شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: بەڵێن خاتوو چیللەر هەموو ساڵێ لە زستاندابەڵێن ئەدا بە بەفر و با ئەمجارەیان دەستەکانی دیاربەکر بکا بە کۆتەرە داروو کەرت کەرتیکا و بیهاوێتە کوورەی ئاگر! . خاتوو چیللەر هەموو ساڵێ لە بەهاردا بەڵێن ئەدا بە گژوگیا ئەمجارەیان سەری دەرسیم بکا بە تاجە گوڵینەی زرێپۆش و فڕێی باتە بەر پێی سوپا! خاتوو چیللەر هەموو ساڵێ لە هاویندا بەڵێن ئەدا بە دڕک و داڵ ئەمجارەیان (وان) کوێر بکا و خەج و سیامەند نەهێڵێ و لەبەر ماڵی ئەتاتورکا بیکا بە کەرنەڤاڵی ساڵ! ؟ خاتوو چیللەر هەموو ساڵێ لە پاییزدا بەڵێن ئەدا بە خەزان و گەڵا ڕێزان! سوێند بەسەرە ڕووتاوەکەی «وەتەن» ئەخوا.. سوێند بەسەرە بێ ملەکەی عەدالەت و حوڕییەت و سوێند بەسەرە خوێناوییەکەی ئەستێرە و مانگ.. ئەمجارەیان دوا بارەگای دەنگمان بگرێ و دوا مێژوومان بووەرێنێ و دوا ڕووبارمان بخنکێنێ و دوا دۆزەخیش بۆ شاخ داخا! خاتوو چیللەر.. تاقە ژنە سێ مانگ جارێ ساڵی چوار جار لە درۆ پیاوی عەسکەرتار کوڕ و کچی کەڕ و کوێر و ڵالی ببێ!! ++++++++++++++++++++++