شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: کچی خەیاڵ گیانە: کچەکەی خەیاڵی جگەرگۆشەی خۆشەویستییم ئازیز! تریفەی ساماڵی مانگی تەنیا جوان پەرستیم بووکی ناو کەژاوەی نیازی، بەهاری خۆزگەی مرادم جێ نزرگەی ڕاز و خوازی داستانی عومری فەرهادم. نەغمەی ڕەوانی بەستەکەی جوانی ئافرەت و دڵداریی تەلی تاری هەڵبەستەکەی ئاوازی منی غەمباریی هاودەمی شەوی تەنیایی ئەم دڵە وێڵ و سەرسامەم ڕابەری ڕێگەی ئاوایی ئەم ژینە پەست و ناکامەم. هۆگری وێردی زمانی بەحەزی وەخت و ناوەختم پرشنگی ئاسۆی بەیانی هەڵهاتووی باوەشی بەختم. گۆرانیی عومری شیرینی بەخرۆشی «بیست ساڵانەم»! لای لایەی وڕک و گرینی دڵی نەختێ مناڵانەم نەشئەی پڕ لە جۆشی گیانی تینووی عەزرەتی ئارەزووم گەشەی بەهاری ژیانی ڕۆژانی ئێستە و ڕابوردووم. ++++++++++++++++++++++