شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: دوور و نزیک هەر ئێستە لێرەوە بەرەو ژوور باڵ ئەگرمئەو هەورە ڕیش لۆکە، ماندووە، ڕائەگرم پێی ئەڵێم: ببورە چاوەکەم! تۆ نامەی بارانێ یان بەفرێ یان بۆنی ئێوارانی غەمناکی شارەکەی (بێکەس)ت پێ نییە؟ . بمدەیتێ و لەباتی ئەو ئەرکەیش سەد ماچی پەڕو باڵ سوتاوی غەریبێ، وەرگری! هەر ئێستە لێرەوە، من ئەبمە، باپووسکە و ئەگەمە ئەو مانگی سەر کەلە و پێی ئەڵێم: ببوورە گیانەکەم! تۆ شیعری چاوڕەش و خەرمانەی تەنیایی کچێکت پێنیە؟ ڕاسپێر، لەگەڵ خۆت بۆ منت هێنابێ و لە باتی مژدانەیش سەد گوڵی کوژراوی دووچاوم وەرگری! هەرئێستە خۆم ئەکەم، بە ماسی باڵدار و ئەو ئاسکی شەپۆلەی پێشەوە ڕائەگرم پێی ئەڵێم: گیانەکەم ببوورە! .. تۆ لەگەڵ هەناسەی پرژەتا تۆ لەگەڵ زایەڵە و گریانی هاژەتا لە چۆمی چریکەی (دیلان) و ڕووباری شیوەنی دایکانی شارەکەم دوا ناڵە و کڕووزەی بەهاری خوێناویی ئەم کوردەت پێ نییە بمدەیتێ و لەبری ئەو ئەرکەیش هەرئێستە: هەزار ئاخ هەزار ئۆف هەزار داخ لە ڕۆحی بێزاری، شاعیرێ وەرگری! ++++++++++++++++++++++