شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: دەربەندی پەپوولە سەرناو: I سەبارەت: ١٩٩١/٠١ ستۆکهۆڵم دڵۆپ، دڵۆپ باران: گوڵ ئەنووسێتەوە ونمەنمەیش چاوانم تۆ! چ ساڵاوێکی نامۆیی و چ ژانێکی بەخشندەیە وا لەسەرخۆ بەرد بە بەردی کێوی سەرم ئەپشکوێنن لق بە لق و چڵ بە چڵی دەست و پەنجەی وشکەڵاتووم شین ئەکەن و وەک باویلکە ئەمدەن بە دەم باڕێزەکەی ئەوینتەوە و لە شەختەبەندانی گیانتا: ئەمڕسکێنن. گڤە، گڤە «با» پێدەشتت ئەخوێنێتەوە و نەفەس نەفەس هەناسەیشم: باڵاکەی تۆ چ گەردەلوولێکی سەوزە و چ ئەسپێکی ئەفسانەیی باڵدارە وا لەم کۆتایی دنیایەوە بە پڕتاو دێ و هەڵم ئەگرێ و ئەمفڕێنێ و دوور دوور ئەمبا بەرەو هۆبەی ئارانی تۆ. کلوو، کلوو بەفر گوێ بۆ چیا ڕائەدێرێ و وشە وشەیش هۆنراوەی من بۆ سۆزی تۆ چ بەفرانبارێکی زەردە و چ کڕێوەی حیکایەتێ بەم ناوەختە و لە ئاویلکەی ئەم ڕۆژەدا وەک عەشقەکەی برایمۆک پێدەشت پێدەشت و کۆ بە کۆ بەڕێگەی مەرگی سپیدا ئەمخاتە ڕێ بەرەو لای تۆ *** سەفەرەسەفەرە سەفەر. سەفەری ئازاری زگماک و سەفەری درەختی بێ داڵدە و بێرێتەی زامانی گەڕیدە و تەدارەک ڕێک ئەخەم! ساواقە ساواقە ساواق! ساواقی ساڵانەی بەهاری بێوڵەت ساواقی بورجی مارت. شەپۆڕی باهۆزە و شیوەنی گوڵانە و تەدارەک ڕێک ئەخەم تەدارەک: لە ئەسپی کەللەسەر گڕگرتووی ڕەوەندم ئەو وەختەی ژان لەسەر بەرد ئەڕوێ. تەدارەک لە حیلەی برووسکەی ئەم هەورە سوورانە ئەو دەمەی کە باران شیعرێکی سەوزتر ئەنووسێ.. لە جوانووی ئەم خەمە بزێوە سپیانە ئەو وەختەی کە لانکە و بنچک و دەوەنیش غار ئەکەن. تەدارەک لە تەختی کەژاوەی زریکەی فەریادی ئەم هەموو فریشتە ڕەندانە ئەو وەختەی خوا ئەوقە و مردنیش سەرسامە! لە گوارە و پڵپڵە و سڵسڵەی زایەڵەم ئەو دەمەی کە شایی گریانە. تەدارەک لە تارای ئەم شیعرە و گەردانەی ئەم تەمە ئەو وەختەی کە مەرگم بووکمە و کە ژەهریش شاباشی جیهانە! ئێوارە.. دوای بانگی برینتان من ئەگەم.. ئێوارە. ئێوارە.. دوای شێوی گریاوتان لاتانم.. ئێوارە. کە هاتم مۆمێکم لە قوللەی حەزرەتی نالیدا بۆ هەڵکەن با ملی دارێ بێ یان پەنجەی نێرگزێ یان قژی وەنەوشە. زامێکم لە دوندی «کەکۆن»ی حاجیدا بۆ پێکەن با سەری بڕڕاوی شیعرێ بێ یان مەمکی «وەسانان» یان باڵای هەڵەبجە. دوای بانگی برینتان من ئەگەم کە هاتم لە بەردەم دەروازەی هەناسەی ساردتانا تاقێکم بۆ لێدەن شیاوی شای خەم بێ و ئەم تاجی غوربەتە شیاوی ڕیشەکەی خەندان و شیاوی هەیبەتی جەلادەت. تاقێکم بۆ لێدەن: بەخونچەی ئەو هەموو فرمێسکەی هەتانە. بە گەڵای ئەو هەموو ئاخانەی لاتانە. بە ژاڵەی ئەو هەموو کسپانەی پێتانە. تاقێکم بۆ لێدەن بە نەخشی باڵندەی ئەو قوڕە سوورانەی هەتانە و لە گڵکۆی ئازیزان بە ئاوی نێو نیگا شێلاتان. تاقێکم بۆ لێدەن بە خشتی ئازاری چوارگۆشەی ئەو هەموو پرسانەی دایئەنێن. تاقێ بێ لە شێوەی مێزەری «مەولەوی» تۆزێ قووچ. تاقێ بێ وەک پشتی کۆماوەی خەڵوەتی مەولانە تاکوو دێم، ئەو گوڵە سپیانە مەنێژن بوەستن! بەلانکەی مێژوویان مەسپێرن با لەسەر سەوزەگیای لەشی هەرد لەسەر پشت پاڵکەون با لەسەر باسکی ئاو ڕاکشێن. با لەسەر شانی «با» هەڵکوڕمێن. ئاسمانی چاویشیان دامەخەن هیچ پەڵە هەورێکی سەرشاخیان پیا مەدەن، هەتا دێم مەیکەنە تارومار خۆزگەمە بۆ دواجار تەماشام بە پرژەی گوڵاویان تەڕ بکەم. خۆزگەمە بۆ دواجار شنەیان بگرمە باوەشم. یەک بە یەک دەم خەمە ناو دەمی حەسرەتیان ناکامیی سینەیان هەڵمژم وەک دایک و باران و شەمامە بۆنیان کەم. یەک بە یەک دەست بێنم بە تیشک و تیرێژی قژیاندا و موو بە موو ماچیان کەم. تاکوو دێم، ئەو «مانگ»ە زەردانە مەنێژن بوەستن! هەتاکوو تریفەی غەریبیی خۆم دێنم ڕاوەستن! هەتاکوو ئەگەم و خەرمانەی هەڵبەستم ئەکەمە پشتێنی ناو قەدیان. خۆزگەمە بۆ دواجار دەست کەمە قەڵبەزەی گەردنی هەموویان یەک بە یەک خەمانیان ڕاژەنم یەک بە یەک بە بەژنی دارلیمۆی ژەهراویی مارتیاندا هەڵزنێم یەک بە یەک سەرخەمە ناو سنگ و بەرۆکی بەفرینیان یەک بە یەک کڕنووشیان بۆ بەرم یەک بە یەک فوو بکەم بە کونی زامیاندا و شمشاڵی باڵایان لێبدەم: «حەیران.. حەیرانە.. ئەوە «سەحەر»ە ئەوە چاوی هەڵوەریوی سەحەرە. ئەوە خەزانی باڵای سەحەرە. ئەوە دەنکە ملوانکەی خەونەکانی سەحەرە. ئەوە دەست و ئەوە پەنجە و ئەوە مەمکی بەجێماوی سەحەرە. ئەوە قیژەی ڕواوی سەحەرە ئەوە خۆڵەمێشی ماڵە بابی سەحەرە حەیران حەیرانە و خەنەبەندانە و ئامان ئامانە و باڵاڕێزانە..» لاوەکە! تەماشا! ئەم مێرگی غوربەتە ئازاری چەند سەوزە چەند تەڕ و پاراوە ئالووزی گوڵ گوڵیی ئەم مێژووی وڵاتی حەسرەتە. لاوەکە! بڕوانە! دوندی ئاخ لە سینەی بوولێڵی ئێمەدا هەڵکشاو، سەر بە گوڵ، چەند بەرزە ئاوڕێ.. تەماشا! سەقەمی کۆچنامەی دڵداران لە گیانی عاشقدا: گڕەیە. گینگڵیان: ئارام و وێڵ بوونیان: ڕێگەیە. تەماشا! ڕیزە ژان زنجیرە سەماکی کۆتەڵمان یەک بە یەک چۆن بەسەر پێدەشتی سۆزماندا ئەڕوانن! بڕوانە! سووتانیان: سەمایە و فڕینە و پەل و پۆی گریانیان: شۆڕابەی بەستەیە. ئەوەیان: فەنەری گەردنی نالییە لە شەوی بسفۆردا ئەسووتێ و جەستەی ئاو ئاڵ ئەکات. بە باڵای قەسیدە قوڵایی ئەپێوێ و لە بنی گێژاودا چارۆگەی خەیاڵی هەڵئەدا. لە سامی گێژەندا و لەوێدا بۆ ساتێ پەیتووکەی گومانی ئەسرەوێ. لەوێدا ئەم گەرای ڕەنگاڵە بۆ ماسیی باڵداری شیعری خۆی دائەنێ. لەوێدا ئەم خەونی زەرد و سوور بە چاوی خاکەوە ئەبێنی. ئەخنکێ و ناخنکێ و لەوێدا دەست ئەبا و مرواریی دڵی خوا دەردێنێ. ئەخنکێ و ناخنکێ و لەوێدا ئەم تۆوی هەتاو و هۆنراوە ئەچێنێ. هەر خۆی و گەمیەکەی. هەر خۆی و سەفەری ئاوی ڕەش. هەر خۆی و سەوڵەکەی قەڵەمی و هەر خۆی و خەمی گەش. پێشەنگە و پێش هۆرەی شەپۆلی بێ‌وڵات کەوتووە. پێش وشەی سەرگەردان کەوتووە. نامۆیی سەراپای تەڕ بووە. بەلەمی بێ کەنار تەنیایی ئەئاژوێ و باخی ئاو گوڵقژی حەبیبەی گرتووە. بە پێلە تینویەتیی عەشقی ئەو، سەرئەکا! بە شەوقە تاریکیی ڕێ و بانی وشەی ئەو، ڕێ ئەکا. سەرپەڵە پایزەی ئەم کۆچەی ڕواوی سەر بەردی هەڵکەنراو هەڵاڵەی فرمێسکی گوێ زەڵمە و گۆرانیی بەفرێکی شنروێی هەڵقرچاو. ئاڤزینی خولیاکەی ئەسپێکە سپی بۆر: ئارامی: سمکۆڵە و کوڕژنی: هێوریی و دوورێتیی: نزیک و قیبلەکەی: خاک و خۆڵ ئەستەمووڵ ئەیبێنی و نازانێ چ گۆمێ وا لە ژێر کڵاوی ئەم پیاوە ڕیش ڕەشەڕێحانە و بەفرەدا. هەموو ڕۆژ ئەیبینێ و نازانێ چ بێشە و نزارێ وان لەناو دەربەندی ئەو سینە تەنگەدا. کۆتریی سەر قوببە و منارە ئەیبینن نازانن چ باڵی فڕێنێ وا لە ناو ئاسمانی ئەو گیانە شینەدا. کەلەپۆی خۆرنشین ئەیبینێ و نازانێ چ پشکۆ و ژیلەمۆ و ئاگرێ وان لەناو ئاتەشگەی ئەم شیعرە ئاوارە و وێڵەدا. باران و ڕەهێڵە ئەیگاتێ و نازانێ چ ناڵە و چ ژان و ژمژیە و گرمەیەک وان لەناو ئەو هەوری دەروونە قووڵەدا هەژاران ئەیبینن نازانن چ نووزەی نانێک و چ لاڵەی ئاوێک و چ سەرمای تەمەنێ وان لە ناو کوختەکەی هەناوی ئەم مامە پیرەدا! عاشقان بەلایدا ئەڕۆن و نازانن چ لەنجەی خەمێک و چ کانیی نیگایەک وان لەناو کازیوەی ئەو چاوە تیژەدا ئەوەیشیان: مەولانەی هەتاوی نیوەڕۆی شەوانە. تاڤگەی بێدەنگیی دڵی خوا و کۆڵکێشی گریانە. بە هاوین بارانی هیندستان لە چاویا دائەکا و بە زستان لە ڕۆحیا قرچەقرچ «شارەزوور» سووتانە. هەموو ڕۆژ شەبەقی بەرەدای موریدی کاکۆڵ سەوز، بە دزیی منارەی ئەمەویی شامەوە، لە دەفری سۆزێکدا شەپۆلی نوورێکی یەزدانی هەڵئەگرێ و ئەیبا بۆ: سیروانی مەولانە. شەوانە، شۆڕەبیی کەناری گۆمی خوا و ڕۆژانە، نانێکی ناوچەوان سووتاوی ڕەنجدانە. ئەم، بەڕووی شاخێکە هەموو ڕۆژ بە پێی خۆی ئەچێتە ناو ژووری پەنگر و کڵپەوە هەتاکوو بسووتێ و هەڵقرچێ پژوپۆی «وەجد»ەکەی چڕترە. ئەم.. کێوی بەفرێکە خۆی بۆ خۆی ئەچێتە بەردەمی خۆری هەق هەتاکوو دڵۆپی توانەوەی زۆرتر بێ ئەستێرکی ئەوینی ئاسمانی پڕترە. شەوانە، تا دۆزەخ بۆ لەشی دابخا و بپڕووکێ و هەڵوەرێ و دووکەڵ کات ڕۆژانە، بەرچاوی ئەم زامە ڕوونتر و بەهەشتی گیانی ئەم شەنگترە. مەولانەی سەمەندەر ئەو قوڕەی لە مشکیی لەشی خۆی بەردەوام ئەیشێلێ هەموو ڕۆژ ئەیکاتە گوڵدانێ بۆ گوڵی عەشقی خوا و لەتاقی پرشنگی ژوور سەردا دایئەنێ. سێ وتەی پیرۆزی نێو ڕۆژژمێرێکی نەبینراوی مەولانە یەکەم: عاشقێ خرایە ئاگرەوە بەڵام تا گیانی پاک گەیشتە ئاسمان و دڵی خوا ئەو بە ژێی بڵێسە بەردەوام هەر «تار»ی ئەوینی لێئەدا! دووەم: ئەتوانیت ڕوانینت بڕوێنی و سەوزیش بێ بەو مەرجەی کە درەخت ببێتە دڵدارت! سێیەم: دەرچوونم بۆ نەبوو عەشقی تۆ دەوری دام من ئیستا لە نەخشەی تازەتا دوورگەی تۆم! ئەوەیشیان: حاجییەکەی درەختی زەنگ بە دەست. شمشاڵی لالێوی مێژووی شاخ. شەو و ڕۆژ بە گوڵەحاجیلەی دیدەی خۆی، گڵۆنکەی کۆڵوانەی یادێکی نارنجی بۆ کۆیە ئەچنێ و باڕژنی کاژۆلەی مووڕەشی خەمیشی هەر لەلای «کەکۆن» و لە دەوری ڕەشماڵە. ئەم، شیعری کردووە بە هەتوان. بە کلیل. بە خەنجەر. هونەری کردووە، بە دەغڵ و بە بانگدان. ئەم، وشە و گوڵاو و هاوار و گزنگی ئاوێتەی یەکتری کردووە. کردوونی بە شتێ نەبینراو. نەبیستراو. بۆن نەکراو. ئەم، شیعری کردۆتە پڵنگ و لەم بێشەی ترسەدا، بە چڕنووک لە قەدی تاریکی ئەنووسێ. ئەوەتا نیشتمان لە چاویا بریسکەی دڵۆپی ئەلفوبێی بێئەنوا و بێماڵە. نیشتمان لە «سەر»یا هەر بەردەمۆرەکەی، گیرفانی شوانێکی عاشقی خەجێیە. نیشتمان لە دەنگیا خوێندنی کەوێک و تریقەی دوو کیژی دیلانێی مابێنی دوو داری ناو دێیە. نیشتمان لە گوێیدا زرنگەی پاوانەی جوانێکی ئەوێیە! بە بەردە ئەستیەکەی سەری خۆی هەموو شەو لە هۆدەی گریاودا، یادێکی پەمەیی و شیعرێکی زەردی خۆی پێکەوە هەڵئەکات. ئاوی چاو وەک ئاوی شەربەکەی حیجازی، ژەکێکە هەموو ڕۆژ غەریبیی ئەینۆشێ. ڕۆژانە لە حیجاز هەڵمێکە و شەوانە لە وڵات گۆمێکە و ئەیبەستێ. لەوێڕا گەر سەری بەردێکی چنارۆک بشکێنن، لێرەڕا ئەم دەستی کسپەیەک هەڵئەبڕێ بۆ سەری. لەوێڕا گەر چەوێ لە بینی کانییەک بگیرێ لێرەڕا ئەم شیعری قرخەیەک ئەکات و دەست ئەبا بۆ قوڕگی. لەوێڕا گەر بەچکە ئاوازێ هەڵفڕێ لێرەڕا ئەم ئەبێ بە ئاسمان. لەوێڕا گەر ئەوین سەعاتی ژوانی دیاری کرد لێرەڕا ئەم ئەبێ بە دار و سێبەر و پەناگەی جێژوان. لەوساوە، ئەوەتەی کە ڕیشی پەپوولە پایزەی لە بنە تووتڕکی غەریبی ئاڵاوە ئەوەتەی ئەستەمووڵ نسێیە و هەتاوی نیشتمان لەم شیعرەی نەداوە، ئەوەتەی شەپۆلی ئەم ئاوە باڵ شینە فڕیوە باخەکان بە دوایدا ئەگەڕێن. ئەوەتەی ئەم هەورە ڕۆیشتووە شاخەکان بە دوایدا ئەگەڕێن. ئەوەتەی ئەم هەیبەت سوڵتانە کۆچەرە کوردستان شپرزە و چاو لە ڕێ و هەر ئەڵێ ئاخۆ کەی ئەم خۆرەم دێتەوە؟ ! پەندە شیعرێکی بڵاونەکراوەی حاجی وەختی خۆی لە ئەستەمووڵ لە پیرە بەردێکی ڕیش سەوزم وەرگرت ئەم بەردە گەر بازووی ئەوەندە ئەستوور و دڵیشی ئەوەندە سەخت و ڕەق نەبوایە تا ئیستا ڕەشەبا هەزار جار تلاوتل بردبووی. ئەو بەردەیش گەر دڵی زۆر ناسک نەبوایە ئاخر چۆن بە تۆوی دەم «با»یەک ئەقڵیشا سەرسنگی؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: II سەبارەت: ١٩٩١/٠١ ستۆکهۆڵم بە تیری عەشقی بەردزامدارە و گرفتار ئەم مێژووە عاشقەم. بۆ خاتری چاوی بەرد هەموو جار خۆرنشین ئەپۆشێ و بە کەوڵی سوورەوە ئەگاتە بەردەمی قاپیی مەرگ. لە خێڵی ئاوەوە پشتاوپشت زاووزێی ئەم نەوەی ڕووبارە و چەمانە هاتوون و تا سەر من، تا ئیستەیش تینوویەتی سەرچاوەی عەشقیانە. ئەز چیتان بۆ باس کەم؟ کام خوێنتان بۆ باس کەم؟ کام ئاختان نیشان دەم؟ لە کوێوە بێمە ناو زریکە و قیژەوە؟ لەڕیزی وەریندا لە پێشدا چ ڕەنگێ پێش بخەم؟ لەم چرای دەنگانە لە پێشدا چ دەنگێ هەڵبکەم؟ درێژە دووکەڵی ئەم بێشە غەمناکە وەک بەژنی نەخشەکەم. درێژە فرمێسکی ئەم شاخ و داخانە لە دیجلە و فوراتیش درێژتر. درێژە کڕووزەی پەلکە گیا تا چاوی برینم بڕ ئەکا. درێژە هاواری کۆڵان و شەقامی ئەم لەشە تا لای خوا. درێژە ئازاری ئەلفوبێم لێرەوە هەتاکوو لای خانی. درێژە، درێژە، درێژە.. غەریبیم لە هێڵی ئاسنی ئەوروپا درێژتر. نازانم ئەز چیتان بۆ باس کەم؟ نازانم ئەزچیتان نازانم ئەز نازانم نا. وا دیسان خەنجەرە و بە «با»وە ئەبارێ. ڕەهێڵەی نەشتەرە. شادەمار لە ملی ئەم کێوە زلەدا کون بووەو خوێن لەبەر ئەشکەوتی برینی بەرد ئەڕوا. وا دیسان چەقۆیە و بە «با»وە ئەبارێ «با» سەرم ئەبات و گیانیشم بە دوایدا ئەگەڕێ. -پێویست بوو، شاخ بێتە، دەشتایی گیانتەوە. پێویست بوو کڵاوی هەوری ئەو لە سەر کەیت. ئەبوایە تانوپۆی پەنجەی تۆ و لاسکی گژوگیا و فەقیانەی دایکت و تەنافی سێدارە تێک ئاڵێن. پێویست بوو بە قەڵەم سەنگەریش لە شیعرا هەڵکەنی. ئەبوایە خوێ و برین وەک عەشقی وەلی و شەم، وەک سەری مەسیح و تاجی دڕک، پێکەوە ڕابێنی. پێویست بوو ئەو کاتەی شڵپەی خوێن لە ڕۆخی لەشەوە، ئەگەیشتە گوێی مێژوو، لەو زەریا سوورەدا، ئەبوایە چارۆگەی بەلەمی دەنگی خۆت هەڵبکەی. چی ئەکەی؟ ئەو کاتەی کە مردن سەربازی دەوڵەت بێ و تۆیش لە کێو، درەختی قەڵەم بی؟ چی ئەکەی ئەو وەختەی کە شانۆت پەنگربێ و گوێگرت تفەنگ بێ؟ - هەر ئەبوو، وا بکەی، هۆنراوە بە نووکی بڵێسە بنووسی و دۆزەخیش بۆ ترس و بێدەنگیت دابخەی! - بەردەوام هەر تەورە و بە «با»وە ئەبارێ. بەردەوام لافاوی شمشێرە و هێرشی بیابان. *** - ئەمە پرچی بەجێماوی قەسیدەیە؟ یان کاکۆڵی خەونی گوندێ؟ ئەمە ئاوێنەی شکاوی هەتاوێکە یان هی کچێ؟ ئەی ئەم ڕووبارە کوژراوە یاری دەشت بوو یان هی کوڕێ؟ ئەی ئەم قیژە هەڵوەریوە قیژەی دایکمە یان درەختێ؟ ئەی ئەمەیان گۆی مەمکە یان دەنکە گێلاس؟ ئەمە پشیلەی سووتاوە یان ساواکەم؟ ئەی ئەمەیان سەری باوکمە یان گوڵبێنەی تەندوورەکە؟ ئەمانە باڵی وەریوی پەرییەکانن یان کۆترەکان؟ ئەی ئەمانە گلێنەمن یان دەنکە زەیتوون و ترێ؟ نازانم ئەز چۆنیان لە یەکتر جیاوە کەم؟ نازانم ئەز چۆنیان لە یەکتر نازانم ئەز چۆنیان.. نازانم ئەز.. نازانم.. نا.. *** - وا مێژوو جۆلانەی شەهیدە. هەموو شەو بە هێشوو «مانگ»ی سەوز لە بەفری ناو سەرتا هەڵدێن و لە پڕیش لەو دیوی گوڵاڵەی خەونەوە ون ئەبن. ون ئەبن بۆ ئەوەی بێنەوە وێڵ ئەبن بۆ ئەوەی بگەنە دڵی خوا و لەوێدا بڕوێن و بشنەوێن. -هەموو ڕۆژ چاوێکم ئەکشێ. هەموو ڕۆژ دەستێکم کۆچ ئەکا و جێم دێڵێ. هەموو شەو من عەردی خەمێکی بەیارم و ڕۆژانەیش تینوویەتیی شەهیدێ ئەمکێڵێ. هاتووم «با» فێرم کات، چۆن ڕووبارڕاژەنم. هاتووم بەرد فێرم کات لەسەر ئەو چۆن بڕوێم. هاتووم ڕەگ فێرم کات لە کوێوە بگەمە دڵی خاک. هاتووم گوڵ فێرم کات شیعر چۆن جوان ئەبێ. هاتووم مەل فێرم کات تەماشام چۆن بفڕێ؟ من هاتووم بۆ ئەوەی ئەم ئاگرە گەورەیەی ئەوینی نیشتمان تێم بەربێ. من لێرە، لەناو ئەم، ئەوینە چڕەدا دڵنیام وەک ڕاستی. من لێرە، لەناو ئەم، دەربەندی دووکەڵ و ترسەدا ئاسوودەم وەک سەمای ئازادی. هەموو جار بێ ئەوەی لە دەرگای وشەم بات هەورێ دێ خۆی ئەکا بە ژوورما و گۆرانیی قژ تەڕم بۆ دێنێ بێ ژوان بەبێ پرس هەموو ڕۆژ شەپۆلێ، دووان و سیان، بە هەگبەی پرشنگ و گوڵەوە ئەگەنە سێبەری بەرگێلەم ناڕۆن تا من نەکەن بە مێرگی هۆنراوە و بە گۆمی ئەستێرەیش، ژوورەکەم. دار بەڕوو دێ بۆ لام ڕەگی خۆی ئەبەستێ بەڕەگی قاچمەوە. گابەرد دێ و هێزی خۆی بەدیاری بۆ پشتم ئەهێنێ. لووتکە دێ و باڵای خۆی ئەخاتە سەر باڵام. ئاشنامن فرمێسکە پایزەی غەریبان ئەوانیش بە سواری کزەبای ئێواران دێن بۆ لام. لێرەم و بای خەونم زەمانێ تۆو ئەکات کە هێشتا زەمینی لەدایک نەبووە. لێرەم و ڕوانینم کەناری دواڕۆژێ سەوز ئەکات کە هێشتا بارانی لەدایک نەبووە. ئەم خەونە پەنجەرەی ئایندەی مێژووە. من چاوم: پێش تیشکی ئەمڕۆکە و بیستنم: پێش دەنگی ئیستاکە کەوتووە. دۆزەخی ئەندێشەم گوڵی وای تیا ئەڕوێ کە هێشتا ئەم عەردە بە چاوان نەیدیوە. من دیدەی پێغەمبەر ئەوەتا لە دیدەی هەڵبەستما هەر بۆیە نەهێنیی دڵی خوا و گەردوونم بینیوە! -شاخ لە شاخێتی ئەکەوێ ئەگەر ڕەنگێک دابینی کا و یان بە زریانێک بسرەوێ. ئاو لە ئاوێتی ئەکەوێ گەر گێژەنێ دابینی کا و یان بە گەرداوێک بسرەوێ. دار لە دارێتی ئەکەوێ ئەگەر وەرزێ دابینی کا و یان بە بارانێک بسرەوێ من ئەو هەڵبەستەم خۆش ئەوێ نە قۆناغێک نە سنوورێک نە جێگەیەک خەونەکانی دابین نەکا و ئازاریشی قەت نەسرەوێ! - ئەی «شاخ»م! ئەی پەندی بەردینی پێشینان! ئەی ملی پڵنگی بە خوێنم خەت خەت و بە عیشقم داگیرساو! داستانی سروشتی هەموو کات بەرامبەر ژوورەکەم خرۆشاو. لێرەم و ئەمەوێ وەک ڕکت تێکەڵی بناری مێژووت و ناو هەستی جۆشخواردووی بەندەن و بەردت بم. لێرەم و ئەمەوێ وەکوو «با»ی یاخی بووت بمخەیتە سەرشانی ڕەوەزت و، وەک پەلکی درەختی هیوایشت بمدەیتە دەست هەتاو! قوتابیی ئاسۆتم هەمیشە خوێندنەوەی فەرهەنگی گژوگیای سینەی تۆم کردووە بەڕێگا بۆ چاوم. ئەشکەوتت بە ژووری خوێندنی کێویم و لووتکەیشت بە وانە و مامۆستام. ئەمجارە من لەبەر نەینووکی ئاگرت و دیواری دووکەڵتا زێی زریان ئەنووسم نەک شیعر ئەمجارە من لەبەر ڕەهێڵەی ئەستێرەی کوژراو و باڕێزەی پشکۆتا مەرگی سوور بە خوێنی گابەرد و کاوانت ئەنووسم نەک چیرۆک. ئەم وەرزە من سەرم کارێزی مەراقی چەند سەدەی گیراوە و ئەتەقێ. گەردنم فوارەیە، فوارەی «با»ی ڕەنگاوڕەنگ فوارەی خۆڵ، فوارەی نوێی زایەڵە هی زوڵمی شەیتان و فریشتە و فوارەیەک بە بەرزیی باڵای خوایش لووزەوی هاواری هەڵبچێ! هەر لێرەم. دەمێک بوو ئەو گوندە تا پشت مل قوڕاوی و کوڵنجە شڕانە، ئەو خەمە دەست و پل زبرانەی وڵاتم بازۆڵەی ئازادی و بۆ هەزار، هەزاران سروودی ڕاکردووی شەقامی شارانم لانکە بوون. دەمێک بوو چۆڕچووڕەی ئارەقی لاملی گەنم و جۆی ماندوویان بۆ ڕێچکە ئەستێرەی سەر هەوراز، دەوران دەور، بۆ ڕەوە برینی خۆ خۆریش، ئەوان هەر نیگایان پلووسکی بەفراوی کاوان و ئارامییان کاسە دۆی ئەوینی سەر ڕێ بوو. دەوران دەور، دەمێک بوو، ئەوانە هەر هەڵمی گوڵاوی ڕەنج بوون و ژەم بە ژەم: لە گونکی هەژاریی خۆیانیان بۆ کردین بە نان و لە شەوی کون کونیی خۆیانیان پیاداین و بە ڕیزە درەختی باڵایان سێبەریان بۆ کردین. ئەو گوندە دەم و چاو خۆڵاوی و پێپەتی و ڕووتانە باوەشیان کادان بوو قسەیان باسووق و منداڵیان ڕێواس و گەورەیان پەل و پۆی دار شاتووی ناو دێ بوون. دەوران دەور ئەوانە هەر پڕمەی ئێستری سەر پلەی ژێر باری تفەنگی ئێمە بوون. دەوران دەور ئەوان هەر هێلکە بوون، کەشک بوون. پێواز بوون بۆ ژیان ئەوان هەر خڕخاڵ و بازن بوون بۆ شیعر و چیرۆک بوون بۆ کوانووی نیشتمان! *** دەریاچەی ڕۆژگاری سەردەمێوەک سەرمان لیخن بوو. سیاسەت: گایەکی بەلەسەی چاو سووری تووڕە بوو هەموومان –مێژوو-مان بە کەللە و قۆچیەوە بەستبوو. زریکەی کەروێشکی شیعرمان لە بێشەی تفەنگدا وەک خوێنمان لە چڕیی تاوان و تۆڵەدا ون ئەبوو. ڕێگەکان هەر خۆیان پردی سەر خۆیان و قۆناغی بەردەمیان سەربڕی! سەرچاوە: ڕووباری خۆی ڕاوکرد. دارستان: داری خۆی بە پەنگ کرد! دیواری نەفرەت بووین لە کینەی خم خۆرکدا ڕۆ ئەچووین گوڵ گوڵی ئەکوشت و شاخ شاخی ئەکوشت و هەموویشمان لەوێ بووین! - لە بیرتە؟ ئەو ساڵە نەزۆکە بە بزنەڕێیەکی بێ ئاوی نیوەڕۆی هاویندا ئەڕۆیشتی تفەنگی سەرشانت سێبەری تینوویەتی و تابووتی مەرگێکی گەڕۆک بوو. بۆ ئێوە، بۆ ئەوان، هەمووشت تارماییی ترسێکی هەمیشە ئامادەی درێژ و بەرین بوو. داروبەرد، ئاژەڵ و باڵدار و هەتاکوو بریسکەی چاوانی پشیلەیش لە شەودا، بۆ هەموو، نیشانەی بانگدانی مردن و نێو فاقەی کەمین بوو. بەشاخی ماندوودا داگەڕای. چوویتە ناو برینی گوندەوە. ئەو، کە هات دارهەرمێی سەرتاپا ڕەشپۆش بوو. ئەو، بۆنی مەرگێکی زۆر تازەی لێ ئەهات. ژنێ بوو لە مێژووی زامداری شاخ ئەچوو. ئەو، سەری مێردەکەی لە سنگیا نیشاندای ئەو، شیری گریاوی ساواکەی بۆ هێنای پێی وتی: - بۆ هاتووی؟ چی ماوە تا بۆی بێن؟ بێژنگی لاشەمان؟ ! یان نانی خوێناوی؟ ! چی ماوە بۆ هاتووی؟ ! تفەنگتان بۆ خۆتان! شۆڕشتان بۆ خۆتان! کوردستان بۆ خۆتان!! چی ماوە؟ بۆ هاتووی؟ ! شەڵاڵی شەرمێکی گەرم بووی. ئەو وەختەی وەرچەرخای مردبووی! بە هەمان بزنەڕێی تینوودا بە هەمان سەرشاخی ماندوودا سەرکەوتی لە ملەی پێشتەوە باگژەی ڕقاوی، بە هەڵپەی تەپ و تۆز هەڵی کرد تەندوورەی گەردەلوول گەیشتە بەردەمت و تیا ون بووی! *** هەر لێرەیش بوولێڵی دوێنێ بوومن خۆم دیم بە پەلە مێژوو هات، بە خۆی و چەند ڕەوە ئەسپەوە –وەک بڵێی ساڵێکی ون بووبێ و بە دوایدا بگەڕێ –من خۆم دیم پەشۆکاو، داستان هات. بە خۆی و چەند ڕەوە برووسکە و هەورەوە- وەک بڵێی هەواڵی کوژرانی ئەنکیدۆ یان کاوەی بیستبێ. ئەو وەختەی خۆیان کرد بە دەرگای زیوینی دەربەندا، هەر هەموو ئەسپەکان، سوارەکان، سەرتاپا هەڵمێکی زەڕکەفتیی لە لەشیان هەڵئەستا. چیایان شڵەژان، درەخت و تاڤگە و ڕووباریان سەرسام کرد. تاریکیی نزاریان شڵەقان. سوارەکان ڕم بوون و تا ناو قەد تڵەتڵ ئەسووتان. بەگوێی خۆم گوێم لێ بوو، لووتکەکان بەیەک دەنگ بانگیان کرد «وا شێخ هات». ئەم چرا یاخیانە، سەر و ڕیش پرشنگی ئاڵۆزکاو، بازوویان ڕووبار و تەوێڵیان ئاوێنەی بناری بەرهەتاو. خۆم بینیم بەم هەردوو چاوانە: لە دەفەی شانیاندا قوڵەقوڵ ئازادی هەڵئەقوڵی؛ خۆم بینیم: لە وەرد و نواڵەی سنگیاندا گوڵاڵە ڕواوە؛ خۆم بینیم بەم هەردوو چاوانە: هەر یەکە و ڕۆحی خۆی کردووە بە چەپک و چەپکیشیان هەر لەسەر قەڵپۆزی زینەکان داناوە. خۆم بینیم: هەر یەکە و دوا قومی مەتارەی سوێندێکی قرمزیی لەگەڵ خۆی هێناوە. ئەسپەکان: ڕەنگاوڕەنگ سپی و ڕەش، بۆر سپی، قاوەیی، ئەسپێکیان باڵدار بوو ڕەنگی شین. گۆمێ بوو ئەیحیلان. ئەم ئەسپە شینەیان، کە باڵی لێک ئەدا بە جارێ ڕەوە ئەسپ کوڕژنیان ئەکرد و ڕەوەزیش ئەکەوتنە سمکۆڵان. ئەو وەختەی باڵیشی جووت ئەکرد، زریانیش وەک شەختە ئەمەیی. پێشوازیی لەشکری باوبۆران، پێشوازیی ئەم خێڵی ئاگر و کڵپەیە، تا درەنگ خایاندی، نیوەشەو لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە دابەزین. جڵەوی شۆڕشمان لێ گرتن. ماچ، گوڵ و پەپوولە و گەنم بوون ئەبارین. هەردوو لا وەک دوو چەم تێکەڵ بووین. هەموومان هەر هەمان دەم و چاو. هەموومان ناومان لاس هەموومان هەر بە شوێن گوڵەکەی خەزاڵدا ئەگەڕاین. زەمانمان گۆڕییەوە هەر یەک بووین، خەفەتمان گۆڕییەوەو هەر یەک بووین. هەر تەنها پۆشاکی برینمان یەک نەبوو. لەو هەرا و زۆنگەدا، خولیام بوو، من «حیلمی» ببینم. پرسم کرد. شیعرێ هات: ستوونی، ئاماژەی بۆ کردم دوور بە دوور کەپرەکەی نیشاندام. چووم بۆ لای، کە من چووم خەریکی نووسینی هاواری ئازارو خەمێکی درێژبوو، بۆ یەکەم لاپەڕەی بانگی هەق، دانیشتم. خەمەکەی دامە دەست، لێم وەرگرت، سەیرم کرد هەر هەمان هاوارە، هەر هەمان ئازارە، کە ئێمەیش هەر ئەمڕۆ دابوومان بە ڕادیۆی ئەم شاخە –ئازاری لای ئێمە کوردییەکەی پەتیتر نووسیبوو- پاش تۆزێ بردمی چاپخانەی ئاوات و برینی نیشان دام. کە بینیم پێکەنیم –چاپەکە پیرێ بوو دەست شکاو پەککەوتە. من پێم وت: مامۆستا! ببوورە لای ئێمەیش هەر هەمان ئاوات و برینە ئەوەندە، چاپەکەی لای ئێمە تازەیە و ڕەنگاوڕەنگ ئۆفسێتە!! *** ئەمە چ کۆڕی سۆزێکی دەروێشانی گڵ و ئاوەدەفی سەرم لێئەدەن و ئەمکەن بە تەکیەی ئەم عەشقە هەڵقرچاوە. ئەمە چ باوبۆرانی ساڵێکی شێتگیرە وا ڕۆژگاری خۆی تێک ئەشکێنێ و شمشێر ئەدا لە گەردنی ئەم هەتاوە! - من قووڵیت بەڕەگم ئەپێوم بۆیە وا هەموو جار ئەگەمە ناو ناخت و هەوێنی مێژووت و ئەڵماسی ناسۆرت دەردێنم. من بەرزیت بە کڵپەم ئەپێوم بۆیە وا هەموو جار ئەگەمە لووتکەت و چاوی خۆم لەو باخی بەفرەدا ئەڕوێنم. شیعر و من عاشقەوماشقەی لە یەکتر ئاڵاوی قەدی تۆین. دوو گوڵەئەستێرەین هەردووکمان هەر لەسەر بەرماڵی یەک ئەوین بەرماڵی یەک ئاسۆ بەرماڵی یەک هەور ئەم نوێژە بارانە پیرۆزەت بۆ ئەکەین. تەورێ هات، تەورێ ڕۆی بەڵام تۆ هەر سامی ئەم مێژووە چڕە بوویت. مەرگێ هات، مەرگێ ڕۆی بەڵام تۆ هەر هاژە و هەر لرفەی ئەم ئاو و ئاگرە بووی. ئەم سۆزەی تۆ ئاوە. ئەم دەنگەی تۆ ڕەگە. ئەم عەشقەی تۆ بەردە! - ئەو وەرزەی لەوێ بووی تێکەڵی بەرد بووبووی. چووبوویتە بیناییی خاکەوە بە عیشقا ڕۆچووبووی. ئەو وەختە پەنجەت و گۆپکەی دار یەک شت بوون. تاڵە مووی کاکۆڵت و گژوگیا یەک شت بوون. ئەو وەختەی تۆ لەناو هەناوی چیادا بنج بوویت و ئەتنووسی، سکڵ بووی ئەتنووسی، ئەو دەمە کارێز و شیعری تۆ یەک شت بوون. گڕکان و ناخی تۆ یەک شت بوون. ئەو وەختەی کە وڵات، بە تەنها سەرینی بەردێکی ژێر سەری عەشقت بوو، شینایی ئارام و سەوزایی ئەم هەموو دنیایە لەو قولکەی چیایە لە دەنگتا ڕوابوون. ئەو دەمە تۆ گیانت دەریاچە و ئەوانیش دار شیعری سەرچۆپی و سەما بوون. - ئەو وەرزە من تاجی گوڵ هێرۆی هۆنراوەی سپیی خۆم، کردە سەر چەند خوێنی بە شەوقی ئەم شاخ و داخانە «مەبەستم خوێنێکە سەرچاوەی ئەوینمان یەک بووبێ» ئەو وەرزە.. من ساتێ هەڵمەتی ئەو خوێنەم بینیوە و هیچی تر. ئەو وەرزە.. من ساتێ سوور بوونی ئەم بەفری ناو دڵەم بینیوە و هیچی تر ئەو وەرزە.. من ساتێ ئەوینی ئەو خەڵکە و ئەو خوێنەم بینیوە هیچی تر وەک شاملوو بۆ ڕووزبە خولیامە کە ڕۆژێ، ئیستاکە، سبەینێ، هەتاوی حەقیقەت گومانی تەماویی توانەوە لەسەر کێو بۆی نووسین «کە خوێنێ لەوانە پیاوکوژی خوێنێکی عاشقی تر بووە» لەسەرم مەوەستن، دوودڵ نیم ئەوساکە ئەو تاجەی داگرن و هەر لەگەڵ هەڵبەستما بینێژن! - لە نێوان وشەی تۆ و کانیدا جودایی نەماوە. لەنێوان قەڵەمت و لاسکدا جودایی نەماوە. لەنێوان دەروونت و ئاگرا جودایی نەماوە. لەنێوان نەفەست و هەوادا جودایی نەماوە. تۆ ئیستە، کەنیسمەی، سەر تاشەبەردێکی مێژوویت و بە خوێندن بەژنی «با» سوور ئەکەیت. تۆ بە باڵ ئەبینی و بە چاوت کیشوەری ئەم سۆزە تەی ئەکەیت کە گەڵا بکوژرێ ناتوانی دەنووکت کلیل بەی. تۆ ملت ژێی خاکە و دەستی ئاو ئەتژەنێ. کە ئاوێک کوێر بکرێ ناتوانی پەنجەرەی شەتاوت دابخەی. تۆ یاڵی ئەم ئەسپی کەژانەی. کە جوانووی شەماڵێک سەربڕن ناتوانی قەت حیلەی سنجرت خەفەکەی. دە هەگبەی بارانی هۆنراوەت بکە شان! لە ڕێگەی گوڵەوە بچۆرە ناو خێڵی ڕووناکی و دەست کەرە گەردنی دارستان. دە هەگبەی گۆرانی و گوڵاڵەت هەڵگرە و لە ڕێگەی ئاوەوە بچۆرە ناو دەنگی خەڵکەوە و سەربدە لە وەرزی سووتان و هەڵقرچان. هەموو جار بە خوڕڕەم داتئەکرد سەرتاپای کەژاوەی ئەو هەموو گوندانەت تەڕ ئەکرد! - هەنووکە شەو و ڕۆژ گوێ ئەگرم لە لاڵی لەلاڵیی ئەستێرە و گوڵەباخ. لەلاڵیی دەربەند و دارستان. لە کپی و بێدەنگیی کاولاش و خۆڵەمێش. هەنووکە من لەگەڵ مێژووی کەڕ ئەدوێم و زمانم غەریبی فەرهەنگی خۆیەتی و دەنگیشم مەلێکی گرمۆڵەی بێ ئاسمان. چۆڵ و هۆڵ، پێدەشت و بناری ئەم لەشە دروێنە کراوە چۆڵ و هۆڵ، پایتەختی ئەم شیعرە خنکاوە. چۆڵ و هۆڵ، وڵاتی ئەم خەونە سووتاوە. چۆڵ و هۆڵ، چۆڵ و هۆڵ لەم سەری زامەوە هەتاکوو ئەو سەری. لەم پەڕی کۆستەوە هەتاکوو ئەوپەڕی. تۆ فریا نەکەوتی ئاوەکە بەیتە دەس مەولەوی. تۆ فریا نەکەوتی کەوشەکان بۆ نالی دابنێی. تۆ فریا نەکەوتی کەوچکێ دەرمان بەیت بە گۆران تۆ فریا نەکەوتی و نەکەوتی و نەکەوتی. لە جێی خۆت خەزان بووی، بێ ئەوەی هەڵوەرێی. لەجێی خۆت هەڵقرچای. بێ ئەوەی بشێوێی. لە جێی خۆت بووی بە مۆم. بێ ئەوەی بسوتێی. برووسکەیەک.. پەلە نییە.. شیعریش نییە. بەناوی هەڵەبجە و پێنج هەزار «مانگ»ەوە بەناوی مەولەوی و پێنج هەزار گوڵەوە. بەناوی گۆران و پێنج هەزار کۆترەوە، بۆ زانا بلیمەتەکانی: وڵاتی پوشکین، وڵاتی جاک لەندن. وڵاتی بایرۆن، وڵاتی جان دارک، وڵاتی بسمارک. وڵاتی گاریباڵدی، وڵاتی ڤان کوخ.. وڵاتی.. وڵاتی.. وڵاتی سوپاس بۆ ئەو دیارییەی کە بە کۆمەڵ سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٦/٣/١٩٨٨ لە ڕێگەی بەغداوە بۆ گوڵ و کۆتر و منداڵ و شیعری کوردستانتان ناردبوو. *** - ئەم شەوە سوورانە «تارا»ن یانبالیفی خوێناویی ژێر سەری کەژ و کۆ؟ ئەم هەموو دووکەڵە دووکەڵی یەک «مانگ»ی سووتاوە یان مێژووی سەرزەمین هەر هەمووی پێکەوە ئەسووتێ - سەرەتای نیسان بوو، ژنێکی لادێیی گوندەکەی بە گڕوکڵپەوە خستبووە ناو دڵی و ڕای ئەکرد وەکوو دار، وەکوو بەرد، وەکوو ئاو شێت بووبوو: «دووکەڵ، دووکەڵ، دووکەڵ.. ڕەنگە خوا سووتابێ و ئەم هەموو دووکەڵە لەو هەڵسێ!» ڕای ئەکرد وای ئەوت. ئەی دووکەڵی بەژنی دایکم لە وەختی نزاکردندا! ئەی دووکەڵی بەژنی مێژووم لەوەختی هەتاو چاندندا! تۆ ڕۆحی سەوزی گژوگیا و دارستان و کێڵگە فڕیوەکانی ئێمەی بە دەوری ئەم شاخانەدا خول ئەخۆی. تۆ باخ و مەزرا باڵگرتووەکانی ئێمەی سەرت ناوە بە بنمیچی تاریکیی کەشکەڵانەوە. تۆ گیانی سپیی بێشکە و پنە و بەرماڵ و حیکایەتی گوێ ئاگردانی ئێمە بووی ئەوا ئیستا بە ئاسمانەوە پەرت ئەبی. تۆ گیانی سەرخۆشی ڕەزەکانی ئێمەی وا قاچت لە دووت نایەن و سەرسم ئەدەی. ئەی دووکەڵی خەوەکانم! تۆ ڕەنگە ڕۆحی قۆشمەی گۆچانەکەی مام بایز و تەشیەکەی نەنە ڕێحان بی وا لەسەرخۆ هەڵ ئەسووڕێیت و با ئەخۆی. ئەی دووکەڵی ڕەنجەکانم! لەسەر ناوچەوانی گرژی ئەم ئاسمانە بێباکە چیم بۆ ئەنووسیت؟ ! من ئەتوانم فریای خوێندنەوەی چەند هیوا و بەهاری سووتاو بکەوم؟ ! من کێ بکەم بە شایەتی ئەم هەڵقرچانەی ژیانم؟ ! - تۆ زەردەشتێکی سووتاوی ئەوەتەی هەی گڕ ئەتخوات و هەر گڕ ئەگری ئەوەتەی هەی ئەم جیهانەیش ئاسمانێکی کوێر و کەڕە و تۆیش بەردەوام هەر دووکەڵی! هەر هەمان ئەشکەوتی چارەنووس یەک زاری قریشکەی وێرانە، هەر هەمان کەروێشکی خەونێکی ڕاونراو یەک لانەی خەڵتانی شەوەزەنگ. هەر هەمان نەقشی سەر ئەم بەردی مێژووە یەک پەیژەی حیکایەت. هەر هەمان هەڵمی ژان یەک گوڵی گۆرانی. - لەسەر ئەم تاوێری ئاواتە، وەستاوی. ئەزانی جاربەجار ئەلەقێ و وەستاوی. «بوەستە! هیوایەک بشڵەقێ لە قوللەی چەسپاوی تاریکی چاکترە تیا بژیت» ئەم پەندە دووکەڵی شەرابیی ئەو هەموو ڕەزانە بۆی نووسیت! هەموو جار من کێوێ هاوار و زریکە تلاوتل ئەبەم و ئەیخەمە ناو زەریای بێدەنگیی دنیاوە.. ناشڵەقێ. هەموو جار من سەری بڕراوی ساڵێکم، شارێکم هەڵئەگرم ئەیبەمە بەردەمی بۆ ئەوەی بپرسێ ئەم سەرەت لە کوێوە هێناوە؟ ! ناپرسێ - «گاڵۆنێ لە دەنگم بشڵەقێ ئەم زەریای ویژدانی جیهانەیش لەگەڵیا ئەشڵەقێ» ئەم پەندە بەرمیلە نەوتێکی سیاسی بۆی نووسیم! - هەر لەبەر نەزانیی سوار نییە ئەم شاخە هەمووجار ئەگلێ. دارخورمای خواستراوی سووریا لە بەردەقارەمان سوارتر بوو؟ ! ئەم کێوە بە تەنها و بە سکی برسی هەر ئەوەندە غار ئەکا! بۆ کەللەی حەسارۆست لە ئۆراس پووتترە؟ ! خۆ مێشە سەگانەیش بە تەنها لە ئەسپی ئەم کوردە ناورووکێ؟ ! ئەم پەندەیش گوڵێکی ژێر هەرەس بۆی نووسیم. - چەندین جار بەو کاجی دەستانەت تاریکیت شێلاوە و کردووتە بە نانی ڕووناکی چەندین جار تینویەتیی چاوانت کردووە بە کانی. چەندین جار لە پشتی مەحاڵ و خەونەوە تۆ مانگ و ئەستێرەت بە پێروو بۆ خەزاڵ هێناوە. چەندین وەرز لە قوڕی شەوەزەنگ تۆ خشتی هەتاوت بڕیوە و سەر لەنوێ لە زەویی لە تینوان کوێربوودا بنیاتی پرشنگی دوو چاوی خۆت ناوە. لە عومری شاخەوە مشاری زەمانێ نەماوە سەر نەکا بە خوێنی مێژووتا لە عومری شاخەوە پەیکانی سوڵتانێ نەماوە بە نووکی خۆیەوە ئەم سەرە یاخییەت بانەدا سوڵتان مرد.. بەرد نەمرد! شمشێر مرد.. با نەمرد! منیش نیازمە، ئەم گۆزەیەی سەروملم تێک بەمەوە. جارێکی دی بیشێلمەوە، لەبەر ئەوەی ماوەیەکە، ئاوی خەیاڵی لێ ئەچێ. شیعرەکانم فێنک ناکا و وشەیشی پێوە ناوەستێ. منیش نیازمە، گردۆڵکەیەکی چەپەکی ناو دەروونم، بکەم بە گۆڕستانی هەموو بەرهەمە مردووەکانم. نیازم نییە گۆڕەکانیان بۆ هەڵبەستم. یاخود لەسەر کێلەکانیان هیچ بنووسم. نیازم وایە ئیتر ئەستێرەی یادگار، لە کلۆری هیچ دارێکی زڕی خەڵکا نەشارمەوە. نیازم وایە، من لە ساکۆی ئەم مەڕمەڕی ڕەشی شەوە، پەیژەی هەتاو دابتاشم. نیازم وایە بۆ ئەم فڕینە تازانە، ئاسمانی نوێ، شەقژنی نوێ، بدۆزمەوە. نیازم وایە، هەرچی هەڵمی دەربەدەر و ئاوارەیە لە شەوێکی ئێجگار ساردا، لە ئاسمانی کوردستاندا کۆکەمەوە. دواتر کوورەی هەناوی شیعری نالی-یان بۆ دابخەم. هەتا ئەبن بە شەستەباران و تۆف و تێکەڵ بە دایکمان ئەبنەوە. نیازم وایە خانوویەک بۆ شیعری سبەینێ و دواڕۆژم دروست بکەم؛ وێنەی نەبێ. بریتۆن بە خەو نەیدیبێ. خانوویەک بێ: لەقەدپاڵی شەماڵێکی سەوز و سووردا. بەسەر پێدەشتی هەورێکی ئەرخەوانیدا بڕوانێ. دیوارەکانی مەڕمەڕی تەم و مژ بن. دەرگاکانی لە دار ئەبەنووسی شەو بن. هەموو پەنجەرەکانی لە ئەلەمنیۆمی هەتاو بن. بە کۆنکرێتی ساماڵیش بنمیچەکەی داڕێژرابێ. من ئەگەر بێ و لە خانوویەکی وادا بنووسم بە زمانی خواییی پەتی شیعر ئەنووسم پیتەکانم کلووی بەفر و تەرزە ئەبن. وشەکانم گڤەی زریان. قەڵەمم باڵی فریشتە و دەفتەریشم شەپۆل ئەبن. من نیازم نییە لە ژێر ئەم ڕەشماڵی شیعرانەدا خەیاڵ پیر کەم. یان هەر لەژێر یەک سایەدا گوڵەکانم پرچی سپی بهۆننەوە. ڕەنگە دوای یەک چرکەی تر من بگوێزمەوە و بڕۆم بچمە وڵاتێکی دیکەی جوانی. ڕەنگە بچمە ئەپارتمانی «ڕۆمان»ەوە یان ناو کەشتیی شانۆیەک و یاخود ئەستێرەی تابلۆیەک یان هەر ببم، بە «ئاخ»ێکی ناو گۆرانی و لە جۆلانەی ئەودا بمرم! *** ڕشتەیەک پەند و بەردنووس و قسەی نەستەقی ئەمڕۆ کەسەرچاوەیان لە شاخ و خوێن و دووکەڵ و هەرەسەوە هەڵقوڵیوە: یەکەم: کە ڕەشەبا ڕێی پێ گرتی ببە بە شاخ. کە شەماڵ هات بە پیرتەوە ببە بە باخ! «ئەم قسەیەم لەڕۆژنامەی دار بەڕوویەکدا خوێندەوە» دووەم: لە ئەشکەوتدا بەیانییەک کزەبایەکیان زنجیر کرد بۆ ئێوارە لە دەربەندا کزە با بووبوو بە زریان! «ئەم قسەیە لە تەوێڵی کێوێکی ڕەش هەڵکۆڵرابوو» سێیەم: ئەوە.. پەڕەسێلکەیە وا ئەفڕێ؟ یاخود قیژەی، ڕەش و سپیی دایکم؟ ! «ئەمەیش قسەی منداڵێکی هەڵەبجەیە بە نیو دەقیقە پێش ئەوەی کەڕ و کوێر بێ» چوارەم: ئاخ خوایە ئاخ! کەی سەرێکیش لە کوردستان ئەدەی؟ «ئەمەیش قسەی هەموو ڕۆژێکی دایکمە» پێنجەم: کە عاشق شێت ئەبێ بە شیعرەوە ئەیگرێ. کە شیعریش شێت ئەبێ بە خواوە ئەیگرێ، من عاشقم و من شیعریشم! «ئەمە قسەی ڕووبارێکی سەر هەڵگرتووی هەندەران بوو» شەشەم: - چۆن ئەنوێ و ئەو هەموو خەونانەی کوشتووە؟ ! - ئەو ئەنوێ و قەت خەون نابێنی! «ئەمەیش گفتوگۆی نەهێنیی نێوان دوو مەلی شارێکی کوردستان بوو» حەوتەم: کورد و خوا لێک ئەچن هەردووکیان، بێ‌شەریک، بێکەسن! «ئەمەیش قسەی هەڵکۆڵراوی سەر دیواری مزگەوتێ بوو» هەشتەم: کە میوانداریی بەفرت کرد مەهێڵە گەرمای بێ نەبادا ماڵەکەت ئاو بیبا! «ئەم قسەیەم لە ئاگرێکی پیرەمێرد بیست» نۆیەم: ⅓ی ڕووبەری هۆنراوەکانم لە دارستانی سێدارە و پەت پێکهاتوون. «ئەمەیش قسەی شاعیرێ بوو زۆر کەم ژیا» دەیەم: من بۆ خۆم پاچێکم دا لە شاخ تووڕە بوو، زریکەی گەیشتە عەرشی خوا کەچی «ئەو» بۆ «سەنگەر» بە بەرزیی باڵای چەک هەڵیکەند گەش بۆوە و پێکەنین لە گیانیا هەڵقوڵا. «ئەمەیش قسەی شایەتێکی ڕاستگۆی وەختی شەڕی نێوان مەزدەکان و ئەهریمەن بوو» یانزەهەم: ئەوەرێم یان ئەڕوێم؟ لە نێوان وەرین و ڕواندا وەرزێکی دیکەی نوێم. نە هەتاو نە سێبەر هیچیان نیم خاکێکم تا ئیستە بۆ شێوە و ڕەنگ و ڕووم ئەگەڕێم! «ئەم قسەیە لەسەر دیواری ئەشکەوتی جاسەنە بوو هەڵکەنرابوو» دوانزەهەم: من هەرگیز ناهێڵم «قەناعەت» سەر بکا بە هەوری شیعرمدا بۆ ئەوەی گەر هەزار کەڕەتیش ببارێم وا بزانم جارێکە باریوم! «ئەم پەندە قەڵەمێ پێی وتم تا مردن بارانی خەیاڵی لێ نەبڕا» سیانزەهەم: نەیاران! نازانن من گۆمم؟ نازانن هەر بەردێ تێم ئەگرن ئەوانیش لە بنما ئەبنەوە بە ژووری پڕ گەرا بۆ شیعرم؟ ! «ئەم قسەیەش تەنها وەرامێکە کە من بیدەمەوە و پێشکەشی ئەو بەردانەی کەم» چواردەهەم: ئەی نامۆکان! ئێمە لە تەختەی سەر ئاوی ئاموون ئەچین نوقم نابین و نایشخنکێین! بەڵام مشاری شەپۆل و ئەم بڕبەندی کەنارانە هێدی.. هێدی وردمان ئەکەن ئەماندەنە دەس تاریکیی «ئۆقیانووس» و تیا ون ئەبین. «ئەم قسانەش لەسەر کێلی گۆڕغەریبێ هەڵکەندرابوون». ++++++++++++++++++++++ سەرناو: III سەبارەت: ١٩٩١/٠١ ستۆکهۆڵم لە ئیستە بە دواوە من ئیتر: هەڵەبجەم! لە ئیستە بە دواوە من دەنکە فرمێسکی هەناری ئەو خەمە گەورەیەم. لە ئیستە بە دواوە من باری ئەو سێوەم کە ئیتر بار ناکرێ بۆ ئەوێ. لە ئیستە بە دواوە من تاڵێ لە ڕیشی هۆرەکەی مەولەویم لە ئیستە بە دواوە ئەو شەمی شەمانی وڵاتمە و من وەلیم. پێم بڵێن من چی بکەم بۆ ئەوەی گریانی کافوریی ئەم زەڵمەم لووزەوی کەم نەکات؟ پێم بڵێن من چی بکەم بۆ ئەوەی ئەم جوانووە سەرکەشەی هەنیسکم ڕام نەبێت؟ دە بڵێن من چی بکەم، چی نەکەم؟ بۆ ئەوەی خوا بێتە خوارەوە و هیچ نەبێ بۆ تاوێ لە پرسەی ئەم «مانگ»ە جوانەدا لەگەڵمان دانیشێ؟ ! پێم بڵێن من چی بکەم؟ پێم بڵێن من پێم بڵێن! .. پێم.. - لەم دەشتەدا، چۆن وا لە پڕ ئەم بنجکی زریکانە گوڵیان کرد و بوون بە چوالە؟ ! لەم دەشتەدا، چۆن وا لەپڕ ئەم گۆرانییە وەریوانە ڕوانەوە و بوون بە لالە؟ ! هەڵەبجە-هەنگێکم ئەچمەوە ناو خەونی منداڵیم یادگار ئەمژم: «زەرد و سوور حەوت ساڵە خەیاڵم هاوینە و لەسەربان، نەمامم، پاڵ کەوتووم. درەنگان خۆم ئەکەم بە شوانی ئەستێرە فەرەنجیم تریفە و تیزماڵکی هەورێکیش گۆچانم. مرواریی ئەستێرە ئەژمێرم حەز ئەکەم، خۆزگەمە، ئەو گەشەی سەرپەڕیان بۆ ناو چیغ داگرم وەک تۆپە شینەکەم بیخەمە باخەڵم! هەڵەبجە ئەمخاتە سەرشانی بەرزی خۆی قاچێکم ئەلەرزێ، خەریکم بکەوم بە دەستی چەپ خێرا توند قژی شنروێ ئەرگم و دەستی ڕاست هەڵئەبڕم، - وەک بەڕۆژ چۆن هەنار هەناری «باخی میر» ئەدزم - ئەمشەویش ئاوەها ئەستێرەی سەرلقی ئەم باخی ساماڵە دائەگرم. وا ئیستە لە چیغدا ئەستێرەم گرتۆتە باوەشم لە دەنگی جریوە و جووکەی ئەو، باوکیشم هەڵئەسێ دەست ئەبا و ئەستێرە هەڵئەگرێ لە نێوان منداڵی و شیعردا دایئەنێ لەم لاوە من ماچی ڕوومەتی زیوینیی ئەکەم و باوکیشم لەو لاوە شیعرێکی لەبەردا ئەنووسێ!» ١٦ی مارت –بەر لە نیوەشەوی ئەم ڕۆژە قرچۆکە شازادە هەوایەکی مۆدێرنیزمی شێت هەوایەکی دووڕەگ، لە نەسلی چەپ و ڕاستی سیاسەتی ئەم دنیا بەستۆکە هەوایەکی کەتەی بەئۆکی لەخۆبایی بۆنی دەم سیراویی، کوت و پڕ هات و کودەتایەکی زەردی ئەلکترۆنیی بەرپا کرد. دەستی بەسەر تەخت و بەختی ئاسماندا گرت. بوو بە تاقە فەرمانڕەوای ئەم مەملەکەتە بەرینەی بەهار. ڕێ و بانەکانی هەناسەی نێوان ئاسمان و زەویی بەست. تەواوی دەرگاکانی بەهەشتی کڵۆم کرد بە دەنگی تێکەڵی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەیاننامەی ژمارە یەکی خۆی خوێندەوە. هەر ئەوەندەی لەرینەوەی گەڵایەک و کەمتر، هەر ئەوەندەی ترووکەی چاوی ئاوێک و کەمتر، هەر ئەوەندەی نووزەی کارژۆلەیەک و کەمتر، چی فریشتە و حۆری و پەری و باڵدار و بێ باڵ هەبوو کردنی بەمۆم بێ ئەوەی هەڵیانوەرێنێ. کردنی بە شووشە بێ ئەوەی بیانشکێنێ لە کەنار ئاوی ڕەشی ئەم ڕۆژە کپەدا پۆل پۆل کۆترەکان سپی ئەچوونەوە- هەر ئەوە بوو نەیانئەگماند. لە مەزرا و پاوانە سەوزەکانی ئەم ڕۆژە گێژ و وێژەدا ئەسپەکان ڕەوە ڕەوە پاڵ کەوتبوون هەر ئەوەبوو نەیانئەحیلاند. لەبەردەم ئەم هەوا شێتەدا کێ ئەتوانێ بە پێوە بوەستێ؟ کێ دەستەوەستان نابێ؟ هەر لە گاتاکانی زەردەشتەوە تا سەرمایەی مارکس تا شمشێرەکانی زولفەقار ڕشانەوە و بڵقیان کرد و خپ بوون. ئازایەتی، جوامێری، بیروباوەڕی ئاگرین لە سەنگەرەکانی خۆیاندا مەیین بێ ئەوەی فریای پەلەپیتکەی تەقاندنی خۆیان بکەون! بۆ ڕۆژی دوایی لە یەکە بە یەکەی کۆڵان و شەقامی ئەم سنگە خنکاوەی مندا لەنێو ماڵانی ئەم سییە داڕزیوانەی مندا فڕان فڕانی پەراسۆکانم بوو. فڕان فڕانی گۆرانییەکانم بوو. منارەکان دار ئەلەکتریکی ملیان هەڵئەکێشام. هەندێ دەستی خۆیشم پەنجەکانی خۆمیان ئەدزی. سەیر بوو، ئەو ڕۆژەم قەت قەت لەبیرناچێ: لە تاقە ڕاستەشەقامی ئەم لەشە ساردوسڕەدا چاوی زەقم بڕیبووە پاسدارێکی ڕیش نوورانی بەسەر منی هەڵەبجەوە ئەگریا و کەچی خێرا خێرایش دەستی ئەکرد بە گیرفانیدا و لە دەنکە مێوژی گلێنەکانی سنە و سابڵاخی ئەخوارد ئەمە حیکایەتی ١٦ی مارت بوو ئەمە هاواری خنکاوی ئەم سنگەم بوو. -وەرچەرخا تاریکیم ئەم شەوە شەوێکی جیاترە. وەرچەرخا ڕووناکیم ئەم خۆرە خۆرێکی جیاترە. - لەم دێڕە بەو لاوە ئاوەڕۆی وشەکان لە دەنگما ئەگۆڕم لەم ڕەنگە بەو لاوە بافڵی ڕەنگەکان لە چاوما ئەگۆڕم. -فەرهەنگم تەنگە تەنگ، هەڵتەقی لە بەری ئەشکەنجە و ژواردا چوارچێوەی ئەم لەشە پابەندەم بۆ ڕۆحی ڕافزیم دەست نادا! - هەڵەبجەی حەللاجم چیت بینی؟ ! - لەم بەری کەناری گیانمەوە: بەهاری ڕمووزن. گوڵی دڕ. خۆری کوێر. بەفری ڕەش. «با»ی خنکاو. ڕووباری زۆر زبر. بارانی وشک و ڕەق. گڕی سارد. خوێنی زەرد. هاژەی کەڕ. گرمەی لاڵ. چیم بینی؟ ! کۆتری ڕق غەدری هەق تاوانی فریشتە منارەی جەردە و دز. - ئەی لەو بەر کەناری گیانتەوە؟ - بڵێسەی خۆڵەمێش. شۆڕشی مردووەکان. لافاوی وشکانی. هاواری بێ دەنگی. پڕشنگی تاریکی. هیوای نائومێدی. سەوزایی تینویەتی. تێرێتی برسێتی و فڕینی کێوانم من بینی! -لەم دێڕە بەو لاوە ئاوەڕۆی وشەکان لە دەنگما ئەگۆڕم. لەم ڕەنگە بەو لاوە بافڵی ڕەنگەکان لە چاوما ئەگۆڕم. *** هەنووکە دارسێوی شیعرێکم کۆچەریبنج و بێخ وەک پژی سەرلقم بەرەڵڵا ئەڕۆم و زەویم وا لە پەڕەی دەفتەرما. ئەڕۆم و ئاسمان و باڵندەم ئەوەتان لەسەری بێ‌داڵدە و ناو جانتای سەفەرما. هیچ پەنا و پاسار و قوژبنی چاوێکم مەگەڕێن بۆ گوڵە فرمێسکێ جێ مابێ لەو ناوە هی خۆم و هی ئێوەیش هەموویم.. هەر هەمووی بە باخ و پەرژین و جۆگەلە و.. بە دڕک و داڵەوە لەگەڵ خۆم هێناوە. من ڕەنگە لەوەختی ڕۆیشتندا ئەستێرەی شپرزەم بزەیەک یان قاقای شەوێکی بیر چووبێ. من ڕەنگە لەوەختی سەفەردا شڵەژاو گیرفانی یادێکم کون بووبێ و لەوێوە چەند وردە خۆشییەک کەوتبنە خوارەوە. ئەشێ من هەناری مێخۆشی نوکتەیەک یان کۆنە چاویلکەی شیعرێکم بیر چووبێ بەڵام من ئاخر چۆن خەمتانم بیر ئەچێ؟ ! هەتاکوو نالی-تان لەلام بێ. بەڵام من ئاخر چۆن ئازار و ژانتانم بیر ئەچێ هەتاکوو سەیوان تان لەلام بێ. من دەستم خۆی جادەی قیرتاوی غەمێکی درێژە.. من سەرم خۆی ئێشە گڵۆڵەی سۆزێکی ئاڵۆزە.. ئیتر چۆن خەمتانم بیر ئەچێ! بێ کەسیم ڕووت نییە تا ئەمرێ پۆشاکی ڕەشتانی بەش ئەکات. تینوێتیم بێ کانی و ئاو نییە تا ئەمرێ سیروانی چاوتانی بەش ئەکات. تەنیاییم بێ دەنگ و کپ نییە تا ئەمرێ هاواری ماڵتانی بەش ئەکات. دۆزەخم بێ کزەی با نییە تا ئەمرێ هەناسەی ساردتانی بەش ئەکات. نیشتمان! من ناوت لێ ئەنێم گڵمتکێ ئەوەندەی لە مشتی شیعرێکما تۆ جێگەت بێتەوە واخۆیشم ناو ئەنێم قومێ ئاو ئەوەندەی لە پێڵووی بەردێکتا من جێگەم بێتەوە. لە پێشدا ئەتهێنم ئەتخەمە ناو دەستی سۆزێکم هەتاکوو وەک خەونم ورد ئەبی دواتریش لە چاڵی چاوانما –هەمووت نا- تۆزێکت ڕۆئەکەم. لەسەرت ئەوەستم هەتاکوو لەڕەنی گوێ خوێنما شین ئەبی. ئەوەستم تۆزێکیش بە سەرتا ئەبارێم یان ئەگریم هەتاکوو هەڵئەچێ باڵای سەوز درێژە.. درێژە.. ئەم وەرزی غوربەتە و غەریبیم ئەوەستم، ئەوەستم، ئەوەستم هەتاکو ئەبیتە سنەوبەر. گیانەکەم سنەوبەر! تۆ ئیستە هی خۆمی من بۆیە ئەمەم کرد گەر لێرە من مردم بۆم ببی بە تابووت! -تەماشات هەر ئەڵێی چۆلەکەی ترساو و سەرسامی ناو چنگی منداڵی لاسارە. هەورێکیت کەڕولاڵ دێی.. ئەچی دڵۆپە بارانی زۆر قسەی ناو ناخت دیلن و گیر خواردوو؛ ناتوانن داڕژێن.. دابکەن تۆ ئیستا کە ئەدوێی بە تەنها پەیکەری شەقام و باخچەکان تێت ئەگەن. هەمیشە تۆ بۆ خۆت دووکەسی، دووبەشی یەکێکیان ئەوەیە کە لێرە دوو قاچە و ڕائەکا و شوێن سەری ونبووی خۆی کەوتووە. ئەویتر لەو دوورە ژەرەژی ڕۆحێکە و باڵی خۆی بە پرچی دایکتەوە بەستووە. هەموو ڕۆژ.. هەموو ڕۆژ.. هەموو ڕۆژ تەمومژ خەیاڵتە و ئاسمانت هەر وەکوو کراسی ئاودامان ئەیپۆشێت. هەنگاوت پڕگاڵی جەستەتە و بست بە بست خەم بە خەم، زام بە زام خەریتەی وێڵ بوونت ئەپێوێت. سستەکە زەمینی ژێر قاچی هۆنراوەت قیژەیان ڕۆئەچێ. دەستی تۆ کلیلی ون بووە دەرگاکان سەرابن، هەر ئەڕۆیت ماشێن و واگۆن و فڕۆکە ژواری تەنیاییت سوار ئەکەن بەستەکی ئەشکەنجەت بار ئەکەن، هەر ئەڕۆیت ئەم خەون و هیوایە سێبەری درێژی پێش خۆتن. سوار ئەبی پەنجەرە ئەبێتە ئاوێنەی هەڵماویی چارەنووس بە پەنجە «کوردستان» لەسەر ئەو ئەنووسیت. پسۆکە دەزووی چاو لەوێوە تەماشای کۆلارەی ژیانی پچڕاوی خۆت ئەکەیت تۆ ئیستا چکچکەی دەراڵی زەمانی و لەشەوی غوربەتا دائەدەیت بەرەو کوێ ئەڕۆیت و بەرەو کوێ ڕائەکەیت؟ هەموو شەو.. هەموو شەو.. هەموو شەو ڕابوردوو: مۆمێکە پرتەپرت وەک نیگات لەگەڵ خۆت ئەیگێڕی. ڕابوردوو: بەرکاوی خەونێکە زەرد و سوور بە پێڵوو ئەیکێڵێ و ئەیکێڵیت ڕابوردوو: بای وەشتە و لەڕۆحتا هەڵئەکات بارانی منداڵی و ڕێژنەی دڵداری و پژپژەی گۆرانی و نم نمەی جریوەی چاوانی گۆیژەیە و سەرتاپای خەمانت تەڕ ئەکات. هەموو شەو شارەکەت سەرێکت لێ ئەدا بە گوڵی ژاڵەوە شەلەشەل خۆی ئەکا بە ژوورتا و ئەوەستێ گوڵێکی سەر سنگیت ئەداتێ و تۆیش تاڵێ وەنەوشەی ئەوینی نامۆییی ئەدەیتێ. هەر شەوەی بەردێکی کۆڵانی دێتە لات. هەر جارە و درەختی ماڵێکی باوەشت پیا ئەکات. هەر شەوەی باخەڵت پڕ ئەبێ لە بۆنی گەڕەکێ. ئەڕۆیت و بازنەی سێبەری خەیاڵت نانێکی سەرساجی دایکتی لەسەرە ئەڕۆیت و باوێزەی هەناسەت کەروێشکەی دەغڵێکی بناری وڵاتی لەگەڵە.  خۆڵی دوای بۆردومان، سیماتە و ڕەنگ و ڕووت بۆ کوێ چووی تیزماڵکی دووکەڵی گوندێکت لەگەڵە گلێنەت ئەزمڕە و ئەڕوانیت. دەربەندی سەگرمە و بازیان گوێچکەتن، گوێ ئەگری تۆ تەنها بە بەژنی ئازاری سیروانت قوڵایی ڕووبار و دەریاچە و تا زەریای جیهانیش ئەپێوێت! زستانە، باڵندەی بەفرینت لە شامە شام لەبەر باراندا ئەبینی: ئاسکێکی چاو شینە ئەترسێ و ئەلەرزێ و باڕژنی هاواری بۆ ئاوی زیندانی و کەلەپچەی مەچەکی درەخت و شەقامە. زستانە. هەمووڕۆژ تەنیایت ئەتباتە چایخانەی شەقامێ دات ئەنێ. ئەوەندە دانیشتوویت غەریبیت بۆن قاوەی کوتراوی گرتووە و ڕۆژانە وەڕس بوون، لەبنی دەروونتا وەک خڵتەی فنجانە لێرەیش هەر: ئازادی پیاوێکە لەسەر مێز بە چرپە ئەدوێت و شەقامی وەردییان هەنگاوی ئەژمێرێ و کلیلی ماڵەکەی ئەموستی سوڵتانە. لێرەیش هەر ڕووناکی قاچاغە و شیعری نێر بەرخێکی خوێناویی ژیانە. لێرەیش هەر سێدارەی گوێزان و ملی گوڵ. لێرەیش هەر کوێستانی زمانم لە مەنفا ئەمرێت و مێژوویشم عەگالێ لەسەری پێچراوە. زستانە. تۆ لەو دیو شووشەوە بەتایبەت تەماشای ئافرەت و بارانی شام ئەکەیت. چەند جوانن، هەردووکیان بۆ شیعرت وەک خەون و شمشاڵن. لەویاندا تەماشای نامۆییت گوڵ ئەگرێ و لەمیاندا یادگار ئەتژەنێ و کات و شوێنی جارانن: «زستان بوو، شەوانی تەڕی ئەو، لە دەوری ئاگردان، هاڵاوی حیکایەت لە بەژنی ژوورێکی ڕووتەڵە هەڵئەستا. منداڵیم مێوژ بوو. نیشتمان ماڵێکی بچووک بوو. چرایەک دیوارکۆ. سێبەری وەک خەمی دایکم و شەوقیشی ئاوێنەی ڕوومەتی ئێمە بوو. لەو ساوە من، زستان ناو حەوشەی هۆنراوەم، پڕ ئەکات لە بەفر و دارچوالەی هەستیشم ئەخاتە بەر باران. لەو ساوە من زستان کێڵاومی و کردوومی بە کێڵگەی گەنم و جۆی ئێش و ژان» *** هەموو جارێ پاڵ ئەکەوی وا هەست ئەکەیتبووی بە تەلەبەردێ لەوێ بۆ جێژوان. دائەنیشی وا هەست ئەکەیت سەرت تۆپەڵە قوڕێکە لەوێ بۆ حەمامۆکێی مناڵان کە هەڵئەسیت وا هەست ئەکەیت بووی بە پەیژەی بانیژەیەک ئیستە لەوێ. وەختێ خەوتی وا هەست ئەکەیت بووی بە خەونی داربەڕوویەک ئیستە لەوێ. ئەی گیانی گیان! خۆ ئەم «مانگ»ە سەرگەردانەی خۆشەویستیم لە خۆیەوە نەیداوەتە ئەم ساکۆی سکڵی غوربەتە خۆ ئەم چەمە سەرکەشەی خەم لە خۆیەوە جڵەوی ڕۆخی ئارامی نەپچڕاندوە و لە خۆیەوە کوڕژن ناکا بە هاواری داگیرساوی شەو و ڕۆژی ئەم غوربەتە. ئەی گیانی گیان! لەسەر ماچی پەلکە گیایەک لێوی جۆگەیەکیان بڕیم. لەسەر فڕینی شیعرێکم هەوریان بە داو بۆ نامەوە لەسەر نەڕەی شەپۆلێکم تاڤگەیەکیان خنکاندم. لەسەر حیلەی لووتکەیەکم بنارەکانیان لە مێخ دام. ئەی گیانی گیان! گۆمێ شێت بوو وەختێ لە مانگیان دابڕی. مانگیش شێت بوو وەختێ لە هەوریان دابڕی. هەوریش شێت بوو وەختێ لە شاخیان دابڕی. شاخیش شێت بوو وەختێ لە بەفریان دابڕی. بەفریش شێت بوو وەختێ لە عەردیان دابڕی. عەردیش شێت بوو وەختێ لە خەڵکیان دابڕی. گیانی گیانم لە ئیستەیشدا، لە بێشەی ئاسن و شووشە و کۆنکرێتدا سوورە کەروێشکێکی کێویی ئەو بناری پیرەمەگروونەیە دڵم. لەم نەهاتیی ئەوینەدا من هەر پەریی گڵەزەردەت دار ئەستێرەم ئاو ئەدات و گەڵاڕێزانی جریوەم ئەیپشکوێنێ بنە کۆتەرەکەی سەرم. گیانی گیانم. هەر کە بارانێ ئەبارێ ڕائەکەم و بۆ چەند ساتێ ئەچمە بەری ئەڵێم بەشکوو ئەمجارەیان ئەم بارانە بۆنی بارانی ئەزمڕ و گۆیژەی لێ بێ! ئەگەر ڕۆژێ خۆرەتاو بێ ڕائەکەم و بۆ چەند ساتێ ئەچمە بەری ئەو لێم ئەداو من چاو نووقاو ئەڵێم بەشکوو ئەمجارەیان ئەم هەتاوە لە هەتاوی بەربەرۆچکەی بن گوێسوانەی خۆمان بچێ!   ئەگەر جار جار «با» هەڵبکات ڕائەکەم و بۆ چەند ساتێ ئەچمە بەری ئەڵێم بەشکوو ئەمجارەیان ئا ئەم «با»یە وەک ڕەشەبای سلەیمانی بەپڕتاو بێ و هەڵمبگرێ و تۆزێ خۆڵ بکاتە چاوم! لە دوورەوە هەر کە پۆلێ کچم بینی بەرەو ڕوویان پێ هەڵئەگرم سەرنج ئەدەم ئەڵێم بەشکوو نازێ، شەرمێ، تیلەی چاوێ سوور هەڵگەڕانی گۆنایەک بمباتەوە بۆلای شەقامی شارەکەم وەکوو دوێنێ. هەر کە بازاڕێکی میللیم هاتە سەر ڕێ ڕائەکەم و ئەچمە ناوی تیا خول ئەخۆم ئەڵێم بەشکوو هاواری میوەفرۆشێ هاواری ماسیفرۆشێ هاواری سەوزەفرۆشێ لە هاوار و ژاوەژاوی ئێوارانی مەیدانەکە و بەرحەوزەکە و ژێرپردەکەی خۆمان بچێ! کارتێکی ڕەش و سپی تایبەت بۆ هاوڕێکانم هاوڕێیان! ئەم ئێوارەیە منیش دێم. لە چایخانە بچکۆلەکە کورسییەک بۆ شیعرم دانێن نەیدەن بە کەس گەر جامانە قۆشمەکەی خاڵە ڕەجەب هات پێی بڵێن: ئەبێ ببووری گیراوە. گەر شەپقەکەی ئەحەی میرزا بەپەلەپەل ئەویش هات بڵێن: گیراوە. مەگەر لە هەولێرەوە میوانێک ئازیز زۆر ماندوو بێ و بگاتە جێ مەگەر کتێبە یاخییەکەی عەبدولخالق وشەی شان و مل خوێناویی کە ناتوانێ لەبەر ئێشی زامەکانی زۆر بەپێوە ڕابوەستێ! *** ئەی ڕۆژگارە لیخنەکان! کەی ئەبنەوە بە ئاوێنەی ئەو درەختە دڵدارانەی لە بەستێن و کەنارتانا سەرتاپایان لە گوڵی تاریکی و قوڕ و خۆڵەمێشی سوور گرتووە؟ ! چ باهۆزێ سیمای گرژی مێژووتان ڕوون ئەکاتەوە؟ چۆن زەوی ئاشت ئەکەنەوە؟ ئەی ڕۆژگارە لیخنەکان! ئێوە هاژەتان قریشکەی مەزار و کێڵگەی خنکاومانە. چەپۆکانی مەوجدانەوەی ڕەشی ئێوە پەلەقاژێی ئەستێرەکانی ئێمەیە! ئەوەتا دار و پەردووی گۆرانیەکانمان، جەژنەکانمان بە ئەنجن ئەنجن کراوی ڕائەماڵن. بە چواردەوری ئەڵقە ئەڵقەی بۆشاییدا بە چواردەوری خانە خانەی تەنیاییدا چیایەکم سەر هەڵگرتوو گوڵێکم شێت هەر خول ئەخۆم و خول ئەخۆم. وەڕس بوونم بۆ ساتێکیش داڵدەی هیچ ئارامێ نادا. من دڵتەنگیم قفڵێکە خوا چەند لێی نەوی نەیکردەوە وەکوو «مەنسوور» زامانم جێ بەخۆ ناگرن. خانوو ویستی دابینم کات.. پەنجەرەیم لێ یاخی کرد. شەقام ویستی دابینم کات.. شۆستەکانیم لێ یاخی کرد. کورسی ویستی دابینم کات.. خۆمم هەڵکەن شاران ویستیان دابینم کەن.. خەمانم باڵیان لێ ڕوا. ئەی ڕۆحی وێڵ! تەنگە بە بەری عەشقی تۆ ئەم نەخشانە. نزمە بۆ سووتانی سەرت ئەم ئاسمانە. تەمی ئێرەت دا بە خۆتا کورت و کوێر بوون. ڕیان سارد و ژانیان کپ و پایزانیان بێ فرمێسکی درشتانە. ئەی ڕۆحی وێڵ! ژوورێکم هەیە تەنیاییم بەشی ناکات تەنیاییم جمەی دێ لە دەنگ لە ڕەنگ و بۆن و تامی کۆست. ئەو کردویێتی بە نەریتێ هەموو شەوێ دووسێ هاودەمی دێرینەی وەک: هەڵەبجە گەلی بازێ قەڵادزێ پیرەمەگروون لەگەڵ خۆیدا دێنێتەوە بۆ ئەم ماڵە بچکۆلەیە ئیتر هەتاکوو بەیانی تا کەڵەشێری ئاوایی زامێکی تر ئەقووقێنێ یەکە یەکە لەگەڵ بەرد و لەگەڵ دار و لەگەڵ گەڵای هەموویاندا سەما ئەکا و پێئەکەنێ و ئەگری و ئەدوێ. ماڵێکم هەیە تەنیاییم بەشی ناکات تەنیاییم قەرەباڵغە و پڕ لە ژاوەی وردە ژانە ئەو، شەوانە بووە بە خووی هەر لەسەر ئەم چرپا تەسکە ئەبێ لەگەڵ ڕووبارێکدا ڕابکشێ و دەست بکاتە ملی گۆمێ چرپایش کورتە بۆ قاچەکانی ڕووبار و تەنگیشە بۆ لەشی گەورە و پان و پۆڕی گۆمە شینێ ژوورێکم هەیە تەنیاییم بەشی ناکات بۆ شپرزەییم بچووکە تەنیاییم دۆستی بێ داڵدەی ئێجگار زۆرە گەلێ جاریش شەوانە وا ڕێک ئەکەوێ تەنیاییم جێی خۆی چۆڵ ئەکا و ژوورەکەیشی بەجێ دێڵێ تا کسپەیەکی غەریبی تازە هاتوو لەسەر چرپای ئەو بخەوێ! - ئەوا ئیستەیش ئەمە یەکەم پایزی دوای کۆچی ئەسپەڕەشی تۆیە. ئەمە یەکەم پایزی دوای هەڵهاتنی نامۆییت و ئاوابوونی شاخەکانی ڕۆحی تۆیە. ئەمە یەکەم پایزی دوای وێڵ بوونی گەمیەکەی تۆیە. لە گوێ زەریایت.. چاوەکانت وەک کەلەپۆ. بڕیوەتە نەهێنیی ئاو سەرت لەناو نامۆییدا بەلەمێکی سەرگەردانە و دەستەکانت سەوڵی شکاو. وەکوو پایز ئێوارەی تەنیاییت تەڕە و یادگاری لێ ئەچۆڕێ و خەیاڵیشت زەردەی هەتاو. لە گوێ زەریایت شپرزەیی شەپۆلەکان و وەرینیان لە بەستێندا پایزە مێژووی زۆر دوورن و کەفی «کات»ن و دێن و لەگەڵ لمی عومری ئەمڕۆ و سبەی باوەش ئەکەن بە یەکتردا شڵپ و هووڕ حیلەی زەریایە و داناسەکنێ چەپۆکانی. یاڵی سپی بەدەم «با»وە هەڵئەپژێ و دائەڕژێ و زەرد و سوورن تیسکەکانی لە گوێ زەریایت یەکەم جارە ئەم مێژووە شلە ببینی یەکەم جارە ئەم سامە شینە ببینی یەکەم جارە بۆنی تریفە بکەیت و زڕەی ڕەنگەکان ببیسی. لە گوێ زەریایت بەڵام لە هەڵسانەسەرپێی خێرای ئاودا دیسان شاخ ئەبینیتەوە تۆ بێ «هەڵگورد» شیعرێکی کاکی‌بە‌کاکیت نەگزنگت تێدا ئەڕوێ و نە سۆزیشت باڵا ئەکا. لە گوێ زەریایت وردە وردە تەماشات هەنگاو هەڵدێنێ خەیاڵت خۆی هەڵئەکات و باز ئەدەیتە سەر ئاڤزینێ لە ترساندا هەر دوو چاوت ئەنوقێنی و مایینی ئاو ئەتفڕێنێ ئەو وەختەی چاو ئەکەیتەوە خۆت ئەبینی لە گوێ ورمێ بووی بە گوڵە نازەنینێ. لە گوێ زەریایت گوێت لە ناڵە و گرمەگرمی سەدەکانە بەیەکدا دێن چاوت لە زۆران گرتنی هەتاهەتای عەرد و ئاوە چاوت لە غەزەبی خوایە کە هەڵئەچێ چاوت لە پاشگەز بوونەوەی گوناهیشە کە دائەچێ! چاوت لە کەفەژیلکەی غەریبیی خۆیشتە کە کۆچ ئەکات و ون ئەبێ! ئەمە یەکەم پایزی دوای وێڵ بوونی گەمیەکەی تۆیە ئەم پایزە لە پایزی دایکت ناچێ ئەو پایزێکی بێوەژن، کوختەنشین، چڕ ئەوەرێ ئەم پایزی ئاڵتوون بەسەر، تەلارنشین لە شووشەبەندا ئەوەرێ. ئەم پایزە لە پایزی دایکت ناچێ لێرە هەر دار بەسەر داردا بە خوڕ ئەگری لێرە هەر بەرد بەسەر بەردا بەخوڕ ئەگری بەڵام لە پایزی دایکتا ئیستە لەوێ دار و بەرد و ئاو و خەڵکیش هەر هەموویان بە یەکەوە بەسەر خاکدا بەخوڕ ئەگرین ئیستە لەوێ! - لەکوێوە هاتووی؟ ئەپرسن. دیسانەوە هەمان پرسیار ئەبێتەوە بە توتڕکێ و خوێن لە دەنگم دێنێتەوە. وا بۆ جاری هەزارەمین ناوی گوڵەکەم ئەهێنم. هەیانە وەک ڕۆژێ «با»یەک ئەمەی دابێ بە گوێیاندا لەدوای ساتێک سەرێکی بۆ ئەلەقێنن. بەڵام زۆریان لە بێدەنگیدا ئەخنکێن. مت ئەبن و ملیان ئەبێ بە نیشانەی سەرسوڕماندن. منیش ئیتر لە حەژمەتا نەخشەیەکی وەک سیاسەت چرچ و لۆچ و پیس و دڕاو وەکوو ڕەوشتی دەوڵەتان لە گیرفانم دەرئەهێنم. پەنجە ئەخەمە سەر خۆری لەتوپەتم - ئا لێرەوە لەناو کەشتیەکەی نووحەوە من هاتووم و لە بەفری جوودیدا زاوم - «ئێوە خەونی ڕەنگاوڕەنگی نێو داستان و ئەفسانەی کۆنە ئەیبینن هیواتان تراویلکەیە منیش باوکم نیشتمانی لەناو چاویا هەڵگرتبوو ئەو، دار خورمای بەندەرێکی چاو خەواڵووی باکووری ئەفریقا بوو ڕۆژێ گەرداوی ئۆقیانووس ڕایفڕاند و لە ئۆسلۆدا گیرسایەوە لە «باڕ»ێکی وەک ئێرەدا شەوێکی سارد وەکوو ئیستا دایکمی ناسی. من ناوم مارگریتایە باوکم تا مرد خەونی وەکوو خەونەکانی تۆی ئەبینیی!» ئەمە قسەی کیژۆڵەیەکی دووڕەگی مەغریبی بوو. شەوێکی سارد، لە «باڕ»ێکی سەر گەرم بووی، ناو «ئۆسلۆ»دا وای پێ وتم. مێرگێ کوڕ و کچی شەنگ بوون. بە دەم کەروێشکەی گۆرانی و مۆسیقاوە ئەشنانەوە. منیش هەرخۆم و شیعرێکی شەرمنۆکەم خۆم و باڵندەی وڕێنەم خۆم و دووکەڵی جگەرەم لە سووچێکدا یەک یەکترمان ئەخواردەوە. کچی دووڕەگ مارگریتا تازە بووە بە «مانگ»ی ناو بەفری نەرویج تازە بووە بە هەناسەی هەڵماویی ئەم شەقامانە بە حەرفێکی ئەم زمانە و بە پەڕی مۆسیقای ئەم «باڕ»انە. مەغریب نیشتمانی باوکی لای ئەو تەنها سێ تارمایین سێ تارمایین و هیچی تر.. بیابانێ، دارخورمایەک و حوشترێ. لەو شەوەوە مارگریتا ترسێکی کرد بە سێبەرم چرکە بە چرکەی سەعاتی ئەم غوربەتەم ئەژمێرێت و بۆ کوێ بڕۆم تەمومژی دێ لەگەڵم. لەو باڕەوە مارگریتا گومانێکی تیا ڕۆکردم وەکوو خۆرکە لەو ساکەوە پەلکەکانی خەونم ئەخوا و لەناو بێشەی تاریکیدا نائومێدی دائەتاشێ بۆ تابووتی مانگەشەوم. لەو شەوەوە وا هەست ئەکەم سیمای کچە بچکۆلەکەم لەبەر چاوم بۆتە سیمای مارگریتا نیگاکانی چوونەتە ناو نیگایەوە جۆگەی دەنگی ڕژاوەتە ناو دەنگیەوە باخی قژیان هەر یەک باخە و ڕەنگەکانی هەست و نەستیان بوون بە یەک ڕەنگ. لەو شەوەوە وا هەست ئەکەم منیش کچە بچکۆلەکەم نامۆیی گەورەی کردووە وەکوو دڵۆپە شەونمێ تێکەڵ بە «با»ی ئێرە بووە لە سەماگەی نیوەشەودا سەری لە لەشی ون بووە و جاربەجارێ لە باڕێکدا بۆی ئەگەڕێ. وا هەست ئەکەم هەموو ڕۆژێ تارماییەک دێت بۆ لام و وێنەیەکیم بۆ ئەکێشێ: کاڵبوونەوەی یادگاری. ڕووتانەوەی پەڕوباڵی زمانەکەی. هەڵوەرینی خێزانەکەی. بیرچوونەوەی خەونی باوکی. بۆن نەکردنی هەناسەی نیشتمانی. توانەوەی بەفری گۆرانی و حیکایەتی گیانی دایکی. لەو شەوەوە وا هەست ئەکەم منیش باوکی مارگریتام بووم بە شیعری خەمێکی زەرد ڕۆژێ لە بەفری مەنفادا ئاوا دەبم! ئەوسا لە وەرزێکی تردا شەوێکی سارد وەکوو ئێستا لە باڕێکدا ئەویش وەکوو مارگریتا باسم ئەکا: «باوکم مەلێکی کێوی بوو لە شاخەوە باڵی گرت و گەیشتە بەفری ئەم قوتبە و ڕۆژێ لێرە، بەدەم ئاواز خوێندنەوە خەونەکانی لەگەڵ خۆیدا ڕەق بوونەوە!» *** مێژووم و سەفەر ئەکەم ولەگەڵ خۆمدا شۆڕشەکانم ئەگێڕم لە خۆم زیاتر کەس تەماشای خوێنم ناکات. دووکەڵم ئەسووڕێمەوە و لەگەڵ خۆمدا دێهاتەکانم ئەگێڕم لە خۆم زیاتر چاوی کەس ناکزێتەوە بەم دووکەڵە. لاواندنەوەم ئەخولێمەوە و لەگەڵ خۆمدا سێدارەکانم ئەگێڕم لە خۆم زیاتر کەس گوێ ناگرێ لەم کۆتەڵە چیرۆکم درێژ ئەبمەوە و لەگەڵ خۆمدا قرچەقرچی شەقامەکانم ئەگێڕم لە خۆم زیاتر کەس بۆنی بۆکڕووز ناکات لە خۆم زیاتر لە خۆم لە خۆم زیاتر لە خۆم.. کوا غوربەت سێبەری داربەڕووی دوورییە؟ گەر وایە! ئەم هەموو کڵاوی فرمێسکی بەڕوانە چی ئەکەن لەلای من؟ بۆ لێرەن؟ بۆ ڕیزیان بۆ سەری قەڵەمم گرتووە؟ کوا غوربەت ئەستێرەی پەمەیی کۆچ کردووی سیوەیلە و نەیبینم؟ کوا وایە؟ گەر وایە؟ ئەم هەموو وەنەوشەی خەونانەی زێ و نۆڕک چین لەناو دەفتەرما ڕواون؟ بۆ لێرەن؟ بۆ ژووری تەماشام پڕ ئەکەن لە بۆنی دوو «بارێ»ی پاش باران؟ کوا غوربەت شەوقە بۆ ئاژاوەی ئێوارەی منداڵی گەڕەک و نەیبیستم؟ کوا وایە؟ گەر وایە؟ منداڵی ئەم هەموو گەڕەکە لە کووچەی ناو دەنگما چی ئەکەن؟ ! بۆ لێرەن؟ بۆ ساحەی فتبۆڵیان سەرسنگمە و گاڵتەیان: تریقەی کاغەزی سپیم و شەڕیشیان: «مسوەدە»م؟ کوا غوربەت بای بۆنی شارێکە من نەیکەم؟ کوا وایە؟ گەر وایە؟ ئەم بۆنە تێکەڵەی: ڕاڕەوی قەیسەری و مەیدانی ماستەکە و گوزەری زین دروو.. چین کە دێن لە حێلی وشەم و لە پوونگەی کاکۆڵم و لە چەرمی جانتاکەم؟ ! ئەی تەنیایی! ئەی ئەسپی ڕەشی بێزاربوو لەجڵەوی ئەم زەمانی بازرە بوونە! ئەی زایەڵەی کەوە سوورەکەی ناو سنگم تۆ کەی ئەوەندە چواردەوری جێژوانی ڕازەکانت چۆڵ و هۆڵ بوون؟ لەناو لانکەی نیشتماندا تۆ هاوڕێی ئەمەکداری لاواندنەوەت گەلێ زۆر بوون. تۆ کوا لەوێ هەرگیز هەستت بە بزر بوونی جریوەی بێداریت و خاوبوونەوەی ژێی گینگڵی شەوان ئەکرد؟ تۆ کوا لەوێ هەرگیز هەستت بە ونبوونی جێ پێی ئاخ و سارد بوونەوەی ئاگردانی گریان ئەکرد؟ تۆ کوا لەوێ قەت هەناسەت بێ دەربەندی هاودەم بووە؟ تۆ لەوێ خەمە دراوسێت هێندە هەبوون بە پەیژەی وەخت و ناوەختا دڵسۆزیتان، سمۆرە بوون بۆ لای یەکتر دائەبەزین.. سەر ئەکەوتن. بەسەر دیواری مابێندا فرمێسکەکان بازیان ئەدا و وەکوو لاولاوی سەر دەرگا و پەنجەرەتان ماچ ئەڕۆیشت و ماچ ئەخشا و لەسەر بان و لە حەوشەدا، وەک تەنافی جلەکانتان ڕاز و نیازتان تێکەڵ ئەبوون ئەی تەنیاییم! تۆ لێرە ئیستە کەناری ناو ژانێکی شووشەبەندی ڕەنگاوڕەنگی بەم دەنووک و بەو باڵانە چۆن ئەتوانی تۆ سنووری شووشە ببڕی؟ بۆ کوێ ئەفڕی ئەی تەنیایی؟ ! جیابوونەوەی ئەم باڵانە لەو ئاسمانە لەنگەری گیانیان تێکداوم. دوور کەوتنەوەی ئەم وشانە لەو گوڵانە هەستی بۆنکردنی خاکیان تیا وەراندووم. دوورکەوتنەوەی ئەم چاوانە لەو کێوانە زنەی سەرنجیان کز کردووم. جیابوونەوەی ئەم دەستانە لەو پرچانە پەنجەی تەماسیان سڕ کردووم. دوورکەوتنەوەی ئەم زمانە لەو تامانە ئۆخەی چێژیان لەناو دەمدا بزر کردووم. جیابوونەوەی ئەم قاچانە لەو ڕێیانە ناونیشانی زۆر هەواریان تیا ون کردووم. جیابوونەوەی ئەم گوێیانە لەو بەستانە چەند هاژەیان تیا کەڕ کردووم. - نامۆیی چییە؟ لێی پرسیم. وەکوو فیشکەی شەمەندەفەری هەزارپێ شەو درێژ و ئاخ درێژ و دووکەڵی یادم درێژ بوو. شەوقی گڵۆپی زەردباوی کابینەکە ئەیدا لە تەمی دەروونم لەو ساتەدا وام هەست ئەکرد: من دەشتێکی چۆڵ و هۆڵی وەکوو ئەو دیو پەنجەرەکەم! وەک جانتاکەم شەوگار هەر تەکەتەکی بوو خەوی زڕاو بووبوو بە جامێکی مس و لەگەڵ هەموو سەرسمێکی ئەو شەوەدا لە سەرما ئەزرنگایەوە.. لەو ساتەدا وام هەست ئەکرد: گڵۆپی زەردباو هەر خۆمم تەم هەر خۆمم هێڵی ئاسنیش هەر خۆمم ڕێگا خۆم و کۆچ هەر خۆمم. - نامۆیی چییە؟ لێی پرسیم. مەی: ئەستێرکێکی کڵپە بوو سەرم تیا نوقم کردبوو. خەیاڵی لەرزۆک لانکەم و بێ هودەیی ڕایئەژەنیم. لەو ساتەدا وام هەست ئەکرد: شووشەیەک مەیی ڕژاوم شووشەیەک بادەی شکاوم و هەر بەتەنها ملەکەمم پێوە ماوە و ئەم جیهانەیش تووڕی داوم! - نامۆیی چییە؟ لێی پرسیم. چی پێ بڵێم؟ بڵێم: دڵداریی نێوانی خەون و خاکە؟ یان هەناسەی گوڵێکە دوور لە باخی خۆی؟ یان وێڵبوونی تەماشایە بەدوای یادەکانی خۆیدا؟ ! یان تەنیاییە ئەو کاتەی ڕەو ئەکات و نیشتمانی لە کۆڵدایە؟ ! یان ئاوێنەیە و بۆ سیمای یادێ ئەگری؟ چی پێ بڵێم؟ ! بڵێم نانێکی سەرساجە و بیری ئەکەم؟ بڵێم بۆنی مێخەکبەند و بۆنی دایکم و بۆنی کچانی گەڕەکە و ئیستە نایەن؟ بڵێم شێت بوونی ڕێواسە دوور لە کەلیخانی وڵات؟ بڵێم مەراقی سووری هەناری ئاوارەیە بۆ شارەبان؟ ! یان سەودای زەرد و سپییە بۆ نێرگز و یان شەیدا بوونێکی سەوزە بۆ بەهاران؟ ! بڵێم دووریی نێوان من و کورسییەکە لە چایخانە بچکۆلەکە؟ ! نێوان من و مێزی یانە و ئێوارانی چیمەنەکە؟ ! چی پێ بڵێم؟ بڵێم نامۆیی دیوارە؟ یان بڵێم عیشقە بۆ قوڕی کۆڵانان و بینینەوەی شێتەکانی شارەکەم و یان ماچێکی باڵکراوە و ناگاتەوە ئەو هەوارە؟ ! من لە دواییدا پێی ئەڵێم: شپرزەیی هێندە باڵی نامۆییمی ڕاکێشاوە تۆڕی گلێنەم ڕایەڵی تیشکەکانی خاو بۆتەوە و لەم دوورەوە وەختێ ئەڕوانمە نیشتمان: هەموو یادێ، هەموو شوێنێ هەموو خەونێ، لەبەرچاوی یادگارم ئەبن بە دووان، ئەبن بە سیان ئەبن بە دە.. ئەبن... چیی پێ بڵێم؟ ! چیی پێ بڵێم؟ ! چی؟ ! *** ئەمەیش ئەو باڵندەی سترانە سپییەیەکە هەموو شەوێ لە گەرووی بەتەمومژی شاعیرێکی سەوداسەرەوە بەرەو کازیوەی چاوەکانی خاک باڵ ئەگرێ: تا زریان نەبوو بە ئەسپم چیا جڵەوی نەگرتم. هەتا هەڵۆ باڵەکانی خۆی نەدامێ شیعرم نەفڕی. هەتا یار نەبوو بە هەنگم شانەی هەنگوینم لا نەبوو. هەتا شەهیدی وڵاتم نەهاتنە ناو باخچەمەوە هەڵاڵەم سوور هەڵنەگەڕا. تا نامۆییش نەیدام بە دەم خەزانەوە بەهاری خۆشەویستیم نەدۆزییەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: IV سەبارەت: ١٩٩١/٠١ ستۆکهۆڵم هەر ئەمشەو درەنگان لە کەنارئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان ئەو کاتەی مانگ سەری وڕی خۆی ئەخاتە سەر شانی گردۆڵکە و «با»یش ئەڕوا بۆ سەمای هێواشی هاوینەی لێڕەوار هەر ئەمشەو ئەوکاتەی کە لمی لەش گەرمی بەستێنیش وەکوو بەرد شەکەتە و خەواڵوو ئەو ساتەی گژوگیا بەرامبەر تریفەی حەپەساو بەوەنەوز پێڵوویان قورس ئەبێ و کەنەفت و ملیان لار! هەر ئەمشەو ئەو کاتەی فریشتەی داستان و پەرییەکان، لە پەردەی زیوینی کەژاوەی ئاوەوە ڕووت و قووت دێنە دەر، ئەڵقاوئەڵق دەس ئەگرن بەچرپە ئەدوێن و چراوگی ئەوینیان ئەخەنە سەر زینی شەپۆل و «تانجیک»ی نوور ئەدەن لەقژی درێژیان. هەر ئەمشەو ڕێیەکی شین باوی نەهێنیی ئەمباتە کەناری ئەو گۆمەی تەنیشتمان لەشوێنێک نەپندی نەپندی وەک جێگەژوانی بەفری خوا و بڵێسەی عەشقێکی ئەبەدی چەپەک، وەک ژێر کەپرە ساردەکەی دەروونی غەریبان کڕ، وەکوو سێبەری تەنیایی شەوانی غەریبان. وەکوو عەشق سۆز ئەمبا ڕەنگە لای برینی بێ‌ناڵەی دارمێوێ لا بدا و دامبنێ.. ڕەنگە لای سووتانی بێدەنگی دار بییەک.. ڕەنگە لای هەناوی کۆڵراوی گابەردێ.. چەند ساڵە من لێرە بنچکی سەر ژیلەی، چاوەڕێی ئەمشەوەم چەند ساڵە من سەرم هەورێکی نەبارە و چاوەڕێی هاتنی بارانی ئەم خەوەم. من ئەمشەو: مەچەکم و چاوەڕێی پەنجەمم. قاچم و چاوەڕێی ڕێگەمم. پژوپۆم سەرکۆنەی «با»ی زۆرکرد بۆ نەهات؟ تاڤگەی ئەو زەڵمە بۆ نەهات؟ نەگەیشت، ئەو هاژەی ئەوینە، نەگەیشت. باڵندەی پرسیارم بە دەنووک کراسە شینەکەی ساماڵیان کونکون کرد بۆ نەهات؟ ئەو کۆتری هەتاوە.. بۆ نەهات؟ نەگەیشت؟ ئەو خەمە سەرکەشەم، نەگەیشت؟ بۆ نەهات؟ ئەو ڕەزی هۆنراوە سپیانە.. بۆ نەهات؟ ئەو کە هات دڵنیام لەگەڵ خۆی نیشتمان ئەهێنێ لە قولی مشتیدا کێوان و لە پێڵوی ماندوویدا دەریاچە ئەهێنێ. ئەو کە هات دڵنیام ئەوینی شارەزوور تەڕ تەڕی کردووە. ئەو ئیستە سۆزێکە شەڵاڵی غوربەتە و بە باڵی چریکەی لەسەر تەم ئەنووسێ و تەرزەیە و شەختەیە و ئاگری گرتووە! ئەو کە هات دڵنیام هەر یەکسەر هەواڵی دارچوالەی ئاوارەی «زەردیاوا» ئەپرسێ! پەرۆشە پەرۆشە بۆ ئەوەی گەڵایەک فرمێسکی دارەکەی شێخ هەباس ببینێ سووتاوە بۆ ئەوەی ڕێحانە بسکێکی کچێکی سنەیی بۆن بکا و شێت بووە بۆ ئەوەی لە دەشتی بەرینی دەنگێکدا هۆرەیەک ببیسێ. نازانم! ئەو وەختەی ئەو نوورە بە سامە وەک تیرێژ خۆی ئەکات بە شەوی خەڵوەتما، ئەمخاتە تەندوورەی پرسیاری خۆیەوە، ئەمخاتە گێژەنی ئەوینی خۆیەوە، گومانم پەرت ئەکا، سەرتاپام لە سۆزیا غەرق ئەکا.. من چی بکەم؟ چۆن چۆنی چەخماخە و برووسکەی ئەو عەشقە بدوێنم؟ بڵێم چی؟ کلیلەی ئاسنیی ئەم دەمە بەستراوە چۆن بەر بێ؟ من چی بکەم؟ بۆ ئەوەی حەسرەتم بە هەتاو بپژێ و وەرینم گوڵ دەرکا و بە باڵای ئاسۆدا هەڵزنێ؟ دڵنیام کە بینیم پەلوپۆی تاریکیی بەرچاوم.. چراخان هەڵئەکەن تینوێتیم کارێزی ئەتەقێ و مەلوولیم سایەقە ئەکات و ئاسمانی ڕۆحی ئەو باوەشی پیائەکەن! نازانم پێشوازیی عاشقێ لە خۆری عاشقان چۆن ئەکرێ؟ نازانم پێشوازیی غەریبێ لە مانگی غەریبان چۆن ئەکرێ؟ نازانم ئەو وەختەی گەڵایەک ئەگاتە بەردەمی زریانێ چی ئەڵێ؟ یان تاقە دڵۆپێ لە ئەوین ئەو وەختەی ئەگاتە زەریایەک لە ئەوین.. چی ئەڵێ؟ ! بەڵێنە درەنگان هەر ئەمشەو لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵیی یەکتری ببینین «من ئەبێ هەڵکشێم بۆ ئەوەی بەرزایی بمناسێ من ئەبێ ڕۆ بچم بۆ ئەوەی قوڵایی بمناسێ» من زووتر ئەگەمە لای کەنار پێش وەخت، بەچرپە بە ئاو و بەرد ئەڵێم: کێ ئەگات! من زووتر، لەسەر گۆم شیعری خۆم ئەنووسم. پێش وەخت، من سەرم وەکوو تاق لێئەدەم ئارامی شپرزەم لەڕۆخدا ئەڕوێنم. لە ژووری زەردباوی خەماندا جڤینی غەریبان ئەم شەوە لە بەردەم شای کۆچ و پیرەکەی موغانی شاخاندا! جڤینی گوڵاڵە و خۆڵەمێش جڤینی ئاو و گڕ جڤینی تیشک و تەم جڤینی فرمێسک و نیشتمان ئەم شەوە. پێدەشتی زیوینی ڕۆح شوێنە و کات لەژێر ڕکێفی عەشقایە و چاوی خوا مەشخەڵی ئاسمانی ئەم شەوە. من کە چووم بە نیازم لەگەڵ خۆم لە سنگما ڕۆژنامەی ڕەشەبای خوێناویی دوو سەدەی کێوانی بۆ بەرم. یادداشتی دووکەڵی زامانی دوو سەدەی پێدەشت و بناری بۆ بەرم. بەنیازم ئەلبوومی ڕەنگینی ئازار و ژان و سوێی قرچان و سووتان و زریکەی ئاو، گڵ، دار، بەرد، شار، گوند ئاژەڵ و باڵدار و بێ باڵی دوو سەدەی بۆ بەرم! بەنیازم وەختێ چووم لەگەڵ خۆم لە چاوما بەتایبەت ئاسمانی خنکاوی هەڵەبجەی بۆ بەرم. بەڵێنە هەر ئەمشەو دوو قۆڵی درەنگان لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان پێک بگەین. یەکەم جار: ئەستێرکی باوەشمان پڕ ئەبێ لە خونچەی ماچی سوور باڵایشمان ئەبێتە دوو ئاوان. هەردووکمان وەک سەرمان عەشق ئەنێین بە عەشقی یەکەوە مێژوومان: داپیرە و هۆنراوەیش ئەکەینە ئاگردان. بەڵێنە هەر ئەمشەو درەنگان دوو قۆڵی لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان من و مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایڵی پێک بگەین: پێک بگەین وەکوو دوو پەپوولە پایزەی گیرساوەی سەر دڕکێ! وەکوو دوو بریسکەی کشانی ئەستێرەی ناو خەونێ. وەکوو دوو زەمانی ئاوێتەی یەک کۆچ و ڕەوەندێ. وەکوو دوو قەسیدەی گریاوی یەک دیدە. وەکوو دوو باڵندەی غەریبی ئاسمانێ. بەڵام من ئەزانم ئەو زێیەی لە گیانی بێ ئۆقرەی شیعرمدا بۆی ئەبەم هەناسەی سوورترە، زریکەی بەخوڕتر، فرمێسکی درێژترە، لە شیوەسوورەکەی سنگی ئەو. بەڵام من ئەزانم ئەو بێشەی ژوارەی کە ئەیدەم بە کۆڵی سەیوانما و بۆی ئەبەم هەنسکی چڕترە سێبەری وەیشوومەی کڕتر و قوڵپەکەی بەربینی درەختی پڕترە لە سارای خاک و خۆڵ. بەڵام بۆ شیعری جوان، زرنگەی پاوانە قەسیدەی شۆخ و شەنگ بۆ کانە پرشنگی هزری ورد، بارانی خەیاڵ و بریقەی هەستی تەڕ پێی ئەڵێم: بێگومان.. سەروەرم! .. بێگومان وشەی تۆ قووڵترە حەرفی تۆ گەشترە دەنگی تۆ پڕترە.. بێ دەعوام، پەتکیش نیم! . پێی ئەڵێم: گەورەی من! پێم ناڵێی ئەو هەودای گزنگی چاوانەت چۆن ئەکەیت بە دەرزیی حەرفەوە بۆ ئەوەی خەم بدروویت بەباڵای حەبیبە و عیشقەوە؟ ! پێی ئەڵێم: بە گەڵا تەقەڵی پایزان چۆن هەور دائەدرووی بە شانی غوربەتدا و چۆن فرمێسک ئەڕوێنی و  هەواری بروسکەت چۆن خستە سەرتەوە؟ ! پێم ناڵێی، سەروەرم! ئەو سڕڕەم پێ ناڵێی ئەسپی «با»ی زمانت چۆن ڕام کرد؟ لە کوێوە چوویتە ناو دڵۆپی باران و چۆن توانیت بە تیشکا هەڵگەڕێی؟ ! چۆن توانیت؟ سەرچنار، بەکرەجۆ، خاک و خۆڵ، خانەقا، هەر هەمووی لە زامی هیجرانت بار کەیت و ئەو زامەیش بخەیتە خوێناوی تانجەرۆی دڵتەوە؟ چۆن توانیت بە جومگە و بڕبڕەی شیعرێکی لانەواز پردەکەی سەرشەقام دروست کەیت؟ چۆن توانیت دەروونت بەدەمی هیلالی لاوازت هەڵکەنی و دارەکەی پیرمەسوور لە ناویا بنێژیت؟ ! پێی ئەڵێم: گەورەی من! چۆن توانیت بە تاڵە زوڵفێکی حەبیبە گردۆڵکەی ژانی خۆت لە قەدی شەوانی تەنیایی شەتەک دەیت؟ چۆن توانیت بێ سەوڵی دوودەستی نیشتمان بە گەمیەی نێو مەوجی گەرداوی غەریبی ئەم ڕێگای نەهاتە وا تەی کەی؟ ! پێی ئەڵێم: سەروەرم! من وەکوو بزانم ئەو خاکەی کە ژانت تیا پشکووت بەرکاوی تینویەتی عەشقێکی بەپیت بوو من وەکوو بزانم تۆ شەوت بۆ گریەی چاوانت قۆرغ کرد. سووتایت و ئەوساکە کازیوەت گوڵ شیعری خۆری گرت! هەر ئەم شەو درەنگان دوو قۆڵی لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان یەکتری ئەبینین جڤینی غەریبان ئەم شەوە سووتانی غەریبان ئەم شەوە ئەو وەختەی ئەگاتە بەردەمم ئەو ئاوە و من داربی و کڕنووشی بۆ ئەبەم. ئەیبینم: چڵێکی دارەکەی پیرمەسوور گۆچانی دەسێتی. ئەیبینم: ڕێ ئەکا و دوو سێ پۆل چۆلەکەی «کانی با» بەدەوری دەغڵەکەی ئەو سەروڕیشەدا خول ئەخۆن. ئەیبینم دووراو دوور ئەیبینم! پەڵەیەک گوڵجاری گوندەکەی ماڵیاوا سەرپێچی سەرێتی. ئەیبینم: ئەڕوات و تانجەرۆ ئەم قاچی و شیوەسوور قاچەکەی ترێتی. شانومل دەوەنی لای «تەکیە»ن؟ ! یان مۆم و ژێرپیاڵەی حوجرەکەی مزگەوتی سەی حەسەن؟ ئەو پەنجەی دەستانە پەلکە گیای لەرزیوی گوێ زەڵمن؟ ! یان هەنگی نێو شانەی قەسیدەن؟ ! ئەوەندەم پێ ئەکرێ هەر کە هات تریفەی بۆ بکەم بە فەرش و لەبەر پێی سیروانیا ڕای بخەم. ئەوەندەم پێ ئەکرێ لە دوودی هەناسەی درەختی عەلەم دار وەک لاکێش پارچەیەک لە دووکەڵ ببڕم و ئەستێرەی ئەم دڵەی پێوە کەم بۆ ئەوەی بۆی بکەم بە ئاڵای پێشوازیی ورشەدار. پێش ئەوەی ئەو بگات من دێنم لە هیلال، کەژاوە و لە گریان، ئەسپێکی حیلەدار زین ئەکەم؛ سووتانم سوار ئەکەم تا بە غار خۆی بکات بە گەلیی ئەو کۆچی بەفرەدا و دووراو دوور بڕوانم، پێش ئەوەی ئەو بگات بزانم چۆن ئەبم بە هەڵم و چۆن ئەبم بە قەترەی ئارەقی سەرگۆنەی شیعرێکی دوور وڵات. هەر کە هات پێی ئەڵێم: سەروەرم! بۆ پرسیت؟ «زارم وەکوو هیلال و نەحیفم وەکوو خەیاڵ ئایا بەزاردا دێمەوە و بە دڵدا دەکەم عوبوور؟ !» پێی ئەڵێم: قوربان خۆت دارشاتووی وشەیت و خۆت باڵی دەنووکی گۆرانی و یەکەمین جۆلانەی «هیلال»ی هەڵبەستی هەر خۆیشت شمشاڵی لالێوی کەژان و هەر خۆیشت ئاوێنەی «با»ی سەوزی پێدەشتی. پێی ئەڵێم: گەورەم! تۆ لەدوای خۆت بۆ ئێمە میراتی خەمێکت بەجێ هێشت بەردەوام بە هاژە و کەف چڕین، وەک زەڵم و کەڵەگەت، وەک هێرۆی قژ سووری گوێ زامی تانجەرۆ! بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی یەکتری ببینین! هەر ئەم شەو، من، نالی، حەزرەتی غەریبان ئەبینم. ئەو، شەوە لە گزنگ موتوربە کراوە ئەبینم. ئەو، کێوە کۆچەرە ئەبینم. ئەو، بەفرە فەرەنجی لەبەرە ئەبینم. هاوینە و لە ماڵی پایزدا جڤینی غەریبانە ئەم شەوە. لە کوێوە داربەڕووی لانەواز ڕەگ ئەدا بە کۆڵیا و ئەگاتە ئەم ناوە؟ لەکوێیە پرشنگی دەربەدەر؟ لەکوێیە ڕووباری ئاوارە؟ ئەستەمبووڵ، لانکەیە بۆ هەتاو؟ ئیستگەیە بۆ خەونی غەریبان؟ یان تۆڕە بۆ مانگ و چەقۆیە بۆ ملی ئەستێران؟ ئەستەمبووڵ دەروازەی بارانە؟ یان شاری کوللەیە و شمشێری دەس سوڵتان؟ ئەستەمبووڵ سروەیە؟ ! ئارامە؟ ! هەتوانە؟ ! یان خوێیە بۆ زامی گەڕیدەی عاشقان؟ ! لەوێوە نالی دێ و شارەزوور لەگەڵ خۆی ئەهێنێ لەوێوە قەقنەسی ئەو خەمە باڵ ئەگرێ و هەڵ ئەفڕێ و ئەسووتێ! ئای عەشقی داروبەرد، وای عەشقی خاک و خۆڵ! ڕۆژ نییە ئەو نەبێ بەمێرگی خەونێک و وڵاتیش بە جوانووی غارکەری نواڵەی سەرسنگی! ئای عەشقی ئاو و گڵ، وای عەشقی گژوگیا و لق و چڵ! ڕۆژ نییە ئەو نەبێ بەکانیی یادێک و وڵاتیش بە قاسپەی کازیوەی نێو دەنگی. ئای عەشقی مەڵکەندی، وای عەشقی کانێسکان شەو نییە ئەو نەبێ بە چیغی سەربانێ و شارەکەی بە «مانگ»ی وەریوی هاوینی خەیاڵی. بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان دوو قۆڵی لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان یەکتری ببینین تا ئەودێت، تا ئەگات من ژاڵەی تەماشام لە سیلەی هەر دێڕە شیعرێکی غەریبدا ئەنێژم. هێڵ بە هێڵ هەناوم بە قەڵەم ئەکێڵم ئازارم چووز ئەکەم لە تیشک و سەریشم پڕ ئەکەم لە باران. تا ئەو دێت، تا ئەگات من چرای دیوارکۆی ملی خۆم لە حوجرەی «تەکیە»دا هەڵ ئەکەم. زرێبار ئەهێنمە ڕۆحمەوە و بە ژێی ئاو کەناری تەنیاییم وەکوو تار لێ ئەدەم. تا ئەو دێت، تا ئەگات من ئەبم بە پەیکی شارەزا و بە –بادی خۆش مروور- لەسووتووی هۆرەکەی هاواری شارەزوور بە دیدەم مێژوویەک ئەشێلم، ئەیشێلم تا ئەیکەم بە سەری بڕڕاوی «سالم» و بۆی ئەبەم! بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵیی پێک بگەین: ئەزانم هەر کە هات وەک ئەسپی بوولەرە ئاپوورەی پرسیاری چون پڕمە و سمکۆڵ و چەپۆکان ئەخرۆشێ. چون ژانی خەزان و هەڵوەدای زریانی بێ‌داڵدە و بێ‌پەنا هەناسەی ئەو سینە شەقارە لە مەنفام ئەورووژێ ئەزانم هەر کە هات ئەو ئەبێ بە حیلەی سۆراخ و بڵێسەی ئەداتە چوار ناڵە و تەپوتۆز لە دەشتی ئەم سیما خۆڵینەم هەڵئەسێ ئەپرسێ و ئەپرسێ.. ئەپرسێ ئەمجارە، ئەو بەردی کۆڵانی یادێک و ئەو داری نێو خەونی باخێکی وڵاتی گوڵ عومەر نامێنێ هەواڵی نەپرسێ ئەمجارە ئەو باڵای قەسیدەی نیشانەی پرسیارە و لەو پەڕی هەر بستە سۆزێکی هەواڵدا چاو لە ڕێ دایئەنێ! ئەمجارە سالمی ناو زوڵمەت یەک گەمیەی چارۆگە سووتاوی شەو نییە. ئەمجارە «سالم»ی هاوڕێی جێنیشتەی دۆزەخ و هۆنراوەی داپڵۆخاو، زوخاڵە وشەی شار، قەڵەمی باڵکراو، ڕێچکەن و کاروانی دووکەڵ و سێبەری پەرت پەرتی وەیشوومەن. ئەمجارە –نارەوەن- بەتەنیا پەنجەرەی حوجرەکەی خانەقا بۆی ناگری ئەمجارە هەر پردی سەرشەقام بڕبڕەی پشتێکی شکاوی گۆرانیی شار نییە. بە تەنیا «کانی با» ئاخێکی گرمۆڵە و سەرچنار مراویی خنکاو و بە تەنیا حەبیبەیش یار نییە. کە گەیشت پێی ئەڵێم: سەروەرم! سەرکردەی لەشکری خەم و داخ! مەترسە لە دوای تۆیش سوپاکەی خەمانمان بەهێزە و سەرکەوتوو، لەدوای تۆیش نەشکاوین، بۆ بشکێین؟ ! کە شادی ئەوندە لاواز بێ و ترسنۆک بۆ بشکێین؟ ! کە خۆشی هێندە زوو لەبەردەم هێرشی کۆستماندا ببەزێ! *** من دەمێک بوو، وێنەکێشی خولیای سۆفیم، بەرامبەری ئەو ئاسۆیەڕاوەستابوو. من دەمێک بوو جووڵەی پەنجەم بووبوون بە هێڵی باڵای ئەو. تروکەی چاو: بە نوختەی سەر تەوێڵی ئەو، هەناسەکانم: بۆشایی و ئازارەکانم ڕووناکی و شەوقم سێبەر. من ئیستاکە وشەم لەناو دەفری شیعرا ئەگرمەوە، خەون و سروشت و ڕەنگ و دەنگ تێکەڵ ئەکەم. وێنەی نالی وا ئەکێشم: سیمایەکی بەزەڕکەفتی ئەشکەنجە و داخ درەوشاوە یان گردە تەمێکی تێکەڵ بە زەردەپەڕی ئێواران. دوو چاوی ڕوون: لە بنیاندا چەوی خەیاڵ تروسکەی دێ؛ دوو گۆی ورشەدارن لەناو دوو کالانەی قووڵ و ماتدا بزاڤیان تیژ و بێ‌ئۆقرە.. بە سەریانەوە دوو برۆی تەنک، پەیوەست بەردە نوێژی تەوێڵێکیان هەڵگرتووە کە باران و گوڵ و شیعر نوێژی لەسەر دائەبەستن. دوو ڕوومەتی پڕ لە دێراو بە «جووت»ی ساڵ ڕێ ڕێ بوون و کەوتوونە بەر چڕیی سێبەر. کەپوویەکی بەقۆرت، تووڕە. دەم و لێوێک وەک هەمیشە ئامادە بێ ماچی خۆشەویستی بکات. ڕەنگی قژی: تاریک وڕوون. دەست و پەنجەی بچووک بچووک منداڵانە. دەنگی: هێور.. وەختێ ئەدوێ دەستیش ئەبن بە جۆلانە و بە پاڵەکانی ئاخاوتن دێن و ئەچن. کە شیعر ئەخوێنێتەوە، لە گەڵیا ئەچەمێتەوە وەکوو سوجدە بۆ زمانی کوردیی بەرێ وایە. پالیک و ڕیشی تێکەڵاو سنووریان زەردیی دووکەڵە. دەمارەکانی پشتی دەست وەک جۆگەلەی باریک و شینی سەر نەخشەن. لە زۆر کەس باڵای کورتترە. بەڵێنە هەر ئەم شەو دووقۆڵی درەنگان لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان یەکتری ببینین: هەر لە دوای گەیشتن.. ئەو ساتەی کە دەستم ئەخەمە ناو دەستی غوربەتی دە شمشاڵ پەنجەمن و نامۆیی هەردووکمان ئەژەنن. ئەو ساتەی هەواری ڕیشەکەی ماچ ئەکەم دوو لێوم کەناری کانین و وڵ ئەگرن. ئەو ساتەی کە چاوم ئەبڕمە نێو چاوی هیجرەتی فرمێسکم پەپوولەی سپین و لە زەردەی ڕوخساریا هەڵئەفڕن. ئەو ساتەی کە پرژە و تنۆکی دووانی لێم ئەدا قاقڕ وڕووتەنیی بیستنم بە ئاوی دەنگەکەی شین ئەبن، ئەو ساتەی پێی ئەڵێم: سەروەرم! لە ئاوی پرشنگتا غەرقم کە بۆ ئەوەی لە قووڵیی سۆزتەوە بگەمە ناخی خوا و ئەم تەمی گومانە لەسەرچاو لابەرم. پێی ئەڵێم: سەروەرم! تۆ نووری تەوێڵی وڵات بووی گەیشتی ئەوەتا من لێرە چوار وەرزە تەنیایی بە بێڵی تاریکی ئەمکێڵێ تەماشا! زەمانی وەڕس بوون خەریکە بە دەنووک هەناوم کون بکا و ئارامم هەڵکۆڵێ. سەروەرم! من ئیستا بۆ گیانم تیرێژێ پەنجەرەی ئەزمڕم لێت ئەوێ. مەهێڵە ئەم هەوای ناسۆرە ڕەنگ و بۆی هۆنراوەم بەرێت و مەهێڵە لاوکم هەڵوەرێ! سەروەرم! من ئیستە لەم دوورە کەوێکی کەسیرەم بۆ چینەی گۆرانیم بۆ باڵی دڵداریم.. سەروەرم! من مشتێ لە خۆڵی سەیوان و کاسەیەک بارانی سەر گۆیژەم لێت ئەوێ. بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی یەکتری ببینین ئەزانم هەر کە هات.. پێم ئەڵێ: -ئەستەمووڵ دەشتی خوێ و برینم ڕێبواری پێپەتیی سەر ئەوە من گەڵا ئاخێکی وەریوم ڕەشەبای مەوسیمی فیراقیش هەر ئەمبا و ئاشییان بە تەنها قەڵەمی بێ خەوە! ڕەفیقان! بەڵام ئەز هەتاکوو ئەم ئاشی غوربەت و حەسرەتە بمهاڕێ خەیاڵی حوزوری لای ئێوەم وردترە. ئەم بادەی بەهەشتی سوراحیی گەردنەم تا هیجرەت کۆنی کات بۆ نەسلی قەسیدەی داهاتووم نۆشینی خۆشترە. عەزیزان! لە کوێ بم تانجەرۆ ئاوێنەی پێش بووکی بەیازمە و چاوانی حەبیبەیش کەوسەرمە! لێی ئەچمەوە پێشەوە و ئەپرسم: -سەروەرم! کەی شیعر بە سەرتا ئەبارێ و ئازارت تەڕ ئەکات؟ - ئەو فەسڵەی کە عیشق ئەبێتە ئاسمانم ئەو دەمەی کە سەرم چەخماخە ئەدات و ژان ئەبێ بە هەورم. -سەروەرم! ئەی بادی خۆش مروور هاتەوە؟ تەتەری ئەو خۆزە عەوداڵە چی ئەڵێ؟ ئەو پەیکە لە کوێیە؟ دیدەنی خاک و خۆڵ کەی ئەکەیت؟ -ئەویش وەک کۆترەکەم وەک خەونی ژوورەکەم وەک دەنگی سالمی هاوڕێم لەوێیە و عاسییە تەتەری ڕۆحەکەم! بەڵام من ئەمجارە لەسەر ئەو ناوەستم ئەچمەوە. بەهارێ ئەچمەوە، کە سیروان وەکوو من ئارامی هەڵئەستێ. مەوسیمێ کە خونچە وەک پەنجەم، قەسیدەی پشکووتن بۆ لێوی حەبیبە و شارەزوور ئەنووسێ. ئەو دەمەی هەڵەبجەی کەژاوە بەسواری ئەسپەکەی مەولەوی سەوزتر دێتەوە ناومان و ئەو دەمەی کە «گوڵان» لە ماچی هەتاودا غەرق ئەبێ. سێ کوچکەی سەفەری بارانین سێ قۆڵیین مەولانە و حاجی و من بڕیارە ئەمجارە پێکەوە بگەینە ساراکەی وڵات و پێکەوەیش لەسەر خەم دابکەین! - ئەی باشە سەروەرم! کەی هاتی؟ چۆن هاتی؟ سالمت نەبینی پێش ئەوەی کۆچ بکەیت؟ ! - لەبیرمە ئەو سوبحی پایزەی کۆچم کرد منیش وەک نارەوەن ئەوەریم. بەیانیم غورووبی وەسڵم بوو ئاگر بووم لە سەرمای فیراقدا ئەلەرزیم بەڕێوە کوڵوکۆم بردە لای سالمی نەسیمی شارەکەم گریانم ماچی کرد، خەزانم باوەشی پێدا کرد لە بیرمە پێی وتم: ڕەفیقی ڕۆحەکەم! وێڵاشی تەنیاییم بەم وەرزی ناوەختەی چاوڕێزان بەرەو کوێ؟ بەرەو کوێ چاوەکەم؟ ڕووی ژیلەی خۆم تێکرد: «ئازیزی ئازیزان! چارەنووس ڕێبواری ڕێی هات و نەهاتە و نازانم هودهودی ئەم ڕۆحەم بەرەو کوێ ئەفڕێت و کام کونجی غەریبی ئەبێتە هێلانەم. نازانم؛ مەوجێکم سەری خۆم لە خۆڵدا هەڵ ئەگرم. شیعرێکم تلاوتل ئەڕۆم و درەختم باڵ ئەگرم. سالمی هەناسەم! ئەرجوی من هێندەیە: کە جارجار ئەستێرەی کشاوی یادی من لە خەونی قەسیدەی جوانتانا ببینن» ئەوەندە و ڕۆیشتم و لەو لای وەیس بەو لاوە بۆ دواجار ئاوڕم لە چاوی جێماوم دایەوە ئاوڕێ لەو ساوە: شەوگاری هیجرەتم گۆچانی تاریکیی دایە دەست غوربەتم. لێرەدا پێی ئەڵێم: گەورەی من! ڕێم ئەدەی تا منیش ئەو شیعرنامەیەی کە دابووم بە هەمان –باد-ی تۆ، بە هەمان پەیکی تۆ، تا بیبات بۆ چەندان سالمی شارەکەم شارەکەت، نیشانی تۆیشی بەم؟ ڕێم ئەدەی.. گوێت لێ بێ؟ بەڵام من سەروەرم! ئەزانم کە گوێی تۆ، چاوی تۆ، نائاشنان بە زەنگ و بە وێنەی زایەڵە و تان و پۆی ئەم جۆرە شیعرانە! وتت چی.. سەروەرم؟ دڵنیام ئەو ئەڵێ: «ناسکبێ و خەیاڵی تیا بفڕێ.. حەز ئەکەم گوێم لێ بێ». سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو! ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان! هاوڕێیان! لە بەندەری تەمومژی ئەم کۆچەوە کە شەوتانی بە ئەستێرە و شیعر و زام و چیرۆکەوە کردۆتە کۆڵ.. لەم بەندەری غوربەتەوە ئەتانبینم: لە نێرینەی زەریایەکی ترسا لەگەڵ نێرە نەهەنگێکی شێتا کە مێژووی لیخن کردووە و ئێسکی خۆرەتاو ئەکرۆژێ و جوانی ئەخوا.. ئەتانبینم: هێشتا لەسەر تەوقی سەری وەکوو چاوتان، وشەتان پریشک ئەهاوێ و دەنگتان گڤەی هەڵکردنی هەر پێ ماوە. ئەتانبینم: چرای ستوونی قەڵەمتان وەک گەردنتان گەش ئەسووتێ و چارۆگەی هیوای سپیتان نەژاکاوە. ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان! لەم بەندەرە لمینەوە کە ڕووناکیی ئازارتانی تنۆک تنۆک هەڵمژیوە ئەتانبینین: حووتی تۆفان بەدەم باداوەی زەردەوە ئەتانبات و ئەتانهێنێ و وەک لاشیپانی کەشتیتان دەرگای لەشتان شەقەشەقی پێ ئەکەوێ و بەڵام لوتکەی بەجریوەی گیانی شینتان وەک باڵاتان ڕێک وەستاوە. ئەتانبینین: لەناو ئابڵووقەی نێزەدا سەرتان دم دمی تازەیە و خانی لەپ‌زێڕینی وشەیش قوللەی خامەی ئەم زمانەی بەرنەداوە. «سالم»ەکانی وڵاتی خەندەی گریاو! ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان! هاوڕێیان! تا ئەم تۆفانی نەهەنگە کڕنووشی نیشتنەوە ئەبا بۆ زەمین و هەتا تاریکی ئەوەرێ. هەتا کەشتیەکانتان ئەیکەن بە جەژنی ئاو هەتا بەندەرمان ئەیکەن بە جەژنی کەشتی ئەبێ بانگی سەری ئێمە «نەء» و سەوڵەکانی دەستی ئێوەیش «نەء» و «نەء»بێ سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو! هاوڕێیان! ئالەم تاقە وشەیەدا دواڕۆژ هەناسە ئەدات و هەر لەم تاقە وشەیەشدا خەون هەڵدێ! بەڵێنە هەر ئەمشەو لەکەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی یەکتری ببینین: وەک شادی کات کەمە و وەک کسپەیش پرسیار زۆر. من ئەبێ ئەو «پرس»ە گرنگەم بیر نەچێت! هەر کە دیم پێی بڵێم: سەروەرم! مەراقە.. لە دڵی زمانی کوردیدا.. مەراقە لەبەرچی دارمێوی شیعری تۆ کۆچی کرد؟ بۆ ژانی بەیارت جێ هێشتین؟ ! بۆ بەسەر تینویەتیی ڕووباری گیانمدا هەتا سەر دات نەکرد؟ - کوللە بوون تورکان و بەر خۆریان لێ گرتم. هەتاوم نسێی کرد مەلێ بووم بێ تیشکی ئەو عەشقە ئەمردم. مەهێ بوو وڵاتی بابانم. لەشەوی دەیجوری تورکاندا کە گیرا کوشتیان و ئەیانویست بەخوێنی ئەو مانگە ئەز بیشۆم چاوانم. چی بڵێم؟ نەشمویست لەنێوان، پاشاکان، برالەی دوژمندا، بۆ عەجەم یان تورکان. من شیربم یان قەڵغان! - سەروەرم! دۆزەخی ئەستەمووڵ هیچ لالە شیعرێکی تیا نەڕوا؟ ! دەریاچەی ئەو خەونە هیچ گەرا ئەستێرەی جێ نەهێشت؟ قەتارەی ئەو هەوری وشانە نەخرۆشان؟ گزنگیان دانەڕشت؟ بۆ جارێک، هەر جارێک، لەو ئاسکی شیعرانە یەکێکیان ئەگەیشتنە لای ئێمە؟ ! - ئاخر چۆن بسووتێم.. ڕۆشن نیم؟ ئاخر چۆن هەڵوەرێم.. پایزی شیعر نیم؟ ئاخر چۆن شارەزوور.. هەورم بێت سێڵاوی وشە نیم؟ ئاخر چۆن حەبیبە ئاسکم بێت من دەشتی پاراوی خەیاڵ و بەستە نیم؟ کەم بووە شەوانە خەم نەزێ و ئەستێرەی شیعرێکی لێ نەبێ! کەم بووە ڕۆژانە من نەبم بە هەڵم و دانەکەم بۆ شەوێ! زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە. بۆ مژینی خەمی سپی خۆشەویستیم ئەبێ بە هەنگ، ڕیشی بە باخ. زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە، هێواش هێواش، هەردوو کۆترە ساردەکانی دەستی ئەگرم، هەر بەدەم گمەی شیعرەوە ئەیانخەمە ناو سنگمەوە. بە گریان دایان ئەپۆشم. هەوڵیش ئەدەم زەینی خۆم بکەم بە ماسی، بۆ ئەو بەحرەی لەبەردەمما دانیشتووە. هەوڵیش ئەدەم تەماشام بکەم بە بەران بۆ ئەو کێوەی بەرامبەرم ڕاوەستاوە. دواتر ئەدوێم. ئەبم بە چیمەنی قسە، بە چوار دەورا ئەتەنمەوە. ئەوسا ئیتر بەدرێژیی باسی شارو هەناسەکانی بۆ ئەکەم. باسی سووڕانەوەی مێژووی خوێنی بە دەوری کوردا بۆ ئەکەم. حیکایەتی بێ کۆتایی «ڕیس و خوری»ی تفەنگەکانی بۆ ئەکەم. باسی «تاقمی مومتاز»ی قوربانیەکانی بۆ ئەکەم. شەڕی نێوان سەری خۆم و دەستی خۆمی بۆ باس ئەکەم. ڕووناکیی بۆ ئەگێڕمەوە. تاریکیی بۆ ئەگێڕمەوە. ئینجا تۆزێ ئەچمە دواوە. ئەو ماچانە و دیوانە تازەکەی خۆی و ئەو کوڵەباڵەی بە دیاری مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس بۆی ناردبوو، ئەیان پێچم لە ڕێحانەی بیارەوە و لەسەر ڕانی بۆی دائەنێم. ماچەکان ئەخاتە سەرچاو. پڕ بە گیانی ئاوارەیی بۆنی ڕێحانەکان ئەکات. هەر لەوێدا کوڵەباڵیش لە بەر ئەکات. دیوانەکە ئەکاتەوە دەستێک بە ڕیشیا ئەهێنێ. ڕووم تێ ئەکات و پێم ئەڵێ «ئەم پیرەیشمان چیایەکە وەک شنروێ.. واصلی کە عەبیری سەلامم بەو و پێشی بڵێ لە دڵمایە وەک تانجەرۆ» لەپاش تۆزێ هەڵئەسین و ئەیبەم، ئەچین، بە گوڵزارەکەی مەسعووددا سوڕێک ئەخۆین. چاوم لێیە لە هەندێ شوێن دائەنەوێ و بۆنی گوڵەکانی ئەکات. ڕائەمێنێ، لە سەرتڵی قسەکانی، شاگوڵێکیان ئەکاتەوە و ئەیخاتە بەر پشتێنەکەی ئاوڕم لێ ئەداتەوە. پێئەکەنێت و پێم ئەڵێ «ئەم باخەوانە تێم ئەگات!» «شیعرێکی بڵاونەکراوەی نالی کە پار زستانێ هەورێکی شیعر دۆستی قایمکار لە ئەستەمووڵەوە بۆی هێنابووم»: «کرمی ئاوریشمە خەیاڵم، بۆ سەرووی ئەو قامەتەت من کە قۆزاخەی خەمێکم، دەوری داوم چاوەکەت ئیشتیاقم: بەحری تینوو، هیجرەتم: سەحرا بە کۆڵ ڕۆحی نالیی هەنگی عیشقەو، شانەکەیشی ناوەکەت! .» بەڵێنە هەر ئەمشەو لەکەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی یەکتری ببینین: من، نالی، حەزرەتی غەریبان ئەبینم ئەو شەوە لە گزنگ موتوربە کراوە ئەبینم ئەو کێوە کۆچەرە ئەبینم. ئەو کە هات وەک ئاو و کە گەیشت وەک تیشک و کە هەڵنیشت وەکوو باز من وەکوو خەیاڵی شارەزوور لێی ئەچمە پێشەوە. هەر خێرا، هەواڵی گرنگی چەند سەرووی دەربەدەر.. هەواڵی گۆرانیی وەکوو خۆی ترافیە هەواڵی بەفری شێت لە دووریی هەڵەکۆک، هەواڵی چەند زاری هیلالی وەکوو خۆی ئەدەمێ و پێی ئەڵێم: - سەروەرم! بەر لەوەی تۆ بگەیت، لەوێ بووم،  لە جونێف. ڕۆژێکیان لە جادەی ژمارە ١٨٩٨، لە کۆشکی نسرم و شێداری مێژودا، پلیکەی پێشینی تەختەبەند. پلیکەی ڕۆژگاری پێچاوپێچ. بە کونی هەتاودا، بردمیە ژێر خانێ، لەوێدا چاوم کەوت، بەیەکەم ڕەوڕەوەی زمان و بەیەکەم قوتیلکەی ناو ژووری شەوەزەنگ. لەوێ بوو، هەر خۆی بوو. جەلادەت بەدرخان –بەر لە من ئەتناسێ و باوەشێ ماچیشی بۆ ناردووی.. من کە دیم شاخێ بوو ئارەقی سەردێڕ و ستوونی ئەڕشت و منارەی وشەبوو، ئەسووتا و بەپێوە وەستابوو، من کە دیم هەورێکی ڕیشدار بوو بە تەنها ئەیگرمان. من وتم: - سڵاو ئەی ڕۆژنامەی باپیرە گەورەمان لەگەڵ چی خەریکی؟ ! ئەو وتی: - خەریکم بە وشە دیواری تاریکی کون ئەکەم ئەگەڕێم بۆ هەتاو. - بەکونی هەتاودا من هاتم. وام پێ وت. ئەو وتی: - باش هاتووی! تۆ شیعری کام شاری؟ ! من وتم: - هی نالی! ئەو وتی: - ئاخ! نالی دوو زام و دوو کسپە و دوو ئاخی چەند لەیەک نزیکین هەر ئەڵێی جمکی ئەم غوربەتەین ئەی هیچت لەگەڵ خۆت هێناوە بۆ شەوی غەریبیم؟ ! من پێم وت: - مۆمێکی ئەشکەوتی باڵەکیان.. یەکەمین ڕۆژنامەی بارانی ئەیلولم هێناوە من «دەنگی پێشمەرگە»م لەگەڵ خۆم هێناوە.. ئەو وتی: - ڕۆژنامە! پەنجەرەی دەنگمانە ئەو وەختەی کە بەسەر دنیادا ئەڕوانێ. ئەوەتا من لێرە یەکەمین پەنجەرەم کردەوە. تیلچافە ڕێوبانی هەنگاومان. سەیرکە! چواردەورم بە ناسۆر گیراوە هەر حەرفە و هاوارم لێ ئەکا و نامۆییش دڕک و داڵ! خۆش هاتی! دیارییەکەت ئەوەمەو خۆزگەم بوو بیبینم. ئەزانم کە نالیی ئەو کاتە، کەژێکە لە بنار تا لووتکەی هەر گوێیە و هەر چاوە. ئەزانم ئەیەوێ بزانێ، ئەستێرەی فرزەندی لانەواز لە کوێن و جریوەی غوربەتیان لەکام لا ڕژاوە. بۆیە من هەر ئەدوێم: - سەروەرم! هەروەها لەو لایش بووم. لە پاریس، پاریسی بە شیعر پاراو و بە هزر چراخان. شەوێکی تەمومژ. بەدەوری مێژوودا باپووسکەی پرسیار بووم هەر خولم ئەخوارد و وێڵبوونم ئەیپرسی: -شەریف پاشا سەعید خەندان شەقامی میسین ژمارە ٢٠؟ «ئەمیشیان بەر لە من ئەتناسێ و بە مندا دوا دەقی یادداشتی هاواری زامی خۆی بۆ ناردووی» سەرەتا ئەچوومە بەردەمی هەر کەسێ، سەرێکی بائەدا: «ببوورە ناوی وا نایەتە خەیاڵم..» یان ئەیوت: «پێم وا بێ شەقامی میسینیش بەرجادە کەوتبێ نەمابێ.. نازانم..» ئەمپرسی و ئەمپرسی و ئەڕۆیشتم باگژەی سۆراخ بووم. خۆم لەگەڵ خۆم ئەدوام: «من ئەبێ لووتکەکان وێڵ نەکەم بۆ ئەوەی بچمەوە سەرچاوەی بەرزایی من ئەبێ شوورەکان وێڵ نەکەم بۆ ئەوەی بگەمە سەرەتا و کۆتایی» تا دوایی شەقامێ بردمیە بەر کووشکی کتێب وڕۆژنامە فرۆشێ. کووشکەکە بێهودە ئەیڕوانیە دەوروبەر وەک ڕامبۆ! کووشکەکە لە ماڵی نەهێنیی گوێ چەمی «مانگ» ئەچوو. خاوەنی کووشکەکە.. درێژ و ڕەقەڵە هەر ئەتوت خاوەنی «شەبەنگە بەڕۆژە» ئەدرەسم دایە دەست. چاویلکەی هێنایە سەر لووتی. دوای کەمێ بە پەنجە ئاماژەی بەرەو لای گردێکی ڕوتەڵە بۆ کردم. پێی وتم: - ژەنەراڵ؟ ! ئەیناسم هەموو ڕۆژ ڕۆژنامەم لا ئەکڕێ هەر لە دوای کۆنگرەی ئاشتی بوو لە خانووی شەقامی میسینیش دەریانکرد! لەوساوە کۆترێکی برسییە لەوساوە، پاریسیش هێلانەی وڵاتی لە بیر کرد! داخەکەم! ژەنەراڵ خەونەکەی وەکوو خۆی ئیستاکە لە ژوورێ خزاوە تەنگ و تار. داخەکەم! وڵاتی ژەنەراڵ ئەسپێکی بێ‌کەسە لەدنیای ئەمڕۆدا کێ حیلەی ئەبیسێ؟ ! هەر ڕۆیشتم. هەتاکوو سۆراخی مەراقم گەیاندە ژوورەکەی. ژوورێ بوو بەقەم بوو ڕەنگ و ڕووی. بۆبرش بوو هەناسەی. غەمگین بوو، لە دیدەی تۆ ئەچوو، سەروەرم! من کە دیم، قەڵەمی کۆماوەی ڕیش سپی. پڵنگی پەککەوتە. خەریک بوو بۆ جاری سەدەمین، یادداشتی بۆ دنیای کەڕ و کوێر ئەنووسی ژوورەکەی سیخناخ بوو لە چاوی ئەبڵەق بووی یادداشت و لە ڕیزە تابووتی دۆسییەی بەڵێنی دەوڵەتان. پڕ بوو پڕ، لە چڕە دووکەڵی دێهات و قریشکەی سێدارەی شەقامی نێو شاران زەمانێ من لەلای دانیشتم. درەنگان شریتی ڤیدیۆکەی هەڵەبجەم دایە دەست. کە لێیدا، شاخی پیر زۆر گریا و ئەسرینی یادداشتی داباری. کە هەڵسام پێی وتم: - ئەم شەوی دۆزەخە مەگەر هەر یەکێکی وەک نالی بیکاتە ڕەشماڵی شیعرێکی زۆر گەورە. بەردەوام من زەمان ئەئاژوێم ئەدوێم و نالیش هەر گوێ ئەگرێ لە هۆرەم هەتاکوو پێی ئەڵێم: - وائیستەیش سەروەرم! یەکەمین ڕۆژنامەی هەناسەی بەدرخان یەکەمین یادداشتی فرمێسکی خەندان و یەکەمین ڕۆژنامەی چریکەی ئەیلولم پێچاوە لەسەری بڕراوی «مارت»ەوەو لەگەڵ خۆم هێناومن پێی ئەڵێم: - دە فەرموو لێم بگرە سەروەرم! بۆ ئەوەی لەیەکتر دانەبڕێین! بەڵێنە هەر ئەم شەو لەکەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی یەکتری ببینین ئەم شەو خەوێکم دێتە دی و ئەبم بە شیعرێکی باڵدار. لە خۆشیاندا باڵ وەرئەدەم لە ئاواز و دەنووک ئەگرم لە تریفە و شەپۆل ئەکەم بە هێلانەی تازە هەوار. ئەمشەو خەوێکم دێتە دی و لە خۆشیاندا نیگام ئەبن بە کارێز و قژم بە گیا و پەنجەکانم بە گەڵای دار. ئەمشەو خەوێکم دێتە دی و نیشتمانم لەناو دیدە و لەناو دەنگ و لەناو ڕیشی نالیدا دێ و ئەگاتە لام. سنگم ئەبێ بە خاک و خۆڵ سەرم بەچوخمی «سەرشەقام» ئەم شەو خەمێکم بەختیار. مەراقێکم هێور، ئارام ئەمشەو منداڵیم ئەبارێ بەسەر یادی سەوز و سووردا و ئەبمە دەربەندی پەپوولە و دایکم ئەبێ بە مامزێ سپی سپی و حیکایەتی گردی ڕەشیش بە گرمەگرمی گەواڵەی هەوری سەرشار. ئەمشەو خەمێکم بەختیار. مەراقێکم پەل و پۆدار. لەسووتاندا هەڵئەقوڵێم و لە گریاندا سەوزم ئەکا هەڵەبجەی یار. ئەمشەو خەوێکم دێتە دی و ئەبم بە ئەسپێکی باڵدار ئەمجارەیان من ناچمەوە لای نامۆیی و شەو درەنگان هەر لە کەنار ئەو گۆمەوە جڵەو بۆ «با» شل ئەکەم و لەگەڵ نالی ئەڕۆمەوە بۆ لای گۆیژە و پێکیشەوە ئەچینەوە لای سالم و حەبیبەی شار! ++++++++++++++++++++++