شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: ئەشکەوتەکەی سەردێمان پار ئەم وەختە ئەشکەوتەکەی «سەردێمان» گرتبووینییە.. باوەشی گەرمی هیوا هەریەکەمان وەکو مۆمێ بۆ ژیان ئەتواینەوە لەناو تاریکیی شەوا. *** چەن دڵێک بووین لە شینایی ئاسمانا وەک ئەستێرە بۆ یەک ئەجریواینەوە بەدوای گوڵی ئازادیی نیشتمانا وەک پەپوولەی هیلاک ئەسووڕاینەوە. *** سک هەڵگوشین، گەرووی وشکی تینوێتی قاچی پڕ خوێن، ڕەنگی زەرد، لێوی بەبار ورەی بە گیان بەر نەئەدا، لاوێتیی.. ئەیوت: زستان ئەبێ چۆک دا بۆ بەهار. *** هەوری ڕەشی بێگانەی سەر کێوی ژین کردی بە تۆف ڕژایە سەر زەویی سوور بەڵام کڵپەی ئاگری بیر ڕاپەڕین.. نەورۆزی کرد بە مژدەی ئێمە لە دوور. *** -مامە ڕووتەی پیرەمێردی سەرسپی مێخی هێزی لە دڵمانا ئەچەقان تەنها ئەو بوو نەهێنیی ئێمەی ئەدی هەر ئەویش بوو تا سەر بسووتێ بۆمان. *** لەگەڵ خۆرا بەیانیان هەڵئەهاتین ملی ڕێگەی هەورازی ژینمان ئەگرت جێ پێی شەهید تا سەر لووتکەی ئەبردین لەوێش گیانیان دەستیان لە ملمان ئەکرد. *** دەستمان لەناو دەستی تۆڵەی جووتیارا پشتمان بە پشت کێوەکانی بەرزەوە تۆوی دڵمان لەگەڵ برسی و هەژارا ئەکردە ناو بنج و بێخی ئەرزەوە. *** پار ئەم وەختە ئەشکەوتەکەی «سەردێمان» ئاگردانی پڕ لە پشکۆی دەروون بوو پایزی زەرد بە خۆری باوەڕی گیان لەبەر چاومان بەهاری ڕۆژی ڕوون بوو *** چاوی هەڵگورد لە پارێزی ئێشکا بوو بۆ ئەوانەی جەرگی شەویان شەق ئەکرد کوردایەتی ڕێگەی لەناو مێشکا بوو زامی سەر سنگ گوڵی ئاڵی شەبەق بوو. *** ئەشکەوتەکەی «سەردێمان»ی هاوڕێ ڕەگی عومری لەم دنیایە قووڵترە درەختی ئەو بەری خوێناوی ئەگرێ دەروونی ئەو، بورکانێکی ئاگرە. *** نەوەی کوردم لە سەنگەری ژینا دەستە و یێخە لەگەڵ مردن شەڕ ئەکا هەڵۆی تۆڵەی لەناو چەقی مەیدانا مۆری بەڵێن بەخوێنی جەرگ تەڕ ئەکا *** ئێستاش ئەوا ئەشکەوتەکە خامۆشە جاڵجاڵۆکەی یادگاری ماڵ ئەکا ساوای خەوی، پار ئەم وەختەی لە کۆشە چاوەڕوانی بەهاری نوێی ساڵ ئەکا *** ئەی ئەشکەوتی دەنگەوەرەی دەنگی کورد ئێمە لەسەر بەڵێنی پار مابووین پەڕەی گوڵمان بە ڕەنگی ڕوو سوور نەکرد دڵ وەک ساماڵ، ڕووسپیش وەک هەتاوین. ++++++++++++++++++++++