شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: شەست قوربانی لەم مانگەدالە باڵەییان لەبەر دەمی هەر ماڵێکدا گوڵێک ئەڕوێ.. گوڵی واسەیر نەبینراوە! شەست چاوی کەسکی پێوەیە و شەست خاڵ وا بە ڕوخسارییەوە و شەست ملوانکەی لەملدایە لە ڕەنگی خۆر. لەم مانگەدا لە باڵەییان لەناو حەوشەی هەر ماڵێکدا دارێک ئەڕوێ.. داری وا سەیر نەبینراوە: شەست دەستی سووری پێوەیە و شەست گەردن و شەست پرچی مۆر. لەم مانگەدا لە باڵەییان لەو دۆڵەدا زەماوەندە: شەست ئەستێرە هەڵئەپەڕن و شەست دەغڵ نان ئەکەن و شەست کانی ئاو ئەگێڕن و شەست لوتکە تەقە ئەکەن و شەست مەل گۆرانی ئەڵێن و شەست باخ میوە ئەبەخشنەوە لە کۆتایی ئەم مانگەیشدا لە پێدەشتەکەی سۆراندا باڵەییان و بالیسانم پێک ئەگەن و هەر شەست بە شەست بووکی خوێنیان ئەگۆڕنەوە! ++++++++++++++++++++++