوویتایە چرای سەر شاعیرێک ئەبووی ئەگەر شارۆچکە بوویتایە، کۆیە ئەبووی. ئەگەر کتێبێک بوویتایە، مەم و زینی خانی ئەبووی. ئەگەر تاڤگە بوویتایە، بێخاڵ ئەبووی. ئەگەر قەڵەمیش بوویتایە، قەڵەمەکەی شێرکۆ بێکەس ئەبووی! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشا ماوەیەکە من خۆم فێریزمانی زەریاکان ئەکەم هەتا ڕۆژنامەی شەپۆل و گۆڤاری تەم بخوێنمەوە و لە گفت و گۆی: نێوان هاژە و کەنار بگەم! . ماوەیەکە من خۆم فێری نۆتەکانی باران ئەکەم تا گیتاری (با) بژەنم و پیانۆی ڕێژنە لێدەم و لە کۆنسێرتی جۆگەکان و لە کۆڕاڵی ڕووبار بگەم! . ماوەیەکە من خۆم فێری مەلەی ناو بێدەنگی ئەکەم هەتا گێژەنی پرسیارم قووڵ بێتەوە و بچمە ژێر وشەکانەوە و دەستبەم لە بنی نەهێنی و لە گومان و لە مردن و لە خوا بگەم. ماوەیەکە من خۆم فێری هەڵگەڕان ئەکەم بەشەودا هەتا چاوی ناو مەترسیم تیژ بێتەوە و بچمە سەر دوندی تەنیایی و لەوبەرزەوە سەیری جیهانی خەم بکەم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنیایی تەنیایییەکساردتر، لە کڕێوە خوێنی ئێوارانی ئێستەی وڵات دەوری داوم.. تەنیاییەک جارێک ئەمکا بەو گەڵایەی، چڵەکەی خۆی: فڕێی بداتە بەر قاچی گەردەلوول و جارێکی تر بەو باڵدارەی لە شەوێکی بەفرانباردا هێلانەکەی خۆی دەری کا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنیاییت تەنیاییت ژوورێکە بۆ شیعری غەریبیملە ناویا، ئەبارێم، دائەکەم، شەست ئەکەم سەرتاپای کەژانی خەمانت تەڕ ئەکەم. ئەی کچی نامۆیی و هەڵقرچان! تەنیاییت هەروەکو تەنیایی کوردستان بە هەردوو کردوومیان بە چاوی زستان و بە داری گریانی دوای خەزان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانە دڕندەکە تانسۆچیللەر! تابلۆیەکە لە قژی زەرد دووچاوی مەست لە گەردنێکی کافووریی و سنگێکی بەرز. تانسۆچیللەر! تابلۆیەکە لە ئاسمانی لەشێک سپی ورد بەرەوە! لەو قژەدا تەلبەندی دڕکاویی شەوو لەو چاوەدا نووکە سوونگی و لەو ملەدا ئەڵقەی پەت و لەو سنگەدا نارنجۆک و گوللە تۆپ و سەری بڕاوم ئەبینی! . باش گوێ بگرە لە ئاسمانی ئەو لەشەیشدا قیژەی ئاوم و قیژەی دایکم و زریکەی مێژووم ئەبیسی! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جیمس جۆیس سەر ئەوەندەیگوێزی هیندی. عەینەکێکی بازنەیی لەشێک هەر تۆزێ لە قامیش بە خۆوەتر. لەو گوێزەدا زەریا ئەژیا. لە بن عەینەکدا دوو خۆر و لە قامیشدا سیمفۆنیا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حیلە و گرمەژن ئەوە ئێوەن، ئەمێستاکە، دیسانەوەڕەوە تیشک و ڕەوە زامی ئەو پێ دەشتەن! ئەوە ئێوەن، ئەمێستاکە، دیسانەوە.. «بای»ی سروودی مەشخەڵانن و لە پێشەوەن بەڵێ ئێوەن، ئەمێستاکە، بەدەستەکانی گەرمیان بە هاواری باوە شاسوار بەسەری پردێ و کوڵەجۆ لە دەروازەی سینەی ڕەشی کەرکوک ئەدەن زۆرتان لەوێن.. ئەتانبینم: مامەڕیشە بە چل گەزی پشتێنەوە حەمە ڕەش و کاسکێتەکەی مەلائەحمەدو ڕادیۆکەی مەلائاراس و هەگبەکەی.. نازم و کۆڵە پشتەکەی هەموو لەوێن.. ئەمێستاکە تەنها حیلەی ئەسپەکانی شیعری من و گرمەژنی هەوری دەنگی فەرهاد سەنگاویتان کەمە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەسەن کوێستانی لەم شیعرەدا بەفر ئەبارێ وسەرم شاخە لەم شیعرەدا گوڵ ئەبارێ و لەشم خاکە لەم شیعرەدا کچێکی جوان ئەجریوێنێ و منیش شەوم. لەم شیعرەدا خەم باڵ ئەگرێ و منیش ڕێگای کۆچ و ڕەوم. لەم شیعرەدا.. من درەختی سپی پۆشی سەر ئەزمەڕی سلێمانیم.. لەم شیعرەدا.. ئێستە زستانێکی سوورە و من نمە نمەی بارانی سەر گۆڕی حەسەن کوێستانیم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەم و خەم - بەیانیت باش بەفری هاوڕێ! بۆ تەنیاییم چیت هێناوە؟ ! - خەمێک سپی! - نیوەڕۆت باش نمەی بارانی غەریبی! بۆ تەنیاییم چیت هێناوە؟ ! - خەمێکی تەڕ. ئێوارەت باش (با)ی بێ داڵدە! بۆ تەنیاییم چیت هێناوە؟ ! خەمێکی تیژ. - شەو باش باڵندەی تاریکی! بۆ تەنیاییم چیت هێناوە؟ ! - خەونێ، نەبەفری تیا ئەنوێ و نە باران ونە(با)و نە تەنیایی و نە چاوەکانی شاعیرێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەون سەبارەت: ١٩٩٢ من ئێستاکەهەموو شەوێ گوڵە گەنم دێتە خەوم ئەمکا بە دەغڵ بۆ خۆیی و بۆ بەیانیی کە هەڵ ئەسم نە ئەو دیارە و نە من دەغڵ و برسیتر بووە تەمەنم! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەیاڵ بێ ئەوەی لای هیچ ڕووبارێ خوێندبێتمبە زمانی ئاو ئەنووسم. نەچومەتە قوتابخانەی هیچ کەژێک و درەختەکان ئەخوێنمەوە نە هەور مامۆستام بووەو نەچومەتە هیچ کۆرسێکی زستانەوە و بەڵام هەموو قەسیدەکانی باران و بەفر و باڕێزەم لەبەرە.. لە پەیمانگای باڵای زریان و گەردەلوول هاژەو گڤە، دەرنەچووم و بەڵام لە باندی مۆسیقا و سیمفۆنیای هەموو وەرزەکان تێ ئەگەم. من خەیاڵی ناو گەردوونی شیعرستانم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داری ژاڵە هەر ئەڵێی داری ژاڵەیەبە کراسێکی سوورەوە لە سووچێکدا ڕاوەستاوە. ئەمڕۆ ئێرە سەراپای ئەم «ئەنقەرە»یە بۆنی چەکمە بۆنی قەمە بۆنی ئەتاتورکی لێ دێ! من سەر بەرەو ژوور بوومەوە چارەکێک و گەڕامەوە کراسی سوور داری ژاڵە چاوەڕوانیی دیار نەمابوون لە جێگەی ئەو، ڕۆژنامەکە لەناو خوێنێکی تازەدا (با) پەڕەی هەڵ ئەدایەوە و لە پەناوە چاوی من و شەقامی چۆڵ ئەیخوێندەوە! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: درەختی مرواری سەبارەت: بۆ «سەلیم بەرەکات» ١. دێیتە ڕۆحمەوە و تیشکیش نیت. دێیتە لەشمەوە و خوێنیش نیت. دێیتە چاومەوە و ڕەنگیش نیت. دێیتە گوێمەوە و دەنگیش نیت. تۆ نەهێنیی خۆشەویستیت! . ٢. مەستم بە گوناه. مەستم بە تۆبە. مەستم کە نەمزانی بۆچی گوناه و تۆبەم کرد! ٣. هەر لەبەر چاوی ئاسمان خۆی هەوریان دزی. بە بەرچاوی هەوریشەوە «با» یان دزی. هەر بە بەرچاوی «با»یشەوە دڵۆپە بارانیان دزی هەر لەبەر چاوی بارانیش خاکیان دزی و لە خاکیشدا ئەو چاوانەیان شاردەوە کە دزەکانیان بینیبوو! ٤. ڕیزێک مۆم و ڕیزێک شیعر. کە مردن هات فووی لێ کردم - یەکەم ڕیزم دووکەڵێکە پەرت پەرت ئەڕوا و بزر ئەبێ و ئەچێتەوە ناو دڵی خوا. ڕیزێک مۆم و ڕیزێک شیعر - دووەم ڕیزم ئەو وشە و دەنگ و ڕەنگانەن وەک پرشنگ و خوڕەی ئاو و سەوزیی چیا نە هەرگیز ئەکوژێنەوە و نە دەمیان لە گۆ ئەکەوێ و نە ئەچنەوە. ئەمێنن وەک کوردستان و ئەژین وەکوو ئاووهەوا! ٥. زریان گەڕایەوە ئەشکەوت. ئەو ئێستاکە شەکەتە و ڕەنگە زوو بنوێ. بەڵام دەربەند دەوری چۆڵە و سەری سووکە و خەریکی چیرۆک نووسینە: لە گەرد و گوڵی بەیاندا سوارێک خۆی کرد بە گەروومدا سوارێکی ڕەش.. لە پاشکۆیدا پەرییەکی هەڵگرتبوو تیژ ئەهاتن سوارە و پەری گەیشتنە ناو ڕووبارەکەم لە پڕێکدا لە پشتەوە تەنها شریخەیەک بیسترا پەری کەوتە ناو ئاوەوە و بۆچەند ساتێک وەکوو ڕووبار دڵنیاییم سوور هەڵگەڕا! ٦. هەڵتکردم من تاریکیم پێ خۆشتر بوو! کوژانتمەوە، من ڕووناکیم پێ خۆشتر بوو! تێم ناگەی.. تۆ! من لە بەینی هەڵکردن و کوژانەوە و مەرگی خۆمدا گومانێکم سنوورەکان نامگرنە خۆ! ٧. مێژوویەک بوو.. ئەمووستەچاو هەر «مودیری ئەمن» و مشک و چەکمەجەیەک فاییلی تۆیان ئەبینی! ئێستە دەستە سپییەکانی هەتاو باهۆزی سەوزی «ڕاپەڕین» پەڕە.. پەڕە وشە.. وشە زەرد نامەیان ڕەش نامەیان مەرگ نامەیان بردۆتە لای: ئەو خێڵی گیا و گوڵ و مەل و کازیوانەی کە بەدەمی قەڵەمەکەت سەرت بڕین! ٨. زەنگی کڵێسا و لێدانی سەری مەسیحە ئەو کاتەی دائەبارێ ژانەکانی، خەمی کەرکووک و سووتانی سەری کوردە لەو کاتەدا بوون بە مەسیح شەهیدانی! . ٩. لە ناو هەموو ئەو وشانەدا کە ئەمشەو سەریان لە منی نەخۆش داو هاتبوونە ژوور سەرینم تەنها وشەیەکیان تیا بوو دەستی خستبووە دەستمەوە و تا بەیانی لەگەڵ لەرزما لەرز ئەیگرت و لەگەڵ «تا»م دا «تا» ئەیگرت و جێی نەهێشتم ئەویش وشەی: «یادگار» بوو! ١٠. عاشق قەت ڕەوانبێژ نابێ چونکە سۆزی گڕستانێ لە هەناوی ئەو بەربووە مەگەر تەنها هەر بێدەنگی باسی بکا و هەر بێدەنگیش دەنگەکانی ئەو دەربڕێ! ١١. خۆڵەمێشەکە وای ئەوت: مشتێکی من.. درەختێ بوو. پیاڵەیەکم منداڵێ بوو. فنجانێکم.. کۆترێ بوو. خۆڵەمێشەکە گردێکی هەڵدراوەی مێژووی جەستەو خەونی من بوو! ١٢. خۆرنشینێ شیعرێکی مەستم هەڵفڕی. نەهاتەوە.. دەنگی نەبوو کە سۆراخم گەیاندە لای ساقیە چاوڕەشەکەی «حافڤ» ئەو پێی وتم بەدەم خوێندنەوەی رەزنامە و لەبەر بارانی بادەدا کەوتە خوارێ و لەسەر مەزارەکەی «خەیام» ڕۆحی دەرچوو! ١٣. تۆ ئەو ساتە دار هەرمێیەکی سپی بوویت ئەڕۆیشتیت و شاڵێکت دابوو بە شانتا شاڵ پڕی بوو لە پۆلە وێنەی باڵندە. وەختێ گەیشتیتە ماڵێ و شاڵت داگرت باڵندەکان هەڵفڕین و ئەمجارەیان تەماشام کرد لە ئاسماندا بوون بە پۆلێ لە قەسیدەی دەم بەخەندە! ١٤. لەبەر ڕووناکیی تاریکیم خۆشەویستیت ئەخوێنمەوە. لەبەر بارانی تینوێتیم خۆشەویستیت ئەنووسمەوە. لە سووتانی غەریبیشدا خۆشەویستیت: نیشتمانی گزنگ دان و هەڵهاتنمە! .. ١٥. لەو شەوەدا لەو کەژەدا هەرچی کرمی ئاوریشمینە لە قۆزاخە هاتنە دەرێ و بە چوار دەورا بوون بە چرا: لە ئاهەنگی ڕێزلێنانی ئەو بەردەدا کە ئەستێرە برینێکی سلێمانی لە گیانی خۆیدا حەشاردا! ١٦. لەو خەوەدا دوو ماسی بووین بە شوێن گۆمێکدا ئەگەڕاین «مانگ»ی تیا بێ. پرسیارمان کرد لە ڕووبارێ ئەو پێی وتین: لەبەر ئەوەی مانگ گیراوە ئەبێ ئەمشەو چاوەڕێکەن تا بەر ئەبێ. بەڵام ئەفسووس ئەو وەختەی مانگ بەرەڵڵا بوو بەخەبەر بووین! ١٧. هەنووکە تۆ بەلەمی یان مەراقێکی درێژکۆڵە و منیش ڕووبار؟ ئەمێستا تۆ لاولاوی یان ئازارێکی پێچاوپێچ و منیش دیوار؟ تۆ خۆرنشینی وەرامی؟ یان زریان و تۆفی پرسیار؟ ١٨. تۆ کتێبی و هەروەها ئەویش کتێبە جیاوازییەکتان ئەوەیە تۆ کتێبی یەک ژووریت و ئەو کتێبی هەموو وڵات. تۆ شەپۆلی و ئەویش شەپۆل جیاوازییەکتان ئەوەیە تۆ شەپۆلی جۆگەیەکی و ئەو شەپۆلی ئۆقیانووسێ. تۆ مۆمیت و ئەویش هەر مۆم جیاوازییەکتان ئەوەیە تۆ ڕووناکییەکەت چەقیوە و ئەو ڕووناکییەکەی گەڕیدەی هەموو جیهان! ١٩. دوای بۆردومانی ئەو کەژە هەندێ دارگوێز هەر بە پێوە مابوونەوە ئەیانبینی سەرو ملیشیان بائەدا و دەستیشیان ئەجووڵانەوە! بەڵام نە گوێیان لە هاژەی چەمەکە بوو نە لە قریشکەی ژنان و نە لە زریکەی مناڵ و نە لە زرمەی تەقینەوەی دینامێتی ناو گوندەکە! ٢٠. پیرۆزن ئەو دەستانەی لەم بنارەدا خانوو بۆ خەونی منداڵان دروست ئەکەن. پیرۆزن ئەو دەستانەی لەم پێدەشتەدا ژوور بۆ وشە و شەقام بۆ قاچی ڕووناکی و پلیکانە بۆ پاشەڕۆژ دروست ئەکەن بەڵام پیرۆزترین باسک و ئازاترین دەست و پەنجە ئەو دەستانەن لە پێش دەستەکانی تردا هەموو ساتێ لەگەڵ مەرگا ڕووبە ڕووی یەکتر ئەبنەوە ئەو دەستانەن یەکە یەکە مینی چێنراو ئەچننەوە! ٢١. کەوان وتی: کە پشتی خۆم ڕاست کردەوە یەکەم شتێ کە من بیکەم: لە سێدارەدانی تیرە. مەگەر تەنها خۆم بزانم چی پێ کردووم! ٢٢. ئا ئەم دیجلە و فوراتە چین ئەگەر ئاون ئاو بێ ڕەنگە و کەچی ئەوان هەر بەردەوام ئەرخەوانین! ئاو بێ تامەو کەچی ئەوان هەر بەردەوام تامی مێژوویەکی سووتاو ئەدەن! ئاو بێ بۆنە و کەچی ئەوان هەر بەردەوام بۆنی قژی کچ و کوڕە کوژراوەکانی ئێمەیان لێ دێ! ٢٣. لەم کەژەدا دار دوودڵە بڕوات؟ یاخود هەر وا ڕاوەستاو بێ؟ .. لەم چەمەدا ئاو دوو دڵە ببێ بە شەختە یان هەڵم و بوخار؟ ! لەم ڕێیەدا قاچ دوو دڵە بگەڕێتەوە یاخود هەر بەردەوام بێ؟ ! لەم باخەدا مەل دوودڵە هەڵکورمێ یاخود هەر بفڕێ؟ ! لەم ساتەیشدا وشەکانی من دوو دڵن ئەم قەسیدەیە تەواو کەن؟ ! یاخود بۆ ئێوەی جێ بێڵن؟ ! با جیێ بێڵم؟ .. ٢٤. وردبوونەوەی وشە لە وشە. وردبوونەوەی خەیاڵ لە خەیاڵ. وردبوونەوەی چاوم لە چاوت. وردبوونەوەی لەشم لە لەشت. کردیانم بە زەریا و کردیانم بە ئاگر. دوورکەوتنەوەی وشە لە وشە. دوورکەوتنەوەی خەیاڵ لە خەیاڵ. دوورکەوتنەوەی چاوم لە چاوت. دوورکەوتنەوەی لەشم لە لەشت. کردیانم بە شەختە و کردیانم بە قاقڕ! ٢٥. هۆدەیەکی ڕووت و ڕەجاڵ پیرێژنێ. پشیلەیەک. تۆزێکی تر پیرێژن چاوی لێک ئەنێ و بە ڕێی «با»دا ئەچێتەوە بۆلای خوای خۆی. تۆزێکی تر پشیلەکەیش تا مڕ ئەبێ دەم ئەنێتە ڕزقی خوای خۆی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دز هەر بەیانییەک هەڵ ئەسملەم ماڵەدا، شتێ، ئەندامێکی لەشم دیار نەماوە: پەردەی ژووری گوێچکەیەکم سیمی دەمارێکی دڵم. کڵاوزەڕی ئەژنۆیەکم. ڕادیۆی قوڕگم. پەنجەرەی ناو باڵاخانەی سییەکانم. بەردی مەڕمەڕی ددانم. تەلی ڕیخۆڵە باریکەم. دارتەلێکی قاچەکانم. تا دواجاریش مرواریی چاوێکیان دزیم. هەر بەیانییەک هەڵئەسم لە م ماڵەدا، شتێ، ئەندامێکی لەشم دیار نەماوە کێ ئەیانبا و بۆ کوێوە چوون؟ ! ئەمڕۆ شەبەقیی دزم گرت لەسەر چرپاکەم گرتمن دزەکانیش، وای کارەسات، دزەکانیش هەر دە پەنجەی دەسم دەرچوون! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو برین برینێکی شەڕی ناوخۆمبووبە گەڵای هەناسەم و زوو هەڵوەری برینێکی شەڕی بەغدام بووبەگوڵ و گوڵ بوو بە مانگێکی چواردە و بەتریفەی سوورمەچنی هەموو مێژوومی داپۆشی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو جار پەڵە هەورێ دائەبەزێ وپەڵە هەورێ سەر ئەکەوێ و 'سەفین:: ئیستگەی پۆستی بارانی ڕەوەندە و مۆزەخانەی گژوگیایە و نامەخانەی مانگەشەوە و ئارشیفی بەردەو، پەناگەی عاشقانی بەفرو بایە. پەڵە هەورێ دائەبەزێ و پەڵە هەورێ سەر ئەکەوێ و منیش سەرم: باڵۆنی خەم، گۆمی هەتاو زەنگی دەستی دارستان و دەفتەری بوومەلەرزەیە و چەمی هەستاو لەلای منیش: وشەیەکم هەڵئەفڕێت و وشەیەکم هەڵئەکوڕمێ و لەم بەینەدا، من دڵنیام، ئەمشەو شیعرم دووجار ئەزێ جارێک لەگەڵ پەڵە هەوری سەر «سەفین»دا و جارێکی دی کە خۆم تەنیا ئەمێنمەوە و «سەفین» ئەنوێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوور و نزیک هەر ئێستە لێرەوە بەرەو ژوور باڵ ئەگرمئەو هەورە ڕیش لۆکە، ماندووە، ڕائەگرم پێی ئەڵێم: ببورە چاوەکەم! تۆ نامەی بارانێ یان بەفرێ یان بۆنی ئێوارانی غەمناکی شارەکەی (بێکەس)ت پێ نییە؟ . بمدەیتێ و لەباتی ئەو ئەرکەیش سەد ماچی پەڕو باڵ سوتاوی غەریبێ، وەرگری! هەر ئێستە لێرەوە، من ئەبمە، باپووسکە و ئەگەمە ئەو مانگی سەر کەلە و پێی ئەڵێم: ببوورە گیانەکەم! تۆ شیعری چاوڕەش و خەرمانەی تەنیایی کچێکت پێنیە؟ ڕاسپێر، لەگەڵ خۆت بۆ منت هێنابێ و لە باتی مژدانەیش سەد گوڵی کوژراوی دووچاوم وەرگری! هەرئێستە خۆم ئەکەم، بە ماسی باڵدار و ئەو ئاسکی شەپۆلەی پێشەوە ڕائەگرم پێی ئەڵێم: گیانەکەم ببوورە! .. تۆ لەگەڵ هەناسەی پرژەتا تۆ لەگەڵ زایەڵە و گریانی هاژەتا لە چۆمی چریکەی (دیلان) و ڕووباری شیوەنی دایکانی شارەکەم دوا ناڵە و کڕووزەی بەهاری خوێناویی ئەم کوردەت پێ نییە بمدەیتێ و لەبری ئەو ئەرکەیش هەرئێستە: هەزار ئاخ هەزار ئۆف هەزار داخ لە ڕۆحی بێزاری، شاعیرێ وەرگری! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیاری لە هەکاریپێنج سەد مەترێ لەوبەرەوە وەک چاوی گوڵەبەڕۆژە ئازادیی چاوی خۆی پیشان ئەدا. بۆ ئێوارە دەستی ڕاست و قاچی چەپی لەسەنگەرا بەجێهێشت و بۆ چاوانی خۆشەویستی کرد بەدیاریی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیدارێکی کورت - ئەو پێکەنینی درەختە بۆ کوێ ئەبەی؟ - بۆ لای ئەو مەلە دڵ تەنگە. - ئەو قەڵەمی برووسکەیە ئەدەی بە کێ؟ - بەو مێرگە تا: دیوانێکی گوڵەهێرۆی تازەترمان بۆ بنووسێ. - ئەی دەفتەری ئەو پەڵە هەورە سپییە؟ - ئەیدەم بە مناڵێکی ئاوارە هەتا وێنەی دەم و چاوی کوردستانی تیا بکێشێ. - ئەی ئەو پەلکە ڕەنگینەیەت بۆ لەسەرتەوە پێچاوە؟ - ئەچم بۆ شایی ئەو گۆمەی ئەستێرەیەکی هێناوە. - ئەی ئەو موستیلەی گزنگە نیازت وایە بۆ کێی بەری؟ - ئەیکەمە پەنجەی ئەو سەروە شۆخ و شەنگە. - ئەی ئەو ملوانکەی تەرزەیە؟ - ئەیکەمە گەردنی کفری. - ئەی ئەو چەتری هەورە نزمە ئەدەی بە کێ؟ - ئەیدەمە دەس ئەو چنارە کەڵەگەتەی زۆر دەمێکە لەبەر ئەو خۆرە وەستاوە. - ئەی ئەو ئاوێنەی هەتاوە؟ - ئەوە ئەیبەم بۆ ئەو ڕەزەی لە دوای چاوی هەڵەبجەوە قژی خۆی دانەهێناوە. - ئەی ئەو هەموو گوڵە ژاڵە و ڕەشە ڕێحانە و مۆردانە بۆ کوێ ئەبەی؟ - ئەیانخەمە سەر تابووتی ئەو شەهیدە. - ئەی ئەو هەموو زەردەخەنەی منداڵانە بۆ کوێ ئەبەی؟ - بۆ بەر بارانی دوا ڕۆژێ کە خۆشەویستیی زیاتر و گوڵەبەڕۆژەی زیاتر و شیعرێ جوانتری تیا بڕوێ. - ببوورە! ناوی بەڕێزت، بۆ گوێگران: - من ئازادیم ئەی تۆ - شەهیدێکی پەیامنێری ڕێگەی خۆتان!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەسکەوت بەرلە پێنج ساڵ«گمۆ» ڕیشی نەئەتاشی. «سیروان» ڕادیۆی ناشناڵی یابانی هەڵنەئەگرت. ئازادیی جگەرەکێش نەبوو، هەتا جگەرەی بەغدا بکێشی. شەقام جامانەی نەئەبەست. «هەڵۆ» کوا کڵاوی لەسەر ئەکرد. «توونی بابا» خوێندەواریی نەبوو تا کتێب بخوێنێتەوە. کاولاشەکان عەتریان لە خۆیان نەئەدا. ڕەشەبا کەی جیهازی ڕاکاڵی هەبوو. بەرد کوا مەتارەی هەڵئەگرت. ئەستێرە کتلی بۆ چی بوو! . دەوەن کوا تاکێک گۆرەوی لەپێ ئەکرد. ئاسک مقەستی بۆچی بوو! . باران کەوچکی بۆچی بوو! . هەوریش شیعری بە قەڵەمی پارکەری جاف نەئەنووسی بەڵام ئەمانە هەموویان یەکە یەکە لە دەسکەوتەکانی ئەشکەوتی «داری خلە» یەکی شتێکیان فڕاند و، لەو ڕۆژەوە ئیتر گۆڕان!!. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەنگدانەوە لە دەنگدانەوەی بێ دەنگیی.. خەمەکانتالە دەنگدانەوەی بێ دەنگیی.. زامەکانتا لەدەنگدانەوەی بێ دەنگیی.. جوانیەکەتا زرنگەی ڕەنگی زەریایەک ئەبیستم و زریکەی بۆنی مێژوویەک ئەبیسم و گوێم لە هاواری سووتاوی تەماشات و قیژەی چاوتە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەرفی تابوت تۆ هەورت ناردباراننامە بداتە دەست ئەم کاروانسەرای غوربەتەم. تۆگوڵت نارد باخچەنامە بداتە دەست ئەم بیابانی غوربەتەم. تۆ تیشکت نارد گزنگنامە بداتە دەست ئەم تەم تومانی غوربەتەم بەڵام لەناو سلۆپیدا بەیانییەک لەسەر شەقامی ئەتاتورک هەوریان کوشت و گوڵیان کوشت و تیشکیان کوشت و لە دواییشدا سێ زەرفەتابووتی خاڵی و خوێناوییان دایە دەستم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەماوەندی دوا ڕۆژ سەبارەت: بۆ قادر دیلان ماڵێک. مۆسیقارێک. بوخچەیەک نۆتە! . ڕۆژێک دێت.. پیرێتی دەستی مەرگ ئەگرێت و ئەیهێنی بۆژووری خەوتنی ماڵەکە. ئەوساکە مۆسیقار ئەبێتە پەپوولە پایزەی سەر ئاوو وەک خەونی ناو تەمی چنارێ لە چاوان ون ئەبێ! . هەروەها ڕۆژێک دێت لێرە نا لە دوور دوور، وڵاتی مۆسیقار بە پەنجەی بەفر و با کە بوخچەی کردەوە نۆتەکان وەک پۆلە ئەستێرەی باڵ گرتوو لەسەری کێوان و لەگەرووی مێژوودا وەک شایی وشەو گوڵ دەست ئەکەن بە سەما! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوورەتی ئەوین لەسەر بەردە نوێژی لەشتمن نوێژی شیعر و شەراب و بارانە ماچ، دائەبەستم کەسوجدەم برد بۆ قیبلە قوببەی مەمانت دەمم گەیشتە کەوسەری بەر گەردنت من ئەزانم هەڵناسمەوە و بەدەم خوێندنی سوورەتی ئەوینەوە ئیتر ئەمرم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سیانە زەریا و سێ کەسلەو شەپۆلانە پەستتر و تووڕەترم کە سەر ئەکێشن بە ڕۆخی بەردەڵاندا شەو و سێکەس لەو کورسییانەیش تەنیا ترم کە کەس ناچێ بە لایاندا. مێزێک، سێکەس لەم بەرەوە پەرداخێکم سەرەونخون لەو بەرەوە بەجووت یەکتری نۆش ئەکەن زەریا و سێ کەس شەو و سێ کەس ڕقم لە سیانە و سێگۆشە و سێ ڕیان و هەموو ژمارە سێیەکە! «بێ ئەوەی مۆڵەت وەرگرم» منی تاک و منی زیادە و منی دووکەڵ هەستام ڕۆیشتم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سیحر هاتە ژوورێ، لە پڕێکداگەمیەی چاوی هەر هەموومان کەوتە ناو سیحری چاویەوە و تیا نوقوم بووین. - شیعری جوانیش سیحری قەڵەم وەکوو ئا ئەو شۆخە وایە! . ئەو وەختەی دێت هەر کوت و پڕ: ئەتکا بە ماسیی گۆمی خۆی، ئەتکا بە ئەڵقەی پەنجەی خۆی ئەتکا بە باڵندەی بەژنی. ئەتکا بە سێبەری وشەی ئەتکا بە ژێی گۆرانیەکەی ڕەنگە گۆمەکەیش لە (چین) بێ ڕەنگە پەنجەکەیش لە (ئۆسلۆ) و بەژنیش لە دوورگەی «کریت» و وشەیش خەڵکی ئەفریقا و گۆرانییەکەیش باڵندەی باخی «لاتین» بێ! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێ زمان و چوار قامچی لەناو ئاپوورەی مەراقی گشت دنیاداهەر لە دوور ڕا مەراقی خۆم ئەناسمەوە مەراقی من: قژی سەوزەو ڕیشی خوێناوی و چوار خاچی وا بەکۆڵەوە و مەرگیش بە سێ زمانی جیاو چوار قامچی بە دوایەوەو تەوق لە گەردن کەچی نەچۆک دائەدات و نە بێ دەنگی ئەکات مردن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێ کورسی کورسیەکەی بەرگەڵوکورسیەکەی ئەوروپا کورسیەکەی پەرلەمان لەسەر یەکەم سەرم بوو بوو بە چەتری گوڵە کێویلە و ژووری ژووانی باڵندە و جۆلانەی خەونی سەردابان. لەسەر دووەم سەرم بوو بوو بە سەماگەی نیوەشەوی لەش و لاری شیعری ڕووت و ئەپارتمانی شووشەبەندی ڕەنگاوڕەنگ و حەوزی مەلەی پەریستان و قەوانی جاز. لەسەر سێهەم سەرم بووە: بە بازگەی گومرگی دزیی و سایلۆی خاڵیی لە گەنم و تەنەکەی نەوتی بەتاڵ و تایەی قاچاغ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەعاتی قامیش ئێستە لەو زۆنگاوانەدالە خوارەوە خەم لە قامیش هەموو ڕۆژی بە هەزاران سەعاتی خوێن دروست ئەکات بۆ ئاپوورەی هەژارانێ: نەدەستیان ماوە تا بیکەنە دەستیان و نەچاویان ماوە تاکوو سەیریان بکەن و نە ماڵیشیان ماوە تا هەڵیان بوواسن ئەو سەعاتە قامیشییانە لە زۆنگاودا بە تەوقیتی جەللادەکە هەر کاتی مەرگ نیشان ئەدەن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاکیر فەتاح پەیژەیەک بوو باریک درێژهەشتا پلە. سمۆرەی کورتە چیرۆکی ئەم زمانە بەسەر پلەی ئەودا سەرکەوت. ئەم پەیژەیە پلەی شکاویشی هەبوو خۆیشی ئەنا بە دیواری کارتۆنەوە بەڵام دوا سات، بەڵام دواجار ئەم پەیژەیە خۆی ڕاتەکان لە قاچی بەغدا یاخی بوو کە وەختێکیش بەلادا هات سەری پەیژە گەیشتبووە «گەلاوێژ» و شاکیر فەتاح لەسەربانی هەموو ماڵێکی ئەوینی ئەم کوردەوە دەنگی ئەهات! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعر شیعر، گمەیئەوینێکی سپی و، باڵی پەپوولەی وشەیە و چاوی باران. شیعر تۆوی ئەستێرەیە و لە دەشتی ساماڵدا ئەڕوێ شیعر پەنجەی منداڵانە و لە دۆزەخی کوردستان و ڕواندەدا چی لە دەست دێ؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعر و ئارد چاوەڕێی کرد«مەم و زین» نەبوو بە گەنم «دیوانی نالی» بە ئارد و و شیعری تازەیش بە یەک قووتوو شیری مناڵ دەم بوو بە گورگ سک بوو بە گورگ پرسی نەکرد نە بە خانی نە بە نالی نە بە گۆران پرسی نەکرد بە سوجادی و هەموو مێژووی ئەدەبی دا بە یەک هێڵەک ئاردوو ئێستە چاوم لێیە: لە نهۆمی یەکەمینی ژوورێکی «ئەمنە سوورەکە» دانیشتوون و شیعر بووە بە هەویر و ئەیبرژێنن و بەردەوامیش چاویان هەر وا لە دیمەنی هەڵواسراوی (شۆڕیجە)ی سەر دیوارەکە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعرێکی لاڵ سەد و هەشتا و دوو هەزار.. خەمسەد و هەشتا و دوو هەزار.. دەم سەد و هەشتا و دوو هەزار.. خەو خەم بە دەنووک گەرمیانی کوناودەر کرد کوردستانم بوو بە شمشاڵ مێژوویشم نای بە لێویەوە و وەرزی پێنجەمی ئەنفال و ئەڵڵاوەیسی ڕاگوێزراوی لێ کەوتە خوار. ئیتر منیش لەو ڕۆژەوە شیعرێکم لاڵ ئیتر منیش لەو کاتەوە مەملەکەتی خۆڵەمێش و خەونەکانم بووە بە شەوی گەنم و جۆی شوێن بزری هەزاران چاڵ! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەست قوربانی لەم مانگەدالە باڵەییان لەبەر دەمی هەر ماڵێکدا گوڵێک ئەڕوێ.. گوڵی واسەیر نەبینراوە! شەست چاوی کەسکی پێوەیە و شەست خاڵ وا بە ڕوخسارییەوە و شەست ملوانکەی لەملدایە لە ڕەنگی خۆر. لەم مانگەدا لە باڵەییان لەناو حەوشەی هەر ماڵێکدا دارێک ئەڕوێ.. داری وا سەیر نەبینراوە: شەست دەستی سووری پێوەیە و شەست گەردن و شەست پرچی مۆر. لەم مانگەدا لە باڵەییان لەو دۆڵەدا زەماوەندە: شەست ئەستێرە هەڵئەپەڕن و شەست دەغڵ نان ئەکەن و شەست کانی ئاو ئەگێڕن و شەست لوتکە تەقە ئەکەن و شەست مەل گۆرانی ئەڵێن و شەست باخ میوە ئەبەخشنەوە لە کۆتایی ئەم مانگەیشدا لە پێدەشتەکەی سۆراندا باڵەییان و بالیسانم پێک ئەگەن و هەر شەست بە شەست بووکی خوێنیان ئەگۆڕنەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قژ قژت خەمێکی درێژە و شەوی شێعرەمنیش چرای کورتە باڵا و قەڵەمێکی بە وەنەوزم نە ئەو خەمەم پێ ئەبڕدرێ و نە ئەیگەمێ و نە ئەشتوانم ئێشکی سیحری زەریا بگرم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێرە ئەمشەو لێرە: شاخ شاعیرە و دار قەڵەم و دەشت کاغەز و ڕووبار دێڕ و بەرد نوختەیە و منیش: نیشانەی سەرسووڕمان! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سێ گۆشەیەکدا کچسروشت شیعر ئا لەم سێ گۆشە نەمرەدایە بازنەی خەونم ئەسووڕێتەوە و لاکێشی دەنگم دائەگیرسێت و چوارگۆشەی بیرم پەنجەرەی عەشقی هەر پێنج قاڕەکەی هەموو دنیایە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شەوێکدا «با»یەک دای لەسەر و قژمسەر و قژم، بوون بە لق و پۆپی دارێ. دار هەنارێ گوڵێکی خۆی گرتە سنگم سنگیشم بوو بە گوڵجاڕێ. کچێک قومێ ماچی دامێ و دوو لێوم بوون بە ڕووبارێ. کە منداڵێکی ڕواندایش، سەری خۆی و مەمکی دایکی و دەستی باوکی لەڕێی TVەوە بۆ ناردم دارم کوێر بوو گوڵجارەکەم کۆچی کرد و ڕووبارەکەم شینی کرد و من ئەو شەوە هەڵبەستێک بووم تا بەیانی تەم دای گرتم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە گۆڕستانێکدا لە ژوور سەری گۆڕەکاندایەکە یەکە مۆمەکانیان کوژاندەوە ژنەکانیش وەکوو پۆلە پەڕەسێلکە بەرەو دامێن و ڕووەوشار شۆڕ بوونەوە. ئێستە گۆڕستان خامۆشە بە تەنها مۆمێک و دایکێک لە نێوان دوو بەردە کێڵدا بە یەکەوە ئەسووتێن و پێکیشەوە ماونەتەوە. دایکێک بەهەشتیش ناتوانێ ڕۆحی شاد کات. دایکێک نامۆی ناو دایکانە و غەریبی زامی خۆیەتی.. دایکێک ئەزانێ کوڕەکەی لە ناو تانکێکدا کوژراوە کە ئەژدیها و.. جەهەننەمی بەعسیانی لەگەڵ خۆیدا بۆ ئەم مەڵبەندە هێناوە!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبری من من ناتبینم بەڵام گۆیژە ئەت بینێت وئەویش چاوی منی تیایە. من ناتبینم بەڵام هەزار مێرد ئەتبیسێ و ئەویش گوێچکەی منی تیایە. من ناتگەمێ و لاتەوە نیم بەڵام خەم ڕاکشاوی تەنیشتەو ئەویش: بۆن و ئەویش پەنجە و ئەویش هەموو ماچەکانی یادگار و کزەی شیعری منی تیایە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەناو سەری هەڵەبجەدا لە هەناوی هەر بەردێکما گوڵێک هەیە. لە دووکەڵی هەر زامێکما خۆرێک هەیە. لە ئاسمانی هەر خوێنێکما مەلێک هەیە و لە ناو سەری هەڵەبجەیشما گوڵ و خۆر و مەل و یاری خۆشەویستی گەلێک هەیە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەو شەوەدا قەت لەو شەوەی«ئەشکەوتەکەی داری خلە» شیعرم تەنیا تر نەبووە. قەت لەو شەوە ڕۆحم تاریک تر نەبووە قەت لەو شەوە مەرگم بێکەس تر نەبووە. لەو شەوەدا، کەس. کەس. کەس. کەس کەسم نەبوو. لەدە پەنجەی هەردوو دەستما هەشتیان جاش بوون برۆم بەسەر چاوانمەوە جاسوس قاچێکم جەیشی شەعبی بوو.. قاچەکەی تری ئەگرتم دەستێکم ڕەفیق «حیزبی» بوو، دەستەکەی تری ئەکوشتم. قەفی سمێڵم.. نەصیر بوو شەدەم.. نەصیر موتەقەدیم گیرفانیشم.. موستەشار بوو لەو شەوەدا..«با»یش بەعسی بوو «بەرد» بەعسی بوو باران بەعسی و بەفر بەعسی و دارو دەوەنیش بەعسی بوون ئەوەی تەنها لەو شەوەدا و لەو شوێنەدا ڕەگ و ترووسکە و شاگوڵ و پێشمەرگە بوون حەوت خەونی سەوزی ژێر گڵی گەرمێنی گیانی ئێمە بوون! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماچ دووباڵدار بووندوودڵدار بوون لە ئاسۆیەکی نارنجیی ئێوارەدا بەدەم فڕینی عەشقەوە یەکیان ناسیی. بۆ یەکەم ماچ نزیکترین وێستگەی ئەوین تاقە هەواری نیشتنەوە دوو دارتەلی کارەبا بوو بەرامبەر یەک.. گمە گمیان گۆرانی بوو بۆ یەکەم ماچ گمە گمیان هەڵقرچان بوو بۆ یەکەم ماچ بەرامبەر یەک.. مل درێژ بوو لە یەکتری چوونە پێشێ پێشتر.. پێشتر.. هەتا دەمیان گەیشتە یەک هەرئەوەندە و تەزووی بازنی کارەبایش هاتەوە یەک هەر ئەوەندە و عاشقانی بۆ ماچ تینوو بەدەم ئاگری ماچەوە کەوتنە خوارێ و بوون بە ڕەژوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مزگێنی تەنیاییم نارد بە شوێن شەوداکە هاتەوە لەگەڵ خۆیدا باوەشێ خەرمانەی: مانگ و سێ جریوەی زەردە خەنە و هەندێ تریفەی ئەوینی بۆ هێنا بووم. هەورم نارد بە شوێن شیعردا کە هاتەوە لەگەڵ خۆیدا گوڵدانێکی پڕ لە وشە و ڕستێ بازنی ناوازە و چەند ئاخێکی ڕەنگاوڕەنگی بۆ هێنا بووم. شیعرم نارد بە شوێن ئاواتا کە هاتەوە لەگەڵ خۆیدا سێ تاڵ لە قژی ئازادیی و مزگێنییەکی چاو سەوز و چەپکێ ماچی کوردستانێکی بێ (بەعسی)ی بۆ هێنا بووم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەحوی ئەم بەردەوام گومانێ بوویەخەی گەردوونێکی ئەگرت. پرسیارێ بوو لەناو پرسیارێکی تردا پرسیارێکی دیکەی ئەکرد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەملەکەتی سیحر لە سەرانسەری خەیاڵما، گەر بگەڕێیبۆ بستێ سێبەر و هەتاو بۆ قولانجێ شپرزەیی بۆ جێ پێیەک لە مێرگی خەم بۆ تۆزقاڵێ لە ئارام و بۆ زەڕڕەیەک لە پێکەنین تۆی تیا نەبی؟ ! بەدیی ناکەیت ئیتر من چۆن مەملەکەتی سیحری تۆ نیم! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەولانە خالید مەولانە نمەی وەجدی خوایوەکوو فرمێسک لە پێڵودا هەڵگرتبوو. بۆیە وەختێ کە بەسەر شەودا ئەگریا و لە دوو ئاوانی ئیشراقا ئەتوایەوە دڵۆپەکان لە خەڵوەتا ئەبوون بە ڕیزە چرای نوور! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەهێڵە نەء مەهێڵە، ئەی گیانی من، تۆ مەهێڵەلە باوەشی پڕ پرشنگ و لە بەهاری ئەو سنگەتا زریانی زەرد بمفڕێنێ نەء مەهێڵە و بەهەردوو دەست وەکو کەوێکی کەسیرە سەرم بگرە و لە ژووری گەرمی مەمانتا لە بێزاری و لە وەڕسی و لە پیرێتیم.. بشارەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناسینەوە بە ڕێکەوت لەناو هەولێرا«قەڵا»م بینی لاواز.. لاواز ڕیشی هاتوو دەستێکم خستە سەر شانە خۆڵاوییەکەی - ئەمناسیتەوە؟ ! لێم پرسی. - ئەی تۆ نەبووی هەموو جارێ حەزرەتی نالیی ئەیناردی و کە ئەگەیشتی.. بەرامبەرم لە دوکانی «عبدالخالق»ی گلێنەم دائەنیشتی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامە سبەینێ هەر لە ڕێی پۆستەوەهەورێکی بچکۆلەت پێ ئەگات کە وەختێ کردتەوە ژوورەکەت پڕ ئەکات لە بۆنی دایکت و لە نمەی بارانی چنارۆک! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نان و ئاسمان مەلی ووشەمنە بەبێ نان پێ ئەکەنێ بۆ ئاسمان و نەبێ ئاسمانیش گۆرانیی ئەڵێ بۆ نان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووسین ئاسمان هەردەم.. ڕێژنە باران نانووسێ. باران هەردەم.. ڕووبار و جۆگە نانووسێ. ئاویش هەردەم.. باخ نانووسێ. باخیش هەردەم.. گوڵ نانووسێ و منیش شیعر! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیشتمانی ئاگر دەروونم دارستانێ بووهێندەی شەوانی تەنیاییم پان و بەرین وەک مەراقیشم چڕو پڕ ئێوارەیەک.. لە پەناوە تیلەی چاوی شۆڕە ژنێ پریشکێکی تێهاویشت و من لەوساوە بەهەشتێکم ئەسوتێم و بووم بە نیشتمانی ئاگر! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیوە ئازادیم ئەوەندە برسییەلەتاو نان ئامبازی مانگی ناو شیعرم بوو فڕانی و کەرتی کرد لەوساوە شیعری من شەوانە کە هەڵدێ کەل بووە و نیوەیە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەژاد لە گوێ ئۆقیانوسی «ئارام»گوێچکە ماسییەکم هەڵگرت نام بە گوێوە گوێچکەماسی سەربوردی خۆی گێڕایەوە: دەرکەوت ئەویش لە خێزان و بنەماڵە ئاوارەکەی «ماسییە ڕەشە بچکۆلەکەی» «بەهرەنگی»یە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەهێنیی قەت بە پاییز نەڵێن لە کوێمئەگەر بە جێگەم بزانێ گەردەلوولم ئەکاتە سەر دێت و هەرچی خەمی جوانمە دێت و هەرچی ئازاری چاو ڕەشمە ئەیفڕێنێ.. لە دواییشدا.. منی عاشق چۆن بەبێ ژان ببارێم و تەڕتان بکەم تا سەر ئێسقان! قەت بە زەریایش نەڵێن لە کوێم ئەگەر بە جێگەم بزانێ ئێرەیی ئەکاتە سەرم و دێت و بە زۆر، سیحری ڕەنگی چاوانی ئەو کچە شۆخەم لێ ئەسێنێ لە دواییشدا.. منی شاعیر چۆن بێ سیحری ئەو چاوانە چۆن بێ قووڵیی ئەو چاوانە شیعر ببێتە ئاسمانم؟ ! شیعر ببێتە ئەو گڕەی ئەو دۆزەخەی درێژە بات بە سووتان و هەڵقرچانم؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێنە وێنەی مەلێکم ئەکێشا: وشەیەکم کرد بە سەری نووکی قەڵەم بە دەنووکی چنگە گڵمتکێ بە لەشی ژێ بە ملی دەنکە زەیتوونێ بە دڵی گیا بەکلکی بەڵام نەفڕی تا پەڕەمووچی «ڤان کوخ»م بۆ نەکرد بە باڵ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیکەر سەبارەت: بۆ شەهید جەباری حاجی ڕەشید لە سەرەوە تا خوارەوەباڵای بەرزی پیرە مەگروون دائەتاشم ئەیکەم بە پەیکەری پیاوێ: کە جێ ئەشکەنجەی سەر لەشی شەوانی ئەمنە سوورەکەی لەبەر بارانی «باوەڕ»دا پەڵەیان داو. ئیتر ئەوسا مێرگی برین و سروودی «مەشخەڵان» ی بەر سێدارە.. زڕەی ئازار خەونی ژووری ئینفیرادیی.. وشەی ژێر زەمینی ئەنفال.. خوێنی قەڵەم، کێڵگەی نامە، عەشقی پ. م عەشقی شەمام، چاوی هەرسێ منداڵەکە بوون بەکانی و بوون بە دەغڵی زەردەخەنە و بوون بە مێژووی خۆرەتاوی ئەم ووڵاتە. پیرەمەگروون! من پێت ئەڵێم: وا هاتووم و پەیکەر تاشی ئازادییم و ڕازیی بیت و ڕازیی نەبیت دات ئەتاشم و من تۆ ئەکەم: بە «جەباری حاجی ڕەشید» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاڵ ماوەیەکە«گۆڕهەڵکەنە» هاوڕێمە! . شەو درەنگان کە زەویی نووست، ئەگاتە لام دەست بە کلکیەوە ئەگرم و ئیتر ئەمبا بەرەو قاقڕ: وڵاتی خۆڵ.. کیشوەری لم، گۆڕهەڵکەنەی تیژتر لە «با» ئەمبا و ئەمبا هەتا نزیک باسکی «سعود» ئەژنۆی «سعود» لەوێ یەک یەک ئەمباتە سەر: گۆڕی بە کۆمەڵی: باخ و گۆڕی خەون و گۆڕی چاوم و هەزار هەزار هەزار چاڵی جەرگی «ئەڵڵاوەیسی» و چاڵی مەمکی «کراس زەردێ» و چاڵی شیعری سەر بڕدراوم نیشان ئەدا! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چواردە چرا 1. چیرۆکی پیاوێ فەرش چنێ هەتاکوو مرد فەرشی چنی و گوڵی چنی. بەڵام ئاکام: نە فەرشێکی هەبوو بۆ خۆی نە کەسێکیش گوڵێکی خستە سەر قەبری! 2. سواڵ لەبەر قاپیی کتێبدا من هەموو ڕۆژێ سواڵکەرێکم بۆ وشەیەک و دووان و سێ سواڵکەرێکم بەردەرگانەی ئەم پرشنگانە بەرنادەم هەژارێکم خێری ڕووناکی و بیری نوی هەتا مردن بە من ئەشێ! 3. ئارامی لەوێ زەمین زۆر ئارامە. لەوێ هەوا زۆر ئارامە. لەوێ هەتاو زۆر ئارامە لەوێ هەور زۆر ئارامە بۆیە نە گڵ ژان ئەیگرێ و نە گەواڵە هەور ئەزێ و نە بەستەڵەک ئەتوێتەوە و نە شیعریش ئەتەقێتەوە! 4. ئەفسەرێکی ئاسایی! کە یەکەم ئەستێرەی وەرگرت ئەستێرەیەکی کوشتبوو. کە بوون بە دووان، هەردوو دەستی بوون بە پەتی سێدارەکان کە بوون بە سیان و بە تاج و بەرەو ژوورتر بەیانییەک وەختێ مێژوو لە خەو هەستا وڵات بووبوو بە وڵاتی بێوەژنان! 5. بەهرە ئەی خواوەندی بەهرەی گەورە! تۆ «بیتهۆڤن»ێکی کەڕ و یەک «دستۆیفسکی» فێدار و «ئەبولعەلا»یەکی کوێرم پێببەخشە و ئیتر هەموو بەهرە ساغە نیوە ناچڵ و گچکەکان بۆ دیوانی خۆت ببەوە! . 6. ڕوانین لەو کەلەوە جوانوویەکی سپی دەرکەوت لە شاخ زا یان لە بەفر و یان لە کازیوە؟ من نەمزانی. لەوکەلەوە هەڵۆیەکی سوور هەڵفڕی لە ئاگر زا یان لە خوێنی خۆرنشین یان لە نیشتمانی هەڵاڵە؟ من نەمزانی لەو کەلەوە باڵای نیوەسپی و نیوە ئەرخەوانیی دوکتۆر «قاسملوو» بەدەرکەوت ئەوەی زانیم: ئەو لە بەفر و ئەو لە خوێن و ئەو لە شاخ زا ئەوەی زانیم! . 7. ئەوینت لە جیاتی چاوت دوو گوڵی بە جریوەی ڕەشم بینی. لە جیاتی باڵات – پرشنگێ. لە جیاتی دەمت –زنەیەک. لە جیاتی قژت – گزنگێ لە جیاتی دەنگت – چرپەی ئاو. لە جیاتی بۆنت – بۆنی خاک لە جیاتی ڕەنگت – خەونێکی سەوزم بینی بەڵام لە جیاتی ئەوینت من هیچ شتێکم نەبینی! . 8. مەرج لە هەڵبژاردنی یاردا شیعر گوێ ناداتە تەمەن عومری «ڕامبۆ»ی هەبێ یاخود عومری «دانتی» شووی پێئەکا! بەڵام بۆ خۆی شیعر ئەو جوانە ژنەیە یەک مەرجی ئەزەلیی هەیە و زەمان - زەمان هەر دووبارەی ئەکاتەوە: کامە قەڵەم پیری ناکا و لە بیر جوانیی ناباتەوە؟ ! 9. یادداشت کاتی یادداشت نووسینەوەم خەریکە نزیک بێتەوە وەختی گێڕانەوەی خەون و پەندەکانم کاتی خۆ بەدەستەوەدانی نەهێنی و گشت گوناهە جوانەکانم. کاتی یادداشت نووسینەوەم خەریکە نزیک بێتەوە ئای خودایە! چەند ستەمە بۆ قەڵەمێ بەرەو دوا بگەڕێتەوە و لە بەرایی بەردەمیشدا ئەوەی مابێ ڕێگایەکی تەماوی بێ بەرە و مردن! 10. فڕۆکە فڕۆکەکە لە ئاسماندا خولی ئەخوارد لە خەیاڵی منداڵێکدا وەکوو یاریی لەگەڵ «با»دا بکا وابوو وەکوو گاڵتە لەگەڵ هەورا بکا وابوو بەڵام- فڕۆکەکە یاریی نەکرد کە دانەویی و هەستایەوە: هەبوو - نەبوو شارێک بوو مرد! 11. کراس ئەو تەمە سوورە کراسی ئاو دامانە و بۆ فرۆشتن بە جامخانەی ئەو شاخەوە هەڵواسراوە تۆزێکی تر بالیسانێ، سێوسێنانێ، وەسانانێ یەکێکیان هەر پەیدا ئەبێ دەستی لەرزۆک بە گیرفانی برینی قوڵدا بگێڕێ و بە دوو هەزار گەڵا ئاخ و - یان تۆ بڵێ: بە سێ هەزار کسپەی تەڕ تەڕ کراس بکڕێ و هەر لێرەدا و بەدەم ڕێوە بیکاتە بەر! . 12. ئەلیزابیت وای وت پەردەیەک هەیە لە نێوان من و تۆدا نە لە بەرد دروست کراوە و نە لە خشت دروست کراوە و نە لە قوماش نە لە ئاسن. پەردەیەکە ئێجگار تەنک بەڵام نە بە دەست ئەبڕدرێ و نە بە پاچ و نە بە گوللە پەردەی نێوان دوو ئاوەزە کە سەدان ساڵ دوورن لەیەک! 13. پێکەنین گزنگ ئەیدا لە ڕووبارێ بەستێن وتی: لەم پێکەنینە جوانترم قەت نەدیوە. زەردە ئەیدا لە باخچەیەک مەلیش وتی: لەم پێکەنینە جوانترم قەت نەدیوە. تریفە دای لە بەفری سەر هەڵەمووتێ شاخیش وتی: لەم پێکەنینە جوانترم قەت نەدیوە کە شیعریشم دای لە شەوی ئەوچاوانە ژیان وتی: لە گشت پێکەنینێ جوانتر پێکەنینی دڵدارانە! . 14. نوور ئەوەندە تەماشای نوورم کرد چاوانم نوور بردی نووری تۆ چارشێو بوو، پەردەبوو لەمپەر بوو نەی ئەهێشت ڕۆچم و قوڵایی نەهێنیت ببینم من ئێستا بە ڕووکەش کوێرێکم وا دەستم ئەگیرێ و وەکی تر بە چاوی «باگینم» لە جاران جوانتر و چڕتر و قوڵترت ئەبینم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چیرۆکی خۆشەویستییەک دوو دڵدار ودوو باڵقۆنی بەرامبەر یەک هەموو شەوێ شیعر و شەپۆل گوڵ و ماچ ئەگرنە یەکتر هەموو شەوێ «با»ی نێوان ڕەنگ و ڕەنگ ئەکەن هەموو شەوێ ئەچنە بەر بارانی عەشق و هەتا سەر ئێسقان تەڕ ئەبن. بەڵام ئەمشەو باڵقۆنێکیان هەر تاریک بوو کچ لارەمل، ماچ بێ باڵ و، گوڵە مێخەک چاوەڕێ بوو لە پڕێکدا شەو شڵەقا و گوڵە مێخەک کەوتە خوارێ و لە باڵقۆندا کچ ئاوا بوو کوڕ هاتەوە بە ڕاکشاوی هاتەوە و ئەمجارەیان لەسەر سنگی خەنجەرێکی سوور ڕوا بوو! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاسپاردە دوێنێ شەقامێ پێی وتم: ئەبم بە تابووتی هەتاو ئەبم بە کەلەبچەی دەستی گوڵ و ئەبم بە ڕیزە گوێزانی ژێر پیێ بەهار ئەبم بە ڕووباری گڕ و بە خەڵووزی خەونی ئێوە گەر ڕێ بدەن جارێکی تر شمشێرەکەی کوڕی «عۆجە» بێتەوە شار. لە ماڵەوەیش نان پێی وتم: ئەبم بە تەڵاش و بە بەرد ئەبم بە خۆڵ ئەبم بە پارووی مانگرتوو ئەبم بە تیکەی گریاوو بە قوڕقوشم بە قوڕگتانا ناچمە خوارێ تا چاوێکی بەعسیانەم لێوە دیار بێ. ئەمڕۆیش دەفتەرێ پێی وتم: ئەبم بە کفنی قەڵەم و فاقەی حەرف و بە گۆڕستانی گزنگ و بە زیندانی ئینفیرادی بۆ ئەستێرە گەر ڕێ بدەن جارێکی تر کەڵبەکانی قادسییە و قەعقاع بێنەوە بۆ ئێرە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژەنەڕاڵ ئەی ژەنەڕاڵی پیرەڵۆکئەو ڕۆژەی تۆ لە بەرۆکو لە گیرفانی ناو زاخۆدا بۆم ئەگەڕێی من ئەوکاتە لەناو گەرووی دەرسیم دام و بووم بە تیشک و بووم بە باهۆز. ئەی ژەنەڕاڵی پیرەڵۆک ئەو شەوە تۆیش لە ماڵەکانی دەرسیمدا بۆم ئەگەڕێی من ئەوکاتە وەکو هەور چوومەتەوە چیای جوودی و بوومەتەوە بە باران و بە برووسکە و بە هەڵۆکەی ئاگری نەورۆز ئەی ژەنەڕاڵی پیرەڵۆک! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڤینتسییا ئۆه! دیدەنیڤینتسییا لە ماچی عاشقان ئەچێ: نە ژمارەی ئەو ماچانە تەواو ئەبێ و نە گیان هەرگیز تێر ئاو ئەبێ و نە دەم تاقەتی لیێ ئەچێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کلیل و دەرگا دەرگای گەنمدەرگای شەکر دەرگای شاخ و دەرگای دەشت و دەرگای زاممان وەکوو سروودی «ئەی ڕەقیب» هی ئەو خەڵکەن! . بەڵام کلیل هەموو هەموو کلیلەکان وان لە گیرفانی شەرواڵی دزە قارەمانەکانی کوردستاندا!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوا تۆ تەنیای کوا تۆتەنیای! تەماشاکەهەر چوار دەورت، سەر چرپاکەت، ژێر چرپاکەت سەرلێواری پەنجەرەکەت، ناو گیرفانی جلەکانت ناو جانتاکەت خانەخانەی کەنتۆرەکەت ژاوەیان دێ و جمەیان دێ و هەموو پڕن لە فرمێسکی جوانی دایە و لەشیعری من! کوا تۆ تەنیای؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کورتیلە چیرۆکە شیعرێ هات ڕاوەستاتەریک لە ژێر دار نارنجێکدا ڕاوەستا سەبەتەی پووشی پڕ گوڵیش لە باوەشدا تەنها سەیری ڕۆژهەڵات و سەعاتەکەی دەستی ئەکرد.. هەتا شەمەندەفەر گەیشت. هەموو پیاوەکان دابەزین هەموو ژنەکان دابەزین هەموو منداڵان دابەزین تا شۆفێرەکەیش دابەزی ئەوەی دیار نەبوو هەر «ئەو» بوو! غەمگین.. غەمگین تەماشای گوڵەکانی کرد. بۆ هاتنی نۆرەی دووەم شەمەندەفەر یەکێکی تر هات ڕاوەستا ئەویش بەتەنها هەر سەیری ڕۆژهەڵات و سەعاتەکەی دەستی ئەکرد ئەوسا ئەم چووە لایەوە بەبێ دەنگیی سەبەتەکەی دایە دەستی و ئینجا ڕۆیشت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کیژ - ئەو شمشاڵە ژان ئەیگرێ- خۆزیا کیژێکی ببوایە وەک تەنیاییم چاوی ڕەش و ئەوەندەی دەنگی «فەیروز» یش سپی بووایە! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەرکووکنامەیەک ئەگەر باڵدار بم.. یەک باڵمئەگەر بەڕوو.. ئەگەر قەڵەم یان کڵاوکوڕەی شیعریش بم بێکڵاوم گەر ئەسپ بم.. خاوەنی تاقەیەک چاوم ئەگەر «با» بم بێ گڤەم و ئەگەر ئاو بم بێ خوڕەم و ئەگەر هەنگوینی وشەیش بم لەناو زاری ئازادیمدا تفت تفت و هەر بێ تامم. من کوت و مت بە بێ کەرکووک مرۆڤێکی کەم ئەندامم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گا من هەموو ڕۆژلەسەرە ڕێی هاتوچۆمدا گایەکی کەتە ئەبینم بە شێوە، بە ڕەنگ، بە بۆڕە هەر ئەو گایەیە باپیرم بۆی باس کردم هەمان کەللە و هەمان قۆچ و هەمان کلک و هەمان تەوێڵ ئای دیمیرێڵ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گفتوگۆیەکی ساکار لە بازاڕدالە مێرد منداڵێکم پرسی - نوقڵت ئەوێ یان شیعرێکی ترش و شیرین! -نوقڵ «کرێکارێک سەری هێنابووە پێشەوە» «دەم و چاوی هەر لە پەنجەکێشی ئەچوو» - ئەی تۆ نامیلکەیەکی سیاسی تازە و گەرم یان کولێرەیەک لە دەمی مردوو ساردتر؟ - کولێرەیەک. -ئەی تۆ دایکە ڕەشپۆشەکە؟ ئاگردان و نێڵە نێڵی تەندووری ناو پەیڕەوی هەموو حیزبەکان! یاخود تەنەکەیەک نەوت؟ - نەوت.. نەوت! دوایی بە هەرسێکیانم وت: نوقڵی تاڵ و سەرمای تاڵ و نانی تاڵ و ئاوی تاڵ و یاخود عەزیا و چاوی بەعس و پێکەنینی «ئەبو نەدا»؟ ! «وەختێ لێیان ورد بوومەوە» وەکوو برسییەتی گرژ بوون وەکوو بازاڕ سارد بوونەوە و بەدەم ڕۆیشتنەوە وتیان - بڵێ مەرگ و زەهری مار و هەر ئەوان نا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵەجەرگێ لە ڕۆژهەڵاتی گەڵاڵەلە خەمهەڵاتی کوێستاندا لەو شوێنەدا کە خۆرەتاو وەک مێژوومان وەک بەژنی با لەناو بەفرا هەڵئەلەرزی. لەو شوێنەدا کە شەڕی هەردوو دەسی خۆم سەری خۆم و سەری شیعر و سەری مانگەشەویان ئەبڕی. لەو شوێنەدا کیژێکم دی سپی.. سپی وەکوو گوڵی چوالە و هەرمێ مل بە هەوریی کە لێم پرسیی: ئەی کیژۆڵەی ناو خەونی شاخ لەم هەرێمی گوڵانەدا لەم دەریاچەی ڕەنگانەدا تۆ عاشقی کام چاویانی؟ ! وتی: تەنها تاقە گوڵێ: گوڵەجەرگی ناو بەیانی زامەکەی حەسەن کوێستانی! . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەردن گەردنی شیعرێگەردنی دایکم گەردنی وڵات هەورم پێچایە یەکەمیان بوو بە هەفتەی ئاواز بارین عومرم پێچایەوە دووەمیان بوو بە مانگی ئەوین بارین مێژووم پێچایە سێهەمیان بوو بە ساڵی خەمبارین و زامبارین و شەهیدبارین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڕانەوە ئەم شەهیدانەی شەقڵاوەتەنها هەر لەهاویناندا لەگەڵ هاتنەوەی شەمامە و لەگەڵ دەرکەوتنی خێڵی گوڵەباخ و گەڕانەوەی چاوەکانی دار گێلاسدا سەر لە ئێمە ئەدەنەوە. تەنها هەر لەهاویناندا. کە دێنەوە وەکووو قۆخ و سێوەلاسوورە و گوڵ هەنار هەموو پێکەوە دێنەوە.. هەر لەدوور ڕا.. وەکوو بزەی گوڵ خەندەران ئێمە ئەیانناسینەوە: باڵایان داری ژاڵەیە و دەم و چاویان هێشوە ترێی سەر قوڵکەیە و دەس و قاچیان لق و چڵی بەڵاڵووکە و قژیان چیمەن! . شەهیدانی ناو شەقڵاوە کە دێنەوە بۆ لای ئێمە وەکوو خەونی گوڵ ئەستێرە لەسەر شانی سەفینەوە یەک یەک هەڵدێن. ئەڵێی ڕیزێ مۆمی سوورن و بەرەو ماڵانی بن بنار دائەگەڕێن. قوربانییەکانی شەقڵاوە وەک سنەوبەر بەرگیان کەسکە چاویان کانی و سنگیان باخ و خەمەکانیان بەر سێبەرێکی فێنکە کە گەرما هات.. شەهیدانی ناو شەقڵاوە سەریان کەپری ئازیزانە هەناسەیان کزەبایە و زامیان هاوینەهەواری گشت زامێکی کوردستانە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاتنت بە بەیانیان پەپوولەیت ولەگەڵ گزنگدا دێی بۆ لام. بە نیوەڕوان پرژەی ئاوی و لەگەڵ شەماڵدا دێی بۆ لام بە ئێواران گوڵ هەناری و لەگەڵ ڕەنگی خۆر نشیندا ئەگەیتە لام بە شەوانیش هەتاوەکو گزنگ دێتەوە ئەستێرەیت و گۆرانیت و دواشیعرمی و لەناو خەوما ئەجریوێنی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هۆ ئەم خوڕەی ئاوە ئازاریسەرچاوەیە وەختێ ئەگریی ئەم وژە وژی بێشانە زریکەی لق، هاواری چڵ و گەڵایە وەختێ کە بەهار جێ دێڵن ئەم پێکەنینی گۆمانە وەختێکە هەتاو ختووکەی شەپۆل ئەدا ئەم لەنجە و لاری باخانە وەختێکە گوڵان شوو ئەکەن ئەم سوورهەڵگەڕانی گردانەیش وەختێکە گشت شەهیدانمان برینەکانیان هەڵ ئەکەن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵبژاردن لە نێو هەموو کتێبخانەی شەودامن یەک کتێبم هەڵبژارد: ئەویش یادداشتی تەنیایی ئەستێرەیەکی غەریب بوو! . لە نێو هەموو گۆرانییەکانی چیادا من یەک گۆرانیم هەڵبژارد ئەویش گۆرانی! ئازادیی دار بەڕوویەکی شەهید بوو. لە نێو هەموو خەونەکانی یادگاردا من یەک خەونیانم هەڵبژارد ئەویش خەونی زەردوو سووری منداڵیی بوو. بەڵام من خۆم نە ئەوینی خاکو خۆڵی کوردستانم هەڵبژاردو و نە ئەوینی چاوی دایکم کەچی هەردوو، لە گشت ئەوینێکی دیکەی دنیای گیانم ڕووناکتر و گەرمتر و گەورەتر بوون! ++++++++++++++++++++++