شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: جوانە دڕندەکە تانسۆچیللەر! تابلۆیەکە لە قژی زەرد دووچاوی مەست لە گەردنێکی کافووریی و سنگێکی بەرز. تانسۆچیللەر! تابلۆیەکە لە ئاسمانی لەشێک سپی ورد بەرەوە! لەو قژەدا تەلبەندی دڕکاویی شەوو لەو چاوەدا نووکە سوونگی و لەو ملەدا ئەڵقەی پەت و لەو سنگەدا نارنجۆک و گوللە تۆپ و سەری بڕاوم ئەبینی! . باش گوێ بگرە لە ئاسمانی ئەو لەشەیشدا قیژەی ئاوم و قیژەی دایکم و زریکەی مێژووم ئەبیسی! . ++++++++++++++++++++++